په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠٢٥

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتەی سیستەمی جیهانییە.


ئەرسەلان مەحمود      


گوتارێکی زاڵ هەیە، هۆکارەکانی نا جێگری دۆخ و هەڵکشانی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرجەم نائارامی و تراژیدیاکانی ناوچەکە بە فاکتەری کەلتووری یان ئایینییەوە دەبەستێتەوە. ئەم جۆرە شیکردنەوەیە، زۆرجار بە مەبەستی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی مێژوویی هێزە گەورەکان و شاردنەوەی دینامیکی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا بەکاردێت.

ئەوەی پێویستە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە تیشکی بخەینە سەر، ستراکچەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و میکانیزمەکانی دەسەڵاتە کە لە دەرەوەی گوتارە باوەکەوە کار دەکەن. بەبێ ئەمە، ناتوانین لە ڕووداوەکان و نائارامییەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەین.

پرۆژەی کۆڵۆنیالیستی: دروستکردنی "دەوڵەتی نەخۆش"
کۆڵۆنیالیزم تەنها سیستەمێک نەبوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان، بەڵکو پرۆژەیەکی تەواوکاری ستراتیژییە بۆ دروستکردنی جیهانێک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی هێزە ئیمپریالیستەکان ڕێکخرابێت. ئەم پرۆژەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئێستا بە دروستکردنی "دەوڵەتی نەخۆش" بەڕێوەچوو - دەوڵەتگەلێک کە بەشێوەیەکی مەبەستداری ئەوتۆ دیزاینکراون کە بەبێ چاودێری و دەستێوەردانی بەردەوامی هێزە دەرەکییەکان، هیچ کات نەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن.

سایکس-پیکۆ (١٩١٦) تەنها ڕێککەوتننامەیەکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو نموونەیەکی بەرجەستەکراوی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو. سنوورەکان بەشێوەیەک کێشران کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا دەستەبەر بکەن - نەک سنوورگەلێک کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتە ئیتنی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە بن. ئەمە دەیسەلمێنێت کە ناکۆکییەکان، کە ئێستا هەن وەک "کێشەی ئیتنی" یان "کێشەی ئایینی" ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا بەرەنجامی ئەم ستراتیژە دوورمەودایەن.

سیستەمی جیهانی ئابووری: میکانیزمێک بۆ چەوساندنەوەی بەردەوام
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیستەمی جیهانی ئابووریدا وەک "پەراوێز" دیزاین کراوە - ناوچەیەک کە ڕۆڵی یەکلایەنەی هەیە وەک دابینکەری کەرەستەی خاو (بەتایبەت نەوت) بۆ "ناوەند". ئەم پەیوەندییە نایەکسانە لە ڕێگەی میکانیزمە ئابوورییەکانی وەک قەرز، ڕێککەوتننامە بازرگانییەکان و پاڵپشتی دیکتاتۆرە گوێڕایەڵەکان پارێزراوە.

بانکی جیهانی و سندووقی نەختینەیی نێودەوڵەتی، زۆرجار وەک "یارمەتیدەری گەشەپێدان" نمایش دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کارن. ڕێککەوتننامەکانی "چاکسازی ستراکچەری" ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییانەی لەناو بردووە کە دەیانتوانی خەڵکی هەژار و چەوساوە بپارێزن و لە هەمانکاتدا دەرگەی بازاڕی وڵاتە هەژارەکانی کردۆتەوە بۆ کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان.

تیرۆریزمی دەوڵەتی: واقیعی شاراوەی ناوچەکە
کاتێک دەگوترێت "تیرۆریزم" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەکان ڕاستەوخۆ دەچنە سەر گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان. بەڵام ئەوەی لە گوتاری زاڵدا دەشاردرێتەوە، تیرۆریزمی دەوڵەتییە – ئەو توندوتیژییە ڕێکخراوەی لەلایەن دەوڵەتان بە پاڵپشتی هێزە گەورەکان بەرهەم دهێنرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە شارەکانی سوریا دەگوزەرێ، یان بلۆکی ئابووری دژی خەڵکی سیڤیل لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یان کوشتنی دروستکراو بەهۆی سیستەمی ئابووری و تەندروستی تێکشکاو - ئەمانە هەموو فۆرمەکانی تیرۆریزمن کە سیستەماتیک بەڕێوەدەچن. ئەم جۆرە توندوتیژییە، لە لایەن میدیای جیهانی پەردەپۆش دەکرێت وەک "ئاسایشی نەتەوەیی" یان "بەرژەوەندیی ستراتیژی" پاساو دەدرێت.

نوێکۆڵۆنیالیزم لەژێر ناوی "دیموکراسی"
ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بانگەشەی "بڵاوکردنەوەی دیموکراسی" زۆرجار بە دەستێوەردانی سەربازی دەکەن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کاتێک سەیری مێژووی دەستێوەردانەکان دەکەین، دەبینین کە ئەم هێزانە بەردەوام دژی بزووتنەوە دیموکراتیکە ڕاستەقینەکان وەستاونەتەوە و لە بەرامبەردا پاڵپشتی ڕژێمە ئۆتۆکراتییەکانیان کردووە کە خزمەتی بەرژەوەندییە ژیۆستراتیژییەکانیان بکەن.

لە ٢٠٠٣، عیراق تووشی "بەدیموکراتیکردنێک" بوو کە بە کوژرانی سەدان هەزار کەس، وێرانکردنی ژێرخانی وڵات و دزینی سەرچاوە نەوتییەکان کۆتایی هات. ئێمە ناتوانین توندوتیژی و نائارامی دوای داگیرکردنی عیراق لە بۆشایی سیاسی تێبگەین بەبێ تێگەیشتن لە ڕۆڵی داگیرکردنەکە وەک فاکتەری سەرەکی ، ئەمەی ئێستاش لە سوریای نوێ و ژێر دەسەڵاتی حکومەتە کاتییەکەی ئەل شەرعدا ڕوو دەدات، هەمان شتە بێگومان بە کەمێک لە فۆڕمێکی جیاواز تردا.

هێزی نەرم: کۆنترۆڵی بیرکردنەوە
ئاڵۆزیی سیستەمی کۆنترۆڵی جیهانی لەوەدا دەردەکەوێت کە تەنها پشت بە هێزی سەربازی نابەستێت، بەڵکو میکانیزمی نەرمتری وەک میدیا، خوێندن، و کۆنترۆڵی گوتار بەکاردێنێت. ئەوەی زۆرجار "هێزی نەرم" پێی دەگوترێت، لە ڕاستیدا فۆرمێکی کارامەترە لە کۆنترۆڵی جیهانی.

پێویستە ئەوە تێبگەین کە چۆن میکانیزمەکانی پڕۆپاگەندە کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی "ڕەزامەندی" بۆ داگیرکاری و دەستێوەردان. میدیای جیهانی، ئەکادیمیا و دامەزراوە کەلتوورییەکان بەردەوام وێنەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشان دەدەن کە گوایە "شکستی کەلتووری" و "گرفتی ناوخۆیی" بەرپرسن لە نائارامییەکان - نەک سیستەمی جیهانی کە بە ئەنقەست ئەم دۆخەی بەرهەمهێناوە.

ئایندە: بەرەو ڕێگاچارەیەکی ڕاستەقینە
کاتی ئەوە هاتووە چیتر ڕووکەش مەسەلەکە نەبینین و سەرچاوە ڕاستەقینەکانی ئاژاوە و نائارامییەکان هەڵبکۆڵین. تەنها بە تێگەیشتنی قووڵ لە دینامیکی سیستەمی جیهانی دەتوانین ئەو ڕێگەیانە بدۆزینەوە کە بە ڕاستی بتوانن ئاشتی و دادپەروەری بهێننە ناوچەکە.

ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوچەیەکی ئارام، دەبێت: کۆتایی بێنین بە دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی هێزە گەورەکان. ماف بدرێت بە گەلانی ناوچەکە کە بەبێ فشاری دەرەکی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. سیستەمێکی ئابووری جیهانی نوێ دامەزرێنین کە لەسەر بنەمای پەیوەندی یەکسان، نەک چەوساندنەوە، بونیادنرابێت. هەروەها میکانیزمێکی دادپەروەری نێودەوڵەتی دامەزرێنین کە هەموو تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی سزا بدات، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ ئەنجامی داوە.

سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە فۆرمی "دەوڵەت-نەتەوە" کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە و دروستکردنی فۆرمی نوێی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کە گونجاوتر بێت لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ناوچەکە.

پێویستە ئەوە ڕوونبکەمەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوربانی ئایین یان کەلتوور نییە، بەڵکو قوربانی سیستەمێکی جیهانییە کە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی کەمینەیەکی بچووک دیزاین کراوە - سیستەمێک کە بەردەوام ناجێگیری، شەڕ و ناعەدالەتی بەرهەم دێنێت. تەنها کاتێک ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت، دەتوانین بگەینە ئاشتییەکی ڕاستەقینە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک