ڕۆژ بوه‌ستێ ئه‌و ناوه‌ستێ .
زاریا شێخانۆڤه
به‌بیرمدێت له‌كۆڵانه حه‌په‌ساو بێ زمانه‌كه‌ی ئێمه كچێكی مناڵ هه‌بوو ناوی شنۆ بوو، به‌ڵام هه‌ندێ له‌ژنان به شنه‌ی چاوبرۆ ڕه‌شو هه‌ندێكی تر به شنه‌ی ئاگر بانگیان ده‌كرد.شنه ته‌مه‌نی هه‌رنۆساڵ بوو،به‌ڵام كاری ژنێكی له‌سه‌رشان بوو،كارێكی تاقه‌تپڕوكێن و نائینسانی ،كه‌هیچ كاتێك نه‌یده‌هێشت شنه باڵاكاو پێ بگا . كاری زۆر‌و چه‌وسانه‌وه‌و ماندوێتی و بێ خه‌وی ڕێگایان له‌گه‌شه‌ی سروشتی شنه ده‌گرت، بۆیه ئێستا شنه، به شنه‌ی كورته باڵا ناوبانگی هه‌یه. ئێمه دراوسێی یه‌ك بووین، هه‌ربۆیه هه‌موومان ئاگاداری كه‌ینو به‌ینی یه‌ك بووین.ڕۆژێك هه‌موو به‌هاوارو قیژه‌ی شنه ڕاچه‌نین و ڕامان كرده ده‌ره‌وه‌و بزانین چی قه‌وماوه، بینیمان شنه شه‌ڵاڵی خوێنه،خوێن له‌لوتیه‌وه فواره‌ی ده‌كرد.من ودایكم به‌سه‌ردیواره نزمه‌كه‌دا كه‌حه‌وشه‌كانمانی ده‌كرد به‌دوو به‌شه‌وه ،بازماندایه ئه‌ودیوو و شنه‌یی ده‌موچاو خوێناویمان له‌ئامێز گرت.به‌شه‌ڵه‌ژاویه‌وه پرسیمان چی بووه ؟شنه له‌به‌رگریان و هاوار قسه‌ی پێناكرا،هه‌رچۆنێ بوو ئاراممان كرده‌وه‌و سه‌رمان به‌پشتا چه‌مانه‌وه‌و پاشماوه‌یه‌ك خوێنی لووتی وه‌ستایه‌وه.ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه شنه له‌براكانی هه‌ڵگه‌ڕابوه‌وه. شنه عاده‌تێكی هه‌بوو ، كه له‌براكانی هه‌ڵده‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ركارێك جنێوێكی پێبدرایه ،ئه‌و یه‌كسه‌ر جنێوه‌كه‌ی پێئه‌دانه‌وه، ئه‌گه‌ر مستێكی لێبدرایه ، ئه‌و مسته‌كه‌ی لێیان ئه‌دایه‌وه، هه‌ربۆیه‌ش هه‌ندێك له‌ژنان به‌شنه‌ی ئاگر ناویان ده‌برد.
ئه‌وڕۆژه شنه له‌لایه‌ن باوكیه‌وه كوته‌ك كاری كرابوو،بۆ ئه‌و كفر بوو كچ له‌كوڕ هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه.سه‌ره‌تا باوكی قژه ڕه‌شو خاوه‌كه‌ی شنه‌ی له‌مست نابوو وه‌ك ئاژه‌ڵ به‌دوایی خۆیدا ڕایكێشابوو.پاش ئه‌وه‌ی تاهیلاك بوبوو به‌له‌قه ژه‌نیبووی به‌قه‌برغه‌و پشتیاو به‌مستیش به‌سه‌رو به‌چكیا،ئه‌وجاش هه‌رچی جنێوی پیس هه‌بوو به‌شنه‌ی دابوو. شنه وه‌ك مریشكێكی سه‌ربڕاو به‌ده‌وری خۆیدا هه‌ڵده‌پلكایه‌وه .ئه‌مه یه‌كه‌م جار نه‌بوو كه‌شنه به‌وشێوه‌یه سه‌روبه‌چكی تێك بشكێ، به‌ڵكو ئه‌مه ده‌یانوو سه‌دان جار بوو كه‌شنه ئه‌وها بێ به‌زه‌ییانه كوته‌ككاری كرێ.به‌ڵام كوته‌ك كاری ئه‌مجاره‌ی له‌سه‌رشتێكی زۆر سانا بوو، له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆربچووك، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌براكانی ووتبوو ،بۆمن خزمه‌تكاری ئێوه‌م كه هه‌موو به‌یانیه‌ك ده‌بێت ئاوبكه‌م به‌سه‌ری ئێوه‌داو ئاوتان بۆ گه‌رم كه‌م، بۆ وه‌ك ئێمه به‌ئاوی سارد ده‌مووچاوو سه‌رتان ناشۆن؟ له‌سه‌ر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه بچوكه له‌گه‌ڵ براكانی لێیان بوبوو به‌شه‌ڕه مستوو ،باوكی لێیان به‌ده‌نگ هاتبوو.دیاره باوكی وه‌ك هه‌میشه نه‌ك له‌سه‌ر شنه به‌ڵكو له‌سه‌ر كوڕه‌كان ده‌هاته ده‌نگ ،ئه‌گه‌ر سور سوریش بیزانیایه كه خه‌تای كوڕه‌كانیه‌تی.
ئه‌وكاته هه‌روه‌ك ئێستا كاره‌با نه‌بوو، ده‌بووایه ژنان كیلۆ مه‌ترێ به‌شان ئاو بۆماڵ بكێشنه‌وه. ژنان و كچان شان‌و پیلیان ده‌هاته خواره‌وه تا ئاوی ماڵه‌وه‌یان دابین ده‌كرد. ئه‌وكاته‌ش هه‌روه‌ك ئێستا ئاوی پاك نه‌بوو بۆخواردنه‌وه‌و، په‌یداكردنی ئاو له‌ئه‌ستۆی ژنان بوو. هه‌ندێك جار تراكتۆرێك به‌ته‌نكیه‌كی گه‌وره‌وه به‌سه‌ر ماڵانی گه‌ڕه‌كدا ئاوی دابه‌شده‌كرد،ئاو كه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌هه‌ڵسوڕانی كاری كۆیله‌یی ژن له‌ماڵه‌وه ،هه‌ربه‌هه‌مان شێوه‌ش نه‌بوونی و دابین نه‌كردنی كێشه‌و سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری بۆ ئه‌وان ده‌نایه‌وه. هه‌ندێك جار له‌سه‌ر پێشبڕكێ ئاو له‌ناو ژناندا شه‌ڕه ته‌نه‌گه‌و تێكهه‌ڵچوونی سه‌خت ڕووی ئه‌دا، شنه ده‌بوایه شایه‌دی هه‌موو ئه‌م به‌دبه‌ختی و ڕۆژه ڕه‌شیانه بێت .شنه‌ئه‌وكاته ته‌مه‌نی هه‌رنۆساڵان ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌ركی ژنێكی به‌ڕێوه‌ده‌برد. من نازانم له‌وته‌مه‌نه‌دا شنۆ چۆن ده‌یتوانی ئه‌وته‌نه‌گه ئاوه كه‌ئه‌وه‌نده گران بوو هه‌ڵگڕێ، چۆن ده‌یتوانی به‌ته‌نه‌گه‌ئاوێكه‌وه ئه‌وهه‌موو ڕێ یه بكا! هه‌ندێ جار شان‌وپیلی شنه به‌شێوه‌یه‌ك له‌ژێرباری قورسی ئه‌وته‌نه‌گه ئاوه‌دا شۆرده‌بوه‌وه هه‌رئه‌وه نه‌بوو شان‌وپیلی لێی بێته‌وه. سه‌یر ئه‌وه بوو، شنه به‌وقرچه قرچه‌ی گه‌رمایه ،به‌ناوئه‌وداروبه‌رده‌دا به‌پێی په‌تی ئاوی ده‌كێشایه‌وه،ئاخر ئه‌وكاته‌ش هه‌روه‌ك ئێستا ڕێگاوبانه‌كان قیرڕێژ نه‌كرابوون .
شنه‌هیچ كاتێك وه‌ختی نه‌بوو تێكه‌ڵی مناڵان نابێت، ئه‌گه‌رتێكه‌ڵی مناڵان‌یش بوایه ئه‌وه هیچ یاریه‌كی نازانی، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێ بۆ مناڵان هه‌روه‌ك گه‌وره‌ساڵێك، باسی گه‌نووگو شۆرینو چێشت لێنان‌و ئاوكێشانه‌وه‌و ناوماڵ پاكردنه‌وه بكا. مناڵانی تریش له‌شێوه‌ی شنه كاره‌كه‌ری ماڵه‌وه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام له‌وگه‌ڕه‌كو بانه كه‌سێك نه‌بوو كه‌وه‌ك شنه بێت. شنه چوونكه تاقه خووشك بوو، ده‌بوایه خزمه‌تی حه‌وت سه‌رخێزانكا. ئه‌وه‌نده‌ی من به‌بیرم دێ ئێواره‌یه‌ك نه‌بوو كه شنه به‌چاوی فرمێسكه‌وه نه‌نوێ ،به‌یانیه‌ك نه‌بوو،كه‌چاوه‌كانی نه‌ئاوسێ، باوه‌ڕناكه‌م ئه‌و تائێستاش جارێك تێرخه‌وبوو بێ. له‌گه‌ڵ شیڕه‌ی شه‌به‌قدا ده‌بوایه شنه ته‌نووری بۆ دایكی دابخستایه‌و گونكی بۆ ببڕێته‌وه‌و، له‌وه‌ختی خۆیدا نانوچای بۆ هه‌شت نۆ سه‌ركه‌س ئاماده‌كاو ئه‌گه‌ر نان‌و چایه‌كه كه‌مێك ساردبوایه‌ته‌وه،ئه‌وه ئه‌و یه‌ك دوو جنێوی هه‌ر به‌رده‌كه‌وت. قاحپه‌و ده‌ڵه‌قۆڕ ،دوجنێو بوون كه له‌لایه‌ن براكانیه‌وه هه‌میشه هه‌واڵه‌ی شنه ده‌كرا.ناوده‌سی شنه هه‌مووی تایت و سابوون بردبووی، ئه‌وه‌نده به‌ده‌سی ڕووت به‌شه‌وڕۆژ قاپ‌و قاچاغ بشوا.شنه ناوماڵی گسك ئه‌دا،به‌شانوپیل ئاوی ده‌كێشایه‌وه،ئێواران جێگای بۆهه‌موان ڕائه‌خست، ئاوی ده‌كرد به‌دسی هه‌مواندا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رباوكی ده‌سنوێژی هه‌ڵبگرتایه ، ئه‌وه ده‌بوایه شنه وه‌ك به‌لوعه به مه‌سینه‌یه‌كه‌وه ئاوی بكردایه به‌ده‌سیا.
به‌دبه‌ختیه‌كی تری شنه ئه‌وه‌بوو، كه زۆربه‌ی جاران مناڵێكی بچووكی به‌شانه‌وه‌بوو،مناڵێك كه‌ده‌بوایه شنه لووتی بسڕێته‌وه‌و ،پیسایه‌كانی پاك كاته‌وه‌و ، له‌كاتی گریاندا هێوری كاته‌وه‌و له‌كاتی خه‌وتنیشدا هه‌ندێك جار بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ڕایژه‌نێ. شنه دایكێكی نه‌خۆشو داماوی هه‌بوو كه‌هه‌ندێك جار به‌مانگ ناوجێگا ده‌كه‌وت ، جائه‌وكاته ژیان سه‌د ده‌ر سه‌د له‌و به‌دبه‌خته حه‌رام ده‌بوو، هه‌رچی كار هه‌بوو ده‌بوایه ئه‌وڕایپه‌ڕێنێ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌وجا شنه هه‌فته‌ی جارێك یادووجار هه‌ندێك قژڕاكێشانی هه‌ربه‌ر ده‌كه‌وت. هه‌ندێك جار به‌خۆم ده‌گووت، ئه‌م به‌سته‌زمانه چۆن ده‌توانێ به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو ڕاكه‌ڕاكه‌یه بگرێ ، ئاخر ئه‌و هه‌میشه به‌ناوماڵوحه‌وشه‌دا كلیله‌ی بوو، ته‌نها ساتێكیش وه‌ستانی بۆ نه‌بوو، زۆر جار به‌سایی شنه‌وه مناڵانی ترجنێویان پێده‌درا، ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه توانای ڕاپه‌ڕینی كارێكیان نه‌بوایه ده‌یانقیڕان به‌سه‌ریاندا ، ده‌ك داوه‌شێن ، ده‌ك داڕزێن ،به‌شنه نابن ، هه‌رهێنده‌ی بنچكه گیایه‌كه‌و كاری ماڵێك به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌ندێك جار شنه به‌ده‌س كاری زۆره‌وه ده‌سی ده‌كرده گریان ، هه‌زارویه‌ك دوعای له‌براكانی ده‌كرد، گله‌یی له‌به‌ختی خۆی ده‌كردوو ،ده‌ڕۆیی له چێشتخانه‌كه تاوێكی چاك پڕ به‌دڵ ده‌گریا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر براكانی به‌ئاسته‌م تۆشی ئازار‌و سه‌رئێشه‌ك بوونایه ،ئه‌وه ئیتر ڕۆژی سه‌دویه‌كجار به‌قوربانو سه‌ده‌قه‌یان ده‌بوو. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش تا ناوله‌پی سورده‌بونه‌وه قۆڵنجی براكانی ده‌شێلا.
شنه هه‌میشه پێی په‌تی بوو،بۆیه پێستی ژێرپای به‌شێوه‌یه‌ك مردبوو ،كه‌ئه‌گه‌ر شوشه‌و دڕك‌و به‌ردی نوك تیژیشی لێ بچه‌قیایه ژانی پێ ناگه‌یشت. هه‌ندێكجار پێستی ژێر پێی قڵیشی ده‌بردوو ده‌بووایه به‌چه‌قۆیه‌ك ئه‌و پێسته مردووه‌ی كه‌مێك ته‌نك كردایه‌ته‌وه. هه‌موو كه‌سێك شنه‌ی خۆشده‌ویشت ،نه‌ك له‌سه‌رئه‌ساسی هاوده‌ردی و خه‌مخۆری پێی ، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شنه به‌ومناڵیه كاری ماڵێكی ڕائه‌په‌ڕان،ماڵێكی به‌خێو ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شنه به‌قسه كه‌روو گوێ ڕایه‌ڵبوو. هه‌ندێك جارشنه ده‌هاته به‌رده‌رگای حه‌وشه‌و نه‌ختێك له‌دنیای ده‌ره‌وه‌ی ده‌ڕوانی ، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێی بڵێ ،هه‌ربۆخۆیی ده‌هاته‌ژووره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ جیاوازیه‌ك له‌به‌ینی ئه‌ودوو دنیایه شك نه‌با. من نازانم شنه چ ڕۆژێك منداڵ بووه، ئه‌وه‌نده‌ی من به‌بیرم دێت چاوه‌كانی شنه هه‌میشه پڕ له‌فرمێسك بوون.
پێنج شه‌ش ساڵ له‌مه‌وپێش دایكی شنه مرد، شنه قوڕی دنیای بۆ دایكی پێوا ،قژی به‌سه‌ر خۆیه‌وه نه‌هێشت، به‌ڵام هه‌رساڵێك دوایی مردنی دایكی، باوكی شنه ،شنه‌ی بۆ خۆی دابه‌ژنوو ژن به‌ژنێی پێكرد . شنه به‌م شێوه‌یه ژیا ،به‌منداڵی خزمه‌تكارو كاره‌كه‌ری ماڵه‌وه‌بوو ،به‌مناڵی شووی بۆ باوكی كرد ، هه‌ربه‌مناڵیش منداڵێكی بوو ، بۆیه ئێشتاش هه‌روه‌ك جاران مندالێكی به‌كۆڵه‌وه‌یه . ئێستاش له‌هه‌ر ناسیاوێك بپرسی شنه چۆنه؟ وڵام ده‌ده‌نه‌وه، شنه..! ماشه‌ڵا هه‌ر ده‌ڵێی ئاگره، ماڵێك به‌ڕێوه ده‌با ، باوڕكه‌ن، ڕۆژ بوه‌ستێ ئه‌و ناوه‌ستێ.
١/٩/٢٠٠٧ sarya_shexanova@yahoo.de
|