په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٢

رەوشی ژنانی سیاسی زیندانیکراوی کورد.


ستارە عارف       


رۆڵی ژن سەرەڕای ئەوەی لە خەبات و سەرخستنی تێکۆشانی ڕامیاری و نەتەوەییدا کەمنەبووە، لە ئازار و قوربانی و نەهامەتیەکانیشدا زیاتر و بەشداری سەرەکیش بوون، ئایشە گوڵ یەکێکبوولەو ژنە خەباتگێڕە کوردانەی خەڵکی شاری کۆیە، ڕژێم لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨دا، دوای مانەوەی لە زیندان لە سێدارەیدا، لەیلا قاسم دوای دەستگیرکردن و توندکردنی لە زیندان و ئەشکەنجەی نامرۆیی لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرەوە، ساڵی ١٩٧٤ پەتی سێدارەی لە ملکرا، لە سێدارەدانی شیرین عەلەم هولی، چالاکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زیندان، یەکێکیترە لەو ژنە تێکۆشەرانەی لە زینداندا ئازاری ڕژێمی بینیوە.

ئێستا ژمارەیەک لەو ژنە سیاسیە کوردانەی خەباتی ڕامیاری و مرۆیی و نەتەوەییانکردوە، لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا زیندانیکراون و ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی دەدرێن، لە ١٥ی شوباتی ئەمساڵەوە چەند ژنێکی پەرلەمانتار لە باکوری کوردستان، لەوانە سەلما ئیرماک و جولسەر یەڵدرم دەستگیرکران، تا ئێستا لە زینداندان و مانیان لە خواردن گرتووە، بێجگە لە ژمارەیەکیتری ژنانی زیندانی لە زیندانەکانی شاری ئامەدی تورکیا و زیندانی ئێوین لە ئێران، لە هەرێمی کوردستانیش ژنانی زیندانیکراو هەن، بەڵام کەیسەکەیان کەمتر سیاسیە.

لەگەڵ پێشکەوتنی پێواژۆی ڕامیاری و زیادبونی داخوازی ژنانیش بۆ چاکسازی و دادپەروەری، ئاستی دەستگیرکردن و ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم داخوازیەکانیاندا زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە زینداندا بەرخوردی نەرێنی و نامرۆییان لەگەڵدا دەکرێت، بێ ژمێرە کردن بۆ لایەنی مرۆیی و ژنێتیان.

بەندێکی تازە بۆ زیندانیانی سیاسی ژن، لە زیندانەکانی ئیێراندا دەرچووە، کە ژنانی سیاسی زیندانیکراو لە ژنە دەستگیرکراوەکانیتر جیادەکاتەوە، نەک لەبەر داخوازی ژنان و تایبەتمەندی و گرفتە سیاسیەکانیان، بەڵکو بۆ زۆرتر فشار خستنەسەر و کۆنترۆڵکردنیان، زۆر ژن ئێستا لەزیندانەکانی ئێراندا ڕاگیراون، لە نمونەی زەینەب جەلالیان و زەینەب بایەزیدی، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی نکۆڵی لە بونی ژنانی سیاسی لە زیندانەکانیدا دەکات، بۆیە دەرچواندنی ئەو بەندە نوێیە، کە ژنانی سیاسی لە زیندانی نا سیاسی لەناو زینداندا جیادەکاتەوە، نیشانەی ئەوەیە ژمارەی ژنانی سیاسی زیندانیکراو لە ئێراندا زۆرن، جیاکردنەوەیشیان لەوانیتر بۆ ئەوەیە بتوانن نکۆڵی لە هەبوونی ئەم جۆرە زیندانیانە بکەن وپەردەپۆشیان بکەن.

زەینەب جەلالیان لەو ژنە سیاسیە زیندانیکراوانەیە، کە بەهۆی ئەشکەنجەی ڕژێمەوە، لە زیندانی ئێوینی شاری تاران ڕەوشی باش نیە و ڕاگیراوە و هیچ خزمەتێکی پێناکرێت، ڕێگە بە چارەسەری تەندروستی نادرێت، هەرچەندە هەواڵی لە سیێدارەدانی ئەو چالاکە سیاسیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەک ڕێکخراوەکانی لێبوردنی نیێو دەوڵەتی و چاودیێری مافی مرۆڤ ناڕەزایی زۆری لێکەوتۆتەوە، بەڵام ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەری بێدەربەستە.

لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری عیێراقدا و لە هەموو قۆناغەکانی دەسەڵاتیدا، زیندانەکانی لە ژنانی سیاسی زیندانیکراو، بە تایبەتی ژنی کورد جمەی هاتووە، لە نمونەی ڕاگواستنی خێزانی کوردی بە هۆی هەبوونی پێشمەرگە، یان ئاشکرابونی خەباتی سیاسی و ڕیێکخستنی ژنان خۆیانەوە دەستگیردەکران، لەزیندانی شارەکانی عێراق و کوردستان ئەشکەنجە و حوکمدەدران، ئیێستا پەیکەری ژنێکی دەستگیرکراو بە هۆکاری سیاسی لە ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی دانراوە، گوزارشتە لەوەی ژنانی زیندانی ئازاری قورسدراون، بەڵام دەکرێت پەیکەریان بەبارتەقای ئازارەکانی خۆیان لە ناوەڕِاستی پایتەخت و شارەکاندا بۆ دروستبکرێت.

سەما یوجە یەکێکیتر بوو لەو ژنە زیندانیکراوانەی لە کۆتایی نەوەدەکاندا، دژ بە سیاسەتی ئەشکەنجە و سزای قورسی تورکیا و ستەمکاری بەرامبەر بە گەلی کورد لە باکوری کوردستان، وەک چالاکیەک لە زیندان ئاگری لە جەستەی خۆیبەردا.

بۆیە دەکرێت خەباتی ئەو ژنانە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەرز ڕابگیرێت، لە بەرامبەر سزای لە سیێدارەدان بە تایبەتی لە ئێران، خۆپیشاندان و چالاکی هەژێنەر لە هەموو جێگەیەک ساز بکرێت، دەکرێت کوردانی دەرەوەی ووڵات باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بچنە بەردەم دادگا و پەرلەمان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، بۆ هەڵگرتنی سزای سەر ئەو ژنانە و پاراستنی مافیان و کارکردن بە تایبەتی بۆ قەدەغەکردنی سزای لە سیێدارەدان، لە قۆناغی دەرچونی سزای لە سێدارەدان بۆ شەهید شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامدران بۆ ئەوەی لە سێدارە نەدرێت، بەڵام دەنگی کوردانی دەرەوەی ووڵات کەمبوو، وەک پێویست چالاکیەکان نەگەیشتنە ئەنجام، بە هیوام بتوانین لە ئێستادا ئەو کارە تەواو بکەین و خەبات و تێکۆشانی ژنانی سیاسی لە زیندان فەرامۆشنەکرێت، بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستاندا بەسەرکردنەوە و نوسینەوەی سەرگوزشتەی ئەو ژنانەی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان چەشتوە و قوربانی هێژایان پێشکەشکردوە، کە شاکاری زۆر باشی لێدەردەکەوێت و مێژویەکە ناکرێت پشتگوێ بخرێت.

 

 

F.P.P.K

ماڵپه‌ڕی ستارە عارف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک