٨\٧\٢٠١٧
ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە.

سوهیلا مەیهەمی
با دیوار،
مێشکی بنبەست و
کڵۆم کەلاکی بنوێنێ،
با زیرەڤان،
شەوەکانی دڵخۆش بە سنوور،
دیکتاتۆریەتی کاتەکان
(دیکتە)ی دار
بنوێنێتە سەر ساوای سپێدەدا،
تۆ بە دەنگی هەناسە،
بە رەنگی خوێن،
داخزە بە دەمارەکانمدا...
زەوی پێوەبە لە مەنگی خۆیا
یا ئاسمان،
کە من چ یاخییانە ژنێتیم، دەژیم
لە قەندیلی پیاوەتیتدا
دەنووسێمە بێکەسترین شیعر،
بە نامۆیی کۆڵاندا،
ئەرخەوانێکی ئاشنام،
گەیشتنمان چ پەرتەوازەیە،
خاو گالیسکەی خەێاڵە...
ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە،
(کافە)یەک پڕ لە ''کافکا''م
نۆشیوە،
لێگەڕێ،
لە گەڵاڵە، بەتاڵییەکانی ئەم گۆڕستانە...
بە سێ/بەری هاوتەریبی،
من هیچ دەچم...
سنە
ماڵپهڕی
سوەیلا مەیهەمی
|