ڕه‌خنه له ئازادی وه‌هم لای به‌ختیار عه‌لی.
کازم قادر
له ژماره 434 و435ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بابه‌تێکی به‌ختیار عه‌لی به نێوی ( ده‌رباره‌ی عه‌قڵی ئازاد)به دوو به‌ش بڵاو کراوه‌ته‌وه.ئه‌گه‌رچی بابه‌ته‌که به نێوی(ده‌رباره‌ی عه‌قڵی ئازاد)وه‌یه،به‌ڵام زیاتر جه‌ختکردنه‌وه‌و مانادانه" به ئازادی و ئازادبوون".دوای خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که به‌باشمزانی له ڕوانگه‌یه‌کی لۆژیکییه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکی ئازادی بکه‌م و هه‌م ڕه‌خنه‌ی ئه‌و به‌هاو چه‌مکانه بکه‌م که له‌و بابه‌ته‌دا بۆ چه‌مکی ئازادی و ئازادبوون کراوه.سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ چه‌مکێک له ئازادی به ده‌سته‌وه بده‌م و پاشان بچمه سه‌ر لێکدانه‌وه‌و شیکاری ڕوانگه‌کانی به‌ختیار عه‌لی له په‌یوه‌ند به ئازادی و ئازادبوونه‌وه.
له‌م په‌یوه‌نده‌دا ئه‌م پرسیارانه گرنگ و جه‌وهه‌رین:ئازادی چییه؟ئایا ئێمه ده‌توانین ئازادی بناسین؟ئایا به بێ چه‌مکی ئازادیناسی ده‌توانین له ئازادی تێبگه‌ین؟(ئازادی وه‌ک خۆی)چه‌مکی ئازادیناسی کامه‌یه؟ وه ئایا کامه ڕوانگه‌و سیسته‌م ئێمه ده‌باته‌وه ئازادی؟به باوه‌ڕی من نه هه‌موو وه‌ڵامێک ده‌توانێ وه‌ڵامی( ئازادی چییه) بداته‌وه‌و نه هه‌موو فکرو فه‌لسه‌فه‌و سیسته‌مێک ئازادی پێیه.هه‌روه‌کو چۆن کۆیله‌بوون و کۆیله‌یه‌تی تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر سیسته‌مێکی چینایه‌تییه و ڕیشه‌کانی له کۆی ئه‌خلاق و کولتور‌و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودایه،به هه‌مانشێوه ئازادی و ئازادبوونیش ته‌نها له هه‌ناوی سیسته‌مێکی بێچیندایه‌و پایه‌و زه‌مینه‌و به‌هاکانیشی هه‌ر له‌وێدایه.سیفه‌تی کۆیله‌بوون له چوارچێوه دانانی مرۆڤه له ده‌ره‌وه‌ی ڕامان و جوڵه‌و کرداره ده‌ره‌کی و ناوه‌کییه‌کانی خۆی،وه‌ک چۆن ناتوانێت له باری مه‌عنه‌وییه‌وه هاواره ناوه‌کییه‌کانی خۆی پراکتیک بکات،هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ش له کایه‌کانی ئابووری و حقوقیدا وه‌کو مرۆڤێک نابه‌هره‌مه‌نده.ڕوانگه‌و سیسته‌می چینایه‌تی هه‌رگیز ناتوانێت نه‌ک ئازادی پێنێت،به‌ڵکو ناشتوانێت دیدێکی لۆژیکی له باره‌ی ئازادیناسییه‌وه پێشکه‌ش بکات.چوونکه له دیدی ئه‌ودا هه‌موو شتێک سنوورداره،سیاسه‌ت کولتور‌و ئه‌خلاق ماف و ئازادی،تا ئه‌و جێیه ڕێگه‌پێدراوه که گومان سه‌باره‌ت به بوونی ئه‌و دروست نه‌کاو بوونی نه‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.مرۆڤ له کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی_سه‌رمایه‌داریدا کاڵایه،ئه‌مه ساده‌ترین و لۆژیکیترین پێناسه‌یه له سیسته‌می چینایه‌تیدا بۆ مرۆڤ،"که‌سێک بۆچوونێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م لۆژیکه سه‌لمێنراوه+ی به کاڵابوونی مرۆڤ+ی هه‌بێت،نه ده‌توانێت له کۆیله‌یه‌تی تێبگاو نه ئازادیش ده‌ناسێت"،که‌واته کاڵا+هه‌ر شتێک بێت+ ئازاد نییه، مرۆڤ+یاخیترین فه‌رد -له ڕژێمی چینایه‌تیدا کۆیله‌یه،ده‌کرێت مرۆڤ وه‌کو فه‌رد له هه‌ندێ کایه‌و نه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی یاخی بێ و به‌شێکی سه‌رتاپاگیر نه‌بن له جووڵه‌و کردار‌و مۆراڵی ئه‌و،به‌ڵام نابێت له بیرمان بچێت دواجار مرۆڤ+فه‌رد له نێو کایه‌و په‌یوه‌ندییه‌کی گشتگیرترو کۆنکریتتردایه که سیسته‌مه.مرۆڤ ئه‌گه‌ر له ژیانی"تایبه‌تی'' خۆیدا خه‌ریکه موماره‌سه‌ی بڕیک له جووڵه‌و کردار‌و خولیاکانی خۆی ده‌کات،به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دنیا تایبه‌ته بچووکه کۆیله‌ی ماشێنێکی گه‌وره‌تره،که به بێ ویستی ئه‌و کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له سه‌ری هه‌یه‌و به ناچاریش له په‌یوه‌ندیدایه له گه‌ڵیا.
بۆ نمونه:مرۆڤ ''مرۆڤی ئازاد'' له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کار‌و خاوه‌ن کاردا ده‌توانێت چی بکات؟ڕێسای کار له شوێنێکیترو له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی بڕێک له مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا دامه‌زراوه که خاوه‌ن کار‌و سه‌رمایه‌داره.کار ئه‌گه‌ر له خۆیدا ئامانج و کرده‌یه‌ک بێت بۆ به‌رده‌وامی و جوان کردن و پێویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ،"ئه‌گه‌رچی له‌م سیسته‌مه‌دا به ڕواڵه‌ت هه‌مان ده‌لاله‌تی پێده‌به‌خشن"،به‌ڵام به عه‌مه‌لی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی کار‌و هێزی کاری زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانه بۆ قازانج،بۆ که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه.ڕێسای کار ئه‌وه دیاری ده‌کات مرۆڤ چۆن وچه‌ند کار بکاو له باتی فرۆشتنی هێزی کاری چه‌ندی پێبدرێت،نه‌ک ئه‌وه‌ی کار خۆی له خۆیدا پره‌نسیپێکی سیستماتیکی و ئه‌خلاقی مرۆیی بێت بۆ به‌رده‌وامی به ژیان و هه‌موو مرۆڤێک تێیدا مافی وه‌ک یه‌کی هه‌بێت.مارکس له بابه‌تێکیدا+کاری کرێگرته‌و سه‌رمایه"دا ده‌نووسێت:"کرێکار کار ده‌کا تا بژی،ئه‌و کار وه‌کو به‌شێک له ژیانی سه‌یر ناکات و زۆرتر له قوربانییه‌کانی نێو گۆڕه‌پانی ژیان ده‌چێ.کاره‌که‌شی کاڵایه‌که ده‌یدا به یه‌کێکی دیکه،هه‌ربۆیه ئه‌و شته‌ی که به‌رهه‌می دێنێ نابێ به ئامانجی هه‌ڵسوڕانی"(1)،جه‌خت هیمنه".ئازادی کرده‌یه‌کی ناوه‌کی نییه مرۆڤ له فه‌نتازیای خۆیدا بۆی بگه‌ڕێ و به ده‌ستی بێنێت،به‌ڵکو ئازادی گرێدراوی ره‌هه‌ندی مادی و حقوقییه که ده‌بێت بۆ هه‌موو مرۆڤێک وه‌کو یه‌ک ده‌سته‌به‌ر بکرێت،وه ده‌سته‌به‌رکردنی ماف و ئازادی ته‌واو ته‌نها له کۆمه‌ڵگایه‌کی بێچیندا پراکتیک ده‌کرێت.
ئێستا ده‌مه‌وێت به کورتی ئاماژه‌یه‌ک به ئازادی بکه‌م که ئایا ئازادی چییه؟پاشان ده‌چمه سه‌ر ڕوانگه‌کانی به‌ختیار عه‌لی له په‌یوه‌ند به ئازادی و ئازادبوونه‌وه.وه‌کو پێشتر گوتم ئێمه ئه‌گه‌ر ئازادیناس نه‌بین هه‌رگیز ناتوانین پێناسه‌ی ئازادیش بکه‌ین.
واته ئه‌گه‌ر وێنایه‌کی دروستمان بۆ خودی کرداره‌که نه‌بێت ناتوانین سیفه‌ته‌کانیشی بناسین.هه‌ڵبه‌ته چه‌مکی ئازادی یه‌کێکه له‌و پانتایی و کایه ئاڵۆزه یان"ئاڵۆزکراوه"که ده‌کرێت بێژین به ده‌یان وسه‌دان ته‌فسیرو مانا‌و سیفه‌تی جۆراوجۆری بۆ ده‌کرێ و درواته‌پاڵ.لێره‌دا پرسیارێک دێته گۆڕێ:ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا کامه له‌و تێز‌و مانا‌و سیفه‌تانه خودی ئازادییه؟ئایا له کۆی ئه‌و دیدو ڕوانگه جۆراوجۆر‌و زۆرجار دژ به‌یه‌کانه بۆ ئازادی،ناکرێت ته‌نها یه‌کێک له‌و چه‌مکانه دروست بمانباته‌وه ماڵی ئازادی؟ ئایا یه‌ک ئازادی هه‌یه یان چه‌ندین جۆر وه‌ک به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت؟ئایا ئازادی هیچ مه‌رجێک قه‌بوڵ ده‌کات؟ئایا ئازادی مه‌رجدار"هه‌ر مه‌رجێک بێت"ئازادییه؟به باوه‌ڕی من نه ئازادی هیچ مه‌رجێکی هه‌یه‌و نه ده‌بێت هیچ مه‌رجێکی بۆ دابنرێت، ته‌نانه‌ت دانانی خاڵێک له پشتی دوا حه‌رفی ئازادییه‌وه قرتاندنی به‌شێکی باڵی ئازادییه بۆ فڕین،هه‌روه‌کو چۆن قرتاندنی به‌شێکی باڵی باڵنده‌یه‌ک ده‌کرێت توانا‌و خولیای ئه‌و بۆ فڕین که‌م بکاته‌وه،دانانی مه‌رجێکیش بۆ ئازادی هه‌مان شته. مرۆڤ ده‌بێت له هه‌موو جووڵه‌و کردار‌و خولیا‌و ئاره‌زوویه‌کی ئازاد بێت،ده‌بێت له ئازادییه‌وه بڕیار بدا‌و هه‌ڵبژێرێت چی بکات،له ئازادییه‌وه دابه‌زێت بۆ نێو کردار‌و کایه‌کانی ژیان و وه‌ک قه‌واره‌و بوونێکی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ که ئامانج ته‌نها به‌شداریکردنێکی ئازادانه‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه،نه‌ک سیسته‌م و یاسا‌و ڕێسای کار‌و کولتور‌و نه‌رێتیی، ئازادی دیاری بکات.
هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ئه‌م بۆچوونه ته‌قلیدیی و ڕووکه‌شییه یه‌خه‌مان پێده‌گرێت،که هه‌موو ئه‌وانه‌ی+ له کۆلکه خوێنده‌وارێکه‌وه تا ده‌گاته"ڕۆشنبیرو ڕۆشنفکرو فه‌یله‌سوف"ی کورتبین و به‌رچاو ته‌نگ، که قه‌ت ناتوانن له ئازادی بگه‌ن، هاواریان لێبه‌رز ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێژن:ئه‌گه‌ر" ئازادی ڕه‌ها" هه‌بێت مرۆڤ تووشی خراپه‌کاری ده‌بێ و ئازادی خه‌ڵکیتر پێشێل ده‌کات،یان خه‌ڵکی کار ناکاو کۆمه‌ڵگا تووشی ته‌مبه‌ڵی و بێکاریی ده‌بێت.ئه‌م وێنه‌و بۆچوونانه،ئه‌م "ڕۆشنفکرو فه‌یله‌سوفانه"نه باوه‌ڕیان به ئازادی هه‌یه‌و نه ئازادی تێگه‌یشتوون،به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت هه‌تا ئه‌به‌د مرۆڤ کۆیله‌یه‌تی بژێت،چوونکه خاوه‌نی ئه‌م دیدو چه‌مکانه ناتوانن له‌و فه‌زاو پرۆسه‌و گه‌شه‌کردنه مێژوویی و فه‌رهه‌نگیی و ئه‌خلاقی و په‌روه‌رده‌ییه،که مرۆڤایه‌تی ده‌توانێت له ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنی خۆیدا،یان ڕوونترو دروستتر بێژم کاتێک سیسته‌می چینایه‌تی له نێو چووه تێبگه‌ن و ببینن. ئازادی یان ده‌بێت بێمه‌رج بێت یان بوونی نییه،یاخود له به‌رزترین ئاستیدا له سیسته‌می چینایه‌تیدا کورتترین مه‌ودای پێده‌درێت .به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر مرۆڤ باوه‌ڕی به دنیایه‌ک نه‌بوو که سته‌م و هه‌ڵاواردن له گۆڕێ نه‌بێت"دنیای"یه‌کسان"وه فه‌رهه‌نگ و په‌یوه‌ندی ومۆراڵێک که مرۆڤه‌کان له پرۆسه‌یه‌کی ته‌واو مرۆیی‌دا له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌یانبێت، وێنا نه‌کات،هه‌رگیز ناتوانێت تێ‌بگا ئازادی چییه؟کێشه‌ی "به‌ختیار عه‌لی"ش ئه‌وه‌یه که گاڵته‌ی به چه‌مکی عه‌داله‌ت و یه‌کسانی دێت،بۆیه ناشتوانێت هه‌رگیز ئازادیناس بێت.به‌ختیار عه‌لی له بابه‌تێکیتریدا له په‌یوه‌ند به"ئه‌لبێر کامۆ"وه(2) ده‌ڵێت:"ئه‌وه هێگڵه خورافه‌تێک ده‌هێنێته ناو فه‌لسه‌فه‌وه که ناوی خورافه‌تی دوا ئامانجه،مارکسیه‌کان ئه‌و تێزه‌یه هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌و به ناوی دروستکردنی پاشه‌ڕۆژه‌وه،به ناوی گه‌یشتن به به‌هه‌شت له دواهه‌مین قۆناغدا،سیاسه‌تێک ده‌هێننه دونیاوه مرۆڤ به ناوی دروستکردنی پاشه‌ڕۆژه‌وه ده‌توانێت بێپه‌روا دوژمنه‌کانی خۆی بکوژێت.ئیتر ئه‌م جۆره ئه‌خلاقه سیاسییه،که‌سانێک دروست ده‌کات سنوورێک ناناسن و نازانن له کوێدا ده‌بێت بوه‌ستن.ئیتر پرۆژه‌ی ئازادی ڕه‌ها به ملکه‌جی ڕه‌ها ته‌واو ده‌بێت،گه‌ڕان بۆ دواهه‌مین فۆڕمی ئازادی،بۆ حه‌قی ڕه‌ها، بۆ دواهه‌مین ئامانجی مێژوو،له کۆیله‌یه‌تی ڕه‌هاو زه‌لیلکردنی مرۆڤدا کۆتایی دێت".
له‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به ڕوونی ڕوانگه‌ی به‌ختیار له مه‌ڕ عه‌داله‌ت و "ئازادی ڕه‌ها"ده‌رده‌که‌وێت،وه‌کو دواتر پیشانی ده‌ده‌ین،دیدی که‌سێک بۆ عه‌داله‌ت و ئازادی ئه‌مه بێت بێگومان چه‌مکێکی لنگا‌وقووچیش بۆ ئازادی به‌یان ده‌کات.عه‌داله‌ت" ئازادی ڕه‌ها، به‌هه‌شت"ێک که مارکسیه‌کان هاوارو خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن،لای" به‌ختیار عه‌لی" خورافاته‌و به نابوتکردنی مرۆڤایه‌تی ته‌واو ده‌بێت.پرۆژه‌ی ئازادی ڕه‌هاو دواهه‌مین ئامانج"یه‌کسانی"به کۆیله‌یه‌تی ڕه‌هاو کوێربوونی مرۆڤ کۆتایی دێت.به‌ختیار ڕوونی ناکاته‌وه چۆن؟ئه‌و له هه‌رکوێدا پێی خۆشبێت ئه‌م قسانه ده‌کاو ده‌روات،ده‌ڕوات و ئاوڕێکی لێناداته‌وه.
وه‌ک ئه‌وه‌ی مێژووی خوێناوی و کووره‌ی مرۆڤ کوشتنی سیسته‌مه‌کانی چینایه‌تی مارکسییه‌کان خولقاندبێتیان،وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چه‌مکی عه‌داله‌ت و ئازادی ڕه‌های مارکسییه‌کان نه‌بێت ئیتر که‌سێک نییه‌و نامێنێت مرۆڤه‌کان بکوژێ و زه‌لیلو کوێریان بکاو له کۆیه‌له‌یه‌تی ڕه‌هادا ڕایانگرێت؟وه‌ک ئه‌وه‌ی دنیای ئه‌مڕۆ ئۆقیانوسێکی ئارام بێ و مارکسییه‌کانن خه‌ریکن بۆمبی ئه‌تۆمی تێده‌هاوێن.ئه‌گه‌ر گریمانێکی بێ‌مانا بهێنینه‌وه‌و بێژین:گریمان چه‌مکی عه‌داله‌ت و مارکس و کۆمۆنیزمیشمان له ژیان کرده ده‌ره‌وه،به‌ڵام ئایا هه‌ر به ڕاست شه‌ڕو کوشتارگه‌کان کۆتایی دێت؟"به‌ختیار"با یه‌ک نمونه‌مان بداتێ! به‌ختیار عه‌لی ڕقی له ووشه‌و چه‌مکی عه‌داله‌ته،ئه‌و پێی وایه ئه‌م چه‌مکه،ئه‌م هاواره سروشتی و مێژووییه‌ی مرۆڤ بۆ یه‌کسانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ بناغه‌ی مرۆیی خۆی،شووم و نه‌فره‌تییه،به‌ختیار به بێپه‌رده ئه‌مه ده‌ڵێت.ئه‌و له ڕۆمانی" شاری مۆسیقاره سپیه‌کان"یشدا لاپه‌ڕه(517)له ده‌می یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه ده‌بێژێت:"..ها تۆ پێم بڵیێ عه‌داله‌ت چییه؟جه‌لاده‌تی کۆتر، هیچ شتێک له خه‌ونی عه‌داله‌ت ترسناکتر نییه.عه‌داله‌تی ڕاسته‌قینه ئه‌م سه‌رزه‌مینه ده‌گۆڕێت بۆ جه‌هه‌نم..هیچ شتێک وه‌ک ئه‌م وشه‌یه زه‌وی پڕ نه‌کردووه له ئافات..عه‌داله‌ت ئینسان ده‌گێڕێته‌وه بۆ وه‌حشییه‌ت.عه‌داله‌ت وا ده‌کات ئیشی ئینسان له‌م سه‌ر ئه‌ستێره‌یه ببێته سزادان. سزادانێکێکی بێ‌کۆتایی..سزابدرێت و سزابدرێت،ئه‌وه‌یه عه‌داله‌ت".دیدو شه‌ڕی که‌سێک ئه‌مه بێت له گه‌ڵ عه‌داله‌ت هیچ سه‌یریش نییه شه‌ڕی مارکس بکات،له‌وانه‌یه بێژن ئه‌وه ڕۆمانه‌و ده‌کرێت قسه‌و دیدی خودی به‌ختیار عه‌لی نه‌بێت،به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه ڕاست نابێت،چوونکه دواجار به‌ختیار یاری و ڕۆڵه‌کان دیاری ده‌کات،خودی ئه‌و کاره‌کته‌ر دروست ده‌کاو بۆ ئامانج و مه‌به‌ستی جۆراوجۆر ئاراسته‌یان ده‌کات،ئه‌و"به‌ختیار"نایه‌ت چه‌مکی عه‌داله‌ت ئیبراز بکاو مانا‌و ده‌لاله‌تی جوان و ئامانجی مرۆیی پێببه‌خشێت،به‌ڵکو دێت ئه‌م خه‌ونه له مێژینه‌و مێژووییه‌ی مرۆڤ ده‌شکێنێت و ناشیرین و ریسوای ده‌کات،ئه‌وه‌یه کاره‌سات.
به‌ختیار عه‌لی چاو له کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی ئه‌مڕۆ ناکات چۆن له هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رو گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه مرۆڤ ڕه‌شه‌کوژی ده‌کرێت،شه‌ڕو برسێتی و بێ‌کاری و نه‌خؤشی و بێخانه‌و لانه‌یی که له سایه‌ی ئه‌م سیسته‌م و"ئازادی"ه‌دا به حه‌قی مرۆڤ ده‌کرێت.هیچی ئه‌مانه بابه‌تی پایه‌یی نین بۆ ئه‌و،باسێکی له سیسته‌می لنگا‌وقووچی سه‌رمایه‌داری نییه که هۆکاری هه‌موو ده‌ردو ئازار‌و ناعه‌داله‌تییه‌کانی مرۆڤایه‌تییه،که‌چی بێپه‌رده دێت و به بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕوون و لۆژیکی بۆ مارکس و بیروباوه‌ڕی ئه‌و هه‌بێ و کردبێت، یه‌خه‌ی مارکس ده‌گرێت و به توتالیتارو دژی ئازادی و سه‌رچاوه‌ی زه‌لیلی بۆ مرۆڤ بانگه‌واز ده‌کات.هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه نابێت که‌س ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌زنی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی مارکس بگرێت،خوێندنه‌وه‌ی مه‌نتقی و ڕه‌خنه‌ی فکری شتێکه‌و به‌رد هاویشتن شتێکیتره.به‌ختیار ئه‌گه‌رچی راشکاوانه ناته‌بایی و بێزاری قووڵی خۆی له مارکس له ئیده‌ی"توتالیتارو پاوانخوازی کۆمۆنیزم"ناشاریته‌وه‌و لێره‌و له‌وێ"سه‌رپێیی" ڕایده‌گه‌یه‌نێت،به‌ڵام ئه‌و شیوازه"به‌رد هاویشتن"ه هه‌رگیز ناکاته ڕه‌خنه‌ی فکری و فه‌لسه‌فی و مه‌نهه‌جی له مارکس. به‌ختیار عه‌لی ئه‌گه‌ر باسی شێخ سه‌عیدی پیران و قازی محه‌مه‌دو شێخ مه‌حمودی" نه‌مر"یش بکات ده‌بێت چه‌ند نوکته"بمبورن"له سه‌ر مارکس تێهه‌ڵکێش بکات.هه‌ڵبه‌ته به‌ختیار عه‌لی له سه‌ر زۆر کایه‌و ڕه‌هه‌ندی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فکری و تاد..بابه‌ت و نووسین و کتێب و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆری هه‌یه،من هه‌میشه ئه‌و پرسیاره ده‌که‌م:هۆی چییه له په‌یوه‌ند به مارکس ئه‌و فه‌لسه‌فه" پاوانخوازو دژی ئازادییه"که ئه‌و کێشه‌ی قووڵی له گه‌ڵیدا هه‌یه،بێجگه ڕسته‌و ده‌سته‌واژه‌ی کورت و به‌رد هاویشتن،بۆ نمونه کتێبێکی له سه‌ر نه‌نووسیوه؟
"به‌ختیار عه‌لی" ئاوا ده‌ست پێده‌کات:"هه‌موو شته‌کان له بیرکردنه‌وه له مانای ئازادییه‌وه ده‌ێنه ده‌رێ،له هه‌ر جێگایه‌کدا بیرکردنه‌وه له مانای ئازادی نه‌بوو،هیچی گرنگی دیکه‌ش نییه.بیرکردنه‌وه له ئازادی،نه‌وه‌ک دروشمی ئازادی ئه‌وه گرنگترین و سه‌ره‌کیترین جیاوازی نێوان کۆمه‌ڵگاو قۆناغه‌کانه،کۆمه‌ڵگا هه‌یه دروشمی ئازادی هه‌ڵده‌گرێت بێئه‌وه‌ی بیری لێبکاته‌وه، کۆمه‌ڵگاش هه‌یه ئازادی ده‌ژی و له ئازادی ڕاده‌مێنێت بێئه‌وه‌ی بیگۆڕێته سه‌ر دروشمی قه‌به‌و زل".
هه‌ڵبه‌ته به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ئازادی له لایه‌ن هه‌رکه‌س و گروپ و دیدو سیسته‌مێکه‌وه به‌رز بکریته‌وه‌و به‌رز کرابێته‌وه، بێ بیرکردنه‌وه‌و بێ پێدانی جۆرێک له مانا‌و ئاماژه نه‌بووه،که‌س ناتوانێت بڵێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ئه‌و دروشمه به‌رز ده‌که‌نه‌وه هه‌ر له خۆڕا بووه‌و چی مانایه‌کیان به‌و چه‌مکو شیعاره نه‌داوه.به‌ختیار لێره‌دا سه‌باره‌ت "بیرکردنه‌وه" یان" نه‌کردنه‌وه" له مانای ئازادی،ده‌که‌وێته هه‌ڵه‌و کێشه‌یه‌که‌وه که په‌یوه‌ندی به قسه‌کانی دواتریه‌وه هه‌یه که ده‌ڵێت:"مێووی ئێمه به کۆ له سه‌رده‌می بزاوتی ناسیونالی-مارکسی کوردییه‌وه تا ئه‌مڕۆو له کۆی به‌ره‌کانیدا مێژووی درۆکردن و خۆ دزینه‌وه‌یه له تیوریزاندنی ئه‌م چه‌مکه،مێژووی به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ئازادییه بێئه‌وه‌ی ئه‌م دروشمه له ڕاستیدا ناوه‌ڕۆکێکی هه‌بێت".
پێشتر گوتم به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه له هه‌رکه‌س و بزووتنه‌وه‌یه‌که‌وه بێت بێ بیرکردنه‌وه‌و مانا‌و ناوه‌ڕۆک و ئامانج نه‌بووه،به‌ڵام ئه‌وه‌ی"به‌خیار عه‌لی"ئه‌و مێژووه‌ی خۆیان" به درۆکردن و خۆدزینه‌وه‌ی له‌و چه‌مکه ده‌زانێت ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی بۆ سیسته‌می سیاسی و فکری و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و "بزاوته ناسیۆنالی+مارکسییه" بکات،که بۆچی درۆیان کردووه‌و یاخود ئه‌وان+ بزاوتی ناسیۆنالی مارکسی له سه‌ر چی سیسته‌مێکی فکری کاریان بۆ"ئازادی"کردووه.گرفته‌که له تیوریزه‌کردنی یان نه‌کردنی ئازادی‌دا نییه،که ئازادی بۆ خۆی پێویستی به تیوریزاندن نییه،که ته‌نانه‌ت گرێدروای هوشیاریش نییه،من دواتر له سه‌ر ئه‌وه ده‌دوێم که ئایا هوشیاری پێوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئازادی بژێ و ئایا ئازادی به بێ هوشیاربوون لێی، پراکتیک ده‌کرێت؟ هه‌ڵبه‌ته "هوشیاری به‌و مانایه‌ی که ئه‌مڕۆ به کاری دێنین".
به‌ختیار عه‌لی له چه‌ند شوێنی ئه‌م بابه‌ته‌یدا به ته‌عبیری جۆراوجۆر ئاماژه به "مێژووی ئێمه بزاوتی ئێمه‌و"و..تاد له په‌یوه‌یدی به ئازادییه‌وه ده‌کات،که به بۆچوونی من ئه‌و مێژووه‌ی "ئێمه"که‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به چه‌مکی ئازادییه‌وه نییه، نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی"ئێمه"ئازادیمان نه‌بووه‌و سه‌قه‌ت له‌و چه‌مکه تێگه‌یشتووین،به‌ڵکو له به‌ر ئه‌وه‌ی نێوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌و جه‌ختکردنه‌کانی' به‌ختیار عه‌لی"له سه‌ر خودی" ئازادی"یه،نه‌ک ئازادی له"وڵات و بزاوتی ئێمه"دا چۆن کاری بۆ کراوه؟ ته‌نانه‌ت ناونیشانی به‌شی یه‌که‌م و دووه‌می بابه‌ته‌که‌ش."ده‌رباره‌ی عه‌قڵی ئازاد‌و له وه‌ڵامی پرسیاری خوێنه‌رێکدا ده‌رباره‌ی وشه‌ی ئازاد"له گوزاره‌ی ڕۆژنامه‌ی ئازاد دا"،دیسان که‌مترین په‌یوه‌ندی به نێوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌وه هه‌یه که"ئازادی"یه.
به‌ختیار عه‌لی"ده‌بێژێت:".. کۆمه‌ڵگاش هه‌یه ئازادی ده‌ژی و له ئازادی ڕاده‌مێنێت بێئه‌وه‌ی بیگۆڕێته سه‌ر دروشمی قه‌به‌و زل" به‌ختیار عه‌لی''بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ک له سه‌ر وشه‌ی''ئازادی''دابنێت،ده‌بێژێت" کۆمه‌ڵگا هه‌یه ئازادی ده‌ژی.."هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستیشی له کۆمه‌ڵگای ئازادی وڵاتانی"پێشکه‌وتووی"ئه‌وروپاو ڕۆژئاوایه که به به‌راورد له گه‌ڵ وڵاتان و کیشوه‌ره‌کانی "دواکه‌وتوو"له پێشترن.به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه:ئایا به ڕاستی کۆمه‌ڵگا هه‌یه ئازادی بژی؟ئازادییه‌ک نا کلکو باڵی کرابێت، ئازادییه‌ک نا وه‌ک له‌قله‌قه‌که‌ی مه‌لا نه‌سره‌دین،کلکوباڵ و قاچ و ده‌نوکی له‌قله‌قه‌ی به مه‌قه‌س قرتاندبوو له سه‌ر مێزێک داینابوو ده‌یگوت:ئێستا له "مه‌ل" ده‌جێت.به‌لکو ئازادی وه‌ک خۆی.ئازادی ئه‌و کاته وه‌ک خۆیه‌تی،گرێدراوی هیچ هه‌ل و مه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی و..تاد،نه بێت،به‌ڵکو ده‌بێت له ئازادییه‌وه به‌شداری کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت.
ده‌بێژێت:"..وشه‌ی ئازادی ده‌بێته وشه‌یه‌کی ترسناک،به جۆره به‌لاغه‌تێکی کوشنده گه‌ر هاوشانی تێڕامانی فه‌لسه‌فه‌ی ڕاسته‌قینه نه‌بێت"،مه‌به‌ست له فه‌لسه‌فه‌ی ڕاسته‌قینه چییه؟کام ڕاسته‌قینه؟به‌ختیار ده‌بێژێت:"بۆ ئه‌وه‌ی قووڵترله كیشه‌که نزیک ببینه‌وه،ده‌بێت جیاکارییه‌کی گرنگ بکه‌ین له نێوان'ئازاد"و"ئازادی"دا،ئازادی سیفه‌تی فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، یان سیفه‌تی خواسته‌کانمانه بۆ ئازادبوون،به‌ڵام" ئازاد"سیفه‌تی عه‌قڵ و ئیراده‌ی مرۆڤی تاکه که ده‌توانێت ئازادی به کار بێنێت."ئازاد"سیفه‌تی ئازادییه کاتێک له عه‌قڵ و ئیراده‌ی مرۆڤدا به‌رجه‌سته ده‌بێت "."به‌ختیار" لێره‌دا کردار‌و سیفه‌ت وه‌ک "شتێک" له لایه‌ک لێک جیا ده‌کاته‌وه‌و ڕه‌وه‌ندیتری پێده‌داو له لایه‌کیتریشه‌وه،کرداری لێده‌بێته سیفه‌ت.ئه‌و ده‌ڵیت ئازادی سیفه‌تی فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه،که ئه‌وه پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته،واته ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ختیار وه‌رگرین ده‌بێت بێژین "فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی" سیفه‌تی ئازادییه"ئه‌گه‌ر ئازادی هه‌بێت"هه‌روه‌ها کاتێکیش ئازادی نییه،سیفه‌تی"فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی"دیلێتییه.ئه‌و له لایه‌ک ده‌بێژێت"ئازاد" سیفه‌تی"ئازادی"یه''ئه‌مه کێشه‌یه‌کی تێدا نییه''به‌ڵام له‌شوێنێکیتر "ئازادی" ده‌کاته سیفه‌ت وه‌ک پیشانماندا،له‌ولاشه‌وه"ئازاد" که سیفه‌تی"ئازادی"یه، ده‌یکاته سیفه‌تی عه‌قڵ و ئیراده، ئازاد سیفه‌تی ئازادییه‌و ته‌نها له په‌یوه‌یند به یه‌که‌وه مانا به‌رجه‌سته ده‌که‌ن.به‌ڵام به‌ختیار ده‌بێژێت" ئازاد" سیفه‌تی عه‌قڵ و ئیراده‌ی مرۆڤی تاکه که ده‌توانێت ئازادی به کار بێنێت"،واته"ئازادبوون"ی وه‌ک سیفه‌تێکی به‌رجه‌سته‌ی ئازادی،له ئازادی وه‌رده‌گرێته‌وه‌و پێشکه‌شی عه‌قڵ و ئیراده‌ی ده‌کات..لێره‌دا ئه‌وه نیشان ده‌دات که ئه‌وه ئیراده‌ی مرۆڤی تاکه که ده‌توانێت ئازادی به کار بێنێت،واته ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئیراده "ویستی"کرد ده‌توانێت ته‌نانه‌ت نه‌ک"ئازاد"بێت به‌ڵکو ئازادی به کار بێنێت!لێره‌دا دیسان ڕۆڵی ئازادی وه‌ک کرده‌یه‌ک و فه‌زایه‌ک، وه‌ک سه‌رزه‌مینێک که تێیدا بوونه‌وه‌ری ئازاد ده‌خولقێنێت،تا ئاستی کۆتایی دابه‌زیوه‌و"ئازادبوون' له ئازادی وه‌رده‌گرێته‌وه‌و ده‌یکاته سیفه‌تی عه‌قڵ و ئیراده‌ی مرۆڤی تاک.به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه وێنه‌یه‌کی ئه‌فساییه بۆ ئازادی و ئازادبوون،چوونکه کاتێک ئازادی بوونی نه‌بێت مرۆڤ و تاکی"ئازاد"یش بوونی نییه،ئه‌گه‌رچی مرۆڤ خۆی ئیراده‌و عه‌قڵی ئازادیشی هه‌بێت.وه‌ک پێشتر نیشانماندا،ئازادی و ئازادبوون گرێدراوی زۆر ڕه‌هه‌ندی مادییه،ده‌توانم بێژم هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به هاواره ناوه‌کییه‌کانی مرۆڤه‌وه نییه،یان به جۆرێکی‌تر بێژم،ته‌نها کاتێک ده‌نگه ناوه‌کییه‌کانی مرۆڤ بۆ ئازادبوون مانا په‌یدا ده‌که‌ن،که ڕه‌هه‌نده مادییه‌کانی ئازادی به‌رجه‌سته بووبێت،ده‌کرێت مرۆڤێک له خه‌ڵوه‌تداو دوای چله‌کێشی له فه‌نتازیای خۆیدا به بڕێک ئه‌نجام و شتی ئاوینه‌یی بگات،وه‌ک سۆفی و خه‌ڵوه‌تزه‌ده‌یه‌ک که پێی وایه خوای بینیوه،"که‌هه‌رگیز نایبینێت"،به‌ڵام له واقعدا کۆیله‌یه.
ئایا به‌ختیار چۆن له ئازادی گه‌یشتووه؟ببینن،ده‌بێژێت:"ئازادی"گه‌ر له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی خۆیدا نه‌گاته دروستکردنی مرۆڤی" ئازاد"له پوچی و کوشتارو توندوتیژیدا ته‌واو ده‌بێت"."ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ئازادی"هیچ گومانێکی تێدا نییه مرۆڤی ئازاد ده‌روست ده‌کاو به‌رهه‌م دێنێت،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئازادی و ئازادبوونه‌ش به پێوه‌ری ڕێژه‌یی وه‌ربگرین،واته بڕێک له ئازادی و ئازادبوونی پێده‌بێت.له نێوان گه‌شه‌کردنی "ئازادی"و"ئازاد"دا" ئه‌گه‌ر"پارچه‌یه‌کی زیاده‌یه‌و بوونی له‌و نێوه‌دا هه‌موو هاوکێشه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه،وه‌ک گوتم،چونکه ئازادی کاتێک ئێمه هه‌ست به بوونی ده‌که‌ین و باوه‌ڕی پێده‌که‌ین که "ئازاد" سیفه‌ته‌کانی ببینین،کاتێکیش سیفه‌تی"ئه‌و"ئازاد"بوونی نه‌بوو،واته هه‌ر له بناغه‌وه ئازادی بوونی نه‌بووه.به‌ڵام به پێی هاوکێشه‌که‌ی"به‌ختیار"جۆرێکیتره،ئه‌و پێی وایه ده‌کرێت"ئازادی''به بێ"ئازاد"+یش هه‌بێت،به‌ڵام دواجار"له پووچی و کوشتارو توندوتیژیدا ته‌واو ده‌بێت"!!
"..بیرکردنه‌وه له ئازادی جه‌وهه‌ری ئازادییه"..ئازادی له به شێکیدا ئه‌وه‌یه ئیرداه‌ی خۆت له چنگی ئه‌وانیدیدا ده‌ربهێنیت، به‌شێکی دیکه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌و ئیراده‌یه فێر بێت چۆن له جیهاندا بجوڵێته‌وه‌و بیر بکاته‌وه"،کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌و دیدی ئه‌فسانه‌یی"به‌ختیار" ئه‌وه‌یه ئازادی یان ئازادبوون له ڕه‌هه‌نده مادییه‌کانی داده‌بڕێ و ده‌یکاته بابه‌ت و پرسێکی ناوه‌کی مرۆڤ،یان دروستتر بێژین ده‌یکاته بابه‌تێکی میتافیزیکی و مرۆڤ ده‌توانێت له ده‌ره‌وه‌ی دنیای مادی به‌رجه‌سته‌ی بکاو به ده‌ستی بێنێت.ئه‌م جه‌ختکردنه‌وه‌یه:"بیرکردنه‌وه له ئازادی جه‌وهه‌ری ئازادییه"،"جه‌خت هیمنه"،هیچ گومانێک سه‌باره‌ت به‌و ڕاستییه ناهێڵێت.لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بین،بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی بگه‌ین،ده‌بێت بیر بکه‌ینه‌وه،واته بیرکردنه‌وه جه‌وهه‌ره، ستراتیجه،ده‌رهێنانی "ئیراده‌ی خۆته له چنگی ئه‌وانیدی،دیسان"به‌شێکی دیکه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌و ئیراده‌یه فێر بێت چۆن له جیهاندا بجوڵێته‌وه‌و بیر بکاته‌وه"،هه‌موو پرۆسه‌که بۆ "ئازادی"له ده‌وری "بیرکردن"ه‌وه له "ئازادی"ده‌خوولێته‌وه. بیرکردنه‌وه له ئازادی خۆی له خۆیدا ئازادی نییه،به‌ڵکو به جۆرێک ده‌کرێت ته‌قه‌لایه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی بناسین و کاری بۆ بکه‌ین،هه‌ڵبه‌ت بیرکردنه‌وه له ئازادی بۆ خۆی کارێکی ناچاریشه،واته ناچار ده‌کرێین تا بیر له ئازادی بکه‌ینه‌وه، واته له حاڵێکدا که ئازادیمان زه‌وتکراوه‌و ئازادی نییه،ئه‌گینا له قۆناغێکدا که ئازادی ده‌ژین چی پێویستمان به بیرکردنه‌وه له ئازادی نییه،بیرکردنه‌وه له‌ئازادی نه ئه‌زه‌لی بووه‌و نه ئه‌به‌دیش ده‌بێت،نه پابه‌ندی هوشیاریش بووه‌و نه پابه‌ندی هوووشیاریش ده‌بێت،هووشیاربوون به ئازادی دیسان ده‌بێته کارێکی ناچاری،وه‌کو گوتم بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی پێبناسین،نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینێکی په‌مه‌یی بێت به ئازادیمان بگه‌یه‌نێ و تێیدا له شه‌قه‌ی باڵده‌ین.بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه نیشانبده‌ین که ئازادی گرێدراوی هووشیاری و بیرکردنه‌وه نه بووه‌و نابێت،ده‌توانین چاو له دۆزینه‌وه سه‌لمێنراوه مێژووییه‌کان بکه‌ین،بۆ نمونه "کۆمۆنی"سه‌ره‌تایی،ژیانی هاوبه ش و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ره‌تایی مرۆڤه‌کان.بێگومان مرۆڤ له کۆمۆنی سه‌ره‌تاییدا ئازاد بووه، ده‌توانین بێژین هیچ هوشیارییه‌کیشی به ئازادی خۆی نه‌بووه،هوشیاری وه‌ک ئه‌مڕۆ ئێمه به کاری دێنین و لێی تێده‌گه‌ین، ئازادی کرده‌و چه‌مکێک نه بووه بڕێک له مرۆڤه‌کان له سه‌ر بنه‌مای قازانج و ئاره‌زووه‌کانی خۆیان تاشیبێتیان،به‌ڵکو سروشت و ته‌عبیرو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانییه سروشتییه بووه که سروشتی ژیان پێی به‌خشیون. منداڵی کۆمۆنییه‌ک که له دایک بووه‌و هاتۆته دنیاوه‌و گه‌وره بووه،ئازادی ژیاوه،حوکمدارێک نه‌بووه به زۆر‌و به پێی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی حوکمی به سه‌ردا بکات،به‌ڵکو ئه‌و وه‌ک تاکێک له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ئازادانه به‌شداری کردووه‌و وه‌ک ئه‌رکێک چاوی له‌و کاره‌ی کردووه،که به‌رده‌وامی به ژیانی ده‌دات...
به‌ختیارعه‌لی ده‌نووسێت:"مه‌رجێک له مه‌رجه گه‌وره‌کانی ئازادی هه‌ر فه‌ردێک ئه‌وه‌یه که ئازادی ئه‌وانی دی تێکنه‌شکێنێت..".. له‌کاتی دروستکردن و پاراستنی ئازادی ئه‌وانی دیشدا دانه‌بزێت بۆ جێگایه‌ک ئازادی خۆی له ده‌ست بدات"."به‌ختیار عه‌لی" چوونکه چوارچێوه‌و سه‌رزه‌مینێکی ته‌سکی بۆ ئازادی هه‌یه،سه‌رزه‌مینێک ته‌نها سه‌رچاوه‌گرتوو له مۆراڵ و سیسته‌می چینایه‌تی و ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆ ئازادی و ژیان،ئاساییه تووشی ئه‌م شێواندن و هاوکێشه ناجۆرو نادروستانه بێت."به‌ختیار" ئه‌م ئاکام و هاوکێشه‌یه له کوێوه دێنێت؟ئه‌و پێی وایه ئێستا ئازادی هه‌یه،وه‌ک ده‌نووسێت:"کۆمه‌ڵگا هه‌یه ئازادی ده‌ژی"،یاخود ئازادی له‌مه گونجاوو له بارتر نییه،(چوونکه له نێو ئه‌م ئازادییه‌دا،له‌م "کۆمه‌ڵگا ئازادانه‌دا" خه‌ڵکی له سه‌ر نووسین و باوه‌ڕی "تیرۆر" ناکرێ و ئاین له ده‌وڵه‌ت جیایه‌و سێکس"ئازاد"اده‌و "ئازادی فه‌ردی"هه‌یه‌و تاد..له‌مه‌دا ڕێژه‌یه‌ک ڕاستی و دروستی هه‌یه،من پێشتر ئه‌وه‌م نیشانداوه که زه‌مینه‌و سه‌رزه‌مینه‌کانی ئازادی چییه‌و ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی مرۆڤ ده‌باته ئازادی کامه‌یه،بۆیه دووباره‌ی ناکه‌مه‌وه.به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌و جه‌ختی له سه‌ر بکه‌مه‌وه ئه‌مه‌یه:"مه‌رجێک له مه‌رجه گه‌وره‌کانی ئازادی هه‌ر فه‌ردێک ئه‌وه‌یه که ئازادی ئه‌وانی دی تێکنه‌شکێنێت"،هه‌ڵبه‌ته پێشتر له سه‌ر ئه‌وه‌ش دوام که ئازادی مه‌رجدار هه‌رگیز ناکاته ئازادی،ئازادی به هیچ مه‌رجێک قایل نییه.وه‌ک گوتم به‌ختیار ناتوانێت یان نایه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی کۆی سیسته‌می فکری و فه‌لسه‌فی باو"چین"ڕامان بۆ ئازادی و کۆی سیسته‌می فکری و فه‌لسه‌فی دنیایه‌ک بکات،که"چین"نییه.ده‌شێت نه‌مانی چین بۆ ئه‌و ئه‌فسانه‌و پووچی بێت،به‌ڵام دواجار ناتوانێت ئازادیناس بێت،ناتوانێت په‌نجه‌ره‌یه‌کمان پێنیشاندا لێیه‌وه چاو له ئازادی بکه‌ین."هه‌ڵبه‌ته من ناڵیم ئازادی ڕاسته‌قینه‌و ئازادی ڕه‌ها"و..(چوونکه ئازادی..ووشه‌ی ئازادی وابه‌سته‌ی هیچ پاشگرو ئاماژه‌یه‌ک نییه.له‌و دیو ووشه‌ی ئازادییه‌وه،ته‌نها مرۆڤ و سروشت و مرۆڤایه‌تی هه‌یه..)هه‌ربۆیه مانا‌و به‌هایه‌ک که له توێی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌یانکراوه،هه‌مان دیدو ڕوانگه‌یه‌که هه‌ر ئه‌مڕۆ له سیسته‌می چینایه‌تیدا بۆ ئازادی ده‌کرێت،ئه‌م دیده:"مرۆڤ هێنده ئازاده ئازادی ئه‌وانی دی تێکنه‌شکێنێت"هه‌مو که‌سێک،هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناتوانن له ئازادی بگه‌ن،هه‌موو ئه‌و"ڕۆشنبیرو بیرمه‌ندان"ه‌ی باوه‌ڕیان به ئه‌به‌دییه‌تی سیسته‌می چینایه‌تی هه‌یه،به‌رده‌وام هه‌مان ئیده به‌یان ده‌که‌ن.لێره‌دا ئه‌م پرسیاره زۆر بایه‌خداره:له کوێی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا،له"پێشکه‌وتووترین و ئازادیخوازترین"گۆشه‌ی دینای ئه‌م سیسته‌مه‌دا،ئه‌م مه‌رجه گه‌وره‌یه‌ی ئازادی ڕێگه‌ی له کووشتن و تێکشکان و سه‌ربڕینی ئازادی گرتووه؟خودی سیسته‌م که ئه‌م هاواره درۆزنانه ده‌کات،له کام بسته سه‌رزه‌مینی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا ده‌م و ده‌ستیان به خوێنی ئازادی سوور نه‌بووه؟ پرسیارێکی ریشه‌یی و جه‌وهه‌ریتر ئه‌وه‌یه:بۆچی مرۆڤه‌کان ده‌بێت ئازادی یه‌کتر پێشێل بکه‌ن،یان پێشێل ده‌که‌ن؟له‌م ڕووه‌وه به‌ختیار عه‌لی چه‌مکی جیاوازی دێنێته گۆڕێ و کاری له سه‌ر ده‌کاو به ئازادییه‌وه گرێی ده‌دات،جیاوازی لای به‌ختیار سه‌رزه‌مینێکه ناکۆتا درێژ ده‌بێته‌وه‌و کۆتایی نییه،هه‌روه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازییانه هه‌ن و ده‌بێت هه‌ر هه‌بن،ئه‌وا ده‌بێت هه‌موومان له هه‌ڵبژاردنی خۆماندا ئازاد بین و ئازادی ئه‌وانیتر پێشێل نه‌که‌ین.من له به‌شی دواتردا دێمه سه‌ر ئه‌م بۆچوونه،که ئایا هه‌بوونی جیاوازی ته‌عبیره له هه‌بوونی ئازادی؟کام جیاوازی؟هه‌روه‌ها جیاوازی له چی؟
ئێستا ده‌مه‌وێت وه‌ڵامێک به‌و پرسیارانه بده‌مه‌وه‌و که‌مێکیتر له سه‌ر ئه‌وه ڕابوه‌ستم که چۆن و له چی هه‌ل و مه‌رج و زه‌مینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئه‌خلاقیدا،مرۆڤه‌کان نه‌ک ئازادی که‌سانیتر تێکناشکێنن،به‌ڵکو زه‌مینه‌و مه‌ترسییه‌کیش بۆ تێکشکاندنی ئازادی ئه‌وانیتر له گۆڕی نییه.ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌وه تێبگه‌ین که سه‌رخان و ژێرخانی هه‌ر سیسته‌مێک یه‌ک ئاوێنه‌ی ئه‌ویتره،واته چۆن سیسته‌می چینایه‌تی له باری ئابوورییه‌وه،مالکییه‌تی تایبه‌تی به‌رهه‌م دێنێ و پایه‌داری ده‌کات، له باری مه‌عنه‌ویشه‌وه کۆی سیسته‌مێکو دنیابینییه‌ک ده‌کاته ڕووبینای خۆی،که ئه‌و په‌یوه‌ندییه بپارێزێ و پایه‌داری بکات.ئیتر هه‌موو شته‌کان_کولتور ماف ئازادی ئه‌خلاق_کۆی هه‌موو کایه‌و په‌یوه‌ندییه ژیناییه‌کانیتر،به جۆرێک دیاری و ڕه‌نگڕێژی ده‌کرێن و له بازنه‌یه‌کداجۆش ده‌درێن،که له سه‌ر بنه‌مای پارێزگاری و هه‌تایی مانه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ی که خودی سیسته‌م خوازیارێتی، له‌م نێوه‌شدا هیچ گومانێک نییه که هه‌موو ئه‌و به‌هایانه کۆی خواستی سروشتی هه‌موو مرۆڤه‌کان نییه،به‌ڵکو به‌هاگه‌لێکه ته‌نها ته‌عبیره له گروپێکی بچوکی دیاریکراوی مرۆڤه‌کان که ئه‌ویش به‌ڕێوه‌به‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی سیسته‌مه.ئیتر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه هه‌موو شتێک_له‌وانه ئازادیش هه‌میشه له به‌رده‌م هێرش و په‌لاماری دژه ئازادیدایه. ڕێک ئه‌م حوکم و هاوکێشه‌یه له په‌یوه‌ند به کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ چین(کۆمۆنیستی)دروسته،ئه‌مه جه‌وهه‌رێکی ڕێسای دیالێکتیکیه، واته دژبه‌ری ئه‌و به‌هاو په‌یوه‌ندیانه‌یه که له سه‌ره‌وه‌و له په‌یوه‌ند به سیسته‌می چینایه‌تییه‌وه ڕوونمان کرده‌وه.مرۆڤ له سیسته‌می بێ چین(کۆمۆنیستی)دا ئازادی له مه‌ترسیدا نابێت،چوونکه ئه‌گه‌ر سیسته‌می چینایه‌تی هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندو به‌های ناته‌بای جۆراوجۆره،که دواجار به‌هاو تایبه‌تمه‌ندی که‌مایه‌تییه‌که که خاوه‌نی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ده‌ست به سه‌رگرتنه، له سیسته‌می بێ چین(کۆمۆنیستیدا)به‌ها_هه‌ر شتێک بێت_خاوه‌ندارێتی کۆمه‌ڵگا به ڕێوه‌ی ده‌بات نه‌ک بڕێک له مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا.سیسته‌می فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگا له سه‌ر بنه‌مای هیچ به‌هاو نه‌رێتێکی پاوانخوازی و ده‌ست به سه‌راگرتن نییه،کار‌و فه‌رهه‌نگی هاوبه‌ش، ڕێز‌و به‌های مرۆیی ده‌بێته ئامانج و چالاکی مرۆڤ.مرۆڤ هێنده هوشیاری و ئاکاری به‌رزی مرۆیی تێدایه،ده‌توانێت له کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو مرۆیی و ته‌ندروستدا فێر بێت نه‌ک ئازاری که‌سانیتر نه‌دا،به‌ڵکو ئازاردان و پێشێڵکردنی ئازادی ئه‌وانییتر له فه‌رهه‌نگی بیرکردنه‌وه‌یدا جێی نه‌بێته‌وه.ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌توانین به‌و هه‌ل و مه‌رج و دنیایه قایل بین.ده‌توانم بڵێم یه‌کێک له تاوانه گه‌وره‌کانی هه‌ر سیسته‌مێکی چینایه‌تی و به تایبه‌تی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه،که هه‌میشه مرۆڤ به بوونه‌وه‌رێکی بێ توانا که ده‌بێت ڕێسایه‌کی ئاسنین کۆنترۆڵی بکاو له به‌رانبه‌ر تێکۆشان و هاواره‌کانیاندا بۆ ئازادی،به ترسناک نیشان بدات...
"به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت:"کێشه‌ی کۆمه‌ڵگا کاتێک زۆر قوڵه که تێیدا که‌سێک بیر له سنووری ئازادی خۆی نه‌کاته‌وه،واته نه حوکمدار بیر له سنووری ئازادی خۆی بکاته‌وه‌و نه ژێر ده‌ستان"،"به‌ختیار "له‌وه یه‌قینه که کۆمه‌ڵگا هه‌م "حوکمدار "ی تێدایه‌و هه‌م"ژێر ده‌ستان"،ئێستا کێشه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌که‌ی"به‌ختیار"لێره‌دایه.به‌ڕێز به‌ختیار،کۆمه‌ڵگایه‌ک حوکمدارو ژێر ده‌ستی تێدا بێت،هه‌ڵبه‌ته دیسپلین و زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژیشی تێدا ده‌بێت،توندوتیژی ئه‌و ده‌سته‌و گروپانه‌ی که تێزاب به گه‌رووی مرۆڤدا ده‌که‌ن و به زیندوویی ئاگر له جه‌سته به‌ر ده‌ده‌ن،تا ده‌گاته توندوتیژی زۆر شاره‌وه‌و نهێنی که له ژێر ڕووپۆشی پڕوپووچی یاسایی و"شارستانی"و زۆرجار"ئازادی"یشدا به ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.ئێستا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه:ئایا له هه‌بوونی "حوکمدار"داردا مانایه‌ک بۆ ئازادی و ئازادبوون ده‌مێنێته‌وه؟ته‌نانه‌ت حوکمی دکتۆریش به سه‌ر نه‌خۆشدا هه‌ر حوکمه،به‌ڵام ئێمه به مه‌جبوری حوکمی دکتۆرمان قه‌بووڵه،چوونکه دواجار ژیانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.به‌ڵام حوکمداری سیسته‌م ده‌مانکوژێت، ئازادیمان لێزه‌وت ده‌کات.کێشه‌و کاره‌ساتی کۆمه‌ڵگا ئه‌وه نییه که که‌س بیر له سنووری ئازادی خۆی نه‌کاته‌وه،"که ده‌بێت که‌س بیر له سنووری ئازادی نه‌کاته‌وه"به‌ڵکو کێشه‌که ئه‌وه‌یه که"حوکمدار"هه‌یه‌و ئه‌و سنووری ئازادی دیاری بکات.لێره‌دا باوه‌ری به‌ختیار بۆ حوکمداری هه‌تاییه‌و پێی وایه ده‌بێت ئه‌م"دوانه‌ییه"له به‌رانبه‌ر یه‌کدا"ڕێزی"یه‌کتر بگرن و سنوور نه‌به‌زێنن..!
به‌ختیار ده‌نووسێت:"کۆیله‌یه‌تی چه‌ند شێوه‌یه‌کی هه‌یه،به‌ڵام ئازادی هه‌زاران شێوه‌ی هه‌یه‌و هه‌ر مرۆڤه‌و به جۆرێک تیا ده‌ژی و بۆی و ده‌ژی و هه‌ستی پێده‌کات".ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه چی کۆیله‌یه‌تی و چی ئازادی نه به‌ش به‌ش ده‌کرێ و نه چه‌ند جۆر‌و نه سه‌دان جۆری هه‌یه، کۆیله‌تی و ئازادی وه‌ک دوو کردار،ته‌نها سیفه‌ت و فه‌زای جۆراوجۆریان هه‌یه،ده‌شێت له قۆناغه جۆراوجۆره‌کانی گه‌شه‌و هه‌ڵدانی مێژوویی‌دا گۆڕان به سه‌ر فه‌زاو سیفه‌ته‌کانیاندا بێت و هاتبێت.ئه‌م بۆچوونه ئاماژه‌ی تێنه‌گه‌یشتن و به‌دگومانییه له ئازادی،که‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به خودی ئازادی و ئازادیناسییه‌وه نییه،به‌ڵام گۆڕان له فه‌زاو سیفه‌تدا ناکاته به‌شکردنی خودی کرداره‌که،واته کاتێک بێژین سه‌د جۆری ئازادیمان هه‌یه،ئه‌وا ده‌بێت سه‌د کرداریش بۆ ئازادی دابتاشین،بێگومان ئه‌وه‌ش کارێکی نه‌کرده‌یه.هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له بوونی"سه‌د جۆر ئازادی"دیدو ڕوانگه زۆر‌و جۆربه‌جۆره‌کان بێت بۆ ئازادی،دیسان ئه‌وه که‌وتنه نێو هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی فکرییه،چوونکه دیدی جۆراوجۆر بۆ بابه‌تێک هه‌رگیز ناکاته چه‌ند پارچه‌یی یان چه‌ند بوونیی خودی بابه‌ته‌که،واته ئێمه بابه‌تێکمان هه‌یه به بۆچونی جیاوازه‌وه له سه‌ری،وه‌زیفه ئه‌وه‌یه ئێمه سیفه‌ت و سه‌رزه‌مینه سروشتییه‌کانی بناسین.
به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت:''ئازادی له سه‌ر مافی جیاوازبوون بنیات ده‌نرێت،به‌ڵام جیاوازبوون مه‌رج نییه هه‌میشه ته‌عبیرێکی قووڵ و ڕاسته‌قینه بێت له ئازادی. به بێ جیاوازی ئازادی ده‌رناکه‌وێت،به‌ڵام هه‌موو جیاوازییه‌کیش به‌رهه‌می ئازادی نییه...ته‌نیا ئه‌و جیاوازیانه ده‌بن به جیاوازی ڕاسته‌قینه که عه‌قڵ له ڕیگایانه‌وه به چه‌شنێکی دی خۆی ده‌رخستبێت.ته‌نیا ئه‌و جیاوازیانه‌ش ده‌بن به ئازادی که جیاوازییه‌کی گرنگ دروستده‌که‌ن و جێی بۆ ده‌که‌نه‌وه".پێشتر چه‌ند پرسیارمان له‌و باره‌وه کرد که ئایا هه‌بوونی جیاوازی ته‌عبیره له هه‌بوونی ئازادی؟جیاوازی له چی و کام جیاوازی؟به پێچه‌وانه‌ی "به‌ختیار"وه من باوه‌ڕم وایه نه‌ک"ئازادی له سه‌ر مافی جیاوازبوون بنیات نانرێ و نه‌ک به بێ جیاوازی ده‌رناکه‌وێت" به‌ڵکو ئه‌وه بوونی جیاوازی و شه‌ڕی جیاوازییه‌کانه،ئازادییان له نێو به‌رداشی خۆیاندا ووردوخاش کردووه.به‌ختیار ده‌بوایه بیری له‌م دوو پرسیاره بکردایه‌ته‌وه‌و هه‌ڵیدایه وه‌ڵامێکی بۆیان هه‌بوایه،ئه‌ویش ئازادی له چی و کام ئازادی؟چوونکه هه‌روه‌ک چۆن جیاوازی له کردار‌و حه‌زو ئاره‌زووه ناوه‌کییه‌کانی مرۆڤدا هه‌یه‌و ده‌بێت،(لێره‌دا مه‌به‌ست له"حه‌زوئاره‌زووی"ئازاردان و له نێوبردنی ئه‌وانیترنییه،که ئه‌وانه به‌رئه‌نجامی کولتور‌و سیسته‌می دیاریکراوه،که ده‌کرێت له نێو بچن)به هه‌مانشێوه جیاوازی گه‌وره‌ی ئابووری و حقوقیش هه‌یه.ئێستا پرسیارێکی جه‌وهه‌ریتر ئه‌وه‌یه: به چی پێوه‌رێک ئازادی له سه‌ر ئه‌م مافی جیوازبوونه گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه که ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌یبینین و هه‌ستی پێده‌که‌ین بنیاتده‌نرێت؟بۆیه کاتێک باسی جیاوازی ده‌که‌ین ده‌بێت ڕوونیکه‌ینه‌وه،جیاوازی له چی،ناکرێت ته‌نها خه‌ریکی ڕسته‌سازی بین و هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی به جێبهێڵین،مرۆڤ ده‌توانێت کاری به‌وه‌وه نه‌بێت خه‌ڵکیتر وه‌کو فه‌رد چی ده‌خۆن و له به‌ر ده‌که‌ن و چۆن سێکس ده‌که‌ن و چی ڕامان و ئه‌ندێشه‌یه‌کی بۆ بوون و ژیان و ئومێد‌و نائومێدییه‌کانی ده‌بێت.ئه‌م جیاوازییانه ده‌کرێت به درێژایی ژیان هه‌بن و وه‌ک بابه‌تێکی فه‌ردی چاوی لێبکه‌ین و باوه‌ڕ به‌خۆمان بێنین،که مافی ته‌واوی هه‌ر مرۆڤێکه موماره‌سه‌ی بکات،دواجاریش به زیانی هیچ مرۆڤێک کۆتایی نه‌یه‌ت.بۆیه ئه‌م چه‌مکی جیاوازبوونه وێنه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه به‌یان ده‌کات و ڕه‌وایه‌تی هه‌تایی به نابه‌رابه‌ری ده‌دات،زیاتر له‌وه‌ی چه‌مکێکی ئه‌قڵانی و لۆژیکی بێت،ته‌واو ئاوێته‌ی دیدێکی ئایینی و خورافییه،که له به‌رانبه‌ر ئازادی و یه‌کسانیدا قووتکراوه‌ته‌وه.دیدی ئایین ئه‌وه‌یه که خوا بۆ خۆی جیاوازی له نێو مرۆڤه‌کاندا دروست کردووه‌و مرۆڤ بۆی نییه و ناتوانێت له‌وه زیاتری هه‌بێت که ئه‌و''خوا''دیاریکردووه،که‌سیش ناتوانێت بزانێت بۆ؟به‌ڵام ئه‌م چه‌مکی جیازوازیخوازییه دێت و له ژێر ناوی ئه‌قڵانی و رێز‌و پیرۆزه‌یی و مافی جیاوازبووندا فریو بڵاو ده‌کاته‌وه‌و جیاوازی وه‌ک نه‌گۆڕێکی خودایی ده‌ناسێنێت،که قابیلی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و فه‌وتان نییه.هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌مکه ده‌رهاویشته‌و خواستی سیسته‌می چینایه‌تییه که ڕاسته‌وخۆ کۆڵه‌که گه‌وره‌کانی ئه‌وی ڕاگرتووه،وه‌ک چۆن له باری ئابوورییه‌وه،جیاوازی،بچوکه‌کان قووت ده‌داو نابوتیان ده‌کات،به هه‌مانشێوه پێویستی به فریوێکی مه‌عنه‌ویش هه‌یه که هاوکێشه‌که ڕابگرێت.
هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌یه‌کی کووشنده‌تری ئه‌م چه‌مکی جیاوازیخوازییه له په‌یوه‌ند به بوونی جیاوازیی کولتورییه‌وه‌یه،که لێره‌شدا هه‌تاییبوونی جیاوازییه کولتورییه‌کان به‌یان ده‌کات.ئه‌وه نابینێت که کولتوریش وه‌ک دیارده‌یه‌کی ڕاگوزه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووکرد،له ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنی فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگادا گۆڕانی گه‌وره‌ی به سه‌ردا دێت و هاتووه.بۆ نمونه یه‌ک کولتوری له‌م سیسته‌مه فکرییه‌دا ئه‌فسانه‌و پڕوپوچییه که ده‌بێت هه‌موومان قاقا پێی پێبکه‌نیین.ئه‌م ڕوانگه‌یه نایه‌ت کار بۆ کولتور‌و فه‌رهه‌نگ و مۆراڵێکی ته‌واو مرۆیی بکاو مرۆڤایه‌تی له په‌یوه‌ند به ئاکار‌و ڕه‌فتارێکی هاوبه‌ش و هاوئامانجی سروشتیی مرۆیی کۆ بکاته‌وه،به‌ڵکو دێت و جیوازی وه‌ک حه‌قیقه‌تێکی ناکۆتا ده‌ناسێنی و کار بۆ هه‌تایی بوونی ده‌کات،فره کولتوری خودی حه‌قیقه‌ت نییه..حه‌قیقه‌ت وه‌ک خۆی،به‌ڵکو به حه‌قیقه‌ت کراوه...
به‌ختیار"له شوێنێکی‌تردا ده‌نووسێت:"کۆمه‌ڵگایه‌ک جیاوازی قه‌بووڵ نه‌کات ئازاد نییه،چوونکه هه‌موو لێکچونێکی به‌رده‌وام ته‌بابوونێکی درۆزنی له پشته،لێکچوون دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و بریارانه‌یه که پێش ئێمه هه‌ن و پێمان دراوه تا دووباره‌یان بکه‌ینه‌وه".پێشتر ئه‌وه‌مان نیشاندا که بوونی جیاوازی له کۆمه‌ڵگادا نه‌ک ناکاته بوونی ئازادی به‌ڵکو ده‌لیلی به‌رجه‌سته‌ی نه‌بوونی ئازادی و یه‌کسانییه.ئه‌وه‌ی پێویسته لێره‌دا جه‌ختی لێبکه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه که"به‌ختیار"ده‌نووسێت هه‌موو لێکچوونێکی به‌رده‌وام ته‌بابوونێکی درۆزنی له پشته،لێره‌دا به‌ختیار لێكچوون وه‌ک یه‌کی یان یه‌کسانی به مافه ئابووری و حقوقییه‌کانی مرۆڤه‌وه گرێنادات،تاکو تێبگه‌ین که چۆن لێکچوون و وه‌ک یه‌کی ده‌بێته ته‌بابوونێکی درۆزن؟ئه‌و کارێکی به‌مه‌وه نییه‌و به هیچ جۆرێک خۆی له قه‌ره‌ی نادات،به‌ڵکو ئه‌و ده‌ڵێت:"لێکچوون دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و بڕیارانه‌یه که پێش ئێمه هه‌ن و پێمان دراوه تا دووباره‌یان بکه‌ینه‌وه"،به‌ختیار چوونکه ناتوانێت و له سیسته‌می فکریی ئه‌ودا یه‌کسانی ئه‌فسانه‌و کایه‌یه‌کی ترساناکه که نابێت به هیچ جۆرێک ده‌ستی لێبده‌یت،بۆیه تووشی ساده‌کاری و لاوازی فکریی دێت و له شتێکدا ده‌گیرسێته‌وه که په‌یوه‌ندی به ڕه‌گوڕیشه‌ی خودی بابه‌ته‌که‌وه نییه،به‌ڵکو به شتێکی لاوه‌کییه‌وه گرێی ده‌دات،ته‌نانه‌ت ئه‌و "لێکچوون..و ..بڕیارانه‌ی که پێش ئێمه هه‌ن و پێمان دراوه..."نادیارن و نازانین چییه؟
به‌ختیار ده‌بێژێت:"مرۆڤ ئازاده له‌وه‌ی به چی زمانێک ئازادی خۆی دێنێته قسه،به‌ڵام ئازاد نییه له‌وه‌ی ته‌عبیری لێنه‌کات.. نه‌بوونی ته‌عبیر نیشانه‌ی نه‌بوونی ئازادییه..ئازادی له ته‌عبیر جیا ناکرێته‌وه..ئازادی هه‌میشه پڕ کرداره،شه‌یدای ته‌عبیر له خۆکردنه..ئازادی پاسیڤ بوونی نییه،ئازادی هه‌میشه ئه‌کتیڤه..."،ئه‌و ده‌سته‌وژانه‌ی سه‌ره‌وه‌و چه‌ند هێنده‌یتریش که ئیدامه‌ی هه‌مان چه‌مکی"ئازادی ته‌عبیر له خۆکردن"بوو که من هه‌موویم نه‌نووسییه‌وه،ده‌کرا به‌ختیار له رسته‌یه‌ک یان دوو ڕسته‌دا ته‌وای بکردایه‌و مه‌به‌ستی خۆیشی ڕوون بکردایه‌ته‌وه،چوونکه زۆربه‌ی تێکسته‌کان له یه‌ک ده‌چن و به یه‌ک مانا بارگاوین که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئازادی ته‌عبیر له خۆی بکات،له لایه‌کیتریشه‌وه به‌ختیار له کاتێکدا له نیوه‌ی ڕسته‌یه‌کدا که باسی ئازادی ده‌کات،له نیوه‌ی دووه‌می ڕسته‌که‌دا مه‌رج بۆ ئازادی داده‌نێت!وه‌ک ده‌ڵێت:"مرۆڤ ئازاده له‌وه‌ی به چی زمانێک ئازادی خۆی دێنێته قسه،به‌ڵام ئازاد نییه له‌وه‌ی ته‌عبیری لێنه‌کات"،له‌ویش گرنگتر ئه‌م چه‌مکه،یان به زمانێکی‌تر ئه‌م مه‌رج و ته‌عبیر کردنه بۆ ئازادی هیچ زه‌روره‌تێکی نییه،چونکه خولیای مرۆڤ بۆئازادی و دواجار گه‌یشتی به ئازادی خۆبه‌خۆ هه‌موو چالاکییه‌کی له هه‌ناودایه،واته ئه‌وه خولیا‌و چالاکی مرۆڤ بووه که به ئازادی و ئازادبوونی گه‌یاندووه نه‌ک پاسیڤبوون و ته‌مبه‌ڵی،ئیتر چۆن ده‌کرێت له هه‌ناوی ئازادی‌دا پاسیڤیزم هه‌بێت؟
به‌ختیار"بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌م نمونه‌یه‌ش دێنێته‌وه:"وه‌ک چۆن شاعیر به‌بێ نووسینی شیعر بوونی نییه،مرۆڤی ئازادیش به‌بێ ته‌عبیر له ئازادی بوونی نییه".سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر"به‌ختیار عه‌لی"نمونه و پێناسه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به شیعر‌و شاعیربوونمان نه‌داتێ،مرۆڤ ناتوانێت به‌م هاوکێشه‌یه قایل بێت،واته ده‌بێت سه‌ره‌تا له باری دیدێکی ئه‌ده‌بییه‌وه لانیکه‌م له‌م ڕووه‌وه پێناسه‌یه‌کمان کردبێت،(مه‌رج نییه دوا پێناسه بێت)چوونکه زۆر"شاعیر" هه‌یه "شیعر" ده‌نووسێت،به‌ڵام نه شاعیر شاعیره‌و شیعریش ته‌نها شیعر نییه به‌ڵکو هه‌موو شتێکیتره...
______________________________ 1- کاری کرێ گرته‌و سه‌رمایه،کارل مارکس،و:فه‌ڕۆخ نیعمه‌تپوور. 2- ئه‌لبێر کامۆو....به‌ختیار عه‌لی،ماڵپه‌ڕی ڕوانگه.
06.08.2008
|