په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٥

رەشبردنەوەی بۆشایی لە دنیای شیعریی شاڵاو حەبیبەدا.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

سەرەتا.


ھەمیشە نووسەر پێش ئەوەی خودی خۆی بدۆزێتەوە، دەکەوێتە نێو (بوون)ی زمانەوە! ئەو قسەیە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە دەقی داھێنەرانە نە راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بابەت، نە بە شێوەیەکی گشتی (ئیگۆ-خود، یان من) لێی بەرپرسیارە؟!


ئەگەر لایەنی (بابەتی) بە جۆرێک لە جۆرەکان لەوێوە ئاماژە بە زمان بکات، کە وادەکات کردەی تێگەیشتن ئاسان بکەوێتەوە، ئەوە لایەنی (خودی) و بەکارھێنانە تایبەتییەکانی دانەر، ئاماژە بە مەعریفە و فیکرو خەیاڵ دەکات. لایەنی یەکەم دەکەوێتە نێو مێژوو، بەڵام لایەنی دووەم بە ھوشیارییەوە دەلکێت. راستە ھوشیاریی بەشێکی سەرەکی دەقی داھێنەرانەی پێکدەھێنێت، بەڵام لە بیرمان نەچێ دەقی داھێنەرانە لەوێوە دەردەکەوێت، کە کۆی دەسەڵاتەکان دەخاتە ژێر ئیقاع و پرسیاری سەردەمی خۆیەوە، بە مانایەکی دیکە ھەمیشە ئەدەب و ھونەر لە رێگای ھاوژیانی و گفتوگۆوە، لە رێگای دنیابینیەوە وێناکردنی دیکەی جیاواز بەرھەم دەھێنێت، وێناکردنێک کە پێشبینیکردن و جوانی و خەیاڵ... رۆڵی تێدا دەبینێت.

واقیعی گوماناویی/ ساتمەکردن لە مانا لێڵەکان
تەنیا ئەگەر نەختێک تووندتر
دەستی یەک بکوشین
لەوانەیە زستان
یەک دوو قولانج لە شار
دوور بکەوێتەوە

"کتێبی زستان- شاڵاو حەبیبە، ٢٠١٤، ل١٧".


(شاڵاو حەبیبە) لە کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی ھەوڵدەدا ساتمە بە خوێنەران بکات! ئەو (کردەیە) دیار نییە وەک ئەوەی زمان قسەمان پێدەکات، خۆی بنوێنێ؟! بەو مانایەش چەند شیعرییە یان دەستکرد من ئەو ھەڵسەنگاندنە بۆ خوێنەران جێدەھێڵم... لە بەرانبەریشدا دەمەوێ بڵێم دەشێ ھەندێ لە خوێنەران لە ساتمەکردندا بەربنەوە نێو گومان، بەڵام دووچاری ھیچ کێشەیەکی مەعریفی نابن، ھەندێکی دیکە لە خوێندنەوەدا بەردەبنەوە نێو دڵەڕاوکێ بێ ئەوەی دەست لە بەخشندەیی ماناکان بشۆن، ھەندێکیان بەردەبنەوە نێو بۆشایی و رەش دەیانباتەوە، بەڵام چێژ دەیانگرێتەوە! (گومان) و (دڵەڕاوکێ) و (چێژ) سێ تەوەرەن، ساتمە شیعرییەکان دروستیان دەکەن، بەڵام من وایدەبینم بایەخی شیعریی ھەر تەنھا لەو تەوەرانەدا خۆی نەبینێتەوە، بەڵکو لە رەشبردنەوەی بۆشایی بەرجەستەتر دەردەکەوێت.


