په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

رێزدار بێدەنگی.

فەرهاد کەریم   


گەلەو گەلەو گەلە .. ھەی ھەی لە پۆلیس  وعەبای دایکم، فشەفش و وڕێنەی سەرۆک و گوونی باوکم... چاوتان داخەن مرۆڤ لێرەوە تێپەڕی و با بۆخۆم تێرتێر گووی تاڵ و شیرینی پێ بخۆم، سەردەمی کولێرایە و لە کامۆش ئالۆز و نیگەرانترم، سەگ و گلۆپ و قالۆچە لە کاکافکاش راڕاتر و سەیرترم، گەلەگورگ و گەڕوگەل و گوون و گۆڕ و گلۆپ، پۆلیس و سیر و مۆپاسان و سەگ و سەرۆک، لە چیڕۆک چرووکم کرد نەبووم بە چیخۆف، من چیمداوە لە پۆلیس، لە خەونی شاعیر یا ھاژوھوژی سەرۆک، چیمداوە لە شفتە و شیعر، لە شەق و شیڕەشیڕ، لە شەقام و شەڕ و شێلم و شفتی و شیر...

 

منداڵ بووم بۆنی نووسینم لێدەھات، بەلام دەوروبەرەکەم خاوەن ئەو فەرھەنگە نەبوون بمکەن بە خەیام ببم بە سارتەر، ئەوڕۆ ھاوکارە فەرەنسییەکەم پێیگوتم لە بارەی ئازادییەوە زۆر سارتەرییت، منیش گوتم حەمەد کافری باپیرم لەگەل کاک سارتەری ئیماندار لە ئازادییدا خزمن و تێکەلن، بە ھەرحاڵ نەبووم بە تاگوور، نە لامای و نە ماندێلای بلند، بۆ بازیش ھەر مەپرسە و زۆریتریش، بۆ خۆشم جارجارەش فشەی بە گاڵتە دەکەم، نەبووم بە سەرۆکێک فشەکەر و راڕاو ھەزار روو و سووک و ھیچ و کەم و ریسوا و گالتەجاڕی گەل و دونیا..

 

منداڵ بووم دایکم بردمیە بازار ،ھێشتا دۆی دادەشم نەڕژاندبوو، ژیرەکان دەلێن منداڵ پێش خوداش دەکەوێ بەرلەوەی ببتە مرۆڤ، یا بە زمانی ئەمڕۆۆ دڕندەی پیرۆز، ھەست و نەست و ئەوسا چاویشم لە ئێستا جوانتر بوو، پۆلیسێکم دیت بە چەکەوە.. ئێستاش تێناگەم بۆ ھێندە ترسام و لە ترسان توند توند عەبای دایکمم راکێشا، دایکیشم لە شەرمان نەبادا عەباکەی لە سەری لادەم، ھەر ئەوەندەی پێکرا چەپەرۆکەکی لە سەرمدا و گوتی کوڕم ئەوە چیە شێت بووی؟ لە دوایدا زانی کە ترساوم لە چەک رەنگە لە یاسا قەرەقۆشییەکەی ئەوێ رۆژێش. زۆر سەیرە چۆن نەبووم بە مۆویت و ڤان کۆخ و گۆگان.. ئا لەو ساتەو کاتەدا تەمەنای ئەوەم دەکرد بچووک ببامەوە و گەڕابامەوە ناو گوونی بابم، بۆ خۆم ھەر ھەڵماتانێم بە جۆت گوونی بکردبایە.. ئایە دەزانن لە پاکیزەیی منداڵیی دۆڕان و بردنەوە نییە، ھەموو شتێک فشەیە و یارییە، دەشلێن کە مرۆڤ چووە ناو تەمەنەوە ئیتر فشەی بە خۆی و ژیانیش دێت، ئەمەیان زۆر راستە بە تێروانینیێکی تر، تۆ سەیری لای خۆمان بکە، ئەو سەرۆکە ئێکسپایەرانە چۆن فشەیان بە کۆمەڵگە دێ و تڕی خۆشیان پێناگیرێ، قوربەسەر میللەتم سەرۆکی وای ھەبێ دوژمنی ناوێ، رۆژانە ئەو گەلە سووکایەتی پێدەکرێ و گەلیش لە بری خۆپیشاندان و رابوون و راپەرین، گۆرانی گەلەو گەلە لە سەر ریتمی خێرا دەلێن، ئەرێ ھاوڕێ نیشتمان بۆتە شێتخانە یا من شێت بوومە شششێێێێێتتتتتتتتتتتت؟؟؟

_____________________
* قوربانی گەلەو گەل بم, خۆشمدەوێن.

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم