١٣\٣\٢٠٢١
رۆژێک بە ناوی هەشتی ئادار بەس نییە بۆ
ژنان.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
٨ی ئادار مێژووی خەبات و تێكۆشانی ژنمان بیردێنێتەوە دژی ستەم ونادادی
ونایەكسانی، هەروەها خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بۆ بەدەست هێنانی ماف و
ئازادیە سەرەتاییەكانی ژن وەك مرۆڤێك چونكە بەمرۆڤی پلە دوو سەیردەكراو
مامەڵەی لەگەڵ دەكرا .
تەنانەت بەرامبەر بەوكارەی ئەیكرد نیوەی ئەوموچەیەی وەرئەگرت كە
بۆهەمان كار بەپیاو ئەدرا، لێرەدا نامەوێ باس لەمێژوو هۆكاری دیاری
كردنی ئەم ڕۆژە بكەم بەڕۆژی جیهانی ژنان، بەڵكو ئەمەوێ تیشك بخەمە سەر
گرنگی وڕۆڵی ژن لەخێزان وكۆمەڵگادا .
ژن بەسروشتی خۆی میهرەبان وفیداكارە ئەتوانین بڵێین بەردی بناغەی
كۆمەڵگایە، لەلایەك دایك وپەروەرشیارە نەوەی داهاتوو بەرهەم دێنێ،
لەلایەكی تر هاوسەرو بەڕێوەبەری ماڵەو پێداویستی سەرجەم تاكەكانی خێزان
جێبەجێ دەكات وباوەشی سۆزو میهرەبانیە بۆ هەموویان.
تەنها نۆمانگ ماندوو نابێ تامرۆڤێك دێنێتە دونیاوە، بەڵكو دواتریش خەمی
بەخێو كردن و پەروەردەكردنی دەگرێتە ئەستۆ تا مرۆڤێكی هاوسەنگ
وتەندروست و خزمەتگوزار پێشكەشی كۆمەڵگا بكات.
لەم پێناوەدا ئامادەیە چەندین قوربانی بدات ،هەربۆیە بەدایك ئەوترێ
قوتابخانە، ئەگەر دایكێكی باش پەروەردە بكرێ ئەوا نەوەیەكی باش
پەروەردە كراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ژن تەنها بەئەرك وخزمەتی خێزانەكەی نەوەستاوە، بەڵكو
هەنگاوی گەورەتری ناوە تاوەكو بتوانی خزمەتی تاكەكانی كۆمەڵیش بكات .
ئەوەتا مامۆستایەو ڕۆڵەكانی ئەم گەلە پەروەردە ئەكات و زانست
وزانیاریان پێشكەش دەكات، پزیشكەو بێ جیاوازی چارەسەری نەخۆش دەكات،
ئەندازیارەو ئەركی ئاوەدانكردنەوەی ووڵاتی گرتۆتە ئەستۆ، پارێزەرەو
مافی سەرجەم هاووڵاتیان دەپارێزێت بەهەردوو ڕەگەزەوە، پەرلەمانتارەو
داكۆكی لەمافی خەڵك دەكات وبەشدارە لەدەرچواندنی یاساكان ........تد.
سەرباری ئەمانەش ژن توانیوێتی بەشداری كارا بكات لەبواری سیاسەت وبگاتە
پۆستە باڵاكان لەحكومەت وحیزبەكانیشدا ئەگەرچی بەڕێژەیەكی كەمیش بێ
لەگەڵ بونی ئەو هەموو ئاستەنگەی لەبەردەمیدا دروست كراوە، هەرچەندە
لەناو حیزبەكاندا ڕۆڵی فیعلی و كاریگەری پێنەدرابێ لەدروستكردنی
بڕیاردا !!!!
لێرەدا پرسیارێك دێتەكایەوە ئایا تەنها ڕۆژێك بەسە بۆیادكردنەوەو
دەتوانێت خزمەت بەدۆزی ژن بكات و بەرەوپێشی بەرێت و لەئاست گەورەیی و
قوربانیدانەكانیدا بێت ومافەكانی بۆ دەستەبەر بكات؟
لەئێستادا و لەجیهانی مۆدێرندا یەكێ لەپێوەرەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگا
ئاستی هۆشیاری ژنانەو بەشداری چالاكانەیانە لەسەرجەم بوارەكانی كارداو
بەتایبەتیش پێگەو پۆستە باڵاكان و ناوەندەكانی بڕیار لەووڵاتدا .
بۆیە ئەبێ كۆمەڵگا درك بەوە بكات كە ژنان نیوەی هێزی مرۆیی پێك دەهێنن،
وە هەر بە هەدەردانێك لەتواناو وزەی ژن واتا بێبەشكردنی ووڵات
لەگۆڕانكاری و بەرەوپێشچون وگەشەكردن بەهەموو جۆرەكانیەوە مرۆیی،
ئابوری ،سیاسی یاسایی.....تد .
هەورەها پێویستە حكومەت گرنگی بدات بەدۆزی ژن و پشتیوانی مادی ومەعنەوی
بكات، وەهەلی كاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی
پژێوی پەیداكەری خێزانن وە داهاتێكی ئەوتۆیان نیە.
هەر وەك چۆن ئەركی سەرشانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرجەم لایەنە
پەیوەندیدارەكانە لەهەرێمدا كار بكەن بۆ داڕشتنی یاسای نوێ وهەموار
كردنەوەی ئەویاسایانەی تایبەتن بەماف و ئازادیە كەسیەكانی ژن بەجۆرێك
كە بگونجێ لەگەڵ بەرەوپێشچون وگۆڕانكاریەكانی كۆمەڵگادا .
هەروەها گرنگە میدیاكان ڕۆڵیان هەبێت لەهۆشیار كردنەوەی خەڵك وە
وێنایەكی جوانی ژن بكات كەشایەنی شكۆو تواناكانی بێت، نەك تەنها وەك
مادەیەك بۆڕیكلام وبرەودان بەكارە بازرگانیەكان بەكاری بهێنێت.
بەڵكو پێویستە كاربكات بۆ دەرخستنی تواناكانی ژنان و ڕێزو پێگەی
ڕاستەقینەیان بخەنە ڕوو وەك تاكێكی كارا شانبەشانی پیاوان دەتوانن
كاربكەن بۆسەرلەنوێ بونیات نانەوەی كۆمەڵگا .
هەرچەندە ئەو ستەم و نادادیەی بەرۆكی هەموو تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایەی
گرتۆتەوە بەپیاوانیشەوە،
نەبونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەموان پێوەی دەناڵێنن، بەڵام ژنان
هەمیشە پشكی شێریان بەركەوتوە لەو ستەمە ئەویش لەسایەی بیری پیاوسالاری
و داب و نەریتە نەخوازراوەكانەوە
تەنانەت بەناوی ئاینیشەوە ستەم لەڕەگەزی مێ كراوە لەسایەی ئەم جۆرە
بیروبۆچونەوە شیكردنەوەی دەقە ئاینیەكان لەبەرژەوەندی ڕەگەزەكەی تر بوە
.
ئەمەش پێویستی ئەكات لەسەر زاناو بیرمەندە ئاینیەكان بەتایبەت ئاینی
ئیسلامی پیرۆز
وەك چۆن لەم سەردەمەدا پێداچونەوە ئەكرێ بۆ هەندێ دەق وشیكردنەوەی نوێی
بۆ دەكرێت، بە هەمان شێوە پێویستە گرنگی بدرێ بە بایەخی ئیسلام بۆ ژن و
شیكردنەوەی دەقەكان لەژێر كاریگەری دابونەریت و بیری پیاو سالاری
دەربهێنرێت.
بەهەمان شێوە ئەركی ڕۆشنبیران و پێشكەوتن خوازانە كار بكەن لەسەر
هۆشیار كردنەوەی تاكەكان و بایەخ بە دۆزی ڕەوای ژن بدەن .
لەمانەش گرنگتر بایەخدانە بە پەروەردەو فێركردن لەسەرجەم ئاستەكانی
خوێندندا چ لەقوتابخانەكان یاخود زانكۆو پەیمانگاكان .
وە ڕاهێنانیان لەسەر ڕێزگرتنی ژن و دروستكردنی تێڕوانینێكی دروست
بۆیان، كەژنانیش هەمان پلەی مرۆڤایەتی پیاویان هەیەو هیچ جیاوازیەكیان
نیە لەگەڵ ئەوان لەئەرك ومافدا.
ئەمانەش هەموویان كاركردنی جدی وهەنگاوی پراكتیكیان دەوێت چ لەلایەن
دەوڵەت یاخود ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت ڕێكخراوەكانی
داكۆكیكار لەمافەكانی ژن، هەروەها پسپۆڕانی بواری یاساو پەروەردەو
سەرجەم بوارەكانی تر.
وەهەوڵی ئەوە بدرێت ئاستی ڕۆشنبیری تاكی كوردی بەرز بكرێتەوە بۆ هێنانە
كایەی كۆمەڵگایەكی تەندروست و بەختەوەر، نەك بەقەیران وكێشەی حكومڕانی
و نەبونی مافە سەرەتاییەكانەوە سەرقاڵ بكرێن، سەرەتاش ئەبێ لە
ئەندامانی خێزانەوە دەستپێبكرێت، دایكان وباوكان هۆشیار بكرێنەوە
كەجیاوازی نەكەن لەمامەڵەو پەروەردە كردنی كوڕ و كچدا و هەمان مافیان
پێبدەن لەناو خێزاندا.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|