په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٩

رۆژھەڵات، ئەو بەشەی نیشتمان، کە شانازیی بە کولتووری بکوژی خۆیەوە دەکا؟
شرۆڤەی راپەڕینی بەنزین لە ئێران و، لە رۆژھەلاتی کوردستان!
- نامەیەکی سەرئاوالەی دڵسۆزانە بۆ رێزدار کاک عەلی جەوانمەردی! -


سیروان کاوسی    


پێویست بە گێرانەوەی وردی رووداوەکانی نیوەی مانگی رابردوو (نۆڤەمبەری ٢٠١٩)، ناکات، دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤/١١/٢٠١٩حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران، لەڕێگەی راگەیاندنی رژێمەکەیەوە خەڵکی ئاگادارکرد، لە سبەینێوە (رۆژی ھەینی) نرخی بەنزین سێ بەرامبەر زیاد دەکرێ، بڕیارەکەیبوو بە دینەمۆی تەقینەوەی رقو بێزاریی کەڵەکەبووی دەیان سالەی خەڵک و، لە شەوڕۆژێکدا لەسەرجەم ھەرێم و شارەکانی ئێران،زەریائاسا بێسڵکردنەوە بەرەوڕووی ھێزەکانی رژێمی ئیسلامیی بوونەوە. ئەوەبوو عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و کاربەدەستانی سیاسی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران، حەشیمەتی خۆپێشاندەریان بە ئاژاوەگێڕ و ''ارازل'' (خەڵکی سووک و بێنرخ) و ''اوباش'' (خەڵکی بێنرخ و بەرەڵڵا و ھەڕەمەکی کە پەروەردەی خراپیان ھەیە) و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل نێوناسکرد.ھێزەکانی رژێمی ئێران،زۆر دڕندانەتر لە ساڵانی رابردوو، بە دەسڕێژی گوللەو رەشبگیری و سەپاندنی شەوەزەنگ و رفاندنی خەڵک لە نیوەی شەو لە ماڵان و، تەژیکردن و پڕکردنی بەندیخانەکان لە خەڵکی ناڕازی و نەیاری رژێمی ئیسلامیی، وەڵامی داخوازیی خەڵکیان دایەوە. دە رۆژێ دوای دامرکاندنەوەی راپەڕینەکە، چارەنووسی ھەزاران دەسبەسەرکراو ھێشتا نادیارە. لەم پێوەندەدا، رۆژھەڵاتی کوردستان زۆرترین قوربانیی گرانکردنی بەنزینی بەخشێ و ھەزاران کەس لەشارەکانی کوردستان گیراون و چاولەڕێی چارەنووسی نادیاریانن!


سەڕەرای ئەوەی ئەو حەفتە خوێناوییە ئاکامێکی زۆر تاڵ و دڵتەزێنی بۆ خەڵک بەدواوەبوو، بەڵام لە دوو ئالییەوە دۆخێکی تازەی لەپێوەندیی لەگەڵ رژێمی مەلافەرمانی و خەڵکی ئێران بەگشتیی ھێنایە ئاراوە کە دەتوانین لەم دوو خالەی خوارەوەدا روونتر لێوەی بدوێین:


١- بەھۆی ناھۆشیاریی سیاسیی خەڵکی ئێران بە گشتیی، ھەر لەسەردەمی سەرکۆمارێتیی محەمەد خاتەمیکە بۆ ماوەی (٨) ساڵ،لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٩٧ ھەتاکوو ساڵی ٢٠٠٥ درێژەی کێشا، لەگەڵ ئەمسەرکۆمارەی ئەمڕۆحەسەن رۆخانی و ھەروەھا چەن کاربەدەستیکی دیکەی رژێم وەک کەڕووبی و سەید حەسەن مووسووی، سالەھای ساڵ ئەو بیرۆکەیان بردبووە مێشکی خەڵک و،وایان لە خەڵکی ئێران گەیاندبوو، لەنێو حکوومەتدا کەسانی نەرم و نیان و دەسپاک و خێرخوازیشیان تێدایە و، باڵێکی حکوومەت بکوژ نییە، چاکەخواز و رێفۆرمخواز و دڵسۆز و پشتیوانی چینەکانی کەمدەرامەت و رۆشنبیرانە و، گەر خەڵک متمانەی پێبکەن، دەتوانیت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حکوومەتیش بگێڕێ!! بەم سیاسەتە فێڵبازانەیە رژێمی ئێران بۆ زیاتر لە چارەکەسەدەیەک توانی ملیۆنان یار ونەیاری کۆماری ئیسلامیی لە دوو بەرەی بەڕوالەت جیاواز لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لەڕێگەی بەشداریی ملیۆنان خەڵک لە ھەڵبژاردنە کارتۆنییەکانیدا لە نێوخۆی ئێران ودنیای دەرەوە بە رژێمێک خۆی بداتە ناسین کە زۆرترین پێگەی جەماوەریی ھەیە. بەڵام لەڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٩وەک بڵێی پاش چل ساڵ، گەلانی ئێران لە خەو راچڵەکابێتن، بڕیارێکی دیکەیاندا و، پشتیانکردە ھەموو دەستە و دەسەڵاتدارێکی نێو سیستەمی کۆماری ئیسلامیی بە راست و چەپەوە.درۆشمی سەرەکیی خۆپێشاندەرانیش، لە دژی سەرۆکی ئاینیی ئێران خامنەیی و، درۆشمی رووخاندنی رژێمی کۆماری ئیسلامیی بوون. ئەمەش واتای ئەوەیە، قۆناخێکی تازە لە خەباتی سیاسیی کۆمەڵگە و پێکھاتە جیاجیاکانی ئێران دەستیپێکردووە.


٢-بەرفرەیی و سەرتاسەریبوونی رووداوەکانی حەوتووی خوێناویی ئێران، سەلماندی رژێمی کۆماری ئیسلامیی، لەلایەنی یاسای و پێگەی جەماوەرییەوە رەوایەتیی خۆی لەدەستداوە و، جگە لە بەشێکی کەمی خەڵک نەبێ کە بە ھۆی بیروباوەڕ و بژێویی ژیان و پێوەندیی بازرگانی و ئابوورییەوە گرێدراوی رژێمی ئیسلامین،زۆرینەی خەڵک و رژێم کەوتوونەتە دوو بەرەی دژ بە یەکەوە. بەھۆی نەرمینەنواندنی رژێم و پێڕەوکردنی سیاسەتی ترس وکوشتن و تۆقاندن و سووکایەتیپێکردن و دەسدرێژیکردنە سەر رەخنەگر و نەیارانی سیاسی لەلایەن داوودەزگەی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامییەوە، دیواری نێوان خەڵک و رژێم رۆژ گەڵ رۆژ ئەستوورتر و بەرزتر دەبێ.بە کورتی، دوای چل ساڵ، رژێمی ئێران لە نێوخۆی ئێران، لە خۆرھەلاتی ناڤین و، لە پێوەندیی نێودەوڵەتیی، بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیپلۆماسیبووەتەوە. ئەمانەش ئاماژەی روونن و دڵنیامان دەکەن، لەداھاتووی نێزیکدا گۆڕانی گەورە لە ئێران روو دەدەن.

رۆژھەلاتی کوردستان،دۆخی ئێستا و دوواڕۆژی!


ھاوکات لەگەڵ بزاڤی شار و مەڵبەندەکانی ئێران، لەڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٩، خۆپێشاندانێکی بەرفرە و جەماوەریی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و، لەماوەی حەفتەیەکدا بەپێی ئەو ھەواڵانەی دەسکەوتوون، دەیان ھاوڵاتیی کورد کوژران و بەسەدانیش بریندار کران. دوای دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان لەلایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەدان کەس دەسبەسەرکراون و، رەوتی گرتن و شکەنجە و بێسەروشوێنکردن بەشێوازێکی زۆر دڕندانە بەرامبەر ھاووڵاتیانی کوردی رۆژھەلات پێڕەودەکرێت.


ئایە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر گرانکردنی نرخی بەنزین وەک داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی، پێویستبوو ھێندە قوربانی بدات؟یان باش وابوو بێدەنگیی ھەڵبژێرێ و چاوەڕانی دۆخی راپەڕینی ئێران بکات؟ کورد لە نیشتمانەکەیدا لە خۆرھەڵاتی نێوەراست خاوەنی زۆرترین سەرچاوەی نەوتە. نەوتەکەی دەستیبەسەردا گیراوە و خۆی خاوەنی نییە و ھەستی پێناکا، بەڵام لەسەر گرانبوونی نرخەکەی، خۆی بە کوشتن ئەدات! ھۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ سالانێکی زۆرە ئەم گەلە لەپێناو کەمترین ماف، زۆرترین قوربانیی ئەدات. کێ لەم کارەساتە مرۆڤی و نەتەوەییە یەک لەدواییەکانەی بەسەریدێت، بەرپرسیارە؟ ئایە کورد خۆی، یان داگیرکەرانی، یان ئەوانەی خۆیان کردووە بە دەمراست و زمانڕەوش و رێپێشاندەری؟


لە ماوەی چل سال تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەیان ھەزار کورد کوژراون، چل سالە ھەموو رۆژێ ئاوڕوو و کەرامەتی کورد پێشێلدەکرێت. رۆژ نییە مرۆڤی کورد لە بەندیخانەکان، لە کاتی خۆپێشاندانی شارەکان، لە سەرسنوورەکان، لەھاتووچۆی کاروانی مەرگ (کۆڵبەرەکان) گوللەباران نەکرێن. چل سالە رژێمی ئیسلامیی ئێران، کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو و کوردیش وەک گەلێکی بندەست تەماشادەکات. سامان و کانزای تالاندەکا و، زۆرترین چەک و جبەخانە و پێگە و سەربازگەی لە کوردستان مۆڵداوە. لەھەموو مافێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و فەرھەنگیی بێبەشیکردووە. چینێکی جاشی چەکبەدەست و قەڵەمبەدەست و فەرمانبەری سیخوڕی بەرماوخۆری لە کوردستان داتاشیوە و، رێی لەبەردەم ھەر جۆرە پێشکەوتنێکی زمان و ئابووری و فەرھەنگی و ژیانی کۆمەلایەتیی کورددا گرتووە. دوای ئەم چل سالە پڕ لە نەھامەتییە، کوردی رۆژھەڵات بیری ئێرانچێتێیەکەی بەھێزتر بووە و، لە بیری نەتەوەی و بیری رزگاریی نیشتمانی خۆی بێئاگایە. بەدەگمەن کوردی رۆژھەڵات ھەیە خۆی بە ئێرانی نەزانێت.


چل ساڵ لەمەوبەر و لەساڵی ١٩٧٩ی زاینیی، خەڵکی ئێران درۆشمی ''مردن بۆ شا'' یان بەرزکردەوە و، بڕیاریاندا رژێمی پاشایەتیی بڕووخێنن، رژێمی ئیسلامیی دامەزرێنن. ئەمرۆ پاشگەزبوونەتەوە و،درۆشمی ''مردن بۆ دیکتاتۆر'' ئەڵێنەوە و،دەیانەوێ ھەمدیسان رژێمی پاشایەتیی بگێڕنەوە سەر دەسەلات! گەلی فارس رەنگە پێێخۆشبێ ھەموو ساڵێ شۆرشێ ھەڵگیرسێنێ، رژێمێ بڕووخێنێ و، یەکی دی لەجێی دانێنت! کێ دەکەن بە سەرۆک و کامە سەرۆک لە وڵات دەردەکەن، بۆ کوردەکە وەکیەکن و ھەموویان میری سەربڕن بەسەرییەوە،کورد ھەر بێناسنامە و بێمافە، فارسەکەش، دەولەت و ناسنامە و سەروەریی خاکی خۆی و چەن گەلێکی دیکەی بەدەستە و ھیچ نادۆڕێنێت! شا رۆیی، کورد چی دەسکەوت، رژێمی ئیسلامیی بڕوات چی دەسدەکەوێ؟ ھیچ! ئەوە راستە کە کورد دەبێ پشتگیریی داخوازیی سیاسی وکۆمەلایەتیی خەڵکی ئێران بکات، بەلام لە داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی، وەک ''ستراتیژ و شەڕی سەروماڵ و شەڕی مانونەمان'' نەڕوانێ. شەڕی مانونەمان تەنیا لەپێناو رزگاریی خاکی نیشتمان و رزگارکردنی نەتەوەی کورد و دەرکردنی داگیرکەرانە لە کوردستان.لەبەر ئەوە ھەر چەشنە بەرخۆدان و بەرەنگارییەکی توند و خوێناویی ئەگەر لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان دا نەکریت، بەفیڕۆ دەچێت. ئەنجامەکەشی بەھەموو بارێکیدا سوود بە دوژمن دەگەیەنێت نەک بە کورد.
دۆخی ئێران بەرەو تێکچوون و پشێوییەکی سەرتاسەریی دەچێت. لەگەڵ لەبەریەکترازانی چوارچێوەی دەسەلاتی رژێمی ئیسلامیی، عەرەبەکانی خۆزستان بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێن. ھەموو درۆشم و شێوازی بەرخۆدان و درۆشمەکانیانکە بە زمانی عەرەبییە، ئاماژەی روونن بۆ زانینی ئەم راستییە. ئازەربایجانی ئێران ماوەی چەندین سالە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بیرۆکەی یەکگرتنەوەی ھەردوو ئازەربایجانەکان و ئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستانەی ''پانترکیسم''ی ترکیا و، کەشێکی دژ بە کورد لەو لایەشمانەوە لەسەرھەڵداندایە.دوای رووخانی رژێمی ئیسلامیی ئێران،رۆژھەلاتی کوردستان کێشەی گەلێک گەورەی لە گەڵ گەلی ترک دەبێت. ئێوە ئەگەر بڕواننە ئەو نەخشەی رژێمەکەی ئەردۆگان و ترکانی رەگەزپەرستی ئازەربایجان بلاویان کردووەتەوە، جگە لە باشووری کوردستان، ھەروەھا بەشێکی زۆری لای سەرووی رۆژھەلات لە سەلماس و بازرگان و خۆی و ورمێ وە ھەتاکوو شاری بۆکان ونەغەدە و سەردەشت بە خاکی خۆیان دەزانن.


بە کورتی، ئەگەر لەساڵی ١٩٧٩بە بیانووی شەڕی شیعە و سوننە، بە پیلانی کۆماری ئیسلامی و بەھاندانیمەلاحەسەنی ئیمامی ورمێ و دژ بە کورد و لەلایەن چەکدارەکانی ھۆزی ترکمانی ''قەرەپەپاخ''بە چەک وتەور وداس و چەقۆ دەسیانکرد بە قەڵاچۆکردنی دانیشتووانی شاری نەغەدە و گوندەکانی ''ئیندرقاش'' و ''قاڕنێ'' و ''قەڵاتان''،کە سەدان ژن ومنداڵ و پیرولاوی کوردیان کوشت و سەدان ماڵیان تالانکرد و، ھەزاران کوردیان ناچار کرد زێد و خاکی خۆی جێبھێڵێت و، بەرەو مەھاباد وشارۆچکە و گوندەکانی دیکە بڕۆن، ئەوا لە داھاتووی نێزیکدا لەپێناو جێبەجێکردنی بیری رەگەزپەرستانەی پانترکیزم، کوردی ھەمیشە قوربانی و کارەساتلێدراو تووشی کوشتن و ئاوارەیی دەبێتەوە و، زێد و خاکی خۆی بۆ نەیارانی بەجێدێڵێت.ئەوەی بە کورتی باسیلێوەکرا، دۆخی ئێستا و پێشبینییەکی دۆخی دوای نەمانی رژێمی ئیسلامییە لە رۆژھەڵاتی کوردستان.


لە پێوەندیی لە گەڵ حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، ھێژای گوتنە،بەو شێوازە چالاکی و خەباتە لاواز و نانەتەوەی و سەرلێشێواوییە سیاسییەی سەرۆکایەتیی حیزبەکان ھەیانە، بەو ناکۆکی و پەرتەوازییەی سالەھای ساڵە لەنێویاندایە، بەو کۆمەڵە چەکدارە ناپەروەردە ''نیوە کاسپکار-نیوە پێشمەرگە''ی کە ھەیانە، بەدەستەوەستان و چاوەڕوانیی دەیان ساڵەیان کە لە چەن ئۆردووگایکۆیە و نێزیکی سلێمانی نیشتەجێن، ناتوانین بە گەشبینییەوە بڕوانینە داھاتووی رۆژھەلاتی کوردستان. سەرۆکایەتیی حیزبەکانی رۆژھەڵات، ئەگەر ئەم نووسینەم بە بێڕێزیی لەقەلەم نەدەن و، بەچاوی رەخنە و بۆچوونی دڵسۆزانە و دڵپاکانە لێی بڕوانن، ئەوا ئەم پێشنیازانەی خوارەوەش، دەخەمە پاڵ رەخنەکەم و، داوایانلێدەکەم: لەباتی ئەوەی کە بۆ رازیکردنی رژێمی خوێنخۆری ئیسلامیی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی (کوڕەکەی حەمەڕەزاشا و موجاھدینی خەڵک، کە لە کۆماری ئیسلامیی باشتر نین و، باشتر نابن بۆ کورد)،ناوی خۆتان ناوە:(ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران)، ئازایەتی و ھەڵوێستی نەتەوەیی بنوێنن و، ناوەکەتان بگۆڕن بۆ: (نێوەندی بەرەی نیشتمانیی رۆژھەلاتی کوردستان). بەوەش رێخۆشدەکەن بۆ بەشداریکردنی ھەموو حیزب و رێکخراوەی سیاسی و کۆمەلایەتی و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لەگەڵ ئەو نێوەندە نیشتمانییە. ھێزی چەکدارتان لەژێر فەرماندەیەتییەکی ھاوبەشی سەربازیی رێکبخەن، با ببێت بە بەردی بناخەی لەشکری بەرگریی رۆژھەلاتی کوردستان. با بۆ لەنێوبردنی نەخۆشینی بوون بەسەرۆک، لە نێوەندەکەدا ھەر شەش مانگ، یان ساڵی جارێک، یەکتان سەرۆکی بێت. بڕیاربدەن بۆ داراییەکی ھاوبەش و میدیای ھاوبەش و رێکخستنی ھاوبەش بە ئامانجی کۆکردنەوەی جەماوەری رۆژھەلاتی کوردستان، لەدەوری ئەو نێوەندە کوردستانییە، ھاوکات لە دەرەوەی وڵاتیش ببێت بە گوتەبێژ و زمانڕەوشی تێکڕای خەڵکی کوردستان.وەک کوردێکی دڵسۆزی کوردستان، تکا و داواتانلێدەکەم،لەپێناو گەیشتن بە پلەوپایەی نادیاری خۆتان لە ئێران، ئەزموونی شکستخواردوو و پڕکارەساتی باشووری کوردستان لە رۆژھەلات تاقی مەکەنەوە. درۆشمی پێکەوەژیان و فیدراڵی لەچوارچێوەی ئێرانی نادێمۆکرات و دواکەوتوو، کورد بەرەو کارەساتی گەورەتر دەبات. ئەو ھەڵوێستنواندن و راگەیەندراوەشتان لەبارەی راپەرینی نیوەی دووەمی مانگی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، جێی داخێکی گەورەیە و بیرکردنەوە و نووسینەکەتان، بەھیچ چەشنێک لەئاستی تەمەنی سیاسەتکردن و حیزبایەتیکردنتان نییە. لە ئاستی گەورەیی کێشەی کورد و خەبات و قوربانیدان و نێوەۆکی کێشەی رەوای کورد دا نییە کە سەت سالە، بەشێوازێکی سیستەماتیک ھەوڵی جێنۆساید و تووناکردنی دەدریت. بۆ ئاگاداریی خوێنەرەوەی ھێژا، لە خوارەوە بێ ھیچ گۆڕان و دەسکارییەک، دەقی پەیامیرێزدار کاک مستەفا ھیجری، سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ راگەیەندراوەی ''ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران'' دادەنێم:


''کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵک کرد کە بە ھەموو چین و توێژەکانەوە درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن.


دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


پەیامی "مستەفا ھێجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات؛


ھاونیشتمانانی تێکۆشەر لە کوردستانی ڕۆژھەڵات
دەنگی بەرزی بێزاریتان لە ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی کە ھاوارێکی حەقخوازانەیە، تێکەڵ بە دەنگی خەڵکی تووڕەی ئێران، بوو بە سەردێڕی ھەواڵەکانی ھەموو دنیا.
ھەر چەند گوێچکەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ئاست داخوازەکانی ئێوە کەڕ بووە و لە قسەکانیاندا دەردەکەوێت کە ھەتا ئێستاش دەنگی ئێوەیان نەبیستووە، بەو حاڵەشەوە بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، ژن و پیاو، بە ھەموو چین و توێژێکەوە شان بە شانی یەکتر لە مانگرتن و ڕێپێوانەکانتان بەردەوام بن و داخوازییەکانی خۆتان ھاوار بکەن.
تکایە لەو بەرخۆدانەدا، لە توندوتیژی خۆبپارێزن و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە درێژە بە خەباتەکەتان بدەن، بۆ ئەوەی ڕێژیم بەھانەی بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتر دەست نەکەوێت.
ھەموو خەڵکی دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لەگەڵ دەنگتانە و دڵمان لە لاتانە.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدانی ئەم بەرخۆدانەی شار دەکەم و ساڕێژبوونەوەی برینی بریندارەکان بە ئاوات دەخوازم.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا ھیجری
٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی ھەتاوی''.
________________________________________________________


ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان
ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ


لە حەوتووی ڕابردوودا ‌ھەموو جیھان بۆ جارێکی دیکە، چاوی لە توندوتیژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بوو. دوابەدوای بەرز بوونەوەی نرخی بەنزین، ھەموان دیتیان کە ناڕەزایەتییە ھێمنانەو ئاشتیخوازانەکانی خەڵک بە باروودۆخی خراپی ژیان و گوشاری ئابووری لە ڕادەبەدەر، بە خێرایی لەگەڵ جەوێکی سەربازی و ئەمنییەتی ڕووبەڕوبوویەوە و لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە سەرکوت کراو بەو پەڕی توندووتیژییەوە وڵام درایەوە. بەداخەوە لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەو ناڕەزایەتییانە ڕیژەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان گیانی خۆیان لەدەستداو ھەر لەو پەیوەندییەدا بە ھەمان شێواز و ڕێکاری ھەمیشەیی ڕژیمە تۆتالیتێر و پاوانخوازەکان، شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن و بەندکردنی بە کۆمەڵ بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان و لە ئەنجامی پشکنینی ماڵبەماڵ دەستی پێکرد. بە پێی ھەو‌اڵەکان، ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتوەتە ھەزاران کەس کە ڕێژەیەکی بەرچاویان لە مێرمنداڵان، ژنان و برینداران پێکھاتووە. کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاونەگرتنی خواستە ڕەوا و داخوازییە ئاسایی و بەرحەقەکانی چالاکان و پارێزەرانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان، بەردەوام بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی سەرکوت و بەکارھێنانی گوشار، ھەوڵی لە ناوبردنی ناوەڕۆکی کێشەکانی داوە و تەواوی دەرگا و ڕێگاکانی یاسایی، ئاسایی و ئاشتیخوازانەی ناڕەزایەتی داخستووە.


ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە ھەموو ھێز و توانای خۆیان بە مەبەستی ئازادی ھەرچی زووتر و بێ مەرجی ناڕازییان بەکار بھێنن و گوشارەکانیان لە ئاراستەی بە یاسایی ناسینی مافی کۆبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی وەکوو مافێکی حاشاھەڵنەگری ھاووڵاتیبوون و دێمۆکڕاتیک لەسەر کۆماری ئیسلامی چڕ بکەنەوە. ھەروەھا جەخت دەکەینەوە کە بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی بەندکراوان راستەخۆ لەئەستۆی بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و پێویستە لەم پێناوەدا لەھەمبەر خەڵک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وڵامدەر بن
ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٠١٩/١١/٢٥
________________________________________________________


رێزدار کاک عەلی جەوانمەردی


کاکە عەلی جەوانمەردی ئەمڕۆکە ناوێکی ئاشنایە و چالاکی و نێوبانگی سنوورەکانی کوردستانیشی تێپەڕاندووە. رۆژنامەنووس و ھەواڵنێرێکی سەرکەوتووە و بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و دەنگوباسەکانی کوردستان و، عێراق وئێران، لەڕێگەی ماڵپەڕەکەی (AVA TODAY) ، سەرچاوەیەکی گرنگی ھەواڵ و رووداوی رۆژانەیە و، ھەموو رۆژێھەزاران بیسەر و خوێنەری ھەیە. ئەو ھەوال و چالاکی و رووداوە بەربڵاو و بەردەوام وبێسانسۆرانەی کاک عەلی جەوانمەردی بڵاویاندەکاتەوە، بەو پێوەندییە بەربلاوەی ھەیەتی، بە راگەیاندن و رێکخستنی چەندین حیزبی ئیمڕۆکەی گۆڕەپانەکەی کوردستان نەکراوە وناکرێت. لەبەر ئەوە جێی رێز و پێزانینە و، بەشبەحاڵی خۆم دەستخۆشی لێدەکەم و، ھیوای تەندروستی و سەرکەوتنی زیاترم ھەیە بۆی.


ھاوکات لەگەڵ ئەم تێکۆشینە بەربڵاوەی کە کاک عەلی لە بواری راگەیاندندەیبات بەڕێوە، ماوەی چەن مانگێکە، بەتایبەتیی دوای ئەوەی لەنیوەی دووەمی مانگی رابردوو، بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە، ناڕەزایەتیی زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە، بەداخەوە لە پیشەی خۆی کەھەواڵنێرییە، دوور کەوتەوە و، بە تاقی تەنیا، رۆڵی سەرپەرشتیکردن و رێنوێنیکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژھەڵاتی کوردستانی گرتە ئەستۆ و، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی خۆپێشاندان و پێکدادانی ھێزەکانی دڕندەی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی شارەکانی رۆژھەڵات، دەستیکرد بە ھاندانی خەلکی بێدەسەلات و بێچەک و، دەیگوت:تا سەرکەوتن، وەک عێراقییەکان بەردەوامبن و نەوەستن و، کۆڵنەدەن. مزگێنیی ئەوەشی دانێ: خوێنی بەناحەق رژاوی لاوانی کورد، دەبێتە داری ئازادی و شین دەبێتەوە!''.حیزبەکانی رۆژھەلاتیش کە دەیان سالە دوورن لە خەباتی کردەیی و، دانیشتنی درێژخایەن لەپەڕوباڵی خستوون، جگە لە دەرکردنی راگەیەندراوە، ھیچیان لێنەبینرا و، بە کردەوە بوون بەبینەر وخوێنەر و بیسەری فیلم و لێکدانەوە و دەنگوباسەکانی کاک عەلی.


کاک عەلی جەوانمەردی لەگەڵ ھەموو دڵسۆزی و نیازپاکییەک ھەیەتی، لەبیری نەتەوەیی تێنەگەیشتووە و، دڵپاکێکی نەشارەزا و کەمئەزموونە و، نازانێت:''داری ئازادیی کورد، بەبێ بەرنامە وبێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، شین نابێت!''.وەک چۆن رووخانی رژێمی حەمەڕەزاشا، نەبووە ھۆی شینبوونی داری ئازادیی بۆ کورد، یان رووخانی رژێمەکەی بەعس وسەدام حسێن، نەبووە ھۆی ئەوەی ئازادیی بۆ کورد بەدیاری بێنێت، بەدڵنیاییەوە دوای رووخانی رژێمی داگیرکەری ئیسلامییش، ماڵوێرانی و قوربانیدانی کورد بەفیڕۆدەچێ و، دیسان وەک پێشوو، ریسەکەی لێدەبێتەوە خوری.


کاک عەلی ھێژا!


بەھۆی پێڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و نانەتەوەییانەی سیاسەتکارانی کورد، کە ئێستا بەڕێزیشت دەگرێتەوە،دوای سەت ساڵ بندەستی و دوای سەت ساڵ قوربانیدان، داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە رزگاریی خاک و نەتەوە و سەربەخۆیی، لەبیری رزگاریی کوردستانەوە، گۆڕاوە و، بووە بە راپەڕین و خۆبەکوشتندان لەپێناو ھەرزانکردنی بەنزین. ئەم کارەساتەش بەسەر کوردی بێ پلان و بێ ئامانجدا تێپەڕدەبێت، ماوەیەکی دیکە لەسەر گرانکردنی نرخی ھێلکە و تەماتە و مریشک، یان ھەر پێداویستییەکی دیکەی ژیان، خەڵکی ئێران رادەپەڕنەوە، کوردستانیش بەوتەی بەڕێزت وەک ھەمیشە پێشەنگ بووە! دەبێ کۆمەڵێکی دیکەی رۆڵەی کوردبە گوللەی دوژمن تێدا بچن، ئەوجا بەڕێزت و، سەرۆکی حیزبەکانیش لەدوورەوە ھانیان بدەن و بڵێن:مەترسن، چۆنکە ئازادیی بە بێ قوربانی نایەتەدی! ھەروەک بەڕێز کاک مستەفا ھیجریلە پەیامەکەیدا کە لەم وتارەدا دامناوە، دەفەرمێ: ''ھەموو دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لە گەڵ دەنگتانە، دڵمان لەلاتانە!!''.دڵسۆزیی لەمە باشتر دەبێت!؟ ژن و منداڵ و پیاو و لاوی خوێنگەرمی ولاتەکەت کە بۆ داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی ھاتووەتە سەر شەقام، بەدەستی بەتاڵ و بێ ھیچ پشتیوانێک، ھانبدەی بەرەوڕووی دڕندەترین و دواکەوتووترین رژێمی سەردەم بێتەوە، خۆڵ بکەیتە چاوی و بڵێی: دنیاتان لەگەڵە، بەڵام خۆم و ئەندامان و ھێزی پێشمەرگەم، دڵمان لەلاتانە!! ئایە بەڕێزت و کاک مستەفا ھیجری و ھەموو ئەندامانی سەرکردەیەتیی حیزبەکانی رۆژھەلات، دوای چل ساڵ، لەوە نەگەیشتوون، داوودەزگەی رژێمێک لە زیندانەکانیدا ھێند بێڕەوشت بێت، دەسدرێژیی بکاتە سەر خەڵکی ناڕازیی گەلی خۆی، ھەزاران ناڕازیی گەلی خۆی، لە زیندانەکانیدا کۆمەڵکوژ بکا و، کەس بە گۆڕیان نەزانێ، رەخنەگر و ناڕازیی گەلی خۆی بە بەرەڵڵا و بێڕەوشت و سەرسەری (ارازل و اوباش) بداتە قەڵەم، ئایە وەک مرۆڤ تەماشای کوردی بندەستی کردووە و، دەست لە کورد دەپارێزێ!؟


کێشەی کورد، کێشەی خاک و نیشتمانێکی پارچەکراوە، کێشەی نەتەوەیەکی پارچەکراو و نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و بندەستکردن وزەوتکردنی ھەموو مافێکی یاسای ومرۆڤی و نەتەوەییە لێی. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنیا بە دەرکردنی داگیرکەران لە کوردستان و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان چارەسەر دەکرێت. ھەموو بەشێکی کوردستان وەکیەکە و، چارەنووسی نەتەوەی کورد پێکەوە گرێدراوە. ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گەورە و پیرۆزەش، بەبوونی دەزگەیەکی نیشتمانیی دەکرێت کە پێکھێنەرانی باوەڕیان بەم پرنسیپانە ھەبێ و، لادان لێی بە تاوانی نیشتمانیی بزانن. رزگارکردنی کورد وکوردستان، بەبوونی سوپای نیشتمانی و میدیا و رێکخستنی نیشتمانی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکی نیشتمانیی دەکرێت، لەکۆتاییدا ھاندانی خەلک بۆ راپەڕین، لە ھەلوبارودۆخێکی گونجاوی سیاسییدا دەکرێت، جەماوەری کوردستان،متمانە و باوەڕی تەواویان بە سەرۆکایەتی و گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازیی خۆیان و نێشتمانیان ھەبێت.


لەبەر ئەوە ھاندانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی ئێستا بۆ راپەڕین بەبێ بوونی ئەو مەرجانەی سەرەوە، بەبیر و تێگەیشتن ولێکدانەوەی تاکەکەسی، بە بیری حیزبایەتی و ناتەبایی و چاوسۆرکردنەوەی سەرۆکایەتیی حیزبەکان لەیەک، بەھەوڵدانی حیزبی بۆ دەستخستنی پلەوپایەی سیاسیی لای رژێمی داگیرکەر و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی داگیرکەر، بە بیری ئێرانچێتیی و پاوانخوازیی ناکرێت. دەیان سالە نەتەوەی کورد بەھۆی پێڕەونەکردنی ئامانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەلایەن حیزبەکانییەوە، بەرەوڕووی کارەساتی یەک لەدواییەک و ماڵوێرانی و قوربانیدانی بێئەژمار بووە. درێژەدان بە رەوتی بەکوشتندانی رۆلەی کورد بێ لێکدانەوە و بێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، واتای بێڕێزی و بایەخنەدانە بە گیان و چارەنووسی ھاووڵاتیانی کوردستان و، تاوانێکی گەورەیە و، مێژوو لە تاوانی کەس خۆش نابێت!


کاک عەلی بەڕێز!


لەبارەی ئەو بزووتنەوەی عێراقەوە کە بەڕێزت بە شانازی و سەرکەوتنی دەزانی و، نێویتناوە: ''شۆرشی ئازادیی عێراق!'' و ھەزاران رۆڵەی کوردت پێ سەرقاڵکردووە، بۆچوونەکەت دوورە لە راستییەوە. ''ئازادیی'' واتای یەکسانییە لە ماف دا. یەکسانیی نێوان مرۆڤ لە ھەموو روویەکەوە، بێجیاوازیی. واتە بەبێ یەکسانیی، ئازادیی ھیچ واتایەکی نییە. ئایە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدار و خەڵکی عێراق بەگشتیی، لەم سەت سالەی کە کورد لە ولاتە دەسکردەکەیان جێنۆساید دەکرێت، باوەڕیان ھێناوە بە مافی وەکیەکی و یەکسان لە گەڵ کورد؟ ئێمە ھەر باسی عێراق نەکەین،ئایە تێکڕای کۆمەڵگەی وڵاتانی رۆژھەلاتی ناڤین لە واتای ''ئازادیی'' تێگەیشتوون؟ ئەگەر وایە ئەم ھەموو رژێمە دیکتاتۆر و ئەم شەپۆلی سەربڕین و خوێنڕشتنە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەک، لەپێناوی چیدایە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەنانەت ئەگەر قسەکەی ئێوە راست بێ و، ئەو خەڵکەلە ئازادیی تێگەیشتبێتن و، بۆ دابینکردنی ئازادیی خۆیان راپەڕیون، دیسان ئەمە پێوەندیی بە کوردەوە نییە، ھەروەک راپەڕینی ئێران نییەتی و نابێت بیبیت. کەتەلۆنیا و سکاتلەند دوو وڵاتی رۆژاوای ئۆرووپان، لەوە دڵنیان رژێمەکانی سپانیا و ئینگلیز سیستەمێکی دێمۆکراتیان ھەیە، ھەردووکیان بەتایبەتیی سکاتلەند، بەسیستەمی کۆنفێدراڵی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەو دوو گەلە نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بە شوورەیی دەزانن و، کیان و ناو و ھەست و کەسایەتیی خۆیانی تێدا نابینن. ئەوەی کە لە عێراقدا روودەدات، شانبەشانی داخوازیی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت، چینی ئاینزای شیعە دەوری تێدا دەبینێ بەسەرۆکایەتیی ئایەتۆڵڵا سیستانی. لەبیروپیلانی ئەوەدان، ئەگەر بۆیان بچێتەسەر، رژێمێکی ئیسلامیی ''شەشدانگ شیعە'' لە عێراق دامەزرێنن. با لەباتی سەرقاڵبوون و چاوەروانبوون کە دۆخی عێراق بە کوێ دەگات، لە باتی گێژکردنی خەڵکی کوردستان بە سەرھەڵدانی ئازادیی لە عێراق،کورد لە خەونی ئاڵۆزی سەت سالەی راچڵەکێ، سوود لەم پشێوییەی عێراق وەربگرێ. سەرۆکایەتی ھەرێم و خەڵکی کوردستان لە باشوور لەھەوڵی گێرانەوەی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکاندا بن، کە ساڵی ٢٠١٧ بەدەستی دارودەستەی جاش و خیانەتکارانی کورد ھەرزانفرۆشکرا و تەسلیمی داگیرکەران کرا.


برای ھێژا، کاک عەلی!


لە کۆتاییدا،ھەروەک لە سەرەوەش نووسیومە، بەڕێزت لەبواری راگەیاندن توانا و زیرەکیی خۆتت پێشانداوە. لە کوردستان و لەدەرەوە، بینەر و بیسەرێکی زۆرت ھەن، وەک کوردێکی دڵسۆزی کورد و کوردستان، تکایەکی برایانەم ھەیەلێت، ھاوکات لە گەڵ بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و رووداوەکان و خستەڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران و، لە کوردستان و، دەنگوباسی وڵاتانی دراوسێی کوردستان، حەفتەی چەند بەرنامە تەرخان بکەی بۆ ھۆشیارکردنەوەی لاوان وچینی خوێندکاری کوردستان. بۆ ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە، بە دڵنیاییەوە کەسایەتیی زانا و نەتەوەپەروەر زۆرن ھاوکار و یارمەتیدەرت بن. پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و ھۆشیاریی نەتەوەیی لە کوردستان، گەورەترین خزمەتێکە ئێوە دەتوانن بە گەلەکەتانی بکەن. ھێما و سومبۆل و رووداو و کارەساتەکانی وەک ھەڵەبجە، شەنگال، ئەنفال، کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران، دیاریکردنی رۆژێک بۆ سەرجەم لەسێدارەدراوانی رۆژھەلات بەدەستی رژێمی پەت و سێدارەی ئێران، بەرخۆدان وکارەساتەکانی باکوور و رۆژاوا، بکرێن بە رۆژی ماتەمینیی سەرتاسەریی لە کوردستان، مانگرتن و خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوە و سەمیناریان لەسەر بگیرێت. لەم رێگەیەوە ھەست و باوەڕی ھاوبەش و سۆز و چارەنووسی ھاوبەش لای تاکی کورد درووستدەکرێت. پرسی رێفراندۆم بۆ کوردستان، وەک داوایەکی مرۆڤی و یاسایی ببرێتە نێو مێشکی ھەموو تاکێکی کوردەوە. درۆشم و خەتدان و رێنوێنیکردن بە ئاقاری پەرەپێدانی ھزری نەتەوەیی و ھۆشیاریی نەتەوەیی، نەتەوەی کورد دەخاتە سەر شاڕێی تێکۆشین و خەباتی رزگاریی نیشتمانی و، لەو گێژاوە ھزری و سەرلێشێواوییە رزگاریدەکات کە دەیان سالە تووشی بووە. کوردستان لە دۆخێکی ئێجگار پڕمەترسی و چارەنووسسازدایە و، ھەر تاکێکی کورد ئەو راستینەیە تێبگا و بزانێ، کەسایەتی و ئاوڕو و ئاسایش و ھەبوونی وەک مرۆڤ، تەنیا لەسایی دەولەتی سەربەخۆی کوردستاندایە و، ھەر تاکێکی کورد ئەرکی سەرشانیەتی بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی خۆی و گەلەکەی تێبکۆشێت!
سەرکەوتنتان ئاواتەخوازم


١٠\١٢\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک