ڕێز گرتن لە ژیانى
هاوسەریدا.

فەرهەنگ جهلال
ژیانى هاوسەرى پەیوەندییەکى مرۆڤانەى دروست بوونى نێوان دوو هاوسەرە کە
لەسەر بنەماى خۆشەویستى و بەرپرسیارێـتى و
لەیەک گەیشتن و بەزەیى و گەیاندنى ئەرک و پابەندبوون بە وەفا و پەیمان
و مافى یەکترى دروست دەبێت . وە بایەخ دان بە ماڵى هاوسەرییان بدەن و
ڕۆژ بە ڕۆژ بنیاتى بنێن بە هەوڵ و کۆششى هەردولا .
ئایا بۆچى ژن و مێرد هەندێ جار وا ڕێکەوتووە کە ڕقیان لە ماڵەکەى خۆیان
بێتەوەو قین لە سەرجەم کەل و پەلى ناومەڵەکەشیان هەڵبگرن و ووردە ووردە
پەیوەندییەکانى نێوان ئەو ژن و پیاوە تێک ئەچێت و ناکۆکى و نا ئارامى
دێتەوە ئاراوە ؟
ئەو کاتەى کە هەردوو هاوسەر دەزگاى هاوسەرى خۆیان خۆش دەوێت و ئومێد
دەخوازن لێى جیا نەبنەوە لەبەرئەوەى هێندە ڕێز لە نێوانیاندا هەیە ،
چونکە سروشت وا خوڵقاوە کە مرۆڤ هەمیشە گەشبین ئەبێت لە کاتێکدا کە
ڕێزى لێبگیرێت وە ڕێزیش لە کەسێک دەگرێت کە خۆشى دەوێت ، چونکە ڕێزگرتن
پێویستیەکى دەروونى مرۆڤە . ڕەنگە هەندێ جار ڕەفتار و بۆ چوونى تایبەت
هەبێت لاى پیاوەکە کاریگەرى کردبێتە سەر پەیوەندییەکانى لەگەڵ ژنەکەى ،
وە ئەو بۆ چوون و ڕەفتارە هەڵانەش ڕەنگە لە ژینگەکەیەوە هەڵیگرتبێت کە
پێشتر تیایدا ژیاوەو هێشتا کاریگەرى لەسەر مابێت یان لە شێوازى
پەروەردە بوونى یان گەشە کردن و ڕۆشنبیر بوونى ، پێویستە هەر یەک لە ژن
و مێردەکە بەشدارى هەست و نەست و سۆزى یەکتر بکەن لە خۆشى و ناخۆشیدا ،
خۆ ئەگەر یەکێک لە دوو هاوسەرەکە ئەوى دیکەیان بە تەنها بە جێ بهێڵێت
لە هەستەکانیدا جا چ خۆشى بێت یان ناخۆشى ، لێرەدا بەرامبەرەکەى ئەو
خاڵەى بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هاوسەرەکەى گرنگى پێ نادات ، ئەکرێت ئەمەش
جۆرێک بێت لە دیالۆک کردنى هەست و نەستى یەکتر ، وە بەرگرى کردن لە
هاوسەرەکەت ئەگەر هاتوو یەکێک بە خراپى باسى بکات یان کەم و کورتى باس
بکات ، هەرچەندە هەندێ جار ڕێز نەگرتن وەکو کاردانەوەیەکى لایەنەکەى
ترە چونکە ئەو ڕێزى ئەمیان ناگرێت ، بۆیە ئەم تەوەرەیە زۆر هەستیارە لە
نێو خێزاندا کەواتە ڕێزگرتن پێویستیەکى سەرەکییە بۆ بەردەوام بوونى
ژیانى هاوسەرێتى و زیاد بوونى خۆشەویستى لە نێوان ئەو دوو هاوسەرەدا .
Farhang_jalal@yahoo.com
Farhang_jalal@hotmail.com
|