په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٦\٢٠١٥

رەخنە تەواوکەری هزرە نەك رەتکەرەوەی.

 

هەژێن

- بەشی دووەم (کۆتایی) -


بەداخەوە لە زمانی کوردیدا زۆربەی ئەوەی بەتایبەت لە بواری خوێندنەوەی هزری ئەنارکسیتیدا بوونی هەیە، ناچێتە خانەی رەخنەوە، چونکە تەنیا دووبارەکردنەوەی پێشداوەریی و خوێندنەوەی بێبەڵگانەی بەرانبەرە لەسەر بنەمای بڕوای تەواو بە هاوبیرانی خود. لەم بارەوە نموونەیەك لەو جۆرە رەخنەیە وەردەگرم، هەرچەند پێشتریش لە پەرتووکۆکەیەکدا بەناوی (ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی رەخنە لێ گرانی) هەوڵمداوە ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەو تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییە بۆ هزر و رەخنە و کورتکردنەوەی ڕۆڵی رەخنە لە دژایەتییەکی حەزۆکیانەدا بۆ هزری بەرانبەر. بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵ لەلایەن کەسێکی دیکەوە هەمان پێشداوەریی بەرانبەر هزر و بیرۆکەکانی ئەنارکیزم کراوە و هێندەی دیکە قوڕی هەژاریی پەرتووکخانەی کوردی خەستترکراوەتەوە.

بەڕێز (بژار سەردار) لە ڕێکەوتی ١٣ی جولای ٢٠١٤دا بابەتێکی بەناوی " ئه‌نارکیزم یان کۆمۆنیزم؟……. به‌شی یه‌که‌م. " لە وێبلاگە کەسییەکەی خۆیدا نووسیوە، منیش لە گەڕان بە دوای واژەیەکدا بەسەر لینکی وێبلاگەکەی ئەو کەوتم و ئەو تایتڵە گەورە و زەقە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و پاش خوێندنەوەی بابەتەکە، هەرچەند گەڕام بەڵام بەشی دووەمی بابەتەکەم بەرچاونەکەوت. بەداخەوە نووسەر هیچ گرنگییەکی بە چاوەڕوانمانەوەی خوێنەری نەداوە و لە بەشی یەکەمیشدا بێجگە لە پێداگرتنەوە لەسەر یەقینگەرایی و ئایینگەرایی "مارکسیزم"، ئەو نە توانیویەتی بەڵگەیەك لەسەر پاگەندەکانی بەرانبەر ئەنارکیزم وەك هزر و میتۆد و تێڕوانین و جیهانبینی بخاتەڕوو و نە توانیویەتی یەقینگەرایی خۆی بۆ ئایدیۆلۆجیای مارکسیستی دروست بسەلمێنێت. وێرای ئەوەش من بە مەبەستی وروژاندنی مشتومڕی هزریی و ڕۆشناییخستنە سەر جیاوازییەکان لە ئامانج و بیرکردنەوە و تێروانین و سەرەنجامدا، لێرەدا هەوڵدەدەم لەو بارەوە سەرنجەکانی خۆم بخەمەڕوو و گۆشە ناڕۆشن و شادراوەکانی تێڕوانینی ئەو بەڕێزە دەستنیشانبکەم.

هەر لە سەرەتاوە نووسەر بەم دەستەواژەیە دەستپێدەکات:


"ده‌رکه‌وت و گه‌شه‌سه‌ندنی بزاوتی (ئه‌نارکیزم) له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی ١٩هه‌مه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، وه‌کو به‌رهه‌می به‌ربه‌ره‌ کانێی چینه‌ ورده‌ بۆرژواییه‌کانی (پیشه‌گه‌ران) و(خوێنده‌واران) و (خاوه‌ن فرۆشگه‌ بچووکه‌کان) و (ورده‌ جووتیاران) دژ به‌ کاروانی روو له‌ به‌ره‌و پێش چووی ” سه‌رمایه‌”.".

کاتێك کە ئەم بڕیاردانە یەکلایەنە و حەزۆکیانە لەسەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و تیئۆریزەبوونی پراکتیکی ئەو بزووتنەوەیە لە جیهانبییەکی دژەچینایتیەدا دەخوێنمەوە، وەك خوێنەرێکی وردبین بە پێچەوانەی خوێنەری نادەربەستەوە، خولیای دیتنی بەڵگە مێژوییەکان و نموونەی وەرگیراو لە خودی ئەو دەقە هزرە، بۆ پرسیارکردن و داواکردنی سەرچاوە بۆ سەلماندنی ئەو پاگەندەیە هانماندەدات؛ بەگوێڕەی کامە سەرچاوەی مێژوویی ئەنارکیزم لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵداوە؟ بەگوێرەی کامە بەڵگەی هزریی و دەق ئەنارکیزم بەرهەمی بەربەرەکانێی چینە وردە بۆرجوازیییەکانە؟ وردەبۆرجوازی چییە؛ ئاراستەیە یا چین و توێژی کۆمەڵایەتی؟ بەگوێرەی کامە پێوەر "پیشەوەران" و "دوکانداران"/ " خاوه‌ن فرۆشگه‌ بچووکه‌کان " و "وردە جوتیاران" دەچنە خانەی وردەبۆرجوازیی و چ پێوەرێك بۆ وردەبۆرجوازییبوون هەیە؛ خوێندەواریی یا باشبوونی گوزەران یا تێروانین و ئاراستەی هەوڵەکان؟

هەروەها بە مەبەستی وروژاندن و ڕۆشنایی خستنە سەر بابەتی وردەبۆرجوازی، وەك بەراییەك من لێرەدا وردەبۆرجوازی بە ئاراستەی بۆچوون و تێڕانینی تاکەکان دەبینم نەك چین و توێژی پێگە-جیاوازی ئابووریی؛ چونکە زۆرینەی کرێکاران لە ڕووی بۆچوون و تێروانینەوە هەمان بۆچوون و تێڕوانین و داخوازیی ڕامیاران و پارتییە بۆرجوازییەکانیان هەیە و خۆیان لەپێناو خەونەکانی بۆرجوازی "خۆیی" بەکوشتدەدەن و لەپێناو نیشتمانێکدا دەجەنگن، کە بەخۆیان تێیدا کرێچین، ئایا دەکرێت ئێمە دەتوانین بڵێین، ئیدی ئەو کرێکارانە لەبەر نەبوونی پلەی ئەکادێمی یا خۆشگوزەرانی و بەتاڵبوونی گیرفانیان، وردەبۆرجییانە بیرناکەنەوە و بەشێك نین لە هێزی بۆرجوازی دەسەڵاتدار یا ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی؟ ئایا دەتوانین و دەکرێت بڵێین، خوێندکاران یا پرۆفیسۆران یا دوکانداران و بەرگدووران لەبەر پلەی ئەکادێمییان یا خۆشگوزەرانییان بە ڕەنجی کاری خۆیان، ناتوانن سۆششیالیست و سۆشیالیستخواز بن؟

ئەگەر وەڵامە ئەرێییە، ئەی دۆستانی مارکسیست سەرمایەداربوونی (فریدریش ئەنگلس) و کۆیلەتی کرێکاران بەتایبەت کرێکارانی منداڵ لە کارخانەکەیدا چۆن لێکدەدەنەوە؟ ئەی سەرمایەداربوونی ئەندامانی نێوەندی پارتییە کۆمونیستییەکانی عیراق و ئێران چۆن لێکدەدەنەوە، کە خراپتر لە سەرمایەدارانی ئەوروپی کرێکارانی کۆچەر بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی کار یا دەستنەکەوتنی کارەوە دەچەوسێننەوە و لە عیراق و ئێران و کەنەدا و ئوسترالیا و ئەمەریکا و ئەوروپا تەلار و باڵاخانەکانیان بە ڕەنجی دزراوی کرێکارەکانیان هەوران دەخوڕێنن؟

"هه‌روه‌ها له‌ سه‌رپێ راوه‌ستانه‌وه‌ بوو بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی (پڕۆسه‌ی پڕۆلیتاریایزه‌کردنی) چینه‌ ورده‌ بۆرژواییه‌کان. پڕۆسه‌یه‌ک که‌ ده‌ستکه‌وت و ” سه‌ربه‌خۆییه‌- کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دێرینه‌کانی” ، ده‌خسته‌ ژێر پێی داپڵۆسین و فه‌وتاندنه‌وه‌..".

لێرەدا ئەو بۆچوونە بە ئاشکرا وردەبۆرجوازی بە چین دەزانێت و زۆر نادەربەستانە گوللەی خۆی بە بەرانبەرەوە دەنێت و هیچ ئاوەڕ لە کارایی گوللەکەی و هەروەها لە پێکان یا نەپێکانی گوللەکەی ناداتەوە، چونکە لەلای ئەو ئیدی ئەوە سەلمێندراوە، کە هەرچی پێشینانی گوتوویانە بەڵگەنەویستە و ئەم بۆ سەلماندنی دیتنەکانی خۆی، هیچ پێویستی بە خۆماندووکردن نییە.

هەرچەندە ئەو بۆچوونە بە ئاشکرا وردەبۆرجوازی بە چین دەزانێت و بە حەزی ئایدیۆلۆجیانەی خۆی هزری ئەنارکیزم دەکاتە تێڕوانینی ئەو چینە خەیاڵییانەی، کە خۆی بۆ وردەبۆرجوازی دروستیاندەکات، بەڵام من نازانم و تێناگەم بۆچی پڕۆلیتاریزەکردنی چین و توێژەکانی دیکە و پەیوەستکردنیان بە تێکۆشانی دژە-چینایەتی پڕۆلیتاریاوە خراپ دەخوێنێتەوە و وەك نەنگییەك و لاوازییەك دەبێنێت؟ ئەگەر پڕۆلیتاریا بە چەمك و تێگەییشتنی ئاوەژوو و نادروستی مارکسیستی [واتە کرێکارانی پیشەسازیی]یش وەربگرین، ئایا کرێکارانی پیشەسازیی بەتەنیا دەتوانن ڕزگارکەری هەموو کۆمەڵ بن و نەبنە هێزی دیکتاتۆر و فاشیست؟

ئەگەر لەوە بگوزرێم، کە وەها پاگەندە و ناتۆرەیەك بۆ ئەنارکیزم و ئەنارکیستەکان بێبنەمایە و هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی و هیچ دەقێکی ئەنارکی یا هەواڵ و ڕیپۆرتاژێکی ئەو سەردەمە نییە، تاوەکو بکرێتە پاڵپشت بۆ سەلماندنی ئەو پاگەندەیە. ناچارم بپرسم، ئەرێ کامە پرۆسێس و کامانەن ئەو "سەربەخۆییە کۆمەڵایەتییە دێرینان"ەی، کە ئەنارکیزم خستووینەتە ژێرپێی داپڵۆسین فەوتاندن؟ تکایە وەڵام ، بەڵام دوور لە گێرانەوەی پێشداوەرییەکانی فڵان و فیسارەکەس، بە بەڵگە و دەقی تۆمارکراو؟

"بۆ له‌ خۆ گرتنی خه‌ون و ئامانجی مرۆڤانه‌ی باڵاتره‌وه‌ که‌ ده‌شێت ته‌نها و ته‌نها خۆی له‌ (کۆمۆنییزم)دا ببینێته‌وه‌،".

من هیچ لاریم لە تێروانینی "کۆمونیزم" بە واتای سیستەمی کۆمونگەرایی یا ئەنارکیزم نییە، دەتوانێت و ئەگەری هەیە ببێتە ئەو خەونە، ئەگەر هوشیاریی تاکە پڕۆلیتارەکان [نەدار و بێدەسەڵاتەکان] بگاتە ئاستی ڕەتکردنەوەی سەروەریی چینایەتی بە هەموو ڕەنگەکانییەوە؛ چ ڕەش و چ سپی و چ سوور و چ مۆر! بەڵام نەك بەس تەنیا بەگوێرەی تێگەییشتنی منی دژە-پارتیی و دژە-دەوڵەت و دژە-فەرمانداریی [حکومەت] و دژە-دیکتاتۆریی و دژە-پارلەمان، بەڵکو مێژووی پارتییە مارکسیستەکان و دەسەڵاتدارییان ئەوەی سەلماند، کە کۆمونیزم بە واتای دەسەڵاتداریی چین یا پارتییەك و ئابووریی دەوڵەتی و نێوەندگەرایی بڕیاردان و بەڕێوەبردن، شکستی خوارد و بوو بە بەشێك لە خەون و ئەفسانەوێژیی وردەبۆرجوازیی!

بێجگە لەوە من لەو دەستەواژەیەدا تەنیا یەقینگەرایی ئایینی دەبینم و خۆم لەبەرانبەر دەستەواژەیەکی ئایدیالیستیدا دەبینم. ئاخر تەنیا ئایدیالیستەکان ڕێگە بەخۆیان دەدەن، کە ئاوا بە یەقینەوە بڕیار لەسەر داهاتوو بدەن و هەوڵی ئاراستەکردنی بدەن؛ تەنیا ئەوانەی ئایدۆلۆجیایەكی ڕامیاریی دەکەنە جێگرەوەی ئایدیا ئایینیەکان، دەتوانن ئاوا بە یەقینەوە مژدەی بەهەشتی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بدەن.


"له‌ هه‌رێمه‌کانی خۆرهه‌ڵات و باشووری ئه‌ورووپا، به‌ربه‌ره‌کانێ ی ئه‌و ورده‌ چینانه‌ دژی سه‌رمایه‌داری،".


هەرچەندە لێرەدا بەهۆی لاوازیی زمان و دەربڕینەوە زۆر ڕۆشن نییە، کە مەبەست لە وردەچینەکانە یا ئەنارکیزم، بەڵام پێویستە بزانین ئایا "هەرێمەکانی خۆرهەڵات و باشووری ئەوروپا" تەنیا "چینی وردەبۆرجوازی" تێدا بوون، ئەی پڕۆلیتێرەکانی ئەو هەرێمانە خەریکی چی بوون و ڕۆڵیان چی بوو و لایەنگری چ هزر و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوون؟ ئایا دەکرێت ئێمە ئاوا لەم دەربڕینە بێبناخە و نالۆجیکی و نامێژوویی و ناکۆمەڵناسییە بەوە تێبگەین، کە پڕۆلیتاربوون تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە مارکسیستبوون، بەو جۆرەی کە ئەو بۆچوونە دەخوازێت تەنیا لە هەرێمەکانی خۆراوا و باکووری ئەوروپا بوونیان هەبووبێت؟

"بوون به‌ بزاوتێک بۆ (شیوه‌ن کاران) بۆ “ئه‌فسانه‌ی” (به‌هه‌شتێک) ی رابردووی له‌ده‌ست چوو! به‌هه‌شتێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ورد که‌ به‌ دوور بێت له‌ زه‌بر و داپڵۆسین له‌ لایه‌ن پایته‌ختی (سه‌رمایه‌ی- پیشه‌سازی) و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی (ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆرژوازی) بن.".

بەر لە هەرشت "شێوەن+کاران" چییە، ئایا مەبەست (شێوەنگێڕەران)ە؟ چی ئەفسانەیە؛ خۆبیرکردنەوە و خۆهوشیاریی و خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی و خۆبەرهەمهێنان و خۆدابەشکردن و خۆبڕیاردان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکگرتنی ئازادانەی هەرێم و ناوچەکان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکاندا، کە ئەنارکیستەکان پێداگریی لەسەردەکەن، یا پارتایەتی دەسەڵاتخوازان و دیکتاتۆریی وردەبۆرجوازی خۆڕێکخستوو لە پارتیی چینایەتی و سەروپڕۆلیتاریا و دەوڵەت و فەرمانداریی [حکومەت] و دێمۆکراسیی نێوەندگەرایی و دیسپلینی پۆڵایینی شوانەکان؟

چی ئەفسانەیە خوێندنەوەی مارکس و هاوڕێیانی و قۆناخبەندی کۆمەڵی چینایەتی بەسەر چەند سەردەمی دژبەیەکدا و دواجار گەڕانەوە بۆ بەهەشی سەرەتایی دنیاییکردنی هەمان ئەفسانەی تۆڕات و ئینجیل و قورئان و لایەنگریری داگیرکردن و سووکایەتیکردن بە کۆمەڵە ئازاد و ناپیشەسازییەکان یا لەتوانادادیتنی گۆڕینی کۆمەڵی چینایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا بۆ کۆمەڵی سۆشیالیستی [کۆمەڵی ناچینایەتی] لەسەر بنەمای خودهوشیاریی تاك و ئامادەیی هەمووان و وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی مرۆڤ بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کامیان ناڕەوا و ناکەتواریین؟

ڕاستییەکەی هەرچەندە من مێشکی خۆمم گوشی و ئەم دیو و ئەو دیوی ئەو دەستەواژەیەی کۆتاییم کرد، تێنەگەییشتم، کە "کۆمەڵگەی ورد" چییە و لە چ سەردەمێکدا بوونی هەبووە و ڕووداوە؟ ئایا کۆمەڵگە جێگەی / شوێنی کۆمەڵ نییە؟ ئایا مەبەست لە "کۆمەڵگەی ورد" ؛ دوورگەی گچکەی نێو دەریاکانە؟ ئەی چ جۆرە کۆمەڵێك لەو کۆمەڵگەیانەدا ژیاون؟ ئەی "داپڵۆسین له‌ لایه‌ن پایته‌ختی (سه‌رمایه‌ی- پیشه‌سازی) و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی (ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆرژوازی) بن" واتای چییە؟ شتێك کە لە "پایتەختی سەرمایەی پیشەسازیی"دا بێت، چۆن لە دەرەوەی دەسەڵاتی "دەوڵەتی نێوەندیی بۆرجوازی"یەوە دەبێت؟ باشترە هەڵهێنانی ئەم مەتەڵە بۆ لایەنگرانی ئەو بۆچوونە بەجێبڵێم. ئەی "“ئه‌فسانه‌ی” (به‌هه‌شتێک) ی رابردووی له‌ده‌ست چوو!" چییە و مەبەست لە کامە ئەزموون یا هەوڵ و بیرۆکەیە؟

بەکورتی، ئەنارکیستەکان دەڵێن، ئەگەر و توانانی بەدیهێنانی کۆمەڵی ناچینایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا هەبووە و هەیە، بەمەرجێك زۆرینە ئامادەیی و ویست و داخوازیی وەها ژیان و ڕێکخستێكیان هەبووبێت یا هەبێت و بەبێ ناچارکردنی کەسانی دیکە، بەبێ سەپاندنی کەمینە بەسەر زۆرینە و زۆرینە بەسەر کەمینە، لەسەر بنەمای ڕێکخستنی ئاسۆیی و بڕیاردانی دێمۆکراسییانەی ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوە گشتییەکانی شوێنی کار و ژیان، پێکەوە هەمووان بەرهەمبێنن و ئەوەی هەیە بە یەکسانی پێکەوە هەمووان لێی بەهرەمەندبن، دوور لە سیستەمی سەرووخەڵکیی و دەوڵەت، خەڵکی ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیانی خۆی بدات. ئەنارکیستەکان هاتنەدی هەموو ئەوانە بە تێکۆشانی جەماوەریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان و خودهوشیارییەك کە لەو تێکۆشانەدا سەرهەڵدەدات و ڕێکخستنە ئاسۆییە شۆڕشگێرەکان کە بەرهەمی وەها خودهوشیارییەكن و میکانیزمگەلێك کە بەرەنجامی ئەزموونکردنە مێژووییەکانن و بە پشتبەست بە هەرەوەزیی و هاوسۆزیی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی و ئاڵوێری بەرانبەرانەی بەرهەمەکان و دابەشکردنیان بەگوێرەی پێداویستیی و هاوپشتی جڤاکی و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کار و بەرهەمهێنان و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی، کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ئەگەر و لەتوانادابوونی هەیە و سەرهەڵدانی ئاوا خواستێك و ناچاریی تێکۆشان بۆ هاتنەدی ئاوا ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرییەك، پێویستی بە ڕۆشنگەریی بەردەوام و جەماوەریی هەیە.

