١٣\١١\٢٠١٢
ریتمی ژنێک.

فاتیح
سەلام
چاوت
پڕ دەبێت لە باران
دەستەکانت لە شەری پاڕانەوەدا
سپی، سپی دەبن بە تەم
بە نێو ھێڵی دڵۆپەدا
بانگی یاخیبوون ھەڵدەدەی
کێ نھێنی ئەو غەریبییەت دەپارێزێ..؟
تۆ کە رێبوارێکی شێت بیت
دوای ھەنسکی ئێوارانێ
لە پەنجەرەی شووشە شکاوی دڵتەوە
بروانیتە خاڵی رەشی، سەر بەرەو خواری کۆڵانێ
تەنیایی خۆی مەستی رەنگی قەترانییە و..
بەسەرخۆشی خەت دەکێشێ و.. پیاسە دەکات
ئیتر چۆن تێکەڵت دەبێ و
لێت تێدەگات..؟
دەستەکانت لە شەری پاڕانەوەدا
سپی، سپی.. دەبن بە تەم
کە خەم چەتری بۆ ھەڵنەدای
(دنیا) لە سێبەری خۆرا بۆ دیلێتی بە جێبێڵە
مەڕوانە درۆی ئاوێنە
تا سپێدە کە ھەور سینگ دەنێ بە لووتکە و
خەتی باران دەشواتەوە
بیرت نەچێ
نەچیتەوە بەر خانەقای سۆزی شیعر
نەبا خەم بەپیرتەوە بێ و دەرگای خۆی لێت
بکاتەوە.
١٢\١١\٢٠١٢
fatih.salam@yahoo.com
|