په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\۴\٢٠١٠

بەیاننامە:

رۆژێکیتری پڕ توندوتیژیی دژ بە رۆژنامه‌نووسن.

 


سلێمانی، 20ی نیسانی 2010- ئەمڕۆ لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانێکی تری ژمارەیەک لە خوێندکارانی شاری سلێمانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە، دژ بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، هێزەکانی حکومەت هێرشیانکردەسەر چەند رۆژنامەنووسێک.


بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ لەماوەی ئەم هەفتەدا لە پارێزگای سلێمانی بەلایەنی کەمەوە 16 رۆژنامەنوس رووبەڕووی هێرش و توندوتیژی بوونەتەوە.


لەم بارەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسن رایگەیاند، "لە کاتێکدا رۆژنامه‌نووسن پێشوازی لە یادی دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی دەکەن، توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامه‌نووسن گەشیتوەتە ئاستێکی ترسناک. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسن ئیدانەی هەموو ئەو توندوتیژییانە دەکات کە دژ بە رۆژنامه‌نووسن ئەنجامدەدرێن. رێگرتن لە رۆژنامه‌نووسن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، رێگرتنە لە مافی خەڵک لە بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ڕووداوەکان."


سۆران ئەحمەد، پەیامنێری رۆژنامەی هاوڵاتی، لەکاتی رووماڵکردنی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانی خوێندکارندا، لە بەردەم کافتریای شەوانی رزگاری لەلایەن چەند پۆلیسێکی هێزی ئامادەوە هێرشی کرایەسەر. شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە، کە نەیویست ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، "سوکایەتییان بەو رۆژنامەنوسە کرد، چەند کەسێک لێیاندا، کەی ئازادی رۆژنامەنوسی وادەبێت." سۆران وتی کە هێزەکە کامێراو تەلەفۆنیان لێسەندو بە کەلەبچەکراوی بردیان بۆ شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکە لە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەو دواتر لەوێ ئازادیان کرد. سۆران، لە شوێنی رووداوەکە، دەست و قۆڵی پیشانی ستافی سەنتەری میترۆ دا کە شوێنی لێدانی پێوەدیاربوو.


تەلان کۆسرەت، وێنەگری کەناڵی زەحمەتکێشان، وتی کە رێگری لێگراوە رووماڵی رووداوەکە بکات، گقسەی ناشیرینیان پێوم و پاڵیان پێوەنام."


شکار موعتەسەم، پەیامنێری رۆژنامەی رۆژنامە و ماڵپەری هەواڵی سبەی، وتی کە لە کاتی وێنەگرتنی هێرشکردنەسەر سۆران ئەحمەد، هێزی پۆلیسی ئامادە هێرشیانکردوەتەسەری، "بە بۆکس لێیاندام، بە زۆر کامێرەکەیان لێسەندم و هەرچی رەسمی تێدابوو سڕییانەوە." هەروەها وتی کە پاش نیو کاتژمێر کامێراکەیان پێدایەوە،"ئێستا باش ئیش ناکات."


هاوژین غەریب، پەیامنێری رۆژنامەی چەتر، لە سەر پردی خەسرەو خاڵ لە شەقامی سالم، سەرگەرمی وێنەگرتنی بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بوو کاتێک پۆلیسی پاراستنی چالاکییە مەدەنییەکان هێرشیاکردەسەری و بە زۆر کامێراکەیان لێسەند، "بە بۆکس و شەق کێشایان بەپشتمدا،" هەروەها وتی کە پاش شکاندنی میمۆری کامێراکەیان بۆ گەڕاندوەتەوە.


ئاسۆ خەلیل، پەیامنێری گۆڤاری ژیار، وتی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ هێرشیانکردوەتەسەر، "بە شەق و زللە و قسەی ناشیرین، کامێراکەیان لێسەندم و هەندێک رەسمیان سڕییەوە."


سەنتەری میترۆ رایگەدەگەنێت کە داواکارە لە سەرجەم رۆژنامه‌نووسن رۆژی 22ی نیسان کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی هاریکاری سەنتەری میترۆبن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی هێمنانە بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە زیادبوونی توندوتیژی دژی رۆژنامه‌نووسن و جێبەجێنەکردنی یاسای کاری رۆژنامەنوسی. خۆپیشاندانەکە لە بەردەم نوسینگەی سەنتەری میترۆ دەستپێدەکات لە فولکەی خاڵە حاجی. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسن مۆڵەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگرتووە.

ناوی ئەو رۆژنامه‌نووسنەی کە ئەم هەفتەیە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە:


1. نەبەز محەمەد شوکر، پەیامنێری کەناڵی زاگرۆس
2. پشتیوان کەریم گەڵاڵی، پەیامنێری رۆژنامەی هاوڵاتی
3. سەفین ئیسماعیل، وێنەگری رۆژنامەی ئاسۆ
4. وریا حوسەین، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام
5. کەمال نوری، پەیامنێری کەناڵی سەحەر
6. سروشت سازان، وێنەگری کەناڵی سەحەر
7. سەهەند ساڵح، پەیامنێری کەناڵی زەحمەتکێشان
8. تەلان کۆسرەت، پەیامنێری کەناڵی زەحمەتکێشان
9. دیدەن مەجید، پەیامنێری کەناڵی سپێدە
10. زریان محەمەد، پەیامنێری رادیۆو تەلەفزیۆنی ئازادی
11. سۆران ئەحمەد، پەیامنێری رۆژنامەی هاوڵاتی
12. شکار موعتەسەم، پەیامنێری رۆژنامەی رۆژنامە و ماڵپەری هەواڵی سبەی
13. هاوژین غەریب، پەیامنێری رۆژنامەی چەتر
14. ئاسۆ خەلیل، پەیامنێری گۆڤاری ژیار
15. شوکر ئەحمەد، پەیامنێری کەناڵی تەلەفزیۆنی ئازادی لە کەلار
16. عومەر فارس، بەرپرسی ماڵپەری کوردستان نێت


________________________
دەربارەی سەنتەری میترۆ:
سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسن، رێکخراوێکی سەربەخۆی بێلایەنی قازانج نەویستە بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامه‌نووسن و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری میترۆ لە مانگی ئابی ساڵی 2009دا دامەزراوە.


بۆ پەیوەندی و ناردنی زانیاری پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید: 07701940930
ئیمەیل: metroiraq@gmail.com، rahmangarib@yahoo.com