په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠٢٥

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو کوێ؟


جەمال کۆشش      

یەک: شەڕ و سەرمایەداری.


(سەرمایەداری شەڕی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە، چەشنی هەور و بارانن) جیـیەن یاور.


لە سەرەتای سەدەی بیست و دەورانی شەڕی جیهانی یەکەمدا، لە لێکدانەوە تێۆرییەکاندا، شەڕ بە قۆناغی ئیمپریالیزم و کلۆنیالیزمەوە پەیوەند دەکرا. شەڕ ئامڕازێکی توندوتیژی سیاسەتی ئیمپریالی سەرمایەی مالی و فراوانکردنەوەی بازاڕ و تاڵانکردنی کەرەستە خاوەکان و بەدەستخستنی هێزی کاری هەرزان و دابەشکردنی جیهان لەنێو دەوڵەتە ئیمپریالییەکاندا شرۆڤەدەکرا، تێۆری شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیۆنالی دووەم لە کۆنفرەنسی شتوتگارتەوە (١٩٠٧) بە بڕیارنامەیەکی گشتی کە هێڵە سەرەکیـیەکانی لە لایەن (ئۆگوست بیبل-August Bebel)ەوە ئامادەکرابوو، دواتر لەلایەن (لینین) و (ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ)ەوە دەستکاری و تەواوکراو و لە کۆنگرەی کۆبنهاگن (١٩١٠) و کۆنگرەی بازل (١٩١٢)یشدا قەبوڵکرایەوە، هەڵویست و سیاسەتی مارکسیستی ئەو دەمە بوون. (عەسکەرتاریەت و شەڕی جیهانی) کرێکاران و سەربازان نابێت بەناوی پاڕاستنی وڵات و ئەرکی نیشتمانی یەکتربکوژن، پێویستە لولەی چەکەکانیان بەڕووی بۆرژوازی نێوخۆدا وەرگێڕن و بە شۆڕشی سۆشیالیستی دەسەڵاتی خۆیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاشتی لە سیستەمی جیهاندا پایەدار بکەن.


شەڕ سروشتێکی بونیادی و نێوخۆیی سیستەمی ئێستایە، خۆی بەرهەم و لۆجیكی کوێرانە و تەماحکارانەی سەرەکی یەکلاکردنەوەی ناکۆیـیەکانی ناو سیستەمەکە و پۆلبەندیـیەکانی و دابینکردنی مەرج و پێداویستیەکانیـیەتی بۆداگیرکردن و قۆرخکردن و پچڕینەوە. ئەگەر بۆ وتە بەناوبانگەکەی (کارل ڤۆن کلاوسفیتز-Carl von Clausewitz) تێۆرسیۆنی ملیتاریزم بگەڕێێنەوە (شەڕ درێژەدانە بە سیاسەت بەشێوازی تر). شەڕ دەبێت چی لەناوبەڕێت و کام سیاسەت لە شوێنی جێگیر بکات، یانی ئەوە چ سیاسەتێکە بە شەڕ بوار بۆ دبلۆماسی و دانوستان و ئاڵوگۆڕی ڕژێمەکان دەکاتەوە.


(سەدان دەوڵەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەماوەی ئەم (٥) ساڵەی کۆتاییدا بەشداری شەڕیان کردووە یان پشتی لایەنێکیان گرتووە کە لەگەڵ لایەنێکی تردا لە تێهەڵچوونی چەکداریدا بوون. لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە توانایی عەسکەرتاریەتی جیهانی بەڕێژەی سەدا دە (٪١٠) زیادی کردووە. تەنها لەساڵی (٢٠٢٢)دا (٣٨٠) هەزار کەس کوژراون، ئەمە ڕێکۆردێکی غەمگینە لە (٣٠) ساڵی ڕابردوودا، (1). ئەم وتارە لە مانگی نۆی ساڵی پاردا نوسراوە، شەڕ و کوشتارەکانی ئەم ساڵی (٢٠٢٥)ی تیا نیـیە کە هەم دەوڵەتانێکی زۆرتر و ژمارەی کوژراوەکانیش لەپڕ بەرزدەبێتەوە.


شەڕ بۆ لەناوبردنی چەکی کۆکوژ و دژە تیرۆر.


شەڕی دووەمی کەنداو، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی (١٩٩١) لە دژی عێراق، کەپاش داڕوخانی بلۆکی (سۆشیالیست ڕیال!) یەکێتی سۆڤیەت بەرپاکرا. بۆشی باوک، نێوی نا (نەزمی نوێی جیهان). کارەساتی (١١)ی ئەیلولی (٢٠٠١)ی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی شەڕیان لەژێر ناوی (شەڕ لە دژی تیرۆریزم) و لەنێوبردنی (چەکی کۆکوژی و کیمیایی) بەرپاکرد. سەرەتا ئەفغانستان و پاشان عێراق و دواتر لیبیا و سوریا، ناوچەکەیان ڕاپێچایە نێو کوشتار و شەڕ و هەژاری و برسیەتی و دەربەدەریـیەکی بێ وێنەوە.


لە (٧)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە، ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو کارەساتە تیرۆریستیـیە دڵتەزێنەی (حەماس)یان قۆستەوە بۆ پیادەکردنی شەڕێک کە ئامانجەکەی یەکجار گەورەترە لە بەرپەرچدانەوە و دابینکردنی ئاسایشی دانیشتوانەکەی.


ملیتاریزم و نیولیبڕالیزم.


لە ماوەی (٣٥) ساڵی ڕابردوودا، سەرمایەداری نیولیبرالیستی، بۆ ماکسیماڵکردنی کردنی قازانج، چەوسانەوەی توندتر و دڕتر کردۆتەوە. بەکاڵاکردنی کەرتە کۆمەڵایەتیـیەکان بۆ بازاڕی ئازاد و فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت و کێبڕکێی توند لەنێوان کۆمپانیا گەورەکان وتێکەڵبونیان بە چەقی دەسەڵاتدارەتی و داڕشتنی سیاسەتی بەرگری و ئابوری و میدیایی. پیادەکردنی ئەم سیاسەت و ڕێکارە ئابووری و فەرهەنگیـیانە، لەپرۆسەی چڕکردنەوەی ساماندا، جیاوازیـیەکی گەورەی لەنێوان گەڕەکەکانی شارە گەورەکان، هەقدەست و مووچە، شار و لادێ پێکهێناوە. کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکان بە مانگرتن و خۆپیشاندانی گەورە و خەبات و ڕاپەڕینەکان بەرگرییان کردووە. لەنێو پۆلبەندیـیەکان و دەوڵەتەکانیشدا لەسەر کەرەستە سەرەتایـیەکان، باج، گومرگ، بەندەرەکان و هێڵەکانی بازرگانی و سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەهەمانکاتدا، پرۆسەی خۆ پڕچەککردن و دروستکردنی میلیشا و پێشکەوتنی هێڤیانەی سەربازی ئەم ناوچەیەی لەنێو شەڕێکی بەردەوام و بێکۆتاییدا بەگیرهێناوە. گەورەیی و کوشندەیی بۆمبەکان و فێڵ و تەڵەهەواڵگرییەکانیان تاکە بژاردەیەکە بۆ ملکەچپێکردن، ئەوەش تاکە زمانی چارەسەرە. زۆر جار ئەم هێزانە ڕوو بەناوخۆ لەبەرامبەر دوژمنە چیناتیـیەکانیان بۆ لەخوێن هەڵکێشانی ناڕەزایەتیـیەکان بەکارهێنراون و هەندێ جاریش بۆ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتەکانی دروسێـیاندا، لەژێر ناوی دژە تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و مافی بەرگریکردن لەخۆ ئەنجامدراون. بزنسی عەسکەرتاریـیەت و گروپە میلیشایـیەکانی وەک (ڤاگنەر-Wagner)ی ڕوسی و (بلاک وەتەر-Blackwater)ی ئەمەریکی و بەکرێگیراوەکانی تورکیا و کۆلۆمبیەکانی ئۆکرانیا ڕوویەکی دزێوتری ئەم سەرمایە (دڕندە گۆشت خۆرەیە).


دوو: سعودیە و فەلەستین، ئیسرائیل و تورکیا، ئەمەریکا و ئێران، پارادیمی ئاپۆ.

 

(ڕۆبێرت فۆرد-Robert Ford) لە (٢٠١١) تا (٢٠١٤) باڵوێزی ئەمەریکا بوو لە سوریا. لە دانیشتنی یەکەمی لەگەڵ (ئەحمەد شەرع)، لە ساڵی (٢٠٢٣)دا لە ئیدلیب، پێی وتبوو "هەرگیز بۆیەک ملێۆن ساڵیش ژیابام، ئەوەم تەسور نەدەکرد لە تەنیشت تۆوە دابنیشم"، شەرع وەڵامی داوەتەوە (ئێ، خۆ بۆ منیش هەروا بوو".(٢)


یەکێک لە ڕاپۆرت نوسانی هەفتەنامەی (دێر شپیگل-Der spiegel)ی ئەڵمانی، (ماکسیم میتل ئەستید کە زیاتر لە (٢٠) ساڵە بە بەردەوامی لەسەر کێشە و ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵات بۆیان دەنوسێت) لە (نیو یۆرک تایمز-New York Times)ەوە چەمکێک وەردەگرێت کە هی (تۆماس فریدمان-Thomas Friedman)ە،فریادمان دەنوسێت: "شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لەدژی ئیران کاریگەرییەکانی بۆ ناوچەکە وەک شەڕی جیهانی دووەم بوو بۆ ئەوروپا. هەموو دامەزراوە چەسپاوەکانی بەتەواوی لەرزاند و ڕێگای بۆ شتێکی نوێ کردەوە".(٣)


بۆ باشتر حاڵیبوون لەم ئالوگۆڕە مێژوویـیە، ناتوانین لە هۆکارە جیهانیـیەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری گلۆباڵ دایببڕین. کۆتایی [جێمیرکا-](٤) و زیادکردنی باجی گومرگی تا سەدا چل (٪٤٠) بۆ هەندێ کەلوپەل (شایانی وتنە هەمان تەنگوچەڵەمە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا لەبواری بازرگانی و گومرگ دا سەریانهەڵدابوو)، (یاساکانی بێ بێ بێ-BBB- لە ئەمەریکا)(٥) کە باج لەسەر هەژارەکان زیاد دەکات و لەسەر دەوڵەمەندەکان سوکتر دەکات لە سەدا شێست و چوار (٪٦٤) خەڵک ڕەتی دەکەنەوە، ترامپ فێڵبازانە خستیـیە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە. بەهۆی تێپەڕاندنی ئەم یاسایانەوە، ئەمەریکییەکان دەکەونە ژێر قەرزێکی (٣٤٠٠) ملیاردیـیەوەکە ڕۆژانە پێویستە (٣) ملیارد تەنها بۆ سووی (ڕێنت) بدەنەوە. لە کاتێکدا زێڕ تەنها لە (٣) مانگی ئەمساڵدا، سەدا سی (٪٣٠) نرخەکەی چۆتە سەر، بەهای دۆلار لە (٦) مانگی ئەمساڵدا سەدا یانزە (٪١١)ی لە نرخەکەی لەدەستداوە، بێوێنەیە لە (٥٠) ساڵی ڕابردوودا. تا ئێستا دۆلار لە سەدا نەوەت (٪٩٠)ی مامەڵەی جیهانیدا بە پارەکانی ترەوە هەڵدەسورێنێت. دۆلار خۆی چەکێکی سیاسی گرنگ بوو بۆ کۆنترڵی سیستەمی مالی جیهانی و پێگەی ئابوری ئەمەریکا(٨).


خۆگرتنی گروپی (بریکس-BRICS) کە مانای ئاڕاستەی دامەزراندنی جیهانێکی فرە جەمسەر و تێکشکاندنی هەژموندارەتی تاک لایەنەی ئەمەریکایە، شەڕ لەسەر سەرچاوەکانی وزە و هەژموندارەتی برەوێکی گەورەتری وەرگرتووە. شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاش کە لەحەوشەی پشتەوەی ئەوروپادایە، ڕەنگە بگاتە ژوری نوستنەکانیش، کۆتایی شەڕەکە ئەگەری زۆرە بە تراژیدایەکی گەورە خامۆش ببێتەوە. ئامادەکردنی (ئەحمەد شەرع) لەلایەن ئەمەریکا و کردنەوەی نوێنەرایەتی تاڵیبان لە مۆسکۆ لەنێو هەمان کۆنتێکستدایە.


ئیسرائیل ئەم ماوانە زۆر سەرکەوتنی بەدستهێناوە لەبەرامبەر "تەوەرەی بەرگریدا" و هەزارکیلۆمەتری چوارگۆشەی لە خاکی سوریا داگیرکردووە، بەڵام لەگەڵ نەفرەتێکی کۆمەڵایەتی فراواندا بەرەوڕووە، سەرەڕای ئەوەش، گرێیەک کەهەرگیز بە شەڕ ناتوانرێ لەنێو بچێت، ئەوە ماوەتەوە، دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەمەش کابوسی ناتانیاهۆیە، مافی خەڵکی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەت!


سعودیە، دەوڵەتێکی گرنگ و گەورەی ناوچەکەیە و توانای گەورەی هەیە و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و پرۆسەی پەکخستنی (ڕێککەوتنامەی ئەبراهام) بەهۆی کارەساتی (٧) ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە وەستێنرا. سعودیە پلانێکی ستراتیژی نێوخۆیی هەیە کە نایپەرژێتە سەر شەڕی گەورە، لە هەمانکاتدا پرۆژەیەکی گونجاوی بەپشتیوانی فەرەنسا بۆ کێشەی فەلەستین هەیە.


ئەردۆگان هیچ کارێکی پێنەسپێراوە لەم ئالوگۆڕەدا، تەنانەت وەک نێوەندگیریش لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەدکرایەوە، مەئموریەتێک: نامەیەکی پزیشکانی گەیاندبوو بە سەرۆک ترامپ! جنێوە ڕێتۆریکەکانی بە ناتانیاهۆ، چواندنی بەهیتلەر، بۆ مەسرەفی نێوخۆیی و سۆزی ئیماندارانەیە بۆ لایەنگرە کۆنسێرڤەتیڤە ئیسلامیـیەکان. جوگرافیای کێشەکان نەک فەلەستین، سوریایە. پرۆتۆکۆڵی فەرەمی بە شایەدی لایەنی سێهەم لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا هەیە پەیوەندییەکانیان لە هیچ کاتێکدا بەشەڕ نەگەیەنن.


لەنێو دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ڕەوتێکی سیاسی بەهێزی کۆمەڵایەتی کە نیشانیداوە ڕێگری سیاسەتی ئیپمپریالیستەکان نیـیە، هێزەکانی ئاپۆیزم کە بە دسپلینن و گوێڕایەڵی سەرکردەکانیانن، وە لەنێو ڕیزەکانیدا ناوەند و باڵە جیاوازەکانیان بەرژەوەندی ماددی و سیاسی گەورە تێکەڵ بەپرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوەی جێۆپۆلەتیک و پۆلبەندیـیە نوێـیەکان دەبن و پەرچەمی سەرمایەداریـیەکی سەوزیان هەڵکردووە و کێشەی کورد بە "کۆمەڵگەی دیموکراسی" و "ئازادیـیە کلتوریـیەکان"دا دەتوانێت مانایەک پەیدا بکات لە تورکیا دا.


"چەکوشی نیوە شەو" یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، چارەنوسی شەڕی (١٢) ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی بەلوتکە گەیاند و یەکسەرە ئاگربەستی دەستبەجێی ڕاگەیاند. ئەمەریکا ئەگەری زۆر هەیە هێشتا بەشوێن گۆڕینی ڕژێمەوە بێت لە ئێراندا، ئەگەر خۆی نەکاتە نێچیری ئەمەریکا و لە هاوکێشەی چین دەرنەچێت. لە داهاتووی سیاسی ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران شانسی زیندوومانەوەی زۆر کەمە.


ئەگەر سیاسەت بۆشایی قەبوڵناکات، شەڕ ئەو پلان و ئەجێندانە دەسەپێنێ کە براوەی شەڕ دایدەڕێژێت. جیاکردنەوەی گۆڕێنی ڕژێم بە شۆرشی کۆمەڵایەتی گرنگترین و هەستیارترین ئەرکی کۆمۆنیستەکانە. دوو بەرنامە و پلاتفۆرمی جیاواز و دژ بەیەکن. گۆڕینی ڕژێم لەژێر سایە و لەنێو شەڕی ئیپمریالیستەکاندا، دزینی هەموو خەونێکی ئازادیخوازییە بۆ مەرامێکی کۆنەپەرست لەلایەن تاوانبارترین ڕژێمەکانەوە. تیرۆریستەکانی ساڵانی دوو هەزارەکان کە لە زیندانەکانی ئەمەریکا بوون لە ئەبوغریب و زیندانەکانی تر ئێستا دەسەڵاتداری عێراق و سوریان.


بزوتنەوەی ئاشتیخوازی و دژە شەڕ لە مڕۆدا، هێزێکی کۆمەڵایەتی فراوان و نێونەتەوەییە، سەدان حزب و لایەنی سیاسی، سەندیکا کرێکاری ڕادیکاڵەکان و نەوەیەکی نوێ کە پێدەنێنە نێو سیاسەتەوە لەبەرامبەر بۆرژوازی وڵاتەکانیاندا بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمەریکا لەبەرامبەر ملیتاریزم و شەڕخوازی، لەدژی بێکاری و گرانی و حەقدەست ڕاوەستاون، بەڵام بۆ دەرکەوتنیان وەک ئالتەرناتیڤێکی نێونەتەوەیی کاریگەر لەبەرامبەر بۆرژوازیدا کە ماکینەی سیستەمەکەی پەکبخات، بەدڵنییایەوە ماویەتی.
_________________________________________
ژێرنوسەکان:
١- Solidaritat info, es gibt keinen kapitalismus ohne Krieg . Chira Stenger.
٢- nzz.5.juli.2025 S3.
٣- Der spiegel Nr 27.28.6.2025 S 20.
٤- چیمریکا (چین و ئەمەریکا) وشەیەکی لێکدراوە بۆ سیاسەتی بازرگانی نێوانیان بەکاردەهات. بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێوە بۆ وتاری ( ڤایرۆسی چێمێرکا٢٢، پەتایەکی نوێ لەسیتەمی سەرمایەداری جیهانی)، نوسینی جەمال کۆشش.
٥- کوتکراوەی (بگ، بیتوفڵ، بلد) کە کرۆکی یاساکان باج لەسەر دەوڵەمەندەکان کەمدەکات و ئەرکی دەوڵەت لە خزمەتگوزاریەکان و بیمە کۆمەڵایەتیـیەکان سوک دەکات.
٦- NZZ am Sonntag 6.juli.2025.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک