په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

رۆژگاری مرۆڤە هەرزانەکان!

سەلام عەبدوڵا 


(کاتێ چادرنشین بووین، بەهۆی سەرماوە، دوو منداڵم(حەنین)و(عەلی)، لەدەستدا. حەنین تەمەنی12رۆژ بوو و(عەلی)شم لەبارچوو، بۆیە ئێستا منداڵم نییە). لەژێر فشاری گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە، لەبیرم چوو ناوی ئەو دایکە، بنووسم، بەڵام هەر باشە پێشتر وێنەی خۆی و کەلاوەکەیم گرت. ئەم جارەش بۆم روونبووەوە کە هەژارەکان لەسایەی"ئازادی و دیموکراسی"شدا، نەک تەنها بۆیان نییە پیر ببن، بەڵکو ناشبێ سەرماشیان ببێ!


لە گرامافۆنەکەوە گوێم لە سروودێکی کۆمونەی پاریسە(هەرگیز پاریس بەم ئەندازەیە ئازاد و خاوێن نەبووە!).


رۆژێک دێ چیتر هاوشێوەکانی ئەو دایکەو(عەدنان ئاغاموراد جەمشیر)و هاوسەرەکەی(گوڵزار یارگ جەمشیر، ژمارەی تەلەفۆن0770635972، کارێزی سەرو)لە خانەقین، لەبەردەم منداڵەکانیان(بەیان، بەتول، بەهار، عەلی) بە خەم و دڵشکاوییەوە باسی نەخۆشی و هەژارییەکەیان ناکەن:
گوڵزار: من نەشتەرگەری قەستەرەی دڵم کردووەو ناساخم.


- عەدنان: من زوو خوێنی لووتم بەردەبێ.


بەتوول: منیش هەناسەم تەنگ دەبێ.
گوڵزار: کوڕەکەم عەلی 4نەشتەرگەری کونی نێرینەی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا چارەسەر نەبووەو تا گەورە ببێ کێشەکە ئەوەندەی تر گەورەتر دەبێ، بەڵام پارەمان نییە بۆ سلیمانی بیبەین و لەلای پزیشکێکی پسپۆڕ چارەسەری بکەین. بەهۆی دەستکورتیمان، د. کامەران ئەحمەد3جار بەخۆڕایی نەشتگەری کردووە.


- کرێنشینن یان ماڵی خۆتانە؟
گوڵزار: ماڵی براکەمەو رێیانپێداوین بۆ ماوەیەک لێرە نشتەجێ ببین؟
- بۆچی خەڵکی ئێرە نین؟
گوڵزار: با، بەڵام کاتی خۆی حکومەت کاتی بە زۆرەملی بۆ سامەرا دەریکردین و لە2004گەڕاینەوە.
- بەچی دەژێن؟
عەدنان: لە کەبابخانەیەک کاردەکەم و رۆژانە8هەزار دینار وەردەگرم.
ئەی، ئەی، ئەوە خۆ هەژارن نابێ نەخۆشیش بکەون...


لەم یدارە بوومە، برادەرێکی ئەمستردام نشین زەنگی بۆ کردم و لەلای کاک زەکی یەکمان گرتەوە. بە هەلم لەگەل مام رەشید ئاشنای بکەم کە چەند هەنگاوێک لێمان دوورە. چووینە ناو ماڵە بێ دەرگاکەی، لەبەر سەرمایی پەتوویەک بە دەرگاکەی هەڵواسرابوو... بەشێنەیی پەردەکەم لادا، دەبینین مام لە"کوڵانەکەی"، لە خەوێکی قووڵدایە. ئەوجا برادەرەکەم قسەی خۆی کرد!


من زۆر"سەرسامم" بە دادوەری و نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی ڤیلاو تەلارنشینان، خاوەن بانق و سەرمایە، گارگە، بازرگان و حاجییەکانی رێگای سعودیەی عەرەبی و بەرپرسانی حکومەت و حزب بۆ نیشتمان و بازاڕو عەقارو سەوداکاری و خیتابە هاوبەشەکەیان. چەند مەزنن ئەو پەپوولانەو نووسەرو رۆژنامەنووس و شاعیرەکانیان...ئەوەی دەنگ بە ئێوەی مەزن نەدا، تاونبارو نەوکەری هێزە دەرەکییەکانە!


