٦\٣\٢٠١٩
رژان.

ئەرسەلان مەحمود
ئەوانەی
دەڵێن: ژیان هەر تەنها خەونێكەو بەس،
مەبەستیان ئەوەیە ڕێ لەبێدار بوونەوە،
بگرن!!!
* * *
چەندی
دەوێ بۆ مەرگ، نازانم، دیار نیە،
ئەوەی دیارەو دەزانم، لەزۆر زۆرتری لاداوە
لە ژیان!!!
* * *
قاوەكە ڕژا،
وەك ئەوەی مانگ لەڕژانی
شەودا دەركەوێ، كراسەكەی داكەنی،
ئەم ناوەی ڕوناككردەوە، ئەوەی ڕویدا،
جێمانی یادەوەرییەك بوو
شرین، لەسەر
مێزەكە!!
* * *
لەڕوما
بەفر ئەبارێ، لە چاوەكانت باران!
لە میحرابی ئێوەدا، كەش
چۆنە؟!
* * *
هەر كاتێ
مەستانە خەو دەمباتەوە بۆ خۆی،
بۆچی خەون بەتۆوە
دەبینم؟!
* * *
هەر ساتێ
بەدیار خۆمەوە لە تۆ دەڕوانم،
سەبەب چییە گوڵ دەگرنەوە،
شوێن پێكانت؟!
* * *
هەر جارێ
بیر لەخۆم دەكەمەوە،
بۆ دەبێ تۆم بیر بكەوێتەوە، بۆ دەبێ
بۆنی گوڵ بگرێ
هەناسە؟!
* * *
ئەم ئێوارەیە،
بە كۆڵانی ماڵەكەتانا ڕەتبووم،
تێنەگەیشتم، دار توی حەوشەكەتان لە بری گەڵا،
چۆلەكەی گرتبوو!
خێرە؟!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|