په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠٢١

رەوی ئەمجارە.


ئەرسەلان مەحمود    


باوەڕ مەکە هیچ کاتێک بە هێندەی ئێستا ڕەوی نایاسایی و نائاسایی کورد بەرەو هەندەران لەبرەدا بووبێ، هۆکارەکە ئەگەر هەتا ئێرە بە تەنها هەر لێکەوتەی دۆخە نەسازە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکە یان خراپی ڕەوشە ئابوورییەکە بووبێ، لێرەوە لەگەڵیدا کاردانەوەیە!!

کاردانەوە بەرامبەر بە دڵڕەقی و بێباکی دەسەڵات، بەرامبەر بە بێ حیکمەتی حکومەت و عەقڵییەتی ئەو دەسەڵاتدارانەی بوون بە بار و تارمایی، بوون بە مۆرانە و مۆتەکە بەسەر ژیانی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان و گەنجەکانی بە تایبەت!!

تاکی زیندوو ئەگەر دۆخەکەی باش نەبوو، هەوڵی باشکردنی ئەدا، ئەگەر نەیتوانی باشی بکا، ڕێگەی گەڕانەوە بەرەو دواوە ناکاتە بژاردە، هەڵوێستەکانی دەگۆڕێ، ئەمە زەنگی ئەو ڕاستییە نکۆڵی هەنەگرەیە ستەمکاران نە بۆیان گرینگە و نە دەیانەوێ لێیتێبگەن، هەر وەک چۆن نە گوێ بە لێکەوتەکانیشی ئەدەن!!

ئەمە لە کاتێکدایە دەسەڵات خۆی لە هەر کەس باشتر دەزانێ ئەگەر بەرژەوەندییە تەمومژاوییە هەرێمایەتی و دەولییەکە نەبێ، ئەم تڕە کەڵکە پشووە بایەک دەیڕووخێنێ، کەچی هێشتا ئامادە نییە ئاوڕ لە هیچ بەهایەک بداتەوە، داهاتوو هی ئەوانەیە باوەڕیان بە خۆیان و جوانی خەونەکانیان و ڕەوایەتی هەیە، نەک ئەوانەی هەر پەنجا ساڵ جارێ خەونەکان لەبار دەبن و جگە لە ئامادەکاری بۆ شکست هیچ حیکمەتێکی تریان تێدا نییە!!

جێگەی داخە ئەم کوردستانە ئەمڕۆ بە دەست دەسەڵاتدار و سیاسیە چەپەڵ و پووچەکانییەوە، لە سەیرانگەوە بووە بە سەرابستان، بە تەواوی لە دارستانێک دەچێ جگە لەپەپوو هیچ باڵندەیەکی تر نەتوانێ تیایدا بخوێنێ و گۆرانی بڵێت!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک