٢٩\١١\٢٠١٣
رۆژئاوای کوردستان،
شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووریی و رووبەڕووبوونەوەکان.
فوئاد زیندانی
- بەشی
چارەم -
شارۆچکەی دربێسی.
لە
شارۆچکەی دربێسی شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی (پارتی چەپی کوردی
سوریا) یکرد ، لەلایەن شێخ موس موسا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی
ناوبراو پێشوازی لەشاندەکە کرا ، ناوبراو گووتی پارتی چەپی کوردی لە
سوریا لە ڕۆژی ١٩٦٥/٨/٥ دامەزراوە ، محەمەد موسا سکرتێری پارتەکەیە ،
وە ئێمە وەکو پارتی چەپ پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو پارتەکانی ڕۆژئاوا
هەیە ، لەدژی چەتە و ئیسلامیە ڕادیکاڵەکان پشتگیری یەپەگە دەکەین ، دوو
شەهیدمان لە ڕیزەکانی یەپەگەدا هەیە بەناوەکانی (ئازاد موسا حەسەن ،
فەرحان حسێن) ئازاد لە تەلتەمر شەهیدبوو ، وە فەرحان شوفێری ئەمبوڵانس
بوو لەهەیڤا سۆرێ کوردستان کاریدەکرد ، لەکاتی کارکردنیدا تیرۆریستە
ئیسلامیەکان ئەمبولانسەکەیان تەقاندەوە و لەهەمانکاتدا بەدۆشکە
لێیاندابوو شەهیدیانکرد . دواتر شاندەکە سەردانی (پارتی دیموکراتی
کوردی سوریا) یکرد کە جەمال شێخ باقی سەرۆکی پارتەکەیە ، ئەو پارتە
ماوەی دوو ساڵ یەکێک بوو لەپارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی ،
بەڵام بەشاندەکەیان ڕاگەیاند ماوەی هەفتەیەکە ئەنجوومەنەکەیان
جێهێشتووە و کشانەوەی پارتەکەی خۆیان لەو ئەنجوومەنە بەفەرمی
ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/١٥ کاتژمێر ٦ی بەیانی ، بەشێک لە دێلیگاسیۆنی
ئینتەرناسیونال لەشاری قامیشلۆ سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی کرد ، لەوێ
بنەماڵەی شەهیدان لەسەر گۆڕی شەهیدەکانیان کۆببوونەوە ، لەگەڵ
تێپەڕبوونی کات ژمارەی خەڵک زیاتر دەبوو ، دەنگ و سەدای دایکی شەهیدان
ویژدانی مرۆڤی دەهەژاند ، ئەو هەستەی دایکانی شەهیدەکان دەریاندەبڕی ،
هیچ پێنووسێک ناتوانێ بینووسێ و هیچ زمانێک ناتوانێ دەریببڕێ و هیچ
شاعیرێک ناتوانی بیهۆنێتەوە ، ورەی بەرزی خانەوادەی شەهیدان وایکردووە
هەموویان ببن بەیەک بنەماڵە ، تەنانەت شیرینی لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان
دابەشدەکرا وەک هێمای سەربەرزی بۆ شەهیدە نەمرەکان ، لەناو بنەماڵەی
شەهیدەکاندا سێ بنەماڵەی عەرەب هەبوون ، ژنێکی عەرەب کوڕەکەی تەمەنی
(١٧) ساڵ بوو لە ڕیزەکانی یەپەگەدا شەهیدببوو ، کاتێک مرۆڤ سەردانی
گۆڕی شەهیدان دەکات ئەوکات دەزانێ ڕزگاری و ئازادی نرخی چەندە و چۆن
دەستەبەرکراوە و دەستەبەردەکرێ . هەر ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٥ی بەیانی کە
یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو چەتەکان لەگوندی تەلعەلۆ هێرشیانکردە سەر
کوردان ، هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە ڕۆژێک پێشتر یەپەگە بەبۆنەی
جەژنی قوربان ئاگربەستی لەهەموو بەرەکانی شەڕ ڕاگەیاندبوو ، بەڵام
چەتەکان ئەو ئاگربەستەیان شکاند و بەدەرفەتیان زانی هێرش بکەن ، بۆ ئەم
مەبەستە هێزەکانی خۆیان کۆکردبۆوە لە گوندی تەلعەلۆ خۆیان تاقیکردەوە ،
وەکو هەمووجار شکستیان هێنا نەیانتوانی بەرەنگاری هێزەکانی یەپەگە و
یەپەژە ببنەوە ، تەلعەلۆ نزیک چەلاغایە ماوەی شەست کیلۆمەتر لە دیرک
دوورە.
شایانی ئاماژە پێکردنە هێزەکانی (یەپەگە و یەپەژە) بەردەوامن لە
ڕزگارکردنی یەک لەدواییەکی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژئاوای
کوردستان لەدەست چەتەکانی بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام
کەگرێدراوی ڕیکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن ، وە تائێستا (یەپەگە و
یەپەژە) لەهەموو شەڕەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە ، وە ئەو
سەقامگیری و ئارامیەی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتەدی بەرهەمی
سەرکەوتنە سەربازیەکان و قوربانیدانی (یەپەگە و یەپەژەیە)ە.
ڕزگارکردنی تەلکۆچەر.
دوای ئەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگای نەدا هاوسەرۆکی
پەیەدە (ساڵح موسلم) بێتەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ، هێزەکانی
(یەپەگە و یەپەژە) لە شارۆچکەی تەلکۆچەر هێرشیانکردە سەر هێزەکانی
دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام و بەرەی نوسرە کەگرێدراوی ڕێکخراوی
تیرۆریستی قاعیدەن ، توانیان تەلکۆچەر ڕزگار بکەن و چەک و تەقەمەنەیەکی
زۆریشیان دەسکەوت و دەرگایەکی تری ڕۆژئاوای کوردستانیان کردەوە لەسەر
سنوری عیڕاق ، ڕزگارکردنی تەلکۆچەر هاوکێشەکەی بەتەواوی گۆڕی و بووە
جێگەی سەرسوڕمانی ووڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا کە لەڕێگای
یارمەتیدانی ڕاستەوخۆی تیرۆریستەکان و دروستکردنی دیواری شەرم و
سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری دەیوویست گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان بێ
ئالتەرناتیف بمێننەوە . تەلکۆچەر جگەلەوەی دەرگایەکی سنوریە بۆ هاتووچۆ
و بازرگانی بەکاردەهێنرێت ، کێلگەی نەوتیشی تیایە . بۆ حکومەتی ناوەندی
عیڕاقی ڕزگارکردنی تەلکۆچەر لەدەستی هێزە تیرۆریستیەکان گرنگی زۆری
هەیە لەبەرئەوەی وەکو دەرگایەکی سنوری سەرچاوەی هاتنی تیرۆریستان بوو
بۆ ناو عیڕاق . دوای ڕزگارکردنی شارۆچکەی تەلکۆچەر بەگشتی سەدا (٣٠)
کێڵگەکانی نەوتی سوریا لەژێر کۆنتڕۆڵی لایەنی کوردیدایە ، تەلکۆچەر
شارۆچکەیەکی کوردیە بەڵام ڕژێمی بەعسی سوریا بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی
بەعەرەب کردن شارەکەی پڕکردبوو لەهاووڵاتیانی عەرەبی هاوردە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان تا هەڵبژاردنی
گشتی و پێکهێنانی پەرلەمان.
لەڕووی سیاسیەوە ، دوای جەندین مانگ لەکارکردنی سیاسی ، ئەو پڕۆژەیەی
کە پەیەدە پێشکەشی پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیە نیشتمانپەروەرەکانی
ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو ، ڕۆژی ٢٠١٣/١١/١٢ دوای سێ ڕۆژ بەردەوامبوون
لە کۆبوونەوەکان لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای
کوردستان بەبەشداری (٨٦) کەس ڕاگەیەنرا ، نوێنەرایەتی سەرجەم
پێکهاتەکانی کورد ، سریانی و ئاشوری ، عەرەب ، چەچەن لەناویاندا
نوێنەری (٣٥) پارتی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی ئامادەبوون.
ئەو لایەنانەی بەشداری پێکهێنانی بەڕیوبەرایەتی کاتی ڕۆژئاوای
کوردستانیان نەکرد بریتین لە : ئەلپارتی کە عەبدولحەکیم بەشار
سەرۆکایەتی دەکات ، پارتی ئازادی کە مستەفا جومعە سەرۆکایەتی دەکا ،
پارتی یەکیەتی کوردانی سوریا.
دەستنیشانکردنی ڕۆژئاوای کوردستان به سێ (ههرێمی خۆبهڕێوهبهر)
ڕاگەیەنرا ، ههرێمهکانیش بریتین لە (عهفرین، کۆبانێ ، جزیره) هەر
هەرێمێک ئەنجوومەنی خۆی دروستدەکات وە لەئەنجوومەنی گشتیدا نوێنەری
دەبێت . بەڕێوەبەرایەتیەکان ئەرکی دانانی یاسای هەڵبژاردن و
ئاماددەکاریەکانی هەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستوور جێبەجێدەکەن ،
چاوەڕێدەکرێ دوای سێ مانگی تر هەڵبژاردنی گشتی لەڕۆژئاوای کوردستان
ئەنجامبدرێ ، بۆیەکەم جار لەمێژووی ڕۆژئاوای کوردستان پەرلەمان و
حکومەت لەدایک دەبێ.
ئەو (٣٥) پارت و لایەن و ڕێکخراوانەی بەشداریان لەدامەزراندنی
بەڕێوەبەری کاتی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بریتین لە:
پارتی لیبڕاڵی کوردستان ، پارتی ئاشتی و دیموکراتی ، پارتی چەپی
دیموکراتی کورد ، جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی کورد لە سوریا ، پارتی
دیموکراتی کوردستان ، پارتی کاری کۆمۆنیست ، پارتی چەپی کورد ، کۆمەڵەی
نەتەوەی سوریا ، دەستەی نیشتمانی عەرەب ، دەستەی هەمئاهەنگی ، پارتی
یەکیەتی سریانی ، یەکیەتی ئەکادیمیەکانی سریانی ، یەکیەتی ژنانی سریانی
، یەکیەتی ستار ، پارتی دیموکراتی کوردی سوریا ، پارتی یەکیەتی
دیموکراتی " پەیەدە " ، یەکیەتی لاوانی سریانی ، دەستپێشخەری ژنانی
سوریا ، کۆمەڵەی کلتوری سریانی ، دەستەی ئاشتی ناوخۆ ، ڕێکخستنی
شۆڕشگێڕی ژنان ، مافناسانی ڕۆژئاوای کوردستان ، پارتی کۆمۆمۆنیستی
کوردستان ، تەڤگەری جڤاتی دیموکراتی " تەڤدەم " ، بەڕێوەبەرایەتی
پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، پارتی دیموکراتی
کوردستان سوریا ، ڕێکخراوی سارا لەدژی ئەشکەنجەی سەر ژنان ، تەڤگەڕی
گەنجانی ژنانی شۆڕشگێڕ ، کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ووڵاتپارێزی کورد ،
تەڤگەڕی گەنجانی شۆڕشگێڕ ، ڕێکخراوی جڤات و دەوڵەت و هاووڵاتیان ،
جڤاکی گەنجانی پێشڤەڕۆی سوریا ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کورد ،
ئەنجوومەنی گەل ڕۆژئاوای کوردستان ، دەستەی باڵای کورد.
کاردانەوەکان دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای
کوردستان.
دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ، گەلی کورد
لەئاستی چواربەشی کوردستان دڵخۆش بوون بەو هەنگاوە مێژووییە ،
بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان کورد ، سریانی و ئاشوری ، عەرەب و
پیکهاتەکانی تری کۆمەڵگا بەگەرمی پێشوازیان لەو هەنگاوە کرد.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەبارەی
بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە ، پەیامەکە دوو ڕۆژ پێش
گەشتەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ شاری ئامەد ودیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی
وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاوکرایەوە ، کە لەبەشێکیدا
هاتبوو: جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێککەوتنی
هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەکانی بەلاوە نا و
هەوڵیدا بە زۆری چەک و بەڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بکاتە ئەمری
واقعی سەربازی . باسی شۆڕش دەکەن کە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا کردووە
بەڵام کام شۆڕش و لەدژی کێ ؟ ئەوان تەنیا ناوچەکانیان لەلایەن ڕژێمەوە
ڕادەست کراوە.
لەبەشێکی تری پەیامەکەداهاتووە : من بەرانبەر بەئاییندەی ڕۆژئاوای
کوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لەئارادایە کەئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست
کورد بچێت چونکە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بەمافی کورد لەبەرانبەر ئەو
هاوکارییەی پەیەدە پێشکەشی ڕژێمی کردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش ، کورد
بەبەشێک لەڕژێم هەژماردەکات و ئەوەشیان کێشەی جددی بۆ گەلەکەمان
لەداهاتوودا دروست دەکات.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاکلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا
ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاکڕۆیەکی ئاشکرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە
کوردییەکانی دیکەیە . ئێمە داکۆکی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە و
تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەکەین کە هەموو لایەنەکان پێکەوە
بڕیاریان لەسەردابێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاکلایەندا ناکەین.
ئۆپۆزیسیۆنی سوریا "هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا " دژی ڕاگەیاندنی
بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی نیشاندا ، وە
بەهەمان شێوە وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو لەکۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان
ڕایگەیاند : ئەو هەڵوێستە هەوڵدەدات سنوری سوریا دابڕێژێتەوە بۆ سێ
پارچە دابەشی بکات ، ئەوەش وەکو یاریکردن بە ئاگر وایە.
جێن ساکی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند : ئەمەریکا
هەمووکاتێک پشتگیری لە سوریایەکی یەکگرتوو کردووە ، نیگەرانین لە هەوڵی
دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی چونکە بڕیاری لەو جۆرە کاریگەری لەسەر
ناوچەکە دەبێت.
ڕۆبەرت فۆرد باڵوێزی ئەمەریکا لە سوریا ، لەوەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی
(الشرق الاوسگ) کەبەزمانی عەرەبی دەردەچێت لە ژمارە ١٢٧٧١ ی ڕۆژنامەکە
کە لە ١٥/١١/٢٠١٣ دا بڵاوکرایەوە لەبەشێکیدا ڕایگەیاندبوو : کوردەکان
چەوساندنەوەی زۆریان چێشت لەسەردەمی ڕژێمی ئەسەد و پێشتریش ، مافی
هاووڵاتی بوونیان لەسوریا نەبوو ، ڕەگەزنامەی سوریان نەبوو ، بۆ نموونە
نەیاندەتوانی پاسەپۆرتی سوری بەدەستبێنن . ئیجرائاتی ڕەگەزپەرستی لەدژی
کوردان هەبوو لەبابەتی موڵک بەناوکردن ، بۆیە ئاسانە تێبگەین لەبەرچی
کورد هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن . بەهیوام گەل لەناوچە کوردیەکان
لەبیریانبێت کە بنچینەی کێشەکان لە ڕژێمی سوریاوە هاتووە ، وە ئەو
ڕژێمە کێشەکان چارەسەر ناکات ، وە کوردەکان لەسەریانبوو مامەڵە لەگەڵ
دوژمنێکی تر بکەن وەکو گرووپە ئیسلامیەکانی دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و
شام ، بەرەی نوسرە ، لەهەردوو باردا ئەو ئیسلامیانە هێرشیانکردە سەر
خەڵکی مەدەنی - سڤلی کورد بەشێوەیەک ڕێگایان پێنەدرا بەشداری شۆڕش بکەن
، بۆیە لەڕووی سیاسیەوە تیدەگەم ئەوەی کوردان پێیهەڵساون بەهۆی
ئەزموونەکەیانە ، بەڵام کێشە کوردیەکان کێشەی دەستوورین ، پێوویستە
گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم سورییەکان بکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی تەوافقی
، بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنە چارەسەرنابێ.
خوێنەری ئازیز بەشی داهاتوو کەبەشی پێنجەم و کۆتاییە خوێندنەوەی گشتی
بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵسەنگاندی کاردانەوەکان لەخۆدەگرێ
بڵاودەکرێتەوە.
___________________________
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/rojawaykurdistansh3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/rojawaykurdistansh2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaikurdistansh1.htm
fuadzindani@yahoo.de
|