٣٠\١\٢٠١٦
روانینێک
لەگەڵ (ھەتا چاو بڕبکات تاریکی)ی
فەرھاد مستەفا.

خوێندنەوەی: وریا باقر
کچە شیرینەکەم ھەمیشە حەزی بە ژنەڤتنی ئەو چیرۆکە کورتانەیە کە لە
گێڕانەوەیەکی خێرادا خۆیان دەدەن بەدەستەوە. بە خواستی ئەو بێت، دەبێت
لە گێڕانەوە ڕانەوەستم: بابەچیرۆک!
ئەرێ بەڕاست سحری چیرۆک لە چیدایە کە دەتوانێت خۆی لە ژانرەکانی دی جیا
بکاتەوە؟ ئەفسوونی چ شێواز و کام گێڕانەوەیەیە وەرگر دەخاتە ژێر
کەوێڵی خۆیەوە و نەھێڵێت دەستبەرداری بێت؟. دەکرێت بڵێین خاڵی جەوھەریی
چیرۆک و ڕۆمان ئەوەیە کە ئەوکارەکتەرانەی دەردەکەون لەناو ڕۆماندا
زۆرجیاوازن لەوەی لە چیرۆکدا ئامادەییان ھەیە، وەکچۆن بونیادی (کات و
شوێن)یش بە ھەمان جۆر ڕیتمێکی جودای ھەیە. ئەز، چون خوێنەرێک
ھەمیشەچیرۆکەکانی شێرزاد حەسەنم بیرناچێتەوە، ھێشتا لە ڕووکاری زەینمدا
یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی ناو کۆمەڵەچیرۆکی (گوڵی ڕەش) کە باسی ئەو
کۆمەڵە گەنجە دەکات کە لەگۆمەکەدا مەلەدەکەن یەکێک لەگەنجەکان دەڵێت: (بەلھاریزیا
چی حیزێکە، تائێمەنەخۆش بخات) ھەر ماوە. دەکرێت بڵێین خەسڵەتێک لە
خەسڵەتەکانی ڕۆمانی نوێ، بەجۆرێک لە جۆرەکان کارکردن بێت لەسەرتێکشکانی
(کات و شوێن) بەنمونە دەکرێت ڕۆمانەکانی (بەختیار عەلی و یوسف عیزەدین)
لەبەرچاو بگرین. چیرۆک سەرنج ڕاکێشترە، بەڵام ڕۆمان قوڵترو فرە ڕەھەندە،
فراوانتر کار لەسەر خەیاڵ و ئەندێشەدەکات. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە
کەچیرۆک لە ئەندێشەو خەیاڵ ، خاڵی بێت. بۆ سەلماندن و دروستی ئەم
ڕوانینە ھەڵوێستەیەک لەسەر بەرھەمێکی نوێی (فەرھاد مستەفا) ئەکەین،
نزیکەی (٧٠) چیرۆکی کورتە ولە دوو توێی ١٢٤ لاپەڕەدایە. کە ماوەیەک
لەمەوبەر بەناوی (ھەتا
چاو بڕبکات تاریکی) کە لە لایەن ناوەندی ھونەری
ئەندێشە وە بڵاوکرایەوە.
لای خۆمەوە
لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکە خێراکانی فەرھاد
مستەفا و
بەرکەوتنمان
لەگەڵ ئەو ھەموو کایە سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابوری و
فەرھەنگییەوە کەخراونەتە ڕوو و بروسکەیی تێدەپەڕن، خەسڵەت و
ئاراستەکردنە ڕەخنەییەکانی (محەمەد ماغوت)م بیرکەوتەوە. زیادەڕۆیی
نابێت بڵێین ئەو ئاسا بەئاشکرا ھاوار دەکات و بەشمەینەتی ئەو ژیانەمان
بە ڕوودا دەداتەوە لەچی سەردەمێکی قات وقڕی ویژداندا دەژین ، ژیان چەند
بێماناکراوە. دەسەڵات و یاساوڵەکانی، چلۆن ژیان و ھەناسەیان لێ قۆرخ
کردووین
لێکچونی (فەرھادمستەفا) و (محەمەد ماغوت) لەشێوەی کارکردنیاندا نییە ،
بەڵکو لەشێوەی دەربڕینیاندایە ھەردووکیان بەیەک ستایل دەنوسن
ھەردووکیان یاخین لەناعەدالەتی و بێویژدانی ،ھەرچەندە یەکیان چیرۆکنوس
و ئەوی تریان شاعیرە بەڵام لە واتاوەزۆرنزیکن لەیەکەوە ، دەڵێن
ئەگەرکەسێک شاعیربێت ھەمیشە چیرۆک وڕۆمان دەخوێنێتەوە، بەڵام کەسێک
چیرۆکنوس یان ڕۆماننوس بێت ھەمیشە شعر دەخوێنێتەوە ، ھەرچەندە
فەرھادمستەفا چیرۆکەکانی ڕیتمی شعرییان ھەیە و ئاوازی شعری خەسڵەتێکی
ئاشکرای ئەم کۆمەڵە چیرۆکەیە.
لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، ھەستدەکەین سەرجەم
چیرۆکەکانی لەچەند دەستەواژەیەکی گرێیاوی پێکھاتووە ،کەھەر ڕستەیەکی
گرێ وابەستەی ڕستەیەکی تری گرێی دوای خۆیەتی لەھەندێک حاڵەتدا (بکەر)
جۆراو جۆرە کە نایناسیتەوە بەھەمان شێوە یەکێتی ( فەرمان) یان زۆری (فەرمان)
ھەیە کەئەمەش شێوازێکی تایبەتی فەرھاد مستەفایە. بەمانایەکی دی کۆی ئەم
چیرۆکانە کارکردنە لەسەر دەسەڵات، دژواری ژیان، دابەشبوونێکی ناڕەوایی
پێگەکان.
خاڵێکی سەرنجڕاکێشێکی دیکە ھاتنە ناوە و خستنە ڕووی کارەکتەری ئاژەڵی و
ئاخاوتنی ئاژەڵەکانە. ھەڵبەت ئەم تەرزەش مێژوویەکی دووری ھەیە و لای
گەلێک نووسەر بەکار ھاتووە. زۆر جار ھەڵبژاردنی ئەو کارەکتەرانە بە
خاتری دەمامک و ڕیتمێکی ڕەمزی خراوەتە ڕوو. لە لای فەرھاد پشیلە
ئامادەیی ھەیە. ھەڵبەت پشیلە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نە خزاوەتە خانەی
گڵاوی و خۆلێ بەدوورگرتنەوەوە، نە ئەوەندەش پایەی مەزنە بە خەمی میاوە
میاوەکەیەوە بێین. ھەر وەک بڵێین نە ئاشنایە و نە ئەغیار.
خاڵێکی دیکە کە ھەڵوێستەی دەوێت و دەکرێت ڕەش بینی فەرھادی پێبناسینەوە
(مردن)ە ، مردن بەھەمو جۆرەکانییەوە مردن ھەموشتێکی لا تاریک کردووە.
تەنانەت ناونیشانی
پەرتووکەکەی (ھەتا چابڕبکات تاریکی) ھەڵگرتووە. کتومت
غەمگینیەکەی محەمد ماغوت: (ھەمیشە تامردن لەگەڵ ھەمووکێشە
دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە).
پێشتر لێدوانێکی کورتی فەرھادم بینیبوو کە ئاماژەی بەوەدابوو
چیرۆکەکورتەکانی ھاوشێوەی فۆتۆیەک (گرتەیەک) بێت، ئەمەش ھەمان قسەی
شاعیر محەمەد ماغۆتە کەدەڵێت:
(شیعرەکانی منیش وێنەییە) وەک خۆی دەڵێت:
(گسک لێدەر ھێزی لەدەستدایە، کوێر ھێزی لە
بیستندایە، منیش ھێزم بریتییە
لە وێنە)، نوسەری چیرۆکەکە بۆ ھەریەکێک لەو چیرۆکانە بە
زوومی
کامێرەکانی نووسین چیرۆکەکانی بەرھەم ھێناوە، منیش وام بەپێویست زانی
ھەڵوێستە لەسەر چەند چیرۆکێکی بکەین:
خۆم لەسەفەرێکی بازنەیدا.
کورتەی ئەم چیرۆکە( ئیغتراب)ە. نامۆ بوونی مرۆڤ بە خودی خۆی. بە
مانایەک لە لای فەرھاد دەگاتە لوتکە. ھەربۆیە ئەندامەکانی جەستەی
دەیانەوێت لێی جیاببنەوە و لەدەستی ھەڵبێن.
گوێچکەم ھاواری کرد: لێمبکەرەوە
دەستم: بمپەڕێنە
چاوم: دەرم بێنە
قاچم: بمقرتێنە
بەخۆمم وت: "جێم بێڵە" ل٢
زمانەقرتاوەکان
لەم چیرۆکەدا فەرھاد پێمان دەڵێت.. ئەوە کوشتن و کوشتارە بە پشتاوپشت
پێمان دەگات. لێمان دەپرسێت ئەرێ مێژووی دەسەڵاتدارەکان ھەمان مێژووی
ئازاردانە و تەنیا شێوازی ئەشکەنجەیان جودایە؟. دەسەڵات بە تەنیا ژیانی
مرۆڤەکان قۆرخ ناکات. مێژووش بە ئارەزووی ئەوان دەنووسرێتەوە. ئەو
پێمان دەڵێت.. مێژووەکان درۆمان
لەگەڵ دەکەن و نایانەوێت ناوی ئەوانە
بنووسرێنەوە کە لە ئاستی زەبر وزەنگەکاندا بڕوایان بەوە ھەیە ئیکسیرێک
بدۆزنەوە تا خەڵک بە ئاگاە بھێننەوە، تا ئەو پرسیارانە دروست بکەن..
ئەم ئەشکەنجەدانە بۆ؟
چەند کۆمێتێک بەدیواری زیندانەوە.
ئەم چیرۆکە بێ دەرەتانی و دەستەپاچەیی کۆمەڵێک کارەکتەری نەناسراومان
پێ ئاشنا ئەکات. کۆدی ئەم چیرۆکە ناونیشانەکەیەتی. فەرھاد پێمان ناڵێت:
زیندانییەکان کێن! بۆچی زیندان کراون؟ چەندێ لە زیندان دان!. ئەو پێمان
دەڵێت گەر مرۆڤەکان وەک زیندانییەک لە کایەی ژیان ڕۆلڕ دەبینن، زیندانی
کراو، چەند بارە زیاتر لە ژیان مەحرومن. بێجا نییە کە یەکێک
لەکۆمێنتەکانی زیندانییەکاندا بڵێت: ( لەھیچم کەم نییە..........
جگەلەژیان) ل٥ . لە ھەمان چیرۆکدا دەڵێتەوە: (من گلێنەم ناتوانێت ڕێ
بکات).کەواتە مرۆڤی ئێمەژیانی دەوێت بەمانافراوانەکەی نەک بەمانای مردن
وژیان، چونکە ئەوە پێویستی خوداوەندە. وەک
محەمەد ماغوت دەڵێت( مردن
دۆڕاندنەگەورەکەنییە، دۆڕاندنەگەورەکە بریتییە لەوەی لەناوماندادەمرێت
، کەچی ھێشتاخۆمان زیندووین)ل١٤٠.
ساڵیادی خەونەکانی ئیمپراتۆر.
محەمەد ماغوت دەڵێت (ئەی بەرگدوورەکان، کفنێکی پانوپۆڕم دەوێت
بۆخەونەکانم ).
لێ.. لە کن فەرھاد، ئیمپراتۆر لە خەون دەترسێت.. نەک لە خەونی
ھاوڵاتییەکانی لە خەونی خودی خۆیشی. ئاخر شەوێک لە خەونیدا دەبێتە
زیندانێکی مەملەکەتەکەی خۆی. ئەو لە خەونەکەیدا ھێشتا ئازار نەدراوە،
بە تەنێ ڕووبەڕووی ژوورێک کراوەتەوە. ئەو دەبێت چارەیەک بدۆزێتەوە. بە
تەنیا خۆی فریای بکوژی و کوشتار ناکەوێت. ئەو کۆمەک بە پیاوەکانی دەکات،
تا بە ھانایەوە بێن و بەشداربن (پزیشکی ئەفسوناوی دڵنیابوونی دووپات
کردەوە دروست، لە٣١ ی مانگەوە خەونی نەبینیی......لەباتی خۆی وەزیری
ناخۆ تەماشای دەکرد، پێشتر بەشێک بوو لەوەزارەتی چەنگ لەجێگەی ئەو
دەیژەنەڤت. بڕیاردرا خەون یاساخە ، ھیچ کەس بۆی نییە خەون ببینێت،
سەرپێچی کەریش بەسزای ڕەوای خۆی دەگەیەنرێت)ل١٠.
جەنگ.
(جەنگ ھات، بەتەنیا سەرۆک لەناو وێنەکەیدا پێدەکەنی )ل١١. کورترین
چیرۆکی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی فەرھادە. ھەمووان بەدەست ماڵ وێرانییەوە
دەناڵێنیین، کەچی سەرۆک پێدەکەنێ. ئەوەی لە جەنگ دا دەبێتە قوربانی،
تەواوی جڤاتە نەک سەرۆک و ھاوماڵەکانی!
چەند مەسجێک بۆ فریشتەی ڕاپۆرت نوس.
کێ بیری لەوە کردۆتەوە جارێک لە جاران بیەوێت قسە لەگەڵ فریشتەکانی
سەرشانی بکات. ئەوە ئێمەین ھەر لە منداڵییەوە گۆشکراوین دوو فریشتە لە
سەرشانمانە و تەواوی ڕەوتار و باس و خواسەکانمان ڕیکۆرد دەکەن.
کارەکتەری ئەم چیرۆکە لە لوتکەی نائومێدی دایە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو
ڕاپۆڕتانەی ڕۆژانە لە سەری تۆمارکراون، چەند بیرەوەرییەکی بیربکەوێتەوە
کە خۆی فەرامۆشی کردوون یان ناچیزەیی ڕۆژگار لە بیری بردوونەتەوە (بەر
لە خانەنشینبوونت ....
دەخوازم دۆسیەکەم نیشان بدەیت
کێ ناڵێت بیرەوەرییەک نادۆزمەوە
پەژارەیم بسڕێتەوە؟ل١٢.
پیتەمرۆڤ.
فەرھادی چیرۆکنووس پێمان دەڵێت.. دەسەڵاتدار و سەرۆکەکان توانا ڕوحی و
ئەندێشەی مرۆڤەکانیش بە موڵکی خۆیان دەزانن. لە ھێنانە ئارای
فەرمانڕەوایەکی ستەمکاری وەک کوڕی موعتەسیم بیللا.. کە ئەو دەم شعر
قودسیەتی ھەبووە و خەلیفەکان نەیانتوانیوە لە عۆیە بێن و درھەم و
دەسەڵاتی نەیتوانیوە شعری پێببەخشێت.. دێت بۆ بێ بایەخی و شکاندنی شکۆی
شعر پەنا بە تاوانێک دەبات کە بە گەمەیەکی دادای دەچوێنێت. فەرمانی
داوە کەتەواوی کۆیلەو دیلەکانی لەگۆڕەپەناکەدا بۆ کۆبکەنەوە پاشان
فەرمانی دا ( ئەو پێنجەیان یان ئەو چوارەیان یان ئەوسێیەیان بخەن
پاڵیەکتر. ئەگەر وشەیەکی واتاداریان پێک بھێنایە وەک وشەی یەکەم
ڕادەوستێنرێت ، خۆئەگەر پیتەمرۆڤێکیش زیادبووایە ، فەرمانی دەدا ئەو
پیتە بسڕنەوە، ڕاستتر لەملی بدەن باشتر وششەکان بخزێننە پاڵیەکتر
)ل١٤_١٥. مرۆڤ کەئەم دیمەنانە دەبیستی ئەوساتێدەگات ڕێزگرتن لە مرۆڤ و
بایەخی خوێنی مرۆڤ چەندە ھیچ و کەم بایەخە. مرۆڤ گەر گەمژەنەبێت زۆر بە
ئاسانی لە بەھای خوێنی خۆی تێدەگات، بونی مافی مرۆڤ چەندە پێکەناوییە
کەبانگەشەی بۆدەکرێت لەزۆربەی شوێنەکانی دنیا.
چیرۆکی من و مریم.
چیرۆکنووس لەم چیرۆکەدا باسی ئەو پەیوەندیانە دەکات کە بە تەنێ شەھوەت
کۆیان دەکاتەوە. ئەو پێمان دەڵێت کە پەیوەندییەکان خاڵی بوون لە
خۆشەویستی و لەسەر بنەمای تەگە و بەرانی ڕوویدا. چ زوو چ درەنگ دەبێت
لایەکیان پایدۆسی لێبکات.
مریەم.. بەپێخاوسی دەڕوات
وەختایەک بنی قاچی نەرم وەک باڵی پەپولە
نینۆکی پەنجەکانی پڕ لە تریفەی ئەستێرە ....
مانگ لەجەستەیدا خۆی حەشاردابوو.ل١٦.
ڤیزا بەمۆری ماچ.
چەندێ ئەستەمە ھەنگاونان و سەفەرکردنت سنووردار بێت. ئەوان بیرت
دەخەنەوە لە ھەموو جێگەیەکدا، ئێمە ئامادەیمان ھەیە. ئێمە گوێمان بۆ
دیوارەکان دروستکردووە. چەند بێتامە کە شۆفێر جاسوس و جەللادی
سەرنشینەکان بێت، وەک فەرھاد بۆی وێناکردووین. دواتریش تا کۆیلەییت
بسەلمێنیت (دەبێت ماوەیەکی زۆرلەو نۆبەدرێژەداچاوەڕێ بکەیت .
تادەگەیتەنابەردەمی وینەی ناو شوشەبەندەکە، دادەبەزێت لەئاستی وێنەکە
ھێدەدەچەمیتەوە تالێوەکانت دەگاتە ئاستی پێڵاوە بریقەدارەکانی
.................. ئەگەر ماچێکی شووشەبەندی ڕوکاری شووشەبەندەکەبکەیت
،بێ شک ژەندرمەکە دەنگی ماچەکەت دەژنەفی (دەبیستی ) زومی چاودێری
کردنەکەش دڵسۆزیو گوێرایەڵیت دەسەلمێنی )ل١٩.
گرتەیەک لەفیلمی دووبارە ژیان.
فەرھاد لەم چیرۆکەدا پێمان ئەڵێت.. سەرۆکەکان ئێمە دروستمانکردن. ئێمە
وەک خوداوەند لێیان دەڕوانین. کێ ناڵێت سەرۆک کەسێکی ترسنۆک نییە؟!
ئەوە نییە لە سەر جۆگەلەیەک توانای پەڕینەوەی نییە؟ ئەوە گەمژەکانە نەک
دەبنە بەردەبازی پەڕینەوەی. بەڵکە شانازی بە بەردبوونی خۆیانەوە دەکەن.
( لەپێشی پێشەوە ڕێ دەکات کەمێک بەلای ڕاستدا دەلەنگێ ئێمە لەدوایەوە
بەلای ڕاستدا دەلەنگێین، چەند لێپرسراوێکمان ھێندە لار دەبنەوە تائەوەی
بەتەنیشتیدا دەکەون)ل٣٦.
کەنیزەیەک لەماڵی میر.
گەمەیەکی جوانە لەگەڵ وشەدا. چونکە (با) دەنگی ھەیە نەک ڕەنگ، فەرھاد
بەدبەختی کەنیزەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە. ڕووت و قوتە. ھیچی لەبەردانییە.
ئەو چاوەڕوانە ئاخۆ جەنابی میر کەوتۆتە خرۆش و ئاڵھای سێکسی. کەنیزەکان
ئامێرێکن بۆ بەتاڵکردنەوەی میرەکان. کاتێکیش دەبێت ئەو ئامێرە ببزوێت
کە جەنابی خاوەن شکۆ ئەو مەیلەی ھەبێت:
( کراسێکم لەبەردایە لەڕەنگی با.
پێی دەڵێم "خاوەن شکۆدەتوانم بێمەژوورەوە ؟" )ل٣٧.
باوکە.
ئەم چیرۆکە تێکەڵەیەکە لەبڕێک دەستەواژە و چەمک کەھەمویان لە مۆتیڤی (باوک)
دا کۆدەبێتەوە. ئەگەر ئەم کۆمەڵە دەستەواژەیە بخەنە بەردەستی تۆ (پشیلە
، ئۆتۆمبێل، مردن ، جنێودان ، مێش ، چاو چنۆک ، ژنێکی عەبابەسەر ،
حەپەسان) دەتوانی چ گێڕانەوەیەکی ھونەری لێ دروست بکەی؟
بەڵی جرج بەخێو ناکرێت.
کورتەی ئەم چیرۆکە باسی بوونە برغویەکە لە ناو ئامێرە گەورەکەی دەسەڵات.
ھێندە برغووەکە جێگەی شایستەی ھەیە کە بتوانێت کارەکانی خۆی بە ئەنجام
بدات. ئەوەی دەبێتە ڕێنومایکەری برغووی تازە کە بەھەڵەدا چوون یان وەک
فەرھاد دەڵێت.. گەوجانە سۆزی مرۆڤبوونی زیندوو بووەوە، ئەوە سەری بە
فەتارەت دەدات. دەسەڵات خۆی لە ناوی دەبات و ڕەحمی بۆی نییە.
کچێک لەفرمێسک.
بەھەمان شێوە ئەم چیرۆکەش لە وێنای کچێکی زیندانکراوەوە پێمان ئەڵێت..
لە لای دەسەڵاتی دیکتاتۆری گرنگ نییە تۆ چیت و بایەخی تۆ چەندە. گرنگ
ئەو وێناکردنەیەیە کە دەسەڵات بەرانبەر تۆ ھەیەتی و بە چ چاوێک لێت
دەڕوانێت. تۆ ئەبێت باجی ئەوە بدەیت کە ڕاستبوونی ڕوانینی ئەو
دەربکەوێت.
پیاسەی نێو چڵپاو.
کارەکتەری ئەم چیرۆکە کەسێکی پەراوێز خراو و کوشتەی خەیاڵ و وەھمی
دۆنکیشۆتانەیە (داوای پاڵتۆکە لەدایکم بکەم، دایکە ساڵانێکە بەجێی
ھێڵاوم ...دوای باوکم ) ل٤٧. ئەو لە گەرمای مانگی ھاویندا ڕۆژەکانی
تەمەنی لە لا دەبێتە زستان و بەجۆرێک ھەست دەکات
پەرتووکەکانیشی سەرمایانە.
بە فەنتازیابوونی ئەم چیرۆکە ھەر ئەوەندە نییە دیستۆیڤسکی بڵێت ئێمە لە
گیرفانی پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە سەرمان دەرھێناوە. ئەو داوای لێدەکات خۆی
پێگەرم بکاتەوە. ئەو کە بە خەیاڵێکی زستانیانەوە دێتە دەرێ، ھوھای
لێدەکەن. ئەوان پرسیان بۆ مەینەتییەکانی نییە، تەنانەت خۆشەویسترین
ھاوەڵی نایەوێت وەک ھاوڕێی شێتێک لە قەڵەم بدرێت. دەخوازێت چی زووترە
بگاتە ماڵەوە.
گەمەیەکی پووچ.
کەواتە ژیان گەمەیەکە ھەردەبێت ڕۆژێک مرۆڤەکان بکەونە خوارەوە درەنگ و
زووی کەوتووە،
محەمەد ماغوت دەڵێت (ھەمیشە تامردن لەگەڵ کێشە
دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە) فەرھادیش دەڵێت : ( لەھەرلایەکەوە مرۆڤ
بکەوێتەخوارەوە بەرلە خاوەنگازینۆکە ھاواردەکەین دۆڕایت. چەندکەسی دی
دۆڕان) ل٤٩.
ئێوارەیەک لەجەنگ.
دیسانەوە لەم چیرۆکەشدا فەرھاد پێمان ئەڵێتەوە کە جەنگ ھات، ئێمە
ئەبینەوە بە پشیلەکان و لە تەنەکە خۆڵی دەسەڵاتدارەکان دا تروسکەی
ئومێد و تێربوون دەبینین. تەنانەت دەگەینە ئەو سنوورەی جێگە بە
پشیلەکان لێژ بکەین و کاتێکیش پشیلەکان لە ئێمەیان تێپەڕاند، لەباتی
ئەوەی ئێخەی ھەڵگیرسێنەری جەنگەکان بگرین، قسە و زوخاومان ئاراستەی
ئەوانە دەکەین لە خۆمان دەستەپاچەترن.
مردووی بێگۆڕ.
ھەندیکجار نوسین وقسەکردن لەناوت دەبەن ئەگەر ئەونوسینە لەسەر حەق
ودەرخستنی ڕاستی بێت نەک ھەردەکوژرێت بەڵکو گۆڕەکەشت دیارنییە لەکوێیە
وەک( پەرتووکی مرۆڤ کوژ).
محەمەد ماغوتیش دەڵێت(بۆئەوەی شاعیرێکی مەزن بیت،
دەبێ ڕاستگۆبیت ،بۆئەوەی ڕاستگۆبیت، دەبێ ئازادبیت. بۆئەوەی ئازادبیت،
دەبێ بژیت. بۆئەوەی بژیت، دەبێ بێدەنگ بیت.
شەوێک لەخزمەت فەرماندەی مەزندا.
فەرماندەی مەزن لەقومارێکی سەیردا بەشەوێک دووشار و شارۆچکەیەک و
پەنجاگوندی دۆڕان ، کەچی پاسەوانەکانی چواردەوری لەباتی کوشتنی
فەرماندەکەیان، خیانەتیان لەنیشتیمانکردو ھەمویان وتیان (پایەدار،
تۆبمێنیت ، وڵات دروست دەبێتەوە)ل١١٤.
بەبڕوای من فەرھاد مستەفاو
محەمەد ماغوت لەم چیرۆکەدا بەتەواوی لەیەک
نزیک دەبنەوە، ئەمە ڕێک ئەودەمەیەکە
محەمەد ماغوت بە حەسرەتەوە دەڵێت(
خیانەت لەنیشتمانەکەم دەکەم).
ھەتا چاو
بڕکات تاریکی.
بۆ ئەوەی قەدری ڕوناکی بگری دەبێت بەتاریکییەکی سەختدا تێپەڕی، نەک
لەبەر ئەوەی بەڕوناکی ڕازی بیت بەڵکو لەبەر ئەوەی بزانیت چۆن مامەڵەی
لەگەڵدابکەیت. ھەرچەندەپەرتووکەکەی دەستت سپی بێت بەڵام ناتوانی لەتارکیدا
بیخوێنیتەوە. ناونیشانی ئەم چیرۆکە بۆتە ناونیشانی
پەرتووکەکەی (ھەتا چاو
بڕبکات تاریکی) لەتاریکیدا ھەندێک شت ھەیە نرخ و بەھای خۆی ھەیە.
بوونی تاریکی سەلمێنەری ڕووناکییە، بەڵام پێدەچێت نوسەری ئەم
پەرتووکە
بەومانایە ھێنابێتی کە ژیانی ئێستەی مرۆڤەکان یان ژیانی کۆمەڵایەتی و
سیاسی و ئابوری کورد جێگەی دڵخۆشی نییە، بەیەکداھاتنی قەیرانەکان و
ئاڵوزکردنی ژیانی ڕۆژانەی تاک لەکوردستان واتلێدەکات یەک مەتر پێش خۆت
نەبینیت، نەزانیت ئایندەی ئەم ھەرێمە بەرەو کوێ دەڕوات. بۆیە منیش
دەیڵێمەوە: (ھەتاچاوبڕبکات تاریکی).
______________________________
سەرچاوە:
١- (ھەتا چاو
بڕکات تاریکی)ی فەرھاد
مستەفا، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم
٢٠١٥، ناوەندی ھونەری ئەندێشە.
٢- محەمەد ماغوت پیاوێک لە
شعر و یاخیبوون، وەرگێڕانی ھەورامان وریا
قانع،
چاپخانەی سەردەم،
چاپی یەکەم ٢٠١٥، دەزگای سەردەم.
تێبینی:
ئەم نووسینەم پێشکەشی ڕۆحی شەھیدی شاریک (بڕیار
حەسەن) کردووە لە
سەیدسادق، دوو
ساڵ بەسەر شەھید بوونیدا دەڕوات و تا
ئیستاش ھیچ
لە گۆڕێ
نییە. تەنھا
بڕیار نەبێت بۆ
خۆی خەوتووە بە
ئەسپایی. چونکە نزیکییەک
ھەست پێدەکەم لە ناوەڕکی ئەم
پەرتووکە و جۆری شەھیدبوونی کاکە بڕیاڕ.
wriabaqr83@gmail.com
|