په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٦

رۆژئاوا و فیدرالی سوریا.

جەمالی عەلیالی   


ئەگەر مرۆڤ وێنەکانی کۆبانی پاش هێرشی داعەش و وێنەکانی جزێر و سوور پاش هێرشەکانی بەردەوامی تورکی داگیرکەر بخاتە بەرچاو، جیاوازێکی زۆریان لەناوبەیندا نابینێ. هەر لەو سات و کاتەدا دەنگۆی ئەوە دێت کە کورد پێویستە متمانە بداتە دراوسییەکانی بۆ ئەوەی کە چ زەرەر و زیانێک تووشیان نابێت ئەگەر بێتو جاڕی دەوڵەتی کوردی لێبدا. ئەوە تەنیا ساویلکەیی نیە بەڵکوو بە مەبەستێکی تایبەت باسی لێوەدەکرێت. لەو بابەت کورتەدا هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە پێوەندی ناوبەین پێداویستییەکانی هەنووکەیی و هەل ومەرجی مەوزووعی لەلایەک و ویست و داخوازی نەتەوەی کورد لە لایەکیترەوە بخاتە ڕوو بە مەبەستی خووڵقاندنی پرسیار لای خۆێنەری بەرێز.


لەو چوارچێوەیەدا پێویستە دوو خاڵ بێتە بەرباس. یەکەمیان خاڵێکی مێژووییە کە گوزارە لەوە دەکات تا ئێستا هیچ کاتێک کورد هەڵنەکوتاوەتە سەر دراوسێکەی، لە راستیدا، داگیرکەر. هەر ئەوە بۆتە بە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی کوولتوورێک کە هەڵکوتانە سەر داگیرکەر نامومکین دەکات، هەر وەک ئەوەیە کە بەرد لە کابە بگری! ئەوە هەڵەیەکی مێژووییە کە نەتەوەی کورد تووشی هاتووە و بە داخەوە سەرکردەکانیش هەر لە پەنگاوی ئەو هەڵەیەدا لە گێژەودان. ئەوە هۆکاری سەرەکی ئەو سیاسەتە چەوتەیە کە دەڵێ چاوەڕوانی هەنگاوی داگیرکەربە بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆت دیاری بکەی! دووهەم خاڵ کە زیاتر ناوەرۆکی سەردەمیانەی هەیە دەگەرێتەوە سەر ئەو فێڵ و تەڵەکەبازییەی کە لە ساڵانی کۆتایی سەدادا، داگیرکەر خۆی پێ تەیار کردووە، ئەویش دۆزینەوەی "کڵاوی شەرعی"یە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزاوی ئازادی و دێمۆکراسی نەتەوەی کوردە. هەڵبەت بڵیمەتەکانی داگیرکەربە ناوی خەباتی ئایدیۆلۆژیکی ناودێری دەکەن.


با تۆزێک لەسەر ئەو خاڵە وورد بینەوە. رەنگە خۆێنەری بەرێز لە یادی بێت بۆچی "مەقوولەی" خودموختاری پێکهات. هەر بەو جۆرە مەقوولەی خەباتی مەدەنی - کە دەتوانێ لە جێگەی خۆیدا بە نرخ بێت- پێک هات. هەر بەو شێوازە باس لە خەباتی ئازادی سیاسی لە چوارچێوەی خەباتی ئۆپۆزیسیۆندا دەکرێ. ئەمانە لە ڕاستییدا جگە لە کڵاوی شەرعی بۆ هەڵخەڵەتاندنی نەتەوەی کورد، چیتر نین. بە ڕای نووسەر ئیتر پێویستە نەتەوەی کورد و سەرکردەکانی، خۆ دەگەڵ ئەو مەسەلەیە یەکلا بکەنەوە. ئەوە ئاشکرایە کە بە هۆکاری چەند فاکتەری مەوزووعی مێژووییانە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، چ ئاڵوگۆڕێک بە بێ خۆێنڕشتن بە ئەنجام ناگات، لانی کەم لە هەنگاوەکانی کۆتاییدا دەبێ خۆێن بڕژێ بۆ ئەوەی کە ئاڵوگۆڕەکان سەقامگیربن، ئێستا عەقڵییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوەندە پێنەگەیشتووە کە واز لە خۆێنڕشتن بێنێت.


ئەوە بیرێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە تۆ بخوازی دراوسییەکانت لە مەبەستی خۆت ئاگادار بکەیەوە بەڵکوو ئەوانیش بە تۆوە کەیفخۆش بن بەڵام ئایا نەتەوەی کورد دەتوانێ رەزامەندی دراوسییەکانی بۆ جاڕی حکومەتی کوردی بەدەس بێنێ؟ بۆ نەتەوەی کورد چ دراوسێکیتر جگە لە داگیرکەر هەیە؟ کەواتە ئەو بیرۆکەیە تەنیا ساویلکەیی و چەوتە بێژی نیە بەڵکوو لەوە زیاترە و بە مەبەستی کپ کردنی بزاوی رزگاریخوازی و دێمۆکراتی نەتەوەی کوردە و لە ڕاستییدا تەنیا سەر لە ئاخووڕی داگیرکەر وەدەر دەنێ!


لە سەردەمی پێشوودا، داگیرکەر دەیتوانی تەنانەت سەرکردەی هەڵسووراو و نەتەوەپەرستیش بە هاسانی فریو بدات، بە هۆی ئەوە کە زانیارییەکان جگە لە ڕێگەی ڕۆژێک چ مەودایەکیان نەدەبڕی. ئەمڕۆ ئەوە نابێت وا هاسان بێت بەڵام دیسانیش هەن ئەوانەی کە دەکەونە ئەو داوە و فریو دەخۆن؟ ئێستا پێویست ناکات نەتەوەی کورد چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داگیرکەر بێت بۆ ئەوەی کە سیاسەتی خۆی دیاری بکات! نەتەوەی کورد پێویستە خۆی هەڵتەکێنێ وخۆی لە هەرچی سیاسەتی ناکاریگەرە رزگار بکات. نەتەوەی کورد پێویستە فێری هێرش بێت، ئەویش بە هەنگاوی سەربەخۆیانە. جاڕی فیدرالی سوریا لە ڕۆژئاوا دیاردەیەکە لەو چوارچێوەدا. پێویستە ئەوەی کە هەستی نەتەوایەتی هەیە لەو جاڕە داکۆکی بکات و تێبکۆشی بۆ پەرەسەندنی. جاڕی فیدرالی سوریا لە ڕۆژئاوا هەنگاوێکی نەتەوەییە کە بەر لە هەنگاوەکانی داگیرکەران هەڵگیراوە هەر بۆیە دەتوانێ سەرکەوێ ئەگەر خۆمان بخوازین. هەڵبەت لەو ناوەدا کەسانێک دەبن کە بەرماوخۆری داگیرکەرن و بە کڵاوی شەرعی جیاواز هەوڵی ئەوە دەدەن کە هەر هەنگاوێکی سەربەخۆیانە بخنە پاشمەرجی ئیزن لە دەروجیرانان. مێژوو دەتوانێ بە هۆی نەبوونی زانست یاخود بە هۆی زانستی چەوت لە لای مرۆڤەکان، دووپات بێتەوە بەڵام مێژوو هەرگیز ڕاستییەکان ناشارێتەوە. نا بۆ سیاسەتی پاشکۆی سیاسەتی داگیرکەر! بەڵی بۆ سیاسەتی سەربەخۆی نەتەویی.


٢٣\٣\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک