٢٨\٥\٢٠٢١
رۆژێک لە ناو
شیوعییەکان نەبووم.*

عەبدولستار نور عەلی |

و:
ئەحمەد رهجەب |
وتیان شیوعی،
وتم:
ھەر کەسێ تیشکی خۆر لە ناو چاوەکانی بدرەوشێتەوە،
گەرمی زەوی لە دڵیدا لە زمانیدا، پۆڵاش ئاو دەدات و،
پەروەردگاری شیعر و گوفتار و بیرو راستگۆیی وتن و
خۆشەویستی خەڵک و سەرکردەی خەڵک
رێگای گەل لە تێکۆشان بە دەست و بە زمان و بە دڵ و،
مافی نیشتمانی دزراو لە ئازادی سوور و روحی گۆرانییەکانی،
ئاشتیی جیهان، ئاسایشی گەل بەشێکی زۆری ئاواتەکانیەتی
رێپیشاندەرێ چۆڵبوونی وڵاتێکی پەککەوتە لە سینە و
لە برسێتیی، لە ھەژاریی
لە نەخوێندەواریی تەشەنەکردوو
دەڵێن: شیوعی!
من کە لە سووچێکی باکووری رۆژئاوای زەوی دەژیم
من ھەڵگری ئەم لێدانەم
من لە سەر ھەردوو پێم وەستاوم
بتەو جێگیر
لە قوڵاییی رەگ و ریشەی زەویدا
رۆژێک لە رۆژان لە ناو شیوعییەکان نەبووم بەڵام چاومان بەیەک کەوت و،
جیاوازیش بووم
رۆژێک لە رۆژان شێوەیەک، ئاڵایەک، یان فیشەکێک نەبووم
بەڵام
بە ھەموو دەنگە ئاسایی و ناسکە بۆنخۆشەکانی
خۆشمویست
لە چاوانمدا جێی ئەستێرەم کردووەتەوە و، خواردمەوەو، بەرزبوومەوە
ھەوری شاخ و دۆڵ و دەشت و باران و رووبارەکان و
دارخورماکان و ھۆرەکان و
شارە گەورەکان و بچکۆلەکان و،
کۆڵانە تاریکەکان و برسێتیی،
ماڵە قور و تەنەکە و چۆڵەکان، یاسایی نین
لە نەخشەی جیھان لە رۆژھەڵات و لە رۆژئاوا و
لە باکوور و باشوور
لە گەرکی ھەموو ھەژارانی بێھێز و، بەھێزەکان بە شۆرش و، بە خۆشەویستی
بە خەونی نیشتمانێکی ئازاد و بەختەوەر
بە یۆتۆپیای**
مرۆڤایەتی
ھەرگیز رۆژێک لە ناو فایلەکان نەبووم و
ھەروا لەوەی چاوی گۆڤارەکان باسی بکەن
بینیم و، گەرام و، چاودێریم کرد، ھەڵوێستەم کرد و، خوێندمەوە
ئەوەی سەرمایە و بەیان و، چیرۆک و شیعر دەیڵێت
گۆرکی، مایکۆفسکی، لۆرکا، ئاراگۆن، نیرۆدا و کازانتزاکیس، بورگیس و،
مارکێز و
ھەموو ئەدیبە بەئابڕووە گەورەکان بە پیت و بە روناکیی
بە ئەڤین و، بە ئارەزوو، بە یەکسانیی، دادپەروەریی و
دارمانی دیوار لە نێوان رەنگ و رەنگدا و،
لە نێوان ئاین و ئایندا،
لە نێوان کۆمەڵێک و کۆمەڵێکدا و دەرکەوتم
لە دونیای پر لە خەبات، بە گوفتار،
بە خەونەکان، بە کۆتر، بە ئاشتی،
بە برین، بە ئاگر، بە ئەڤین و،
بە روح و دڵان
قەت رۆژێک لە ناو مێژوودا نەبووم بەڵام خوێندمەوە.
لە بارەی پاریس و، کۆمۆنەیەکی میللی و خەونێکی شۆرشگێریی و
لە بارەی شۆرشی ئۆکتۆبەر و
ئەو دە رۆژەی حیھانی ئارام و جێگیری ھەژاند
گەندەڵ، ستەمکەر، ترسنۆک، وەستاو لە سەر ئاگر و ئاسن و،
خنکاو لە ستەم و کۆت زەنجیر و جەنگ و خوێن و چڵک.
لە بارەی لورکا و ئیسپانیا خوێندمەوە
لە سەر فەھد و مانگرتنەکەی گاورباغی و
لە سەر ھەڵمەتەکەی کانونی ١٩٤٨ و
راپەرینەکەی تشرینی ١٩٥٢ و
شۆرشی تەمووزی ١٩٥٨ و
قەسابخانەکەی شوباتی ١٩٦٣ و
لە سەر بەرەکەیان
لە سەر جیاب، ھوشی منە، چیڤارا و دوبریە خوێندمەوە
سانتیاگۆ و ئەلێندی
ھەروا گورباتشوف، یەلتسن، شیڤارنادزە و بەرلین
من حەزم
لە دەنگی 'ئەلسەیاب و، ئەلنەواب و، ئەلئەخزەر کوری یوسف و ئەلریفی
مەحمود و
روشدی ئەلعامل، ماجد ئەلعامل، خەسباک و، شەمران و فەرمان و
دەرویش، سەمیح ئەلقاسم، معین بەسیسو ، ئەمیل حبیبی و... حەننا مینا،
نەجیب سرور، سەڵاح عەبدولسەبور'ە.
گەشتم کرد
بە ناو دەریای گۆڤارەکان کە بە سوور ناونران
نە زەردو نە رەش،
سوور!
بەڵێ
کێ گوڵی سووری خۆشناوێ
بیبەخشێت بە دایک، بە ھاورێ و خۆشەویست
ئەو حیزبەی کە رۆژێک نە دەنگی بووم نە سێبەری
بەڵام یەکتریمان دی
(جیاوازیش) بووین؟!
___________________________________
*
لە ٦\٣\٢٠١١ بە پێی
بریارێک لە سەرۆک وەزیران ھێزێکی سەربازی چووە سەر بارەگای حیزبی شیوعی
عێراقی لە گۆرەپانی ئەندەلوس و بارەگای رۆژنامەی تەریق ئەلشەعب لە
شەقامی ئەبو نواس لە بەغدا بە مەبەستی چۆڵکردنی، ئەو بریارە رێگا بە
حیزب نادات چالاکی بنوێنێ و خەڵکێکی زۆر سەبارەت بەو بریارە دەستیان بە
نووسین کرد، من پێشتر ئەمەم نووسیبوو ئێستاش بە باشی دەزانم جارێکی تر
بڵاویبکەمەوە. (یەکشەم ١٣\٦\٢٠١١).
**
یۆتۆپیا: جیھانی ئەندێشە.
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|