په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٦

ڕژێمی تاریکپەرستی ئێران

بەرەو ئاوزینگدانە!

 


ئەوا دیسان دروشمی نارەزایی و بەرەنگاربوونەی خەڵک و دژ بە ڕژێمی چەقبەستووی ئێران لە شەقام کؤڵانەکان دەشەکێنەوە. خۆشبەختانە ئەو جارە ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە هەر تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە کە وەک هەموو جارەکانی دیکە گەنجانی کورد لە سەرهەڵدانەکان پشکی شێریان بەرکەوتوە لە قوربانییدان! بەڵکە گڕوتین و هەڵوێست و ڕوبەڕووبوونەوەی ڕژێم و حەزی لەناوبردنی ئەو ڕژێمە سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە. لەمێژە ئەو دەسەڵاتە هەموو ئازادییەکان پێشلدەکا و سیستەمی تۆقاندن و داپلۆسین و تیرۆر پەیڕەو دەکا، لەوە دەچێ ئەو جارە لە پەلەقاژەی دوایین هەناسەدانی خۆیدا بێ. وەک دەیبینین خەڵک چیدی بەرگەی ئەو ژیانە پڕ لە چەرمەسەرییە ناگرن و ئیدی بەرەو گەشانەوە و زیندووبوونەوەی ژیان لە تێکۆشاندان. بەپێی پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی مێژوو دەکرێ مرۆڤ یان میللەتان بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی سیستەمێکی تۆقێنەر و دیکتاتۆر بگرن بەڵام بەرگەگرتن لە بەرانبەر برسیەتی و بێ خەونیی و نەبوونی هیچ هیوایەک هەر دەبێ بە بەرانگژبوونەوە و شۆڕشێک کۆتایی بێ کە ئامانجی ڕزگاربوون و ئازادبوونە. ژیانی کولەمەرگیی و نەبوونی ئازادییەکان ئیدی بەرگەی خۆڕاگرتنی بە خەڵک نەهێشتۆتەوە و تووڕەیی گەیشتۆتە ترۆپکی تەقینەوە. (کورد دەڵێ برسیەتی رێیەکی لە هارییدایە!) ئەوەی لە ئێران ڕوودەدا رێک ئەوەیە و بە شێوەیەکی گشتیی خەڵک تێنووی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانییە بە تایبەتییش رەگەزی ژن کە بە هۆکاری دینیی و فەرهەنگ و سیستەمی باوکسالاریی بە تەواویی لە هەموو ماف و ئازادییەکان دابڕێندراون.

ڕاپەڕینەکە لە سیستان و بلوچستان دەستیپێکرد، بە چەند رۆژێک گەیشتە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران و تارانی پایتەخت. دیارە تووڕەیی خەلک بەرانبەر رژێمێکی چەقیوی وەک رژێمی ئێران کاردانەوە و تووڕەیی توندی ئەو ڕژێمەی لێکەوتۆتەوە وەک گرتن و قڕکردنی هاوڵاتیانی ئازادییخواز. ڕژێمی ئێران دەزانی بارودۆخێکی دەرەکیی و ناوەکیی باش لە کایە دایە بۆ ڕووخاندنی هەر بۆیە لە لێکەوتە و سەرئەنجامەکانی ئەو راپەڕینە تۆقیوە. هیچ گومانی تێدا نییە کە بارودۆخی زۆر خراپی باری وەبەرهینان، دابەزینی نرخی تومەن، بێکارییەکی بێ وێنەی گەنجان، قڕکرنی درێژخایەنی ئازادییەکان، ستەمی دڕندانەی نەتەوەیی و داگیرکاریی، تووندڕەویی لە داپلۆسین و چەوساندنەوە، پەیرەوکرنی لەناوبردن بە شێوازی لەسێدارەدانی ئاشکرا و شاراوە، زێدەڕەویی لە دژایەتیکردنی ئازادیی ژنان... هەر دەبێ ببنە هۆکاری لەنێوبردنی ئەو دەسەڵاتە. رژێمی ئیسلامیی ئێران هەر لە شۆڕشی ئازادیی (ژینا) وە تا ئێستا هەر لە خەمی کورسیی دەسەڵات دایە و نایەوێ دەستبەرداری ببێ، هەر لەبەرئەوەشە لەو دواییانە دەستی بۆ هەندێک چاکسازیی سەرەتایی و رووکەش بردوە لە شێوازی بەڕێوەبردن، لەوانەش سووکە ئازادییەک لە لەچک و باڵاپۆشیی و رێدانێکی سنووردار بۆ رادەربڕین،. بەڵام ئەو یارییەی ڕژێم بە هیچ جۆرێک نەبۆتە وەڵامێک بۆ تێرکردنی برسیەتیی خەڵک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دەنگ و رەنگی ئازاد.

لێرەدا ئێمە وەک رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین'' کە بەشێکی زۆری لە ژنان و لە پێناو ئامانجەکانی ژنان پێکهاتوە، لامان گرنگە ئاماژە بە (شۆڕشی ژینا) بکەین کە بووە دەستپێکێکی زۆر گرنگی تەقینەوەی دەنگە خنکێندراوەکانی تێنووی ئازادیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و کاردانەوەی ژنانەکی زۆر لە سەرتاسەری جیهان لە بەرانبەر هەر رژێم و بارودۆخێک کە دەبێتە هۆی درێژەدان بە سەرکوتکردنی ژنان و کپکردنی هاواری ئازادیی لە پێناو ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک.


کە جامی چەوساندنەوە پڕدەبێ، سەرکەوتن ئەمڕۆ یان سبەی تەنیا لەسەر کات دەوستێ!

 


رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''
٦\١\٢٠٢٦

rojnamen@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک