په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٥

رێپیشاندەر یان کارەسات و نەگبەتی؟!


ئەحمەد رەجەب    

گاید (رێپیشاندەر).
تاقیکردنە و کارەسات.
موزھر بن مەدلول (ئەبو ھادی).
(بەو شێوە ‌خەونم ئەدی.. بەو شێوەیە برینەکان بوون).


براو ھاورێ و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی شیوعی عێراق (موزھر بن مەدلول) کتێبێکی بە ناونیشانی - رێپیشاندەر (گاید - Guide) کە بریتیە لە ٢٠٢ لاپەرە( قەوارەی ٢٠X١٤ سم) پێشکەش کردم و ھەوڵ ئەدەم کورتە باسیکی بخەمە بەر دەستی خوێنەرانی بەرێز و ھێژا.

 

لە سەرەتادا (موزھر بن مەدلول) ئەڵێت:

پێشکەشە:
((بە دایکم کە ھەمیشە لە بەر چاومدایە
بەو ژنە بێ وێنەیە کە بە دڵسۆزی بیست و سێ ساڵ لە گەڵمدا بوو
بۆ ھەموو دۆستانم کە خۆشیانم ویست و خۆشیان ویستم
ئەم دەقانە پێشکەش ئەکەم)).


خوێنەری خۆشەویست، ئەم کتێبە کە لە بەر دەستتدایە نموونەی فیداکاری و بەرنگار بوونەوەیە لە گەڵ رژێمێکی چەپەڵ و خوێنرێژ‌و تاقیکردنەوەیەکی تاڵی ‌ رۆژانی مرۆڤێکی ئاژاوەچی تووشی ونبوون و راونان وچەندان کەرەت گرتن و بەندیخانە بووەتەوە سەرەتا لە شاری نیشتەجێبوونی (ناسرییە) و دێھات و دەوروبەری و رویشتن بۆ بەغداو پرسێتی و دێزی و ناشیرینی پۆلیسەکانی و، پاشان ساڵانی ترس لە (بیابانەکاندا)، ترس لە تەنیایی و جانەوەرەکانی و لە کۆتاییدا گەیشتن بە بەرزایەکانی (کوردستان) و نامۆیی و بارووت و، سەرجەم ئەوانەش لە سەرەوە باس کراون بوونە بایسی ناخۆشی و زوڵمکردن.


ئەو خەونەی ئەم ھەموو ناخۆشی و کارەساتەی بەخۆییەوە دیوە، لە راکردن و ترس و دڵەراوکی وگرتن و زیندانی کردن، ھەموو بەھا بەرزەکانن و، مرۆڤ شانازی پێوە ئەکات و، بە بێ ئەو کردارانە ھیچ نرخێک بۆ جوانی لە بووندا نییە.


موزھر بن مەدلول نووسیویەتی:


مرۆڤ چەند پێویستی بە خۆشەویستییە بۆ بەرنگار بوونەوەی رق و کینە.. چەند پێویستیت بە ئازایەتییە ئەی لاسار بۆ رووبەروو بوونەوەی ئەم ھەموو مەینەتی و کارەساتە!!..


کاتێک ماشینی ئۆتۆمبێلەکە سووراییەوە وەک بڵێت لە ناو مێشکمدا سوور ئەخوات!، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی (ابراھیم) کەوتەکار بۆرییەکان گریان گرتبوو و سوور ھەڵگەرابوون و، لە پاش ماوەیەک لە رۆیشتن، ھەستم کرد گەرمایی ئاگرەکە گەیشتە سەرم، بە ناو لەپم گەمارۆی سەرمداو ویستم بیپارێزم!


ئا ئەمەیە دۆزەخ (ئەو رۆژەیە نە پارەو سامان و نە ژنان سوودیان ھەیە) !، راستییەکی روون و ئاشکرایە، وایلێکردم ھەموو شتێک لە بیر بکەم، تەنھا بیر لە چارەنووسی رەش بکەمەوە کە بمکاتە مشتێک لە خۆڵەمێش لە ناو (ماتۆرەکەدا)!


زیاتر لە کاتژمێرو نیوێک، ناخۆشترین ساتەکانی ئازاردانم بوو لە ژیاندا، بە ئاگری (بەعس) سووتام کە قەت دانامرکێتەوەو بێ بەزەییە، بۆیە وریابن سەر لە نوێ نەگەرێتەوە !


لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بەباشی لە داپلۆسین و گرتن و کوشتن کە باڵی بە سەر سەرانسەری وڵاتدا کێشابوو تێئەگەێت و، لەو ھەل و مەرجەشدا خێزانەکان پرش و بڵاوبوونەوەو، ھاورێ و دۆستەکان لە یەکتر دوور کەوتنەوەو، مرۆڤیش بە جوانییەکەی خوێ نەمایەوە.


شایانی باسە ئەم رۆژەف نووسینانە ھیچ پەیوەندییەکی بە مێژوو نووسینەوە نییە بۆیە داوای لێبوردن لەو ھاورێیانە ئەکەم ئەگەر ناویان لەم کتێبە نەھات.


لە بەڵگەی لە سیدارەدان نووسەر ئەڵێت: جاروبار وا ھەست ئەکەم یەکێک بووم لە نەگبەتەکانی کانزای خەڵوز وەک نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی فیکتور ھوگۆ باسیان ئەکات و، لەو کاتە لەلایەن چەتەکانی رژێمی سەدام بە سەر شۆستەکانی شەقامی رەشید لە بەغدا رایان ئەکێشام وەک بەرازی کێوی برسی وابوون بەرخێکیان گرتووەو خوێن لە دەمی و لە لووتی دێت و" ھەر وەک بەشێکی شانۆگەری ئەبینرا".


ترس زۆر جار ئازایەتی دروست ئەکات و، نازانم چۆن لە باڵەخانەیەکی بەرز لە گۆرەپانی مەیدان لە بەغدا خۆم فرێدایە خوارەوەو، پاشان بەناو کۆڵانە تەنگەبەرەکان، راکە شارەزاییت نییەو نازانیت سەر لە کوێوە دەر ئەکەی.


ئەو کات عەقلم بچوک بوو، سەرگەرمی دروشم و شەری شۆرشگێرانە بووم و، حەزم ئەکرد بەرەو سەر برۆم و، قەت بیرم لەوە نەکردبوو رۆژێک دێت قاچم نییەو، کاتێ لە ( سەربازگەی ئەلتاجی) سەربازبووم (سوھەیل عەبدولحمزە) ی برادەرم بە ئەسپایی بە گوێما چرپاندی و، وتی: (وەریا بە لە سیدارەت ئەدەن) ولێ من بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز پێکەنیم و، وامزانی ئەوە تەنھا گاڵتەیە و دوورە لە راستی و، ھاورێکەم جیھان بە دووچاوی داخراو ئەیبینێ!


سەرلەبەیانی رۆژی دوومدا خۆم بە تەنھا لە ژوورێکی تەسکدا بینییەوە ‌سەر بە (ئیستخباراتی عەسکەری) بوو، لە بەرزاییەکەوەو لە ھەر چوارلاوە خرامە بەر شەوق و رووناکی لەمپەکان (گڵوبەکان) و، وێنەی دەمووچاومیان ئەگرت، لە پێشەوە و لە تەنیشتەوە راست و چەپ و، ھیچ پرسیاریان لێ نەکردم جگە لەوەی ئەفسەرێک بە گاڵتەئامێز پێی وتم: ( تۆ خەڵکەی ناسرییەی.. وایە؟‌)!


دەرچووم و بە پەلە بە (سوھەیل) ی برادەرم وت: ئەم دنیایە بۆ وا تەموو مژاوییەو ئەم وێنەگرتنە چییە؟ وێنەگرتنی چەپ و راستی دەمووچاو ترسناکەو، گوومانم ھەیە، لێرەدا برادەرەکەم وتی: (ئەوە بەڵگەی لە سێدارەدانە) و تا زووە راکە و، ئەو کات زانیم بەرەورووی مەرگ ئەبمەوە، بۆیە بریارمدا رابکەم، بەڵام چۆن و بۆ کوێ و لە کوێوە؟!


بە یارمەتیدانی سوھەیلی برادەرم و برادەرێکی تر ناوی (مەھدی) بوو جوتیارێکی خەڵکی دیوانییە بوو، داوام لێ کرد دشداشەکەی (کراسێکی درێژە وەک عەزیزی ژنان وایە)‌ ئامادە بکات و، کە ھێنای منیش لەبەرم کردو پێش نان خواردنی شەوان کونێکمان لە تەلبەنی سەربازگەکە دۆزییەوە و منیش ھەڵاتم و، رێم کەوتە ناو کۆمەڵێک ھەژار خەڵکی خوارووی عێراق بۆ بژێوی خۆیان و خێزانیان ھاتبوون چەند جورەکاریان ئەکرد، قۆرەکاری و خشتیان ئەبری و ماوەی دە رۆژێک بووم بە بارگرانی بەسەریانەوە بۆ ئەوەی رێگاچارەیەک بدۆزمەوەو رێنەماییم بکات و لەم قەیرانە رزگارم بیت و، ھەر لێرەوە چیرۆکەکەی ژیانم دەستپی ئەکات.


پێش ئەوەی بگەمە بازگەی ئەلکوت لە ئوتۆمبێلەکە دابەزیم بۆ ئەوەی دەموچاوم نەبینن و، نە وەک بمناسنەوە چونکە کەسێکم رێز لە دەوڵەت ناگرم، لە پێش بازگەکە خۆم خزاندە ناو باخێک زۆربەی دارەکانی دار خورما بوون، ھەرچەدە ئاسمان روون و بێ گەردبوو بەڵام تاریکایی باڵی بەسەر ھەموو لایەک کێشابوو، قەت ئەو شەوەم لە یاد ناچێت، شەوێکی دژوارو قورس بوو، زۆرم برسی بوو، ھەرچۆنێک بوو لە ناو قوراو مێشولە نوستم تا خور ھەڵات و، پاش دڵەراوکێیەکی زۆر گوێم بە کەس نەداو چوومە ناو چێشتخانەیەکی سەری رێگاو، کە لە ئاوێنەی دەستشۆرەکە خۆم دی، کت و مت لە (کەریمە) شێتی شارەکەمان ئەچووم.


پێش ئەوەی بگەمە پردی (ئەلھۆڵندی) و بازگەی یەکەمی شارەکەم ئەلناسرییە داوام لە شوفێرەکە کرد بۆ ئەوەی بوەستێت و یەکسەر دابەزیم و خۆم کرد بە ناو باخێک لە مناڵیم زۆر جار چووبوومە ناوی، رێگایەکم گرتەبەر پر بوو لە درک و بەردو مار تا گەیشتمە جێیەکی ئارام.


ئێستا پێویستیم بە کەس نییە ‌بمبات بۆ دێکەمان (ئەلبیزان) یان رێم پیشان بدات و، دێکەمان ئەکەوێتە ‌پاڵ (شەت ئەلکەسر) و، لەم دەڤەرە شارەزاییم زۆرەو، لە رۆژانی مناڵیم دووای ئۆتۆمبێلە دارینەکان ئەکەوتم تا رۆژێکیان تایەکانی سەری ئاشقێکی جوانی دێکەمان کوچککردوو (سجیل) ی پانکردەوە، ھەرچۆنێک بوو لە ماڵەوەمان نزیک بوومەوەو، باوکم بینی لە سەربان چرا لۆکسەکە ھەڵئەکات و، ئەو شەوە لە باوەشی دایکم خەوتم و، بۆ بەیانی ھەموو بە دوای گایدێک ئەگەران بمپارێزێت.


لە بارەی ناحیەی ئەلنەسر باسی نەخۆشییەکی کوشندە ئەکات و ناوی حیزبی بەعسەو، ھەروا باسی کەسایەتی شارۆچکەکە ئەکات وەک سەبری ئەلعەتابی و دکتۆر ئەمین عرێبی و عەزیز ئەلسەید جاسم و، برا گەورەکەی عەبدولعەزیز مەدلول کە بوو بە بەرپرسیاری رێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق لەو ناوچەیەداو، ھەموو پۆلیسەکان ئەیناسن چونکە چەند رۆژیکە لە زیندان رزگاری بووەو، بۆ ماڵ ھاتووەتەوە.


ئەم کتێبە ئەم بابەتانە ئەگرێتە خوێ: بەڵگەنامەی لە سێدارەدان، بازگەی کوت، ئەلبیزان گوندێکی ئارام، ناحیەی ئەلنەسر، کەرت بوون، سەرەتای کار لە ناسرییە، دشداشە (کراسێکی دریژە وەک عەزیزی ژنان وایە) لە گەڵ نەعلێکی ئیسفەنج، مانگرتن،کوخێک لە لم دروستکراو، مارێک لە ژێر پوشاکەکەم، بیابانییەکی لێھاتوو، لە زینداتی ئەلمیتلاع، زیندانی بشکنینی گشتی، شەوێکی سەخت، فرمێسکەکانی خوشکەکەم، چوونە ناو کوێت، تاوانێکی دەستدرێژی، ئەلسەیھەد (باس لەو کەسانە ئەکات کە بە سایکولوجیایەکی جیاواز ئەژین و پێیان ئەوترێت "ئەلبەدون") ، لەشفرۆش و دڵدارەکان، کەوت کەوت، کردەوەیەکی تاوان ١ (تەزویرکردنی ناسنامەی جەواز)، کردەوەیەکی تاوان ٢ (گرتن)، کردەوەیەکی تاوان ٣ (تا ئێستا پێڵاوەکانم لەوییە)، بۆ بەھشتی عەدەن، کەمین (بۆسە)، لە سەر لاپاڵێک ھەناسەی خۆشەویستەکەم، شەوێک لە سەر قەندیل، دڵتەنگی، شانۆگەرییەک پاڵەوانەکانی کوێرن، لەو شوێنە گوڵەکە ژاکا، تێکست (پەلەوەرێک لە نێوان دوو خەیاڵ، دانیشتو لە نێوان دوو برین)، جیھانی کۆن مرد، دڵەراوکێ، نمەنمەی بارانێکی لێزمە، بێ ھێوا نییە، تابلۆکەم وئەسپێیەکی پیس، پەپولەکە بە دووای رووناکی ئەگەرێت، فلەی عەنابی (قەشەنگ)، پێبکەنە تۆ لە ناسرییەێت، لێرەدا کۆترەکە دایلەشەقەی باڵ، لە بارەی وێنەکە، کاتی شێت بوون، (پیشەیەک) و باشترین تێروانین، چەند قەسیدەیەکی پرش و بڵاو (بۆ منداڵان)، من و پێکەنینەکەی، راوچی و لە کۆتاییدا پۆچوونەکان.


لە بارەی ئەم کتێبە نووسەرو رۆژنامەنووسان بەم جۆرە باسی ئەکەن:


چیرۆکنووس کەریم کەتافە ‌ئەڵێت:


وا راھاتین بە (ئەبو ھادی) بانگی بکەێن و، ئەم ناوەش خوێ لە دوو جیھان ئەبینێتەوە (ھدایەت) واتە رێنەمایی و سەرکەوتن و، ئارامی و مەن بەڵام ئەو لە دووەمیان نزیک بوو، زۆر قسە ناکات و، ئەگەر قسەی کردبتەوێ و نەتەوێ راتئەکێشی بۆ دنیای گاڵتەو گەپ و، شتی زیرەکانە، پێشتر نەمئەناسی ئەمە (موزھیرە) تا لە ئەنتەرنێت و ماڵپەرەکان ھەندێ تێکست و نووسینی ئەو ناوەم دی و، ھاوکات زانیم ئەم (موزھیرە) ھاورێم (ئەبو ھادی) یە، بەڵی لە کۆتاییدا زانیم ئەو بەرزاییە ئارامە کە لە ژێرەوە دونیایەکی جەنجاڵە ھی ئەوەو ھی ئێمەی تایفە جیاوازەکەیە، ( تایفەی ئەلئەنسار - تایفەی پێشمەرگە)، ساردی زستان و گەرمی ھاوین و دوور کەوتنەوە لە شارو لادێ و رووبەررو بوونەوە لە گەڵ سوپاو ، (موزھر بن مەدلول) یەکێک بوو لە سەنگەری ئێمەدا دژ بە سوپای بەعس.


موزھر بن مەدلول چەندان تێکستی نووسی و ھەمووی بە خۆیەوە پەیوەست بوون، شیعرو قەسیدە و چیرۆک نەبوون، بەڵام راشکاوانە ئەڵێم مۆسیقا بوو، ئەو لە شاخ دابەش بوو بوو بە سەر دوو قۆناغ، یەکێکیان بۆ شیعرو ئەوی تریان بۆ ئاخافتنی کراوەو، ھەموو شتێک لە ژیانیدا روون و ئاشکرا بوون و، جوانی بە بەر ناشیرینیدا ئەکردو، موزھر پر بوو لە عیشق و خۆشەویستی وقسەی خۆش.


نووسەر یوسف ئەبو ئەلفەوز ئەڵێت:


من لایەنگیری ئەم تیکستانەم کە ھاورێم ئەبو ھادی نووسیویەتی ، ئەوەی خوێ لە لاکانی چیرۆک ھەڵواسیوە ، یان ئەوەی لە شیعر سیحرو موسیقا ئەدزێت.


لە گەڵ ئەم دەق و تێکستانە بووم کە بە ھوێ تەکنۆلوجیای گیاندن کاتێک ھێشتا بیرۆکە بوون و، قسەی سیحراوی زۆری لە سەر بوو وەک ئەڵقەی رۆژانەی زەنجیرە دراماکان خوێ ئەنوێنی !، بۆیە ھاوارم کرد: بۆچی نایاننووسی و؟ ئایا منم نووسەر؟


تۆ ناتوانێت ئەوە دەستنیشان بکەێت !، ئەم بیرۆکانە بنووسەو وازیان لێبێنە وەک چولەکە بفرن و ئەو کات ئەبێنێن!..


کاتێک لاپەرەکانی ماڵپەرە ئەلەکترونییەکان و لاپەرەکانی رۆژنامەی ( گریق الشعب) دەستیان بە بڵاوکردنەوەی دەقەکانی ھاورێم ئەبو ھادی کرد چیمان دی؟..
لە بێدەنگی و رێزی ئەم مرۆڤە سەرسامم و، زۆر ئومێدبەخشەو راستگۆیە لە گەڵ ناخی خوێ و دەقەکانی و، لای ئەبو ھادی ئەو رەواڵەتانە بەدی ئەکرێن چونکە لە نووسیندا پەیوەست بە دارشتنی ئەدەبی و گوێدان بە رەخنە نابێت.


لە بیری ناکەم ئەبو ھادی ناوی (موزھرە)!


ئەم کارە یاریکردن نییە بە وشەکان ، ئەو دیمەنانە لە کۆمیدیا رەشەکەیەتی لە سەر چوونی بۆ بیابان و، پێکەنینەکانمان زۆر بەردەوام نابن بە براورد لە گەڵ لوورەکانمان کە ئەیبینین بە شێوەیەکی گاڵتەجاری و تەنز ئامێز باسی ئەوە ئەکات چۆنچۆنی کاژیرو نیوێک لە ناو (مەکینە) ی ئۆتۆمبیلێک دایانناوە بە مەبەستی گەیاندنی بۆ کوێت !


ئەمانە دەقەکانی ژیانن و پرن لە شتی سەیر و ناخۆشی و ھیلاکی، لە ھەمان کاتیشدا پرن لە ھیوا سەرەرای برینەکان و" گایدەکە ‌" شتێکی وا نەبوو جگە لە کازیوەی رۆژێکی ترو، ھەڵگری وەرزێکی نوێ لە چیرۆکێک خاوەنەکەی کۆڵی لە گەران نەداوەو، بە دووای رۆژێکی جوانترو، شەوێکی بەختەوەر کە خەوبینینی تیا بێت ئەگەرێت!


ئەو موزھرە.. موزھرە سەرەرای برینەکان.


(وشەی مزھر عەرەبییەو مانای بە کوردی - شوێنێکی پر گوڵ، مێرگ، گوڵزارو لە ھەمان کاتیشدا ناوە بۆ پیاوان)..


شاعیر نەجم خەتاوی:


موزھر لە ناو ئازارێکی جوان جێگیر بووە، لە ناو سۆزو خۆشەویستی، لە ناو ئاوو خەون.


لاواندنەوەو دەنگی ئازارەکانی موزھر کاردانەوەی موسیقای ناخ و روحیەتی و، بە شەونمی مناڵی و ئەوینەوە ئاوازەکانی بۆ داناوە.


ئەو رستانەی موزھر لە لاپەرەی کتێبەکاندا نەیدۆزینەتەوە و، لە فەزایەکی تر نەیھێناون.


تۆن و وشەکانی، ئەم و ئەو، بە جەستەی لاوازی و، ھەردوو چاوی پر لە غەمباری و، ‌ خەوبینین بەدووای شوێن و ویستگەکانی کە ھەنگاوەکانی لە سەری راھاتوون دیارن.‌


لە ئازاری منداڵی و ونبوون و دەستکورتییەوە لە کۆڵانەکانی ناسرییەوە چوون رووەو سیاسەت وخەم ھەڵگرتن و، رووەو کوێرەوەری و دوور کەوتنەوە رێگای ونبوونی ھەڵبژاردو، تا لە کوتاییدا بوو بە پێشمەرگەو جەنگاوەرو، لە ناو گول و گوڵزاری شاخی کوردان و، لە ناو بەردو بۆنی شۆرش و شەرەکان خوێ دۆزییەوە.


جاریکی تر بۆ دووری وڵات، بۆ کۆپنھاگن، لەوێ کە خەونەکانی باڵندەی نەورەس کۆتایی نایەت و، لەوێ چاوەروانە ھیوایەک بێتە خوارەوە بۆ ناو باخچەی خەمەکانی، بۆ ئەوەی مژدەو خۆشی ببێنێت چونکە لە رۆژی ھاتنی بۆ سەر زەوی قەت نەیبینیوە.


موزھر .. لە ناو شەقامەکاندا ھەر لە گەراندا بەردەوام ئەبێت، پرسیار لەوە ئەکات چی بووە ھوێ ئەم ھەموو دڵەراوکی و ئازارە..


نووسەر رەشید غوەیلب:


دەقەکانی موزھری خۆشەویست بۆ ئەو کەسانەی تازە ناسیویانە، ئەوە پیشان ئەدەن کە ئەم لاوە گاڵتەچییە غەمبارە قەت لە ھەراو بەزمی خوێ وازی نەھێناوەو، زۆریش نەگۆراوەو، ساڵانی دوورو درێژی پر لە ناخۆشی و تاقیکردنەوە تاڵەکان کۆلیان پینەداوەو، بەڵکو زیاتر بە سەرەتایەکانی ژیانی و خەونەکانی و ( ھەڵپژاردنی نوێکاری ) خوێ سەرگەرم کردووە..


ئێمە بەرامبەر بە دەقە راستگۆیەکان کە ھەو‌ڵ نادات و ناڵێت مێژوو تۆمار ئەکەم و، خوێ ناخاتە ناو تابلوی شینکردنەوە و، دوور ئەکەوێتە لەوەی وەک خەڵکانی پێشتر خاوەنی یادگارییە سیاسییەکان بەروات بە رێوە، بەڵکو رۆژانی دژوارو سەرجەم ژیان و ھەستەکانی موزھر ئەخاتە روو، ئەگەر دووچاری تەنگژەو ناکۆکی بوو، تا دووا توانەی دەست بە لەنگەرو دڵنەواوی ئەگرێت و، ئازایانە رەفتار ئەکات و، ھیچ ناشارێتەوەو، کاتەکانی ترس ئەخاتە روو، ئەمانەش ھەموو کەرەتێک لە لای ئەبنە جێی رزگاربوون و سەرەتای نوێ..


دەقەکانی (ئەبو ھادی) بەڵگە نامەیەکی نوێیەوە خوێنرێژەکان ریسوا ئەکات و، پۆخڵاواتەکانیان پیشان ئەدات و ، پەردە لە سەر ئەو کاولکارییە ‌گەورەیە کە تووشی خەڵکیان کرد لە کوشتنی تاک و بە کۆمەڵ لائەدات..


ئەم دەقانە زۆر گرنگن بۆ ساڵانی رابردووی نووسەرەکەی و، بە تایبەتی ئەوانەی لە گەڵیدا ھەڵوێست و چارەنووسیان دابەشکردبوو، بەڵام ھەریەک لەوان بە تاقیکردنەوەیەکی جیاواز لەوی تریان بەسەر بردو، ئەوان ئەم دەقانە بە جۆرێکی بێ سنوور ئەخوێننەوەو، ئەیانەوێت ھەموو رووداوەکان بزانن کە خۆیان لەو چالاکییانەدا بەشدار بوون و، بۆ ئەوەی ببینن کە گەنجینەی بیریان پرە لە جەختکردنەوە لە سەر تێکۆشان لەم رۆژە دژوارەنەداو، بۆ تۆمارکردنی وەڵامێکی تر دژ بە خەڵکانی درۆزن و دووروو دزەکانی سامانی گشتی و، ئەم دەقانە ئێستاش گرنگن بۆ ئەوانەی لەو سەردەمە نەژیاون و، ساڵانی زوڵم و ستەمیان نەدیوە، بەڵام ئێستا لە ساڵانی ھەراو مردندا ئەژین بۆ ئەوەی ئەو تاقیکردنەوانە ببێتە ھاندەرێک بۆ رووبەروو بوونەوەی رۆژانی داھاتوو.


دەقەکانی (موزھر بن مەدلول) وەڵامدانەوەیەکی نوێیە بۆ پرسیارێک ھەمیشە بەرۆکمان ئەگرێت سەبارەت بە گەشبینیمان و، و نھێنی خۆ بەستنەوە بە گۆرانکاری چونکە زەبروزەنگ زو تەمومژاوی ‌ بارودۆخەکە پاڵ بە زۆر کەسەوە ئەنێت بۆ داماویی و بێ دەسەڵاتی، بەڵام کە لە گەڵ خەونەکانی (موزھر) یەگئەگرنەوە ھەمان پرسیار دووپات ئەکەنەوە (بۆچی ئێوە گەشبینن؟).

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک