| 
			   
			
			رۆژی ئاشتی  
			
			دەرفەتێکی تر بۆ 
			سەلماندنی نیازی ئاشتیخوازانەی کورد لەباکوور. 
			
			
			  
			ستارە عارف    
			
			 
			رۆژی 1/9ی هەموو ساڵێک کەرۆژی ئاشتی جیهانیە و یادی دەکرێتەوە 
			لەرۆژهەڵاتی ناویندا تەنها لەباکووری کوردستان بۆتە کەلتورێک و ساڵانە 
			یادی رادەگیرێت، هەمیشە وەک هەلێک بۆ پیشاندانی ئەو مەرامە خاوێنە 
			بەکاردێت کە زیاتر لە30ساڵە خەباتی بۆ دەکەن و لەسەرەتای خەباتدا تا 
			ئێستا لەپێناو ئامانجێکدا بوە کەئاشتی و وتوێژ و کەلتوری دیموکراسی بوە. 
			
			 
			ئەمڕۆ لەئامەدی گەورە شاری کوردستانی باکوور و لەلایەن پارتی کۆمەڵگەی 
			دیموکراتیکەوە کەرنەڤاڵێکی یەک ملیۆن کەسی ساز دەکرێت، ئەمە بێجگە 
			لەوەی مەبەستی پاش شۆڕشی چەکداری پیشاندەدات، کەهەرگیز رێکخستنێکی 
			کوردی و گەلە بەئیرادەکەی لەباکووری کوردستان نەیانویستوە بەچەک 
			کێشەکان یەکلایی بکەنەوە و ئەوە دەوڵەت بوە کەپابەندی ئاگر بەستە 
			یەکلایەنەکانیان نەبوە لەهەمانکاتدا رووبەڕوبونەوەی لێدوانە 
			ناهاوسەنگەکانی سەرانی باشوری کوردستانیشە کە بانگهێشتی ئەم رێکخستنە 
			دەکەن بێ مەرج و بێ پڕەنسیب خۆیان ئاسایی تەسلیم بەهەموو مەرج و 
			داخوازییەکی دەوڵەت بن و دووربین نەبن، نمونەی لێدوانەکانی تاڵەبانی 
			ئەم رۆژانە و هەمیشەش کەکردویەتی داخوازی لەگەل و رێکخستنێکی کوردی 
			خاوەن پڕەنسیب دەکات، بەپیر داواکانی دەوڵەتەوە بەبێ مەرج و 
			تەسلیمکارانە بچن.  
			
			 
			ئەمڕۆش کە1/9یە باکووری کوردستان دەیانەوێت باشتر و گەوهەریانەتر 
			گوزارشت لەرۆژەکە و مەبەستی راستەقینەی رێکخستن و خەباتی چەند ساڵەیان 
			بکەن، باکووری کوردستان هەموو ساڵێک ئەم دەرفەتەیان بۆ نیشاندانی 
			ئامانجی خەبات و رێکخستن قۆستۆتەوە، بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی 
			کەداوا لەپەکەکە و باکووری کوردستان دەکەن، بێ مەرج دەست لەچەک بەربدەن 
			و داوا کەم و سادەکانی تورکیا پەسەند بکەن، کوردی باکوور ئەو رۆح و 
			فەرهەنگە نمایش دەکەنەوە کە هەرچەندە لە15ی ئابی 84 و لەئەڕۆ شەمزینان، 
			یەکەم فیشەکی ژیانەوەی کورد تەقێنرا، بەڵام ئەو ساڵە سیستەمێکی 
			کودەتاچی و سەربازی بەفەرماندەیی کەنعان ئەڤرەن کە سەرۆک ئەرکانی ئەو 
			کاتی سوپا بو، کودەتای 12ی ئەیلولی ساڵی 1980ی بەرپاکرد و بەچڕی نکۆڵی 
			لەبونی کورد کردەوە و کوردی ناچار کرد بەچەک وەڵامی بدەنەوە، هەرچەندە 
			لەلولەی تفەنگی کچان و کوڕانی گەریلاوە ئامانجی پاش گوللەکان گوڵ بوو، 
			هەمیشەش ئاگربەستی یەکلایەنە راگەیەنراوە و هەوڵدراوە بەئاشتی پرسەکە 
			چارەسەر ببێت، بۆیە لەهەر یادێک و بەتایبەتیش لە1/9 کاندا دەرفەت بۆ 
			نمایش کردنی رۆحی ئاشتیانە و دوایهێنان بەشەڕ لەلایەن کوردی باکوورەوە 
			چەند بارە کراوەتەوە. 
			
			 
			ئەم پێوانانە بۆ سەرانی باشوری کوردستان وەک ئەوەی ئەوان لەشاخ و شاردا 
			کردویانە و پڕەنسیب و خیانەت و تەسلیمبون و شۆڕشیان تێکەڵ بەیەکتر 
			کردوە و جیاوازیان لەنێوان ئەم هێڵانەدا نەکردوە و قەت خۆیان بۆ 
			یەکلایی نەبۆتەوە چونکە بێ ئامانج و بێ پڕەنسیب چونەتە شاخ و هەرگیز 
			خاوەنی بەرنامەڕێژی نەبون، دەیانەوێت هەمان مەیلی سۆزداری و ناهاوسەنگی 
			خۆیان بەسەر رێکخستنی پارچەکانی تریشدا بسەپێنن وەک ئەوەی ئەم کردەیەی 
			ئەوان زۆر بەرهەمدار بوبێت، لەکاتێکدا تاڵەبانی و سەرانی باشور بێ 
			ئاگان لەوەی کە کەم تەمەنترین و نوێترین شەرڤانی پەکەکە پێکەنینی بەم 
			قسانە دێت و بەکەسانی خەڵەفاو لەقەڵەمیان دەدەن، چونکە ئەوان باش لەو 
			راستیە بەئاگان کە هیچ کاتێک سەرانی باشور و دار و دەستەکەیان راستگۆ 
			نەبون و داردەستی دوژمنەکانیان بون، بۆیە باشترە ئەم وڕێنانە رابگرن، 
			هەموو ئەو هەوڵ و نمایش و چالاکیە بەردەوامانەی باکوور و گەل و رێکخستن 
			و رێبەر ببینن کە هەموو جۆرێک لەتاکتیک و شێواز و تەرزی ئاشتیانە و بێ 
			شەڕیان تاقیکردۆتەوە و ئەمڕۆش نمایشێکی یەک ملیۆن کەسی ئەو راستیە باش 
			شیدەکاتەوە و پەیامێکە کە کورد وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ قۆناغی ئێستای 
			کرانەوە بەرووی ئاشتی و چارەسەریدا ئەو راستیە دووپات دەکەنەوە کەکورد 
			لەم پارچەیە ئامادە نەبوە شەڕ بکات، بەڵکو شەڕی پێ فرۆشراوە و بەڵگەش 
			بۆ ئەوە پەکەکە هەموو کاتێک رایگەیاندوە کەئەوان هێرشبەر نین و 
			لەحاڵەتی پاراستنی رەوادان و تەنها خۆیان دەپارێزن سەرەڕای ئۆپەراسیۆنی 
			بەردەوامی تورک و گوێنەگرتن لەگەل و هەوڵەکانی چارەسەری، بۆیە ئەم 
			کۆبونەوە یەک ملیۆنیە بەتایبەتی لەم پێواژۆیەدا جارێکی تر ئامادەگی 
			کورد بۆ قۆناغی چارەسەری پیشاندەداتەوە و جیهانیش بەسەرنجەوە بۆ 
			چالاکیە ئاشتیخوازییەکانی کورد دەڕوانێت. 
  
			  
			  
			  
			  
			 |