ئەگەر (گومان) لە شیعرەکانی شاڵاودا پەیوەندی نێوان شوێن و کات لە واقیعدا تۆخ بکاتەوە، ئەوە (دڵەڕاوکێ) لێڵی ماناکان چڕ دەکاتەوە! وەک دەزانین شیعر لە واقیعێکی گوماناویدا سەر دەردەکات، بەڵام مەرج نییە شوێن و کاتی شیعریی وەک پێویست سنورەکانیان دیار بێت... وەک چۆن لێڵی ماناکان خوێنەر دەخاتە دڵەڕاوکێوە، بەو مانایەش (واقیعی گوماناویی) و (دڵەڕاوکێی مانا لێڵەکان) بە نێو یەکدا دەچن و یەک ئەویدیکە تەواو دەکات، دەمەوێ بڵێم وەک چۆن واقیعی گوماناویی ھەڵگری دڵەڕاوکێیە، بە ھەمان شێوە ئەو مانا لێڵانەی لە دڵەڕاوکێوە لە دایک دەبن، دەبنە ھۆکاری سەرەکی واقیعی پڕ لە گومانی شیعریی! لێرە خوێنەر لە داخستنی کتێبدا، گومانی شیعریی دەڕەوێتەوە، بە دیوەکەی دیکەش لە زۆربەی جار لە بەدواداچوونی لێڵی ماناکاندا بە رۆناکییەک دەگات، کە لە بێداربوونەوەی ماناکاندا ھەڵدەقوڵێت. کەواتە خوێنەران دوای خوێندنەوەی شیعرەکانی شاڵاو حەبیبە ئەوەی لە داخستنی کتێب لە دەستی دەدەن، لە بێداربوونەوەی ماناکاندا دەیقۆزنەوە، ئەوەی لە جێگیربوون بەجێیدەھێڵن، لە گەڕانی بەردەوامدا دەیدۆزنەوە...

رەشبردنەوەی بۆشایی/ ساتمەکردن لە تاریکی
بێزاری بۆ باخێکی بردم
منداڵێک
بە بۆیە کێشابووی

"کەسێک لێرەوە تێپەڕی، شاڵاو حەبیبە، ٢٠٠٨،ل٢١".


(رەشبردنەوەی بۆشایی) وەک لە ناونیشانی ئەو نووسینەدا ھاتووە، یان وەک لە شیعرەکانی شاڵاودا وەک خوێنەرێک دەیبینم، لە رووی ماناوە پەیوەندییەکی لۆژیکی بە تاریکی بۆشاییەوە ھەیە، مرۆڤ لە تاریکی بۆشاییەوە ساتمە دەکات، لە رووی دەلالەتەوە پەیوەندی بە جۆرێک لە رەشبینییەوە دەکات، واتە خوێنەران لە ناوکۆییەک ساتمە دەکەن، کە بە شێوەیەکی باو بە مانایان ناگەیەنێت، ھەڵبەتە مانایەک کە لێیڕاھاتوون و قسەکردن دەیانباتەوە سەری، بەڵکو دەکەونە کەلێن و بۆشاییەوە، کەلێن و بۆشاییەک کە جگە لە مانای لێڵ و بێدارکردنەوەی مانا ھەندێکجار بە تاریکییان دەگەیەنێت، ئەو تاریکییەش جۆرێک لە رەشبینی بۆ خوێنەر دەسازێنێ، بۆیە دەبێ خوێنەر لە خوێندنەوەدا چرای خۆی پێبێ بۆ بەدواداچوون و تەئویلکردنی تاریکی! دەشێ لە رووی رەخنەی ئەدەبییەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە (وولفگانگ ئایزەر ١٩٢٦-٢٠٠٧) بیر بخەینەوە، لای ئایزەر مەرجی کارلێکردنی (دەق) و (خوێنەر) لەیەکنەچوونە! ئەو لەیەکنەچوونە، نەچوونەوە سەر ناوکۆیی باو و روانینی باوی نووسەر و خوێنەرە، کاتێک ھەر یەک لە نووسەر و خوێنەر ناسنامەی یەکتر لەبیر دەکەن. یان خۆیان لە ناسنامە کۆنەکەیان دەکەنەوە، لەو کاتەدا ھەر یەک لە سەر ئەویدیکە، یان لە دانوستان لەگەڵ یەکتردا حەقیقەتی خۆیان لە سەر "ناشت" وێنا دەکەن: بێزاری بۆ باخێکمان دەبات، منداڵێک بە بۆیە کێشاوویەتی... لە باخی واقیعەوە بۆ باخی سەر کاغەز... لە سەر بنەمای ئەو بۆشاییە و ناشتە پەیوەندی نوێ دادەمەزرێ! بێگومان دامەزراندنی پەیوەندی نوێ لە نێوان ئەو دوو رستەیە یان نووسەر و خوێنەر، لە سەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەوە دێت کە خوێنەر ساتمەی لێکردووە، لە نێوان دوو سەوزایی (سەوزایی واقیع) و (سەوزایی بۆیە) تەئویلکردنی بۆشاییەکان ناکەونە سەر یەک ناسنامە، ئەو (لەیەکنەچوونە)ی سەوزاییەکان پشت بە تەئویلی جیاواز دەبەستێت. بەڵام وەک دەزانین لە سەر ناسنامەی کۆن، زۆرجاران تەئویلکردن بۆ وەھم دەگۆڕێ.


ھەڵبەتە ئەو وێنەیەی لە خوێندنەوەی(سەوزایی واقیع) و(سەوزایی بۆیە) دروست دەبێت، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لێوردبوونەوە و رامانەوە ھەیە، دەمەوێ بڵێم ئەگەر مرۆڤ لە تاریکی ساتمە بکات، ئەوە خوێنەرانی شاڵاو حەبیبە لە لێوردبوونەوەی نھلیستییەوە ساتمە دەکەن، یان لە ناشتەوە ساتمە دەکەن، چونکە کاتێک خوێنەر لە (سەوزایی واقیع) بۆ (سەوزایی بۆیە) ھەنگاو دەنێ، دەکەوێت! ئەگەرچی رەشبردنەوەی بۆشایی لە لایەک بە چەمکی بۆشایی و سپێتی و کەلێن و دابڕانەکان... ئایزەرەوە دەلکێ، لە لایەکی دیکە پەیوەندی بە ماوەی گرژبووی نێوان وشەکانەوە دەکات، ئەوە ئەو گرژبوونەوەیە خوێنەران دەخاتە رامانەوە!
 

(چەمکی بۆشایی) و (ماوەی گرژبوون) لە سەر پەیوەندی نوێی نێوان وشەکان وەستاوە، خودی ئەو پەیوەندییە نوێنەرایەتی دەق دەکات، ئەو چرایەی کە خوێنەریش بۆ رۆناککردنەوە لەگەڵ خۆی دەیگێڕێ وەک بنەڕەتی خودی نوێنەرایەتی ئەزموونی رۆشنبیریی خوێنەر دەکات، ئەوەی کە ئەو خوێندنەوەیەش دەوڕوژێنێ پەیوەندی بەو پەرچەکردارە دەلالی و ئیستێتیکیانەوە ھەیە، کە پشت بە واقیعی گوماناوی دڵەڕاوکێ دەبەستێ و لەو نووسینەدا لە چەمکی (رەشبردنەوەی بۆشاییەکان)دا کورت کراوەتەوە... کەواتە تێگەیشتن لە رەشبردنەوەی بۆشایی تێگەیشتنە لە ماوەی گرژبوو و لێوردبوونەوە لەو پەیوەندییە نوێیەی کە دەکەوێتە نێوان وشەکان و چرای خەیاڵی خوێنەرەوە.

ماوەی گرژبوو/ ئاگایی نھلیستی.


کاتێک لە خوێندنەوە بیر لە رستەیەک دەکەینەوە (دوای تەواوبوونی رستەکە) ئەوە ئێمە ئامادەین لە شێوەی رستەی دیکە، بیر لە بەردەوامبوون بکەینەوە.. بە دیاریکراوی رستەی دواتر دەبێ پەیوەندی بە رستەی یەکەمەوە بکات، بەمجۆرە خوێندنەوەی دەق بەبێ ماندووبوون بەرەوپێشەوە دەچێت... بەڵام ئەگەر رستەی دووەم و (دواتر) بە ھیچ شتێکەوە بەند نەبوو، ئەوە جەریانی بیرکردنەوەی خوێنەر دەپچڕێ، یان دووچاری تەگەرە، رەشبردنەوەی بۆشایی، یان دووچاری گرژبوون و موفاجەئە دەبێ... لەوێوە زیندەگی لە دەستدەدات و دەکەوێتە چاڵێک (بۆشاییەک) کە لەو نێوانەدا دروست بووە... ئەگەر خوێنەر بیەوێ جەرەیانەکەی درێژە پێبدات، دەبێ چرای خۆی ھەبێ، تاکو ئەو وەستانە (بۆشاییە) رۆناک بکاتەوە؟!


ھێندە جوان خەوتووی دەڵێی کوژراوی لە شیعرێکی تردا
ھەستە لە خەو
دەنووسم
ھاتبووم شیعرێکت بۆ بخوێنمەوە خەوتبووی لە شیعرێکی تردا
-کێ نووسیبووی؟

" کتێبێک لە بارەی ئەو گوللەی کە ھەزار ساڵە تەقێنراوە و چەند ھەزار ساڵە لێم دەگەڕێت، شاڵاو حەبیبە".


وەک لە خوێندنەوەدا بۆمان دەردەکەوێت ماوەی گرژبووی پەیوەندییەکان و بۆشایی نێوان وشەکان پشت بە کەلەپوری لێوردبوونەوە دەبەستێت، بەڵام لێوردبوونەوەیەکی نھلیستییانە، ئەگەر نھلیستیی پەیوەندی بە (واقیعی گوماناویی) و (دڵەڕاوکێی مانا لێڵەکان)ەوە بکات، ئەوە مەبەست لە کەلەپوری لێوردبوونەوە لە کۆمەڵگای داخراودا پەیوەندی بە ناوکۆیی کراوەوە ھەیە، چونکە کۆمەڵگا داخراوەکان ھەمیشە بەندەی ناوکۆییە ئەخلاقیەکانن نەک لێوردبوونەوە! لە سەر ئەو بنەمایەش جیاوازی نێوان نھلیستییەتیەت و ئاژاوەگێڕیمان بۆ دەردەکەوێت، چونکە ئاژاوەگێڕیی لە لێوردبوونەوە و رامان دەرناکەوێت، بەڵکو لە رەفتاردا بەرجەستە دەبێت، بەڵام لێوردبوونەوەی نھلیستی لە زەمەنەدایە!


ھەڵبەتە زمان لای ھایدگەر حەقیقەت دەخاتە روو، بەڵام زمان لای شاڵاو حەبیبە ھەڵگری لێوردبوونەوەیە، بەو مانایەش شیعری ئەو سەر بە حەقیقەت نییە، بەڵکو لە دنیایەک دەژی کە لێوردبوونەوە دیدگاکانی دادەمەزرێنێ، ئەوەش وا دەکات خودی شاعیر بە نێو سیاقەکاندا پەرت ببێ و بکەوێتە نێو جولەی زەمەنەکانەوە نەک رووداوەکان، ئەوەش تەواو پێچەوانەی تێزەکەی ھایدگەرە بۆ زمان و شیعر و بوون!


شاڵاو حەبیبە ھەمیشە لە فەوزای وێرانکردنی سیاقەکان دوور دەکەوێتەوە، لە نێو زەمەنی رووخانە یەک لە دوا یەکەکاندا خۆی دەنوێنێ و دەبێتە کوڕی ئەزموونە وێرانەکەی مرۆڤایەتی و لە ھەموو زەمان و مەکانێکەوە سەر دەردەھێنێت! ھەر لەوێشەوە بە ئاگاییەکی نھلیستی دەنووسێت و بەرەو ئەزموونی نھلیستیانەمان دەکاتەوە، لە سەر ئەو بنەمایەش زمانی ئەو ئاگاییەکی نھلیستی دەخاتەوە، یان تەڵەیەکی ئامادەکراوە، نەک ھەر دەمانخاتە وەسفی مانایەکی دیکەی نوێوە و مانایەکی نوێ بێدار دەکاتەوە، بەڵکو ھەوڵی ئەزموونێکی دیکە لەگەڵ زمان دەدا و بەرەو کەوتن و بۆشایی یەک لە دوا یەکمان دەکاتەوە، نەک سەلماندنی رووخانە یەک لە دوا یەکەکان... بەو مانایەش زمانی شیعریی شاڵاو حەبیبە زەمەنی وجودی جێدەھێڵێت و بەرەو زەمەنی عەدەمیمان دەبات!


کەواتە لەپڕ دەرکەوتنی ئەو پەیوەندە نوێیانەی نێوان وشەکان، یان بێدارکردنەوەی مانا و رۆناککردنەوەی مانا لێڵەکان لە دووتوێی زمانی کردەدا خۆی دروست دەکاتەوە، ئەوە پەیامی سەردەمێکە بۆ بۆشاییەکان، پەیامی رێبوارێکە بە نێو بۆشاییەکانی زەمان و مەکاندا بە ئاگاییەکی نھلیستییەوە رەتدەبێت، کتێبێکی کراوەیە خوێنەران بۆ رۆیشتن بە نێو بۆشاییەکاندا ھاندەدات، پەیامی نەوەستان و بەدواداگەڕانە و لە سەر خود راناوەستێ، لە بۆشاییەکەوە بەرەو بۆشاییەکی دیکە و لە عەدەمێکەوە بەرەو عەدەمێکی دیکە ھەنگاو دەنێت، لە زەمەن و مەکاندا دەتوێتەوە بۆ ئەوەی بە عەدەمدا گوزەر بکات، بەڵام وەک گوتمان ناکەوێتە نێو فەوزاوە، بەڵکو بە بێدارکردنەوەی مەعریفەی شیعرییەوە دەلکێت، خوێنەران لە نێوان رەشبردنەوەی بۆشایی عەدەمی و بێدارکردنەوەی ئاگایی، ھەنگاو دەنێن... لە نێوان لێوردبوونەوە و بێدارکردنەوەی مانا لێڵەکان دووبارە بەدواداگەڕانی خوێنەران دەستپێدەکاتەوە، لە نێوان وێنە و دۆزینەوەی مانا خوێنەران چێژ لە بۆشاییەکان وەردەگرن.


دەرئەنجام.


لە کۆی ئەو نووسینەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە شیعرەکانی شاڵاو حەبیبە سەر بە مانا باوەکانی زمان نین، ناکەونە سەر ئەوەی زمان دەمانبات، بەڵکو زۆربەیان ساتمە بە خوێنەران دەکەن و بەرەو مانای لێڵ و بێدارکرنەوەی مانا دەڕۆن و واقیعێکی گوماناوی دروست دەکەن، لە دەرئەنجامیشدا خوێنەران دەخەنە دڵەڕاوکێوە. بەڵام بەشێک لە شیعرەکانی خوێنەران دەخەنە سەر رەشبردنەوەی بۆشایی و بەرەو دۆزینەوە و بەدواداگەڕانی بەردەوام ھانیاندەدەن، لەو بەدواداگەڕانەشدا خوێنەران زەمەنی وجودی جێدەھێڵێن و لە لێوردبوونەوەی بۆشایی چێژ لە تاریکی و نھلیستییەت وەردەگرن. لەو بەشەدا شاڵاو حەبیبە سەر بە ئاگایی نھلیستییە و ناکەوێتە نێو حەقیقەتی زمانی باوەوە.


١\٧\٢٠١٥

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک