په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٥

روانین لە جوانیی لە شیعری کوردیدا.
- کەژاڵ ئیبراھیم خدر وەک نموونە -


سەباح        


پێوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان خۆشەویستی و شیعردا ھەیە، گفتوگۆکردن، ئاڵوگۆڕی بیروڕا، دواندن، وتووێژیی بەرفراوان لە بەرھەمی داھێنەراندا بۆ جوانیی و تازەگەری لەسەرتاسەری جیھاندا ڕێچکەیەکی گەورەی داگیرکردووە، ئەویش بۆژیانی جۆراو جۆر لە شیعردا خۆی لە (خۆشەویستی، ئاشتی، سروشت) دەبینێتەوە، بەشی زۆری داھێنەرەکان لەوبوارەدا، وێنەی ژیانیان کێشاوە بە جوانیی و ناسکیی، ھەروەھا ئەمە لە بواری ھونەریشدا بە تایبەت شانۆ و تابلۆ خۆی دەنوێنێت.


ئەدەب و شیعر دوورترین مەوداو زۆرترین ئامادەبوونی ھەیە لە نێوان کایەکانی ژیاندا، خاتوو کەژاڵ لە چوارچێوەی شیعرەکانیدا وێنەی ژیانمان بە گوڵ و گوڵزار بۆ دەرازێنێتەوە، ھەروەھا ئەو لە بەرانبەر ئەلتەرناتیڤی شەڕ و خوێنڕشتن بانگمان دەکات بۆ عیشق، ھەر ئەمەیشە جوانیی داوە بە بنیادی ناوەوەی دەقە شیعرەکانی.


لە باخچەکانی عیشقما
سێ گوڵت پێشکەش دەکەم
یەکەمیان بۆ دەستت، سەمای پێ بکەی
دووەمیان بۆ لێوت، گۆرانیی پێ بڵێی
سێیەمیان بۆ چاوت، فرمێسکی پێ بسڕی
تا بزانی باخەکەی من
دەستێکی تیا نییە، بۆ خوێنڕشتن
لێوێکی تیا نییە بۆ تووڕەبوون
چاوێکی تیا نییە بۆ گریان.


کەژاڵ ژنە شاعیرێکی ناسراوە، کە دەردەکەوێت، ھەمیشە جوانیی لە شیعرەکانیدا خۆی نمایش دەکات، پێداھەڵدانێکی نوێ دەخوێنینەوە بۆژیان، بۆئەو ژیانەی کە باخچەی گوڵی دەداتێ و بۆنی دەکات لەنزیکەوە، کەژاڵ ڕێپیشاندەرە، لای ئەو، خۆشەویستی ڕێگەپێدراوە بە بەپێچەوانەی ئەوانەی کە لە شەڕدا پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان ھەمیشە سوارن، بۆ ڕشتنی خوێنی لاوان و ئازاردانی دڵی دایکان.


تێگەیشتن بەلای ئەم خانمە ژنەوە جوانیی بەدوای خۆیدا دێنێت وەکوو سیمای گەشی مانگ و تریفەی مانگە شەو، لەناخی داھێنەرەکانییشەوە ئەم پەرچەمە ئاڵۆزکاوەی شیعرەکان بۆ ژیان بەدی دەکرێت، جگە لەوەی جوانیی دەنووسێتەوە بە پەلکەزێڕینەی بەھار، دەرکەوتنی بەرەنگی جیاواز، بووەتە سەراسیمەیەکی بێئەندازە.


ئەم ژنە ھێشووی وشەکانی ئەوەندە ناسکن دەڵێیت ملوانەیەکی ھەستبزوێنە بەلاملی کیژە شۆخ و شەنگەکانەوە، ئەم ژنە سەرجەم وشەکانی جگە لە بارگاوی بوون بە خۆشەویستی بۆسەرتاسەری مرۆڤایەتی ھیچی تری پێ نییە، بۆیە ئەو بەئاگایانە کار دەکات لەسەر شیعرییەت و ڕەنگدانەوەی جوانیی لە شیعرەکانییدا.


سەربەستی ژیان
بە ھەوری خوێن ڕەنگڕێژ دەکەم
لەنێو دڵی پڕتاساوی ھەموووتانا
وەکو ڕێژنەی باران
وڵات پڕ دەکەم لە ڕەنگ
لەژێر سێبەری باڵاتا
لە درەختی پڕ ھەناری گوڵی لێوتا
لە زەنگ دەدەم.


ئەم شاعیرە پڕ لەھەناوی شیعرە، ناسکیەکی تایبەتی بە شیعرەکانی داوە، جوانیی وشەکان بۆخۆشەویستی و داھێنانی ھونەری وات لێ دەکات ھەمیشە بیر لەبوونی جیھانێکی جیاواز بکەیتەوە وەک ھەورێکی سوور و ڕەنگی لێوەکانی وەک ڕەنگی گوڵی ھەنار.


بەدروستکردنی خەیاڵێک کە نزیک بێت لێمانەوەو پەی پێ ببەین بەڵام ھەمووو ئەمانە وامان لێ ناکات دووربکەوینەوە لە شیعری نوێخوازی و تازەگەری، ھەرچۆنێک بێت دەبێت بیر بکەینەوە بەڵام بیرکردنەوەکەمان بەشێوەیەکی وەھا، کە ببێتە پێوەر بۆ ئێستاو ئایندە. کەژاڵ دواجار نەخشی خۆی دەخاتە ڕوو ڕاشکاوانە، پێمان دەڵێت:


من بەر لەوەی تۆ بناسم
لە خەونی چاوەڕوانیدا تۆم بینیبوو
من بەرلەوەی تۆ بناسم
تامەزرۆی سەمای پەنجەت و
عاشقی ڕوخساری گەشت و
دوو چاوی پر ِئەوینت بووم.


زۆربەی وشەکانی کەژاڵ ئیبراھیم خدر لە ڕوونی و ڕۆمانسیەتدا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەیش وا دەکات بەخۆشەویستی و نەغمەیەکی جوانەوە بڕوانینە شەبەنگی ژیان. شیعر لای کەژاڵ وەکوو شۆڕشێکی خۆشەویستی، یان گەردەلوولێکی بەھێزی ویژدانی ناخ دەردەکەوێت، ئەو بیرۆکانەی کە ھەیەتی لە خۆشەویستیەکی بێئەندازەی ئەزەلییەوە بۆ یەکێک کە تینووی سەمای پەنجەکانی بێت سەرچاوەی گرتووە.


ئەو ھەمووو جوانییە وامان لێ دەکات لەبەرانبەر شیعرەکانی بە ڕۆحێکی گەشەوە بڕوانینە ئایندە و بە خەیاڵ خۆمانی تێدا ببینینەوە .


بەڵێنم دا ھەرگیز بۆنی گوڵێک نەکەم
بۆنی وەک ھەناسەت نەبێ
لە ھیچ ئاوێک نەخۆمەوە
وەکو خوێنەکەت شیرین نەبێ
پشوو نادەم لەژێر سێبەری چنارێ
بەرز نەبێ بە قەد باڵات
من تیشکی خۆرم ھەر ناوێ
ڕووناکییەکەی نەگا بە جوانیی چاوانت و
گەشی سیمات.


بە خوێندنەوەی شیعرەکانی، بۆمان دەردەکەوێت ئەم خانمە زۆر بە قووڵی لەسەر چەمکگەلی "ئەوین، گەیشتن بە دڵخواز، پەخشکردنی جوانیی، خۆشویستنی یەکتری و دوورکەوتنەوە لە ڕک" کاری کردووە بەڵام ھەر جارەو بە ڕەنگێکی جیاواز و دیدێکی نوێوە.
__________________________
سەرچاوە:
(جریدە جمھوریة، العدد ١٦٤٢٢، الخمیس، ٨ی ینایر ٢٠١٥، ص ٩ - صفحةادب و ثقافة).

 

 

shexanisabah@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک