په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٩\٢٠١٣

''ریزمە بێ کۆتاییەکان'' پێشانگای هونەریی (دارا ئارام).
 


ئەدرێسی پیشانگا:
Cedar Ridge Gallery October 5th – October 17th، 2013

225 Confederation Dr. Toronto، On. Canada

www.toronto.ca/culture/cedar_ridge.html
http://daraaram.webs.com

ڕۆژی نماییش و بینینی هونەرمەند:
Sunday، October 6th، 2013. 1:00 –4:00 PM


کارە نوێکانم لەم پێشنگایەدا دوا پرۆژەی چالاکیی هونەریی ساڵی ٢٠١٣ دەبێت کە پیشانی دەدەم، کە خۆی لە ٤٤ تابلۆدا دەبینیێتەوە کە هەڵبژاردەی ساڵانی ٢٠١٢/٢٠١٣، بە ئەندازەی ٣٠ - ٤٠ سم و ٢ - ٢م کە بە ڕەنگی ئەکریلک و ئینکاستیک لەسەر کانڤاس و بۆرد نەخشیندراون. لە رۆژی کردنەوەی پیشانگا هونەرمەندی بە توانا (شەهریار جەمشیدی) چەند پارچە مۆزیک رەسەنی کوردی پێشکەش دەکات بە ئامێری کەمانچە، کە ساڵانێکی زۆر لە بواری موزیک کاردەکات.


بە بەراورد بە هونەرەکانی دیکە وەک شیعر و مۆسیک و سەما توانای هونەری شێوەکار لەسەر هێما لە ناخی مرۆڤ کەمترو سنووردارترە، پێم وایە تابلۆ و رەنگ ئیستاتیکایەکە رونتر ئاماژە لە رۆحی هونەرمەند دەکات، بەڵام ناتوانێت باش قسە لەگەڵ رۆحەکانی دیکە بکات، توانای لەسەر دواندنی قووڵایی مرۆڤ لەسەر هەژاندنی ناوەوەی بچوکترە.


ژیانم، تابلۆکانم قوڵتر لە گەشتێک بیۆگرافی و نۆستالۆژین کە بەخەرەندی هەردوک لە جیهانی تەمینی مندا گوزەر دەکەن. بە واتایەک کە هزر و هونەر قاڵبوونەوە تێرامان لە یادگاری رۆژانەمدا ئاوێزانی یەکدی بوون وخودی خۆمیان لەکەنار ئارامی بوون و عەدەم کۆلەنگەر بوون. ئەم قاڵبوونەوەیە و رێرەوگرتنە ئاوێتەکەی جۆش بزوێن و هزرمەندانەیە کە رۆژانە بێ وێست دەبنە دیتنی بەشێک لە شاری تۆرنتۆ لەم عەردە جەنجاڵیەی تاراوگە و دواجار فرینێکی شەکەت و ماندو بۆ بەر قاپی نیشتمان، نیشتمانێک کە بۆن و بەرامەی منداڵی ویەکەمین رەنگم تێدا ناسی و یەکەمین فڵچەم تێدا لە ئامێزگرت تا دەگات بە خولیا و ئارەزووە پیریەکانم و ئاوێتە بونی هەردو رەهەندە رۆحی و پانتاییە زەمینیەکەی ئێرەم کە فۆرمی بەرجەستە کراوی کوردبونێیتی لەگەڵ دەق گرتنی ئەو سروشتە ئیلاهییەی تۆرنتۆدا کە عەیامێکە شەڕی زادگە و تاراوگە لە نێوانماندیە و وەلی بۆتە هاودەمی کارە هونەریەکانی من و دۆستایەتی فرە قوڵی لەگەل پەنجە و فڵچە و رەنگمدا نەرم کردوە هەرچەندە هەموو کاڵ بوونەوەیەک لە دونیای رەنگی مندا بە دوایدا شوینپی بۆ زەمەنێکی دیکە خۆش دەکات کەچی بێ ویستی خۆم رەنگە تۆخەکان لە کەناری ئارامی تابلۆکان لەنگەر دەگرنەوە لە رەنگی فڵچەکانم ماند ونابن و وەک ئەوەی نەهێڵن هزر و هونەر دوانەی جاویدانی بۆ هەمیشە کاڵ ببنەوە کە سروشتی ناسک و جوانی خۆرسکی ئەم دەڤەرە (ئۆنتاریۆ) کە هەر خۆرسکانە و سروشتیانە کاریگەری بێ مەرجیان لەسەر کارەکانم داناوە، تا ئەو ئاستەی کە نەتوانم خودی خۆم بۆ پارسەنگ و ساغ ببێتەوە، کە ئەوە رەنگ و سروشتە کەمەندکێشن و پەنجەکانم دەخەنە سەمایەکی ئەفسوونایی یاخود خەیاڵی سۆزی ڕابووردوی نیشتیمانە سەرمەستانە لە نیوان رەنگەکاندا دەمچێنیتەوە و هەر ئەو پاڵینەرەشە بەردەوامم دەکات لە هونەری کارمدا بەردەوام بم.

 

هەڵبەتە ژیانی تاراوگەنشینی نە خۆزگەی خۆم و نە خواستی تابلۆکانیشم بووە، وەلی لە دۆخێکدا بوو کە ئیدی شتگەلێک بەهایان نەمابوو بۆ بەیڤین بەو پێیەی کە جۆریک لە یاسای نادادی ژیان و ستەمگەرایی و گەندەڵ بون کە بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی و بۆ هونەرمەند سەدان بار جێی حەسرەت و دۆشدامان بوو. خۆشبەختانە هەمیشە باجی قورسی ئەم زەمەنە سەختە بە بەرچنگێک لە قەرەبووی ئەو ئازارە خودی و مرۆییە لای من بریتی بوون لە پەیوەندییە رۆحییەی کە هەر لە سەرەتادا تا کۆتایی لەگەڵ ئیستاتیکا و رەونەقەکانی سروشتدا لێکم ئاڵاندوون و هەرگیز لە هیچ کارێکی هونەرییشمدا ئەو لایەنە گرینگ و سەبوریی ئامێزەی دۆستایەتی سروشتم فەرامۆش نەکردوە.


دیاری بەندە بۆ میوانەکان و تەماشەکاران هەمیشە ئەو رەنگ و وێنە و ئاماژە هونەریانەن کە زۆرینەی جارەکان هاوگەشتیەک لە نیوان ئەوان و تابلۆکاندا، تابلۆیەکی دیکەی پشتی ئەو دۆخەیان نەخشاندوە کە سەرباری هونەرەکە خۆیان لەگەڵ ڕەزەکانی مندا دیوەتەوە ئەم جۆرە لە هارمۆنیتی و ئیستاتیکایەش جێی گەشەی هەستی من بووە و ئەو هەستەم لا قوڵتر بۆتەوە کە هەر تەماشاکارێک خۆی لە نێو تابلۆیەکدا قاڵدەکاتەوە.


رەنگ و تابڵۆ و سروشت و فۆرمە مێیەکان بەردەوام عەوداڵ بوونێکی گەریدانی منەو کەمێک پشوودانە لە گاڵە و هەلاکەتە رۆحیاکانی ژیان و رۆچوونەوە بۆ ناو خودبوون و لە دەردی سەری سەختی گوزەران دەرچوون، بەکامەرنیەوە لەگەڵ زەردەپەر و هەرزاڵەکانی رەنگ قەڵبەزەی پر لە پلوسکی خۆر و سەمای کەنارەکانی ئاسوودەگی دا مەودایەکی شینە باوی گەردونی هێور هێور ئاوێتەی ڕوحمان دەبێتەوە.


لە کۆتایدا شادومانم کە بینەر (ریزمە بێ کۆتاییەکانی) ئەم رارەوەم هەمان گەشتی بێ سنوور و بێ سانسۆر و رۆتینە کاڵبووەوەکانی زەمەنی بێرۆکراتیەتی ئەم ژیانە ئاڵۆز و جەنجالەمان بێت و ساباتێکی دیکەمان بۆ ساز بداتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی دارا ئارام

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک