په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١١

رەخنە لە پژاک بگرین یان رەفتارى ئاخوندەکان ریسوا بکەین؟!


هیوا رەش     


نامەوێ پێناسەى - پژاک - بکەم و ئامانجە دوور و نزیکەکانى بخەمە بەر باس، ڕەنگە ئەمە جگە لەوەى لە تواناى مندا نەبێت، لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکى وا قورسیش ناخەمە ئەستۆى خۆم، کە تا ئێستا لە دووریشەوە بە دیدارى کەسێکى سەر بەو پارتە شاد نەبووم، لێ لە پێودانگى هەستى ئینسانییەوە (با هەستى نەتەوەیى بخەینە لاوە)، ویژدانم ڕێگەم پێ نادات کۆمەڵە خەڵکێکى تامەزرۆى ئازادیى بدەمە بەر نەشتەر کە لە برى گەلەکەیان ناسۆرترین بەڕەنگارییان گرتۆتە بەر و پاساو بۆ جڕو جانەوەران بهێنمەوە کە دەستیان ناوەتە بیناقاى گەلێکى بندەست و دەیانەوێ بزاوتە ڕزگاریخوازەکەى بتاسێنن.


ئاخوندە کەڵبەتیژ و چرنوک درێژەکانى کۆمارى تاریکپەرستى ئیسلامیى ئێران لە سەرەتاى هاتنە سەر دەسەڵاتیانەوە سیستمێکى دیکتاتۆریى ئەوتۆیان پەیڕەو کردووە کە دژە لەگەڵ تەواوى ئازادییەکانى تاک و کۆمەڵى کۆمەڵگاى سنورى قەڵەمڕەوییان ، بۆیە هەمیشە لە هەوڵى سڕینەوەى بەرامبەرەکانیاندا بوونە و لەم پێناوەشدا سڵیان لە هیچ ڕەفتارێکى فاشیستانە نەکردۆتەوە ، حیزبى تودەى ئێرانى و موجاهیدینى خەلق و دیموکرات و کۆمەڵە و گشت گروه و حیزبە سیاسییەکانیان نەبواردووە ، لە کێوماڵ کردنى کوردستان و پاسدارکێشیى و ئۆپەراسیۆنە پاسدارییەکانیدا هەموو پێوەرێکیان بەزاند و بنەماى دیموکراتییان خستە ژێر چمکى عەبا و عەمامەکانیانەوە و توانییان هەموو دەنگە ئازادیخوازییەکان کپ بکەن و پارتە کوردستانییەکانى ڕۆژهەڵاتیش بەرەو باشورى کوردستان ڕاوەدوو بنێن و لە جێگەى خۆیان لەق و شاربەدەریان بکەن و لە دەرەوەى سنورى دەسەڵاتە دژە مرۆییەکانیشیاندا کەسە کارا و بەتواناکانیان ڕەشەکوژ و تیرۆر بکەن ، بۆ ئەمەش لە ڕێگەى بەکرێگیراوەکانى دەزگاى ئیتیلاعاتەوە دەستى ڕەشى خۆیان گەیاندۆتە ئەوروپاش و بەدوور لە هەموو نەریتێک و بەها ئینسانییەکان لە ژوانى دۆستانە و بەناو دانوستاندا ڕقى ڕەشى خۆیان بەسەر سەرکردە کوردەکاندا هەڵڕشتووە ، کەسایەتیەکى سیاسیى و ناودارى وەکو قاسملۆیان تیرۆر کرد ، ئەمەو لە درێژە بە کردە تیرۆریستییەکانى خۆیان دووەمین سکرتێرى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ، شەرەفکەندیشیان کردە ئامانجى سیاسەتى کوشتوبڕى خۆیان و شەهیدیان کرد ، مخابن ، سکرتێرى ئێستاى حیزبى دیموکرات و هەندێک بەناو سیاسەتمەدارى خۆرهەڵاتى کوردستان ڕەخنە لە پژاک دەگرن و پاساو بۆ پاسدارکێشیى ئایەتوڵا لەعنەتوڵاکان دێننەوە و وا دەزانن پژاک لە ئاوى ئەڵوەندا سەرقاڵى مەلە کردنن بۆیە ڕووبارى ئەڵوەنیش وشک دەکرێت!


هەر لەبەر ڕۆشنایى سیاسەتە خوێناوییەکانى کۆمارى ئیسلامییە ئینسانکوژەکانى ئێران بوو کە تەواوى شار و دێهاتەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان کرانە مەیدانى جەنگى جینۆسایدى کورد ، بۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکى ڕەوانى ناوەڕۆکى ئەو ڕژێمە دژەگەلییە بکرێت کە چەندە ناجوامێرانە گوللە تۆپ و خومپارەکانى گەیاندە کۆیە و لەوێش بەرۆکى ڕۆڵە بەغەوارە کراوەکانى خاکى خۆیان بەرنەدا و هەتا چڕنوکیان لە خەڵکى سڤیل و بێچەکى هەواداران و خێزانە تێکۆشەرەکانى حیزبى دیموکرات گیر کرد ، جا لە جێى خۆیدایە بپرسین پژاک شایەنى ڕەخنە لێگرتنە یاخود ئاخوندەکان شایستەى ڕیسوا کردنن ؟ کێ دەسدرێژیى دەکاتە سەر ماڵى کێ ؟ لە ڕووى شەرع و یاساشەوە بێت ئاخوندەکان تاوانبارن.


خەونى وەدینەهاتووى داگیرکاران خەفە کردنى شۆڕشى کوردانە ، لە سەرانسەرى مێژووى خوێناوییاندا نەیانتوانیوە چیاى سەرکەشى قەندیلى قەڵاى شۆڕشەکان گڵاو بکەن ، هەرچەندە لە کاتى خۆیدا سێ لایەنە ( تورکیا - ئێران - عێراق ) وێڕاى ناکۆکییەکانى نێوانیان بە هەماهەنگیى ، پلانى وردیان داڕشتووە و ویستوویانە ئەو پەناگە سەختەى شۆڕش داگیر بکەن بەڵام پێیان نەکراوە ، ئێستاش بە هەمان شێوە تورکیا و ئێران بەچاو نوقاندنى عێراق لە هەوڵى بەردەوامى خۆیاندان ، جا ئەگەر پەکەکە و پژاک نەبن هێزى جێگرەوەى ئەوان لەو دەڤەرە کێ دەبێت ، ئایا دەتوانرێ پارێزگارى لێ بکرێت یان داگیر دەکرێت و ڕادەستى ئەنسارولئیسلام و ئەعدائولئینسان دەکرێت و ئەوسا ئەنجامەکەى بە چى دەگات ؟ ئەوانەى سەرکۆنەى پژاک و پەکەکە دەکەن دەتوانن ڕۆڵى ئەوان ببینن یان دەبن بە پۆلیسى ترافیک و بە ناچاریى هەمیشە گڵۆپى سەوز بۆ دوژمنان دادەگیرسێنن ؟ ! ئایا ئەو کاتە دەتوانن داکۆکیى لە مافى زەوتکراوى گەلەکەیان بکەن یان بێگانە دەکەنە خانەخوێ و خۆشیان دەبنە میوانێکى شەرمن و ترسنۆکى ماڵى خۆیان.


ئێوە ڕەخنەیان لێبگرن و منیش دەڵێم : خۆزگە هەندێک لە تەمەنى لاویم بمایەتەوە تا شانبەشانى ئەوان لە شەڕى بەڕەنگاربوونەوەدا بمبردایەتە سەر ، ئێستا هیچم پێ ناکرێت جگە لەوەى بڵێم : فیداى دەست و قامک و پەلەپیتکەتان بم ئەى گەریلا گیان لەسەر دەستەکان.


ئاغایان، هەر ستەمى دوژمنانیش بوو مامۆستا هێمنى پایەبڵندى گەلەکەمانى ناچار کرد کە بڵێ:
ئاشقى چاوى کەژاڵ و گەردنى پڕ خاڵ نیم
ئاشقى کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن.
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک