٦\٦\٢٠١٧
رەخنەگری كوردی.

ئەرسەلان مەحمود
ئەگەر رەخنە هەڵسەنگاندنی بەهاو دیاریكردنی بنەما بێت، ئەوا كاری
رەخنەگر بزوێنەرو كارتێكەری چالاكییە مرۆییەكانە، ئیشكردنە لەسەر
ساغكردنەوەو تەتەڵەكردنی ئەو بەهاو شتە مرۆییانەی بەلای تاك و
كۆمەڵگەكەیەوە گرینگ و هەستیارو چارەنووسسازن، نەك وەك ئەوەی
لەكوردەواریدا دەگوزەرێت، ئەوەتا لەدیاردەیش تێیپەڕاندووە، ئاوتكردنی
بنەما زانستیەكانی رەخنەو، دوركەوتنەوە لەكاری رەخنەگرانەی
عەقلانیگەراو، ئیشكردنی لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆزگەرایی خەڵك، بووە
بەشای هەر شتك لەپراكتیكدا، بێگومان هەموو ئەمانەیش لەژێر بالۆرەو ناوی
بەرژەوەندییە گشتیەكاندا، دژو دوژمنایەتی جوانییەكان بەناوی
جوانیەكانەوە دەكرێت، یارو نەیاری جیاوازییەكان بەناوی جیاوازییەكانەوە
دەكرێت، بەژێر لێوی رەخنەوە لەكرۆكی رەخنە دەدرێت!!
بەم عیبارەتە، رەخنەگر ئەگەر بەبنەما پیشەگەر رەخنەگریش نەبێ، لانیكەم
دەبێ شارەزای ئەو بوارە بێت دەیخاتە بەر نەشتەری رەخنەگەركارییەوە،
هەر هیچنەبێ دەبێت پشت بەستووبێت بەداتاو زانیارییە تایبەت و
هەمەكییەكانی پەیوەست بەباس و ڕوداوی هەڵوەستە لەسەر كراو، خۆ دەبێت
توانای جیاكاری و بەراوردكاری و لەمەحكدانی سەرو بۆرو سەراوی هەبێت،
رەخنە لەغیابی ئەمانەدا یەكێتیەكانی دەرئەنجام و بەرهەم لەدەست دەداو،
ناتوانێ ئامانجەكەی بپێكێت، ناتوانێ ئارامبەخش بێ و، ژاوە ژاو دروست
دەكاو خوڵقێنێت، هەروەك ئەوەی ئەمڕۆ فەزای شارو شەقامی ئەم وڵاتەی
ئێمەی پەرت و پەرێشانكردوە !!
كورد، جگە لەوەی"ڕەنگە هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم" رەخنەگری پیشەگەری هەر
نییە، نووسەرو ڕۆژنامەوانەكانی، ڕوناكبیرو ئەندێشەمەندەكانی، زانستگەو
ئەكادیمیستەكانی، چالاكوانە مەدەنی و فەیسبووكەوانەكانی، میدیاو
ڕاگەیاندنەكانی، سیایەتكارو حوكمەتلیەكانی، پارلمانتارو تاك بەتاكەی
یەكە پێكهێنەرە كۆمەڵایەتییەكانی، ئەوەندەی عەفەوی و عەشوائی و
عاتیفیانە رەخنە دەگرن، هەزار هێندەیش لەگۆشە نیگایەكەوە تەسك و تروسك
و ڤایرۆساوی بەهزری قەوم و قەبیلەو حزب و ناوچەگەرایی، ئەوەی غائیبە
دیقەتە، ئەوەی نییە داتاو زانیارییە، ئەوەی بەدیناكرێت بابەتییەت و
نیەت باشییە لەرەخنەدا وەك مۆڕاڵ، ئامانجەكەیش یەك شتە: شكاندنی ئەوی
بەرامبەر، چونكە هەر كەس و لایەك سەركەوتنەكانی خۆی بەتەنها لەوەها
تێزێكدا دەبینێتەوە، ئەمەیش لەسادەترین مانادا، نیشانەی بەكۆتا هاتنی
توانستەكانە تەنانەت لەخودی ئەوانەیشدا پێیاندەوترێ سەركردە، نیشانەی
داڕمانی خۆلەخۆدای بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بەیەكتری وەك شارۆمەند، دەی
ئەگەر رەخنە بریتیبێت لەوەها غەوغاو غەبغەبەكی دەرون تێكدەرو دەرون
نەخۆش، ئەگەر بریتیبێت لەوەها فاڵگەرایی و فەوزایەك، ئەی تیرو تانە
چییە، ئەی تۆمەتبار كردنی بێ مروەتانە یانی چی، لەبەر ئەوە ئەمەی
بەناوی رەخنەوە دەخرێتە ڕوو، لەڕاستیدا رەخنە نیە، كاردانەوەیە،
ڕەتكردنەوەیە، نادیدگەرایی ئەوی بەرامبەرەو هیچی دی!!
دەمێك ساڵە وتوومە: كوردەواری لەم بەشە باشورییەیدا، كۆمەڵگەیەك نەماوە
مرۆیی، بێگومان بەمانا مەدەنییەكەی، ڕەنگكراوە، بەحزبی كراوە،
كۆمەڵگەیەكە مەسرەف و سەرف حزبی، بێگومان بەمانا كلاسیكییەكەی، لێرە
خەڵك ئامرازی خزمەتكردنی حزبە، ئەوەی وەسیلەی خزمەتكردنی خەڵك و
تەحقیقاتی ئامانجەكانی خەڵكە، هەرچییەك بێت حزب نیە، ئێستا لەم هەرێمی
كوردستانەدا یەكەی پێكهێنەری جڤاكی، تاك نیە، یەكەی دەستەجەمعییە،
زەردە، سەوزە، نیلییە، سورە، شینە، قاوەییە، ڕەشە، سپییە، نارنجییە
بێگومان بەعقڵیەتە ئوسوڵی و خێڵەكییەكەی، كەس بەدۆی خۆی ناڵێت ترینجاوە،
كەس ئاوڕ لەهیچی كەس ناداتەوە، لەكاتێكدا ئەم وڵاتە سەراپای
لەلیخناوێكدا خنكاوە، فەزایەك خولقاوە دۆگما، ئەوەی دێ گوێز
لەهەنبانەكەی خۆیەوە دەژمێرێت، لەكۆبوونەوەكاندا كۆك و لەدەرەوەی
دانیشتنەكان ناكۆك، وتیوتی و ڕیپۆرتكردنی یەكتری مۆدێلە، چونكە
لەئەساسیشدا چنینە هەر كەسەو سەرەكەی خۆی بەماندێللاو گیڤاراو ئەم و
ئەو دەچوێنێت، كەس شك نابەی لەخۆی بچێت، كەس نادۆزیتەوە بۆخۆی بچێت،
دەبنە ماركسیست كەچی خودی ماركس ئەوەندەی ئەمان شێلگیر نەبوو لەسەر
ماركسیزم، دەبنە ئیسلامی كەچی ئیسلامییەك نادۆزیتەوە هێندەی ئەمان
دەمارگیر بێت بەرامبەر بەچارەی میللەتەكەی، دەبنە قەومی، لەوسەر بۆهەتا
ئەوسەری دنیا تەیبكەی هیچ قەومییەك نابینینەتەوە ئەوەندە دژی خۆیی و
هێندەیش دۆست و ئەحبابی بێگانەو دوژمنەكانی بێت... هتد!!
هاوڕای نەبی ئەتكا بەدز، وەك ئەو بیرنەكەیتەوە، ئەتكا بەتیرۆرست، وەك
ئەو ئەدا نەكەی وێنات ئەكا بەخائین و خۆفرۆش و بەهیچ، بێ ئەوەی بەخۆمان
بزانین بووینەتە كویلەی هەناو ڕەشی خۆمان و دارو دەستەی میت و بەسیج،
ئەوەی سەدەها ساڵە فەرهەنگی دوفاق و چەقبەستوویی نەرێت نەیتوانی پێمان
بكات، تەواومان كرد، بەم نەفسە، بەم هەوەس و هەناسە پیسە،
لەئاسمانیشەوە بێنین و حوكممان بكات، لەوە باشتر نابێت حاڵی ئەم
كۆمەڵگەو خەڵكە عاقیبەت نەگبەت و بێ ئەدرەسە!!
ئەگەر ناتوانی زانستیانە رەخنە بگری، بیركارییانە بیگرە، ئەگەر ناتەوێ
عەقڵانە رەخنە بگری، ویژدانیانە بیگرە، ڕاستگۆبە، بەشێكبە
لەبەماناكردنەوەی ئەو هەموو بێ ماناییەی هەیە بێگومان بەهەڵێنجانەوەی
مانا، نەك بەژەهراویكردنی!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|