په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠٢٦

ڕۆژئاوا چ وانەیەک لە تراژیدیای حەلەب وەردەگرێ؟


ئاسۆ کەمال       


هێرشی تاوانکارانەی جۆلانی و دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی «هیئة تحریر الشام» ،کە ئێستا بەناوی حکومەتی سوریاوە لەسەر کارە، هێرشی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیایە. ئەم هێرشەی حەلەب تەنیا یەکێک لە ئاکامەکانی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ ئەمەریکادا کە لەسەر سوریا کردویەتی. مامەڵەی ئەوەی کە تورکیا؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا لە ژێر چەتری سەربازی ئەمەریکادا دەهێڵێتەوە، ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.

هەسەدە هەر سودێکی هەبوبێ لە ڕابردوودا بۆ ئەمەریکا، ئەوا ئێستا ئەم هاوسەنگیە گۆڕاوە و ئەولەویەت لای ئەمەریکا حکومەتەکەی جۆلانیە، نەک هەسەدە. لەبەرئەوەی جولانی دەتوانێ هێزە داعشیەکانی وەک خۆی کۆنترۆڵ بکا و ئەمەش بۆ ئارامی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا پێویستە.


بۆ ئیسرائیلیش کۆنترۆڵی ڕۆژائاوای سوریا گرنگە، نەک ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەی سوریای دوای "ئەسەد"دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن. هەربۆیە هەردوولایان هیچ ڕێگریەکیان نەکرد لەو کوشتارەی کۆنە داعشیەکانی جۆلانی لە حەلەب دژ بە گەڕەکە کوردەکان و هەسەدە کردیان.

لە ئەزموونی شکستی حەلەبدا هەسەدە و خەڵکی ڕۆژئاوا و کوردستانی سوریا دەبێت ئایندەی ئەم نەخشە و پلانەی تورکیا و جۆلانی ببینن، کە خوازیاری کۆنترۆڵی هەموو ڕۆژئاوا و دەسەڵاتن لە کوردستانی سوریادا. مانەوە لەسایەی ڕیکەوتنی ١٠ ئازار و قسەی مافی کەمینەکان دەدرێت، نەک هیچ گرەنتیەکی تێدانیە بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانی سوریا ، بەڵکو ئەو ڕێکەوتنە خۆی ئامڕازێکە بەدەستی ئەم دوو هێزەوە، تورکیا و جۆلانی، تا هێرشی بەردەوام بکەنە سەر ڕۆژئاوا لەژێرناوی جێبەجێکردنی مادەی ٤ ڕیکەوتنەکەدا کە دەڵێ " تێکەڵاوکردنی هەموو دامودەزگا مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچیوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریادا، لەگەڵیشدا خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و غاز".


تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان وەک بەشێک لە پرۆژەی "نەمانی تێرۆر"ی خۆی سەیر دەکا، کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەر هێزیکی چەکداری سەر بە پەکەکە یە لە ناوچەکەدا. حکومەتی تورکیا، لە سایەی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ونەخشەی نوێی ئەمەریکادا، بەدوای پاوانخوازیی ناوچەییەوەیە. وەک هێزێکی ناوچەیی لە سوریا و کوردستانی عێراق و ناوچەکە درێژە بە دەستدرێژیە سەربازی و سیاسیەکانی دەدا و لێرەشەوە دەیەوێ ڕێگریە ناوخۆییەکانی «تیرۆر» ی سەربازی پەکەکە لەبەردەم خۆیدا لابەرێ. هەربۆیە بەپێچەوانەی بانگەشەی "ڕێگاچارەی دیموکراسی" ئۆجەلانەوە، دەوڵەتی ئێستای تورکیا خەونی دیموکراسی نیە، بەڵکو خەونی ئیمپراتۆری ناوچەکەی کردۆتە ئامانجی ئەم قۆناغەی.


جۆلانی و حکومەتەکەی، بەهەمان چەشنی هێزە شیعەکانی عێراق کە حەوشەی پشتەوەی ئێرانن، ئەمانیش داردەستی تورکیان. هەربۆیە خەڵکی ڕۆژائاوا و هەسەدە دەبێ لە خەیاڵی "پرۆژەی ئاشتی و دیموکراسی سوریا" و "هاوپەیمانی ئەمەریکا"دا غافڵگیر نەبن. بەستنەوەی ئایندەی ڕۆژئاوا بە "پرۆسەی ئاشتی" تورکیا یان بونە پاشکۆی دەوڵەتی جولانی، هیچ ئایندەیەکی ئارام و دابین بونی مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕۆژئاوای تێدانیە.


تراژیدیای شکستی حەلەب ئەم دەرسەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خستۆتەڕوو کە خەڵکی کوردستانی سوریا؛ پێویستە کاربکەن بۆ ڕەسمی کردنەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا وەک ئەمری واقیع هەیانە، ئەگەر نا هەمیشە لەبەردەم دوبارەبونەوەی ئەم تراژیدیای هێزە دڕندانەدا دەبن.

خاڵی بەهێزی خەڵکی ڕۆژئاوا لە بەرگری بەکۆمەڵیاندایە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە دەبێ نەخشەیەکی سەربەخۆی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاوا هەبێت، تا بتوانن پڕۆژە و نەخشەکانی تورکیا و جۆلانی، کە دایان ناوە بۆ کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بەرپەرچ بدەنەوە. خەڵکی ڕۆژائاوای کوردستان و بەرەنگاریان دژی ئەم نەخشە داگیرکارانە و خەباتیان لە پیناو ئازادیدا جێگای پشتیوانی سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکە و جیهانە. ئەم ڕوداوە جارێکی تر پەردەی هەڵماڵی لەسەر ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و مەلا لایەنگرەکانی تورکیا و جۆلانی، کە چۆن ئەم هێزانە لەبەرەی داگیرکەران و دژی ئازادی خەلکی کوردستاندا ڕاوەستاون.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک