٦\١٠\٢٠٢٣
ریفراندۆم لە
ئوسترالیا بۆ مافی ئوسترالیاییە رەسەنەکان.

عامر سابیر
ڕۆژی شەمە ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە ئوسترالیا ڕیفراندۆمێک ئەنجام ئەدرێ
لە سەر مافی ئەبوڕیجینەڵەکان. پرسیارێک لە دانیشتوان ئەکرێ کە بە بەڵی
یان نەخێر وەڵام بدەنەوە. پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئایا ڕازی بەوەی
دەستوری وڵات بگۆڕێ بۆ داننان بە مافی ئەبوریجنەڵەکان و دامەزراندنی
ڕێکخراوێک لە خۆیان، تا ڕێنووێنی پەرلەمانی ئوسترالیا بکات لەسەر
کێشەکانیان؟
ئەمە دووەم ڕیفراندۆمە لە ئوسترالیادا کە لە سەر مافی ئوسترالیاییە
رەسەنەکان (کە لێرە پێیان ئەوترێت ئەبوڕیجینەڵ) ئەنجام ئەدرێت.
ڕیفراندۆمی یەکەم لە ٢٧ی مەی ١٩٦٧دا ئەنجام درا و لەو ڕیفراندۆمەدا دوو
پرسیار لە دانیشتوان کرا، کە پرسیاری دووەمیان لەسەر ئەبوڕیجینەڵەکان
بوو، وە پرسیارەکە ئەوە بوو کە ئایا ڕازی بەوەی ئەو جیاکاریانەی لە دژی
ئەبوریجینەڵەکان لە دەستووری ئوسترالیادا هەیە لاببرێت؟ وەڵامی
دانیشتوان بە ڕێژەی ٩٠.٧٧٪ بە بەڵێ بوو بەم پرسیارە.
ئێستا لەیبە پارتی (حیزبی کرێکاران) لە دەسەڵاتدایە لە ئوسترالیا و
ئەوان پشتیوانی بەڵێ ئەکەن لەم ڕیفراندۆمەدا. بە هەمانجۆر حیزبی سەوز و
هەموو نەقابەکرێکارییەکان لە گەڵ (بەڵێ)دان و لە پێشەوەی کەمپینی (بەڵێ)دان،
بەڵام حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن،حیزبی لیبراڵ و حیزبی ناشناڵ کە لە
هاوپەیمانێتیەکدا بەردەوام پێکەوەن. بە نەخێر بەشداری ئەکەن و لە
پێشەوەی کەمپینی (نەخێر)دان.
ئەبوڕیجینەڵەکان لە ئوسترالیا هێشتا زۆر بێمافن و لەگەڵ سەدان کێشەی
جۆراوجۆر بەرەوڕوون. کە لە ئەنجامی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی چەند سەد
ساڵەی سپی پێستەکان کە لە دژیان ئەنجام دراوە، سەرچاوەی گرتووە.
لە چەند سەد ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی سیستماتیک سیاسەتی ڕاسیستانەی
حکومەتەکانی ئوسترالیا لە دژی ئەبوڕیجینەڵەکان بووە. تا ساڵی ١٩٧٠
سیاسەتی سپی پێستەکان لە ڕێگەی دەزگاکانی حکومەت و کڵێسەوە، ئەوە بوو
کە منداڵی ئەبوڕیجنەڵەکانیان ئەدزی و بەزۆر لە خانەوادەکانیان ئەسەند و
ئەیان بردن، تا فێری گوایە شارستانیەت و کەڵچەری سپی پێستەکانیان بکەن
و هەرگیز باوانیان نەدەبینییەوە. ئەم منداڵانە بە نەوە دزواوەکان-
ستۆڵن جەنەرەیشن) ناسراون لە ئوسترالیادا.
لە ١٣/٠٢/٢٠٠٨ دا سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئوسترالیا کە (کێڤن ڕاد) بوو
لە حیزبی لەیبە، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەیەکی هەردوو پەرلەماندا، بە
ڕەسمی بە ناوی حکومەتی ئوسترالیا و بەناوی پەرلەمانی ئوسترالیا و
بەناوی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاوە داوای لێبووردنی لە نەوە دزراوەکان
کرد. هەر لەوکاتەدا حیزبی لیبراڵ و حیزبی ناشناڵ لە دژی ئەو داوای
لێبووردنە بوون و بیانوویان ئەوە بوو، کە ئەگەر داوای لێبوردن بکرێ،
ئەوا ئەبوڕیجینەڵەکان داوای قەرەبوو ئەکەنەوە لە حکومەتی ئوسترالیا.
لەم گەڕەکەی منی لێ ئەژێم لە سیدنی، ئەندامی پەرلەمان سەر بە حیزبی
لیبراڵە. لەم ماوەیەی پێشوادا نامەیەکی ناردبوو بۆ هەموو ئەو ماڵانەی
ئەو نووێنەرایەتی ئەکات لەم ناوچەیەدا. لە نامەکەیدا ١٠ خاڵی ڕیز
کردووە و ئەڵێ لەبەر ئەم هۆکارانە دەنگ بدە بە نەخێر لەم ڕیفراندۆمەدا.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە ئەڵێ کە ئەگەر بەڵێ بیباتەوە ئەوا لە دوای
ئەم ڕیفراندۆمە لەوانەیە ئبوڕیجنەڵەکان داوای تەعویز بکەن، خاڵێکی تری
ئەڵێ ئەگەر بەڵێ بیباتەوە، ئەوا دەستور ئەگۆڕدرێ و ئەمەش گۆڕانێکی
هەمیشەییە و نابێت ڕووبدات!
تەنها ئەم دوو هۆکارەی کەمیینی نەخێر بەسە بۆ ئەوەی هەر کەسێکی
مرۆڤدۆست لە ئوسترالیا دەنگ بە بەڵێ بدات لە ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی شەمە
١٤/١٠/٢٠٢٣ دا.
تا ئێستا ئەبوڕیجینەڵەکان لە زۆر بواردا بێماف ڕاگیراون و
دواکەوتووییان بەسەردا سەپێندراوە، وە لە گەڵ چەندین کێشەی جۆراوجۆر لە
بواری تەندروستی و خوێندن و هەلی کار و نەبوونی خزمەتگوزاری لەو ناوچە
دوورە دەستانەی ئەوان لێی ئەژین و بڵاوبوونەوەی ئەلکەهول و مادە
هۆشبەرەکان و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ناویاندا بڵاوە. ئەوان تەنها
٢٪ی ڕێژەی دانیشتوانی ئوسترالیا پێک ئەهێنن، بەڵام ٢٠٪ی
زیندانیکراوەکان لەوانن. ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو گەنجانیاندا لە چاو
دانیشتوانی تردا بەرزترە. تا ئێستاش جیاوازی درێژی تەمەن هەیە لە نیوان
ئەبوڕیجینەڵ و ئوسترالیاییەکانی تردا. پیاوانیان ٨.٦ ساڵ کەمتر ئەژێ وە
ژنانیان ٧.٨ ساڵ کەمتر ئەژین لە چاو باقی تری دانیشتواندا.
ئەبوڕیجنەڵەکان لە ساڵی ١٩٨٤ دا ئینجا مافی تەواوی دەنگدانیان وەک باقی
دانیشتوانی تری ئوسترالیا بەدەستهێناوە.
حیزب و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئوسترالیا، سەرەڕای ئەوەی
ڕەخنەیان لە حیزبی لەیبە هەیە لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە و پێیان وایە کە
ئەنجامی بەڵێ هێشتا کافی نییە و هەنگاوی ڕیشەیی زیاتر ئەبی بندرێ بۆ
چارەسەری تەواوەتی کشەکان و یەکسانی هەمەلایەنەی ئوسترالییە ئەسڵییەکان
لەگەڵ باقی دانیشتوانی تردا. لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەیان پێیان وایە
ئەنجامی نەخێر لەم ڕیفراندۆمەدا واتە زەلیلکردن یاتری ئەبوڕیجینەڵەکان.
بۆیە لەگەڵ دەنگی (بەڵێ)دان.
هەڵسوڕاوانی سیاسی و ئەکادیمی ئەبوڕیجینەڵەکانیش دابەشبوونە و
هەندێکیان لە گەڵ نەخێردان و پێیان وایە ئەم ڕیفراندۆمەش هەموو
مافەکانیان بەدەستناهێنێ، بەشێکی زۆرتریان لایەنگری بەڵێن.
بە هیوای هەموو مرۆڤدۆست و تاکێکی ڕەوەندی کوردی لە ئوسترالیا لە ڕۆژی
شەمەی داهاتوو لە ١٤/١٠/٢٠٢٣دا دەنگ بە بەڵێ بدات لەم ڕیفراندۆمەدا.
لە ئوسترالیادا بە پێچەوانەی هەندێ لە وڵاتانی ترەوە، دەنگدان بەزۆرە و
ئەوەی دەنگ نەدات سزادەدرێ.
____________________________________________
تێبینی:
ئەمەی خوارەوە لینکی وتاری سەرۆک وەزیرانی
پێشووی ئوسترالیایە (کێڤن ڕاد) لە پەرلەماندا کە داوای لێبوردنی لە
ئەبوڕیجینەڵەکان کرد لەسەر نەوە دزراوەکان:
https://www.youtube.com/watch?v=xiLnsFyAVqE
لینکی وتارێکی بەندە لە ماڵپەڕی ئەمڕۆ بە
ناونیشانی "ئوسترالیا بە نەوە دزراوەکانی وت سۆری":
https://www.emrro.com/ustiralyabe.htm
٤\١٠\٢٠٢٣
ماڵپهڕی عامر سابیر
|