١٧\٩\٢٠١٦
رەخنەگرانی
سینەمای جیهان فیلمی ''تەپڵ''یان بە باش نرخاند.
مەنسوور جیهانی
رەخنەگرانی
سینەمای جیهان فیلمی سینەمایی "تەپڵ" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد
کەیوان کەریمی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز"یان بە باش
نرخاند.
فیلمی سینەمایی "تەپڵ" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی فیلمسازیی بانەیی
کەیوان کەریمی لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی
"هەفتەی ڕەخنەگران" لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن
پەیامنێران، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانی سینەمای جیهانەوە پێشوازیی
باشی لێکرا و رەخنەی پۆزێتیڤ و جۆراوجۆری لە دەزگا راگەیاندنە
نێودەوڵەتییەکان بەدواوە بوو، لەوانە: ماڵپەڕی رۆژنامەی ئیتالیایی
"مانیفێست"، گۆڤاریی ئەمەریکی "هافینگتۆن پۆست"، رۆژنامەی ئیتاڵی
"مانیفێستۆ"، ماڵپەڕی یەکێتی نەتەوەیی رەخنەگرانی سینەمای ئیتاڵیا، "ژان
میشێل فرۆدۆن" رخنەگری فەڕەنسی و سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری ناوداریی "کایە
دۆ سینەما"، "مارکۆ رامانگا" لە ماڵپەڕی سینەمایی "سینە لێپسۆس"
و هەروەها چەندین رەخنەگر و نووسەری سینەمایی دیکە.
گۆڤاریی ئەمەریکی "هافینگتۆن پۆست" لە وتارێکی تێرووتەسەلدا کە ئاماژەی
بە ناوەرۆک و رەخنەی فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز"
کردووە و سەبارەت بە فیلمی "تەپڵ" نووسیوییەتی: وێنەگرتنی فیلمی "تەپڵ"
رەش و سپییە و بە وردەکاریی سەرووتر لە چیرۆکەکەیەوە، حاڵەتێکی شهوودی
و ئیلاهیانەی هەیە. لە ناو دەنگە شاراوەکاندا هەموو شتێک لە دەنگی
تەپڵەکان لە رێوڕەسمی بەڕێکردنیی تەرمەوە تاکوو هێرشی هێرشبەران بۆ
ماڵەکە، تەنانەت میاواندنی پشیلەکە، هاتنەدەرەوەی لە زبڵەکان لە لای
چەپی فرەیمەکەوە، ئێگجار نایاب و سەریرە.
لە وتارێکی دیکەدا کە لە ماڵپەڕی یەکێتی نەتەوەیی رەخنەگرانی سینەمای
ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە، دوای بە نایاب زانینی فیلمەکە دەنووسێت: "تەپڵ"
فیلمێکی تێرووتەسەل بە هێزێکی دەربڕینی باڵاوەیە کە واقعێکی سیاسی ـ
کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو کە رەنگە نموونەیمان لە ناو سینەمای دڕامای
ئێراندا نەبینیبێت.
"ژان میشێل فرۆدۆن" لە رەخنەگرە بەئەزموون و بەئاگا لە بواری سینەمادا
سەبارەت بە تەپڵ" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی کەیوان کەریمی دەنووسێت:
ئەم فیلمە، تێکەڵاوێکە لە پلان ـ سێکانسە رەش و سپییەکان و هیپنۆتیزم
ئاسا کە وێنەیەکە بە شێوەی چیرۆکێکی پۆلیسی و غەریب و پڕنهێنی و
درەوشاوە! ئەم فیلمە زۆر جیاوازە لەوانەی کە تا ئێستا لە سینەمای ئێران
بینیومانە و ئەگەر بمانەوێت بەشوێن بەراوردکردندابین زیاتر لە
بەرهەمەکانی "بێلا تار"ەوە نزیکە. فیلمەکەی کیوان لە "هەفتەی رەخنەگران"
لە فیستیڤاڵی فیلمی "ڤێنیز" نمایشکرا و رەنگە گرینگترین فیلمی ئەمساڵی
فیستیڤاڵ بێت.
"مارکۆ رامانگا" لە ماڵپەڕی سینەمایی "سینە لێپسۆس" سەبارەت بە فیلمی "تەپڵ"
نووسیوییەتی: تایبەتمەندیی سەرەکیی فیلمەکە، ئەو دینامیکەیت و ئەو
دڵەیە کە لە هەناویدا لێدەدات. تەعەدا و چاوپۆشییە لەو فۆرمە باوەی "بێلا
تار" کە بێگومان لاسایی ناکرێتەوە بەڵکوو دەرهاویشتەی بەستێنێکی
تایبەتی جوگرافی و واقیعییە.
رەخنەگری رۆژنامەی ئیتاڵی "مانیفێستۆ" فیلمی "تەپڵ" بە شاکاریی "پیاوی
سێیەم" لە دەرهێنانی "کارۆٍل رید" هەڵسەنگاندووە و نووسیوییەتی:
فیلمەکە لە رەهەندە میتافیزییەکەی رەنگە رەش و سپییەکەیدا تەموومژاوییە،
تەنیا کەسایەتیی سەرەکیی نییە کە سەرلێشێواوە، بەڵکوو کامێڕاکەش
بەجووڵەی هێواش و دەستەمۆنەکراوەکەی گێژ بووە، وەکوو ئەو کاتەی لە
پەنجەرەی ماڵەکە دەچێتە دەرەوە و تەپڵژەنەکان دەدۆزێتەوە. لە سێکانسی
دواتردا، دەنگەکان بە شێوەی بەردەوام بە بەکراوندا دووپات دەبنەوە،
وەکوو چپەیەک و سرتەیەک. رێکخستنی ناو فرەیمی فیلمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی
ئەم فیلمە شیعرێکی مۆدێڕنی سەرسووڕهێنەر و لە هەمان کاتیشدا بێ کۆتایی
بێت ... لە یەک وشەدا: سینەما.
حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە نمایشی
بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی
و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٣١ی ئاب تا ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە شاری
ڤێنیز لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://ilmanifesto.info/keywan-karimi-nel-limbo-iraniano
http://www.huffingtonpost.com/e-nina-rothe/the-venice-diaries-2016-s_b_11863486.html
http://blog.slate.fr/projection-publique/2016/09/06/mostra-2016
http://www.cinecriticaweb.it/film/drum-tabl-sic2016
بەڕێوەبەرایهتی راگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی ''تەپڵ''
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|