په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠٢٦

ڕەنگ و دەنگی باڵندەکان.

 

 

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: فەرھاد ئەحمەد

بۆچی ڕەنگی باڵندە نێرەکان گەشاوەتر و درەوشاوەترە لە باڵندەمێیەکان؟ بۆ ئەوەی لە هۆکاری ئەمە تێبگەین، سەرەتا پێویستە بزانین بۆچی باڵندەکان ڕەنگیان هەیە. چەندین ڕوونکردنەوە بۆ هەبوونی ڕەنگ لە باڵندەکاندا دراوە؛ هەندێکیان ڕەنگی گەشاوەیان هەیە، هەندێکی تریان ڕەنگیان مات (تاریک)ە، و هەندێک باڵندەی تریش بە زەحمەت دەبینرێن.

ئەو باڵندانەی ڕەنگی گەشاوەیان هەیە زۆربەی کاتەکانیان لەسەر لوتکەی دارەکان، لە ئاسمان یان لەناو ئاودا بەسەر دەبەن. بەڵام ئەو باڵندانەی ڕەنگی مات و تاریکیان هەیە، زیاتر لەسەر ڕووی زەوی یان لە نزیکیدا دەژین، و بەشە سەرەوەکانیان تاریکترە لە بەشە خوارەوەکانیان.

ئەم جۆرە ڕاستییانە وای لە زانست کردووە پێی وابێت کە هۆکاری هەبوونی ڕەنگ لە باڵندەکاندا بۆ خۆپاراستنە، بە شێوەیەک کە دوژمنەکانیان نەتوانن بە ئاسانی بیانبینن. بۆ نموونە، ڕەنگەکانی باڵندەیەک بە باشی لەگەڵ ڕەنگی گژوگیا و زۆنگاوەکانی ئەو شوێنەی لێی دەژی تێکەڵ دەبێت، و ڕەنگی ئەو باڵندانەی کە پێیان دەوترێت "باڵندەی زەوی" وەک گەڵای وەریوی دارەکان دەردەکەوێت.

خوێندنی باڵندەکان یەکێکە لە جوانترین دەنگە سروشتییەکان، و کاتێک مرۆڤ لە ناوچەیەکی گوندنشیندایە وا بە خەیاڵیدا دێت کە باڵندەکان بانگی یەکتر دەکەن و وەڵامی یەکتر دەدەنەوە وەک بڵێی شتێک دەڵێن.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە باڵندەکان پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دەکەن وەک چۆن زۆرێک لە ئاژەڵەکانی تریش دەیکەن. بێگومان دەنگی باڵندەکان هەندێک جار تەنها دەربڕینێکە بۆ کەیفخۆشی، بەڵام زۆربەی کات هەوڵێکە بۆ پەیوەندیکردن. مریشک دەنگێک دەردەکات بۆ ئاگادارکردنەوەی بێچووەکانی لە مەترسی، و پاڵیان پێوە دەنێت کە بێجووڵە لەسەر زەوی بمێننەوە، پاشان دەنگێکی تر دەردەکات کە دووبارە کۆیان دەکاتەوە. کاتێک باڵندە کێوییەکان لە شەودا کۆچ دەکەن، دەنگگەلێک دەردەکەن کە یارمەتی کۆمەڵەکە دەدات وەک یەک یەکەیەک بمێننەوە و ئەندامە وێڵبووەکانیش بگەڕێنەوە.

باڵندەکان وەک مرۆڤ فێری زمانەکەیان نابن، بەڵکو ئەمە شتێکی غەریزییە (سروشتییە) کە تێیاندا خولقێنراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ناتوانن فێری ئاوازخوێندن بن. لە ڕاستیدا، هەندێک لە باڵندەکان دەتوانن ئاواز لە باڵندەکانی ترەوە فێرببن.

_________________________________________
سەرچاوە: (شمس الصباح)ی منداڵان، پاشکۆی ڕۆژنامەی (الصباح جدیدة).

 

 

rahanddrwd@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک