٢٥\۴\٢٠١٠
رەوشى
رۆژنامەنووسیی لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى ساڵى ٢٠٠٩ دا.
سێهەمین راپۆرتى ساڵانەى
پڕۆگرامى میدیاى ئازاد
سەر بە
ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ (KIHR)
پێشەکى
رەوشى رۆژنامەنووسیی لە هەرێمى کوردستان
لەماوەى ساڵی 2009 دا ،رەوشێکى جیاوازترە لەساڵانى رابردوو، بەوەى کە
لەگەڵ زیادبوونى بەردەوامى ژمارەى دەزگاکانى راگەیاندن ،بە هەموو
جۆرەکانى بیستن و بینین و نوسراو و ئەلکترۆنیەوە، پێشێلکاریەکانیش دژ
بەماف و ئازادى رۆژنامەنووسان بەردەوامبوون لە زیاد بوونن ، چ فیزیکى و
جەستەیی چ مەعنەوى و دەروونى .ئەمەش زەنگێکى ترسناکە دژ بە مافەکانى
مرۆڤ و ئازادى رادەربڕین . لەماوەى ساڵى 2009 دا سەدان رۆژنامەنوس
راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەرێگەى ئیمەیل و ژمارە مۆبایلى تایبەتەوە
هەڕەشەى جۆراو جۆر تا رادەى کوشتیان لێکراوە، ئەمە جگە لەوەى
مامەڵەکردنى پۆلیس و ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەکاتى روودانى
کێشەکەکان زۆرجار مامەڵەیەکى نامرۆڤانە و نایاساییانەیە کەهەم دورە
لەئەخلاق و ئەرکى پیشەیی پۆلیس و کارمەندى دەوڵەت هەم تاسەرئێسقان
ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانى ئازادى رادەربڕین ، هەروەها رۆژنامەنووسان
لەماوەى ئەو ساڵەدا رووبەرووى چەندین بێڕێزى و مافشکاندن بوونەوە وەک :
گرتن و بەندکردن ، لێدان ،پێنەدانى زانیارى ، سوکایەتى کردن
بەرۆژنامەنووسان بەجیاوازى ناسنامەى و بیرورایانەوە ، لێزەوتکردنى کەل
وپەلەکانى کارکردنیان و هەندێ جار شکادنیان ، قەدەغەکردنیان لە
رووماڵکردنى هەندێ لەبابەت و پرسەجۆراوجۆرەکان، کۆکردنەوە و سوتاندنى
بڵاوکراوەکان لەبازار و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن هەروەک هەوڵدان بۆ
تیرۆرکردنى سەرنوسەرى گۆڤارى لڤین ، و فڕاندنى چەندین رۆژنامەنوس و ،
پێبژاردنى رۆژنامەى هاوڵاتى و ئاوێنە بەو ئەندازە زۆرە .....هتد .کەدەسەڵات
و ئازادى هەرێم دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
لەبەرامبەریشدا یاساى کارى رۆژنامەگەرى ژمارە -35- ى هەرێمى کوردستان
لەزۆر حاڵەتدا نە کارى پێکراوە، چ لەلایەن بەرپرسە ئەمنیەکانەوە و چ
لەلایەن هەندێ لەدادوەرەکانیشەوە ،و نە وەک پێویست دەسەڵاتى دادوەرى
بەدەم هاوار و کەیسەکانى رۆژنامەنووسانەوە چوە لەسەر یەکلاییکردنەوەیان
.
ئەم راپۆرتە کە سێهەم راپۆرتى دەزگاکەمانە (پرۆگرامى میدیاى ئازاد سەر
بە ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ KIHR) کە بەژمارە (67)کەیسى
لەخۆگرتوە لە هەرسێ پارێزگاکانى (هەولێر سلێمانى دهۆک ) لەماوەى
1-1-2009 تاوەکو 31-12-2009 .
وە لەکۆتاییدا هەندێ راسپاردە خراوەتە روو بۆ سنوور دانان بۆ بێرێزى و
پێشلێکارى بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان کە دواجار ئەم پێشێلکاریانە دژن
بەسەرجەم ماف و ئازادیەکانى کۆمەڵگە ى کوردستان .
ئێمەش لە ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ (KIHR) لەگەڵ ئەوەى کە
جارێکى تر زۆر بەتوندى ئەو پێشێلکاریانە ئیدانە دەکەین هیوادارین
هەرسێک سەرۆکایەتیەکەى کوردستان ( سەرۆکایەتى هەرێم – سەرۆکایەتى
پەرلەمان – سەرۆکایەتى حکومەت) بە بەرپرسیارێتى یاسایی و دیموکراسیانەى
خۆیان هەڵبستن لەو بارەیەوە و بەهەند زانیاریەکانى ناو ئەم راپۆرتە
وەربگرن و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانى بکەن و پێشێلکاران بدەنە دەست داد
و لێپرسینەوەى یاسایی .
یەکەم \هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن.
1- لە بەروارى 16-2-2008 باندێک دەستگیر کرا بەتۆمەتى پلان دانان بۆ
تیرۆرکردنى سەرنوسەرى (گۆڤارى لڤین) (ئەحمد میرە) لە19-4-2009 یەکەم
دانیشتنى دادگا دەستى پێکرد ، و دوا دانیشتنى دادگا لەبەروارى 9-8-2009
ئەنجامدار ، دادگا بڕیارى دا سزاى شەش ساڵ زیندانى بەسەر هەردوو
تاونبار ( بورهان تەها، وەستاعلى کەبابچى) بسەپێنێت، بەلام( ابراهیم )
یەکێکە لەپلان داڕیژەرەکانى کارەکە دادگا بڕیارى ئازادکردنى دا.
بەبێئەوەى دادگا ئەوە روون بکاتەوە کە چ کەس و لایەنێک لە پشت ئەو
هەوڵى تیرۆرکردنەوە بووە . تادواتر دۆسیەى دادگایان بۆ بکرێتەوە .
دووەم \سوتاندنى چاپکراو.
2- لەبەروارى 23-6-2009 کاتژمێر یەکى دواى نێوەڕۆ لە(شارۆچکەى زاخۆ)
دواى دەرچونى ژمارە(94) (گۆڤارى لڤین) لەلایەن ئاسایشى ئەو شارۆچکەیەوە
سەرجەم ژمارەکانى گۆڤارەکە کۆکرایەوەو سوتێندرا، شایەنى ئاماژەپێدانە،
سوتاندنى گۆڤارى لڤین پەیوەست بووە بەو بابەتانەى کەلەو ژمارەیەدا
بڵاوکرابوونەوە، بەتایبەت دیمانەکەى ئەمیندارى گشتى یەکگرتوى ئیسلامى.
3- لەبەروارى 23/7/2009 لەشارى کەلار لەلایەن چەند گەنجێکەوە کتێبەکانى
نوسەر و رۆشنبیر( د.فەرهاد پیرباڵ) سوتێندران، هۆکارى سوتاندنى
کتێبەکانى ئەو نوسەرە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیرى ئەو لەکاندیدى لیستى
کوردستانى بۆ سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان کە بەرێز (مسعود بارزانى )
بوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم کە لەبەروارى 25-7- 2009 لە هەرێمى
کوردستان ئەنجامدرا .
4- لەشەوى 1/2 - 10-2009 کاتژمێر (2:20 ) خولەک لەشارى سلێمانى
ئۆتۆمبیلى (بەختیار سەعید) رۆژنامەنووس و نوسەر سوتێندرا، بەبۆچونى
نوسەر سوتانى سەیارەکەى دەگەرێتەوە بۆ ئەوبۆچونانەى ناوبراو لەکەناڵە
جیاجیاکانى کوردستان سەبارەت بەمەسەلەى گەندەڵى و ئازادى رادەربڕین....هتد
دەریبڕیوە.
بەگوتەى بەختیار سەعید هەردوو دەزگاى پاراستنى (PDK) و دەزگاى زانیارى
(PUK) لەپشت سوتاندنى ئۆتۆمبیلەکەیەوەن ، و هەربۆیە لەبەروارى 2-
10-2009 لەبنکەى پۆلیسى ئازادى شارى سلێمانى داواى یاسایی لەسەر ئەو
دوو دەزگایە تۆمار کرد.
سێهەم \ دەستگیرکردن.
5- لەبەروارى 12-8-2009 (ئاکۆ محمد) سەرنوسەرى رۆژنامەى روداو لەلایەن
پۆلیسى هەولێر دەستگیردەکرێت لەسەر بڵاوکردنەوەى شیعریکى (د. مغدید
سەپان) لەژمارە ( 48 )ى (رۆژنامەى روداو) ،ئەو رۆژنامەنوسە بەپێى یاسای
سزادانى عێراقى مامەڵەى لەگەڵدا کراوە نەک بەپێى یاسای کارى
رۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستان .
6- لەبەروارى 23-6-2009 (بڕوا ئەحمد ) خاوەنى کتێبخانەى مەتین
لەشارۆچکەى زاخۆ، لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ماوەى 24کاتژمێر دەستگیرکرا،
بەهۆى فرۆشتنى گۆڤارى لڤین لەکتێبخانەکەیدا ، دواى شەو رۆژێک مانەوە
لەبەندیخانەى ئاسایشدا، بەومەرجە ئازاد کرا کەجارێکى تر گۆڤارى لڤین
نەهێنێتەوە بۆ کتێبخانەکەى و نەیفرۆشێت.
7- لەشەوى 17/18-2-2009 رۆژنامەنوس (عمر علی خدر) ناسراو بە(عمر چاوشین)
لەکاتى ئەنجام دانى کارى رۆژنامەنوسی لەلایەن ئەفسەرێکى ئاسایش لەناو
نەخۆشخانەى گشتى رانیە مۆبایلى لێدەسێندرێت و دەبرێتە ئاسایشى رانیە و
دواى هێشتنەوەى بۆماوەى 40 خولەک ئازاد دەکرێت.
8- لەبەروارى 2-6-2009 رۆژنامەنوس (هەڵۆ خەلیل کاکەوەیس ) ،بەهۆى
ئامادەکردنى راپۆرتێک لەژیرناوى پەیوەندى نێوان پارتى و یەکێتى و حزبی
بەعس بۆ رۆژنامەى گەنجانى سەربەخۆ، لەلایەن ئاسایشى هەولێر بۆماوەى
چەند کاتژمێریک گیراوە و هەڕەشەى لێکراوەو رووبەڕوى ئازارى دەرونى
کراوەتەوە.
9- لەبەروارى 18-7-2009 هەردوو پەیامنێرى رۆژنامەى هاوڵاتى (هەڵوێست
عوسمان، رێباز ئەحمد) لەکاتى ئامادەکردنى راپۆرتێک لەسەر خۆپیشاندانى
خەڵکى بیارە لەلایەن ئاسایشى بیارەوە بۆ ماوەى نیو سەعات دەستگیردەکرێن
و کامێراو مۆبایلیان لێدەسەندرێت.
10- لەبەروارى 12-8-2009 رۆژنامەنوس (نورەدین وەیسى) سەرۆکى ئەنجومەنى
بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى راگەیاندنى رووداو لەلایەن پۆلیسى هەولێر
دەستگیردەکرێت لەسەر بڵاوکردنەوەى شێعرێکى( د.سەپان مغدید) لەژمارە (
48) رۆژنامەى رووداو ،ئەو رۆژنامەنوسەش وەک سەرنووسەرى هەمان رۆژنامە
بەپێى یاسای سزادانى عێراقى مامەڵەى لەگەڵدا کراوە نەک بەپێى یاسای
کارى رۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستان .
11- لە بەروارى 18-4-2009 بەهۆى بڵاوکردنەوەى ووتارێک لەسەر (چنار
سەعد) وەزیرى پێشوى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لەلایەن
رۆژنامەنوس (ناێح عبدولڕەحیم ڕەشید) لە سایتى کوردستان پۆست ، لە ڕۆژى
20-5-2008 لە بنکەى پۆلیسى تەیراوە (وەزیرى پێشووى شەهیدان ) سکاڵایەکى
یاسایی لەسەر رۆژنامەنوس تۆمار کردو لەڕۆژى 25-8-2008 بە پێى ماددەى
238 لەیاساى سزادانى عێراقى فرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەچووە و پۆلیسى
تەیراواش لە ڕۆژى 12-10-2008 فرمانى دەستگیرکردنى رۆژنامەنوس
لەهەولێرەوە دەنێرێت بۆ بەڕیوبەرایەتى پۆلیسى هەڵەبجە پۆلیسى هەڵەبجە
لە ڕۆژى 14-4-2009 (چوار شەممە)لەگەڵ گەیشتنى فرمانەکە هەڵدەکوتنە سەر
رۆژنامەنوس و دەستگیرى دەکەن پاش سێ رۆژ ئازاد دەکرێت ، لەیەکەم
دانیشتنى دادگای لەبەروارى 17-10-2009 لەهەولێر رۆژنامەنوس بەکەفالەتى
یەک ملیۆن دینار ئازاد دەکرێت.
12- لەبەروارى 18-3-2009 رۆژنامەنووس (سۆران عمر) سەرنوسەرى پێشوى
گۆڤارى رێگا لەلایەن پۆلیسى سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێت ، بەهۆى
تۆمارکردنى دوو داواى یاسایی بەهۆى بڵاو کردنەوەى بابەتێک لەسەر
شارەوانى چوارقوڕنە لەژمارە (7)ى (گۆڤارى رێگا)،کەئەو دوو داوایە
لەلایەن ئەندازیارێک و هاوڵاتییەکى چوارقوڕنە تۆمارکرابوون، (سۆران عمر
) بۆماوەى (6) کاتژمێر لەپۆلیسى گرتن و گواستنەوە دەست بەسەر کرا،
هەمان شەو گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى رانیە، کاتژمێر (11
شەو) بەکەفالەتى( 2 میلۆن ) ئازادکراوە ، تارۆژى دادگایى کردنەکە .
13- لە بەروارى 17-5-2009 لە سەر رێگاى نێوان سۆران _خەلیفان، لەکاتى
ئەنجامدانى کارى رۆژنامەنوسى، مەفرەزەیەکى ئاسایشى خەلیفان پەیامنێرى
رادیۆى نەوا لە دەڤەرى سۆران ( ئیسماعیل محەمەد) دەستگیردەکات و دواى
سوکایەتى پێکردن، دەیگوازنەوە بۆ ئاسایشى خەلیفان، بۆماوەى (1 )
کاتژمێر لەئاسایشى خەلیفان دەست بەسەر دەکرێت و دواتر ئازاددەکرێت.
14- لەبەروارى 2/ 7/ 2009 تیمێکى کەناڵى ئاسمانى KNN لەکاتى
ڕووماڵکردنى کێشەى نیشتەجێبونى گەڕەکى قالاوە لەشارى سلێمانى کە
خۆپیشاندانێکیکان بۆ بەردەم بارەگاى سکرتاریەتى (PUK) ئەنجامدابوو ،
لەلایەن پاسەوانەکانى سکرتاریەتەوە هەریەک لەرۆژنامەنوسان (بڕیار نامیق
) پەیامنێر، (ڕەنج عمر) کامێرەمان، بۆماوەى 40خولەک دەستگیرکران،
کامیراکەیان لێسەندرا ، و دواى ئازادکردنیشیان کاسێتەکانیان
پێنەدرایەوە .
15- رۆژنامەنوس (ناێح عبدولرەحیم ڕەشید) پەیامنێرى گۆڤارى پرێس و
گۆڤارى رێگا لە شارى هەڵەبجە بەهۆى بڵاوکردنەوەى ووتارێک لەسایتى
کوردستان پۆست لەبەروارى 10-1-2009 لەژێر ناوى ( لقى 12 پارتى و ناوچەى
هەڵەبجەى پارتى پڕە لەخائین و خۆفرۆش و جاش و بەعسی ) لەلایەن لق و
ناوچەى هەڵەبجەى پارتى و کادیرەکانى سەر لق و ناوچە سکاڵایان لەسەر
رۆژنامەنوس تۆمار کرد ، ڕۆژى 18-1-2009 دەبرێتە دادگاى هەڵەبجە و پاش
وەرگرتنى سکاڵا دادوەر بڕیارى زیندانى کردنى دەدات ،ئەو رۆژنامەنوسە لە
18-1 بۆ 21-1 زیندانى دەکرێت و دواتر بە کەفالەتى 1 ملیۆن دینار ئازاد
دەکرێت .
چوارەم \ لێدان و سووکایەتیپێکردن.
16- دوا نێوەڕۆى رۆژى 29-10-2009 لەبەردەم نوسینگەى (گۆڤارى جیهان)
چەند کەسێکى نەناسراو هێرش دەکەنە سەر (نەبەز گۆران) سەرنوسەرى گۆڤارى
جیهان ، بەسەختى بریندارى دەکەن، سوکایەتى پێ دەکەن، لەکاتى لێدانى
لەلایەن ئەو سێ کەسەوە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کەئەوە باجى
نوسینەکانیەتى.
17- لەبەروارى 23-7-2009 رۆژنامەنوس (ئاڕاڵ کاکەمین ئەمجەد ) پەیامنێرى
(رۆژنامەى ئاوێنە) لەگەڕەکى ئیسکانى شارى هەولێر سەعات 11ى شەو لەکاتى
وێنەگرتنى کاروانێکى لایەنگرانى لیستى گۆڕان ، کەدەبێتە کێشەیان لەگەڵ
بانگەشەکرانى لیستى کوردستان . لەو کاتەدا وێنەى ئەو پشێویە دەگرێت و
بەڵام هەوادارانى لیستى کوردستانى هێرش دەکەنە سەر رۆژنامەنوسەکە
کامێراکەى لێدەسەنن و نایدەنەوە.
18- (سەرباز سیامەند) پەیامنێری رۆژنامەی ئاڵای ئازادی لەبەروارى
13-2-2009 ، لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکى ڕۆژنامەنوسی لەلایەن
ئاسایشی هەولێر رێگرى لێدەکرێت و کامێراو ریکۆردەری لێدەسێندرێت،
دواتر بۆی دەگەڕێندرێتەوە.
19- (هێرش تۆفیق ئەمین) رۆژنامەنوسی سەربەخۆ لەکاتى ئەنجامدانى کارى
رۆژنامەنوسی لەشەقڵاوە لەبەروارى 28-3-2009 لەلایەن سێ ئاسایشى شەقڵاوە
هێرشى کراوەتە سەر و لێدراوە.
20- لەبەروارى 16-3-2009 رۆژنامەنوسی کەناڵى گەلى کوردستان (عبدالستار
محمد) لەلایەن پۆلیسێکى شارى دهۆک هێرشى دەکرێتەسەر و سەرى دەشکێندرێت
و زامدار دەکرێت .
21- (هێمن کریم) سەرنوسەرى گۆڤارى (کلیل) لەبەروارى 13-6-2009 بەهۆى
بڵاوکردنەوەى زانیارى ڕەخنەئامێز لەگۆڤارەکەیاندا لەلایەن چەند کەسێکى
نەناسراو لەپشت ئوتێل پاڵاسى سلێمانى هێرشى دەکرێتەسەر و لێى دەدەن و
زامدارى دەکەن.
22- شەوى 34-7-2009 تیمێکى کەناڵى ئاسمانى KNN کەپێک هاتبون لە( ئاسۆ
جەمال موختار لێپرسراوى بەشى کامیرا)، (محمد خەلیفە) کامیرەمان، (رێباز
على ) کامیرەمان ، لەگەڕەکى تویمەلیکى شارى سلێمانى لەکاتى ئەنجامدانى
کارى رۆژنامەوانى خۆیان، لەلایەن پاسەوانەکانى وەزیرى پێشمەرگەو پۆلیس
و ئاسایش، رووبەڕوى لێدان و گرتن و بریندارکردن بوونەوە، لە لێدانى ئەو
رۆژنامەوانانە ئامێرى تەزووى کارەبایی بەکار هاتووە، بەقۆناغە تفەنگ
لێیان دراوە، بەکلکى دەمانچە ئازاریان پێگەێندراوە، دواى لێدان و
بریندارکردنیان بران بۆنەخۆشخانە بۆتیمارکردن بۆماوەیەک لەنەخۆشخانە
مانەوە، تاچەند رۆژێک شوێنەوارى برینەکان بەجەستەیانەوە دیاربووە.
23- پەیامنێری (کەناڵی ئاسمانی کوردستان ) (هەردی ئەبوبەکر)رۆژی
31-3-2009 لەلایەن بەرێوەبەری ناحیەى قەرەهەنجیر هەڕەشەی
لێدەکرێت و لەلایەن پاسەوانەکانی بەڕێوەبەرى ناحیە هێرش
دەکرێتەسەر رۆژنامەنووسەکە و لێى دەدرێت .
24- رۆژنامەنووس (کاروان ستار رەفیق) پەیامنێری (کەناڵی
ئازادی-کەرکوک) ، رۆژی 17-5-2009 لەلایەن پۆلیسی شاری کەرکوک دەست
درێژی کرایە سەرو ڕووبەڕووى ئازارى دەرونى بویەوە.
25- رۆژى 25-7-2009 ، لەرۆژى بەڕێوەچونى هەڵبژاردنى گشتى سەرۆکایەتى و
پەرلەمانى کوردستان ، لەشارۆچکەى سۆران ،( رەفعەت محمد قادر ) وێنەگرى
تەلەفزیۆنى یەکگرتوو، لەکاتى ڕوماڵکردنى پرۆسەى هەڵبژاردن، لەبەردەم
یەکێک لەبنکەکانى دەنگدان لەلایەن چەند گەنجێکەوە هێرش دەکرێتە سەرى،
لەبەرچاوى پۆلیسى بنکەکە، کامێراکەى لێ دەسندرێت. بەپێى گوتەى بەرپرسی
راگەیاندنى یەکگرتوو ئەو کەسانەى ئەو کارەیان ئەنجام داوە کۆمەڵێک گەنج
بوون، بەڵام نازاندرێت سەر بەچ رێکخراوێکى دیاریکراو یان حزبێکى دیارى
کراوبوون، تائێستا نەبکەرەکانى ئەو کردوەیە دەستگیرکراون ، نەکامێراکە
گەڕێندراوەتەوە بۆ تیمى تەلەفیزیۆنى یەکگرتوو، لەکاتێکدا ئەو تیمە
هەموو پێداویستیەکى یاسایی و رۆژنامەوانیان پێبووە.
26- لەبەروارى 25-7-2010 لە کاتى بەرێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى
پەرلەمانى کوردستان ء سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا، بەمەبەستى رووماڵکردنى
هەواڵ و وێنەگرتنى دیمەنەکانى هەڵبژاردن لەو شوێنانەى کە لەلایەن
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانەوە رێگا بە رۆژنامەنووسانى و کەناڵەکانى
راگەیاندن درابوو، پەیامنێرى" رۆژنامەى کۆمەڵ و سایتى کۆمەڵنیوز"(
شاخەوان عەلى دەروێش ) لە بنکەى قوتابخانەى ئەحمەدى خانى بنەڕەتى
شارۆچکەى خورماڵ ، بەڕێوەبەرى بنکەکە چەند پۆلیسێک بانگ دەکات و بەزۆر
کامیراکە لەو رۆژنامەنوسە دەستێنن .
27- شەوى 26/27- 7-2009 لەهەولێر کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر
بارەگاى مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو، تەقەیان لەبورجى کەناڵى ئاسمانى سپێدە
کرد، بورجەکە زەرەرى پێگەیشت.بەرپرسی راگەیاندنى یەکگرتوى ئیسلامى
دەڵێت " حکومەت دەزانێت ئەو کەسانە کێن، راستەوخۆ سەرۆکى حکومەت و
وەزیرى ناوخۆ ئاگادرى ئەو ڕووداوەن ، سەرۆکى حکومەت بڕیارى داوە
ئیجرائاتى قانونى لەگەڵ ئەنجامدەرانى ئەو کارە بکات"
28- 2لەشەوى 26/27-7-2009 کۆمەڵێک گەنج و چەکدار هەڵدەکوتنە سەر
بارەگاى کەناڵى ئاسمانى KNN لەشارى هەولێر .ئەمەش دەبێتە هۆى خراپ
کردنى بیناکە و زەرەردان لەپێداویستیەکانى کەناڵەکە.
پێنجەم \ راپێچکردن بەرەو دادگاکان.
29- لەسەر بڵاو کردنەوەى بابەتێک لەژێرناونیشانى ( کێ بانکى هەڵەبجەى
بڕى) لەژمارە (91 گۆڤارى لڤین ) لەبەروارى 15-3- 2009 بڵاوکراوەتەوە،
لەرۆژی 20/3/2009 (پانزە داوای یاسایی) لەلایەن خەڵکانێکی جۆراوجۆر
وەکو پێشمەرگەی دێرین و بنەماڵەی شەهیدان….هتد، لەسەر سەرنوسەرى
گۆڤارى لڤین(احمد میرە) تۆمار کراوە.
30- سەرنووسەری مانگەنامەی ئەمڕۆ (لاوان ئەحمەد) رۆژی 26-1-2009
بەبیانوى ئەوەى لەژمارە(29) (تەشهیر)ى بە هاوڵاتییەکى کەلار کردوە،
ئەو هاوڵاتییە لە پۆلیسی کەلار سکاڵایەکی یاسایی لەسەر
رۆژنامەنووس تۆمارکرد.
31- لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژمارە (425)ی رۆژنامەی
رۆژنامە لەژێرناوى (بودجەی شارێک بۆ سەنتەرێک سەرف دەکرێت)،
بەروارى 23-2-2009 (قائیمقامی قەزاى دەربەندیخان) سکاڵایەکی یاسایی
لەسەر رۆژنامەنووس (حوسێن لەتیف) تۆمارکرد، دواتر دادوەر بەبڕی
(5.000.000) پێنج ملیۆن دینار بەکەفالەت ئەو رۆژنامەنووسەی تا
رۆژی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرد.
32- بەهۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵێک لەسەر ئازاد کردنى (تاونبار تاریق
رەمەزان) لەلایەن ئاسایشى هەرێم و تۆمەتبارکردنى چەند بەرپرسێک بەوەى
کە دەستیان لەئازادکردنیدا هەیە لەبەروارى 15-6-2009 لەدادگاى سلیمانى
(شاناز ابراهیم) داوایەکى یاسای لەسەر سەرنوسەرى گۆڤارى لڤین( احمد
میرە) تۆمار دەکات .
33- بەهۆى بڵاوبونەوەى بابەتێک لەژێرناوى(سۆسیالست لەبەردەم
هەڵوەشانەوە و دابەشبوندایە بە سەر پارتى و یەکیەتیدا) لەژمارە 106
گۆڤارى لڤین ، مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالست لەبەروارى 17-11-2009
داوایەکى یاسای لەدادگاى سلێمانى لەسەرگۆڤارى لڤین تۆمار دەکەن .
34- لە بەروارى 8-3-2009 رۆژنامەنووس (بورهان قادر) پەیامنێری
رۆژنامەی هاوڵاتی لەلایەن بنکەی پۆلیسی شادی بڕیاری دەستگیرکردنى
دراوە دواتر ئەو بڕیارە بەسەر سەرجەم بازگەکان و بنکەى پۆلیسەکان دا
بڵاوکراوەتەوە بەمەبەستى دەستگیرکردنى رۆژنامەنوس.
35- بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لەژێرناوى (تۆمەتبارێک لەدەست
حەوت پۆلیس رادەکات) لە رۆژنامەی (ئاوێر) لەبەروارى
2-5-2009سکاڵایەکی یاسایی لەسەر سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە
تۆمارکراو دواتر بەبڕی (3.000.000) سێ ملیۆن دینار کەفالەت تاکو
رۆژی دەستپێکردنی دادگایی کردنەکە ئازادکرا.
36- رۆژنامەنووس (کاوە نادر) رۆژی 21-6-2009 لەلایەن هاوڵاتییەکى
شارى سلێمانى بەناوى (ئەمەل یاسین) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
سلێمانی داوایەکی یاسایی لەسەر تۆمار کراوە.گوایە بێرێزى بەرامبەر
کراوە .
37- رۆژنامەنووس (ئاکۆ محمد ) سەرنوسەرى پێشوى رۆژنامەى میدیا بەهۆى
بڵاوکردنەوە هەواڵێک لەژمارە(317) داوایەکى یاسای لەلایەن (بهرام محمد)
لەدادگاى هەولێر لەسەر تۆمار دەکرێت بۆ ماوەى یەک ساڵە تائیستا
دادگایەکە بەردەوامە داواکار داواى 250 ملیۆن دینار لە رۆژنامەنوس
دەکات.
38- لەبەروارى 31-8-2009 سەرنوسەرى (گۆڤارى خەڵک ) لەلایەن بنکەى
پۆلیسى بەختیارى سلێمانى دەستگیرکرا ، بەهۆى بڵاو کردنەوەى بابەتێک
لەژمارە (9)ى گۆڤارەکە ،کەلەسەر ئەو بابەتە( قادرى حاجى علی)
کەبەرپرسێکى باڵاى بزووتنەوەى گۆرانە، سکاڵاى لەسەر تۆمار کردبوو.
39- لەبەروارى 5-11-2009 سەرۆکى لیستى کوردستانى لەپەرلەمانى
کوردستان(سۆزان خاڵە شەهاب) داوایەکى یاسایی لەسەر سەرنوسەرى گۆڤارى
چرکە (محمد فەریق) لەبنکەى پۆلیسى عەنکاوە لەهەولێر تۆمار دەکات ،
بەهۆى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لەژمارە (23) گۆڤارەکەدا دواتر بەهەوڵى
چەند کەسێک کێشەکە چارەسەر کرا.
40- لەبەروارى 14-8-2009 بەهۆى بڵاوکردنەوەى چەند بابەتێک لەسەر ژمارە(
7 )ى (گۆڤارى رێگا) داوایەکى یاسایی لەسەر سەرنوسەرى گۆڤار(سۆران عمر )
تۆمارکرا لەلایەن (محمود سەنگاوى )کەبەرپرسێکى (PUK) .
41- بەهۆى بڵاوکردنەوەى موچەى مانگانەى سەرۆکى هەرێم لەژمارە 104
گۆڤارى لڤین دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و داواکارى گشتى 20-10-2009
لەدادگاى کەنتى هەولێر داوایەکى یاسایی لەسەر گۆڤارەکە تۆماردەکەن .
بەگوتەى سەرنوسەرى گۆڤارى لڤین (احمد میرە ) دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم
بەیاننامەیەکى هەرەشەئامیزى لەسەر گۆڤارى لڤین بڵاو کردۆتەوە .
42- لەبەروارى 23-9-2009 دادگاى سەیدسادق لەسەر بڵاو کردنەوەى مەلەفى
داداگا لەژمارە (8) گۆڤارى رێگا داوایەکى یاسایی لەسەر سەرنوسەر (سۆران
عمر ) تۆمار کردوە .
43- لەبەروارى 20-1-2009 دواى بڵاوبونەوەى راپۆرتێکى رۆژنامەنوسی
لەلایەن پەیامنێرى رۆژنامەى کوردستانى نوێ لە قەزاى چۆمان. (مستەفا
محەمەد) لە (ژمارە 4778 کوردستانى نوێ) لەسەر کێشەى داخستنى قوتابخانەى
بێخۆڵانى بنەڕەتى لە قەزاى چۆمان، کە لە بەشێکى راپۆرتەکە (فرۆشتنى
زەوى قوتابخانەکە لە لایەن قائیمقام و شارەوانى لە سەر زارى هاوڵاتیان
خرابووە روو) لە لایەن قائیمقامى قەزاى چۆمان سکاڵایەکى یاسایی لە
دادگاى بەرایى چۆمان لەسەر ناوبراو تۆمار کرا ، بەڵام تاکو ئێستا
کێشەکە لە لایەن دادگاى چۆمان یەکلاى نەکراوەتەوە.
شەشەم \ پێبژاردن.
44- دواى بڵاو بونەوەى ڕاپۆرتێکى (مایکڵ ڕۆبن)کە توێژەرێکى ئەمریکیە،
لەژمارە(( 387ى رۆژنامەى هاوڵاتى لەبەروارى 13/1/2008 لەلایەن بەرێز
(جەلال تاڵەبانى ) سەرۆک کۆمارى عیراق سکاڵا لەسەر مایکل رۆبن و
سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوڵاتى (عبد عارف ( لە( دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ
)لەشارى بەغداد تۆمار دەکرێت دواتر داواکە لەو دادگایە دەگوازرێتەوە بۆ
داداگاى سلێمانى ، لەبەروارى 4/1/2008 سەرنوسەرى هاوڵاتى بانگهێشتى
دادگا دەکرێت و بەکەفالەت ئازاددەکرێت، لەکۆتا دانیشتى دادگا لەبەروارى
15/3/2009 دادگای سلێمانی بەبڕی (13.000.000) سێزدە ملیۆن دینار
هەفتەنامەی هاوڵاتی و سەرنووسەرەکەی سزادا .
45- بەروارى 15-2-2009 دادگای بەرایی کۆیە بڕیاری غەرامەکردنى
رۆژنامەنووس(شوان محمد) سەرنووسەری (رۆژنامەى ئاوێنە) یدا بە بڕی
(3،000،000) سێ ملیۆن دینار بەهۆى ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە
ئامادەنەبوو سەرچاوەیەکی هەواڵ ئاشکرا بکات.
46- رۆژنامەنووس (اسماعیل ابراهیم) سەرنوسەرى هەفتەنامەى زارى کرمانجى
لەسۆران لەبەروارى 18-5-2009 بەهۆى بڵاوکردنەوەى مانشێتى ژمارە(150)ى
رۆژنامەکە لەژێر ناوى (50ملیۆن دینار لەکاتى نۆژەنکردنەوەى مەڵبەندى 3ى
کۆمەڵى ئیسلامى دیارنامێنێت)
مەلبەندى (3) ى کۆمەڵى ئیسلامى داوایەکى یاسایی لەدادگاى بەرایی سۆران
لەسەر سەرنوسەر تۆماردەکات و دادگاش بڕیارى غەرامەکردنى سەرنوسەر
دەدات.
47- بەهۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵێک لەژمارە (47)ى رۆژنامەى پڕووشە
لەبەروارى 15-2-2009 ، دوازدە پۆلیسى بنکەى سەروچاوە داوایەکى یاساییان
لەدادگاى بەرایی رانیە لەسەر رۆژنامەکە تۆمار کرد، دادگاش لەبەروارى
6-10-2009 بەبڕى (2) ملیۆن دینار (عبداللە حمد عبداللە)سەرنوسەرى
رۆژنامەکەو (کاوە چکۆل) خاوەنى ئیمتیاز پێبژارد، لەکاتێکدا رۆژنامەکە
دوومانگ پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە وەستێندرابوو.
حەوتەم \ بێبەشکردن.
48- لە بەروارى 14-6-2009 پەیامنێری تەلەفزیۆنی یەکگرتوو (رێمان
ئیحسان) لەکاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەنووسی لەلایەن ئاسایشی
ئامێدی کامێراکەی لێ سەندراو رێگرى کارى رۆژنامەنوسی لێکراوە، دواتر
کامێراکەى بۆ گەڕیندراوەتەوە.
49- (سامان بەشارەتى) پەیامنێرىKNN لەشارى هەولێر لەگەڵ کامێرەمان
(امیر ئەبوبەکر) لەکاتى ئامادەکردنى راپۆرتێک لەسەر پێشینەى خانوبەرە
لەبەروارى 11-8-2009 لەلایەن هێزەکانى زێرەڤانى رێگریان لێکراوە و لە
بانکى رەشیدى هەولێر دەرکراون، زێرەڤانى هەڕەشەى لەو هاوڵاتیانەش کردوە
کەقسەیان بۆکەناڵەکە کردوە.
50- لەبەروارى 13-2-2009 رۆژنامەنوس (ئەبوبەکر فارس سەلیم )لە
(رۆژنامەى بارزان) لەکاتى ئەنجامدانى کارى رۆژنامەنوسی لەلایەن
بەڕیوەبەرى پۆلیسى هەولێر( عەمید عبدالخالق) رێگرى کارى رۆژنامەنوسی
لێکراوە کامیراو تەزجیلى لێسەندراوە .
51- (ئاڵا لەتیف) پەیامنێرى (رۆژنامەى هاوڵاتى ) لەکاتى ئەنجامدانى
کارى رۆژنامەنوسی لەبەروارى 25-7-2009 لەلایەن پۆلیسى شارى سلێمانییەوە
رێگرى کارى رۆژنامەنوسی لێکراوە.
52- (محمد تەها) لە(رۆژنامەى ئەڤڕۆ) لەکاتى ئامادەکردنى راپۆرتێک لەسەر
خۆپیشاندانى خەڵکى گوندى دێرەلوک لەبەروارى 12-6-2009 لەلایەن ئاسایشى
ئاکرێ رێگرى کارى رۆژنامەنوسی لێدەکرێت .
53- (ئەحمد فارس حمدامین) پەیامنێرى KNNو کامیرەمان (فرسەت جەعفەر)
لەبەروارى 22-11-2009 لەکاتى ئامادەکردنى ریپۆرتاژێک لەناحیەى حاجی
ئۆمەران ، لەلایەن ئاسایشەوە رێگریان لێکراوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا
کراوە ، ئاسایشى حاجى ئۆمەران ناوى ئەو شوفێرانەیان نوسیوە کەقسەیان
بۆکەناڵەکە کردوە.
54- بەرواری 23/5/2009 رۆژنامەنوس ( سەباح عەلی قارەمان) بۆ
ئامادەکردنى راپۆرتێکى رۆژنامەنوسی و ئاڕاستەکردنى چەند پرسیارێک
لە(عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆکى حکومەتى کابینەى پێنجەم ) سەردانى هۆڵی
ڕۆشنبیری کفری دەکات، بەڵام لەبەردەم هۆڵەکە پاسەوانێکی عیماد ئەحمەد
رێگەى چونە ژورەوەى لیدەگرێت لەگەڵ ئەوەى ئەو رۆژنامەنوسە هەموو
پێداویستییەکى یاسایی و باجى رۆژنامەنوسی پیشانى ئەو پاسەوانە دەدات
بەڵام پاسەوانەکانى ئەو بەرپرسە رێگەى ئەنجام دانى کارى رۆژنامەنوسی
لێدەگرن.
