٥\١٢\٢٠١٣
رۆژئاوای کوردستان،
شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووریی و رووبەڕووبوونەوەکان.

فوئاد زیندانی
- بەشی
پێنجەم (کۆتایی) -
شۆڕشی
ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوت سەریهەڵنەداوە ، بەڵکو لەئەنجامی خەباتێکی
درێژخایەنی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان لەدژی سیستەمی دیکتاتۆری
بەعسی سوریا کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ بەرلەئێستا
دەستیپێکردووە و سەریهەڵداوە ، بەتایبەتی سەرەتای بەڕێکخستنکردنی گەلی
کورد لەوبەشەی ووڵات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە ڕێبەری پارتی
کرێکارانی کوردستان (عەبدوڵا ئۆجەلان) لە سوریا بووە و توانیویەتی
لەڕێگای تێکۆشانی بەردەوام ئەو بۆشاییە سیاسیەی گۆڕەپانی خەبات لەو
بەشەی ووڵات پڕبکاتەوە و بەشێوەیەکی ڕێکخراو بیگەیەنێتە سەرکەوتن .
وویستگەی سەرەکی ئامادەکاریەکانی ئەو شۆڕشە لەساڵی (٢٠٠٤) وە بەچڕی
دەستی پێکردووە ، لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لە
(٢٠١١/٣/١٥) گەلی کورد لەهەموو گەلانی تری سوریا باشتر خۆی بەڕێکخستن
کردبوو ، هەر لەسەرەتاوە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ هەستیاری قۆناغەکە
کردبوو ، ڕۆژانە بەشێوەیەکی چالاک لەشارە کوردیەکان لەگەڵ دەستپێکردنی
شۆڕش خۆپیشاندان لەدژی ڕژێمی بەعسی بەشێوەیەکی ئاشتی دوور لە توندوتیژی
و بەکارهێنانی چەک بەردەوامبوو . شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی
سێیەمی بەبنەماگرت ، واتە نەلەگەڵ سوپای سوریا ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی
چەکدار و نەلەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بوو ، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر
شارە کوردیەکان دووربن لە شەڕی چەکداری و بۆمبارانکردن و وێرانکردن ،
سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی سیاسەتی هێڵی سێیەم
دەسەلمێنێ کە شۆڕشی کورد ئەو هێڵەی گرتۆتەبەر لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی
سوریادا . دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی سوریا وەکو ڕژێمی بەعسی عیڕاق
لەسەردەمی سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) دا دامودەزگاکانی
لەهەرێمی کوردستان کێشایەوە ، بەهەمانشێوە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد
دوایئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی کەناتوانێ ئیدی لەسەرپێ بوەستێ و
بەرەنگاری شۆڕشی گەلی کورد ببێتەوە ، دامودەزگاکانی لەڕۆژئاوای
کوردستان کێشایەوە بەبێ شەڕ.
هەروەها هاوشێوەی سوپای عیڕاقی سەردەمی
سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەڕێنی خەڵکی هەرێمی کوردستان ، ماوەیەکی زۆر
سوپای عیڕاق چەند بنکەیەکی بێکاریگەری سەربازی لەناو شاری هەولێر و
شارەکانی تری هەرێمی کوردستان مابوون ، بەهەمانشێوە سوپای سوریا
لەفڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ بنکەیەکی سەربازی ماوە ، وە لەناو شارەکەش
دوو بنکەی بێکاریگەری ڕژێم ماون بەشێوەیەک توانای جووڵەیان نیە .
هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە " لەتوانایاندایە بەئاسانی ئەو هێزەی ڕژێم
لە شاری قامیشلۆ ڕاماڵن ، بەڵام ڕاماڵینی ئەو بنکە سەربازیانەی قامیشلۆ
دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ و بۆمبارانکردن و کاولکردنی
شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسی کەئەوەش بەزەرەری گەلی کورد تەواو دەبێت ،
بەو هۆیەوە ئەو هێزانەی ڕژێم تائێستاش لەو شوێنانە بەبێکاریگەری ماون .
لەڕووی ئابووریەوە خەڵکێکی زۆر لەفەرمانبەران و مامۆستا و کارمەندانی
شارەوانی .. هەموو ئەوانەی مووچەخۆرن لەڕۆژئاوای کوردستان تا ئەمڕۆ
مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بۆخەرجدەکرێ، ڕاماڵینی ئەو
سەربازانەی ڕژێم لە شاری قامیشلۆ بێگومان دەبێتە هۆی بڕینی مووچەی
سەرجەم کارمەندانی کورد ، خەڵکەکەش زەرەرمەند دەبن و کاریگەری ڕاستەخۆی
لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕ دەبێت ، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی
ڕۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغەدا لەڕووی ئابووری تواناکانی سنوردارە ،
واتە ئیستا لەتوانای دانیە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکات ،
جگەلەوەش ڕژێمی ئەسەد دەڕوخێ وەئەگەر نەشڕوخێ زیندوو نابێتەوە وەکو
پێشوو بتوانێ کوردستان داگیربکاتەوە ، ئەو توانایەی نیە بەرەنگاری گەلی
کورد ببێتەوە بەهێرشی سەربازی چونکە هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە "
ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن ، وە کارێکی باش دەکەن کە بەهەموو
توناکانیانەوە خاکی کوردستان دەپارێزێن و لەدەرەوەی کوردستان ناکەونە
شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ، چونکە کورد پێوویست ناکات خۆی بکاتە سووتەمەنی
شەڕێک کەلەبەرژەوەندی کورد دا نەبێت و بەقازانجی چەتە ئیسلامیە
تیرۆریستەکان تەواوبێت کەلەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن دژ
بەگەلی کورد ، وە لایەنی کوردی پێوویست ناکات شەڕێک بکات
کەلەبەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆنێکدابێت کەبەهیچ شێوەیەک دان بە مافەکانی
گەلی کورد دانانێت . لەوشارە کوردیانەی کە ڕژێمی سوریا دامودەزگاکانی
کێشایەوە ، لەبەر ئەوەی گەلی کورد ئاماددەکاری پێشتریانکردبوو ، توانرا
دوای کشانەوەی بەعس ، خۆیان ئەو بۆشاییە ئیداریە پڕبکەنەوە و ڕۆژئاوای
کوردستان بەڕێوەببەن.
گەلی کورد هەموو کاتێک دەزانێ کە ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان و
نەتەوەی سەردەست (دەسەڵاتدار) لەو ووڵاتانەدا چاویان بەدەستکەوتەکانی
کوردان هەڵنایەت ، لەسوریا ڕژێمی ئەسەد و بەهەمانشێوە ئۆپۆزیسیۆنیش
تائێستا ئاماددەنین دان بەمافەکانی گەلی کورد دابنێن . ئەوەی لەو
بارودۆخەدا چاوەڕێی نەدەکرا ئەوەبوو ، هێزە تیرۆریستیەکانی سەربە
ڕێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) بەناوی ئیسلام لەهەموو جیهان
کۆبکرێنەوە بەپاڵپشتی تورکیا و تاقمی فەتحوڵا گوڵەن و سعودیە و قەتەڕ
بەبێ هۆکار شەڕی گەلی کورد بکەن ، بەتایبەتی ماوەی ساڵێکە تورکیای
هاوپەیمانی ناتۆ کە لەهەمانکاتدا بووە بە هاوپەیمانی تیرۆریستان ،
بەئاشکرا پێشوازی لە تیرۆریستان دەکات کە لەهەموو جیهان دێنە تورکیا و
دەیانهێنن بۆ سەر سنوری سوریا و دەیانێرنە ناوەوە بەهەموو توانایان
شەڕی گەلی کورد دەکەن ، شەڕی گەلێک دەکەن کە زۆرینەی خەڵکەکەی موسڵمانە
و بەردەوام چەوسێنراوەتەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنی کوردی بەگشتی وە
پارتی یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) بەتایبەتی زۆر باش خۆیان بەرێکخستن
کردووە تائێستا سەرکەووتووانە توانیویانە هەموو پیلانەکان تێکبشکێنن.
هێزەکانی( یەپەگە و یەپەژە) وەکو هێزێکی نیشتمانی چەندین شاری کوردیان
لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکردوە ، وە بەردەوامن لە ڕزگارکردنی خاکی
وولات، گەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن ،
تیرۆریستەکانیش لەشکستی بەردەوامدان.
ئەوەی کە زۆر کاریگەری کردبووە سەر گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان ،
ئابڵوقەی ئابووری هەمەلایەنە بوو کەلەلایەن تورکیا و چەتە
ئیسلامیەکانەوە سەپێندرابوو، وە داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان ببووە
هۆی ئەوەی هیچ یارمەتیەکی مرۆیی و پێداویستی پزیشکی و خواردن نەگاتە
ڕۆژئاوای کوردستان . داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان و ڕێگا گرتن
لەهاتنی هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی
سیاسی گەورەبوو ، بەتایبەتی لەوکاتەدا (شەڕڤان) ی کوڕی ساڵح موسلم
لەبەرەکانی شەڕدا لەکاتی بەرگریکردن لەخاکی کوردستاندا بەدەستی
ئیسلامیە تیرۆریستەکان شەهید ببوو ، وە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان
زەرەرمەندی یەکەمی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بوون چونکە هیچ دەرگایەکی
ئالتەرناتیف نەبوو . ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێم بەبێئەوەی لایەنگری
لایەنێکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بکات لە ٢٠١٢/٧/١١ سەرپەرشتی
ڕێکەوتنی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای
کوردستانی کرد کە بە (ڕێکەوتنی هەولێر ) ناسراوە ، پێوویستبوو بۆ
پاراستنی بێلایەنی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم کەلەسایەی ئەودا ڕێکەوتنێکی
مێژووی گرنگ واژو کرابوو ، ڕێگای هاتنە ناو هەرێمی کوردستان لە
هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) قەدەغە نەکرابا ، وەدەرگای سنوری نێوان
باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دانەخرابا و کێشەی نێوان کوردان
پەرەینەسەندبا ، بەتایبەتی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابووری و
سیاسی و سونبولی چاوەڕوانی زیاتریان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد ،
بۆیە پێویستە ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە.
سەبارەت بە کۆچبەربوونی دەیان هەزار هاووڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان
بەتایبەتی لەدوای مانگی تەمووزی ٢٠١٣ وە بۆ هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی
سەرەکی ئەو کۆچبەربوونە بریتین لەم خاڵانە : کۆمەڵکوژکردنی کوردان
بەدەستی بەرەی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام کەگرێدراوی ڕێکخراوی
تیرۆریستی قاعیدەن ، بەتایبەتی کەدانیشتوانی کورد لە شارۆچکەی تەلعەران
وتەلحاسڵ لە ٢١/٧/٢٠١٣ لەلایەن ئەو دوو هێزەوە کۆمەڵکوژکران . هۆکارێکی
تری کۆچبەربوونەکە بێکاری و باروودۆخی ئابووری و گرانی نرخی بازاڕ بوو
، جگەلەوەش هۆکارێکی تری کۆچبەریەکە ئەوەبوو هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان
بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری ، لەڕووی دەروونیەوە کەشێکی
تۆقێنەریان بۆ هاووڵاتیان دروستکرد.
ئەو شارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کوردی بەڕێوەدەبردێن ئارامن هێمنی
و ئاسایش بەرقەرارە سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراوە . باشترین چارەسەر
بۆ ئەو کۆچبەرانە ئەوەیە هاوشێوەی ئەو کامپانەی لەهەرێمی کوردستان
بۆیان دروستکراوە ، لەناو ڕۆژئاوای کوردستان کامپیان بۆ دروستبکرێ و
بگوازرێنەوە بۆ ناو ڕۆژئاوای کوردستان باشترە ، بەواتایەکی تر ئەو
یارمەتیەی لەهەرێمی کوردستان وەریدەگرن لەوێ لەسەریان دابەش بکرێ
باشترە لەبەر ئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان خاکەکەیان لەدەست ناچێ و وە
لەوێ سوودی زیاتر لەو یارمەتیانە وەردەگرن ، جگە لەوەش لە ڕۆژئاوای
کوردستان بابەتی مۆڵەتی مانەوە و کارکردن و هاتنەدەرەوە لەکەمپ و چوونە
ناو شارەکانیان نابێتە کێشە ، لەهەمانکاتدا بۆ لایەنی پەیوەندیدار
لەهەرێمی کوردستان و لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕووی ئابووری زۆر
هەرزانتر دەوەستێ.
کاردانەوەکان دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان
دەریخست ، کە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا (هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا) هاوشێوەی
ڕژێمی ئەسەد دان بەمافەکانی گەلی کورد دانانێت ، لەبەر ئەوە دژایەتی
ڕاگەیاندنی بەڕیوەبەرایەتی کاتی دەکات.
تورکیا بەهەمانشێوە هەر دەستەکەوتێک بۆ گەلی کوردبێت دژی دەوەستێتەوە ،
ئەوەش بابەتێکی نوێ نیە لەهەڵوێستی تورکیا ، چونکە لەدوای ڕاپەڕینی
باشوری کوردستان لەساڵی (١٩٩١) دا هەمان هەڵوێستی هەبووە.
سەبارەت بەکاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، خودی وەزارەتی
دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی چەتەکانی دەولەتی
ئیسلامی عیڕاق و شام ، بەرەی نوسرە لە ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ
کاتی کۆمەڵکوژیەکان ، ڕایگەیاندبوو : کە تیرۆریستە ئیسلامیەکان خەڵکی
مەدەنی - سڤیلی کوردیان لەو ناوچانە کۆمەڵکوژکردووە . ئێستا وەزارەتی
ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان ،
ڕایدەگەیەنێ ئەمەریکا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریایە . ئەو هەڵوێستەی
ئەمەریکا تازە نیە چونکە ئەمەریکا هەردەم پشتگیری چوار حکومەتە
ناوەندیەکەی کردووە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، جگەلەوەش کورد
داوای دابەشبوونی سوریای نەکردووە . لەلایەکی تر باڵوێزی ئەمەریکا
لەسوریا ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپە ئیسلامیەکان هێرشیان کردە سەر
خەڵکی مەدەنی - سڤیلی کورد ، لێرەدا ئەو هەڵوێستەی باڵوێزی ئەمەریکا ،
ئەو ڕاستیانە دەردەخەن کە گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کراوەتە
ئامانج لەلایەن گرووپ و چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان ، بۆیە گەلی کورد
مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکا ، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەشێوەیەکی
گیان لەسەردەست ڕووبەڕووی ئەو ئیسلامیە تیرۆریستانە دەبنەوە کەشەڕی
بەوەکالەت بۆ ووڵاتانی وەکو تورکیا و هێزەدەرەکیان دژ بەگەلی کورد
دەکەن ، کەواتە ئەگەر میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بەرامبەر بەرەیەکی
دیاریکراو شەڕیانکردبێ یا بەرگریان کردبێ ، ئەوا شۆڕشی ڕۆژئاوای
کوردستان بەرامبەر چەندین بەرە لەیەک کاتدا بەرگری دەکا ، ئەوەش یەکێکە
لەتایبەتمەندیەکانی ئەو شۆڕشە.
کاتێک چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان لە ئەفغانستان ، سعودیە ، کەشمیر ،
ئەندۆنیسیا ، تونس ، لیبیا لەڕێگای تورکیاوە دێن شەڕی گەلی کورد دەکەن،
و بەفەتوایەک ژنانی کورد حەلال دەکەن ، خەڵک سەردەبڕن بەپاڵپشتی تورکیا
و سعودیە و قەتەڕ دەیانەوێ ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکەن و ببنە دراوسێی
هەرێمی کوردستان ، گەلی کوردیش مافی ڕەوای خۆیەتی بەرەنگاریان ببێتەوە
، دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام ، بەرەی نوسرە کەگرێدراوای ڕێکخراوی
تیرۆریستی ئەلقاعیدەن لەسەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئێستا هیچ شەڕێکیان
لەدژی ڕژێمی بەشار ئەسەد نەکردووە ، تەنیا هاتوون شەڕی میللەتی کورد
دەکەن ، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئەو ووڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەم
بەناوەکانیان کردووە دروستکراون و یارمەتی دەدرێن ، ئەوکاتەی چەتە
ئیسلامیە تیرۆریستەکان کۆمەڵکوژی کوردەکانیان دەستپێکرد لە ناوچەی
تەلعەران و تەلحاسڵ هێزەکانی ڕژێمی سوریا (٣) کیلۆمەتر لێیان دوور بوو
، بەڵام ئەوان شەڕی ڕژێمی بەعسی سوریا ناکەن ، بەڵکو ڕوویان لەگەلی
کوردە و شەڕی گەلی کورد دەکەن ، چونکە لەلایەن حکومەتەکانی تورکیا ،
سعودیە ، قەتەڕ وا ئاڕاستەکراون . سەبارەت بەکۆمەڵکوژکردنی کوردان
لەتەلعەران و تەلحاسڵ هاوشێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، ئەوکات
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش کۆمەڵکوژکردنی کوردانی لەلایەن ئیسلامیە
تیرۆریستەکانی پشتڕاستکردەوە.
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، زیاتر جیاوازی هەڵوێست و
بۆچوونەکان لە نێوان پارتی دیموکڕاتی کوردستان کە مەسعود بارزانی
سەرۆکایەتی دەکات و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کە عەبدوڵا
ئۆجەلان سەرۆکایەتی دەکات سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان دەردەخات ، وە
لەهەمانکاتدا ئەو جیاوازییە بەدیدەکرێ لەنێوان پارتی یەکیەتی دیموکراتی
"پەیەدە " کە ساڵح موسلم هاوسەرۆکایەتی دەکات و " ئەلپارتی " کە
عەبدولحەکیم بەشار سەرۆکایەتی دەکات . ئەگەر ئەلپارتی بەپڕاکتیک
بەشداربوایە لەدامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی ڕۆژئاوای کوردستان ،
ئەوکات پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بەشێوەیەکی تر دەبوو.
پێوویستە لە ڕۆژئاوای کوردستان یەک هێزی سەربازی نیشتمانی هاوبەش هەبێت
ئەرکی پاراستنی خاک و هاووڵاتیان لەئەستۆ بگرێ ، وە پێویستە هەموو
لایەن و قەوارەیەکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی گشتی
بکەن ، لەدوای هەڵبژاردنی گشتی ، ئابووری ووڵات بەپێی یاسا لەچوارچێوەی
عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەخزمەت ووڵات و سەرجەم هاووڵاتیان دابێت ، بەڵام
بەپێچەوانەوە ئەگەر هێزی سەربازی و ئابووری ووڵات بەپێی بەرژەوەندی
تەسکی حزبەکان لەژێر کاریگەری ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە ڕۆژئاوای
کوردستاندا دابەش دوو بکرێن ، سیاسەتی (پەنجا بە پەنجا ) بەزۆر
بسەپێندرێ ، ئەوا چاوەڕێی ئەنجامی باشی لێناکرێ چونکە سیاسەتی پەنجا بە
پەنجا دۆڕاوترین سیاستە لە قۆناغی شۆڕشکردندا.
پەیەدە واقیعە لەڕۆژئاوای کوردستان ، وە ئەوەی بەدەستهاتووە تائێستا
لەسایەی پەیەدە بووە ، پێوویستە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو
واقیعە بکات ، وە لەهەمانکاتدا دەبێ پارتە سیاسیەکانی ئەنجوومەنی
نیشتمانی کوردی بەشداربن لەپرۆسەی دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان ، چونکە
یەک حزب و دوو حزب لەهەر هەرێمێک بەتەنیا دەسەڵات بۆخۆیان بقۆزنەوە ،
ئەوە نیشانەی سەرنەکەوتنی پرۆسەی دیموکراتیە لەو هەرێمەدا، ئەلپارتی
لەشارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەکو پارتێکی سیاسی هاوشێوەی پارتەکانی
تر بەشێوەیەکی ئازاد کاری خۆی دەکات ، ئەوەی پێوویستە بکرێ ئەلپارتی و
پەیەدە و هەموو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پابەندبن بە
رێکەوتنی هەولێر ، وە لەداهاتوودا پێکەوە کاربکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی
هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بە
قۆناغێکی هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێ بۆیە پێوویستە جیاوازیەکان
بەلاوەبنرێن و هەموو تواناکن ڕێکبخرێ و یەکبخرێ لەپێناو بەرژەوەندی
گشتی گەلی کورد.
بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕزگاری ، دەبێ گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر و لایەنە
سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە کاربکەن ، وە پێوویستە لە هەرێمی
کوردستان پەرلەمان و حکومەت بەشیوەیەکی فەرمی لەگەڵ ستاتوی ڕۆژئاوای
کوردستان مامەڵە بکات ، وە لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەر تاکێکی کورد
و هێزە چەپ و دیموکراتخوازەکان و مرۆڤدۆستەکان پشتگیری ئەو شۆڕشە بکەن
. لە ڕۆژئاوای کوردستان شانبەشانی شۆڕشی سیاسی ، شۆڕشی فێربوونی خوێندن
و نووسینی زمانی کوردی و شۆڕشی کولتوری و پێکەوە ژیان هاوتەریبن ،
کەواتە زیاتر لەیەک شۆڕش لەیەک کاتدا بەردەوامە ، ئەوەش تایبەتمەندیەکی
تری شۆڕشە نموونەییەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە.
ئەوگەلەی لەپێناو گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری دوای دەیان ساڵ هێشتا
بەردەوامە لە قوربانیدان ، شایستەی ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت و
سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ . ئەو تایبەتمەندیە گرنگەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوای
کوردستاندا هەیە ئەوەیە : هەرچی لەخوارەوە بڕیاری لەسەردەدرێ لەسەرەوە
واتە لەلایەن لوتکەوە دەبێ جێبەجێبکرێ ، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە
، ئەوەش پێچەوانەی هەموو دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی
دەسەڵاتەکانی جیهانە کەهەردەم لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتەکانەوە بڕیارەکان
بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێندرێت.
___________________________
بەشی
چارەم:
www.emrro.com/rojawaykurdistansh4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/rojawaykurdistansh3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/rojawaykurdistansh2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaikurdistansh1.htm
fuadzindani@yahoo.de
|