رەوشى
رۆژنامەنووسى لە هەرێمى کوردستان لەماوەى ساڵى ٢٠٠٨
دا.
راپۆرتى پرۆگرامى میدیاى ئازاد سەر بە
ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ.
ههفتاوپێنچ پێشێلکارى لەماوەى دوازده
مانگدا.
رەوشى ئازاداى رادەربرین و مافەکانى
رۆژنامەنووسان یەکێکە لەگرنگترین کەناڵەکانى چاودێرى رەوشى مافەکانى
مرۆڤ و هەڵسەنگاندنى . لێرەوە ( پرۆگرامى میدیاى ئازاد کە بەشێکە
لەئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ KIHR ) وەک بەشێک
لەستراتیژیەتى خۆى هەموو ئەو پێشێلکاریانە دژ بە رۆژنامەنووسان لەم
راپۆرتەدا دەخاتە روو کە لەماوەى 1/1/2008 تاوەکو 31/12/2008
تۆمارکراون .
ئەو رۆژنامەنووسانەى مافەکانیان پێشێلکراوە و پێشێلکاریەکانیشیان
لێرەدا تۆمار کراوە هەم لەدەزگاى حیزبیەکان و هەم لەدەزگا سەربەخۆ و
ئەهلیەکان کاردەکەن. لەم تۆمارکردنەشدا سەرچاوەى پێشلێکردنەکە هەر
لایەنێک بێت و ئەو لایەنەش کە پێشێلکارى دژ کراوە هەرکەسێک بێت و
هەڵگرى هەر بیرو باوەر و ئینتمایەکى سیاسى و ئایدیۆلۆژى بوبێت
بەلامانەوە گرنگ نەبوە و تەنها پێوەرێک کەلاى ئێمە بەکارهاتوە پیشەى
رۆژنامەنووسى و پەیوەست بوونى پێشێلکاریەکە بەپیشەکەیەوە بووە .
ئێمە لە پرۆگرامى میدیاى ئازاد لە ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى
مرۆڤ بەتوندى ئیدانەى ئەو پێشێلکاریانە دەکەین و داواکارین کە سنورێک
بۆ دەستدرێژیکردن بۆ سەر رۆژنامەنووسان دابنرێت لەهەرێمى کوردستان .
لەهەمانکاتدا داواکارین کە دەسەڵاتى سیاسى لە هەرێمى کوردستان زانیارى
و پێشێلکاریەکانى ناو ئەم راپۆرتە بەهەند وەربگرێت . بەڵکو بەپێویستى
دەزانین کە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى پەرلەمان و
سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدواچوون بۆ ئەم پێشێلکاریانە
بکەن چونکە پاراستنى ماف و ئازادى رۆژنامەنووسان لەئەستۆى ئەواندایە .
KIHR)) رێکخراوێکى ناحکومى سەربەخۆیە کار دەکات لە پێناو چاودێریکردن و
پاراستن و پەرەپێدانى مافەکانى مرۆڤ .پێنج پرۆگرام و بەشى هەیە کە کارى
لەسەر دەکات و بریتین لە :
1- پرۆگرامى مافەکانى مرۆڤ
2- پرۆگرامى میدیاى ئازاد
3- پرۆگرامى دژایەتى گەندەڵى
4- پرۆگرامى توانسازى و گەنجان
5- پرۆگرامى پەرەپێدانى کۆمەڵگاى مەدەنى
(KIHR) لەماوەى ساڵى رابردوودا بە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دەزگا
نێودەوڵەتیەکان و هەندێ لە وەزارەتەکانى حکومەتى کوردستان چەندەها
پرۆژەى گرنگى پەرەپێدانى لەو پێنج بوارەى سەرەوە ئەنجامداوە و ئێستاش
بەردەوامە.
پرۆگرامى میدیاى ئازادیش لەسەر دوو ستراتیژیەت کاردەکات :
یەکەم : چاودێریکردن و پاراستن و پەرەپێدانى مافەکانى رۆژنامەنووسان
بەپێى ستاندەرە جیهانیەکان .
دووەم : کارکردن بۆ پەرەپێدانى توانا و لێهاتنەکانى رۆژنامەنووسان .
ئەم راپۆرتەش یەکەمین راپۆرتى دەزگاکەمانە و هیوادارین خزمەتێک بێت
بەئاراستەى بەهێزکردنى پێگەى میدیاى ئازاد و رەوشى ئازادى رۆژنامەنووسى
و مافى دەربڕین لە هەرێمى کوردستان .
_________________________________
ناونیشان : هەولێر - ئەندازیاران شەقامى چل
مەترى،سەرەتاى شەقامى سمکۆ مەنتک
مۆبایل :9647504272229
00 تەلەفۆن :
00964662536225
E.mail:mrovsalary@yahoo.com
پوختە.
لەماوەى ساڵى 2008 دا رەوشى رۆژنامەنووسى لەهەرێمى کوردستان لەگەڵ
ئەوەى لە رووى چۆنایەتى و چەندایەتیەوە لەبەرەو پێشچوونى بەردەوامدا
بوو بەڵام لەهەمانکاتیشدا چەندەها پێشێلکارى جۆراوجۆرى بەخۆوە بینى .یەکێک
لەدەستکەوتە گرنگەکان قبوڵکردنى ( یاساى کارى رۆژنامەنووسى ) بوو
بەشێوەیەک کە تاڕادەیەکى گونجاو هاوکۆکە لەگەڵ ستاندەرە جیهانیەکانى
ماف و ئازادیەکانى رۆژنامەنووسان . کە دواى فشاریِکى زۆى رۆژنامەنوسان
و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان پەرلەمانى کوردستان لەبەرواى 22/9/2008
پرۆژەیاسا کەى بەهەموارکراوى پەسەند کرد ، ئەو پرۆژە یاسایە بۆ یەکەم
جار لەبەراوارى 11/12/2007 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە بەزۆرینەى
دەنگ پەسەندکرا ، بێ لەبەرچاو گرتنى ماف و ئازادیەکانى رۆژنامەنووسان ،
ئەم پەسەند کردنە بووە هۆى ناڕەزاى لەلایەن بەشێکى زۆر لە رۆژنامونووس
و دەزگاکانى راگەیاندن و رێکخراوە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەکان . دواجار
لەژێر ئەو فشارە زۆرەدا یاسایەکە بەشێوەى ئێستا هەموار کرا و پەسندکرا.
هەر لەماوەى ساڵى 2008 دا لەهەرێمى کوردستان چەندەها رۆژنامە و گۆڤار و
سایت و رادیۆ هاتنە کایەوە سەرەراى ئەوەى چەندەها کەناڵى تەلەفزیۆنى
ناوخۆیی و ئاسمانى دەستیان بەکارکرد ....
بەڵام ئەمانە رێگرنەبوون لەپێشێلکارى و بەڵکو لە دەڤەرە جیاجیاکانى
هەرێم چەندەها پێشێلکارى دژ بەرۆژنامەنووسان ئەنجامدرا هەر لە کوشتن و
گرتن و دەرکردن و تۆقاندنەوە تادەگاتە لێدان و لێستاندنى کەل و
پەلەکارى کار و سوکایەتیپێکردن .
یەکەم : کوشتن و
تیرۆرکردن.
1- لەشەوى 21/7/2008 (سۆران مامە حەمە ) بەرپرسی نوسینگەى گۆڤارى لڤین
لەکەرکوک لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا لەگەرەکى لەتیف ئاواى شارى کەرکوک ،
لەلایەن چەند چەکداریکى نەناسراو دەدرێتە بەر دەست درێژى گولەو
تیرۆردەکرێت ، تیرۆکردنى ئەو رۆژنامەنوسە لەکاتى پچرانى کارەباى
نیشتمانى لەسەعات هەشت و نیوى شەدابووە ، لەوکاتەدا لەدەرگاى ماڵەوەیان
دەدرێت و ئەویش بۆ دەرگاکردنەوە دەچێتە دەرەوە لەبەردەم دەرگاى
ماڵەوەیاندا تیرۆردەکرێت ، هۆکارى تیرۆکردنى ئەو رۆژنامەنوسە پەیوەندى
دارە بەبڵاوکردنەوەى چەندین راپۆرتى جیاواز لەگۆڤارى لڤین بەتایبەت ئەو
راپۆرتەى کەلەژمارە 69) ) ى گۆڤارى لڤین دا بلاویکردەوە بەناوى (سۆزانیەکان
کەرکوک داگیر دەکەن ) کە لەم ڕاپۆرتەدا باس لەپەیوەندى نێوان تۆڕى
سۆزانیەکان و پۆلیسى کەرکوک کراوە ، دواى چەند ڕۆژێک تێپەڕبوون بەسەر
بڵاوبونەوەى ڕاپۆرتەکە چەندین جار هەڕەشەى لێدەکرێت و دواتر
تیرۆردەکرێت . وەتا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەکراون .
2- لەبەروارى 1-5/3/2008 نوسەرو رۆژنامەنوسی کورد ( د. عبدالستار تاهیر
شەریف) دواى بڵاوبونەوەى بەشى یەکەمى چاوپێکەوتنەکەى لە گۆڤارى لڤین
لەکەرکوک تیرۆرکرا، ئەگەرچى تائیستا بەفەرمى لەلایەن دەزگاکانى پۆلیس و
ئاسایشەوە هیچ زانیاریەک لەسەر تیرۆکردنى ئەو رۆژنامەنوسە
ڕانەگەیەنراوە ، بەڵام بەشێکى زۆر لەکەسە نزیکەکانى ئەو رۆژنامەنوسە
هۆکارى تیرۆکردنى دەگێڕنەوە بۆ ئەوەى کە لەبەشى یەکەمى
چاوپێکەوتنەکەیدا ڕەخنەى لەحزبە کوردستانیەکان گرتوەوە و هەندێ نەهێنى
شاراوەى خستۆتە ڕوو . وەتا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەکراون .
3- ڕۆژى 18/4/2008 (بیگەرد حسن) ناسراو بەبیگەرد قەڵاتى رۆژنامەنوس و
پەیامنێرى گۆڤارى گوڵان لەلایەن هاوسەرکەى خۆیەوە لەشارى هەولێر
بەشێوەیەکى دڕندانە دەکوژرێت ، هۆکارى کوشتنى ئەو رۆژنامەنوسە
دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى کە گرفتى خیزانى لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە و دواى
ئەوەى بریاریانداوە لەیەکترى جیاببنەوە لەلایەن هاوسەرکەیەوە دەست
درێژى دەکرێتە سەرو دەکوژرێت.وەتا ئێستا تاوانبار دەستگیر نەکراوە .
4- ڕۆژى 4/5/ 2008 ڕۆژنامەنوس ( سروە عبدولوەهاب) لەشارى موسڵ لەبەردەم
ماڵەکەى خۆیدا ، لەلایەن گروپێکى تیرۆررستی یەوە هیرشى دەکرێتەسەر و
تیرۆردەکرێت.
5- رۆژى 10/8/2008 ڕۆژنامەنوس ( دیار عباس احمد ) لە ناوەراستى شارى
کەرکوک لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا ، لەلایەن گروپێکى تیرۆررستی یەوە هیرشى
دەکرێتەسەر و تیرۆردەکرێت . وەتا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەکراون.
دووەم : لێدان و
زامدارکردن.
1- لەبەروارى 23/1/2008 لەلایەن ئەفسەریکى ئاسایشەوە لە سلیمانى هێرش
دەکرێتە سەر رۆژنامەفرۆشێک بەناوى ( دارا محیدین ) و زۆر بەسەختى
لیدەدرێت ، هۆکارى ڕوداوەکەش پەیوەندیدار بووە بەوەى کە ئەو رۆژنامە
فرۆشە هاورى کردوە بۆ فرۆشتنى رۆژنامەى رۆژنامە .
2- رۆژى 9/2/2008 پاسەوانەکانى بەرپرسێکى سەربازى لەناو شارى هەولێر
ئازارى هەندى لەستافى کەناڵى ئاسمانى کوردستانیان دا ، شایەنى باسە
ستافەکە پیک هاتبون لە(یوسف ستار، گۆران سالح ،ڕزگار کۆچەر ،موحسین
محمد، سامان عەدنان ،کاروان زامدار) هەر لەم پەلامارەدا دەستى
رۆژنامەنوس کاروان زامدار شکا .
3- شەوى 7-8/3/2008 لەهوتێل هەورامانى شارى هەولێر لەلایەن کارمەندێکى
هوتێلەکە هیرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنوس (سێسیل ئینیونى) ، کە
رۆژنامەنوسێکى فەرەنسی یە، دواى ئەوەى کارمەندەکە لەسەعات یەکى شەودا
دەچێتە ژورى نوستنى رۆژنامەنوسەکە و هەوڵى دەستدرێژى سێکسى دەدات بەڵام
دواى ئەوەى رۆژنامەنووسەکە خۆى بەدەستەوە نادات بەچەقۆ بەسەختى بریندار
دەکرێت ، دواتر تاوانبار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت ، لەبەروارى
23/6/2008 بەپیى ماددەى 396ى یاساى سزادانى عیراقى بۆ ماوەى چوار ساڵ
زیندانى دەکرێت .
سێیهم :
خۆکوشتن .
1- هێرش مەسیفى رۆژنامەنوس بەبیانوى هەبوونى گەندەڵى و چارەسەرنەکردنى
لەلایەن حکومەت و کاربەدەستانەوە ،شەوى 15-16/5/2008 لەبەردەم مالەکەى
خۆیدا لەشارى هەولیر ئاگر لەخۆى بەردەدات و خۆیدەسوتینێت ، ئەو
رۆژنامەنوسە بەرلەخۆسوتاندن چاوپیکەونتنێک لەگەڵ رۆژنامەى (هاوڵاتى )
دا ساز دەکات و ئاماژە بەوە دەکات )دەکرێت دەسەڵات داران بۆ خۆیان
بزانن کە زۆر کەس هەن ، لەپیناو ئەوەى کە هیچ کەس قبوڵى کۆمەڵیک شت
ناکات خۆیان دەکوژن بۆ ئەوەى دەسەڵات بیر لەخۆى بکاتەوە (.
2- رۆژنامەنووس (لەیلا عەلى ) کە بێژەر بوو لەکەناڵى ئاسمانى کوردسات
بەروارى 29/12/2008 لە رەوشێکى تەمومژاویدا خۆى دەکوژێت .
چوارەم:
هەڕەشەلێکردن و سوکایەتى کردن بەڕۆژنامەنوسان.
1- لە بەروارى 8/1/2008 لەلایەن دەسەڵاتەوە هەرەشەیەکى توند دەکرێت لە
ڕۆژنامەى هەڵگورد لەچۆمان ،کە قەزایەکى سەر بەپارێزگاى هەولێرە ،بەبیانوى
هاندانى خەڵک بۆ خۆپیشاندان دژ بە کەم و کوریەکان لە و قەزایە .
هەرچەند هەرەشەکە جێبەجێناکرێت بەڵام بە ووتەى سەرنووسەرى رۆژنامەکە (
لەوە ڕۆژەوە سەرجەم دام و دزگا حکومى و حزبیەکان دژایەتى ڕۆژنامەکە
دەکەن ) . سەرنوسەرى ڕۆژنامەى (هەڵگورد) رۆژنامەنووس )ئیسماعیل ئەحمد (
بەهۆى کارى ڕۆژنامەنوسیەوە بەتایبەت بڵاوکردنەوەى بابەتێک بەناوى (
لەلایەن شارەوانى و قایم قامى چۆمانەوە دەست دەگیرێت بەسەر جێگەى
نزیکەى 40 دوکان ) ، وەک خۆى ئاماژەى پێدەدات: ڕێگە بەهەموو خاوەنى
دوکانەکان دراوە جارێکى تر دووکانەکانیان دروست بکەنەوە بەڵام وەک
فشارێک و بۆ ئەوەى واز لەکارى ڕۆژنامەوانى بهێنم ڕێگە بەئێمە نەدراوە
دووکانەکانمان دروست بکەینەوە .
2- رۆژنامەنووس (سۆران عمر) سەرنوسەرى سایتى کوردستان نیوز کەسایتێکى
هەمەرەنگە لەبەروارى 1/2/2008 لەکاتى خۆپیشاندانى ڕۆژنامەنوسان بۆ
شکاندنى گەمارۆى ڕاگەیاندنى سەر قەندیل (کە گەمارۆیەکى میدیایی بوو
لەلایەن دەسەڵاتى کوردستانى عێراقەوە خرابووە سەر هێزەکانى PKK کە
لەناوچە چیاییەکانى قەندیلى نزیک سێگۆشەى سنوورى عێراق-ئێران نیشتەجێن
بەهۆى هەرەشەى تورکیاوە )لەلایەن پۆلیسى چالاکیە مەدەنیەکانەوە ئازار
درا و ئەو ئازار دانە بوە هۆى خەواندنى (سۆران عمر ) لەنەخۆشخانەى گشتى
قەڵادزێ بۆ ماوەى یەک کات ژمێر ، هەر لەم خۆپیشاندانەدا ڕۆژنامەنوسێکى
تر بەناوى ( ڕەحمان غەریب ) لە رۆژنامەى هاوڵاتی لەلایەن پۆلیسەوە
ئازار درا .
3- دواى بڵاوبونەوەى ڕاپۆرتێک لەژمارە (10)ى رۆژنامەى بونیاد لەبەروارى
5/3/2008 بەناونیشانى )بونیاد نهێنینەکانى موخابەراتى تورکیا
لەکوردستان ئاشکرا دەکات ( بەرەى تورکمانى بەدواى ناونیشانى رۆژنامەکەو
شوینى نیشتەجیبوونى ستافەکەیدا دەگەرێن بۆ ئەوەى تۆڵەیان لێبکەنەوە ،
دواى بڵاوبونەوەى ئەو راپۆرتە جاریکى تر هەمان راپۆرت لەرۆژنامەى (نەبڕ)
پەخشکرایەوە ، کەلەلاین دەزگاى هەواڵ بۆ راگەیاندن و رۆژنامەوانى
بەزمانى عەرەبى بڵاودەکرێتەوە ، دواتر بەرەى تورکمانى بەنوسراوى رسمى
داوا لەرۆژنامەى (نەبڕ ) دەکەن کەناونیشانى رۆژنامەى بونیاد و
ستافەکەیان پێ بڵێن .
4- لەبەروارى 25/3/2008 لەڕێگەى ژمارەیەکى نەناسراوەوە هەڕەشى کوشتن و
چۆڵکردنى شارى سۆران لەڕۆژنامەوس (دانا ڕەزگەیی ( پەیامنێرى رۆژنامەى
هاوڵاتى کرا ، ئەم هەڕەشیە لەرێگەى هێڵى مۆبیتیلەوە کراوە ، دواى ئەوەى
پەیوەندیەکە چۆتە ئەوروپا لەئەورپاوە گەراوەتەوە بۆ ژمارە مۆبایلى
ناوبراو ، هۆکارى هەڕشەکردنەکەش دەگەرێتەوە بۆ بلاوکردنەوەى چەندەها
هەواڵ لەسەر گەندەڵى یەکانى ناوچەکە لەرۆژ نامەى هاوڵاتى.
5- چەند مانگێک بەر لەتیرۆرکردنى (سۆران مامە حمە) بەرپرسی نوسینگەى
کەرکوکى گۆڤارى لڤین لەبەراوارى 15/5/2008 بەژمارە مۆبایلى
(07705972015) هەڕەشەى لیکرا،و ئاگادار کرایە وە ئەگەر لەسەر
بڵاوکردنەوەى بابەتى رەخنەیی بەردوام بێت بەسزاى خۆى دەگات .
6- لەبەروارى 21/5/2008 بەژمارە تەلەفۆنى (07504360604) هەرەشە
لەرۆژنامەنوس ( مەریوان نەقشبەندى) کرا کە رۆژنامەنوسە لەرۆژنامەى
خەبات ، لەو پەیوەنی یە تەلەفۆنیەدا ناوباراو ئاگادار کرایەوە ، ئەگەر
بەرەدوام بێت لەسەر بڵاو کردنەەى بابەتى ڕەخەنە ئامیز لێی قبوڵ ناکرێت
و سزادەدرێت .
7- کەسێکى نەناسراو شەوى 22- 21/5/2008 بەناوى بەرپرسى فەرماندەیی
پارتی یەوە هەڕەشى زمان بڕین لەپەیامنێرى رۆژنامەى هاوڵاتى لەهەولێر (نەجات
ئەحمد ) دەکات، ئەم هەرشەیە دواى ئەوە دێت کە ناوبراو لەژمارە 423
رۆژنامەى هاوڵاتى راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە لەسەر ئەو بەرپرسانەى
فەرماندەیی سلێمانى پارتى کە زەوى ئاوارەکانی شەڕى ناوخۆیان بۆ خۆیان
ساختە کردوە .
8- شەوى 22-23/6/2008 لەناو شارى کەرکوک مەفەرزەیەکى پۆلیسى کەرکوک
تەقەیان لەرۆژنامەنوس (ئەنجام سەعید ) کرد و دواتر سوکایەتی یەکى زۆرى
پیکرا، هەڕەشى ئەوەیان لیکرد ئەگەر لەسەر بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕەخنە
ئامیز بەردەوام بێت زیندانى دەکەن.
9- لەبەروارى 24/6/2008 ڕۆژنامەنوس (عەلى عبدالرحمان) ناسراو بە(على
بانى شارى ) کە پەیامنێرى رۆژنامەى هاوڵاتى و دەستەى نوسەرانى رۆژنامەى
خورماڵە ، نامەیەکى هەرشە ئامیزى بۆ فڕیدەرێتە ژیر دەرگاى ناوەندى
روناکبیرى خورمال کەناوبراو شەوانە لەوێدا نیشتەجێ یە ، لەناوەرۆکى
نامەکەدا هەرشەى کوشتنى لیکراوە ، تیایدا نوسراوە ( دەتکەم بەشەهیدى
رۆژنامەنوس لەخورماڵ ) هۆکارى هەرەشکردنەکەش لێى دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى
کە ناوبراو سەرقاڵى ئامادەکردنى ڕاپۆرتێکى شیکاری بوو لەمەڕ بابەتى (مامۆستایان
خۆیندکارەکانى خۆیان داوادەکەن ) لەکاتى ئامادەکردن چەند جارێک لەلایەن
مامۆستاکانى ناوچەکە ئاگادار کراوەتەوە بۆ ئەوەى واز لەو ڕاپۆرتە
بهێنێت بەبیانوى ئەوەى ئەو ڕاپۆرتە هەرا لەناوچەکەدا دەنێتەوە ،و
کۆمەڵێَک مامۆستا کێشەیان بۆ دروست دەبێت لەگەڵ بنەماڵەى خوێنکارەکان .
بەڵام ناوبارو هەموو شتێک رەت دەکاتەوەو دواتر ئەو نامە هەرەشە ئامێزەى
بۆ دەنێردرێت .
10- لەبەروارى 22/ 7/2008 و شەوێک داوى کوژرانى ڕۆژنامەنوس (سۆران مامە
حەمە ( رۆژنامەنووس (فریاد ئەحمەد) پێشکەشکارى بەرنامە لەکەناڵى ئازداى
کەرکوک لەسەر کوشتنى ڕۆژنامەنوسی ناوبراو تەوەرێکى (بەرنامەى سەکۆ)
تایبەت دەکات بەکوژرانى ڕۆژنامەنوسی ناوبراو ، دواى تەواو بوونى
بەرنامەکە هەرەشەى لێدەکرێت ، بەهۆى بەردەوامى ئەو هەرەشانە واز لەکارى
ڕاگەیاندن دەهێنێت و ناچار دەکرێت سەفەر بکات بۆ هەندەران .
11- شەوى 25/26- 7/2007 لەکات ژمێر 12:42 ى شەو بەهەرسێ ژمارەى
نەناسراوە 07507953342 )، 07507945480، 07507953347 ) هەڕشەى کوشتن لە
ڕۆژنامەنوس (سۆران عمر ) کرا بەهۆى بڵاوکردنەوە بابەت لەگۆڤارى لڤین
ودەرکردنى گۆڤارێک بەناوى ڕێگا ، کە ناوبارو سەرنوسەرى سایتى
ئەلیکترۆنى کوردستان نیوزە .ئەم هەڕەشەیە چەند رۆِژێک دواى تیرۆرکردنى
بەرپرسى نوسینگەى گۆڤارى لڤین لەکەرکوک ( سۆران مامە ) هات .
12- بەهۆى دروستکردنى سایتێکى ئەلکترۆنى هونەرى بەناوى شانۆکاران (
پاراو وەهاب ( بەرپرسی سایتەکە سەرلەبەیانى ڕۆژى 27/ 7 سەیارەیەکى جۆری
بی ئێم دواى دەکەوێت ، پاشان لە شەوى 29-30/7 هەروەها ئێوارەى
31/7/2008 سەعات یازدەى شەو لەکاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە هەمان سەیار
بەدواى دەکەوێت بەمەبەستى فڕاندنى ، دواى ئەوەیان بۆ دەستگیر ناکرێت ،
و بەهۆى بوونى مەترسی لەسەر ژیانى لە4/8/2008 شارى کەرکوک بەجێ دەهێلێت
و لەشارى هەولێر نیشتەجێ دەبێت .
13- لەبەروارى 9/ 8/ 2008 هەڕەشە لەڕۆژنامەنوسێکى کچ دەکرێت بەناوى (
کەلسوم مراد ) کە لە ڕۆژنامەى ( ڕێوان) کاردەکات و لەلایەن کەس وکارى
ژنێکەوە دواى لێدەکرێت بەهیچ شێوەیەک هەواڵى بریندار بوونى ژنەکە
بڵاونەکاتەوە .
14- شەوى 15-16/8/2008 رۆژنامەنووس ( پێشەوا فەقێ( پەیامنێرى ڕۆژنامەى
هەڵگورد لەچۆمان لەکاتى پشت ڕاست کردنەوەى هەوڵێک لەلایەن سەرۆکى
شارەوانى چۆمان لەگەڵ ئەوەى هیچ زانیاریەکى پێنادرێت، تۆمەتى دەزگاى
زانیارى دەخرێتە پاڵ ستافى ڕۆژنامەکەو هەڕەشەیان لێدەکات .
15- لەبەروارى 6/ 8/2008 بەهۆى بڵاو بوونەوەى ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوشى
تەندروستى گەرمیان لە ( گۆڤارى شەقام ) لەمانگى ئابی 2008دا
رۆژنامەنووس (تاهیر تۆفیق ) دەستەى نوسەرانى گۆڤارى شەقام ، لەلایەن
پۆلیسێکى پاسەوانى بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیان هەرشەى کوشتنى
لێدەکرێت ، چەندین جار هەرشەکەى لێدوبارە دەکرێتەوە و پێى دەڵێَت
چاوەڕێى فەرمانى بەرێوبەرى تەندروستیم بۆ ئەوەى بتکوژم ، بەم هۆیەوە
ئەو ڕۆژنامەنوسە رۆژى دواتر لەدادگاى کەلار سکاڵا لەسەر ئەو
پۆلیسەتۆمار دەکات .
16- سەرلەئیوارەى رۆژى 19/8/ 2008 لەلایەن کادیرێکى باڵاى لقى یازدەى
پارتى دیموکراتى کوردستان ، هەڕەشەلە ( عمر على ) بەرپرسی پەیامنێرانى
رۆژنامەى پڕووشە و (حمدامین خدر ) سەرنوسەرى رۆژنامەکە دەکرێت ، هۆکارى
هەڕەشەکردنەکەش دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکى ناوخۆیی نێوان ستافى رۆژنامەکە
وخاوەن ئیمتیازى رۆژنامەکە و پشتگرتنى ئەو بەرپرسە بۆ خاوەن ئیمتیاز دژ
بەلاکەى تر .
17- پەیامنێرى ڕادیۆیی نەوا رۆژنامەنووس (ئاوارە محمدامین ) لەچۆمان
بەهۆى ئەوەى لەگەڵ قایم قامى چۆمان لەبەرنامەى بەیانى نەوا بانگهێشت
دەکرێت ،و ڕەخنە دەگرێت ، دواتر لە /8/2008 26 بەتەلەفۆنى ژمارە
(07507982775) وە هەڕەشە لێدەکرێت و سوکایەتى پێدەکرێت .
18- لەبەروارى 4/9/2008 لەکاتى ئامادەکردنى هەواڵێک بۆ ڕۆژنامەى(
هاوڵاتى ( رۆژنامەنووس (سەلام عبداللە) لەلایەن پۆلیس جەلەولاوە
کامیرایەکەى لێدەسەنرێت و وێنەکانى لێڕەش دەکرێتەوە و دواتر دواى
ماندوکردنێکى زۆر کامیرایەکەى وەردەگرێتەوە .
19- لەبەروارى 6/9/2008 ڕۆژنامەنوس (سەلام عبداللە) لەکاتى وێنەگرتنى
هێزەکانى پێشمەرگە لەڕێگەى نێوان کەلار – خانەقین ، لەلایەن هێزەکانى
پێشمەرگە کامیرایەکەى لێدەسنرێت و بۆ ماوەى نزیکە سەعاتێک ڕاى دەگرن و
دواتر کامێراکەى دەدەنەوەو ئازادى دەکەن .
20- لەبەروارى 7/9/2008 لەبەردەم بانکى سەفین لەشارى هەولێر هەریەک
لەپەیامنێرى تەلەفیزیۆنى یەکگرتوو (ئەڵوەند حمید ) و کامیرەمان )سامان
حمد( لەکاتى ئامادەکردنى ڕاپۆرتێکى رۆژنامەوانى ، و بەدواداچوونى کەم
کردنەوەى موچەى خانەنشینان و وەرگرتنى بیرو بۆچوونى کەسانى خانەنشین
کراو ، لەبەردەم بانکەکە لەلایەن پاسەوانەکانى بانکەکە هێرشیان دەکرێتە
سەر و بەڕێوەبەرى بانکەکە بەپۆلیسەکان دەلێت لێیان بدەن و کامیراکەیان
لێ وەربگرن مەهیڵن کارەکەیان بکەن ، ئەوانیش ئامادەى ئەوەنابن
کامیراکەیان بدەنێ ، لەکاتى راکێشانى کامیراکە لەلایەن پۆلیسەکانەوە
کامیراکە دەشکێت ، کەباى 6هەزار دۆلارە ،دواتر بۆ ماوەى نیو کاتژمێریش
هەردوو رۆژنامەنووس دەست بەسەر دەکرێن ، دواى ئەو رووداوە لەلایەن
هەروو رۆژنامەنووسەوە داویەکى رسمى لەسەر بەڕێوەبەرى بانکەکە و ئەو
پاسەوانانە تۆمار دەکرێت .
21- لەبەروارى 13/9/ 2008 پەیامنێرى رۆژنامەى هاوڵاتى (سەلام عبداللە)
لەکاتى ئامادەکردنى ڕاپۆرتێک و وێنە گرتنى تەرمى حەوت پێشمەرگە
لەنەخۆشخانەى خانەقین ، لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکەوە هەڕەشى لێدەکرێت و
هێرشى دەکرێتە سەر و سوکایەتى پێدەکرێت ، ناچار دەکرێت بەپەلە
نەخۆشخانەکە بەجێ بهێڵێت ، رێگەى نادرێت نەوێنەى تەرمەکان بگرێت
نەڕاپۆرتەکەى تەواو بکات .
22- لەشارى کەرکوک بەژمارە مۆبایلى (07504466146) هەڕشە لەرۆژنامەنوس (
شوان داودى ) کرا ، کە سەرنوسەرى رۆژنامەى هەواڵە .
23- رۆژنامەنوسێک (ڕێبوار حسێن) بەهۆى بڵاوکردنەوەى ڕێپۆرتاژێک
لەڕادیۆى دەنگى کۆمەڵى ئیسلامى رانیە کە رادیۆیەکى لۆکەڵە لەو قەزایە
کە سەر بەپارێزگاى سلێمانیە لەبەروارى 22/8/2008 لەسەر دیاردەى دزى و
دواندانى ژنێک لەو ڕێپۆتاژەدا لەلایەن هاوسەرى ژنەکە هەڕەشەى لێکراو
ئاگادار کرایەوە کە بۆ جارى دووەم ئەو ڕیۆرتاجە بڵاو بکاتەوە ماڵیان
ئاگار دەدرێت .
24- سۆران عزیز کە نوسەرێکە بەهۆى بڵاوکردنەوەى چەند بابەتێک
لەژمارەکانى 425)،434،436، 438،440، 443،454، 455،457،458 ) لە
رۆژنامەى هاوڵاتى لەسەر خاڵە کۆک و ناکۆکانى نێوان ئاین و زانست ،بەنامە
هەڕشەى لێدەکرێت ، لەبەشێکى نامەکدا هاتووە((پێت دەڵێم قەڵەمەکەت
بەجوانى بەکاربهێنە ئەگینا تۆش وەک هەندێک کەس وەک سەگ دەتۆپێنرێیت
بەدەستى گەنجانى خوێن گەرمى ئیسلام نەک حزبى ئیسلامى )) .
25- ئاسۆ سەلیم ڕۆژنامەنوس و پێشکەشکارى بەرنامەى (تاک و کۆمەڵ)
لەکەناڵى ئازادى کەرکوک، کە تەلەفزیۆنێکى لۆکەڵیە لەشارى کەرکوک، بەهۆى
سازدانى بەرنامەیەک لەسەر پەردەى کچێنى و داوى دابەزاندنى دووبەش
لەبەرنامەکەى لەبەروارى 12/6/2008 لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە
هەرەشەى کوشتنى لێدەکرێت .
26- هەر لەسەر هەمان بەرنامە هەرەشەش ئاراستەى )ئارام جەمال ( مۆنتێرى
کەناڵەکە دەکرێت بەهۆى ئەوەى بەرنامەکەى مۆنتاج کردوە .
27- دواى بڵاوبونەوەى وێنەى( ئیحسانى مەلا على ) کورى رابەرى کۆچ کردوى
بزوتنەوەى ئیسلامى (کە حیزبێکى کوردستانى ئیسلامیە ) لەگەڵ کچێکى نیمچە
رووتدا لە ژمارە 114 ى (رۆژنامەى ئاوێنە) دا لەلایەن ئەندامێکى
سەرکردایەتى بزوتنەوەى ئیسلامى هەڕشە لە رۆژنامەنووس (ئاری هەرسین )
بەرپرسی نوسینگەى هەولێرى ڕۆژنامەى ئاوێنە دەکرێت ، شایەنى
ئاماژەپێدانە کە ئەو وێنەیەى لەگەڵ وێنەى ئیحسانى مەلا علی دا
لەرۆژنامەى ئاوینە بڵاوکرایەوە ئافرەتێکى تارادەیەک ڕووت بووە.
28- هەر بەهۆى هەمان پرس لەلایەن کەسیکى نەناسراو بەتەلەفۆن هەڕەشە
لەسەرنوسەرى (سایتى ئەلیکترۆنى ئاوینە) رۆژنامەنووس (سیروان غەریب )
دەکرێت .
29- ئەندامیکى سەرکردایەتى PKK (مەحسوم باگوک) لە لیدوانێکیدا بۆ ژمارە
(395) ى رۆژنامەى هاوڵاتى هەڕشەى دەستگیرکردنى پەیامنێرى ڕادیۆى نەوا(
محمد سەروچاوەیی) دەکات ، بەبیانوى بڵاوکردنەوەى هەوڵى نادروست لەسەر
بارودۆخى قەندیل و چەکدارانى پەکەکە ، دەڵێت هەر کاتێک ناوبراو بیتە
ناوچەى قەندیل دەستگیرى دەکەین و لیکۆڵینەوەى یاسایی لەگەڵدا دەکەین .
30- ناوى کۆمەڵێک بڵاوکراوە و رۆژنامەونوس لە لیستێکدا وەک لیستى رەش
بڵاو دەکرێنەوە .
بەپێى نوساروێک کە لە میدیا کوردستانیەکاندا بڵاوکرایەوە و تا ئێستاش
سەرچاوەکەى و رادەى دروستى ئەو نووسراوە پشتراست نەکراوەتەوە بەڵام
گوایە نهێنیە و لەلایەن دەزگاى ئیتڵاعاتى ئێرانەوە دەرکراوە کۆمەلێک
رۆژنامەو گۆڤار و رۆژنامەوسى کورد ناویان خراوەتە لیستى ڕەشەوە وەک
جۆرێک لە ترساندنى ئەو رۆژنامەنووسانە کە ئەمانەى خوارەوەن : هاوڕێ
کاوە-ئەنوەر بازگر- مەریوان على-ئاسۆ عبدالتیف- ئارام پێنجوینى- دیارى
محمد -سۆران عومەر-مهدى ڕەواندزى-ڕێژین ئیبراهیم-نەجیبە محمد- مەریوان
على- ڕەحمان غەریب- ئەحمد میرە- هەڵگورد سەمەد-رۆژنامەو گۆڤارەکانیش
بریتین لە :ڕۆژنامەى هاوڵاتى-هەفتەنامەى ئاوێنە-هەفتەنامەى
میدیا-گۆڤارى لڤین.
پێنجەم : سکاڵا
لەسەر تۆمار کردن و راپێچکردن بەرەو دادگاکان.
1- دواى بڵاو بونەوەى ڕاپۆرتێکى (مایکڵ ڕۆبن)کەتوێژەرێکى ئەمریکیە ،
لەژمارە( 387 ) ى رۆژنامەى هاوڵاتى لەبەراوارى 13/1/2008 لەیەن بەرێز (جەلال
تاڵەبانى ) سەرۆک کۆمارى عیراق سکاڵا لەسەر میکل رۆبن و سەرنوسەرى
رۆژنامەى هاوڵاتى (عبد عارف ( لە( دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ )لەشارى
بەغداد تۆمار دەکرێت ، دواتر داواکە لەو دادگایە دەگوازرێتەوە بۆ
داداگاى سلیمانى ، لەبەروارى 4/ 1/2008 سەرنوسەرى هاوڵاتى بانگهیشتى
دادگا دەکرێت و بەکەفالەت ئازدادەکرێت .
2- لەبەروارى 11/2/2008 داداگاى لیکۆلینەوەى چۆمان بەهۆى بڵاو کردنەوەى
هەوڵێک لەرۆژنامەى هاوڵاتى پەیامنێرى ڕۆژنامەکە (ئارام زرار احمد) ،
داوایەکى یاسایى لەسەر تۆمار دەکرێت ناوبراو چەند جارێک ئامادە دەبێت
بۆ لێکۆلینەوە دواتر بەقازانجى ناوبراو دەرئەنجامەکەى داداگا کۆتایی
هات .
3- لەرۆژى 18/3/2008 داوایەکى یاسای لەسەر هەریەک لە (فەهیم عبداللە)
خاوەنى ئیمتیازى رۆژنامەى ئەڤرۆ و سەرنوسەرى هەمان رۆژنامە)بەهجەت
هرورى (لەلایەن بنەماڵەیەکەوە لەدادگاى دهۆک تۆمار دەکرێت ، هۆکارى
تۆمارکردنى ئەو سکالایەیەش دەگەرێتەوە بۆ بڵاو کردنەوەى هەوالێک لەسەر
زیندانى کرنى کچى ئەو بنەماڵەیەى داواکەى تۆمار کردوە .
4- بەروارى 1/4/2008 لەدادگاى سلیمانى کۆمپانیاى نۆکان دوایەکى یاسای
لەسەر سەرنوسەرى ( رۆژنامەى هاوڵاتى ) (عبد عارف) تۆمار کرد ، هۆکارى
سەرەکى تۆمار کردنى ئەو سکاڵایە پەیوەندیدارە بەبڵاوکردنەوەى زانیارى
لەرۆژنامەى هاوڵاتى لەسەر کۆمپانیاى نۆکان، بەم هۆیەوە سەرنوسەرى
هاوڵاتى چەندین جار لەلایەن دادگاوە بۆ لیکۆڵینەوە دواکراوە .
5- بەروارى 4/5/2008 رۆژنامەنوس ( شێرزاد عبدولرحمان ) سەرنوسەرى
گۆڤارى هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى بەراى رانیە ئاگادار کرایەوە ،
کەناو براو لەسەر بڵاوکردنەوەى چەند بابەتێک داواى لەسەر تۆمار کراوە ،
پیویستە لەبەر دەم دادگا ئامادە بێت .
6- لەسەر نوسین و بڵاوکردنەوەى کتێبى (جەهالەتى ئیسلام و دونیاى
هاوچەرخ ) دادگاى گشتى بەنوسراوى 5/439 لەرۆژى 15/5/2008 لەدادگاى گشتى
هەولێر سکاڵا لەسەر نوسەرى کتیبەکە( ئارام ڕەشید ) تۆمار دەکات ،
هۆکارى تۆمار کردنى سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کەئارام رەشید
لەکتیبەکەیدا سوکایەتى کردوە بە ئاینى پیرۆزى ئیسلام و کەسایەتى
پیغەمبەر (محمد د.خ(. بەڵام ناوبراو خۆى نادات بەدەست دادگاوە و
داواکەش بەکراوەیی ماوەتەوە .
7- دواى ئەوەى لەژمارە (357-358) رۆژنامەى هاوڵاتى بەدووبەشى فایلى
پەیوەندى جاسوسی )سدیق قادر کاکەخان ( ناسراو بەهاوڕێ نەمەلى بڵاو
دەبێتەوە ، دواتر لەدۆخیکى نادیاردا سدیق قادر لەناو ماڵى خۆیدا
تەرمەکەى دەدۆزرێتەوە ، بەیبانوى کاریگەرى بڵاوکردنەوەى ڕاپۆتەکە لەسەر
کوشتنى ناوبراو کەسو کارى سدیق قادر لەبەراوارى 18/5/2008 سکاڵا لەسەر
رۆژنامەنووس (تارق فاتیح) خاوەنى ئیمتیازى رۆژنامەى هاوڵاتى تۆمار
دەکەن .
8- پەیامنێرى رۆژنامەى هاوڵاتى(دڵشاد ئەنوەر) بەهۆى ئەنجامدانى
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جیگرى دادوەرى کەلار ، لەلایەن دادگاوە داوا لەسەر
رۆژنامەنوسەکەو جیگرى داوەرەکە و ( تونا عوسمان) سەرنوسەرى پێشوى
رۆژنامەکە و ( تاریق فاتیع ) تۆمار دەکرێت بەبیانوى ئەوەى سوکایەتیان
بەداداگاى کەلار کردوە، داواکە درێژە دەکێشێت تاکو سەرەتاى مانگى پێنجى
2008 ، لەم مانگەدا جارێکى تر داداگا دوایان لێدەکات کە لەبەردەم دادگا
ئامادەبن ، بەڵام دواتر لەلایەن ستافى هاوڵاتی یەوە لەرێگەى
پەیوەندیەکەسیەکان و بڵاوکردنەوەى رونکردنەوەیەک کۆتایی بەکێشەکە
دەهێنرێت .
9- لەبەروارى 3/9/2008 ئەفەسەریکى هاتوچۆى پۆلیس گەرمیان سکاڵایەک
لەسەر )دلشاد ئەنوەر(پەیامنیرى رۆژنامەى هاوڵاتى تۆمار دەکات بەبیانوى
بڵاوکردنەوەى هەواڵێک لەسەر مەفرەزەیەکى پۆلیسى هاتوچۆ، کە ئەو ئەفسەرە
سەرپەشتیان دەکات ، کاتێک ئەو مەفرەزەیە هێرش دەکەنە سەر شۆفێرێک و
بەخاکەناس بریندارى دەکەن . رۆژنامەنووسەکەش لەکاتى بڵاوکردنەوەى
هەواڵەکە وێنەى پشتى شوفێرەکەش بڵاو دەکاتەوە .
10- بەروارى 15/9/ 2008 لەلایەن بەریوەبەرایەتى تەندروستى دهۆک سکاڵا
لەسەر سەرنوسەرى رۆژنامەى ئەڤڕۆ)بەهجەت هرورى ( و پەیامنێرى هەمان
رۆژنامە لەقەزاى ئاکرێ تۆمار دەکرێت ، هۆکارى تۆمار کردنى ئەو سکاڵایە
دەگەرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەى بابەتێک لەسەر ڕەوشى تەندروستى دهۆک .
11- چەند رۆژێک دواى بلاوکردنەوەى وینەیەکى (ئیحسانى مەلا على یەکێک
لەسەرکردەکانى بزوتنەوەى ئیسلامى کە پارتێکى کوردستانى یە ) لەگەڵ
کچیکدا لەژمارە (114) رۆژنامەى ئاوینە ، ئیحسانى مەلا علی بەتۆمەتى
ناوزڕاندن و لەکەدار کردنى کەسایەتى دوایەکى یاسایی لەدادگاى سلیمانى
لەسەر رۆژنامەى ئاوینە تۆمار دەکات .
12- بەهۆى بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتێک لەسەر (بنکەى ئاگر کوژێنەوەى کەلار )
لە ژمارە (12) رۆژنامەى( شێخ لەنگەر) ، لەئەیلولى 2008 کەبڵاوکراوەیەکى
مانگانەیە ، هەریەک (سەلاح رەشید ناسراو بەسەلاح شێخ لەنگەر ) خاوەنى
ئیمتیازى ڕۆژنامەکە، (محمد سابر ) سەرنوسەرى پێشوى رۆژنامەکە کە
بۆماوەى سالێکە سەرنوسەر نەماوە ، لەگەڵ (ئومێد احمد ) سەرنوسەرى
ئیستاى رۆژنامەکە لە(دادگاى کەلار ) لەلایەن بنکەى ئاگر کوژینەوە
داویان لەسەر تۆمار دەکرێت ، دواى سێ مانگ لەهاتوچۆکردنى دادگا خاوەنى
ئیمتیاز بەکەفالەتى 100 هەزار دینار دەبەخشرێت، سەرنوسەریش بەبڕى
1500000 دەبەخشرێت و کێشەکە کۆتای پێدێت .
13- بەهۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵێََک لەسەر مەڵبەندى رێکخستنى 11ى کەلارى
یەکێتى نیشتمانى کوردستان(حیزبێکى کوردستانی دەسەڵاتدارە ) پەیامنێرى
هاوڵاتى ( دلشاد ئەنوەر ) سکاڵایەکى لەلایەن مەڵبەندەوە لەسەر تۆمار
دەکرێت ، ناوەرۆکى هەواڵەکەش بریتى بوو لە ( لەسەر ئۆتۆمبیلێک
کەلەلایەن مەکتەبی رێکخستنەوە بۆمەڵبەندى کەلار نێرداروە مشتومر
دەکەوێتە نێوان جێگرێکى بەرپرسى مەڵبەندو کارگێرەکان ).
شەشەم :
دەستگیرکردن و زیندانى کردن.
1- لەبەروارى 5/1/2008 رۆژنامەنوس (تاهیر تۆفیق) دەستەى نوسەرانى
گۆڤارى (شەقام) بەهۆى بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتێکى شیکارى لەسەر (گەندەڵى
لەدام و دەزگاکانى کەلار )،و بڵاوکردنەوەى کۆمەڵێ زانیارى لەسەر هەریەک
لە : سەرۆکى شارەوانى ، قایم قام ، بەریوەبەرى ئاسایش ، دەزگا حزبی
حکومیەکانى تر لەلایەن ئاسایشى مەیدانەوە دەستگیر دەکرێت ، شەوێک
لەئاسایش مەیدان بەند دەکرێت و دواتر رەوانەى ئاسایشى دەربەندیخان
دەکرێت، شەوێکیش لەئاسایشى دەربەندیخان زیندانى دەکرێت و دواتر
بەکەفالەت ئازاد دەکرێت
2- ئیوارەى رۆژی 28/1/2008 رۆژنامەنووس ( عەباس مەحمود) لەنێو بازاری
خانەقین لەلایەن بنکەى پۆلیسی خانەقینەوە بەئامادەبوونی رۆژنامەنووس (جەبار
عەلی) دەستگیر دەکرێت و بەزۆر دەبرێتە بنکەو ئاگاداری دەکەنەوە کەئەو
سکاڵایەی کەلەلایەن نوسینگەى تاوانە گەروەکان لەلایەن بەرێوەبەری ئاوی
خانەقین ئاراستەى کراوە، ئیحالەى بنکەکەیان کراوەو دەبێت پەنجە مۆر
بکات و لەماوەى دوو رۆژدا دەدرێتە دادگا. لەدوای ئەوەى ئەو رۆژنامەنوسە
قبوڵ ناکات کەپەنجەمۆر بکات. ئەفسەری بنکە پێی دەڵێت کەئەگەر بەقسەى
خۆش پەنجەمۆر نەکەیت بەزۆر پەنجە مۆرى پێ دەکرێت و دواتر وەکو تاوانبار
پەنجە مۆرى پێ دەکرێت. بەرێوەبەری ئاوی خانەقین لەرۆژی 14/11/2007 لە
نوسینگەى تاوانە گەروەکانی خانەقین کەتایبەتە بەگرتنی تیرۆریست و گەورە
تاوەنباران لەسەر رۆژنامە نوسی ناوبراو سکاڵایەک تۆمار دەکات کەبەو
پێیە کەسێک لەرۆژنامە)بانان( کەلەخانەقین دەر دەچێت لەنوسینێکدا رەخنەى
لەکاروباری ناوبراو گرتبوو.
3- نەجیبە محمد ڕۆژنامەنووسى سەربەخۆ و پەیامنێر لە ڕۆژنامەى ئاوێنە و
ئاژانسى دەنگەکانى عێراق، هەندێ جار بۆ پەیمانگاى ڕۆژنامەوانى جەنگء
ئاشتى ءزۆرێک لە ڕۆژنامە بیانیەکانى وەک ڕۆژنامەى گاراى ئیسپانىء
زەدیبلۆماتى ئوسترالىء گۆڤارى ڤۆکسى ئەڵمانىء شتێرنى ئەڵمانىء......هتد
کارى کردوە . ناوبراو لەکاتى گەڕانەوەى ئامادەکردنى راپۆرتێک بۆ
گۆڤارێکى ئەڵمانى لە قەندیل لەسنورى پەکەکە لە ڕۆژى 19- 1- 2008
لەبازگەى سپێرۆ (سەر بەقەزاى قەڵدزێ) لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێت
بۆ ماوەى سێ کات ژمێر ، کامیراوپیدوایستیەکانى رۆژنامەوانى لێ سەندرا
پاشان لەسەر داواى چەند ڕێخکراوێکى کوردىء بیانى ئازاد دەکرێت . دواى
ئەو کاتەش بەگووتەى خۆى لەکاتى بڵاوکردنەوەى بابەت لەسەر پرسە
لۆکاڵیەکان هەندێ لە بەرپرسە حیزبىء حکومى یەکان هەرەشەى بە دادگاى
کردنء گرتنء کوشتنیان لێکردوە بەڵام تا ئێستا ئەم هەرەشانە
جێبەجێنەکراون .
4- لەبەروارى 1/2/2008 هەریەک لە ( ڕێبوار حسێن ، ڕابەر مەرگەیی ،
بەختیار عبداللە ) ستافى ڕادیۆى کۆمەڵ لەکاتى چونیان بۆ کارى
ڕۆژنامەوانى لەلایەن بازگەى ئاسایشى سەنگەسەرەوە دەستگیرکران ، بەهۆى
ئەوەى لەو ڕۆژەدا خۆپیشاندانى ڕۆژنامەنوسان هەبووە ، ڕێگە بەهیچ
ڕۆژنامەنوسێک نادرێت بچێتە ناوچەى پشدەر .
5- لەبەروارى 1/2/2008 کۆمەلێک رۆژنامەنوس بەناوى ( مەفرەزەى قەڵەم)
بەهاوکارى کۆمەلێک ڕۆژنامەنوسی تر بۆ شکاندنى گەمارۆى سەرقەندیل
خۆپیشاندانێک ساز دەدەن سەرلەبەیانى هەمان ڕۆژ هەریەک لەڕۆژنامەنوس (
سەلام عبداللە ، محمد چاوشین، بایزید ، کاروان ) لەسنورى دەسەڵاتى
پەکەکەوە دەیانەوێت بین بۆ ناو ئاپۆڕاى ڕۆژنامەنوسان بەڵام لەلایەن
ئاسایشى سەنگەسەرەوە ڕیگەیان لێدەگیرێت بۆ ئەوەى بەشدارى
لەخۆپیشاندانەکە نەکەن ، بۆ ماوەى سێ کاتژمێر لەلایەن ئاسایشەوە دەست
بەسەر دەکرێن و دواتر بەهەوڵى کۆمەلێک ڕۆژنامەنوسى ڕانیە ئازاد دەکرێن
.
6- بەهۆى بڵاوکردنەوەى وتارێک لەژیرناوى )پارتى لەبەردەم مەترسیەکانى
کۆنگەرى سێزدەدا) ) لەژمارە (369 و 370)ى رۆژنامەى هاوڵاتى رۆژى
10/2/2008 لەلایەن لیژنەى ناوچەى گەرمیانى پارتى دیموکراتى کوردستان
دوایەکى یاسای لە(دادگاى کەلار ) لەسەر رۆژنامەنوس )عمر ئاشتى ( تۆمار
کرا، هەر بەم هۆیەوە لەپۆلیسى کەلار بۆ ماوەى دوو رۆژ رۆژنامەنوسی
ناوبراو زیندانى کرا ، دواتر لەبەروارى 12/2/2008 ناوبراو بەکەفالەت
ئازاد کرا .
7- لەبەروارى 17/ 2/2008 رۆژنامەنوسى شارى دهۆک (جۆنى خۆشابا ئۆشانا )
سەرنوسەرى سایتى ئەلکترۆنى (الێرخە) لەسەر بڵاوکردنەوەى بابەت لەسەر
دام دەگاکانى حکومەت و ئاینى مەسیحى بۆ ماوەى چوار رۆژ دەستگیر دەکرێت
، دواتر بەمەرجى ئەوەى چیتر شت لەسەر حکومەت و ئاینى مەسیحى نەنوسێت
ئازاد کرا .
8- لەبەروارى 7/4/2008 سەرنوسەرى هەفتەنامەى )ڕەسەن ( لە د هۆک ) محمد
سالح حەجى( بەهۆى بڵاوکردنەوەى لێداونێکى بەرپرسی لقى بەردەرەشى
یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان (حیزبێکى کوردستانیە ) بۆ ماوەى دوو رۆژ
دەستگیر دەکرێت ، کە وتوویەتى (دادگا بیلایەن نی یە ) دواتر سەد هەزار
دینار غەرامەکراوە و بەکەفالەت ئازاد کراوە .
9- رۆژنامەنووس (ڕەوشت محەمەد) سەرنووسەرى رۆژنامەى خورماڵ و( عادل
کۆچەرى) رۆژى 1/8/2008 بە هۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵێکەوە لە رۆژنامەى
خورماڵدا لەسەر دیارنەمانى برى (10000) لیتر مانگانە، ڕووبەڕە دادگا
دەکرێنەوە، دواى ئەوەى لە دوو جار ئیفادەیان لێوەردەگیرێ و فشاریان
دەخرێتە تا سەرچاوەى هەواڵەکەیان ئاشکرا بکەن بەڵام کاتێک دوو
رۆژنامەنووسەکە ئامادە نابن بڕیارى هێشتنەوەیان دەردەکەن، و لەرۆژى
21/8/2008 لە دوو شەو گلدەدرێنەوە . تا دواتر بە هەوڵى نووسەران و
رۆشنبیران بە کەفالەت ئازاد دەکرێن.
10- بەروارى 15/5/2008 پەیامنێرى هاوڵاتى لەشارى کەرکوک ڕۆژنامەنوس (دانا
جەمیل) لەلایەن بنکەى پۆلیسی عەدالە لەکەرکوک لەکاتى ئەنجامدانى کارى
رۆژنامەوانى و وێنە گرتن لەناو بازاڕى شارى کەرکوک بۆ ماوەى دوو کات
ژمیر دەستگیر کرا.
11- رۆژنامەنووس ( رزگار رەزا چوچانى ) لە بەروارى 3/6/2008 لەلایەن
دەزگاى هەوڵگرى گشتى پارتیەوە دەستگیر دەکرێت و دواى هەفتەیەک ئازاد
دەکرێت . ئەو پێشتر وەک سەرپەرشتیارى بڵاوکراوەى ( زێرەڤانى کوردستان )
کارى کردوە بەڵام پێش چەند مانگێک دەستلەکارکێشانەوەى رەسمى خۆى
راگەیاندوە . هەرچەندە لەچەندین دەزگاى میدیایی کارى کردوە وەک (رۆژنامەى
جەماوەر ) ، رادیۆى نەوا و رۆژنامەى بارزان . بە ووتەى ئەو
رۆژنامەنووسە خۆى دەڵێ ( بەومەرجە ئازاد کراوم کەبەهیچ شێوەیەک کارى
رۆژنامەنووسى نەکەم لەمەودوا و بەڵێننامەشیان پێپرکردومەتەوە ) هەر
بەووتەى خۆى (بەهەمان هۆوە ئەو ئێستا لە هەندەران دەژى) .
12- رۆژنامەنووس (پەیوەند عمر ) پەیامنێرى سایتى کوردستان نیوز ،
لەبەروارى 16/6/2008 لەکاتى کارکردنى ڕۆژنامەنوسى و وێنە گرتنى کۆمەڵێک
مانگا لەناو بازاڕی شارى ڕانیە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا ، بۆ
ماوەى پێنج سەعات لەبنکەى پۆلیسى کێوەڕەش لەڕانیە بەند دەکرێت ،و
کامیراو شتەکانى لێدەسەنرێت ، سەرجەم ئەو وێنانەى کەگرتویەتى لەلایەن
پۆلیسەوە دەسڕدرێنەوە و دواى ئەو پێداویستیەکانى دەدرێتەوە و ئازاد
دەکرێت.
13- هەروەها لەبەروارى 26/6/2008 ( زیاد حوسێن) ئەندامى ستافى نوسینى
گۆڤارى خێزان بەهۆى بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕەخنەئامێز لەسەر بەرپرسان
لەلایەن کۆمەلێک چەکدارەوە لەشارى هەولێر بەسەیاریەکى جۆرى پیکاب هەوڵى
فڕاندنى دەدرێت بەڵام ، ناتونن دەستگیرى بکەن .
14- لەبەروارى 2/7/2008 هەردوو پەیامنێرى هاوڵاتى (شیرکۆ عبدالرحمان ،
جەبار عزیز ) لەکاتى ئامادەکرنى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەوانى لەناوچەى( بلێ و
بارزان) لەلایەن (ئاسایشى بلێ ) وە دەستگیر کران و ڕەوانەى ئاسایشى
قەزاى (مێرگە سۆر ) کران بۆ ماوەى چوار سەعات بەند کران و سەرجەم
شتەکانیان لێ سەنراو نوسراوى ناو میمۆریەکانیان و ڕسمەکانیان
دابەزاندنە سەر کۆمپیوتەرى ئاسایش و دواتر دواى پڕکردنەوەى فایلێک
بۆیان ئازاد کران ، شایەنى باسە هەردوو پەیامنێران باجى ڕسمى ڕۆژنامەى
هاوڵاتیان پێ بوو لەکاتى گرتنیاندا .
15- لەبەراوارى 27/8/2008 سەرنوسەرى رۆژنامەى )برەو) (مەریوان تۆفیق)
کەلەهەڵەبجەى تازە دەردەچێت ، بەهۆى بلاوکردنەوەى وێنەى شەهیدێک
وژیانامەکەى لەژمارە 13 رۆژنامەکە لەگۆشەى( گەپ) ى رۆژنامەکە لەلایەن
بنەماڵەکەیەوە داوى لەسەر تۆمار دەرکێت و لەکاتى چوونى بۆ بنکەى پۆلیس
راستەوخۆ بەند دەکرێت بۆماوەى شەش رۆَژ دواتر بەکەفالەتى (500) هەزار
دینار ئازاد دەکرێت .
16- لەسەعات نۆى شەوى 4-5/ 9/2008 هەمان رۆژنامەنووس (زیاد حوسێن (
ستافى نوسینى ( گۆڤارى خێزان ) ، لەشارى هەولێر بەهۆى بڵاو کردنەوەى
بابەت لەسەر تیرۆر و پەرپرسان و دەست درێژى کردنى سیکسى بەرپرسان بۆ
سەر کارمەندان لەلایەن ئۆتۆمبیلێکى جۆرى بیئێمى ڕەنگ سور پڕچەکدار
دەفڕێندرێت و لەڕێگەدا ناوبارو خۆى فڕێدەداتە خوارەوە ڕادەکات و خۆى
رزگار دەکات .
17- لە مانگى نۆڤەمبەرى 2008 لەسەر نووسینى ووتارێک لە رۆژنامەى
هاوڵاتى پزیشک (عادل حسێن ) کە رۆژنامەنووسیشە و بەرنامەیەکى هەمیشەیشى
لەکەناڵى نەورۆز هەیە دەستگیرکرا وحوکمى 6 مانگى بەسەردا درا بە پێى
یاساى سزادانى عێراقى (کار بەو یاسایە تازە نەکرا کەلەپەرلەمانى
کوردستان دارێژراوە و گرتنى رۆژنامەنووسانى تێدانیە ) .دواى هێشتنەوەى
بۆ ماوەى چواردە رۆژ لە بەندیخانەى ناوەندى هەولێر و دواتر بە
لێبوردنێک ئازاد کرا .
18- لەبەروارى چوارى نۆڤەمبەرى 2008 دادگا بەبێ ئەوەى رەچاوى یاساى
تازەى کارکردنى رۆژنامەنووسان بکات کە گرتنى رۆژنامەنووسى تێدانیە ،
بریارى بەندکردنى رۆژنامەنووس( شوان داودى ) دەردەکات کە سەرنووسەرى
رۆژنامەى هەواڵە .دواى بەندکردنى زیاتر لەهەفتەیەک پاشان ئازاد دەکرێت
.
حەوتەم : دەرکردن.
1- لەسەر بڵاو کردنەوەى بابەتێک لەژمارە (268) رۆژنامەى هاوڵاتى لەژێر
ناوى (سەرۆکى هەرێم بۆچى نایەت بۆ کەرکوک ) رۆژنامەنووس (کۆسرەت
عبدالرحمان) لە ( تەلەفزیۆنى بابەگوڕگور) ، کە تەلەفزیۆنێکى لۆکەڵە لە
شارى کەرکوک لەکارەکەى دوور خرایەوە .
2- رۆژنامەنوس (مەریوان نەقشبەندى) کە لە رۆژنامەى خەبات کارى دەکرد (رۆژنامەیەکى
رۆژانەیە و ئۆرگانى رەسمى PDK ) لەسەر بڵاوکردنەوەى بابەتێک لەرۆژنامەى
هاوڵاتى لەژیر ناوى (دکتۆرا لەماستاوکردن) لەلایەن رۆژنامەى خەباتەوە
لەکارەکەى دوور خرایەوە .
3- لە هەندێ دەزگاى تر بەتایبەت میدیا حیزبیەکان کۆمەڵێک رۆژنامەنووس
لەکارەکەیان دوورخرابوونەوە بەڵام زۆریان ئامادەنەبوون زانیارى وورد
بدەن بەتیمەکانمان تا ئێمە لەم راپۆرتەدا بڵاوى بکەینەوە .
ئەنستتیوتى کوردستان بۆ
مافەکانى مرۆڤ / عێراق هە رێمى کوردستان
Kurdistan
institute for Human Rights (KAHR) Iraq/Kurdistan
_____________________________________________
بۆ ناردنى هەرپێشێلکاریەک لە پێناو بەراپۆرتکردنى و
نەهێشتنى و رێگە گرتن لە دووبارەبوونەوەى تکایە پەیوەندى
بکەن بەم ئەدرێسەوە :
هەولێر : ئۆفیسى گشتى رێکخراو : ئەندازیاران شەقامى چل
مەترى –
بە ژمارە تەلەفۆنى
:0662536225
یان بە ژمارە مۆبایلى
:07504272229
یاخود ئیمەیلى :
kihr2005@yahoo.Com
|