هەی! لەگەل ئێوەمە: هاوشێوەکانی ئەو دایکە بێ ناوەو عەدنان و گوڵزار و بەتول، وریابن، چاوتان بکەنەوە:


نیشتمان لە مەترسییە...پیلانی دەرەکی دژ بە ئێمە بەڕێوەیە!


زۆربەی گۆرانیبێژەکان، هاوشێوەی گۆرانی(مەمکی خڕکرد)بۆ زۆربە(هەژارەکان)ی کوردستان دەڵێن، زۆربەی نووسەران بایەخ بە هەموو شتێک دەدەن، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و چۆنێتی پەیڕەوکردنی نەبێت، سیاسەتمەدارەکان شەورۆژ وەک پارێزەری گەلی کوردستان خۆیان دەنوێنن، کەچی بێئاگان لە ژیان و گوزەرانی هەژارو لێقەوماوەکان، حکومەت و حزبەکانی هەراسانیان کردین لەبارەی مافی یەکسانی ژن و پیاو، کەچی پەک ژنیان کرد بە وەزیر، زۆربەی"رۆشنبیران"لافی عیلم و عیرفان لێدەدەن، کەچی بۆ جارێکیش خۆیان نەکرد بە بەربەست لەبەردەم خەرجکردنی"دێوەخانانە"بۆ ئاغا و شێخەکان، لە زۆربەی دێهاتە کوێستانییەکان هێشتا باگردێن بەکاردەهێنرێت، کەچی لە سلیمانی هوتێلێک درووستدەکرێت بەرزییەکەی دەگاتە کەشکەشەی ئاسمان، بەرپرسەکان لەپشت مێزی پان و پۆڕ و کۆشکی"خرپن"ەوە خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچی تەنها بۆ پرسەو سەرەخۆشی و بەسەرکردنی"ناوداران و سەرۆک عەشرەتەکان، قافڵەی ئۆتۆمبیلەکانیان بەرێدەخەن، سەرۆکهەرێم و کۆمار و "خواپێداوەکانی"دەوروبەریان لە واشینتۆن و ڤییەنا سەردانی پزیشک دەکەن، کەچی هەزاران وەک عەلی ناتوانن بۆ نەشتەرگەری نەخۆشییەکەیان، سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکانی خانەقین و سلیمانیش بکەن(خانمێک بەناوی سوهەیلە بەهەمان شێوە)و هەروا:


جا ئەم لێقەوماوانە کە حزبەکانی حکومەت و بەناو ئۆپۆزیتسیون و ئیمامە"سەرگەرمەکان"، دەستبەرداریان بوون، بۆ کوێ سەرهەڵبگرن؟روو لە کێ و لە کوێ بکەن؟ کێ بەرپرسە لەم نەهامەتییانەو چۆن چارەسەر دەکرێن؟!


من ئیمڕۆ دووجار: جارێکیان لەلایەن شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ بنکەی رۆشنبیری لە خانەقین و جارەکەی تر لەلایەن مرۆڤێک بەناو(سۆلاف)ەوە شەرەفی(هەژارپەروەر)ی پێدام. من لە دڵەوە خەڵاتی دووهەم خۆشبەخت وحاڵی کردم و بڕوام وایە هیچ خەڵاتێکی تر ناتوانێ بگاتە پلەبەرزی و جوانی وپڕمانایی نازناوی(هەژارپەروەر)...


ئێستا کات درەنگەو کاتی ئەوە هاتووە، ئەو عەزیزانە کە مێشک و هەستمیان داگیرکردووە، لەگەل خەم و چاوەڕوانییەکانیان خەویان لێکەوتووەو منیش لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەم، سەرنجی وێنەکەیان دەدەم و"پرسیار و گومان و نووری موحیبەت"لە تێڕوانینە سەرگەردانەکەیان بۆ یەکتری دەبینم...
کوشتن شێوازی جۆراوجۆری هەیە، مەرجەکانی شێوە ژیانی ئەو کەس و خێزانانە، جۆرێکیانە...دایکەکەم سەرت بەرز رابگرە، هەموو سەرانی ئەم کەونە ناگەنە لووتکەی تێڕوانییە هەستیارەکانی ئێوە... بە سەربادانەوە، نەفرەت لەدەسەڵاتدارەکانیان کرد، بەڵام ئەمە بەس نییە، گرنگ ئەوەیە رزگاریان ببێت، ئەمەش هەرگیز خەون و لەخشتەبردن نییە...ئەو رۆژە هەر سەرهەڵدەدا...