بەڵام لە بەرانبەردا مارکسیستەکان پێشکەوتنی ئابووریی بۆرجوازیی دەکەنە پێشمەرجی هاتنەدی سۆشیالیزم و هەر لەسەر ئەو بنەمایە داگیرکردنی وڵاتانی پاشکەوتی ئابووریی لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووریی [بۆ نموونە داگیرکردنی هیندوستان لەلایەن ئینگلتەرە] بە دروست دەبینن و هەروەها دروستکردنی دەوڵەتی بەناوی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری بەناوی پڕۆلیتاری و دەسەڵات و نێوەندگەرایی پارتیی "پێشرەو" بەناوی سۆڤیەتی [شورایی] و سەپاندنی نەخشەی ئابووریی نێوەندگەرا و دەوڵەتییکردنەوەی ئابووریی و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی بەناوی سۆشیالیزم و بەستنەوەی هاتنەدی کۆمونیزم بە تێپەڕاندنی قۆناخی [سەرمایەداریی دەوڵەتی] دەکەنە پێشمەرج.

بەبۆچوونی من، هەر ئاوا کە لە هاوینی ساڵی ١٩٩٣ بەردەوام بۆ هاوەڵە مارکسیستەکان پێشنیارمکردووە، بۆ تێگەییشتن لە جیاوازییەکان، لە دروستی و نادروستی پاگەندەکان و هەوڵەکان، گونجاویی و نەگونجاویی و پۆزەتیڤبوون و نیگەتیڤبوونی پێشنیار و بەرنامەکان، ئێمە پێویستمان بە مشتومڕی بەردەوام لەسەر ڕۆڵی بەرەنگاریی چینایەتی و جۆر و چۆنیەتی ڕێکخستن و شێوازی چالاکی و تێکۆشان، ڕۆڵی ڕێکخراوە جەماوەریی و سڤیلییەکان و مانگرتنی گشتی و خەباتی نافەرمانی سڤیلیست و ڕاپەڕینی جەماوەریی، شۆڕش چییە و زەمینە و ئاست و ڕەهەندەکانی شۆڕش کامانەن، گرنگی و کارایی ڕۆشنگەریی ناچینایەتی، ئەزموونەکانی ڕابوردوو لەو بارانەوە چی دەسەلمێنن و چییان ڕەتکردووەتەوە، شۆڕش چینایەتییە یا ناچینایەتی، ئایا ئامانج کۆمەڵی ناچینایەتییە یا سەروەرکردنی کۆیلان و زۆر پرس و پرسیاری دیکە، کە لە ڕەوتی تێکۆشانی داهاتوودا دێنە پێش و وەڵامدانەوەیان دەبێتە ئەرکی شۆڕشگێرانی سەردمەکەیان و هیچ کات تیئۆری و ئایدیۆلۆجیای سەردەمەکانی پێشوو ناتوانن وەڵامی کەتوارییان پێبدەنەوە. لێرەدا جارێکی دیکە هەمان کۆمەڵە پرسیاری لێکهەڵپێکراوی زادەی کەتوار و مێژووی تێکۆشانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی چەند بارە دەکەمەوە و هیوادارم سۆشیالیستانێکی پەیگیر پەیداببن و لەنێو ڕەفەی پەرتووکە زەردهەڵگەڕاوەکان بێنەدەرەوە و خۆیان بە پەیداکردنی وەڵامی ئەو پرسیارانەوە خەریکبکەن.


"(پییه‌ر جۆزێف پڕۆدۆن) که‌ به‌ باوک و نمونه‌ی باڵای ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ژمێردرێت".


یەکێك لە هۆکارەکانی (دۆگماتیست)مانەوەی هزری مارکس و ئاسان وەرگۆرانی بۆ ئایدیۆلۆجیا و ئامرازی دەسەڵاتخوازیی، سڕینەوە و شێواندن و خوێندنەوەی بەرانبەرە بەپێوانە خودییەکان و بەراوردکردن بەخود. لەبەرئەوەی کە ئەلف و بای مارکسیزم مامۆستاییکردن و ڕابەرییکردنی چەوساوانە، باوکایەتی پلە و پایەیەکی هەردەم خوازراوی نێو ئەدەبیاتی مارکسیستییە و سەراپا پڕ لە واژەگەلی "داهێنەری سۆشیالیزمی زانستی"، "مامۆستای پڕۆلیتاریای جیهان"، ...تد هەڵبەتە ئەم نازناوانە تەنیا بۆ خودی (کارل مارکس) و (ئەنگلس) نا، بەڵکو بۆ دروستکەران و فەرماندەکانی (چێکا) و (لەشکری سوور)یش بەکاربراون و دەبرێن. ئاخر بەڕێزم، لە کامە دەق و سەرچاوەی ئەنارکیستیدا هاتووە، کە پڕۆدۆن "باوکی ئەنارکیزم" بووە، لێرەدا باشترین وەڵام بۆ ئەو پووچ-وێژییە تەنیا ئەوەندە بەسە، کە بڵێم تکایە بڕۆ رەخنەی ئەنارکیستەکان لە پێشنانی خۆیان بەدیاریکراوی (پڕۆدۆن) بخوێنەوە، ئەوسا ببینە کە ئەنارکیزم هزرێکی بێ(دایك و باوك و مامۆستا و ڕابەر)ە، تاوەکو جیاوازی هزر و ئایدیۆلۆجیا باشتر دەربکەوێت!

هیوادارم لایەنگرانی ئەو بۆچوونە لەم بارەوە خۆیان ماندووبکەن و ئەو ئەرکە بێکێشن و لە دەقە ئەنارکیستییەکاندا سەرچاوەیەك بۆ "باوکبوونی پڕۆدۆن" بۆ ئەنارکیزم بدۆزنەوە و بە ئێمەی بەدبەختیشی بڵێن؟ ئەگەر پڕۆدۆن باوکی ئەناکیزم بێت، ئەدی باشتر نەبوو ولیەم گۆدوین و ماکس شیێنەر بکەنە باپیرە و خاڵۆی، ئەدی دایکی ئەنارکیزم کێیە؟ تکایە چاویلکەی ئایدیۆلۆجیی لادەن، تاوەکو بەرانبەر بە ڕەنگ و سروشتی خۆیەوە ببینن، نەوەك بەو ڕەنگەی کە ئایدیۆلۆجیا و ڕابەران لە هۆشی هەزاران سۆشیالیستخوازی گیرۆدەدا دروستیانکردووە!

وەك گوتم بەدبەختی لەوەدایە، کە کەسێك بە حەزە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی، بە دەقە پیرۆزکراوەکانی خۆی کەتوار بپێوێت. ئەنارکیزم بەپێچەوانەی ئایینی "مارکسیزم"ەوە، میتۆدلۆجیە نەك ئایدیۆلۆجی، سەنتێزە نەك تێز بۆ لەقاڵبدانی کۆمەڵەکانی مێژوو. ئەنارکیزم وەك تیئۆرییەکی کۆمەڵایەتی دژەچینایەتی بەرەنجام و ئافەریدەی خەباتی کۆمەڵایەتیی چەوساوانە لە ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییدا و تا سەروەریی چینایەتی بەسەر کۆمەڵدا بوونی هەبێت، ئەنارکیزم پەرەدەسێنێت و تیئۆرییەکانی لە بوارە جیاجیاکانی تێکۆشان و شۆڕشدا فروانتر و گەشەکردووتر دەبن و تیئۆریزەرانی نوێی لەدایکدەبن، کەسانێك کە باوکایەتی و دایکایەتی بۆ هزریان پەسەندناکەن.

ئەمە ڕێك بەپێچەوانەی مارکسیزمەوەیە، کە ئایدیای کۆمەڵی ناچینایەتی "کۆمونیزم" لە بەهەشتی ئەفسانەکان و لێکدانەوەی بۆ سەردەمە مێژووییەکانی سەرهەڵدان و گەشە و خۆقوتارکردنی کۆمەڵی چینایەتی، هەمان قۆناخبەندیی دەرکردنی ئادەم و ئێڤا و ئاوارەبوونیانە لە دونیای دۆزەخاویدا، هەر ئاوا بە پێچەوانەی داگرتنی یەزادان و دەوڵەتەکەیەتی بۆ سەرزەمین و نازناوکردنی بەناوی "پڕۆلیتاریا" و پاساودانی دیکتاتۆریی پارتییەکەی بەناوی بەرژەوەندیی باڵاوە، کە هەمان بەرژەوەندی یەزدانە زەمینییەکانە.

"بۆچوونه‌کانی پڕۆدۆن بریتی بوون له‌ “خه‌ونی ئایدیالیستیانه‌ی- بێ ناوه‌رۆک” بۆ بنیادنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دامه‌زراو له‌ سه‌ر رێککه‌وتنی ” تاکه‌ پیشه‌گه‌ره‌کان” له‌ باره‌ی هه‌ره‌وه‌ز وئاڵوگۆڕی سوودگه‌یاندن و قه‌رزو ده‌ستگیرۆیی به‌ بێ به‌رانبه‌ر.".


زۆر بەداخەوەم، کە ناچارم ئەم دەستەواژەیە بنووسم؛ ئەو بۆچوونە وەك مەلایەك لە مینبەرەکەیدا قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و دڵنەوایی بڕوادارانی ڕێبازەکەی دەداتەوە و بۆ ئەوەی لە دوودڵی و گومان بیانپارێزێت، ئەهریمەنێك قوتدەکاتەوە. وەك پێشتر پرسیم، تکایە سەرچاوە و نموونە لە بۆچوونەکانی پرۆدۆن، تکایە بەڵگە؟

بەڵێ پڕۆدۆن بانکی بێسوودی بۆ ئاڵووێری یەکسان و دەستگیرۆیی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هەروەرزیی کۆمەڵایەتی پێشنیاردەکرد، بەڵام لەنێوەندی ژیان و لەسەر بنەمای کەتواری ئەو ڕۆژە و لەنێو کۆمەڵە کرێکاریی و جوتیارییەکاندا و دوور لە دەستتێوەردانی دەوڵەت بەو جۆرەی کە لە کۆندا لەنێو کۆمەڵە ئازادەکاندا بەبێ بوونی دەوڵەت و سەپاندن، بوونی هەبووە. هەروەها نەك بەو لنگاوقووچییەی کە ئەو بۆچوونە وێنایدەکات. من تێناگەم ئەو بۆچوونە چۆن ئایدیالیزم دەبینێت و چ پێوەرێکی بۆ ئایدیالیستبوون هەیە. بەڵام ئەوەندەی من بزانم ئایدیالیزم واتە دەستپێکردنی گۆڕانی کەتوار بەگوێرەی قاڵب و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجی/ هۆش[تیئۆری]ەوە، ڕێك بەپێچەوانەی ماتریالیزمەوە کە بریتییە لە گۆڕانی هۆش [تیئۆری] بەهۆی ئەزموونی کار [پراکتیك]ەوە. لێرەدا ئەم پرسیارە یەخەماندەگرێت : ئایا لەقاڵبدانی کۆمەڵ لە ئایدیۆلۆجیدا و دەوڵەتیکردنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و توانەوەی خۆبەخۆی پەشمەکییانەی دەوڵەت ئایدیالیستییە یا پێکهێنانی کۆمەڵە ئازادەکان لەسەر بنەمای هەروەزیی کۆمەڵاتەتیی و ئالووێری بەرانبەرانەی ئابووریی؟ لەو بارەوە بەراودکردنی ئەزموونی مارکسیستییانەی ڕوسیا ١٩١٨ - ١٩٩٠ و ئەزموونی ئەنارکیستانەی هەندێك هەرێمی ئیسپانیا ١٩٣٦ - ١٩٣٩ دەتوانێت باشترین پێوەربێت، هەروەها بەدڵنیاییەوە بەراوردی بۆچوون و تێروانینی بلانکیست-مارکسیستەکان لەتەك بۆچوون و تیڕوانینی ئەنارکیستەکان لە ئەزموونی (کۆمونەی پاریس)دا کۆمەکێکی زۆر بۆ تێگەییشتن دەکات.

بە بۆچوونی من لەوانەیە دوو شت بتوانن لە ناسینی ئەو ئەهریمەنە ڕەشە [پڕۆدۆن]دا کۆمەكی ئەو بۆچوونە و خوێنەرانی بکات؛ یەکەم خوێندنەوەی ژیاننامەی خودی ئەهریمەن و دووم ڕووداوەکانی سەردەمی نووسینی تێروانین و پێشنیارەکانی ئەون، لەوانە پێشنیاری کۆمەڵە کرێکارییەکان و هەرەوەزییەکان، کە هاوکاتی سەرهەڵدانی مانگرتنەکان و پێکهاتنی کۆمەڵە کرێکارییەکانی ناوچەی (لیۆن) بوون. چونکە خوێنەری بەویژدان و سەربەخۆ، دەتوانێت ئەوە ببینێت، کە پڕۆدۆن سەرەڕای هەموو رەخنەیەك لێی لە ڕوانگەی ئەنارکیستانی ئەم ڕۆژگارەوە، بەپێچەوانەی هاوسەردەمییەکانەوە کەسێكی زیندووی نێو بزووتنەوەکە بوو، لەم بارەوە خوێندنەوەی وەڵامەکەی ئەو بۆ (کارل مارکس) باشترین و زیندووترین بەڵگەی جیاوازییەکانە؛ زۆر بە ڕاشكاوی جیاوازی ڕەوتی ئازادیخواز و ڕەوتی ئایدیالیست لەنێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی دەخاتەڕوو؛ تکایە ىڕواننە به‌شێك له نامه‌ی پییه‌ر پرۆدۆن بۆ ماركس:

 www.anarkistan.wordpress.com/2008/05/28

"مارکس له‌ په‌ڕتووکی (هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌) که‌ ساڵی ١٨٤٧ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، بۆچوونه‌کانی پڕۆدۆن ده‌خاته‌ به‌ر هێرشی ره‌خنه‌، هاوشانی ئه‌و ره‌خنانه‌ش، گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ١٩ کۆنه‌ پارێزی بیرۆکه‌کانی پرۆدۆن ده‌سه‌لمێنێت و گه‌واهی ده‌ده‌ن که‌ هیوای راستینه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری و زۆرداریه‌کانی و تاکه‌ رێگا بریتیه‌ له‌ خه‌باتی گه‌له‌کۆیی و یه‌کریزیی سه‌رجه‌م چینی کرێکار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌ کۆمه‌ڵی کرێکاران به‌سه‌ر (هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان)ه‌وه‌…..".


بەداخەوە، کاتێك خوێنەر ئەم پەرەگرافە دەخوێنێتەوە، ئەو یەقینەی لەلا دروستدەبێت، کە هەر بەڕاستی مارکس و ئەنگلس لایەنگری سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کرێکاران بوون و (پرۆدۆن)ی ئەهریمەن لایەنگری سیستەمی سەرمایەداریی بووە و دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵە و هەرەوەزییە کرێکارییەکان بووە. بەڵام بەپێچەوانەی پاگەندەی ئەو بۆچوونە و ئەو سەرچاوانەی ئەو پشتیان پێدەبەستێت، پڕۆدۆن پێشنیارکەری کۆمەڵە کرێکارییەکان و پێکهێنانی هەرەوەزییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەریی کەرتەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە ناسراوە. ئەو (پڕۆدۆن) پێشنیاری یەکێتی ئازادانەی کۆمەڵەکان و زنجیرە و تۆڕی هەرەوەزییەکان و خۆبەڕێوەبەرییەکانی بەرهەمهێنەرانی لەسەر بنەمای یەکێتی ئازادانەیان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکاندا دەکرد، واتە لەسەر بنەمای ڕێکستنی ئاسۆییی و دژ بە قووچکەیی و هەروەها گرنگی و بنەماییبوونی خەباتی ئابووریی کرێکاران و سەربەخۆیی ئابووریی وەك مەرجی گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵ دەزانی.

لەو بارەوە چەند سەرچاوەیەکی گرنگی هزر و تێروانینی پرۆدۆن [دارایی دزییە ، فیلۆسۆفی هەژاری و ئاڵوێر و زۆرێکی دیکە]، کە دەتوانن کۆمەك بە خوێنەری چەواشەکراوی کورد بکەن، بەداخەوە هێشتا وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و هێشتا یەقینگەرایی باڵی بەسەر هۆشی زۆرێك لە سۆشیالیستخوازانی خۆرهەڵاتی ناویندا کێشاوە و نەیانتوانیوە خۆیان لە چەواشەکارییەکانی میدیای دەوڵەتی بۆلشەڤیکی ڕزگاربکەن و هەر لەسەر بنەمای " وتیان و ئاوا دەڵێن" کەتوار دەپێون. لەبەرئەوە، لەوانەیە خراپ نەبێت، کە سەرنجی خوێنەری کورد بۆ سەرچاوەکانی ئەنارکیزم ڕابکشێم و لەنێو ئەوانیشدا هزری پییەر جۆزیف پرۆدۆن، کە لەو بابەتەدا زۆرترین ئاماژە و هێرشی ناڕەوای دەکرێتە سەر. هەروەها لەوانەیە کۆمەککەرێكی باش بێت، ئەگەر خوێنەری کورد سەرنجی ئەوە بدات، هەرگیز رەخنەگرانی مارکسیست لە خودی (کارل مارکس)ەوە تا بەڕێز (بژار سەردار) و پاش ئەویش خۆیان لەو لایەنە لاواز و نادروستانەی بیرکردنەوەی پڕۆدۆن نادەن، کە خودی ئەنارکیستەکان لە دوو سەدەی ڕابوردوودا رەخنەیان ئاراستەکردوون، بەڵام لە بەرانبەردا هەردەم پەنایان بۆ تۆمەتگەلێك بردووە، کە خوێنەری بەویژدان ناتوانێت لە بیرکردنەوەی (پڕۆدۆن)دا شوێنپایان بدۆزێتەوە.

لینکی ئەرشیڤی ئەنارکیستەکان: www.theanarchistlibrary.org/special/index
لینکی هەندێك لە پەرتووك و بابەتەکانی پڕۆدۆن: www.theanarchistlibrary.org/category/author/pierre-joseph-proudhon
هەروەها ئەم لینکەش: www.dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/proudhon/ProudhonCW.html

دوا شت، هەرچەندە ةووسەر لە ١٣ی جولای ٢٠١٤ ئەم بابەتەی نووسیوە و منیش لە ١١ی مارچی ئەم ساڵ ٢٠١٥ بەرچاوم کەوتووە و ئەم سەرنجانەم لەبارەیەوە نووسیون و تاوەکو ئەم ڕۆژ کە خەریکی پاکنووسکردنیان بووم، چاوەرێی بەشەکانی دواتری نووسینەکەی ئەو بەڕێزە بووم، بەڵام نووسەر بەشی دووەمی یا دواتری نووسینەکەی لە هرز و ڕەوتی ئەنارکیستی بڵاونەکردووەتەوە. ئیدی نازانم ئایا وەها بڕیاردانێك هەڵچوونێکی کاتەکی بووە و دواتر نەیتوانیوە درێژەی پێبدات، یا لەبیری کردووە، کە نووسیویەتی "بەشی یەکەم". لەبەرئەوە، من لەوە زیاتر چاوەڕێ نامێنمەوە و لێرەدا کۆی سەرنجەکانی خۆم دەخەمەڕوو و بۆ پاراستنی نیازپاکی و دەستپاکیم لە نموونەگیریی تێروانینەکانی نووسەر، لینکی بابەتەکەی ئەو دەکەمە پەراوێز.
____________________________
* خوێنەری هێژا، مەبەستی (ولیەم گۆدوین) لە کۆمەڵی سڤیلیست و ڕێکخراوە سڤیلیستە/نادەوڵەتییەکان تەواو پێچەوانەی کۆمەڵ و ڕێکخراوگەلێکە کە لایەنگرانی پارلەمانتریزم و نیئۆلیبرالیزم بۆ خەساندن و فریودانی ناڕەزایەتی خەڵك بەناوی (NGO) پاگەندەیان بۆ دەکەن، چونکە مەبەستی ئەو ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی دەوڵەت و ڕێکخستنی قووچکەیی بوو، واتە خوازیاری کۆمەڵی ئازاد بوو لەسەر بنەمای لێکهەڵتەنینی تان و پۆی کۆمەڵی سڤیلیست و ڕێکخراوە سڤیلیست لە یەکدی.
** بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەرتووکەکە سەردانی ئەم لینکە بکە:

 www.issuu.com/anarkistan/docs/k_enarkizm_und_enarkosendikalizm

 
بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی نووسەر، تکایە لەسەر ئەم لینکە کرتەبکە:
ئه‌نارکیزم یان کۆمۆنیزم؟ به‌شی یه‌که‌م،
١٣\٧\٢٠١٤.
www.bjarsardar.wordpress.com/2014/07/1

____________________________
بەشی یەکەم: www.emrro.com/rexnetewawkeri1.htm

 

٢٧\٥\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک