رژێمی خوێن و شکه‌نجه و سێداره و تێرۆر و، تۆقاندن، پێینایه سی و یه‌که‌مین ساڵی دامه‌زرانییه‌وه!
سیروان کاوسی
چینی مه‌لاکانی سه‌ر به ئاینزای شیعه‌ی ئێران به سه‌رۆکایه‌تیی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینیی، هه‌رله هاوینی سالی 1978 ه‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی پێشکه‌وتنخواز و دێمۆکراته‌وه، توانییان به‌ره به‌ره ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ریی گه‌لانی ئێران سه‌رپه‌رشتی بکه‌ن و، بیانخه‌نه خزمه‌تی گه‌یشتن به ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆیانه‌وه. له گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئاستی مانگرتن و خۆپێشاندانه‌کان، ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینیی له گوندی ''نۆفل لۆشاتۆ'' ی پاریسه‌وه، به‌ناردنی په‌یامی یه‌ک له‌دواییه‌ک و، به دانی گفت و به‌لێنی درۆ به گه‌لان و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی ئێران، رێبه‌ریی ئه‌و راپه‌ڕینه بێوێنه و مێژووییه‌ی خسته ژێرده‌ستی خۆیه‌وه، که له‌مانگی رێبه‌ندانی ساڵی 1979دا، به یه‌کجاره‌کیی کۆتایی به سیسته‌می پاشایه‌تیی هێنا و، ته‌خت و کۆشکوته‌لار و بناخه‌ی رژێمی حه‌مه‌ڕه‌زاشای دیکتاتۆر و دژ به کوردی لهبهریهکههڵوهشاندهوه و، رژێمێکی کۆماریی، به بیروباوه‌ڕی بنچینهگهرێتیی ئیسلامییه‌وه له‌جێی دامه‌زراند.
مه‌به‌ست و هیوای نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ستی ئیران به تێکڕا ئه‌وه بوو به‌ڕووخانی رژێمی پاشایه‌تیی، سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کۆتایی پێده‌هێنرێ و، باری ئابووری و بژێویی چینه‌کانی که‌مده‌رامه‌ت باشتر ده‌کرێ و، دیکتاتۆریی، جێی خۆیده‌دات به ئازادیی راده‌ربڕین و دێمۆکراسیی. به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژه‌کانی به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی و پێڕهوانییهوه، یاسا و داوونهرێتی کۆنی هه‌زاران سال پێش داڕێژرانه‌وه و، له‌ماوه‌یه‌کی کورت‌دا، هه‌موو واده و به‌لێنه‌کان خرانه پشتگوێ و، به‌بیانووی مه‌ترسیی ''ضد انقلاب'' و رێگرتن له ده‌ستێوه‌ردانی بێگانه و سیخوڕیی دوژمنانی ئیسلام، ده‌ستکرا به دژایه‌تیکردنی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی، که له‌لایه‌ن رۆشنبیران و ئازادیخوازان و حیزب و پارته سیاسییه‌کانه‌وه ئاراسته‌ی رژێم ده‌کران.
پاش داڕشتنی یاسای بنچینه‌یی وڵات و، ده‌ستبه‌کارکردنی ده‌وڵه‌تی په‌سندکراوی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینیی، له‌رێگه‌ی میدیای رژێمه‌وه، گه‌لانی ئێران و، کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئاگاداری نێوه‌رۆکی روانگه و ئایدۆلۆژی و، بیرۆکه‌ی دامه‌زرانی ئیمپراتۆریی شیعه بوون له نێوچه‌که و، کاربه‌ده‌ستانی رژێم به درۆشمی ''لاشرقی و لاغربی، جمهوری اسلامی'' و ''صدور انقلاب'' و پڕۆژه‌ی پێکهێنانی ''سوپای بیست ملیۆنی'' ستراتیژی سیاسیی خۆیانیان ئاشکراکرد. له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، دامه‌زرێنه‌رانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، هه‌ر له یه‌که‌م رۆژه‌کانی دهسهڵاتدارێتییانهوه به‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانی خومه‌ینی و سیخوڕ و به‌کرێگیراوانیانه‌وه، ده‌ستیانکرد به‌سازکردنی ناکۆکی و تێکدانی بارودۆخی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چۆنکه پاش رووخانی رژێمی حه‌مه‌ڕه‌زاشا، به‌شێکی گه‌وره‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وه‌ک پارێزگه‌ی ورمێ و سنه و به‌شێک له پارێزگه‌ی کرماشان، ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی تارانی به‌سه‌ره‌وه نه‌مابوو و، له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی که‌سایه‌تی و حیزبه سیاسییه‌کانی کورده‌وه ده‌چوون به‌ڕێوه. ئه‌و نیوه و نیوه‌چڵه ئازادییه‌ی که کوردی رۆژهه‌ڵات به‌ده‌ستیهێنابوو، نه‌یده‌ویست لهدههستیبدات و، پاش دامه‌زرانی کۆماری ئیسلامیی، ئامانج و داخوازییه‌کانی خۆی به‌ڕێگه‌ی نوێنه‌رانییه‌وه به‌گوێی کاربه‌ده‌ستانی ئێران گه‌یاندبوو. به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی که بارودۆخی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان به له‌مپه‌ر و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئامانج وبیروباوه‌ڕی داگیرکارییان ده‌زانی، به‌بیانووی شه‌ڕ له پاوه و هه‌ورامان، پلانی داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستانیان داڕشت و، ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینیی که به‌پێی یاسای هه‌ڵقوڵاوی بیری ئایهتۆڵڵاکانهوه، ببوو به ''وه‌لی فه‌قیه''ی موسڵمانانی شیعه‌ی جیهان و، نوێنه‌ری خودا و ''ئیمامی زه‌مان'' له‌سه‌ر رووی زه‌وین، له‌مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1979دا فتوای جیهادی له‌دژی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست و بێده‌سه‌ڵاتی کورد ده‌رکرد و، سه‌دان هه‌زار به‌کرێگیراو و موسڵمانی حیزبۆڵڵایی کنفنلهبهری رژانده کوردستانه‌وه.
له‌و سات و رۆژانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ، رژێمی داگیرکه‌ری ئێران، به‌ده‌یان هه‌زار مرۆڤی بێتاوانی کوردی به‌شێوازی جۆراوجۆره‌وه له‌نێوبردووه. سه‌روه‌ت و سامانی سه‌رزه‌وی و کانزا و ئاسه‌واری مێژوویی کوردستانی به‌تاڵان بردووه. هیچ مافێکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئابووریی به‌کورد ره‌وا نه‌بینیوه و، ئازادیخوازان و رۆژنامه‌نووس و مافناسان و چالاکڤانانی بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیی، به‌بیانووی جۆربه‌جۆره‌وه له‌سێداره داوه، یان به‌ره‌و شکهنجهخانهکان بهڕیێکردوون. به‌کورتی، ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر مافه‌کانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی، له‌ماوه‌ی سیساڵی رابوردوودا، وه‌ک سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕ، له‌لایه‌ن رژێمی داگیرکه‌ری ئێرانه‌وه به‌ڕێوه چووه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته نامرۆڤانه‌یه‌دا که رژێمی داگیرکه‌ری ئێران له‌ماوه‌ی سیساڵی رابوردوودا له‌دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێره‌وی کردووه، حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات تێڕادیوی و چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان لێده‌کرا، که به پشتیوانیی گه‌له‌که‌یان و، به پێشینه و ئه‌زموونێکی چڕ‌وپڕ له خه‌بات و تێکۆشینی حیزبی و سیاسییه‌وه که له‌ماوه‌ی سیساڵی رابوردوودا به‌ده‌ستیانهێناوه، پلاتفۆرمێکی سیاسیی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنچینه‌ی بیروباوه‌ڕێکی زانستانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دابڕێژن و، چالاکیی چه‌کداری و ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی سه‌رپه‌رشتی بکه‌ن و، پێکه‌وه نوێنه‌رێتیی کێشه‌ی کورد بکه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و، به خستنه‌ڕووی تاوانه‌کانی رژێمی ئیران، ئه‌و رژێمه‌یان له ئاستی جیهان شه‌رمه‌زار بکردایه و، سه‌رنجی دنیای ئازادیان بۆلای کێشه‌ی ره‌وای کورد رابکێشایه. به‌ڵام به‌داخه‌وه، نه‌ته‌نیا له‌م بوارانه‌دا هیچ هه‌نگاوێکیان هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵکو ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ، خه‌باتی سیاسی و به‌ربه‌ره‌کانێی چه‌کداریی پاشه‌کشه‌ی کردووه و، تووشی شکست هاتووه. چوارچێوه‌ی ژیانی رێکخراوه‌یی حیزبه‌کان له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و، به‌ره‌وڕووی دابڕان و ناکۆکی و ئاژاوه‌ی نێوخۆیی و دهستهودهستهگهرێتیی نێوخۆیی بوونه‌ته‌وه. له‌لایه‌نی سیاسیشه‌وه، بێ ستراتیژ و داهێنان و لێکدانه‌وه‌یه‌کی بابه‌تانه‌ن، ئه‌وه‌ش له رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا، له‌لایه‌نی ده‌ره‌کی و نێوخۆییه‌وه، ئاکامی خه‌باتی سیساڵی رابوردووی بردووه‌ته ژێرپرسیاره‌وه و، له‌ڕه‌وتی خۆیدا، به‌وێنه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ کێشه‌ی رزگاریی نیشتمانیی کورد له باشوور، زیانی گه‌وره له بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌له‌که‌مان له‌رۆژهه‌ڵات ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیکه‌وه، پتر له بیست ساڵه حیزب و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵات، له باشووری عێراق نیشته‌جێن و، هێندێکشیان که له‌ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا له‌باشوور پێکهاتوون، هه‌رهه‌موویان، به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی داراییان به یه‌کێتیی و پارتییه‌وه، ده‌ستی (پارتی و یه‌کێتیی) یان له‌وه‌دا ئاوه‌ڵا کردووه که بتوانن، له‌سه‌ر ویست و داخوازیی رژێمی ئێران، پێش به چالاکیی سیاسی و پێشمه‌رگانه‌یان بگرن له رۆژهه‌ڵاتدا. پێوه‌ندیی سیاسی و بازرگانی و به‌رژه‌وه‌ندیی زۆروزه‌وه‌ندی دارایی سه‌رکرده‌یه‌تیی ئه‌م دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی باشوور له‌گه‌ل کۆماری ئیسلامیی ئیران، رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ زیاتر پهرهسهستێنێ و، ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی زیاتر له‌سه‌ر خراپبوونی پێوه‌ندیی نێوان حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانی حکوومه‌تی هه‌رێم داده‌نێت. بێگومان گه‌ر بێتوو ئه‌م ره‌وته به‌م شێوه‌یه بڕواته به‌ره‌وه، رژێمی ئێران هه‌وڵده‌دات یه‌کێتی و پارتی رازیبکات چه‌کوچۆڵ له‌حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات دابماڵن و، یارمه‌تیی داراییان لێببڕن و، له سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات زیاتر دووریان بخه‌نه‌وه، یان ره‌نگه بیرێکی وابکهنهوه له دۆڵێک، یان له ئۆردووگایه‌کدا کۆیان بکه‌نه‌وه. سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستان، وه‌ک له رابوردوودا پێشانیانداوه، ئامانج و ستراتیژیان پاراستنی ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌وه‌ندیی حیزبییه و، هه‌رکات بارودۆخێکی هه‌ستیار به‌ره‌وڕوویان بووبێته‌وه، سڵیان له هه‌ڵه‌ی سیاسی و لادانی ئاشکرا له ستراتیژ و پرنسیپی نه‌ته‌وه‌یی نه‌کردووه‌ته‌وه. شه‌ڕه‌کانی نێوخۆیی رابوردوو، بێده‌نگیی یه‌کساڵه‌یان به‌رامبه‌ر بۆمبابارانه‌کانی سوپای تورکیا و ئێران بۆ لێدانی پێ کێ کێ و پژاک له قه‌ندیل و گونده‌کانی سنووری نێوان رۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستان، یه‌کنه‌خستنه‌وه‌ی ده‌زگه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم و ''رێککه‌وتنی ستراتژیک!!'' ی نێوانیان بۆ دابه‌شکردنی هه‌ردوو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر له‌نێوخۆیاندا، چه‌ند نموونه‌یه‌کن بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌م راستینه‌یه. سه‌ردانه‌که‌ی مه‌نووچێر موتوکی - وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ هه‌ولێر و سلێمانیی له‌رۆژی 12/2/2009، سه‌ره‌تای گه‌ڕێکی سیاسیی نوێیه بۆ رازیکردنی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی هه‌رێم، که یارمه‌تیی حیزبه‌کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات که‌م بکاته‌وه و، هه‌روه‌ها هاوکاریی بکه‌ن بۆ نه‌هێڵانی پێ کێ کێ و پژاک له سه‌ر سنووری حکوومه‌تی هه‌رێم. له‌به‌ر ئه‌وه، پێویسته سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات، به‌ته‌واوه‌تیی ئاگاداری ره‌وتی پێوه‌ندی و ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌کان و بڕیاره‌کانی نێوان داگیرکه‌رانی کوردستان بن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێم.
له‌ئالیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه، پرسی ئیران ئه‌وڕۆکه له‌نێو رۆژه‌وی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی گه‌وره‌دایه. پاش رووخانی رژێمی سه‌ددام حسێن، رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌هۆی سیاسه‌تی ئاژاوه‌گێڕیی ئێرانه‌وه پێیناوه‌ته دۆخێکی گرنگ و هه‌ستیاره‌وه. به‌رده‌وامبوونی ئه‌م پشێوییه له‌نێوچه‌که، بێگومان به‌سوودی ئێران و ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکتاتۆری نێوچه‌که و رێکخراوه تێرۆریستییه‌کانی دهستپهروهردهیان ته‌واو ده‌بێ و، زیانی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تیشی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی به‌دواوه ده‌بێت.. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، له عێراق و له ئه‌فغانستان به‌ره‌وڕووی کێشه‌ی گه‌وره بووه‌ته‌وه. هاوکات ئیسرائیلیش له‌گه‌ڵ حیزبوڵڵای لوبنان و رێکخراوی حه‌ماس دا له‌کێشه‌ی به‌رده‌وامدایه و، هێندێک جاریش ناکۆکیی نێوانیان ده‌گاته ئاستی شهڕولێکدانی گه‌وره و خوێناویی. له‌کاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رکۆماریی ئه‌مریکادا، پرسی ئێران و عێراق و فه‌له‌ستین و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌گشتیی، بابه‌تێکی گرینگ بوون له پرۆپاگه‌نده‌ی نوێنه‌ری هه‌ردوو حیزبی کۆماریخواز و، دێمۆکرات و، پاش سه‌رکه‌وتنی دێمۆکراته‌کان و، ده‌ستبه‌کاربوونی ئۆباما وه‌ک سه‌رکۆماری نوێی ئه‌مریکا، داوای دیدار و وتووێژی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێرانی کرد. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیکه کارگێڕانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووشی به‌رزه‌فڕی و له‌خۆباییبوون کردووه. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئێران هه‌روا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی رۆژاڤا، ته‌مه‌نی ئه‌م بهرزهفڕینهی ئێران زۆر کورت ده‌بێ. ئێران دوو رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه، وازهێنان له پڕۆژه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له یارمه‌تیی دارایی و پشتیوانیی رێکخراوه‌کانی تێرۆریستیی له‌نێوچه‌که - به‌مه‌رجی مانه‌وه‌ی رژێمه‌که‌ی و هێرشنه‌کردن بۆ سه‌ری له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانییه‌وه، یان ئه‌وه‌ی که به‌رده‌وام بێت له ملهۆڕیکردن و رێگه‌ی شه‌ڕ هه‌ڵبژێرێت، که‌ئه‌نجامه‌که‌ی بێگومان ده‌بێته هۆی رووخان و له‌نێوچوونی.
به‌کورتی، ئه‌و ستراتیژه نوێیه‌ی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ نێوچه‌که دایانڕشتووه، به سهرکۆمارێتیی جۆرج بوش ده‌ستیپێکرد و، له‌سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی ئۆبامادا ده‌گاته ئه‌نجام و کۆتایی خۆی. ئه‌وڕۆکه سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران و، پشتیوانیکردنی ئاشکرای ئه‌م رژێمه له تێرۆریزم، هاوده‌نگی و له‌یه‌کگه‌یشتنی ته‌واو هه‌یه له‌نێوان ئه‌مریکا و یه‌کێتیی ئه‌وروپا و وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمانی رۆژاڤادا له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین. ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران و، ملنه‌دانی ئێران به داوای کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی، ده‌ستیان ئاوه‌ڵا ده‌کات له ده‌ستنیشانکردنی بڕیارێکی جیهانیی له‌دژی. له‌به‌ر ئه‌وه ساڵی 2009ی زاینیی، بۆ رژێمی ئیسلامیی ئیران، ساڵێکی گرنگ و چاره‌نووسساز ده‌بێت.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا، ئۆپۆزیسیۆنی ره‌نگاوڕه‌نگی ئێرانیی، به هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناکۆک و دژبه‌ره‌وه، لێکدانه‌وه‌ی بابه‌تانه‌یان سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و، له رادوێ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانیانه‌وه ده‌ستیانداوه‌ته پڕۆپاگه‌نده‌کردن بۆ رێکخراوه و به‌ره و سه‌رکرده‌کانی خۆیان و، هه‌موویان بهشهووڕۆژێک بوونه‌ته دێمۆکرات و ئازادیخواز و، به‌ته‌مان پاش رووخانی رژێمی ئیسلامیی، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بگرنه ده‌ستی خۆیان. هێندێکیشیان وه‌کو به‌ره‌ی لایه‌نگران و پاشماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی رووخاوی پاشایه‌تیی، توانیویانه وه‌ک عه‌ره‌به‌کانی تازه به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتووی عێراق، به‌دانی په‌یمانی بێبناخه و گفتوبهڵێنی درۆ، یه‌ک – دوو حیزبی کوردیش بخه‌نه ریزی به‌ره‌که‌یانه‌وه. سه‌ره‌ڕای بوونی ناکۆکیی له‌نێوان لایه‌نه‌کانی ئێرانی‌دا، ههرهههوویان به‌چه‌پ و سووپهرچهپ و راست و ئاینی و به‌نێو دێمۆکراتیانهوه له‌سه‌ر بابه‌تی پاراستنی ده‌سه‌ڵات و هێژمۆنی نه‌ته‌وه‌ی فارس و یه‌کێتیی خاکی ئیران - ئه‌وه‌ی که خۆیان نێویانناوه ''تمامیت ارضی ایران''، کۆک وته‌با و هاوده‌نگن و، گوێقوڵاخی ئه‌وه‌ن بزانن له‌کوێ، ده‌نگی کوردێکی ئازادیخواز و سه‌ربه‌خۆییخواز ده‌بیستن، به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه و، بانگێشتی نوێنه‌ری ئه‌وحیزبه کوردییانه بکه‌ن که ''شانازیی گه‌وره‌یان، ئێرانی بوونیانه''، داوایان لێده‌که‌ن به‌ئاشکرا بانگی ئێرانی‌بوون به‌گوێی نه‌ته‌وه‌ی کورددا بده‌ن و، بیری رزگاریی له‌مێشکی کورد ببه‌نه‌ده‌ره‌وه و، به‌و شێوه‌یه، له‌رێگه‌ی کورد خۆیه‌وه، به‌وته‌ی خۆیان، مه‌ترسیی بیری ''تجزیه‌طلبی!!'' له‌سه‌ر ئیرانهکهیان نه‌هێڵن. له‌م پێوه‌ندییه‌دا، له‌ماوه‌ی سیساڵی رابوردوو، ئه‌و لایه‌نه‌ی که له هه‌موو لایه‌نێکی دی زیاتر خه‌بات و تێکۆشینی هه‌بووه و، به‌ره‌وڕووی سوپای دڕنده و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووه‌ته‌وه، کورد و حیزبه سیاسییه‌کانی بوون. ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو لایه‌نێک زیاتر قوربانیداوه و، تووشی ماڵوێرانی و شالاوی گرتن و ده‌ستدرێژی و، شکه‌نجه و گوڵلهبارانکردن بووه‌ته‌وه و، وڵاته‌که‌ی تاڵانکراوه، کورده‌که بووه، ئه‌وه‌ش که وا پتر له‌هه‌موو لایه‌نێک بێ ستراتیژ و بێ پلانێکی رۆشنی سیاسییه و، سه‌رلێشێواوه، دیسان هه‌ر کورده‌که‌یه.
له‌کۆتاییدا، لێکدانه‌وه‌ی بابه‌تانه‌ی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و نێوچه‌که و ده‌ستنیشانکردنی رێگه‌چاره‌یه‌کی زانستانه و ژیرانه بۆی، به تێرۆری که‌سێتی و شه‌ڕه‌چه‌قۆ و پاوانخوازی و دهستهودهستهگهرێتیی و بیری حیزبایه‌تییه‌وه ئه‌نجامنادرێ، به‌لكو به‌هۆشیاری و زانای و دڵسۆزی و بیری رزگاری و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌کرێت. ناکۆکی و دژایه‌تیی نێوخۆ کارێکی وایکردووه ئه‌م رژێمه نگریس و خوێنڕێژه‌ی که له‌گه‌ڵ هیچ یاسا و پرنسیپێکی مرۆڤی سه‌رده‌مدا یه‌کناگرێته‌وه، درێژه به ده‌سه‌ڵاتی، داگیرکاری و نامرۆڤانه‌ی بدات. پێویسته سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌کان، له(31) ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری ئیسلامی‌دا، به‌هه‌ڵه و که‌موکورتی و چه‌وتییه‌کانی خۆیاندا بچنه‌وه و، له‌سه‌ر بناخه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی، له‌گه‌ڵ یه‌کدیی کۆببوونه‌وه و، به‌به‌شداریی هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ی رامیاری و ناڕامیاریی کوردستانیی، به‌ره‌یه‌ک پێک‌بێنن، به‌درۆشمی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد، زه‌وینه خۆشبکه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی راپرسییه‌کی گشتیی، به‌چاودێری و سه‌رپه‌رشتیکردنی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی دێمۆکراتی جیهان.
کوردستان له‌سه‌ر دووڕێیانی ''مان'' و نه‌مان'' دایه و، ته‌نیا کورد خۆی ده‌توانێت، خۆی و خاکه‌که‌ی له فه‌وتان بپارێزێ، ئه‌وه‌ش به یه‌کێتی و ته‌بایی و داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێت.
هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان! مردن و نه‌مان بۆ رژێمی خوێن‌ڕێژ وداگیرکه‌ری ئێران! هه‌رشه‌کاوه‌بێت، ئاڵای به‌رز و پیرۆزی ئازادی وسه‌ربه‌خۆیی کوردستان!
post@kncscandinavia.com
|