په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١٣

رۆژی ئازادیی رۆژنامەنووسیی، با تاوان بە بێ سزا تێنەپەڕێ.

 


سلێمانی - ھەرێمی کوردستان، ٣ی ئایاری ٢٠١٣: لە رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەری سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، بڕوابون بە پرەنسیپی ئازادیی رۆژنامەگەری لەسەر کاغەز و بە قسە ئاسانە، بەڵام لەھەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپانە بە تەواوی ڕەگی دانەکوتیوەو زۆربەی پیشێلکاریەکان بەرامبەر ئازادی رۆژنامەگەریدا، بەبێ سزا تێدەپەرێت.


لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە ھاوکارمان دەکەین، بە ڕێزەوە لەبەردەم کاروانی شەھیدانی رۆژنامەگەری کوردیدا، دەوەستێن و سەر رێزو نەوازش دادەنوێنین بۆ ئەوانەی لە پێناوی گەیاندنی راستی و دەبڕینی بیرورا، گیانیان لەدەستدا.


کوردستان لەکاتێکدا پێشوازی لەم رۆژە جیھانییە دەکات، یاسایەکی نییە بۆ مافی گەیشتن بە زانیاری. شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنوس وەک سزا بەرامبەر بە میدیای ئازاد بەکاردێت. نەبونی ئەم یاسایە پێچەوانەی پرەنسیپی ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنوسانە سەرباری ئەوەی پیشێلکردنی مافی خەڵکە لە زانین. میترۆ جەخدەکاتەوە، "بە بێ مافی بەدەستھێنانی زانیاری قسەکردن لەسەر سیستمێکی دیموکراسی ئازادی رۆژنامەنوسی کورت دەھێنێ. ھاوڵاتیان ناتوانن بەشداری چالاکانەی بکەن لە ژیانی گشتیدا.".


لەماوەی ٤ مانگی رابردوودا نزیکەی ٤٠ پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆربەیان ڕێگریکردنبوون لە کاری رۆژنامەنووسی.


میترۆ لەم رۆژە جیھانییەدا رایدەگەیەنێت، بڕوابون بە پرەنسیپی ئازادی رۆژنامەگەری لەسەر کاغەز و بە گوتار ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپانە جارێ لە ژیانی سیاسیماندا بە تەواوی ڕەگی دانەکوتیوە. جارێ لە ھەندێ حاڵەتدا ئازادی ڕۆژنامەگەری بە یاساکانی رژێمی پێشوو دادگایی دەکرێت. یاسای کاری رۆژنامەگەری لە زۆربەی کێشە پەیوەنیدارەکان بە بڵاوکردنەوە پەکدەخرێت. توندوتیژی و ھەڕەشەو فشار بەرامبەر بە میدیکاران بە بێ سزا تێدەپەڕێت.
دەربازبونی کارمەندانی یاساشکێن و لەناو ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەو پاسەوانی کۆمپانیاکان، کۆتایی نەھاتووە. بەردەوامبونیشی متمانەی ھاوڵاتیان بە سەرەوەریی یاسا لاوازدەکات و شکۆی یاساکەی پەرلەمانی کوردستانیش دەشکێنێت.


خەڵک داواکاری گشتی بۆ چییە ئەگەر لە بەرامبەر ئەو ھەموو یاساشکێنییەدا، نەیەتەدەنگ؟ خەڵک بۆ دەنگ بە نوێنەرانی دەدات لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان ئەگەر چاودێری یاسایی و رێنماییەکانی نەکەن؟


سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەینێت، لە ھەرێمی کوردستان ژینگەیەکی سیاسی لەبار ھاتۆتە ئاراوە، بۆ دەربازبونی تاوانباران بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەنوسی، دەبێت خەباتی مەدەنیانە چڕبکرێتەوە تا ھیچ تاوانێک بەبێ سزا تێنەپەڕێت. ھیچ بژاردەیەکمان لەبەردەم نییە جگە لە داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین.


مادەی ١٩ لە جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ، ھەموو کەسێک مافی ھەیە بە ئازادی بیرو رای خۆی دەربڕێت. ئەم مادەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەموو کەسێک بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ بڕوای تایبەت بەخۆی ھەبێت لە بەدەستھێنانی زانیاری وبڵاوکردنەوەیان بەئازادی. میترۆ، پابەنبونی بە داکۆکیکردن لەم پرەنسیپانە دوپات دەکاتەوە. لەھەموو کاتێک زیاتر پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی و بەرگریکردن لەم مافە رادەگەیەنێت.


میترۆ داوادەکات، "پرۆژە یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری دەربکرێت.ربەربەست دانان و توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان کۆتایی پێبێت. تاونبارانی کەیسی ھێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان وەک تاوان تەماشا بکرێت وبەبێ سزا تێنەپەڕێت." .


میترۆ لەرۆژانی ئایندە دا، وەک ھاوبەشێک بەشدار دەبێت لە پرۆژەی (دەربازبون لە سزا) کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (UNESCO) دەست بە چالاکییەکانی دەکات. ئەم پرۆژەیە رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی(IMS) بە ھاوکاری کۆمەڵێک رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێی دەکات.
_________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری سلێمانی لە لایەن کۆمەڵێک رۆژنامەنووسەوە دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنفرانسێکدا لە شاری ھەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە ھەڵبژێردران.
بۆ پەیوەندیکردن:
رەحمان غەریب ـ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ - ٠٧٧٠١٥٢٣٣٠٠
ئاوات عەلی ـ ڕێکخەری سەنتەری میترۆ - ٠٧٧٠١٤٣٥٨٢٢
نیاز عەبدوڵا ـ ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە شاری ھەولێر - ٠٧٥٠٤٦١٧٠١٤

 

 

٢\٥\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک