٧\٦\٢٠١٥
رەخنە
تەواوکەری هزرە نەك ڕەتکەرەوەی.
هەژێن
-
بەشی یەکەم -
رەخنە چییە و من چۆن رەخنە دەبینم، لەو بارەوە پێشتر چەند جار
تێڕوانینی خۆمم خستووەتەڕوو، لەبەرئەوە لێرەدا فرەتر لەسەر تێڕوانینی
بەرانبەر هەڵوێستەدەکەم، کە ڕۆژانە لە زۆربەی سایتە کوردییەکان و تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا وەك شمشێرێك دەچەقێتە چاوی خوێنەر. لە نێوەندی
ڕۆشنبیریی کوردیدا مەگەر چەمك و واژەی " ئازادی " هێندەی چەمكی " رەخنە
" ئەتککرابێت. هەرچەندە (رەخنە) پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و
تێڕامانێك بێت، پێویستە خوێندنەوەی بۆچوون و تێڕامانی بەرانبەر و
شڕۆڤەکردنی ناڕۆشنیی و نیشاندەری گۆشە تاریکەکانی بیرکردنەوەی بەرانبەر
بێت، بەڵام مەخابن لە کۆی زۆربەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی کورییدا
بەهەمان چاویلکەی ئایدیۆلۆجی و پارتایەتی، رەخنە دەخوێندرێتەوە وەك
سووکایەتی و دژایەتی لێکدەدرێتەوە، دەکرێت هۆکاری وەها دیتن و
لەبەرچاوگرتنێك بۆ ئالوودەبوونی بیر و هەستی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کە
بەگشتی بە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیی ئالوودە
کراوە؛ لەبەرئەوە هەم رەخنەگر دەبێتە جەلادی نووسەری دەق و هەم نووسەری
دەق لەجیاتی دیتنی ناڕۆشنیی بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی نێو دەقەکەی،
دەکەوێتە کێشە و بەرەنگاریی کینەدۆزانە بەرانبەر رەخنەگر و هەم خوێنەری
نادەربەستیش وەك بینەری دوو تیمی فوتباڵ و ڕکەبەر لە کێشمەکێشەکەی
نێوان ئەو دووانە دەڕوانێت و وەك کایەیەکی سەرگەرمی تێیدەڕوانێت.
وەك پێشتر گوتم، رەخنە واتە خوێندنەوەی ورد و شیکاریکردنی دەق. کاتێك
کە رەخنەگر بتوانێت لە دەقی بەرانبەردا ئەو کارانە ئەنجامبدات، ئەوا
ئەو کات دەتوانێت دروستییەك یا ئەڵتەرناتیڤێك بخاتەڕوو. لەبەرئەوە بۆ
گەییشتن بەو ئاستە چاوەڕوانکراوە لە رەخنە، کۆمەڵێك میکانیزم و مەرج
خۆیان دەسەپێنن، لەوانە:
- خوێندنەوەی دەق نەك بڕیاردان لەسەر بنەمای پێشداوەریی و خوێندنەوەی
پێشینانی ئیدئۆلۆگی خود بۆ دەقەکە. لەو بارەوە خوێندنەوەی کەسانی دیکە
یا پێشینانی خود نابێتە بەڵگەی نادروستی یا ناڕۆشنی دەقی بەرانبەر و
دروستی رەخنەی خود و لەو بارەدا رەخنەگر پێشداوەریی لەسەر دەق و
نووسەری دەق ناکات.
- بۆ ئەوەی سەرنجدانی دەق یا ڕەتکردنەوەی بیرۆکەیەکی نێو دەق بچێتە
خانەی رەخنە، پێویستی بە پشتبەستن بە دراوەکانی نێو دەق و بە
نموونەوەرگرتن لە دەقی بەرانبەر هەیە، تاوەکو بۆ خوێنەر شرۆڤەبکرێت و
لەبارەیەوە قسەبکرێت و ناڕۆشنییەکان دەستنیشانبکرێن و رەخنە وەك بەشێك
لە پرۆسێسی تەسەلبوونی بابەتەکە یا تیئۆرییەکە ڕۆڵی خۆی بگێرێت.
بەواتایەکی دیکە رەخنە تەواوکەر و تەسەلکردنی دەقی رەخنەکراوە نەك چەپ
و ڕاست هێڵ بەسەرداهێنانی دەقێك. بۆ نموونە کەسانێك کە رەخنە لە هزرێك
یا بیرۆکەیەك دەگرن، پێویستە بەخۆیان خوێندنەوەیان بۆ ئەو هزر و
بیرۆکەیە هەبێت، نەك بەبێ خۆماندووکردن و زیادکردنی ئەلفێك، پێشداوەریی
پێشینانی خۆیان بکەن بە بەڵگەی نادرستی هزر و بیرۆکە سەرنجدراوەکە.
- بۆ ئەوەی رەخنە بتوانێت تەسەلکەری دەق و تێروانین بێت، پێویستە
وێرانگەری لایەنە لاواز و ناڕۆشنەکانی دەق و تێروانینەکە بێت لەو
کەتوار و کات و کۆنتێکستەدا کە تێدا لەدایکبووە، واتە خوێندنەوەی دەق
لە کەتوارێکدا کە تێدا لەدایکبووە، نەك رەخنە بۆ هێڵی چەپ و ڕاست
پێداهێنان یا پێداهەڵدانی حەزۆکییانەی ئایدیۆلۆجیی لە دەرەوەی کەتواری
سەردەمی خودی دەق.
- ئەگەر رەخنە لەسەر دەقی سەرنجدراو پرسیار بەجێنەهێڵێت و خوێنەر بۆ
بیرکردنەوە و گەڕان لە دوای وەڵام خەریکنەکات، ئەوا ناتوانێت تەواوکەر
و تەسەلکەری دەق و هاندەری خوێنەر بێت بۆ وردبینی و سەرنجدانە سەر گۆشە
ناڕۆشنەکانی نێو دەق. بە واتایەکی دیکە ئەگەر رەخنە وروژێنەری پرسیار
نەبێت، ئەوا رەخنەگر ناتوانێت خوێنەر بۆ گەڕان و پشکنینی گۆشە
ناڕۆشنەکانی دەق ئارەزوومەندبکات. لەبەرئەوە لە بارێکی ئاوادا
سەرنجەکان بێجگە لە جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی پێشینان، شتێکی
دیکە نابن و ناچنە خانەی رەخنە بەواتای وروژێنەری پرسیار بۆ تەسەلکردنی
دەق و هاندان بۆ بیرکردنەوە.
- سەرەنجام، ئەگەر رەخنە نەبێتە پردێك بۆ پەرێنەوەی خوێنەر بۆ نێو
دوورگە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق، ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان رەخنەگر
و نووسەر کورتدەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە رەخنەکە ناتوانێت لەنێوان
رەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات؛ شتێك کە
بەر لە هەموو شت دەبێت ئامانجی سەرەکی رەخنە بێت.
[لە بەشی دووەمدا خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ
هزر بە نموونە دەهێنمەوە، کە بە بۆچوونی من هەرگیز ناتوانرێت بخرێتە
خانەی رەخنە....].
٢٧\٥\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|