په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٨\٢٠٢٥

ڕەخنەی ئەدەبی.

 

 

     قائید غیلان*

وەرگێڕانی: سەردار رەزا 

((بەر لە ڕۆچوونە کارەکەوە، گەرەکمە دوو وشە بێژم پەيوەست بەم بابەتەوە، دوای خوێندنەوەی بابەتەکەی دکتۆر قائد غيلان، هەستم کرد وێکچوونێک لە باسەکەی بۆ ئێمەی کورديش هەيە بۆيە بە پێويستمان زانی بيکەينە کوردی بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و بە خۆداچوونەوەمان بۆ کارە ئەدەبييەکانمان هەبێت، سەرپێيانە دەقی ئەدەبيمان ديقەت نەدەين، بە وردی لە چەمکی ڕەخنەيش بە ئاگا بين و لێی قووڵ بينەوە. بەهيواين بيخوێننەوە و ژانرێکی بە سوودە بێت بۆ خودی نووسەران و ڕەخنەگران )). سەردار

ڕەخنەی ئەدەبی وا ناسراوە کە هونەری هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەرييەکانە و بڕيار لە بارەيانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەی دەکات، بە واتا بە پێی تيۆر و ميتۆلۆژيای زانستی، ڕەخنەگر ئازاد نييە يانی ئازادێکی ڕەها نييە، بەڵکوو ئەويش پەيوەستکراوە بە بنەما و ڕێچکەی تيۆری و لەوێوە دەستدەکات بەو ميتۆدە ڕەخنەييەی جێبەجێی دەکات، ئەو ئازاد نييە تەنها لە هەڵبژاردنی ميتۆدەکە نەبێت، دوای ئەوە دەبێت ڕەخنەگر پابەندی ئەو ميتۆد و هەنگاوە پێويستانە بێت، ڕەخنەگر ميتۆلۆژيايەک بەکار دێنێت، کە لە تيۆرەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، تيۆر و ميتۆدەکانيش جياوازی لە نێوان گەورە و بچوک ناکات، لە بەردەم ڕەخنەدا گريمانە و بڕياری ئامادەکراو نييە، هەر نووسەرێک چەند گەورە و ناودار بێت ملکەچی ڕەخنەيە، پێويستە لە سەر ڕەخنەگريش ئەرکەکەی بە باشی بزانێت خۆ لە باڵابوونی ناوەکەی قورتار بکات ئەگەر هەڵسوکەوتی لە گەڵ ئەديبێکی ناسراودا کرد، ناو و مێژوويەکی باشی هەبێت، ناکرێ نووسەری ناودار ترس و زۆرداری بە سەر ڕەخنەگردا بسەپێنێت و کارەکەی لەکەدار بکات، جا لە بەر ئەوە پێويستە ناوەکە وەلاوە بنێت و ڕەفتار لە تەک دەقدا بکات، وا ديقەتی بدات کە لە خاوەنەکەی دابڕاوە تاوەکو بتوانێت بە سەريدا زاڵ بێت و رامی بکات، لە بەرامبەر ڕەخنەگردا نووسەری ناودار و نووسەری ناديار يەکسانن، لە بەردەم ڕەخنەگر تەنها دەق هەيە، ئەو دەقەيش دەخزێتە ژێر لێپرسينەوەی ڕەخنەیی بە دەر لە نووسەرەکەی.


ڕەخنەی ئەدەبی زمانی دووەمە، قۆناغێکی دوای ئەوە و سەر بە داهێنانە، ئەدەب هەميشە يەکەمجار دێت پاشان ڕەخنە، وەلێ ڕەخنە لە سەر ئەدەب بونياد نەنراوە، بەڵکوو سەرچاوەی لە تيۆرەکان و فەلسەفييەکان و ميتۆلۆژييەکان وەرگرتووە، رەخنە پێويستييەکی ڕۆشنبيرييە، ئەوانەی کە دەبێ لە نەبوونی ڕەخنە بێزار بن خودی ئەديبەکان خۆيانن، نەبوونی بە واتا جێهێشتنی بوار يان دەرفەت بۆ ناپسپۆڕەکان، ئالێرەدا ئافات دەخوڵقێت، کاتێ کەسێ دێتە پێشەوە هيچ زانيارييەکی لە بارەی بنەماکانی ڕەخنە و ميتۆد و تيۆرييەکانی نييە ، دێت و قسەيەک دەنووسێت هاوشێوەی ڕەخنەيە نەک خودی ڕەخنە، قسەيەک لەو دەچێت نەک لە ناخييەوە هەڵقوڵابێت، چونکی بريتييە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک دەستەواژەی ناتەبا لە يەک شوێندا تا وا بۆ خوێنەری ئاسایی دەربکەوێت کە قسەگەلێکی قووڵن، کە بۆ خۆی هيچ پەيوەندييەکی نە بە قووڵی و نە بە ڕەخنە و نە بەمەعريفەوە هەيە.


لە يەمەن لەم جۆرە ڕەفتارانە هەن کە ئەدەب و ڕەخنە پێکەوە لەکەدار دەکەن، لە لاپەڕەکەمدا لەم جۆرە نمونانەم بڵاوکردەوە کە جياوازی لە نێوان ژانرە ئەدەبييەکان ناکات و، تێکەڵ و پێکەڵی لە نێوان دەستەواژە و چەمکەکاندا ناکات، بە داخەوە ئا ئەمە جێگرەوەی ڕەخنەی ئەدەبی پسپۆرييە.


ئێمە قەيرانێکی ڕەخنەیی دەبينين، يان بڵێين چەق بەستوویی رەخنەیی، لە بەرامبەردا بەرهەمی ئەدەبی بە لێشاوە و پەلە لە بڵاوکردنەوەی دەکرێت سەرباری رەوش و شکستەکان. ژمارەی داهێنەرەکان لە زيادبووندايە چاپەکانيان بە دووی يەکديدا دێن، چاودێری کردنێکی پێويست شک نابەن يان لە لايەن ڕەخنەگرانەوە هيچ دەستخۆشييەکيان لێ ناکرێ. گەنجە داهێنەرەکان رێگايەکی دوور دەبڕن، توانايەک بە گەڕ دەخەن تاوەکوو دانەيەک لە کتێبەکەی بە فڵانە ڕەخنەگر بدات و بۆی ئيمزا دەکات وشەی ڕیزلێنان و هيوای بۆ دەخوازێت، کەچی ئەو ڕەخنەگرەدەچێتەوە ماڵ کتێبەکە لە ڕەفەکە دادەنێت و لە بيری دەکات، هيچ خۆی بارگران ناکات تەنانەت لە نووسينێکی کورتی فەيسبووکيشدا دەستخۆشانەی لێ ناکات و وەک ئەندامێکی نوێ بۆ ناو خێزانی ئەدەبی پێشوازی لێ ناکات، ڕەخنەگر لای خۆی دەيهێڵێتەوە بە بێ ئەوەی وشەيەکی لە بارەوە بڵێ، ئەمە بێدەنگی و تەمەڵييە، دەشێ ئەوە ئيرەیی ڕۆشنبير بێت، کە گومان دەکات هەر وشەيەک لەوەوە دەربچێت وای لێ دەکات فڵان ببێتە شاعيرێکی ناسراو، لە راستيدا ئەوەی دەيکاتە شاعيرێکی ديار و ناسراو خودی شيعرەکەيەتی نەک وشەکەی ئەو، وشەکەی تۆ تەنها پێناسەيەکە، يەکەمجار پێناسەيە بۆ خۆت بەر لەوەی نووسەرەکە بناسێنيت، ئەديبی داهێنەر مافی ناسينی خۆی بە دەست دێنێت هەرچەند چاوەنواڕ بێت هەرچەنديش بە بێدەنگی رووبەڕوويان ببنەوە، لە دواماهيدا دەرفەتی خۆی دەدۆزێتەوە کتێبەکانی دەگات و ناوی بڵاو دەبێتەوە، تۆيش کات دەتبڕێت و خەڵکی و تەنانەت قوتابييەکانيشت تۆيان بير دەچێتەوە...


لە يەمەن دا دەيان ڕەخنەگری پسپۆر لە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا هەن، ئەديب زۆر بە خۆشی و پەرۆشييەوە هەوڵ دەدەن دانەيەک لە کتێبەکەيانی بە دياری پێ بدەن، بەڵکوو ئەمە خوايە يەکێکيان لە بارەيەوە بنووسێت، تەنانەت نووسينێکی پێناسەييش بێت، يان هەر وەک هەواڵێک لە واڵی فەيسبووکەکەی کە فڵان دانەيەک لە کتێبەکەی بە دياری پێشکەش کردم، بەڵام ئەمە ڕوو نادات، ڕەخنەگرەکە کتێبەکەی لێ وەردەگرێت و لە کتێبخانەکەی دايدەنێ ئەگەر کتێبخانەی هەبێت، خۆی بە خوێندنەوەيشی سەرقال ناکات، ئەرکەکەی جێ دێڵێت نووسەرێکی دی وەری دەگرێت کە پەيوەندی بە ڕەخنەوە نييە، ئافاتێک لە دەستەواژە و چەمک و بڕگەکانی ڕەخنەیی دەخوڵقێنێت، کارەکە لە وەرگر و نووسەرەکە دەشێوێنێت، سنوور لە نێوان ئەدەب و نائەدەب، داهێنەری ڕاستەقينە و ساختە، داهێنەر و ناداهێنەر ڕادەماڵێت..


لە بەرامبەردا داهێنەران زۆرجار ئەوە دووپات دەکەنەوە کە قايلن بە ڕەخنەيەک و پێشوازیشی لێ دەکەن گەرچی ڕەخنەيەکی بونيادنەرانەيە، لە ڕاستيدا لە ڕووی زانستييەوە ڕەخنەی بونيادنەرانە و يەکێکی دی ڕووخێنەر نييە، ئەم ناوزەدکردنە تەنها لای ڕۆژنامەنووسی ناوردبين و ناپسپۆر بەکار دەهێنرێت، سەرباری ئەم دابەشکارييە لە بنەڕەتدا ئەمە پۆلينکردنی سياسييە، دەسەڵاتداران هەر ڕەخنەيەک لە بەرژەوەندييان بێت ڕەخنەيەکی بونيادنەرە و، هەموو ئەوانەيشی دژيانە ڕووخێنەرە، وەلێ ڕەخنە لە ڕاستيدا بۆ خۆی پرۆسەيەکی ڕێکوپێکە بنەما و بنەچە و تيۆر و ميتۆلۆژيای خۆی هەيە، ئالێرەوە ڕەخنە بۆخۆی پرۆسەيەکی بونيادنەرانە و پێويست و داواکراوە، هيچ کەس لێی زيادمەند نابن بێ بەهرە و کەم مەعريفييەکان نەبێت، ئا ئەوانەن کە شەر لە گەڵ ڕەخنە دەکەن، بە هەڕەشەيەک بۆ سەر بوونی فشەڵيان دەزانن زيان بە بەرژەوەندييەکانيان دەگەيەنێت، ڕەخنە پرۆسەيەکی ڕێکوپێک و ئامانجی هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەریيەکانە و بڕياريش لە بارەيانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەکاريان دەکات کە لە سەرچاوەکانی تيۆری و ميتۆلۆژيا زانستييەکانەوە چاوگی گرتووە، لە بەرئەوە خۆی، واتا ڕەخنە، نە دژايەتی نە هێرش دەکات، ئەوەی بە ئەنجامی دەگەيەنێت لە ئاست کارە کرچوکاڵەکان ئەوەيە پشتگوێيان دەخات. مادام کارەکەت وەک ژانرێ دەستنيشانکرا بۆ ڕەخنە کەواتە هەموو مەرجە تەواوەکانی تێدايە تا ببێتە دەقێکی ئەدەبی شايستەی ڕەخنە پێداچوونەوە بێت.


بە هيچ جۆرێک دوژمنايەتی لە لە نێوان ڕەخنە و داهێناندا نييە، بەڵکوو شەڕێکی فريودەرانەيە ئەوانەی کەم داهێنەر و بێ بەهرەن دەيخوڵقێنن، تەنها گورزێکی پێشوەختەيە تاوەکوو شيبکەنەوە کە ڕەخنە دەرهاويشتەيەکی کرچوکاڵە لێی دەدوێت کە کاردانەوە و تەنها ناکۆکی نێوان داهێنەر و ڕەخنەگرە، ئەوانە هەموو هەوڵی نەزۆکن، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەوانە کە لە سەر هونەر و ئەدەب هەژمارکراون و ئاتەشگايەکيان دژ بە ڕەخنەگران دروست کرد، ئەوا بەرهەمەکەت هەروا بە کرچوکاڵ و پووچی دەمێنێتەوە، بێگومان دواتر کەسێک دێت و ئەوەت پێ دەڵێت...


لە يەمەن دوو هەڵوێستی دژ بە ڕەخنە بوونی هەيە، يەکەم وای دەبيننەوە کە ڕەخنە لە يەمەن ئەکاديمييە و قەتيسی رەوتی زانکۆ و کتێبخانەکانێتی، دووەميش دەڵێن کە ڕەخنە بەتێبينی سەرپێی فەيسبووک بەستراوەتەوە، لە ڕاستيدا ژيانی ئەدەبی لە يەمەن پێويستی بە دوو جۆرە؛ ڕەخنەی ئەکاديمی زۆر گرينگە، پێويستە ئەو توێژينەوە زانستيانە چاپ بکرێن و ڕۆشنایی ببينن و پسپۆر و ناپسپۆرەکان چاوی پێدا بخشێنن. بەڵام داهێنەر پێويستی بە وشەيەکە ئەگەرچی پەلەيش بێت، ناتوانێت چاوەنواڕ بێت تاوەکوو توێژەر دێت و ڕۆشنایی دەخاتە سەر کارەکەی، ئەو پێويستی بە بيروبۆچۆنێکی بە پەلەيە بە چەند دێڕیکيش بێت لە فيسبووک وەک پاڵپشتييەکی مۆڕاڵی، هەروەها کارە کرچوکاڵەکانيش پێويستی بەوەيە يەکێک ئەوەيان پێ بڵێت، هەرچەند بە چەند دێڕیکیش بێت وەک بە ئاگاهێنانەوەيەکيان.


کاری ئەدەبی بە لێشاو لە ڕێگەی تؤڕەکۆمەڵايەتييەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەوەيش پێويستی بە ڕەخنەيەکە هاوتەريبی بێت، هەمان هۆکار بەکار بێنێت، نووسينی ڕەخنەیی لەم قۆناغەدا پێويستە بارگرانی ميتۆلۆژياکەی کەم بکاتەوە، مادام توێژينەوەکەی لە چەند دێرێکدا دەخاتەڕوو، نالۆژيکييە ديدگايەکی ڕەخنەیی لە چوار دێردا بنووسيت و کەچی پێشەکييەکی ميتۆلۆژيش لە چوار لاپەڕەدا بنووسی. ميتۆدی ڕەخنەیی وەک بلدۆزەرێکی گەورە وايە، هەرگيز ناشێت بۆ هەڵکەندنی چاڵێکی بچوک بەکاری بێنیت، پێگەی بڵاوکراوەی فەيسبووکی جياوازە لە پێگەی توێژينەوەيەکی ڕەخنەیی، پێکەنين ئامێزە خودی هاوڕێ ڕەخنەگرەکانمان داوای ئەو کارەمان لێ دەکەن، ئەوەيش لە بەر نائاگایی هەندێکيان بە هۆی سروشتی نووسينی فەيسبووکی کە پێويست دەکات لە پێشەکييە تيۆری و دەرئەنجام و وردەکارييە ناپێويستييەکان سووك بکرێتەوە، بيرۆکەکە بە شێوەيەکی ڕاستەوخۆ لە چەند دێڕێکی کەمدا بخاتەڕوو، واڵگەر لانی کەم پێنج هەزار هاوڕێ و پەيگيری هەيە، ناتوانێت جێيان بهێلێت و لە گەڵتدا بمێنێتەوە تا وتارەکەت بخوێنێتەوە کە لە چەند لاپەڕەيەکدا نووسراوەتەوە.


ئێمە ڕووبەڕووی ئاريشەيەک بووينەتەوە تێبينیيە ڕەخنەييەکانمان بە پەلە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان بە تايبەت لە فەيسبووک بڵاودەکەينەوە، ئەو کێشە لە تەک ڕەخنەگری ڕاستەقينەدا نييە بەڵکوو لە گەڵ ڕەخنەگرە تەمەڵەکانە، يان ئەوانەی ناوم ناون “ ژيرەکان “، کە لە هاوتەريبی پرۆسەی ئەدەبی و هونەری دەستبەرداری ڕۆڵی خۆيان بوون، لە بری ئەوەی قورتار بن لە پەککەوتنيان لە پەيگيری کردنی ئەو کارانەيان و بە هێزکردنی، دەستبەتاڵ دەبن بۆ دەربڕينی نيگەرانييەکانيان لە ئاست ئەوەی دەينووسين.


هەژارييەکی زۆری ڕەخنەیی هەيە، ئەمە پرسێکە ناکرێ نکوڵی لێ بکرێت، سەرباری ئەوەيش ئەوەی لە تێبينی سەرپێی دەينووسين بە شێکی کەميش بێت لە ڕەوتی پرۆسەی هونەری و ئەدەبی هاوبەشە، وا دەبينێن “ ژيرەکان “ لە هاوڕێ و برادەرەکانمان زۆر بيزارن و تووڕەن لەوانەی لەبارەيانەوە دەياننووسين، ئەگەر ئەوان بيانووسيبا ئێمە بە پێشەنگی خۆمانمان دەزانين، وەلێ بێ دەنگن لە ئاست هەموو ئەوانەی دەنووسرێن، يەک حەرفێ لە بارەی ڕۆمانێ يان کۆمەڵە چيرۆکێک، ياخود قەسيدەيەکەوە نانووسن، ياخود تەنانەت بۆچوونێکی ڕەخنەیی سەرپێی لە بارەی قەسيدە يا چيڕۆک يان کارێکی هونەری دەرنابڕن، سەرباری ئەوەيش داهێنەرێکی يەمەنی نييە کە کتێبێک چاپ دەکا دانەيەکیان بۆ نەنێرێت، ئەو کتیبانە دەچنە کۆگا و تەپوتۆز دەيانخوات و پشتگوێ دەخرێن، “ژيرەکان “ی دۆستمان هيچ بەڵايەک لە گۆڕەپانی ئەدەبی و هونەری نابينن جگە لە نووسينە ڕەخنەييەکانمان نەبێت، ئەوان وای دەبينن مەترسی و هەڕەشەيە لە داهێنەران دەکرێت و ڕەخنەگران نيگەران دەکات..

__________________________________

* نووسەر و ڕەخنەگری يەمەنی.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار رەزا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک