په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١٣

رەزا پالانی یان وەک دەڵێن پەهلەوی.


قادری خەندەڕەش   

بەر لە دەسپێک.


لە ڕاستیدا ئەم بابەتە زیاد لە دوو مانگە نوسیومە و بۆ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی هەرێمی کوردستانم نارد، ئەمانیش هەر زوو نامەیەکیان بۆ ناردمەوە و نوسیان کە بە خۆشحاڵیەوە بڵاوی دەکەنەوە، ئیتر ماوەی ٣ هەفتەی بەسەردا تێپەڕی و هیچ هەواڵێک لە بڵاوبوونەوەی نەبوو، پەیوەندیم پێوە کردن و گوتم کێشە چی‌یە کە بابەتەکەی منتان بڵاو نەکرۆتەوە، گوتیان وامان زانیوە کە تۆ بۆ سایتێکت ناردووە بۆیە ئێمەش بڵاومان نەکرۆتەوە! ئیتر ئەم سایتە کام سایتە ئەمە من نازانم، دواتر پەیوەندیم بە رۆژنامەیەکی دیکەوە کرد و تەنیا پرسیاری ئەوەم کرد کە وەها بابەتێک لەگەڵ سیاسەتی رۆژنامەکەتان دەگونجێت ئەگەر بۆتانی بنێرم یان نا؟! ئەمانیش بەبێ وڵامی وڵامی نەخێریان دایەوە.
هەر بۆیە ئێستا لە سایتەکان دا کە لە ڕاستیدا بوونەتە دەنگی کەسانی بێدەنگ کراو و ئازادترین میدیان بابەتەکە بڵاو دەکەمەوە.
سوپاس بۆ ئێوەی خوێنەر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی سایتەکان.

لە "پالانی" یەوە هەتا پەهلەوی مەزن (پهلوی کبیر).


رەزا پالە کوڕی عەباسقولی پالە کوڕی مرادعەلی پالە‌یە، لە درێژەی تەمەنی دا بە چەند جۆرە نێوێک بانگ کراوە و ناسراوە کە لە نێویاندا ( رەزا پالانی، رەزا سەواد کوهی، رەزا شەست تیر، رەزا خانی میرپەنج، رەزا ماکسیم، سردار سپە، رەزاشای پەهلەوی و لە کۆتاییشدا رەزاشای پەهلەوی مەزن "رچاشاە پهلوی کبیر" اعلیحچرت همایونی). ئەمە کورتەی نێو و نێوبانگەکانی رەزا پاڵانی بوو کە لە ژیانیدا پێی ناسراوەتەوە، بەڵام ئێستا هەندێک درێژتر و هەوڵ دەدەم کەمێک بە پوختی ژیان و بەسەرهاتی رەزا پالانی بخەمە بەرچاوی ئێوە خۆشەیستان.


جێگای خۆیەتی بڵێم کە من نە مێژو نوسم و نە لێکۆڵەرەوەم، بەڵام هەمیشە حەزم کردووە راستیەکان وەک خۆیان و بەبێ روپۆش و دەستکاری و رازاندنەوە رادەستی نەوەی دواڕۆژ بکرێن، ئیتر ئەم مێژووە باش یان خراپە، ڕووداوەکە سودی بووە یان زەرەر ئەوە تازە هاتووە و رابردووە، ئیتر بۆیە دەبێ ئێمەش بە ئەمانەتەوە ئاگاداری لێبکەین و وەک چۆن بووە ئاواش رادەستی نەوەی داهاتووی بکەین. من لەو باوەرە دام کە رازاندنەوە و راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە رابردوودا رویان داوە، خۆی لە خۆی دا هەڵەیە! کورد دەڵێ دەست کە شکا ئیدی جێگای خۆی ناگرێتەوە، ئەمەش راستە، ئێمە دەتوانین و کارێکی باشیشە کە پەند لە هەڵەکان وەرگرین، بەڵام هەڵەیە ئەگەر بمانهەوێت هەڵەیەک چارەسەر بکەین لە باب و باپیرانمان کردوویانە و رابردووە، چونکە ڕازاندنەوە و بە نێو چارەسەر کردن یان راستکردنەوەی هەڵەیەک یان کارێکی خراب یان باش ئەگەر بەر لە چەند ساڵێک کراوە محاڵە و تەنیا شێواندنە نەک چارەسەر کردن. بەهەر حاڵ؛ من لێرە دا نامهەوێت مێژوو فێری هیچکەس بکەم، بەڵام حەز دەکەم خوشک و برایانم لە هێندێک زانیاری یان مێژووی ژیان و بەسەر هاتی کەسێک یان بنەماڵەیەک ئاگادار بکەمەوە کە لە ڕاستیدا پشتی کوردیان شکاند و دەوڵەتی کوردستانیان روخاند و سەرۆک کۆمارەکەشیان لەسێدارە دا.

من وەک خۆم هەمیشە لە نوسینەکانم دا کە نێوی حەمەڕەزای گۆڕبەگۆڕ و دیکتاتۆری پێشووی ئێرانی بەزۆر لکێندراو بە یەکەوە دێنم، لە جێگای ئەوەی بنووسم حەمەرەزا پەهلەوی، نێوە ڕاستیەکەی یان بڵێم شۆرەتە راستەقینەکەی حەمەرەزا کە "پالانی" یە دەنووسم، بەڵام دیارە زۆر لە دۆستان و خوێنەرانی خۆشەویست پەیوەندیان پێوە کردوم و گلەیی ئەوە دەکەن کە نێوی "موحەمەد رەزا شا" دیکتاتۆری پێشووم بە هەڵە نوسیوە، یان وەک دەڵێن هەوڵیان داوە هەڵەکەم بۆ راست بکەنەوە و ئیشارەیان بەوە کردووە کە شۆرەتی حەمەرەزا "پالانی" نی‌یە، بەڵکوو "پەهلەو"ی‌یە!. سەرەڕای هەموو ئەم گلەیی و گازەندە و بەنێو هەڵە ڕاستکردنەوەیەش هێندێک لە دۆستان وخۆشەویستان گلەیی ئەوەیان کردووە کە زۆر لە خوشکان و برایانی کوردمان شۆرەتیان "پاڵانی"‌یەو ئەوە بێڕێزی‌یە بەو خوشک و برایانە! دیارە من ئەوە بە بێڕێزی نازانم بە خوشک و برایانی کوردم، چونکە نە ئەمان رەزا پالانی بە هی خۆیان دەزانن و و نە رەزا پاڵانیش شایستەی ئەوەیە یەکێک بێت لە عەشیرەتی پالانی کە لەنێو کورد دا هەن، چونکە ئەو خوشک و برایانەی کە لە نێو کورد دا هەن زۆربەیان مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستن، بەڵام بەپێچەوانەوە رەزا پالانی و نەوەکانی کەسانی خوێنخۆر و ملهوڕ و زاڵم و هەژار کوژ و دوو ڕوو درۆزن بوون و هەن.


لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە ئەگەر بڕوانین لە نێو نەتەوە جیاواز و زمانە جیاوازەکان دا زۆر نێو و ووشە هەن کە سەد لە سەد وەک یەکن بەڵام لە مانا و مەفهوم دا جیاوازن، یان هەر هەمان ووشە لە دوو زمانی تەواو لێک جیاواز دا رەنگە هەمان مانایان هەبێت، هەربۆیە ناکرێ ئێمە وشەگەلێک کە گۆیا لە فڵان زمانە دا مادام شتێکی خراپە ئێمە لە زمانی خۆنای دەرهاوێژین و بەکاری نەهێنین، یان فڵان ووشەیە لە فڵان زمانە دا باشە و ئیتر ئازادین لە بەکار هێنانی لە زمانی خۆمان دا، خۆلاسە با نەبین بە کابرای دۆڵمە و کەس نەوێرێت لە لامان باسی دۆڵمە بکات!


من وەک خۆم بۆ جارێکی دیکەش دوپاتی دەکەمەوە کە ڕێزی تایبەتم هەیە بۆ گشت ئەو خوشک و برا کوردانەم کە شۆرەتیان پاڵانی‌یە و بەو نێوە ناسراون. بەڵام دەبێ عەرزی گشت خوشک و برایانی کوردم بکەم کە من هەرگیز مەبەستم بێڕێزی کردن بە هیچکەس و بەتایبەت بە خوشکوبرایانی کوردی خۆم نی‌یە، بەڵکوو حەز دەکەم مێژوو وەک خۆی بنوسرێتەوە و ڕاستیەکان وەک خۆیان بخرێنە بەرچاو، هەربۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە گوێرەی توانای خۆم و بەو ئەندازەیەی کە دەستم بە ئەو کتێب و نوسراوانە ڕادەگات کە لەسەر ژیانی حەمەڕەزا پالانی و بنەماڵەکەی نوسراوە، بخەمە بەر چاوی ئێوە خۆشەویستان.


سەرەتا حەز دەکەم هەندێک زانیاری لەسەر شۆرەتی "لەقەبی" حەمە رەزا بۆ ئێوە خۆشەویستان بنووسم کە رەنگە کەم کەس ئاگاداری بن و لەوانەیە هەندێک کەسیش زۆر لە من و کەسانی دیکە باشتر بیزانن، بەڵام بۆچی و لەبەرچی بڵاویان نەکردۆتەوە، ئەمەیان پێویستە خۆیان وڵام بدەنەوە.


بۆ ئەوەی خوێنەر باشتر لە بابەتەکە بگات و بە تەواوی ئاگاداری ژیان و بەسەرهاتی حەمەرەزا پالانی بێت، هەوڵ دەدەم ئەگەر بە کورتیش بێت، هەندێک باسی ژیان و بەسەهاتی بنەماڵە و کەسوکاری حەمەرەزا بکەم و پاشان بێمە سەر ژیانی شەخسی حەمە ڕەزا.


ئاشکرا نی‌یە کە عەبدوڵا خان کەی و لە کام شار و گوند و ناوچەوە هاتۆتە گوندی "الاشت"، بەڵام خەڵکی ئەلەشت و دەوروبەری زۆر باش ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەی عەبدوڵا خان بوون و دەیانزانی کە کابرایەکی هەژار و دەست کورتە، دەیانزانی کە وێڕای ئەوەی چەند منداڵێکی سەروپێچکەی بە ئەستۆوە ببو، کەچی لە سەپانی و کارداری و نۆکەری خەڵکی زیاتر هیچ ڕێگایەکی نان پەیدا کردنی نەبوو، هەربۆیە لە نیو خەڵک دا بە "عەبدولا پالە" نێوی دەرکرد، دیارە نازانرێت کە عەبدوڵا پالە چەند منداڵی هەبوونە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە یەکێک لە منداڵەکانی بە نێوی مرادعەلی بووە.


مرادعەلی پالە کوڕی عەبدولا خان یان عەبدولا پالە‌یە، مرادعەلی لە بنەماڵەیەکی کەم دەسەڵات لە گوندێک بە نێوی" الاشت" ئەلەشت سەر بە "سوادکوه" سەواد کوهی هەڵکەوتوو لە ناوچەی "مازەندەران" هاتۆتە دونیا، باوکی مرادعەلی واتە عەبدوڵا پالە کەسێکی هەژار و کەم دەسەڵات بوو، لە کاتێکدا کە زۆر لە خەڵکی ناوچە خاوەن مەڕوماڵات و زەویوزار و موچەو باخ و باخات بوون، کەچی عەبدولا خان (پالە) بستێک خاکی نەبوو کە دوو دەنکە گەنمی لێ بەرهەم بێنێت و دوو سەر مەڕو ماڵاتیشی شک نەدەبرد کە پێخوری ڕۆژانەی منداڵەکانی پێ دابین بکات، هەربۆیە مەجبور بوو سەپانی و کارداری و نۆکەری ماڵە دەوڵەمەند و سەروەتمەندەکان بکات و لەم ڕێگایەوە پاروە نانێک بۆ منداڵە سەروپێچکەکانی پەیدا بکات، هەر لەبەر ئەمەش بوو لە نێو خەڵکی سەواد کوهی و دەوروبەر و ناسیاواندا بە پالە ناسرابوو، چونکە لە پێناو پەیدا کردنی پارووە نانێک دا ئامادە بوو هەموو جۆرە کارێک بکات، سەپانی، حەمباڵی، کارداری، نۆکەری و خۆلاسە هەر کارێک کە دوو شایی یان دوو پەناباتی(" شایی یان پەنابات" دوو جۆرە پارە و پوڵ بوون کە کاتی خۆی لە ئێران دا بەکار دەهاتن و برەویان هەبوو) تێدابوایە.


کات بەردەوام و بێ وەستان بەرەو پێش دەچوو، مرادعەلی تەمەنی منداڵی تێپەڕاند و کورد گوتەنی دەستی داری گرت، مرادعەلی پێچەوانەی پیشەی باوکی کە سەپانی و کارداری و نۆکەریی دەوڵەمەندەکانی دەکرد، ئەمیان وێڕای زۆر جۆرە کاری دەستفرۆشی و سات و سەودا و معامەلە، دەستی دایە چەک و وەک نیزامییەک لە خزمەت دەسەڵات دابوو کە لەم ڕێگایەوە ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی بەڕێوە دەبرد، مرادعەلی دوای ئەوەی ژنی هێنا و وردە وردە کەوتە تەمەنەوە و منداڵەکانی پێگەیاند، منداڵەکانیشی زیاتر پیشەی باوکیان یانی پیشەی مرادعەلی یان هەڵبژارد کە خزمەتی نیزامی بوو لە ڕیزی هێزی نیزامی دەوڵەت دا، مرادعەلی پالە حەوت کوڕی هەبوون کە زۆربەیان وەک باوکیان سەرقاڵی کاری نیزامی بوون.

عەباسقولی پالە(داداش بیگ) یەکێک لە کورەکانی مرادعەلی پالە‌یە؛ کە لە ساڵی ١١٩٣ هەتاوی لە ئەلەشت "الاشت" هاتۆتە دونیا و دەورانی لاوەتی لە تاران بەسەر بردووە، عەباسقولی هەروەک باوکی تێکەڵ بە ریزەکانی سوپا بووە و بۆتە نیزامی کار و لە یەکەیەکی نیزامی لە سەواد کوهی " سوادکوە" خزمەتی نیزامی کردووە، عەباسقولی دوو جار زەماوەندی کردووە کە بەرهەمی ژیانی لەگەڵ ژنی یەکەمی دا ٣ کچ و لە ژنی دوهەمیشی کە نێوی زەهرا (عەباسقولی پێی دەگوت "نوش‌آفرین) بوو تەنیا کوڕێکی بوو بە نێوی(ڕەزا).


مرۆڤ ناتوانێت بڵێ ئەمە چارەنووسە ڕێکەوتە یان هەر شتێکی ئاسایی یان ڕووداوێکی دەگمەن، ژنی دوهەمی عەباسقوڵی پالە بە نێوی زەهرا و کە لە لایەن عەباسقولی‌یەوە بە نوش آفرین بانگ دەکرا، نوش آفرین لە بنەڕەتدا ژنێکی ئاوارەی گورجستانی بوو وەک عەشیرەتیش لە عەشیرەتی پالانی‌یە! ئەو ڕێکەوتە سەیرە! عەباسقولی پالە و زەهراش لە عەشیرەت دا پالانی!


باوکی رەزا نێوی عەباسقولی پالە و ناسراو بە " داداش بیگ" لە عێلی یان تایفەی پالەیە دایکیشی نێوی زەهرا و لە بنەڕەتدا ژنێکی ئاوارەی گورجستانی و بە عەشیرەتیش لە عەشیرەتی پالانی‌یە.


بە دروستی ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایک بوونی رەزا پالە یان پالانی نازانرێت، هەرچەند لە چەند شوێنێک ڕۆژ و مانگ و ساڵی لەدایک بوونی ڕەزا پالە بە جیاوازی ساڵ و ڕۆژ نوسراوە، بەڵام بە تەواوی ڕوون نی‌یە کە کامەیان ڕاستە، بۆیە من لێرەدا هەموو ئەم ڕێکەوتانە دەخەمە بەرچاوتان کە نوسراون، دیارە مانگی لە دایک بوونی هەموو ڕێکەوتەکان هەر مانگی (اسفند) واتە ڕەشەمەیە، بەڵام لە هێندێک شوێن ٢٤ و لە هێندێک شوێن ٢٥ی مانگ نوسراوە، ساڵی لەدایک بوونیشی ١٢٥٥ و ١٢٥٦ی هەتاوی نوسراوە کە دیار نی‌یە کامەیان ڕاستە، بۆیە لێرەدا من هیچ ناڵێم و وەک خۆی دەیخەمە بەرچاوی ئێوەی خوێنەر.


رەزا لە (رچا در ۲۴ حوت ۱۲۵۶ (ربیع‌الاول ۱۲۹۵ هجری قمری) لە ٢٥ی اسفند ١٢٥٦(٢٤/١٢/١٢٥٥) هەتاوی واتە لە ٢٤ یان ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٢٥٥ یان ١٢٥٦ی هەتاوی بەرانبەر بە (١٤ی مارسی ١٨٧٨ زایینی) یان بەرانبەر بە( ١٥ی مارسی١٨٧٨ زایینی) لە دێهاتێک بەنێوی ئەلەشت "الاشت" سەر بە ناوچەی سەواد کوهی " سواد کوه" مازەندەران لە دایک بووە، چەند رۆژ ( هێندێک دەڵێن ١٨ ڕۆژ و هێندێکی دیکەش دەڵێن ٤٠ ڕۆژ ) دوای لەدایک بوونی رەزا، عەباسقولی پالە باوکی "رەزا" دەچێت بۆ تاران و ئیتر بێ هەواڵ دەبێت، دوای ماوەیەکی کەم دایکی رەزا "زەهرا" کە بە نوش آفرین بانگ دەکرا، (نوش آفرین لە بنەڕەتدا ژنێکی ئاوارەی گورجستانی بوو)، وێڕای ئەوەی هەتا ئەو کاتە هەرگیز بە تەنیا سەفەری نەکردبوو، لەگەڵ کاروانێک دا ملی ڕێگا دەگرێت و بە ئاواتی دۆزینەوەی مێردەکەی ڕوو دەکاتە تاران، لە ڕێگای تاران و لە شوێنێک بە نێوی "سرگدوک فیروز کوە" چیای سەرگەدوک فیروز رەزای مەلۆتکە لە سەرمان شین و ڕەش هەڵدەگەڕێت و بە ڕواڵەت و لەبەر چاوی دایک و خەڵکی دەوروبەر دا مردووە، هەربۆیە کاروانچیەکان زەهرا دڵنیا دەکەنەوە لەوەی کە رەزا مردووە، بۆیە هەر لەوێ تەرمی رەزا بە "چار وادار" دەسپێرن و داوای لێدەکەن کە لە شوێنێک بیخاتە گۆڕەوە، لە جێگای بە خاک سپاردنی رەزا، چار وادار تەرمی مەلۆتکە قۆنداغە کراوەکە ( بۆ پاراستنی منداڵ لە سەرماوسۆڵە و هەروەها بۆ ئەوەی زۆر نەجوڵێتەوە، دایکەکان منداڵ بە چەند پارجە پەرۆیەک دەپێچنەوە کە لە کوردەواری دا پێی دەڵێن "قۆنداغە" ) دەخاتە ئاخوڕێکی وڵاغەکان لە تەویلەی ئەو کاروان سەرایەی کە لەسەر ڕێگا بووە و بۆخۆی لەگەڵ کاروانەکە دا دەکەوێتە ڕێگا، دوا بەدوای ڕۆیشتنی ئەم کاروانە، کاروانێکی دیکە دێنە هەمان کاروان سەرا و بە مەبەستی حەسانەوە و خواردن و خواردنەوە لادەدەن و وڵاغەکانیان دەبەنە تەویلەی کاروان سەراکە، کاتێ کە دەچنە ژووری (تەویلە) ی وڵاغەکان دەبینن دەنگی گریانی منداڵێک لە تەویلەکە دێت، دواتر تەماشا دەکەن منداڵێکی قۆنداغەکراو لە نێو ئاخوڕی وڵاغەکاندا دەگریت، یەکێک لە کاروانچییەکان منداڵەکە هەڵدەگرێتەوە و گەرمی دەکاتەوە تەنانەت شیریشی دەداتێ. دواتر کە پرسیار دەکات خاوەنی کاروان سەراکە بۆی باس دەکات کە ئەم مەلۆتکەیە بە دەست فڵان ژنەوە بووە، دواتر کاروانەکە لە ڕێگا دا دەگەنەوە کاروانی دایکی رەزا و رەزا دەدەنەوە دەستی دایکی.


زەهرا بە کێوی "سەرگەدوک فیروز" دا دێتە تاران و لە تاران دا وێڵ و سەرگەردان بە دوای مێردەکەی دا دەگەڕێت و لە هەر کەسێک پرسیار دەکات و دەپرسێت عەباسقولی نادۆزێتەوە، تا سەرئەنجام، ناسیاوێکی (ئەبولقاسم بەگ " ابوالقاسم بیگ "ی برای نوش آفرین) هەواڵ دەدات بە "زەهرا" و دەڵێت کە عەباسقولی( داداش بیک) لە کاروانسەرایەک لە نزیک دەروازەی خۆراسان دەژیت، کە ئەم هەواڵەش راست نابێت و عەباسقولی لەوێ نەبووە، سەرەڕای هەوڵی زۆری زەهرا"نوش آفرین"، بۆ دۆزینەوەی عەباسقولی، کەچی بە ئاوات نەگەیشت و دوای ماوەیەک هەواڵی مەرگی عەباسقولی پالە بە زەهرا دەگات و دڵنیا دەبێت لە مەرگی مێردەکەی و بۆ هەتا هەتایە یەکتر نابیننەوە و رەزا بەبێ باوکی درێژە بە ژیان دەدات و گەورە دەبێت.

زەهرای ١٨ ساڵە بێ هیوا لە ژیان و هاوڕێ لەگەڵ منداڵە بێ باوکەکەی "رەزا" لە تاران لە گەرەکێک بەنێوی (محله سنگلج) لە ژیانێکی زۆر ناخۆش و بە نەمر نەژی و چاو لەدەستی درێژە بە ژیان دەدەن. دوای ماوەیەک گوزەران لەم گەرەکە، زەهرا "نوش آفرین" لەگەڵ منداڵە بێ باوکەکەی دا ڕوو دەکەنە ماڵی براکەی و لە ماڵی براکەی (ئەبولقاسم بەگ " ابوالقاسم بیگ ") دەگیرسێنەوە و درێژە بە ژیان دەدەن.


پاش ماوەیەک مانەوە لە تاران لە لای ابوالقاسم بیگ،ی برای، زەهرا (نوش آفرین) ی جوان و جحێڵ شوو بە پیاوێک بە نێوی " حدیکجان آتابای " حەدیکجان ئاتابای دەکات، زەهرا لە مێردی دوهەمی واتە لە حەدیکجای ئاتابای کوڕێکی دەبێت و نێوی دەنێن "هادی".


رەزای بێ باوک لە تەمەنی مێردمنداڵی خۆی دا زۆر جۆرە کاری کردووە لە پێناو پەیدا کردنی نانی ڕۆژانەیدا کە شاگرد ئاسنگەری و شاگرد خەیاتی و دواتریش مەیتەری ( خزمەتکردنی ئەسپ ) لە ئێخترمەخانەکانی سفارەتی ئینگلیس لە تاران بەشێکن لەو کارانەی کە رەزا لە پێناو درێژەدان بە ژیان دا کردوونی.


رەزای بێ باوک لە نێو دۆست و هاوڕێ و ناسیاوەکانی دا زیاتر بە نێو و نێوبانگی دایکی دەناسرایەوە، هەربۆیە ئەوانەی دەیانناسی و رۆژانە سەروکاریان لە گەڵیدا بوو بە رەزا پالانی باگیان دەکرد، لەبەر ئەوەی نە رەزا و نە هیچکام لە دۆست و هاوڕێکانی رەزا باوکی رەزایان نەبینیبوو هەربۆیە بەنێوی دایکی دەناسرایەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی نازناوی یان شۆرەت و کونیەی باوکی رەزاش جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ نازناوی زەهرای دایکی.

رەزا دەورانی منداڵی و مێردمنداڵی بەم جۆرە و لە ژێر چاوەدێری خاڵی دا بەسەر بردووە، رەزا لە تەمەنی ١٢ساڵی و لەسەر پێشنیاری خاڵی و بە هاوکاری " ابوالحسن خان سرتیپ (ێمێام) " دەچێتە رێزی سوپای قەزاق و وەک نیزامیەکی سادە لە یەکەی نیزامی "سوادکوە" لە ژێر فەرماندەیی(ابواجمعی علی‌اێغرخان امین‌السلگان ێدراعڤم ) دەست دەکات بە خزمەتکردن.


ابوالقاسم بیگ واتە خاڵی رەزا خەیاتی قەزاقخانە بووە(قەزاقخانە واتە بارەگای یان مەقەری هێزە نیزامیەکانی قەزاق، لەبەر ئەوەی بە نیزامیەکان گوتراوە قەزاق، بۆیە بە بارەگای قەزاقەکانیشیان گوتووە قەزاقخانە)، دوای ماوەیەک "ابوالقاسم بیگ" لە تاران و بەمەبەستی خزمەت ڕەوانەی یەکەی نیزامی سەوادکوهی "سوادکوە" دەکرێت.


ساڵی ١٢٧٣هەتاوی و دوا بەدوای کوژرانی " ناێر الدین شای قاجار " بەمەبەستی پارێزگاری لە دامودەزگا دەوڵەتی و سەفارەتخانەکان؛ یەکەی نیزامی "سوادکو" دەهێنرێتەوە تاران. رەزا لە ماوەی مانەوەی لە "قەزاقخانە" وەک نیزامی کارێک زۆر بە زویی پلەکانی بڕی و سەرنجی دەوروبەر و بەتایبەت بەرپرسەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هەتا سەرئەنجام لە ساڵی ١٢٧٨ بە " سرگروهبانی محافڤین بانک استقراچی روسیه " لە شاری "مەشهەد" دیاری کرا، دوای ماوەیەک بوو بە " وکیل باشی " گروپی شەست تیر و دواتر دەبێت بە فەرماندەی ئەم بەشە و هەر بەم هۆیەوەش بە رەزا شەست تیر نێو دەردەکات.

رەزا شەست تیر لەژێر فەرماندەیی " عبدالحسین میرزا فرمانفرما کە یەکێک بوو لە شازادەکانی قاجار " ، وەک فەرماندەی شەست تیر و هاوڕێ لەگەڵ گروپێکی نیزامی هێرش دەکەنە سەر (سالارالدوله ) بە مەبەستی سەرکوت کردنی خۆی و هێزەکەی کە سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ دەستگرتن بە سەر شاری تاران و گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ "محمدعلی شاه" کە دەبووە برای سالارالدولە.


هەروەک پێشتر باسکرا، عبدالحسین میرزا فرمانفرما کە یەکێک بوو لە شازادەکانی قاجار ئەلاقەیەکی تایبەتی بە رەزا شەست تیر هەبوو وە باوەڕێکی زۆریشی بە نێوبراو بوو کە تەنانەت چەکە تایبەتەکەی خۆی کە مسلسل" تیربار "ێکی ماکسیم بوو دابویە دەست رەزا، کە بەم هۆیەوە و دواتر رەزا شەست تیر بە "رەزا ماکسیم" نێوی دەرکرد.


وەک باسی دەکەن، رەزا کەسێکی لاسار و لەخۆ ڕازی بوو، زۆر خۆی دەنواند و بەردەوام هێڕشی دەبردە سەر ئەم و ئەو، هەمیشە وەک چەقوکێش و لات‌و لوتەکان خۆی دەنواند، شانازی بە هێز و تواناو دەسەڵاتی خۆی دەکرد و کەسێکی لوت بەرز بوو، لە بوارەکانی هێزو توانای جەستەیی و کاری نیزامیش دا کەسێکی سەختگیر بوو.


وەک فارسەکان خۆیان نوسیویانەو دەڵێن دوا بەدوای ئازاد کردنی تاران، رەزا شەست تیر و هاوڕێ لەگەڵ " گروه محافڤین عین‌الدوله " دوور دەخرێنەوە بۆ "فریمان"، رەزا ماکسیم ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و لەلای " عین‌الدوله" دەست دەکات بە خوێندن و لە ئەنجام دا فێری خوێندنەوە و هەتا ئەندازەیەکیش فێری نوسین دەبێت، بەڵام لە نوسین دا زۆر شارەزا نەبووە و وەک پێویست نەیدەتوانی بنوسێت.

ساڵی ١٢٨٨ی هەتاوی و هاوڕێ لەگەڵ نیزامی سوارەکانی بەختیاری و ئەرمەنییەکان رەوانەی (زەنجان و ئەردەبیل) دەکرێت بە مەبەستی سەرکوت کردن و دامرکاندنەوەی ئاگری ئەو شۆڕشەی کە لەو دەڤەرەدا سەری هەڵدابوو، لەو هێرش و پەلامارانە دا ڕەزا ماکسیم زیرەکیەکی زۆر لە خۆی پێشاندەدات لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی " ارشد الدولە " دا، خۆ نواندنی رەزا ماکسیم لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ارشد الدولە بوو بە هۆکارێکی بەهێز بۆ بەرەو سەر هەڵکشانی رەزا لە بواری نیزامی دا، کە سەرئەنجام رەزا بە پلەی (یاوری به فرماندهی دسته تیرانداز) یاریدەدەری فەرماندەی دەستەی تیرهاوێژ دیاری دەکرێت، ساڵی ١٢٩٧ ی هەتاوی رەزا ماکسیم بە پلەی ئاتریاد" آتریاد " (تیپ) ی هەمەدان دیاری کرا.

رەزا ماکسیم لە ساڵی ١٢٩٩ی هەتاوی و بە مەبەستی سەرکوت کردنی بزوتنەوەی "میرزا کوچک‌خان جنگلی" ڕەوانەی گیلان دەکرێت.

کودەتای ٣ی ڕەشەمەی ١٢٩٩.

لە ئاکامی دانوستان و هاوکاریەکانی نێوان سەید زیائەدین تەباتەبایی (سیدچیاءالدین گباگبایی "مدیر روزنامه رعد") بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی رەعد لەگەڵ رەزا ماکسیم، رۆژی ٣ی ڕەشەمە ١٢٩٩ هەتاوی (سوم حوت"اسفند" ) کودەتای ١٢٩٩ هاتە ئاراوە و هێزەکانی قەزاق چوونە نێو تاران و دەستیان گرت بەسەر دامودەزگا دەوڵەتی و شوێنە نیزامیەکان و لە ئاکامدا نزیک بە ١٠٠ کەس لە پیاوانی ناسراو و ڕوحانیەکان گیران و دەستبەسەر کران، ئەحمەد شا و موحەمەد حەسەن میرزا (شازادە) ( احمدشاه و محمدحسن میرزا "ولیعهد" ) هەڵاتن بۆ کۆشکی فەروخ ئاباد(فرخ آباد) و فەتحوڵا خانی سپەهداری رەشتی سەرۆک شالیار (فتح‌الله خان سپهدار رشتی "نخست‌وزیر") هەڵات بۆ سفارەتخانەی ئینگلیس لە تاران و داوای پەنابەری لە سفارەتی ئینگلیس کرد.

هەرچەندە مێژوو نوسەکانی فارس جێگای بڕوا نین و نان بە نرخی ڕۆژ دەخۆن، بەڵام عەبدوڵا شەهبازی مێژوو نووسی فارس دەڵێت ( دوای وەدەرکەوتنی هێزەکانی ڕوسیە لە ئێران، دەوڵەتی ئینگلیس بۆ کۆنترۆل کردنی بارودۆخی ئێران پلان بۆ کودەتایەکی نیزامی دادەڕێژێت، کە بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو پلانە ژنراڵ "ئادمۆند ئایرۆنسای" فەرماندەی هێزەکانی ئینگلیس لە ئێرانی ڕاسپارد، ئەردەشیر جی "سەرۆکی دەزگای زانیاری ئینگلیس لە ئێران و ڕۆژنامە نووسی زەردەشتی" رەزا ماکسیم فەرماندەی ئاتریادی تاران و سەید زیائەدەین تەباتەبایی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی رەعد (سیدچیاءالدین گباگبایی مدیر روزنامه رعد) لە یەکێک لە دێهاتەکانی قەزوێن بە نێوی (آق بابا) ئاق بابا دانوستانێک ئەنجام دەدەن. لە کودەتای ساڵی ١٢٩٩ و ڕوداوەکانی دوای ئەو کودەتایەدا تۆڕێکی بەستراوەی دەزگای زانیاری دەوڵەتی بریتانیا لە ئێران کە لە ساڵی ١٨٩٣ی زاینی/ ١٣١٠ی کۆچی یانی ٣ ساڵ پێش کوژرانی ناسرەدین شا بە پیلانی (سیر اردشیر ریپورتر 'اردشیر جی") ئەردەشیر جی بەڕێوەچوو، کە دەکرێت ئەردەشیر جی بە کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕووداوە دابنرێت. دەبێ بگوترێت کە ئەو تۆڕە زانیاریەی ئینگلیس بوو کارێکی کرد کە رەزا ماکسیمی ڕاکێش کرد و پەروەردەی کرد و بوو بە سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوە لە کودەتا و تامەزرۆی دەسەڵاتی کرد و دواتریش کارئاسانی بۆ رەزا ماکسیم کرد بۆ دامەزراندنی سەڵتەنەتی پەهلەوی لە ئێران دا).

درێژەی دەبێ.


١٨ی جۆزەردانی ٢٧١٣
qkhandarash@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک