٨\٣\٢٠١٢
رۆژی ٨ی مارس، بۆ؟
لێرەدا پرسیارەکە لەسەر ئەوە نییە، کە چۆن ئەو بۆنەیە لەو ڕۆژدا سەری
ھەڵداوە، چونکە یەکەم بۆ کەسانێک کە دڵەخورپەی ئازادی و یەکسانییانە،
بەدڵنیاییەوە بەسەرھاتی ئەو ڕۆژە و چۆنیەتی بوونی بە ڕۆژی جیھانی
دەزانن و ئەوەش دەزانن کە جیھانیبوونی ئەم ڕۆژە بارەتەقای کۆششی تەنیا
ژنێک (کلارا زیتکین) نییە وەک چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو
بەرھەمی خەباتی نەپساوەی بزاڤی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە
شانبەشانی بزاڤە سۆشیالیستییەکان لە چەند ساڵی یەکەمی پاش ڕووداوەکە لە
جیھاندا و بەو جۆرە بەردەوامی خەبات لەو پێناوەدا گەیاندییە ئەو ئاستە
کە زۆرێک لە وڵاتان ناچاربوون مل بەوە بدەن، کە بیکەنە پشووی فەرمی.
بەڵام ھەر زوو وەک ھەر ڕووداو و دیاردە مێژوویی پاش پیرۆزکردنی و
بەرتەسککردنەوەی لە یاد و ئاھەنگگێڕاندا، گۆڕا بە ڕۆژێکی ناکارا لە
خەباتی یەکسانیخوازانەدا و تەنانەت لەو ولاتانەدا کە چەپەکان تێیدا لە
دەوڵەتدا بوون، ئەم ڕۆژە لە ھەلی پاگەندی پارتی و نیشاندانی ھێزی
دەوڵەت، ھیچی دیکە نەبوو. ئەمەش بەپێی ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکان و
ئاڵوگۆڕی دیاردەکان لەژێر کارایی گۆرانی مێژوویدا، شتێکی چاوەڕوانکراوە،
ھەروەک بۆنە ئایینییەکان و سەردانی مەرقەدەکان بەپێی ڕەوتی مێژوویی
بوونەتە شوێنی بەیەکگەیشتن و ڕابواردن، ھەرئاواش ڕۆژی جیھانی ژنان
بووەتە بۆنەی پاگەندەی دەسەلاتداران و چەپە دەسەلاتخوازەکان و کرۆکە
شۆڕشگێڕییەکەی لەدەست داوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەم ڕۆژە لە ھەر
وڵات و ناوچەیەک و لە بەرنامەی ھەر پارتێکی رامیاریدا، ڕوخسارێکی دیکەی
بەخۆوە گرتووە و کراوەتە بۆنەی مەزھەبی و ناسیونالیستی و پارتیی و لە
بۆنە و یادێکی شۆرشگێڕانەوە کراوە بە ڕۆژێک بۆ پەخشکردنی ئایدیۆلۆجیا
جۆراوجۆرەکان و ھەلێک بۆ بازرگانی، بۆ نموونە ئەم ساڵ لە ھەرێمی
کوردستاندا لەبری پشووبوونی ئەم ڕۆژە، دەسەڵاتداران فەرمانیان
دەرکردووە، کە ھەموو کەسێک (ژنان) دەبێت بە پۆشاکی کوردییەوە بچێت بۆ
سەرکار و خوێندن، کە بێجگە ھەلی بازرگانی و کەوڵکردنی ناوەڕۆکی ئەو
ڕۆژە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی ژن و بە جیھانیبوونی ئەم ڕۆژەوە نییە.
ئەگەر لەمانەش بگوزەرێین، پرسیارێکی دیکە یەخەمان دەگرێت، ئەگەر ژنان
لە ساڵێکدا ڕۆژێکیان ھەیە، ئەی ٣٦٤ ڕۆژەکەی دیکە
ھی کێن؟ ماف و ئەرک و ڕۆڵ و ڕێوشوێنی ژنان لە ڕۆژەکانی دیکەدا چییە و
چۆن دەبێت؟
بێجگە لەمە پارتە رامیارییەکان لەپێش ھەموویانەوە پارتە چەپەکان، ھەموو
ساڵ لەم ڕۆژەدا دەزگەی پاگەندەیان دەخەنەگەڕ و ڕۆژی پاشتر تەنانەت ژنە
پاشرەوەکانیشیان دەگەڕێنەوە ڕۆلی ئاساییان و بوخچەی ئازادی و
یەکسانیخوازییان تا ساڵێکی دیکە دەپێچنەوە و سەدان ڕووداو و کارەسات و
کوشتوبڕ و بازرگانی بەسەر ژناندا دێن و دەکرێن، چەنەبازە ڕامیارەکان
بێجگە لە بەیاننامەی پاگەندەیی بۆ پارتەکەیان و ئایدیۆلۆجییەکەیان،
ھیچی دیکە بە ئەرکی خۆیان نازانن!
ئەمە وێنە ڕاستەقینەکانی پشت پاگەندە و ھەوڵی دەسەڵاتەکان و چەپەکانە،
بۆیە بە بڕوای ئێمە بەشداریکردن لە بەئاھەنگکردنی ئەم ڕۆژە و والاکردنی
مەیدان بۆ پاگەندەی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازان خزمەتکردنە بە کۆنەپەرستی و
کۆیلەراگرتنی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
ئێمە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لەم بارەوە
بۆچوونگەلێکی دژەتەوژممان ھەیە، کە لەم خالانەی خوارەوەدا خۆیان کورت
دەکەنەوە :
ڕۆژی ٨ی مارس و بەجیھانیبوونی ئەم ڕۆژە
بارەتەقای پاڵەوانبازیی ھیچ سەرکردە و دەستەبژێرێک نییە و تەنیا
بەرھەمی خەباتی نەپساوەی بزاڤی ئازادیخوازانەی ژنان و بزاڤی
سۆشیالیستیی جیھانە بەگشتی.
ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی ئاھەنگگێران و خۆرازاندنەوە
و مەیخواردنەوەی ناو ھۆڵ و باڕەکان نییە، بەڵکو ڕۆژی ڕژانە سەر
شەقامەکان و دەستلەکارکێشانەوە و داگیرکردنی پارلەمان و کارگێڕییەکانە.
ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی تیندان و باگەوازکردن بۆ
ئایدیۆلۆجییە مەزھەبی و ناسیونالیستی و چەپی و نیئۆلیبرالییەکان نییە،
بەڵکو ڕۆژی بانگەوازکردنە بۆ خەباتی جەماوەری و کۆمەڵایەتیی بۆ
پاشەکشێکردن بە ڕەوتی کۆنەپارێز لە کۆمەڵگەدا.
بە بۆچوونی ئێمە چەوسانەوەی ژنان کاری تاکە پیاوێک نییە، وەک ئەوەی
فێمینیستە بۆرجوازییەکان و چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو کارکرد و
بەرھەمی دەسەلاتی رامیاریی و دەسەڵاتی کولتوورییە، کە جیاوازی چینایەتی
مامانی لەدایکبوونیانە.
ئێمە لەو بڕوایەداین، تا سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا بمێنێت و تاوەکو
پێناوێک بۆ چەوسانەوەی مرۆڤ بمێنێت، ژنان وەک بەشێک لە کۆمەڵگە ئازادی
یەکجارەکی بەدەست ناھێنن، ھەروەھا بە پێچەوانەی پاگەندەی فێمینیستە
بۆرجوازییەکانەوە، لە دیموکراتترین دەسەلاتی بۆرجوازیدا و لە سایەی
لیبرالیترین یاسایاندا، پیشەسازی سێکسی و کۆیلەتی ژنان و مناڵان لە
پەرەسەندنەوەدایە.
بە بۆچوونی ئێمە، ئازادی ھەر تاک و توێژ و چین و نەتەوەیەک تەنیا لە
دەستی خودی خۆیدایە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت کۆیلەیەک ڕزگار بکات، ئەگەر
خۆھوشیاری ئەو کۆیلەیە خۆی نەبێتە ھاندەری خەباتی بۆ ئازادبوونی، لەم
پەیوەندەدا تاوەکو ژنان ئازادی خۆیان لە پاشکۆیی پرسی نەتەوە و
وابەستەیی پارتە ڕامیارییەکان و چەقبەستن لە پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیاکان،
جیا نەکەنەوە، وەک ئەزموونە مێژووییەکان نیشانمان دەدەن، شکست لەدوای
شکست گەورەتر و بەئازارتر دەبێت.
ئێمە ھاوکاتی ئەوەی کە کۆڕ و کۆمەڵی خۆھوشیاریی ژنان بەپێویست و کارا
دەبینین، بەشداریی و چالاکبوونی ژنان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی
چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا بە مەیدانی سەرەکی خەبات و چەکی کارا بۆ
سەپاندنی داخوازییەکانمان و مەیدانچۆڵکردن بە دەسەلاتی رامیاریی و
دەسەلاتی کولتووریی دەبینین و دەزانین. ژنان بەبێ بەشداری چالاکانەیان
لە خەباتی سەربەخۆی ئابووریی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانەدا و بەبێ
بەشدارییان لە پێکھێنان و بوونیان لە پەیکەربەندیی ڕێکخراوە سەربەخۆ
جەماوەرییەکاندا، ناتوانن ھاوکار و ھاوچین و ھاوەڵ و ھاوسەرە
پیاوەکانیان ناچار بە بەشداریکردن لە خەباتی یەکسانیخوازانەدا بکەن و
ناتوانن ببنە دینەمۆی خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ کۆتاییھێنان بە کۆیلەتی
خۆیان.
ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، ئێمە ھەموو ڕێکخراوێکی بەناو جەماوەریی
ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، ساڵمەندان و کەمئەندامان و مناڵان و … تد،
کە لەسەر پەیکەربەندی قوچکەیی (ھەرەمی) واتە دەسەلاتداریی ھەندێک بەسەر
ھەندێکی دیکە، پێکھاتوون، ڕەتدەکەینەوە و پێموانوایە کە دەستەمۆیی و
نادەربەرستیی ژنان زیاتر و قوڵتر دەکەنەوە و ئەمە بۆ خەباتی ھەموو چین
و توێژە کۆمەلایەتییەکان بە ھەمان شێوە دەبینین.
با ئەم ساڵ ئاھەنگ و کۆڕە میریی و پارتیی و دەسەلاتخوازانەکان بایکۆت
بکەین و لەبەرامبەردا خۆمان لە کۆڕ و کۆمەڵی سەربەخۆیی شوێنەکانی کار و
خوێندن و گەرەکەکاندا ڕێک بخەین و داخوازییەکانمان بەڕووی کۆمەڵگە و
دەسەلاتدارانیدا بەرز بکەینەوە و دەسەلاتی ڕامیاریی و کولتووریی وەک
بکەر و ڕاگری کۆیلەتی یاسایی و کۆمەڵایەتی ژنان بخەینە ژێر پرسیارەوە.
ئازادی و یەکسانی ژنان تەنیا لە خۆھوشیاریی و خۆڕێکخستن و خۆکارابوون و
خۆبیرکردنەوەی خودی ژناندایە.
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
٧\٣\٢٠١٢
www.anarkistan.tk
anarkistan@activist.com
|