55- بەروارى 2-8-2009 چەند تیمێکى کەنالەکانى KNN) (و رۆژنامەى رۆژنامە
، کەناڵى ئاسمانى پەیام، بێبەش دەکرێن لەبەشدارى کردنیان لەکۆنگرى
رۆژنامەوانى نورى مالیکى و بارزانى وتاڵەبانى، لەدووکان. دواى ئەوەى
پاسەوانەکانى سکرتاریەتى یەکیەتى نیشتمانى بۆ ماوەى 5 کاتژمێر ئەو تیمە
رۆژنامەوانییە رادەگرن ، دواتر رێگەیان نادەن بەشدار بن لەکۆبوەنەوەکە،
بەهۆى ئەوەى لەکاتى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى وپەرلەمانى هەرێمى
کوردستان رەخنەیان لە پرۆسەى هەڵبژاردن گرتووە، هەروەها سەر بە لیستە
جیاجیاکانى دەرەوەى دەسەڵاتن .
هەشتەم \ فڕاندن.
56- لە بەروارى 6-10-2009 (دڵشاد سەلیم) پەیامنێرى (رۆژنامەى ئاوێنە)
لەشارۆچکەى هەریر لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراو بە ئۆتۆمبیلێکى جۆرى
بیى ئێم دەبلیوو دەفڕێندرێت ، دواى ئازاردانێکى زۆر لەدەشتى هەریر فرێ
دەدرێت .هۆکارى فڕاندنەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بابەت و کارە
رۆژنامەنوسیەکانى ناوبراو لەرابردوودا، کەبەناوى جیاجیا
بڵاویکردونەتەوە.
57- لەبەروارى 14-9-2009 نوسەر و چالاکوانى بوارى مافى مرۆڤ ،بەرپرسی
رێکخراوى NPA لە شارى سلێمانى(سۆران عبدالقادر کۆستە ) لەشوێنى
کارکردنى خۆى لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە دەڕفیندرێت ، دواتر
لە 17-2-2009 دواى ئازار و لێدان و سوکایەتپێکردنێکى زۆر لەکەرکوک
ئازاد دەکرێت. ناوبراو هاوسەرى (خەندان محمد جەزا) ی نوسەرى کتێبی (
ئۆقیانوسێک لەتاوان)ە،بەگوتەى خەندان خۆى و هاوسەرەکەى دواى نوسینى ئەو
کتێبە چەندین جار رووبەڕوى هەڕەشە بونەتەوە.
نۆهەم \ گیران و بەندکردن.
58- لەبەروارى 5-12-2009 رۆژنامەنوس (ئەرسەلان محمود ) سەرنوسەرى
(رۆژنامەى رۆماڵ نیوز) و ئەندامى مەکتەبی لقی 11ى پارتى دیموکراتى
کوردستان ، دواى ئەوەى لەلایەن مەکتەب سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان
بانگهێشتى هەولێر دەکرێت، دیار نامێنێت، بەپێى زانیاریەکان لەلایەن
مەکتەب سیاسی پارتییەوە دەستگیر کراوە، دواى دوو مانگ لەدەست گیر کردنى
ئازاد کرا، بە ووتەى خۆى هەموو ئیمتیازەکانى کادیرایەتى پارتى
لیسەندراوەتەوە و لەلق دەرکراوە.
59- بەروارى 7-1-2009 رۆژنامەنووس (جاسم محمد حسن) بەرپرسى
راگەیاندنى مەڵبەندى زاخۆى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بەهۆى
پەخشکردنى تەلەفیزیۆنەکەیان بۆماوەى چەند کاتژمێرێک ،بەبڕیارى
دادوەرى لێکۆڵینەوەى زاخۆ بەپێى ماددەى (240) ى یاساى سزاکانى
عیراقی بۆ ماوەى شەش رۆژ زیندانى کرا .
60- رۆژنامەنووس (ئاکۆ شوانی) پەیامنێری رۆژنامەى ئاوێنە لەبەروارى
16-2-2009 لەکاتى ئەنجامدانى کارى رۆژنامەنوسی لەلایەن ئاسایشى
چەمچەماڵەوە بۆ ماوەی (5) کاتژمێر دەستگیردەکرێت ودەخرێتە
گرتووخانەی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
61- سەرنووسەری گۆڤاری (رێلاو)لەچەمچەماڵ (شێرکۆ محمد مستەفا)رۆژی
11-5-2009 لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی
(48) لە یاسای سزاکانی عێراقی بۆ ماوەی هەشت رۆژ لە لایەن پۆلیسەوە
دەگیرێت ، هۆکارى گرتنەکەشى دەگەڕێتوە بۆئەوەى لەنوسینێکدا هێرشى
کردۆتە سەر ئاین.
62- بەهۆى بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە(سایتى ئاکانیوز) رۆژنامەنووس
(لەزگین جوقی)لەبەروارى 31-3-2009 بەبڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی
دهۆک بەپێی ماددەی (433) لەیاسای سزاکانی عێراقی و لەشاری دهۆک
بۆماوەی یەک رۆژ دەستگیرکرا .
63- لە بەروارى 26-2-2009 رۆژنامەنووس (جاسم محمد) بەرپرسى
راگەیاندنى مەڵبەندى زاخۆى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بەپێی
ماددەی (211) لەیاسای سزاکانی عێراقی بەبڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی
زاخۆ بۆماوەی سێ رۆژ دەستگیرکرا، هۆکارى دەستگیرکردنى ئەو
رۆژنامەنوسە دەگەڕێتەوە بۆ دیمانیەک کەلەلایەن رۆژنامەى ئاوێنەوە
لەگەڵیدا سازدرابوو لەرۆژی 1-3-2009 ئەو رۆژنامەنووسە بەکەفالەت
ئازادکرا دواتر لە بەروارى 6-5-2009 دۆسیەکە لەبەرژەوەندی
رۆژنامەنووسەکە کۆتای هاتو کەسیەکە بەیەکجارى داخرا.
64- لەبەروارى 28- 1-2009 رۆژنامەنوس (کاوە گەرمیانى) لەسەر
بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتێک لە سەر نەخۆشخانەى گشتیی کەلار،کە لە ژمارەى
(2)گۆڤارى (خەون) زیندانى دەکرێت لەبەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی کەلار شەش
رۆژ لەزیندان دەهێڵرێتەوە، لەم ماوەیەدا بۆ دوو کاتژمێر خراوەتە
زیندانى تاکە کەسییەوە،سەرەڕاى زیندانى کردن ،پۆلیسەکان سووکایەتییان
پێکردوە.
ناوبراو بەپێی ماددەى (433)ى یاساى عێراقى تایبەت بە (تۆمەتى
چەواشە)تەوقیف کراوە کە لە سەردەمى رژێمى بەعسدا ئەو یاسایە کارى
پێکراوە،لەکاتێکدا هێشتا تۆمەتبار بوە و هیچى بەسەردا ساغ
نەبۆتەوە،کەچی وەکو تاوانبارێک مامەڵەى لەگەڵدا کراوە، بەبێ
لێکۆڵینەوەى دادگا خراوەتە زیندان.
دهیهم \ بڕینى بودجە و داخستنى میدیا.
65- لەبەروارى 14- 7-2009 ، بەهۆى بڵاوکردنەوەى دیمانەیەکى (د.هەلۆ
ابراهیم احمد )کاندیدى سەرۆکایەتى هەرێم، بۆ هەڵبژاردنى 25-7-2009،
لەرۆژنامەى بارزان، وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم بریارى دا بودجەى
رۆژنامەکە ببڕدرێت، ئەمەش بوە هۆى وەستانى رۆژنامەکە بۆ ماوەى دوو مانگ
.
66- بەهۆى کەم و کوڕى یەوە دارایی و ئیداریەوە لە رۆژنامەى پڕووشە
لەرانیە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم لەبەروارى 7-8-2009 بودجەى
رۆژنامەکەى بڕی و دواى دەرچونى (58) ژمارە ڕۆژنامەکە وەستا .
یازدهم \ هەرەشەکردن و سووکایەتیپێکردن.
67- لەبەروارى 15-12-2009 لەکاتى ئەمادەکردنى هەواڵێک لەسەر ئەوەى کەوا
پۆلیسى ئەنتەرپوڵ بەدواى تاوانباریکدا دەگەرێت لەقەلادزێ ، بەژمارەى
تایبەت هەڕەشە لەهەردوو رۆژنامەنوس (عمر چاوشین، فرمان چۆمانى )
پەیامنێرانى (رۆژنامەى دەستور ) لەرانیە و قەلادزێ دەکرێت، پیان
دەگوترێت ئەگەر واز لەو کارە نەهێنن تۆڵەیان لێدەکرێتەوە.
ئەمە جگە لەو هەرەشە زۆرانەى بەمۆبایل و بەئیمەیل لەرۆژنامەنووسان
کراوە یان سوکایەتیان پێکراوە کە لەبەر زۆرى و ساغنەبوونەوەى هەموویان
یان دووبارەبوونەوەیان لێرەدا تۆماریان ناکەین .
راسپاردە :
لەکۆتاییدا ئەم چەند راسپاردە و پێشنیارە دەخەینە روو کە بە برواى ئێمە
چارەسەرێکى یەکلاکەرەوەى پرسى پێشێلکاریەکانە دژ بە رۆژنامەنووسان
لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان :
1- پێکهێنانى لیژنەیەک لەسەرۆکایەتیەکانى کوردستان بۆ بەدواداچوونى
پرسى پێشێلکارى بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان
2- گشتاندنى یاساى رۆژنامەگەرى بۆ هەموو دادوەرەکان و دەزگا ئەمنیەکان
3- کردنەوەى کەناڵى دایەلۆگى راستەوخۆ لەنێوان بەرپرسان و
رۆژنامەنووساندا و بەتایبەت بوونى رۆژێک مانگانە بۆ دیدار لەگەڵ
رۆژنامەنووسان لەلایەن بەڕێزان لە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى کوردستان
(سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکى هەرێم، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران)
4- لێپرسینەوەى یاسایی و دەستەبەجێ لەهەموو ئەو بەرپرس و پلەدار و کەس
و لایەنانەى بێ یاسایی و پێشێلکارى بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکەن .
5- پەرەپێدانى شەفافیەت و پێدانى زانیارى بەرۆژنامەنووسان لەلایەن
دەزگا حکومیەکانەوە .
6- جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە ستاندەر و بنەما رەوشتى و
یاساییەکانى پیشەى رۆژنامەنووسى .
پرۆفایلى( KIHR).
KIHR)) رێکخراوێکى ناحکومى سەربەخۆیە کار دەکات لە پێناو چاودێریکردن و
پاراستن و پەرەپێدانى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسى .پێنج پرۆگرام و بەشى
هەیە کە کارى لەسەر دەکات و بریتین لە :
1- پرۆگرامى مافەکانى مرۆڤ
2- پرۆگرامى میدیاى ئازاد
3- پرۆگرامى دژایەتى گەندەڵى
4- پرۆگرامى توانسازى و گەنجان
5- پرۆگرامى پەرەپێدانى کۆمەڵگاى مەدەنى
(KIHR) لەماوەى ساڵانى رابردوودا بە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دەزگا
نێودەوڵەتیەکان و هەندێ لە وەزارەتەکانى حکومەتى کوردستان چەندەها
پرۆژەى گرنگى پەرەپێدانى لەو پێنج بوارەى سەرەوە ئەنجامداوە و ئێستاش
بەردەوامە.
پرۆگرامى میدیاى ئازادیش لەسەر دوو ستراتیژیەت کاردەکات :
یەکەم : چاودێریکردن و پاراستن و پەرەپێدانى مافەکانى رۆژنامەنووسان
بەپێى ستاندەرە جیهانیەکان .
دووەم : کارکردن بۆ پەرەپێدانى توانا و لێهاتنەکانى رۆژنامەنووسان .
بۆ ناردنى هەرپێشێلکاریەک لە پێناو
بەراپۆرتکردنى و نەهێشتنى و رێگە گرتن لە دووبارەبوونەوەى تکایە
پەیوەندى بکەن بەم ئەدرێسەوە :
هەولێر : ئۆفیسى گشتى رێکخراو : ئەندازیاران شەقامى چل مەترى.
یان بە ژمارەتەلەفۆنى : 0662536225
یان بە ژمارە مۆبایلى :07504272229
یاخود ئیمەیلى :
kihr2005@yahoo.Com
___________________________________
ناونیشان: هەولێر
- ئەندازیاران شەقامى چل مەترى،سەرەتاى شەقامى سمکۆ مەنتک.
مۆبایل:
9647504272229 00
تەلەفۆن:
00964662536225
E.mail:mrovsalary@yahoo.com
www.mrovsalary.com
|