|
١\٩\٢٠٢٦
ڕەخنەی شیعریی:
ئیستاتیکای زمانی
شیعر.

سۆران محەمەد
وەك
چۆن شیعری ڕۆمانتیکی و ڕەمزیی، دەرچوون بوون لە قاڵبی شیعری باو، هەر
ئەوەش ڕووی دا لەگەڵ پەخشانە شیعردا، کاتێك شاعیران لەهەوڵی یاخیبووندا
بوون لە هەموو دەسەڵاتێکی شێوە، کە لەمپەربوو لە بەکارهێنانی زمانی
تاکەکەسی، تا چیدی ملكەچی ئەو چوارچێوە ئامادانە نەبن کە دەبوو زاراوەو
هەستەکانی تێدا دابڕێژرایە.
لە ڕاستیدا پەخشانە شیعر مانای دەرچوون نییە لە هونەرەکانی شیعر، بە
بیانوی داهێنان و ئازادبوون، بەڵکو لەویشدا کورتبڕی و چڕبوونەوەو
یەکێتی بابەت و ڕەوانبێژی پێویستەو دەبێت ئامادەییان لە دەقدا هەبێت،
تا بەرهەمێکی باشمان بەرهەم بێت. گەر نا تەنیا مانا دەبێتە چەق و دەنگ
و مۆسیقا پاش دەکەون، ڕستە تیایدا جێی وەزن وکێشە شیعریەکان دەگرێتەوە.
کەواتە شیعر بەهەموو جۆرەکانییەوە کاتێك بوونی دەبێت کە ئیرادەی
داهێنان و ئاگاهی، بوونیان هەبێت. وەك ئەوەی (ماکس جاکوب) جەختی لەسەر
دەکاتەوە، کە لێرەدا هونەر: ئیرادەی دەربڕینە کە لە قووڵایی خودەوە
سەرچاوە دەگرێت، بە شێوەیەکی تۆکمەو پوخت.
کاتێك شیعر لە دەست ڕێساکانی کلاسیك دەرهێنرا، ئیدی تێکەڵبوونێکی زۆر
لە نێوان دەقی باش و خراپدا دروست بوو، چونکە ئەو پێوەرانەی ڕوون و
ئاشکرابوون کە شیعری کلاسیکی لەسەر دەهۆنرانەوەو پێ هەڵدەسەنگێنران
بەرەو کاڵبوونەوە و بایەخ پێنەدان چوون و زیاتر بەرهەمە شیعرییەکان
پشتی بە دیدو سەلیقەو مەعریفەی شاعیرو ماناکان دەبەست، ئیتر لێرەوە
گێژاوێك دەخولقێت و ڕەسەن و نارەسەن بە ئاسانی بۆ هەمووان لێك
جیاناکرێتەوە.
جێی ئاماژەشە کاتێك ئارتۆر ڕامبۆی قەلەندەر ئەو ڕچەیەی شکاند، هەر بەو
سیفەتە بوو کە شیعر پەیوەست بکات بە گەڕان بە دوای نەزانراودا و زیاتر
بەرەو متافیزیکا پەلکێشی بکات، وەك لەوەی تەنیا بە شێوەیەکی هونەریی
دابڕێژرێت، وێڕای ئەوەی خۆی بووە سەرمەشقی ئەوەی کە پەخشانە شیعر گەشە
بسێنێت و بە ڕەسەنایەتی و تەکنیکی ناوازەوە کامڵی بکات.
ڕەخنەنووس برونۆ لاتۆر لە ڕەخنەی بنەماکانی تازەگەریدا شتێک لە وەهم و
ڕووتکردنەوە دەداتە پاڵ ئەو هەوڵانەی لەژێر ئەم ناوەدا دەدرێن، بەمانای
ئامێرەکانی داماڵینی ئەو ماسکانەی کە بە ستراتیژی سەرەکی ڕەخنەی
تازەگەریی لەقەڵەم دەردێن، بۆیە ئەو دەنووسێت: "هەڵماڵینی ماسکەکان
ئەرکی پیرۆزو ڕاستەقینەی تازەگەرییە، بوونی پاشخانی ڕاستەقینەو تەواو
لەگەڵ ڕۆشنبیریی ساختەدا لێك جیا بکرێتەوە. لەبری ئەوەی تەماشای دەقێكی
ئەدەبی بکەین وەك هۆکاری شاردنەوەی بەرژەوەندی چینێك یان سیاسەتێك، با
تەماشای بونیادی سەرەکی بکەین کە لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی ئاست جیاواز
پێکهاتووە، لەوانە: زمان، نووسەر، تەکنیك، دەزگای ئەدەبی، جەماوەر"..
بەڵێ، لە پێناسەی شیعردا زۆر وتراوە، لەوانە: "ئەو ئەدەبەیە کە ئاگاهی
ئەندێشەکردنێکی چڕ لە خۆ دەگرێت سەبارەت ئەزموونێکی دیاری کراو، یان
پەرچەکردارێکی هەستەکی یان سۆزردارییە لە ڕێگای زمانێکی پوخت و
بژاردەوە لە هەموو ڕووەکانی ماناو زاراوەو ئێقاعەوە پێکدێت".
هەروەها ئەندێشەکردن کە پنتێکی سەرەکی شیعر داگیردەکات، بریتییە لە
توانای ئەقڵ لە ئامادەکردنی وێنەی زیهنی و مانای تازەدا، کە پێشتر
بوونیان نەبوو بێت لەواقیعی هەستەکیدا، ئەمەشە کاریگەریی لەسەر وەرگر
دروست دەکات و هەستەکانی دەخرۆشێنێت و کاردانەوەی تیادا فەراهەم دێنێت،
دادەنرێت بە بنەمایەکی سەرەکی نووسینی شیعر، کە سنووری واقیع دەبڕێت
بەرەو جیهانگەلێکی نوێ لە ماناو هونەردا.
ئیبن سینای شاعیرو فەیلەسوف ئەندێشەکردن بە سیمایەکی تایبەت دادەنێت کە
شیعری پێ لە پەخشان جیادەکاتەوە، لێرەدا بواری ڕاستی و درۆیی تێدا جیا
ناکرێتەوە، چونکە خولگە سەرەکییەکەی زمانە لە ڕووی خەیاڵ و
ئەندێشەکردنەوە کارا دەبێت، نەك بە باری واقیع و ژیانی ڕاستەقینەدا
شۆڕبێتەوە، هەروا سەبارەت پێناسەی خەیاڵکردن گوتراوە: "ئەندێشەکردن
شتگەلێکە لە دەروون و ناخدا ، ئەو شتەی کە خەیاڵی تێدا کراوە، بوارێکی
فەنتازییەو دروستکراوەو پێشتر بوونی لە زیهندا نەبووە".
ئەرستۆ وای دەبینێ کە ئەندێشەکردن (فەنتازیا)جۆرێکە لە جوڵە لە زیهنی
مرۆڤدا و بەرانبەریشی دنیای هەستەکییە، بگرە زانای زمان و وێژە (جورجانی)
وای دەبینێت مانا ئەقڵییەکان لە کرۆکی شیعردا نین، هەرچەندە پۆشاکی
شیعریش لەبەر بکەن، هەرچەندە ئەو لە ڕۆڵ و بایەخیان کەم ناکاتەوە لە
ڕووە جیاوازە هزری و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانەوە هتد..... لەهەمان
کاتیشدا دەبینین لهنێو ڕهخنهگره گهنجهكاندا، بەڕێز بڵند باجەلان
دەنووسێت: "من و (سۆران ئازاد) له پێشهوهی ئهو ڕهخنهگرانهین، له
ڕوانگهی فیكرهوه قسه لهسهر ئهدهبیات دەكهین"- ئەمە لەو لەو
چاوپێکەوتنەی لەژێر ناوی (پێویستمان بە کەسانێکە بتوانن بە قوڵایی
ڕۆحییەوە بڕواننە شیعر) لە بەشی شیعروگفتوگۆدا لە ماڵپەڕی شیعریی (تەم)دا
بڵاوکراوەتەوەو چاوپێکەوتنەکە لە سازدانی: حەمە هیوایە.
هەرچی زانای زمان و وێژەناس (مەرزوقی)یە، بنەماو کۆڵەکە سەرەکییەکانی
شیعر بە حەوت دانە ڕیزبەند دەکات، کە دووانیان باس لە کێش و سەروا
دەکەن و زیاتر تایبەتن بە شیعری کلاسیکەوە، هەرچەندە بەڕادەیەك دەبێت
لەدەقە مۆدێرنەکانیشدا بوونیان هەبن، بەڵام پێنجەکەی تر دەبێت کەم تا
زۆر لە هەموو بەرهەمێکی شیعریدا هەبن تا بە شیعر ناوببرێن:
١- مانای باڵا و دروست.
٢- هێزی زاراوەو پتەویی و ناوازەیی و گونجانی لەگەڵ مانادا.
٣- پێکان لەوەسفدا، بەشێوەیەکی دروست و وردو ڕاستگۆ و گونجاو لەگەڵ
ئەوەی وەسف دەکرێت.
٤- لێکنزیکی لە شوبهاندندا: بەوەی گونجان لەنێوان لێکچوو و لەوچوو دا
هەبێت.
٥- گونجاندنی خوازەر لەگەڵ خوازراودا هەبێت، واتا بوونی هەماهەنگی
لەنێوانیاندا.
جا ئەگەر بێین ئەم سیما سەرەکیانەی کە شیعری پێ دەناسرێتەوە بەراورد
بکەین بەو دەقانەی ئەمڕۆ بە ناوی شیعرەوە بڵاودەبنەوە، دەبینین
دوورییەکی بێ هامتا هەیە لە نێوانیاندا، لەویاندا هونەرو ڕەسەنایەتی
پەیڕەو دەکراو چێژی دەبەخشی، لەمیاندا سادەبوونەوەی زمان تا ئاستی
زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە بەدی دەکرێت، ئیدی لە لایەکەی دییەوە هەندێك
دەڵێن: خوێنەر حەقیەتی لە خوێندنەوەی شیعری سەردەم بتۆرێت (بە باش و
خراپەکەیەوە)، چونکە لای ئاستەم دەبێت لێکیان جیابکاتەوەو بەتایبەتی کە
هێڵێ نێوان ئەو دوو جۆرەش ئاشکراو بەرچاو نییە، تەنانەت دەشگوترێت لە
ئەدەبی پاش مۆدێرنەدا هێڵێ نێوان ژانرە ئەدەبییەکانیش کاڵبووەتەوەو
بەیەکداچوون؛ وەك پەیوەندی نێوان پەخشان و چیرۆك و شیعرو ڕۆمان و
تەناەت شیوەکاریی...تاد.
* بیردۆزی نەزمی جورجانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دانانی وشە لە شوێنی
تەواوی خۆیدا بە هێنانەدی ئەرکە دەلالیەکەی لە سیاقێکیدا دێنێتەدی. زۆر
خاڵ هەن دەبێت لەم پێناوەدا ڕەچاو و پەیڕەو بکرێن وەك: دانان و تەبایی
وشە وماناکەی، ڕەچاوکردنی ڕەوانبێژی (وتەی ڕەوان و کاریگەر) بۆنموونە:
لێكچوون تەشبیهـ، خوازەو سێ جۆرەکەی، درکه، جوانکاری، دژیەك، ڕەگەزدۆزی،
کورتبڕی. شوێنگۆڕکێی وشە (پێش و پاشخستنی) کە چۆن کاریگەریی لەسەر مانا
دروست دەکات، لابردنی وشە، جیاکردنەوەو لێکدان، ناسراوو نەناسراو،
زانینی بەکارهێنانی ڕێزمان....هتد، ئەمانە ئەرکی شاعیرە کە ئاگاهی
هەبێت سەبارەتیان.
لە ڕاستیدا لە پێناسەی هەر ئەدەبێکی باشدا گوتراوە: "بەکارهێنانی
نموونەیی تایبەتمەندییەکانی مادە سەرەتاییەکەیەتی". جا ماددەی سەرەتایی
شیعریش زمانە، کەواتە شاعیر دەبێت بزانێت چۆن بە شێوەیەکی هونەرییانە
بەکاری بهێنێت.
هەروەها تەنتاوی دەڵێت: شیعری ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەستەکان دەهروژێنێت
و هەژان و ساکان لە ناخدا دروست دەکات.
بەم جۆرە لای تایبەتمەندەکانی شیعر دەق لە چوار ڕووەوە ڕوانینی بۆ
دەکرێت:
١- بازنەکانی دەلالەت.
٢-ئاستی ئیقاع٣-وێنەی شیعری٤- شێوازی
هۆنینەوەی دەق(ستایڵ).
چەند نموونەیەکی پراکتیکی:
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان، جێی
خۆیەتی لێرەدا چەند نموونەیەك بهێنینەوە لە شیعرەکانی تەیب قادر کە
دەنگێکی دیاری شاعیرانی نەوەی پاش ڕاپەڕینی باشوورەو سەرپەرشتیاری
وێبگەی شیعریی تەمە، کە دڵنیام ئەو هەمیشە سنگی فراوان بووە بۆ هەموو
تێبینی و سەرنجێك کە لەسەر بەرهەمەکانی بنووسرێن، ئەمەش هۆکارە بۆ
ئەوەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا سوودیان لێ ببینین و بۆ دەوڵەمەندکردنی
گوتارەکە و وەك نموونە بیانهێنینەوە.
