|
٢٨\١٢\٢٠٢٥
ڕەنگدانەوەی
ئەدەبی منداڵان لە ڕوانگەی گەورەساڵانەوە.

سەردار قادر
دەستپێک.
ئەگەر بەگشتی سەرنجێک لە جیهانە ڕەنگاڵەیە جوان و سەرنج ڕاکێشەکەی ناو
ئەدەبیاتی منداڵانی کورد بدەینەوە، دەبینین لەناوهەست و نەستی نوسەرانی
بەتوانای گەورەساڵاندا عەشقێکی ئەفسونای بەجۆرێک تیایاندا چەکەرەی
کردوە، کە بەردەوام بیانباتەوە بۆتێڕوانینێکی درەوشاوەی بێسنوری نێو
ئەوجیهانە ڕازاوەی ئەدەبیاتی منداڵان و لەو پێناوەشدا سەرسەختانە هۆگر
بەگشت کایە جوانەکانی منداڵان بن، ئەگەرچی جیاوازی نێوان ئەدەبی
منداڵان و ئەدەبی گەورەساڵان هێندەی ئاسمان و ڕێسمانە، بەڵام جیهانی
منداڵان تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە کە بەزۆری ئاوێتەی نێو جیهانێکی
خەیاڵاوین، جیهانێک کە سەرتاپا پڕە لەپاکی و بێگەردی هەزاران خەونی
ڕەنگاڵیەیی و، پڕپڕە لە هیواو گەشبینی دنیایەک ڕازو نیازی خاوێنو
ئاسمانێک لێوان لێو لە بزەوقاقاو پێکەنین... هتد، هەر لەم پێناوەشدا
هەندێ نوسەری هەست ناسک هەڵدەکەون بڕیاڕدەدەن لەپاڵ شیعری گەورەساڵاندا
بۆئەدەبە جوان و ناسکەکەی منداڵان بەشەیدایی بنوسن.
لەنێو ئەم ژانرەدا هەندێک نوسەری سەرکەوتوو مەزن بەعەشقەوە دێن و
بەکردار واز لەو تەمەنە پێگەشتوەی خۆیان دێنن و جارێکی تر دەچنەوە
ئاستی ئەو هاوڕێ خنجیلانەیەی ناوهەناوی خۆیان و ئەوسا پێکەوە
بڕیاڕدەدەن بەیەکەوە بدوێن و هەڤپەیڤین بکەن، بەم هەڵوێستە جوانەشە وە
بەردەوام دەقی بەپێزیان بۆدەنوسن، دەقێک کەلەگەڵ خەون و خولیاو گشت
خۆزگەکانیدا گونجاوبن، پاشان بەسنگێکی فراوانەوە وەڵامی سەرجەم پرسیارە
پەنگ خواردوەکانی ناو هەست و خەیاڵی خۆیان بەگشت منداڵان وهاوڕێکان
دەدەنەوە.
بەڕاستی ئەم ئەوینە هێندە سەرسوڕهێنەرە کاتێک دەبینن نوسەرێکی بەتەمەن
بۆگۆڕینی نەوای ڕۆحی خۆی دەچێتەوە نێو ناوەڕۆکی ژانرێکی ئەدەبی و
بەجارێ جیهانی ڕق و کینەو شەڕو شؤڕی گەورەکان بەجێدڵێ، ئیدی وا هەست
دەکات بەخەیاڵ وەک جاران هەناسەکانی خۆی بەسیەکانی منداڵی هەڵدەکێشێت،
چونکە پێی وایە ئەم عەشقە بەهەموو باڵە ڕەنگاڵیەکانیەوە بەهیچ سەروت و
سامانێکی دنیا ناسێنرێت.
نوسەری گەورەساڵان بەتایبەت ئەوانەی کە لەگەڵ ئەدەبی منداڵاندا ئاوێتەن
پێان وایە تەنها و تەنها نرخی ژیانێکی ڕاستەقینە لەوەدایە کە لەگەڵ
تروسکەی خەیاڵی مناڵدا لەشەقەی باڵ بدەن و ئاسمان بەئاسمان بفڕن،
هەربۆیە بەو عەشقەوە بارگەو بنەی خۆیان دەپێچنەوە دەکەونە ڕێ
بەرەولوتکە بەرزەکەی جیهانی منداڵان، ئەوسا هەرچی سۆزی دڵیان هەیە
تەرخانی دەکەن تەنها بۆئەوەی منداڵان دڵخۆشبن، بەردەوام بەپەرۆشەوە
شیعرلەدوای شیعر بۆ مێژوویان تۆماردەکەن.
باسکردن و سەرنجدان لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردوستان دا
مێژوویەکی هێندە دێرینی نییە، بەڵکو ئەوەی کە هەیەو نییە بە گوتەی (ئەمین
محەمەد) لە سەردەمی (ئەمین عالی بەدرخان) و مامۆستا (زێوەر) ەوە دەست
پێدەکات، واتە لە دووهەمین دەیەی سەدەی بیستەوە سەری هەڵداوە، بەشێک
لە شاعیرە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەش وەک خەمخۆرێک، لەو بوارەدا
منداڵانی کوردیان بەسەرکردۆتەوە، توانیویانە بە شیعرە ناسک و
جوانەکانیان، دڵی گشت منداڵانی کوردوستان خۆشبکەن ئەوانیش وەک (مامۆستا
زێوەر، فەریدون عەلی ئەمین، گۆران، فایق بێ کەس، ع.ع. شەونم، دایکی
سۆلاڤ، کاکەی فەلاح، عومەر عبدالرحیم، هتد...) . (ممد، ٢٠٢٢: ١١)
خۆشبەختانە لە دەسپێکی ئەم ڕێگایەشەوە توانیویەتی وردە وردە هەنگاو
بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا بە پێچەوانەی سەردەمی ڕابردووەوە ئەدەبیاتی
منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئاستێکی باش لە لایەن شاعیران و
ڕۆشنبیرانی کوردەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێدراوە، لێرەو لەوێش نوسەرانی ئەم
بوارە ئاوڕێکی هێجگار تایبەتیان لەو ژانرە هەژارە داوەتەوە، هەرچەند لە
ئێستادا ئەدەبیاتی منداڵان نیمچە گۆڕانێکی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام ساڵ بە
ساڵ خەریکی نەشونما کردنی زیاترە، بەڵام نابێ بیرمان بچێت ئەدەبی
منداڵانیش کارێکی وەها ئاسانیش نیە تاهەموو کەسێ خۆی لەقەرەی بدات و بە
ئاسانی ناوبانگی خۆی تیا بەدەست بێنێت، چونکە ئەم بوارە پێویستی بە
شارەزایی و ئەزمونێکی زۆر بەهێزهەیە تا بتوانرێت بە ژیری و سەلیقە
کاری تێدا بکرێت.
ئەگەر چی ئەدەبیاتی منداڵان زادەو هەڵقوڵای بیرو ئەندێشەی گەورە
ساڵانە ، بەڵام ئەم ئەدەبە هەر گەورە ساڵانێکی بە ئەزموون کاری تێدا
کردبێت، ئەوا لە دەقەکانیدا کارێکی وەهای کردوە واتاو مانایەکی
جیاوازتر ببەخشێ کە ڕێک بۆن و بەرامەی منداڵی لێ هەستێ، نمونە وەک ئەم
شیعرە جوانەی مامۆستا (گۆران) کە بۆمنداڵانی نوسیوە لەژێرناوی
(پشیلەکەم)دا و دەڵێت:
میاو، میاو، میاو، ورد وورد ڕاکە،
پشە خرپنەی دەم و لووت پاکە
کلوە ئاوریشمی گیاندارم،
چاو پیرۆزە کلک کوڵە مارم
ڕاکە، ڕاکە، وەرە باوەشم،
لامل هەڵسوو تێرلەلەشم
کلکی تیسکن لوول کەو ڕەپ کە،
نەرمەی دەستم گاڵتە قەپ کە
نینۆکی تیژ دەرپەڕێنە،
قەیناکە بڕنە بدڕێنە
دەست و دەم و چاوو جلم،
پشە، هەردوودەست بکەرە ملم
مووی سمێلی شاش، لووتی سور،
بگرە بۆماچ ماچێنی دوور
کەمانوو بووی لەدەست بازی،
پشە، ڕاهاتووی کۆشی نازی
خۆت پەپکە دە لەسەرڕانم،
بەپرخە پرخ پشەکەی جوانم
لێک نێ چاوی مەیلەو شینت،
وردە جوڵەی خەوبینیت
ئەگەرچی ڕامدەچڵە کێنی،
بەڵام نەختە نەختە دێنی
پرخە پرخی یە ک ئاهەنگت،
شێوەی کش و مات و مەنگت
بۆچاوی منیش وەنەوزێک،
چاولێک دەنێم منیش تۆزێک! (گۆران، ١٩٨٠: ٤٣٠)
ئەگەرچی بەشێک لە منداڵان لەسەرەتای لەدایک بوونیانە وەهیچ لەمانای ترس
تێناگەن، وەک دەڵێن منداڵ بکە بەسەرە نێزەوە هێشتا پێدەکەنێ، بەڵام
کاتێ ساڵ بەساڵ گەورەتردەبێت ڕوبەڕو دەبێتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەزمونی
ترس و ئازارو ناخۆشی دا، لەسەروی هەمووشیەوە بەردەوام ماڵە باوان پەنا
دەبەن بۆدرۆیەک تامنداڵاکانیان پێ بێدەنگ بکەن، یاخود بیان ترسێنن،
بۆیە هەمیشە دێن و بەدرۆوە دەیان ترسێنن بۆنمونە، دەڵێن پشە کە وەرە
بیخۆ، یاخود دەڵێن سەگەگە وەرە بیبە، گوایە پشیلە یان سەگ دێن و
دەیانخۆن، ئیدی مناڵ هەر لە منالێیەوە تووشی ئەو فۆبیایە دەبێت کە
هەمیشە دژ بە ئاژەڵ و گیان لەبەرەکان بوەستێتەوە، دواجارئەمەش دەبێت بە
کەلتورێکی خراپ، کە ئەویش بە ترس و ڕق موتوربە دەکرێت لە ناوناخیدا!
بەڵام مامۆستا گۆران لەم شیعرەدا دێت و بە پێچەوانەی ماڵە باوان و
خەڵکیەوە، منداڵان هاندەدات بچن لەگەڵ پشیلە دا یاری بکەن ئەگەر لەناو
تاریکیشدابێت، بۆئەوەی بەجارێ سامیان لێی بشکێ چیتربەوشێوە لێی نەترسن،
هەرچەند گۆران لەم شیعرەدا هەندێ سیفاتی ئاژەڵی دڕندەی بەخشیوە بە
پشیلەکە نمونە وەک ئەم دێڕە کەدەڵێ، کلک کوڵە مارم، یاخود لەشوێنێکی
دیکەدا دەڵێت، نینۆکی تیژدەرپەڕێنە، هەروەها پێش کۆتایی شیعرەکەش
لەدێڕێکدا دەڵێت، خۆت پەپکەدەلەسەرڕانم، دیارە وشەی (مار) هەموودەزانین
گیاندارێکی کوشندە وزیان بەخشە، جگەلەوەش جیهانی منداڵ نایناسێ بەڵام
گۆران هێندە جوان باسی کلکی پشیلەکەی کردوە ڕێک کلکی لەکوڵە ماردەچێت.
هەروەها نینۆکی تیژ، دوو وشەی ڕەق و زەقن هیچ کاتێ بۆ نێو ئەدەبی
منداڵان ناگونجێن بەڵام کاتێ منداڵان پشیلەیەک دەستەمۆدەکەن تێربەدڵی
خۆیان یاری لەگەڵدا دەکەن، بەدڵنیایەوە بیر لە چڕنوکی تیژیان ناکەنەوە،
بۆیە گۆران بەڕاستگۆیانە وەسفی پشیلەکەی کردوە، بەبۆچونی من هێندە
جوان وەسفی ئەو پشیلەیەی کردوە، منداڵان لەهەرکوێ پشیلەیەک ببینن لێان
ناترسن. بەپێچەوانەوە وەک ئاژەڵێکی هاوڕێی خۆیان خۆشیان دەوێت. جگە
لەوەش مامۆستا گۆران لەم شیعرەدا هەوڵێکی باشی داوە تاشتە نادیارو
نامۆکان، یاخود ئەو هۆکارانەی بونەتە سەرچاوی ترس لای منداڵان زیاتر
ئاشنایان بکات بەئەوان.
کەواتە ئاشت بونەوە و هۆگربونی منداڵان لەگەڵ ئاژەڵان کارێکی پێوست و
باشە بۆ منداڵان هەروەها لە ڕوویەکی تریشەوە منداڵان هاندەدات بۆ
ئاژەڵدۆستی بەمەش خۆشەویستیەکی بێ سنوور دەخاتە نێوانیانەوە، جگە لەوەش
دەیانکات بە هاورێی یەکتری.
گۆران لەم شیعرەدا پێمان دەڵێت تا مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵاندا ئاشت نەبێتەوە
ئەوا ناتوانێ لەگەڵ مرۆڤایەتیدا هەڵبکات.
ئەدەبیاتی منداڵ جیهانێکە کە جیهانی منداڵ وێڕای ڕەنگینی و جوانی و
سادەیی، تێیدا جوڵە و کایە بزێوەکانی خۆی تیا دەدۆزێتەوە، هەمیشە بەدەم
خەیاڵی منداڵانەوە بزەو خەندەی تیا دەچێژێت، بۆ نمونە شیعری منداڵ هەتا
بڵێی سادەو سانایە هەر بەو سادەو سانایەی خۆشیەوە خۆی دەداتە دەست
خۆشترین کایەو چێژێکی بێ هاوتا، بەردەوام لەگەڵ سەردەم و تەمەنی خۆیدا
بەو شێوەیەش لە جیهانی وشەو جووڵەو ڕیتمەکانی شیعری مناڵانەدا چالاکانە
دەرکەوتوە، کە دەتوانین بڵێن ژیان بە بەشێک لە جیهانی خۆی دەزانێ
وسەرکێشانە وەک هەور تێدا باڵ دەگرێ.
بە بۆچونی من کارێکی گرنگ و پێویستە شاعیرانی گەورەساڵان و ڕۆشنبیرانی
کورد لەسەر ئەو قۆناغە بووەستن و لەپاڵ شیعری گەورە ساڵانیشدا
کاریگەرییە نێگەتیڤیەکانی ئەو ئەدەبیاتە ئاکارە ئەدەبیە ناوبەناو
تاوتوێ بکەن و پەرەی پێبدەن و بۆی بنوسن، چونکە ئەدەبیاتی منداڵان
یەکێکە لەو ژانرانەی کە پێویستە شاعیرانی کورد بە شکۆوە ئاوڕی
لێبدەنەوەو لەسەری هەڵوێستە بکەن.
بە دڵنیایەوە دەتوانین بەڕاشکاوانە بیسەلمێنن کە زۆرینەی گەورەساڵان
لە تەواوی گەردوندا شیعری منداڵان بە هاوتەمەنی خۆیان دەزانن و لەم
پێناوەشدا لێرەو لەوێ گرنگیان بە شیعری منداڵان داوەو خۆشیان وویستووە،
تەنانەت کەسانێک هەن هەرکە چاویان بە شیعرێکی جوان کەوتبێ ڕاستەوخۆ
لەبەریان کردوە، بۆ نمونە ئەم شیعرە جوانەی مامۆستا (فایەق) کە بۆ (دایک)
ی نوسیوە لە سەرزوبانی وردو درشتمان دەرخ بووە.
مامۆستا فایەق لەشیعری (دایک) دا دەڵێت:
منداڵێکی ساوا بووم
کەی وەک ئێستاکە وابووم
دایکم بەخێوی کردم
ئەو نەبوایە ئەمردم
بە لایلایە و گۆرانی
ڕایژەندووم تا بەیانی
بە شیری مەمکەکانی
منی بە بەرهەم هانی
ڕەنجی لەگەڵ کێشاوم
لە باوەشیا دایناوم
بەرگ و جلی بۆ شتووم
خزمەتی زۆری کردووم
چاکەی وا لەبەر چاوم
هەتا لە دنیا ماوم
ئەبێ دڵی نەشکێنم
ئارەزووی بەجێ بێنم! (بێکەس، ١٩٣٥: ٢٣٤)
دایک / ئەگەر چی ئەم شیعرەی مامۆستا (فایەق بێکەس) چڕوپڕە پڕە لەوێنە و
مۆسیقا، بەڵام سەرتاپا سۆزو جوانیو خۆشەویستی لێدەڕژێ، دەتوانین بڵێن
بۆهەتاهەتایە ئەم شیعرە وەک دەقێکی نەمر و زیندوو دەمێنتەوە لەناو
ئەدەبیاتی منداڵاندا، جگە لەوەش تابڵێی شیعرێکی کراوەیە تەژیە بە
خۆشەویستی و ناوەڕۆکێکی فراوان و ژن دۆستی لەخۆگرتوە، بەهەمان شێوە لەم
شیعرەدا میهرەبانیش، جگە لە جوانی و خۆشەویستی هەڵگری هیچ هێما و
پێناسەیەکی تر نییە، لێرەدا شاعیر بەجۆرێک پرشنگی خۆشەویستی و
میهرەبانی و ڕەنج و شەونخوینی دایکی وێناکردوە کە لێوان لێوە
لەوەفاودڵپاکی بۆیە لە کانگای دڵیەوە سۆزی خۆی بەو جۆرە بۆدایک
دەربڕیوە تاهیچ نەبێ لە ڕێگای وشەکانیەوە بتوانێ پاداشتی یەک بەیەکی
چاکەکانی دایک بداتەوە، ئەمە و جگە لەوەی کە دایک وەک ڕۆحێکی خۆبەخشی
نێو ئەم گەردونە دەبینێت بۆیە دەڵێت.
بە لایلایە و گۆرانی
ڕایژەندووم تا بەیانی
بە شیری مەمکەکانی
منی بە بەرهەم هانی
نوسەر توانیویەتی دایک بە کەسێکی ئەفسانە و فریاد ڕەس ببینێت، تا
بیسەلمێنێ کە بە بێ ماندووبون بەشەو ڕۆژ ڕۆڵی گێڕاوە لەئاست ژیانی تاک
بەتاکی هەموومرۆڤێکدا.
بێکەس لەم شیعرەدا پێمان دەڵێت ئەوە تەنها دایکە بە خۆیی و دڵە
گەورەکەیەوە، بەخۆیی تریفەی چاوە گەشەکانیەوە بەخۆیی ولایلایە پڕ
سۆزەکانیەوە، دەتوانێ لە گەڵ وشەی خۆشەویستی و میهرەبانیدا هاوتەریب
بێتەوە، هەربۆیە چەمکی میهرەبانی جگە لەدایک هیچ کەسێ ناتوانێ بیکا بە
ناسنامە بۆ خۆی. دایک لەسروشتەوە جگە لە زمانی گوڵ هیچ زمانێکی تر
نازانێت، تەنانەت توڕەبون و و گۆرانی و زەردەخەنەو خەمەکانیشی هەر
بەوزمانە دەردەبڕیت، دایک ئەو دەقە شیعرییەیە کە عەشق لەناویدا وەک
چەکەرەی گوڵە گەنم لەژێرباراندا بەموژدەوە دەبینرێ، دایک شەکرەبارانێکی
گەردونیە بۆسەرخاکێکی تینوو سەرزەمێنێکی ئارامە بۆ حەوانەوی مرۆڤایەتی
بۆیە جارێکی تر شاعیردەڵێت.
ڕەنجی لەگەڵ کێشاوم
لە باوەشیا دایناوم
بەرگ و جلی بۆ شتووم
خزمەتی زۆری کردووم
ئەگەرچی ئەدەبیاتی گەورە ساڵان لەچاو ئەدەبیاتی منداڵاندا بە فراوانی
هەموو گەردونی داگیرکردوە بە، شیعر، چیرۆک، نۆڤلێت، ڕۆمان هتد...،
هەریەکەش لەو دەق و نوسینانەش پڕبوون لە ماناو فیکری نوێ، ڕاستەوخۆش
کاریگەری و نەخشی ئەرێنی یاخود نەرێنیان جێهێشتووە لەسەرخوێنەرانی
هوشیار وەک ئەم ڕۆمانە جوانانەی ناو مێژوو ڕۆمانی مەدام بوڤاری کە لە
نووسینی گۆستاڤ فلۆبێر، شاکاری (بێنەوایان) لە نووسینی ڤیکتۆر هوگۆ،
کتێبی (کەروێشکەکان) لە نووسینی جان ئەپدایک، هەروەها ڕۆمانی (سەد ساڵ
تەنیایی) لە نووسینی گابرێل گارسیا مارکیز، (ڕۆمانی تاوان و سزا) ی
نووسەری بەناوبانگی ڕووس فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی، هەروەها کتێبی (سوور و
ڕەش) لە نووسینی ستاندال، هەزار و یەک شەوە، پاشان ڕۆمانی (منداڵانی
نیوەشەو) لە نووسین ی سەلمان ڕوشدی ، ڕۆمانی (پیرەمێرد و زەریا) لە
نووسینی هەمنگوای، ڕۆمانی (بەفر) لە نووسینی ئورهان پامۆک، کتێبی
(لەژێر تۆڕدا) لە نووسینی ئیریس مۆردۆخ، کتێبی یوگنی ئانگینی لە
نووسینی نووسەری ڕووس ئەلکساندەر پوشکین و... هتد.
بەڵام دەتوانین هێشتا بڵێن ئەدەبیاتی منداڵان لەزۆر ڕوە وە
ئاسەوارەکانیان بەسەر دەق و نوسین و کایە جیاجیاکانی دنیای ڕۆشنبیریی
وردو درشتی ئێمەی خوێنەردا ماوە، بە واتایەکی تر ئەدەبی منداڵان زیاتر،
ڕەنگی داوەتەوە لای گەورە ساڵان بە تایبەت لای ئەو خوێنەرە باش و
زیرەکانەی کە سەرسەختانە خۆشیان دەوێت و هۆگریان بوون وچێژی لێدەبینن.
بێگومان منداڵ و مێرمنداڵ چەند تامەزرۆی شیعرو چیرۆک و ڕۆمان و
ئۆپەریتی نێو جیهانە جوانەکەی خۆیان بن هەزارهێندەش گەورەکان باوەشیان
بۆ دەگرێتەوە تاسەر ئێسک حەزیان لێە ئەو دەقە جوانانە بیخوێننەوە کە بۆ
منداڵان نوسراون.
بە تایبەت ئەو گەورە ساڵانەی کە هەوای شیعرەکانی مامۆستا زێوەرو
گۆرانی شاعیرو (کاکەی فەلاح) یان هەڵمژیبێت، باش دەزانن کە هەوای دونیا
جوانەکەی منداڵان چەند ناسک و منداڵانەیە کەوەک شنەبایەکی نەرم نیان و
فێنک ئاسودەیی دەبەخشن بە دڵی گەورەکان، چونکە ئەوان دەیانەوێ بۆ
جارێکی ترلەناو منداڵیدا لەدایک ببنەوە، پێان وایە منداڵ بوونەوە
سیمبوڵە خاڵی بونەوەیە لە هەموو ئازارو ئەندێشەیەکی گران و ڕۆژگارە
سەختەکانی ژیان.
شیعری منداڵان بۆیە لای گەورەکان پەسەندە چونکە دەزانن دونیایەکی جوان
و بێگەردە بەهیچ جۆرێک زمانی نامۆ نابیستێ و نایناسێ، جگە لەوەش خۆی
دوور دەگرێت لە هەموو ئایداکان، وێرای ئەوەش ناهێڵێت لەناو وشەو بیری
گەورە ساڵاندا ئاوێتە بێت، هەروەها دەلاقەیەکی جوان و لەبارە و لێوان
لێو لە ڕیتمو جوڵەی منداڵانە، چونکە لەو جیهانە جوان و بێگەردەوە
منداڵان بانگهێشت دەکات بەرەو گەشتی خەیاڵی و خۆشی وشادی منداڵانە.
شیعری منداڵان گەردونێکی پان و بەرینە کە منداڵ خۆی بە جموجۆڵ و ویستە
دەرونییەکانی خۆی شادیەکانی تێدا دەچێژێت، چونکە ئەو دەق و تێکستە
مەزنانەی کە بۆ منداڵان نوسراون هەمیشە وەک بیرەوەریەکی جوان لە
یادگەیان ماوەتەوە بەردەوام لەهەموو شوێنێکدا وەک دەقێکی نەمرو زیندوو
باسی لێوە دەکەن.
هەرچەند لە ئێستادا ئەستەمە کە ئێمە بتوانین بە شێوەیەکی ڕەسەنایەتی و
زانستی، کات و مێژوو شوێن و ئافراندنی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بەتەواوتی
دیاری بکەین. بە تایبەت ئەو چیرۆکانەی کە بە سەرزارەکی گێڕاویانەتەوە،
بەڵام وەک بەڵگە دەق و نووسراوەکانی بەر لە ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن،
پێمان دەڵێن مێژووی چیرۆکە ئەفسانەییەکان دەگەرێتەوە بۆ هەزاران ساڵ
بەر لە ئێستا، ئەم چیرۆکانەش بە سەر زارەکی و بە شێوازێکی درامی، سینە
بە سینە وتراوەتەوە، پاشان نەوە لە دوای نەوە گێڕاویانەتەوە و
گواستویانەتەوە، تا بە ئەمڕۆ گەشتوون، لەگەڵ ئەمەشدا بەشێکی زۆر لە
چیرۆکە ئەفسانەیەکان لە ناو فۆلکلۆری گەلان و وڵاتاندا لە زۆر ڕووەوە
لەیەک دەچن، گەرچی کەمێک جیاوازی لە کات و شوێن و کارەکتەرەکاندا هەیە،
بۆ نموونە:
چیرۆکی ئەفسانەیی (کۆڵوانەسوور) لە ئێستا وەکو یەکێک لە چیرۆکەکانی
نووسەری فەرەنسی (چارلز پیرۆ: ١٦٢٨- ١٧٠٣) دەخوێنرێتەوە، بەڵام لە
راستیدا، مێژووی ئەم چیرۆ بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا
دەگەڕێتەوە.
(ئیزۆپ) کە بە باوک و پێشەنگی چیرۆکی ئەفسانەیی دانراوە، بەبۆچونی من
کورتە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ) ی یۆنانی کە بۆ نزیکەی ٢٦٠٠ساڵ
بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، تا ئەمڕۆش هەرە بابەتی چیرۆکن لە نێوکتێبی
خوێندنەوەی کوردی و هەموو زمانەکانی تری جیهاندا، لەناو قوتابخانەکانی
بنەڕەتیدا دەخوێنرێن، لەگەڵ چیرۆکە شیعرەکانی (جان دی لافۆنتین) کە زۆر
جوانتر و مەبەستدارتر و گونجاوترن بۆ منداڵان لە هەموو سەردەمەکاندا.
پێدەچێت شیعرەکەی (دایک) ی (فایەق بێکەس) یش لە ئەحمەد شەوقییەوە
وەریگرتبێ بەڵام جوانیەکەی لەوەدایە بە چێژێکی کوردانە هۆنیویەتیەوە،
دوور نییە کە ئەحمەد شەوقیش لە شاعیرێکی ترەوە وەری گرتبێت. بۆ نموونە
شیعری (رێوی و کەڵەشێر) لە هۆنینەوەی پیرەمێردی نەمرە، کەلە (دیوانی
شوقیات للاطفال) دا هەیە، ئەحمەد شەوقیش نایشارێتەوە، کە لە (لافۆنتین)
ەوە وەری گرتووە، بە دووری نازانم کە لافۆنتین لە (ئیزۆپ) ەوە
وەرگرتبێت، ئیزۆپیش لە دەمی خەڵکییەوە وەری گرتبێت. هەروەک شیعری
(قەلەباچکە و باخەوان)، (کۆبونەوەی مشکان)، (دوو مراویی و کیسەڵێک).
تەنانەت (شێری ساختە) ی کاکەی فەللاح یش، یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئیزۆپ.
(لاڤۆنتین) کە بە داهێنەری چیرۆکە شیعری ئەفسانەیی دادەنرێت. بەڵام
(لاڤۆنتین) بەئاشکرا نایشارێتەوە و دان بەوەدا دەنێت، کە چیرۆکە
ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ) ی یۆنانی و (بەیدبا) ی هیندی و (ڤیدەر) ی
لاتینی و چەند چیرۆکنوسێکی تر، کاری تێکردون و سودی زۆری لێیان
وەرگرتوە. گەلێک لە چیرۆکەکانی لەگەڵ چیرۆکەکانی (ئیزۆپ) دا تێکەڵ
بوونە، یان هەندێک لە چیرۆکەکانی لاڤۆنتینیش دراونەتە پاڵ ئیزۆپ و بە
نووسینی ئەوەی دەزانن. لە ڕاستیدا، تا ئەمڕۆش لە بواری نوسینی چیرۆکە
شیعری ئەفسانەیی بۆ منداڵان، هێچ شاعیر و چیرۆکنوسێک لە جیهاندا،
نەگەیشتۆتە ئاستی لاڤۆنتین. ئەوەی کە جیاوازیشی بە چیرۆکە
ئەفسانەییەکانی لاڤۆنتین بەخشیوە، تەنها ئەوەیە کە چیرۆکەکانی زۆر بە
شێوازێکی ئەدەبی و هونەریی نووسراون، چونکە هێندە ناسک و شیرین و جوان
دایڕشتوون، کە شەقڵی جیاوازی تایبەتمەندییان پێوە دیارە، چیرۆکەکانی
لەبەر کورتی و ئاسانی و سودی ئەدەبی پەروەردەییان وەرگێراون بۆ سەر
هەموو زمانەکانی جیهان و خراونەتە نێو پڕۆگرامەکان و کتێبەکان بۆ
منداڵان، تا چێژیان لێوەرگرن چونکە زۆربە ئاسانی لە مەبەستەکانیان
تێدەگەن کۆمەڵە چیرۆکەکانی نێو کتێبە ئەفسانەییەکەی (کەلیلە و دیمنە) ش
کە ناونیشانەکەی ئاماژەیە بۆ دوو چەقەڵی برا، ئەفسونی ئەم کتێبە
جوانەش لەمەدایە کە بەزمانی ئاژەڵان نووسراوە، شایانی باسە بەشێکی زۆر
لە منداڵان و گەورەساڵانیش لە جیهاندا چێژیان لە و چیرۆکانە بینووە،
کە یەکێکە لە جوانترین شاکار و دەقە نەمر و زیندووە جیهانییەکان لە
مێژووی مرۆڤایەتیدا
کام گەورە ساڵ هەیە سەرسام نەبووبێ بە دەقە جوانەکانی چیرۆکنووسی
بەتوانا و بەناوبانگ چارلز پیرۆ: کە لە کۆتایەکانی سەدەی شانزەدا واتە
لە ساڵی (١٦٩٧) دا، یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، لەژێر
ناوی چیرۆکەکانی (دایکە قازم)، چاپی کردوون و بڵاوی کردونەتەوە .
(شوان، ٢٠١٥)
یەکێک لەو چیرۆکە جوان و سەرنجڕاکێشەی ناو ئەوچیرۆکانەش (ساندرێلا) یە،
کە تا ئێستاش لەسەر زاری بەشێکی زۆرلە خەڵکی جیهان دایە کە دەتوانین
بڵێن گەورەکانیش هەزارهێندەی منداڵان چێژ و خۆشییەکی زۆریان لە
خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە نایابانەی (چارلز) وەرگرتوە جگە لەوەش کاتێک کرا
بە فیلم هێندەی تر بوو بە جێگە سەرنجی گشت منداڵان و گەورەساڵان ،
چونکە زۆر بە زمانێکی شیرین و پاراو نوسراوە، جگە لەوەش زۆر بە
شێوازێکی هونەری و ئەدەبێکی ناسک وسادە و ئاسان بۆ منداڵان بەرهەمیان
هێناوە.
یەکێکی تر لەو چیرۆکە سەرنج ڕاکێش و واتادارانەی منداڵان (نێلز) ە کە
لایەن نوسەری بەتوانا سەلما لاگرلۆف نوسراوە، کە بۆ هەتاهەتایە ئەم
شاکارە لە جیهانی ئەدەبیدا دەدرەوشێتەوە.
گەلێ دەق و چیرۆک و ڕۆمانی تریش هەن کە گەورە ساڵان بەرەدوام لە
خەیاڵەکانیاندا گەشت دەکات نمونە وەک: ڕۆمانە بە ناوبانگەکەی (ئیمیل) ی
جان جاک ڕۆسۆ، چیرۆکی تۆم وجێری، ماسی ڕەشەکە و ئەفسانەی خۆشەویستی
صمدی بهرنگی.
لەپای هەموو ئەمانەشدا کەسانێک هەبوون کە بە ویژدانێکی ئاسوودەوە،
لەناو ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەسپی خۆیانیان تاوداوەو خۆیان کردوە بە
زمانحاڵی ئەو جیهانە جوانەی منداڵان و دڵسۆزانە کاریان تێدا کردووە،
بۆ نمونە (ئەمین محەمەد) یەکێکە لەو نوسەرە دەگمەنانەی نێو ئەدەبیاتی
منداڵان، کە لەگەڵ هەموو کایە خەیاڵیی و جوانیەکانی منداڵاندا مامەڵە
دەکاو سەروکارێکی باشی لەگەڵیاندا هەیە؛ ئەمەش لەهەموو شیعرو چیرۆک و
ڕۆمانەکانیدا بە باشی ڕەنگیان داوەتەوە.
شایانی باسە (ئەمین محەمەد) لەسەردەمی خۆیدا توانیویەتی شیعری جوان و
نایاب بخولقێنێ و کەلتوری منداڵانی پێبڕازێنێتەوەو ببێت بە خاوەن
ئێنسکلۆپیدیای ئەدەبی وخەیاڵی و زانستی بێت، هەروەها خاوەن فۆڕم و
ستایلی خۆشی بێت هەمیشە دڵسۆزانە کاری بۆ ئەدەبیاتی منداڵان کردوە، لەم
بوارەشدا کاریگەریەکی باشیشی لەسەر ئەدەبی منداڵان جێهێشتووە تەنانەت
(ئەمین محەمەد) هێندە ئاوێتەی شیعری منداڵانە بووە لەپارچە نوسینێکدا
کە بیری (مێوژەکەی مام زۆراب) دەکات و بە زمانێکی منداڵانە دەڵێت:
ئای لەو ساتانە چەند خۆش و چێژ بەخشبون لەگەڵ دارا، دوو داری دوور
دوورمان دەبینی و بە قاقاو پێکەنینەوە ئاماژەمان بۆ دەکردن، لەگەڵ
زاراو زەینەب تەماشای دادەمان دەکرد ئەو کاتەی دۆکەی ڕژابو، من
هەرگیزئەو ساتە خۆشانەم بیر ناچن دەچومە سەر دار سێوەکەو یەک یەک
سێوەکانم دەژماردن، ئەوە یەک سێو، ئەوە دوو سێو، پاشان لەگەڵ هاوڕێکانم
یاریی مزراحێنمان دەکرد.
هەرگیز ئازاری باڵندەمان نەدەداو نان و ئاومان بۆ ڕۆدەکردن، لەگەڵ مام
وورچ بووبوین بە هاوڕێ و هەموو دەورەمان دابوو، زۆر سەرنج ڕاکێش بوو
ئەو دەمەی لەسەر یەک قاچ ڕادەوەستاو زریزەکەی لە ملدا بوو، لەناکاو مام
زۆراب دەردەکەوت سینییەک مێوژی لەسەر سەری ڕاگرتبوو ئێمەش هەموو
هاوارمان دەکرد: مام زۆراب. . مام زۆراب، مەڕۆ مەڕۆ مێوژمان دەوێ، یەکی
یەک عانەی لێوەردەگرتین و مشتێ مێوژە ڕەشکەی پێدەداین، ئەوەندە خۆش و
بەتام بوو تا ئێستاش چێژەکەی لە ژێر ددانمدایە.
هەروەها صادق هیدایەتیش دەڵێت: خۆزگا دەمتوانی وەک ئەو کاتەی کە منداڵ
و نەزان بووم بە باشی بخەوم، هێمن و لەسەرخۆ!
منیش گەلێ جار بە جلی گەورە ساڵانەوە بە خەیاڵ دەڕۆمەوە بۆ منداڵیی،
کاتێ پایز دێت پۆل پۆل قازو قورینگەکان لە ئاسمانی بەرزدا دەبینم کۆچ
دەکەن بەرەو گەرمیان، لە دورەوە دەستیان بۆ هەڵدەبڕم پێان دەڵێم: هۆ
قاز و قورینگەکان ئەگەر گەشتن سڵاوی منیش لەگەڵ خۆتانا بگەیەنن بە
شەپۆلە زیوینەکانی دەریاچەی سیروان، بە کانیاوی تەزیوی، بە بێچوە ئاسک
و کارمامزە سرکەکانی چیای بەمۆو بەرانان، بەو پێدەشتە سەوزانەی کە تازە
چەکەرەیان کردوە، بەو ڕێشۆڵانەی کە بە ئازادی دەفڕن بە ئاسماندا و بەو
منداڵە باڵدار دۆستانەی ئێوەیان بە گیان و دڵ خۆشدەوێ!
___________________________________________
سەرچاوەکان:
- دیداری ئەدەبی منداڵان لاپەڕە (١١) ساڵی
(٢٠٢٢) چاپی یەکەم.
- پشیلەکەم لاپەڕە ٤٣٠دیوانی گۆران چاپی یەکەم چاپخانەی کۆڕی زانیاری
عێراق ساڵی ١٩٨٠بەغداد.
- فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، شعیری دایک، چاپی یەکەم، ١٩٣٥، لاپەڕە
٢٣٤.
- چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان. رەزا شوان. کەرکووک، ٢٠١٥.
qadrsardar71@gmail.com
|