١\٨\٢٠٢٢
رۆژانە سەرمان لە
بەرد دەدەین، لێ دیارە هێشتا کەللەڕەقترین!

دارا خونچە
سی و یەک ساڵە دەسەڵاتە ستەمکار و داگیرکەرەکانی تورکیا و ئێران بێ
پەروا و بێ هیچ پرینگانەوەک باشووری کوردستان بە هەموو جۆرەکانیەوە
تۆپباران دەکەن، با دەستبەرداری ئەو ئەندێشە نەزۆکە بین کە
دەسەڵاتەکانی وڵاتان بێنە دەنگ چونکێ ئەوان بە کورتییکەی بە پێی
بەرژەوەندییە تەسکە ئابووریی و رامیارییە نامرۆییەکانیان بەرخورد دەکەن..
بەڵکە هیچ میللەتەکی دوور و نێزیکی کوردستانیش مێش مێوانی نەبووە و
نقەیان لێوەنەهاتیە!
کەچی
لەو رۆژانەی دوایی پاش ئەوەی بە فەرمانی ئەردۆگانی گەورە تیرۆریست و
دیکتاتۆری نێوچەکە تۆپبارانی هاوینەواری گوندی پەرەخی زاخۆ کرا و نۆ
گەشتیاری عارەب - کە ئەوانیش کوشتەی دەستی رامیاربازە رەگەزپەرست و
ئیسلامییەکانی ئێراقن - گیانیان لەدەستدا.. ئیدی خەڵک و دەسەڵاتی
ئێراقیی بە توندیی ناڕەزاییان دەربڕی و سکاڵایان گەیاندە ئەنجوومەنی
ئاسایشی دەسەڵاتدارانی جیهان و بە لایەنی کەم دەسەڵاتی تورکیایان
ناچارکرد بێبەرییبوونی خۆی لە هێرشەکە رابگەینی.. ئەگەر راشکاوانەش
کاری لەسەر بکەن ئەوە بێ گومان لە توانایاندا هەیە هێرشەکانی تورکیا
بوەستێنن و لەشکرەکەشی لە دوا بستی سنوورەکان وەدەرنێن.. ئەوە لە
کاتەکدا دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە لە پاش ئەو هێرشانەیاندا کە بە
دەیان و سەدان کەس لە خەڵكی کوردستان تێیاندا گیان لەدەستەدەدەن و
خەڵکی گوندەکان رەودەکەن و نێوچەکان داگیر دەکەن و وەک بەشەک لە
قەوارەی عوسمانییەکان بارەگای سەربازییان لێ دادەمەزرێنن.. بە بەرچاوی
هەموو گەلانی جیهان لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان دەبێژن ''پێتدەوەستم..
راناوەستم'' و کەسیش فزە لە بەرانبەریاندا ناکا!
هەڵبەتە کێشەکە ئەوە نییە کە دەسەڵاتە پەڕپووتە نامرۆییەکەی (دیموکراسیی
و مافی مرۆڤ و لیبرالیزم)ی جیهانیی بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر
بەرگرییکردن لە خەڵکی کوردستان لەگەڵ تورکیا و داگیرکەرەکانی دیکە
تێکنادەن.. تەنانەت کێشەکە ئەوەش نییە کە گەلانی جیهانیش لە بەرانبەر
ئەو هێرشانە بێدەنگن و هاوخەباتیی و پێکەوەژیانی گەلانیان لە کن گرنگ
نییە چونکێ ئەوان لە چارچیوەی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە نوێیەی جیهان
نە تێڕوانینەکانیان لەبەرچاو دەگیردرێن نە دەتوانن هیچ هەڵوێستەک
بنوێنن بەڵکە بە پێچەوانەوە لە ژێر ئەو فەرهەنگەدا پەروەردە بوونە کە
دەبێژی ''لە خۆم مەدەن.. لە مەحموودی برام بدەن.. وەدەزانم لە فەردەی
کای دەدەن''!
کێشەکە ئێمە خۆمان.. چین و توێژە نەدار و بێکار و بەشمەینەتەکانی خەڵکی
کوردستانین! گەمژەییەکی چەند گەورەیە هێشتا ئێمە زۆرینەمان لە لایەن
ئەو رامیاربازانە لەخشتەبردراینە کە (دیندار و لەخواترس و
بانگەوازخواز)ن یان (لیبرالیست و مۆدێرن و دیموکرسیخواز)ن یان
توندڕەوانە (چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیست)ن و هیچیان بڕوایان بە
سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نییە بەڵکە بەرژەوەندیی
خەڵکی کوردستان لە هاوخەباتیی و پێکەوەژیانی گەلانی بێ ئاگا و بێ
هەڵوێستی جیهان بە گشتیی و بە تایبەتییش ئەو گەلانە دەبینن کە
دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانیان کوردستانیان لە خوێن هەڵکێشایە کەچی
نایانەوێ هیچ هەڵوێستەک بنوێنن تا خەڵکی کوردستانیش وەک ئەوان لەسەر
ئەوەی میللەتەکی دیکەن و دەیانەوێ لەسەر خاکی خۆیان بژین چیدی کۆمەڵکوژ
نەکرێن و لە پێشکەتنەکانی ژیان و شارستانەت بەهرەمەند بن.
لێ لە راستییدا بانگەشەکانی ئەو خاوەن ئیدیۆلۆژیایانە لە درۆگەلەکی
رامیاربازیی پتر بترازێ هیچی دیکە نین و هەمووی لە پێناو بەرژەوەندیی
کەسیی ئەو بە ناو سەرکردانەیە کە سەربەخۆیی کوردستان لەسەر خۆیان بە
مەترسیی دەبیینن.. هەر لەبەرهەندێشە کە زۆرینەی خەڵكی کوردستانیان بەو
گەمژەییە گەیاندیە کە بێژن هێشتا کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان
نەهاتیە هاوکاتیش گاڵتە بەو گشتپرسییە مێژوویی و چارەنووسازە بکەن کە
گوزارشتی لە خواستی زۆربەی هەرە زۆری گەل کرد! ئەوانەش هەمووی خۆبەخۆ
لە ئاشی شازادەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بنەماڵە
رامیاربازەکان دەکاتەوە.
ئەمن ئامۆژگاریی کەس ناکەم چ بکا و چ نەکا.. لێ گەلەک باش لەوە تێدەگەم
تا کوردستان وەک وڵاتانی دیکە سەربەخۆ نەبی نە ئەو کارەساتانەی رۆژانە
رووبەڕوومان دەبنەوە بەرۆکمان بەردەدەن کە ژیان و مانمان پێیەوە
سەرقاڵە و زۆر وەدوایخستینە.. نە دەشتوانین تاقە هەنگاوەک لە پێناو
مافە چینایەتییەکانی هەژاران و گەشەی کۆمەڵایەتی بنێین و بە پێی ئاستی
پێشکەتنی سەردەم زۆرترینی ماف و ئازادییەکان وەدەستبهێنین، بە هیچ
جۆرەکیش نەک هەر لەوە ناترسێم بە رزگاربوونی کوردستان لە چەوسانەوەی
نەتەوەیی و نیشتیمانیی خولیای رەگەزپەرستیی بە جۆرەک گەشە بکا کە زیانی
پتر بی لەوەی کوردستان لە بن دەستی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانە.. بەڵکە ئەو
کاتە رۆژی گەلانی کوردستانیش وەک ئی زۆربەی زۆری گەلان دەبتە رۆژی
خەباتی چینایەتی و پێشکەتنی کۆمەڵایەتی. هومێدەوارم چیدی کەللەمان لەو
بەردە رەقتر نەبی کە رۆژانە پێیدادەکێشین!
٣٠\٧\٢٠٢٢
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|