١- ئاستی بەکارهێنانی زمان:
وەکو پێشتر گوتمان مافپێدانی تەواو بە هەر هونەرێك بریتییە لە
بەکارهێنانی نموونەیی تایبەتمەندییەکانی مادە سەرەتاییەکەی، جا لەباری
شیعردا ماددە سەرەتاییەکی شیعر بریتییە لە زاراوەو زمان، بە ڕۆچوون و
قووڵبوونەوە بەو خاڵانەی پێشوودا، دەفامینەوە کە دەبێت شاعیر
فەرهەنگێكی شیعریی لادروست ببێت و بە تێگەیشتن لە زانستەکانی ڕەوانبێژی
و شارەزا بوون لە بنەماکانی ڕێزمان بتوانێت ئەو بەهرەیەی هەیەتی لە
قاڵبی شیعرێکی سەرکەوتوودا دایبڕێژێت، هەر ئەو خاڵانەشن کە شیعر لە
ناشیعر یان وەك دەگوترێت (شیعر لە میعر) جیادەکەنەوە. کاری ئێمەش
لێرەدا بڕیاردان نییە لەسەر باشی و خراپی دەق، یان کاریگەریی و باڵایی
مانا تیایاندا، بەڵکو ئێمە لە بواری هونەرییەوە تەماشای دەق دەکەین و
دەمانەوێت بە دوای ڕەگەزە شیعرییەکاندا بگەڕێین مادام لێرەدا قسەمان
لەسەر شیعرە، ئێمە قسە لەسەر هونەری شیعر دەکەین و هەر لەو رووەوە
تێبینیەکان دەنووسین، وەکو تر زۆر شیعری سادەش لەمڕۆماندا بوونیان هەیە،
وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەردا دەکەن و ڕەنگە هەوادارێکی زۆریشیان
هەبێت، بەڵام لە لایەنی هونەرییەوە بە شێوەیەکی ئەوتۆ پێنەگەیون و
بایەخێکی ئەوتۆی هونەرییان نییە.
ڕەخنەنووس ئەحمەدی مەلا لەمبارەوە دەنووسێت: "شیعری ئاسان و زەحمەت
نییە، بەڵکو تا چەند زمان بارگاوییە بە شیعر؟".
شیعر بۆ ئەوە نانووسرێت کە خوێنەرێکی دیارییکراو لە پەیامەکەی بگات،
چونکە دەرهێنانی پەیام لە شیعردا کارێکی زۆر سەختە، چونکە، شیعرییەت
ئاوێتەی "پەیام " بووە، هەر کاتێك توانیمان پەیام لە دەق جیا بکەینەوە،
واتە، دەقی دیارییکراو بە کەمترین تەزووی شیعریی بارگاوی بووە.... شیعر
بۆ تێگەیشتن نییە! ئەی بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە ئێمە لە ناو شیعرەکەدا بژین..
لێرەدا گەر نموونەیەك بهێنینەوە لە بەرهەمەکانی تەیب قادر ئەوا دەبینین
لە شیعری (بانك) دا دەنووسێت:
(کوڕێک پێویستیی بە هەندێك خەرجکەر هەیە
تا بچێت خۆشەویستەکەی بهێنێتە ماڵەوە
ماڵی نییە
ئەگەر ماڵی هەبوایە،
خۆشەوستەکەی لەلای دەبوو و
منداڵەکەی لە باوەش دەگرت).
ئەگەر ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە گوایا لێرەدا تا چەند زمان
بارگاوییە بە شیعر؟ ئایا شێوازی دەربڕین ڕاستەوخۆیە یان هونەرەکانی
ڕەوانبێژی تێدا بەکارهێنراوە؟ ئایا مانا فرە ڕەهەندەو خوێنەر دەساکێنێت؟
یان زۆر نزیکە لە دەربڕینی ڕاستەوخۆو شێوەیەکی وتاری کۆنکرێتییەو
تیایدا مانا هەر یەك دیوی هەیە؟ ئایا وێنەی شیعریی تێدایە کە دونیای
مەجازو واقیع پێکەوە گرێ بدات؟ ئایا چ جیاوازییەك لە داڕشتنیدا هەیە
لەگەڵ داڕشتنی کەسێکی ناشاعیر دەربارەی هەمان بابەت کە بریتییە لە (قەیرانی
دارایی)؟ ئایا ئەگەر ئەو دێڕە ستوونیانە بە ئاسۆیی بدرێنە پاڵ یەك
نابنە پەرەگرافی جۆرێك لە وتار؟ ئایا چەندێك وشەکان ناوازەو شیعریین و
هێزوپێزی تایبەتی خۆیان هەیە کە لە زمانی ڕۆژانە جیای دەکاتەوە؟ ئایا
لە ڕووی زاراوەوە دروستەو لە لایەنی ڕێزمانەوە هەڵەی تێدا نییە و
چەندان پرسیار تریش.... لە ڕاستیدا هەر ئەم پێوانانەشن کە بەهای
هونەریی بە دەقەکان دەدەن. هەر دوور نەڕۆین لێرەدا وشەی (خەرجکەر)
دەبوو (خەرجیی) بووایە، کە هەڵەیەکی زەقی نادروستی زاراوە بەکارهێنانە،
چونکە خەرجکەر واتە کەسی پارە خەرجکە، کە ئەو لەویدا مەبەستی پێویستی
بە خەرجییە نەك خەرجکەر.
ئەمە وێڕای ئەوەی هەندێكجار شیعر توانای هەڵگرتنی هەندێك بابەتی لە
خۆدا نییە، گەر نا، شەفافییەت و وزەی گیانیی تیا نامێنێت، بەتایبەتی
گەر تییماکە بابەتی ڕۆژ بێت و قسەی سەرزارو بنزاری خەڵکی بێت، یان
بابڵێین جۆرێک لە قەیرانی دارایی دروستکراو لە دەڤەرەکەدا کە ئەمە کاری
ڕۆژنامەنووسانە بەدواداچوونی بۆ بکەن، لە کاتێکدا هەندێک بابەت لە
شیعردا هەر ئاماژەیەکی پێویستەو گەر شاعیر ڕۆبچێت بە زیادەڕۆییەکی
ئاسۆیی، ئەوا دەقەکە زۆر سادە دەکاتەوەو ناشبێتە پەیامێکی سەرمەدی و
گەردوونی مرۆڤ، ئەمەشە کە شیعر بە نەمریی دەهێڵێتەوەو وای لێدەکات بۆ
هەموو کات و شوێنێك لەبار بێت و هەر بە نوێیی بمێنیتەوە، یان گەر شاعیر
بیەوێت لەو بارەوە شیعرێکی باش بنووسێت دەبیت بە دوای ڕێگای
ناراستەوخۆوی دەربڕین و هونەریی و ئایدیای نوێدا بگەڕێت، بەڵام گەر
مەبەستی گەیاندنی هەڵویست و پەیامی خۆی بێت ئەوا شتێکی ترەو ئێمە
نایخەینە نێو دوتویی لێکۆڵینەوەکەمانەوە.
وەکو گوتراوە شیعر سێ هێزی ناوەکی پێویستە: هێزی سروشتی شاعیرێتی ناخ،
هێزی لێكچوواندن، هێزی ڕاهێنان و ئەزموون، هەرچی ئەوەی سێیەمە بێ یەکەم
و دووەم و نایەتە دی، بەڵام ئەوەی یەکەم و دووەم بە خاڵی سێیەم بەهێزتر
و کامڵتر دەبن. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین: ئایا شاعیرانی نوێ لانی کەم
کتێبێکی ڕەوانبێژییان خوێندووەتەوە؟ بە نموونە وەکو (خۆشخوانی)
عەلائەدینی سەججادی؟ گەر لە کتێبفرۆشیەکانیشدا دەستیان نەکەوێت ڕەنگە
گەر بگەڕێن بەدوایدا بتوانن بە شێوازی پی دی ئێف دەستی بخەن.
ئەوەی کە لەسەرەوە سەبارەت کۆپلەکەی پێشوو گوتمان دەتوانین لەم
کۆپلەیەی دەقی (موشەك)یشدا بیبینینەوە، کە چۆن جارێکی تر زمان سادە
دەبیتەوەو هیچ ڕوویەکی مەجاز هەڵناگرێت، ئەو ڕاستەوخۆ پەیامێك بۆ
پێشهاتێکی لەناکاو دەنووسێت و دووبارە پەنا دەباتەوە بەر کاریگەریی ئەم
قەیران و کێشانە لەسەر مرۆڤ و خۆشەویستان و ئەو تیایدا دەنووسێت:
(مووشەک لە شارەکان بڵاومەکەنەوە
لەو بەینەدا من تیا دەچم
من نامەوێ بمرم،
بە تەمام نامەیەک بنووسم و
بینێرم بۆ خۆشەویستەکەم)
***
(ئەو دەیەوێت گەورە بێت و بچێتە زانکۆ و
ببێتە دکتۆر و
ژنێکی دووگیان بێتە لای و ڕزگاری بکات و
منداڵەکەی بخاتە باوەشی..) .
بەڵام گەر بێینە سەر پەیام و مانا لە دەقەکەدا دەبینین دەقەکەی دانەر
زۆر دیدگایەکی مرۆڤدۆستانەی هەیە و داکۆکیکردنە لە مافی ماددی و
مەعنەوی هەموو مرۆڤێك و ژیانی بڕومەتانە، کە مافە سەرەتاییەکانی بۆ
دابین بکرێت، گوێ لە داواکانی بگیرێت، کە ئەمەش دەکرێت لە پەخشان یان
گوتارێکی هزریی و پۆلەتیکیدا ئاماژەی پێبدرێت و زیاتریش لەبارو
گونجاوتر دەبێت بۆ ئەو بابەتگەلە نەك شیعر، کە پڕە لە هونەرو ئیستاتیك
و ناوازەیی زاراوەو وێنەو هونەرەکانی زمان.
هەروەها لەم دێڕەدا بە ڕوونی ئەو مانا باڵایانەی شاعیر ڕاستەوخۆ
دەربڕینی لێکردوون سەبارەت بە واقیعی دەنگی ئەوی تری ناڕازی و بێبەش و
دەنووسێت:
(کەسێک دەیەوێت بڵێت: برسیمە، پێش ئەوەی وشەکە تەواو بکات، دەکوژرێت).
بەهەمان شێوە؛ ئەم پەیامە مرۆڤدۆستانە لە کۆتایی ئەم دەقەی تریشدا
دەبینینەوە کە چۆن شاعیر بە زمانێکی سادەی بێ ڕتووش دەربڕین لە نەفرەت
کردن دەکات دژی جەنگ و کوشتارو زیاتر دەیەوێت هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی
خۆی بەیان بکات، وەك لەوەی دەقێکی هونەری شیعریی بئافرێنێت و تازەگەریی
لە زاراوەسازی و شێوازی دەربڕین بکات تیایداو سییمبوڵ و میتافۆڕی
جیاوازو نوێ بەکاربهێنێت، تا بەرگێکی هونەری باڵای نەخشین و ڕازاوە
بکاتە بەری دەقەکە، بە وردبوونەوە لە هەموو تەن و بوونەوەرو پێکهاتە
فەرامۆشکراوەکانی گەردوون کە کەرەسەگەلێکی دەوڵەمەندن بۆ ئافراندن. لەم
کۆپلەیەدا کەس نكۆڵی لە جوانی مانا نییە، بەڵام ئەوە کاری هونەری شیعر
نییە، کە پەیامێك بۆ ڕووداوگەلێكی ساتەوەخت بنێرێت و ڕای خۆی بەو جۆرە
ڕاستەوخۆ بنووسێتەوە، بەڵکو زیاتر سیمای وتارێکی ڕامیاریی و هزریی لەخۆ
دەگرێت و بەرزکردنەوەی ئەم دروشمانەش جێی ستایش و خوێندنەوەیە، شان
بەشانی ئەو هەموو ڕێپێوانانەی لە شەقامەکانی پاریس و لەندەن و مەدریدا
ئەنجام دەدرێن و سەرکۆنەی شەڕو کاولکاری تێدا دەکەن و داوای ئاشتی و
ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن:
(من ئاشتییم خۆش دەوێت، ئاشتی مرۆڤە
من شەڕم خۆش ناوێت، شەڕ تاریکە) .
٢- مەجاز و میتافۆڕ:
گەر سەیری خاڵی چوارو پێنجی مەرجە هونەرییەکانی شیعریی سەرەوە بکەین کە
مەرزوقی باسی لێوەکردوون و وەکو پێوانەیەك وەریبگرین، ئەوا لەم
کۆپلەیەی خوارەوەدا دەبینین کە گورگ و پەپوولە وەك خوازە وەرگیراون بە
مەبەستی گەیاندنی مانای ناخی شاعیر، بەڵام دەبینین ئەو دووە هیچ
نزیکییەك نییە لە نێوانیاندا لە واقیعدا، تا پێکەوە بیانگونجێنین
ومانایان لێ هەڵبهێنجین، چونکە گورگ تاڵیبی پەپوولە نییە، هەرچەندە
پەپوولە بە بچووکی و ناسکی و جوانی وەسف دەکرێت، بەڵام گورگ بە کەڵبەو
خوێنڕشتن ناسراوەو گەر هیچ نەبوایە شاعیر زاراوە فۆلکلۆرییە کۆنەکە (مەڕ)ی
لە جیاتی پەپوولە بەکاربهێنایە ڕاستر دەردەکەوت و گونجاوتر دەبوو،
لێرەدا نەشازییەکی داوە بە وێنە شیعرییەکە، پاشان لە ڕووی ماناشەوە ئەو
هەڵەیەی تێ کەوتووە کە چۆن متمانە بە گورگ دەکرێت؟ گەر لە جیاتی گورگ
بگوترایە ڕێوی زیاتر ڕێی تێدەچوو، چونکە لە منداڵیەوە بە چیرۆکی مام
ڕێوی و مریشکە ڕەشە ئاشنا بووین، پاشان نازانین مەبەستی شاعیر لە گورگ
و پەپووله کێن چونکە هیچ بۆخوازراوێك لە ئارادا نییە، ئیدی ئاماژە هەر
لە دڵی شاعیردا دەمێنێتەوە :
(ئەو کاتەی متمانەم بە گورگ کرد
گوتم،
ئاگات لە پەپولە بێت).
هەروەها نموونەیەکی تریش دەهێنینەوە لە دەقی (دەزانم شەوتان چ ڕەنگێکە)
کە تێیدا شاعیر چەند خوازەیەکی بەکارهێناوە، بەڵام وادەردەکەوێت لەگەڵ
یەکدا ناگونجێن، چونکە هیچ پەیوەستێك نییە لە دنیای واقیعدا وێنەیەکی
ئەندێشەئامیزی دروستمان پێ بدات تا بتوانین ئیستاتیك و داهێنان لەو
وێنە شیعرییەدا ببینینەوەو ڕووە مەجازییەکەی بخەمڵێنین، ئەمەش ئەو
بەشەیە کە مەرزوقی لە خاڵەکانی شوبهاندن و خوازەدا ئاگاداری
کردووینەتەوە کە نەکەوێنە هەڵەی واوە، ئەگینا ڕەونەقی هونەریی لە دەقی
شیعردا بزر دەبێت و چ جار ڕامان و ساکان و راچڵەکین لەناخدا بەرپا
ناکات و کەمەندکێشی گیان ناکات بۆ زمانە هونەرییەکەی، کە دەبێت لە
جەوهەرو سیفاتی بوونی شیعردا هەبێت، لەو شیعرەدا ئەو بۆنی پیس دەداتە
پاڵ گەڵا، ئەمە هیچ مەجازێکی تێدا نییە، بەڵکو لە واقیعدا گەڵا دەڕزێت،
کەلاك بۆگەن دەبێت. دواتریش پەیوەندی گەڵاو زاراوەکانی (دووڕوویی و
سەرسەریی و کۆیلە) هیچ هاوبەشی و پەیوەندییەکی مەجازی و حەقيقی
پێکەوەیان نابەستێتەوە، جگە لەوەی وشەی زبری ڕۆژانەن، ئەو دەنووسێت:
(گەڵایەکم لێ کردەوە بۆنی پیس بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە دووڕوو بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە سەرسەری بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە کۆیلە بوو)
وێڕای ئەوەی شێوازی دووبارەکردنەوەی لێکردنەوەی گەڵا لە هەموو
دێڕەکاندا، ناشیعریی و لاوازکەرەو هیچ کۆکەرەوەیەك لە نێوان خوازرراو و
بۆخوازراوەکاندا نییە. لێرەدا بۆ ئەوەی خوێنەر نزیك بکەینەوە لە
مەبەستی بابەتەکە دەبێت چەند نموونەیەك لە خوازەی دروست بهێنینەوەو
پاشان بەراوردکردنی بەوانەی شاعیر بەکاری هێناون بۆ خوینەران جێ
دەهێڵین:
- ڕوومەت گوڵی ئاڵ: خاڵی هاوبەشی نێوان ڕوومەت و گوڵ، ڕەنگی پەمبە یان
سوورەکەیەتی کە لەگوڵیشدا هەیەو لە ڕوومەتیشدا، ئەمەش وەسفێکی جوانە کە
مانا دەڕازێنێتەوەو شێوازێکی هونەریی ناڕاستەوخۆی دەربڕینیشە.
- یان کاتێك کەسێك دەڵێت: شێرهات، مانای سیفەتی ئازایەتی خواستووە بۆ
کەسێك، چونکە مرۆڤ نابێتە شێر بە شێوەیەکی بایەلۆژی. بەڵام لە بری
ئەوەی بڵێت فڵانی ئازاو جوامێر هات دەڵێت: شێر هات.
- هەروەها خواستنی شێوەی مانگی یەکشەوە کە دیمەنێکی هەستبزوێنی
شاعیرانەیە بۆ ئەبرۆی یار، نموونەیەکی تری ئەو مەجازە شیعریە
دروستانەیە. گەر شاعیریش نایەوێت بۆ نموونە ئەو بەکارهاتووانە
بەکاربێنێتەوەو بڵێت ئەوانە سواون، ئەوا داهێنانی وێنەی شیعریی نوێی
باڵاو سەرکەوتوو هیوای هەموو خوێنەران و عاشقانی شیعری باشە و لەو
بڕوایەدا دەبم شاگەشکە دەبن بە خوێندنەوەیان، هەرچەندە کارێکی ئاسان و
سەرپێی نییە.
جارێکی تریش شاعیر، هاوشێوەی ئەو نموونانەی پێشوو، دووبارە دەکاتەوەو
لە شیعری (بۆ سمکۆ)دا: وشەکانی (سەرسەریی دەداتە پاڵ پەرداخ و قەل بۆ
سەراوبن و زبڵ بۆ سەرخۆش)، لێرەدا خوێنەر لە ڕووی هونەرییەوە بزر دەبێت
لە گرێدانی ئەو کەرەسانە بەیەکەوەو دەرهێنانی خاڵی پێکەوەبەستنی
نێوانیان، جگە لەبازدانەکان و شێوەی گێڕانەوەو بوارنەبوونی هەناسەی
قووڵ و شیعریی لە نێوان کۆپلەکاندا.. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت دەقی
ئاوهالە پەلەکردن و پشوو کورتیی پێوەدیارەو وەکو دەڵێن چێشتەکە
بەکاوەخۆ نەکوڵاوەو چایەکە وەك پێویست دەمی نەکێشاوە، بەڵێ لە ڕووی
ماناوە دەزانین کەسی مەدهۆش و سەرخۆش بێ بایەخ دەبینرێت لە دنیای
واقیعدا و وەك زبڵ ڕەنگە تەماشا بکرێت، بەڵام لە ڕووی هونەری مەجازی
شیعرەوە هیچ داهێنان و ئیستاتیك و قەشەنگی تێدا نییەو ڕایەڵێك لێکیان
نزیك ناکاتەوە و وێنەیەکی تۆکمەی شیعریی نوێی ئیستاتیك ئامێز لە
خۆناگرێت کە زمانێکی باڵای شیعر بیڕازێنێتەوە، جگە لەوەی ئەو زاراوانەش
ڕەقن و شیعریی نین، چونکە گەربگەڕێینەوە بۆ مەرجەکانی پێشوو دەبینین لە
خاڵی دوودا مەرزوقی جەخت لەسەر هێزوپێزی وشەی شیعریی دەکاتەوە.
(بیرتە کە دەمانگوت: ئەو هەموو پەرداخە سەرسەرییە،
ئەو هەموو قەلە سەراوبنە، ئەو هەموو زبڵە سەرخۆشە).
لە دوماهییدا دەخوازم بڵێم ئەمانە چەند نمونەیەك بوون بۆ ئاوڕدانەوە
لەو دیاردە بەربڵاوەی کە زۆر لە شیعری ئەمڕۆی کوردی گرتووەتەوەو
پێویستە بۆ باشکردنی چۆنییەتی بەرهەمەکان، شاعیران زیاتر بە ئارامەوە
ئەوە بنووسن کە لەناخیاندا هەڵدەقوڵێت و کاتی تەواوی کامڵبوونی پێ بدەن
و دوای چەندان جار دوای پێداچوونەوەو نیشاندانی کەسانی بەسەلیقە، کاتێك
دڵنیابوون بەرهەمەکە ئاستی بڵاوکردنەوەی هەیە، ئەنجا ڕەوانەی دنیای
خوێنەرانی بکەن.
_________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
1- We have never been Modern
Bruno Latour Translated by Cathiren Porter, Harvard University ISBN
9780674948396
2- The Poetry Book, Dk Big Ideas,ISBN
9780241566237, Dorling Kindersley Ltd
3- Figures of Thought, 978-0879232856, What is
Poetry author, Howard Nemerov. David R Godine Publisher.
٤- (أبو علي أحمد بن محمد بن الحسن المرزوقي، مختارات ابي
تمام الشعرية نظرية عمود الشعر، شرح محمد بن طاهر العاشور دار العربية
٥٦-١٠١).
٥- (کتاب الشفاء، المنطق، ابو علي بن حسين بن عبدالله ابن سينا، راجعه
وقدم له: د. ابراهیم مدکور.دار الكتاب العربي، القاهرة).
٦- (قصيدة النثر من بودلير حتی الوقت الراهن، الجزء الاول. سوزان برنار،
ترجمة راوية صادق، دار نشريات ١٩٩٨).
٧- ماڵپەری شیعری تەم بەزمانی کوردی، بەرهەمەکانی ساڵی ٢٠٢٥.
|