٣\٥\٢٠١٢
ریپۆرتاژی کۆمیتەی
مەراسیمی یەکی ئایار لە سیدنی.
کۆمیتەی مەراسیمی ١ی ئایار لە سیدنی کە لە ھەڵسوڕاوانی سیاسی و
کۆمۆنیست و چەپەکانی کوردستان و ئێران و عێراق پێکھاتبوو، لە سەرەتای
مانگی چوارەوە خۆیان ئامادەکرد بۆ پێشوازی لە یەکی ئایار. ئەم کۆمیتەیە
ئەم چالاکیانەی خوارەوەی ئەنجامدا بۆ یادی ڕۆژی جیھانی چینی کرێکار،
سەرەتا وەفدێکی کۆمیتە کە پێکھاتبوو لە ھاوڕێیان (چیمەن و مھرداد و
تایەر) لە ١٧/٤/٢٠١٢دا بەشداریان کرد لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی مەراسیمی
١ی ئایار کە نەقابە کرێکارییەکانی ئوسترالیا لە شاری سیدنی ھەموو ساڵێک
پێکی دەھێنن بۆ ڕێپێوان و یادی ١ی ئایار، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری
نەقابە کرێکارییەکان بڕیاریاندا کە ٦ بۆ ١٠ دەقیقە کات ببەخشن بە
قسەکەرێکی ئەم کۆمیتەیە لە ڕۆژی ڕێپێوانەکەدا کە لە ڕۆژی یەکشەمە
٦/٥/٢٠١٢ بەڕێوە دەچێت لە ناوەندی شاری سیدنی، تا لەوڕێگەیەوە ڕۆشنایی
بخاتە سەر خەبات و ھەلومەرجی کرێکارانی کوردستان و ئێران و عێراق و
ناوچەکە.
ھەروەھا لە ڕیگەی ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی ڕادیۆ کوردییەکانی سیدنییەوە
ئەم کۆمیتەیە ھەوڵیدا ھاتنی یادی ڕۆژی جیھانی چینی کرێکار گەرم ڕابگرێ
لە نێو ئەندامانی جالییەی کوردی و ئێرانی و عێراقی. وە لە ڕۆژی یەکشەمە
٢٨/٤/٢٠١٢ ئەم کۆمیتەیە پیکنیکێکی گشتی ڕێکخستبوو لە پارکی نۆرس
پاراماتا بۆ یادی یەکی ئایار، کە تیایدا دەیان کەس لە ھەڵسوڕاوانی
سیاسی و ئەندامانی ڕەوەندی کوردی و جالیەی ئێرانی و عێراقی تیایدا
بەشداربوون، لە پارکەکەدا شوێنی مەراسیمەکە بە ئاڵای سور و شیعارەکانی
(بژی سۆشیالیزم، بژی یەکی ئایار ڕۆژی ھاوپشتی و ھاوخەباتی چینی کرێکار،
بژی ئازادی یەکسانی حکومەتی کرێکاری) بە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی و
فارسی ڕازێندرابۆوە و ڕەسمێکی زۆر گەورەی کارل مارکس لە ناوەندی
پارکەکەو شوێنی مەراسیمەکە ھەڵواسرابوو کە سەرنجی زۆری ڕێبوارانی
ڕاکێشابوو بۆ لای خۆی. سەرەتای مەراسیمەکە بە سرودی ئەنتەرناسیۆنال و
دەقیقەیەک وەستان بۆ قوربانیانی شوێنی کار و گیان بەختکردوانی ڕێگای
ئازادی و سوسیالیزم دەستی پێکرد، پاشان وتەی کۆمیتەی مەراسیم بە زمانی
کوردی لەلایەن ھاوڕێ عامر سابیر خوێندرایەوە و وە بە فارسی لە لایەن
ھاوڕێ ڕەشید ئەمینزادە خوێندرایەوە. پاشان کورتەیەک لە مێژووی ١ی ئایار
لە لایەن ھاوڕێ تایەر خوێندرایەوە، وە چەند شیعرێکی کرێکاری لە لایەن
ھاوڕێیان (عەلی و چیمەن و نیما) بە زمانی کوردی و فارسی خوێندرایەوە.
وە نوێنەری حیزبی کۆمۆنیستی ئوسترالیا ھاوڕێ (دینیز دۆرەتی) کە ئامادەی
مەراسیمەکەبوو وتەیەکی ھاوپشتی پێشکەش کرد، وە چەند حیزب و ڕێکخراو
پەیامی پیرۆزباییان نارد بۆ مەراسیمەکە بەڵام لەبەر کەمی ماوە تەنھا
ناوەکانیان خوێندرایەوە کە بریتیبوون لە (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
کوردستان، کۆمیتەی ھاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی
ئێران کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، سازمان فیداییان
ئەقەلییەت، حیزبی ڕەنجبەران). بڕگەکانی مەراسیمەکە لەلایەن ھاوڕێیان
چیمەن عارف و تایەر نەسیمی بە کوردی و فارسی پێشکەش دەکران. وە بەشی
دووەمی مەراسیمەکە بە میوزیک و شایی و شادی تا درەنگانێک درێژەی ھەبوو.
لێرەدا دووبارە سوپاسی زۆری ھەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەین کە بۆ
بەرزڕاگرتنی یادی ١ی ئایار بەشداری پیکنیکەکەیان کرد و لێرەدا دووبارە
داوا لە ھەموو ئازادیخوازان دەکەین کە ڕۆژی یەکشەمە ٦/٥/٢٠١٢ لە
کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەشداری ڕێپێوانی ١ی ئایار بکەن کە لە ھاید پارک لە
ناوەندی شاری سیدنی دەستپێدەکات.
کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار لە سیدنی
٣٠\٤\٢٠١٢
|