په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢٠

رۆژی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر.


رەزا ساڵح         


رۆژی(٢٣/ ئەپریل)ی ھەموو ساڵێک، بە (رۆژی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر) لە جیھاندا ناسراوە.. رێکخراوی (یۆنسکۆ) ی جیھانیی و ھەموو دەوڵەتانی جیھان، بەم بۆنە گرنگەوە، ئاھەنگی گەورە و شایستە دەگێڕن.. پەرتووکخانە گشتییەکانیش پێشانگای تایبەتی بۆ تازەترین پەرتووکە چاپکراوەکان دەکەنەوە.. میدیا و تەلەفـزیۆن و رادیۆکانیش، چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەران و ھاوڕێیانی پەرتووک و ھۆگرانی خوێندنەوە سازدەکەن.

ھەر لەم رۆژەدا، پەرتووکدۆستان پەرتووکی تازە و گۆڵ پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. چونکە پەرتووک بە نرخترین و گرنگترین یادگارییە، گوڵیش جوانترین دیارییە و گوزارشتە لە سۆز و رێز و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی بەرانبەر.. ئەم نەریتەش بۆ یەکەمین جار لەم رۆژەدا، لە کەتەلۆنیای ئیسپانیا بوو بە نەریت و باو.. پەرتووکفرۆشەکان لەگەڵ کڕینی ھەر پەرتووکێکدا، گوڵێکی جـوان و گەشیان پێشکەش بە پەرتووککڕەکە دەکرد.. لەو کاتەوە بووە بە باو.

بێگۆمان پەرتووک و نووسەران، گرنگترین و گەورەترین رۆڵیان، لە مێژووی ئادەمیزاددا ھەبووە و ھەیە.. شارستانییەکان و پێشکەوتن و داھێنان ھەموو لە سایەی بیر و خەیاڵ و پەرتووکەکانی نووسەراندا ھاتوونەتەدی.. پەرتووک ئەڵقەیەکە لە نێوان رابردوو و ئەمڕۆدا، پردێکە لە نێوان رۆشنبیرییەکاندا.. پەرتووک و خوێندنەوە دەماری ژیانی مرۆڤن..وەکو چۆن پێویستە لە ھەموو ماڵێکدا، چێشتخانە ھەبێت بۆ ئامادەکردنی خواردن تا تێری خواردن بین.. ھەر بەم جۆرەش پێویستە لە ھەموو ماڵێکدا، پەرتووکخانە ھەبێت و بە پەرتووکی بابەت ھەمەجۆرە بیڕازێننەوە.. چونکە خوێندنەوە، خۆراکی پێویستی ئەقڵە و زاخاوی بیر و ھۆشمان دەدا.. ھۆیەکی گرنگی خۆڕۆشبیری کردن و زۆر زانینیشە..

(تۆماس جیفرسۆن) دەڵێت: "من ناتوانم بەبێ پەرتووک بژیـم".

(جیلبەرت کیس تیشیسترۆن) دەڵێت: "ژۆرێک بەبێ پەرتووک.. وەکو گیانێکە بەبێ رۆح".

(جان جاک رۆسۆ) ش دەڵێت: "وا تێدەگەم، کە ھەموو ئەو شتانەی دەیانزانم لە پەرتووکەوە فیریان بوومە".


(مەلالا یـوسفـزا) ی پاکستانی، ئەو کچە منداڵە قوتابییەی، کە (چەکدارانی تاڵیبان) لە پاکستان تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد، ھەر لەبەر ئەوەی بۆ قوتابخانە دەچوو کە فێربێت و بخوێنێتەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و درێژەی بە خوێندن دا و ھانی ھاوڕێکانیشی دا کە کۆڵنەدەن..مەلالا یوسفزای لە تەمەنی (١٧)ساڵیدا، لە ساڵی (٢٠١٤) دا، لەگەڵ (کابـلاش ساتیارسی) کە پیاوێکی ھـیندیە، ھەردووکیان چالاکوانی داکۆکیکەرن لە مافەکانی منداڵان و مێردمنداڵان.. پێکەوە بە ھاوبەشی (خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی) یان پێ بەخشین..مەلالا تا ئێستا بچووکترین براوەی (خەڵاتی نۆبڵ)ە لە جیھاندا.. مەلالا لە وتارێکیدا، لە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی:
"با پەرتووک و پێنووسەکانمان بگرین بە دەستمانەوە.. ئەمانە بەھـێزترین چەکی ئێمەن".

رێکخراوی یۆنسکۆی جیھانیی (بۆ پەروەردە و رۆشنبیری و زانیاری) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.. لەو کۆنگرەیەی کە لە ساڵی (١٩٩٥) لە لە شاری (پاریس) لە فەرنسادا بەڕێوەچوو، رۆژی (٢٣/ ئەپریل) ی وەکو (رۆژی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر) راگەیاند..وەکو گوزارشتکردنێک لە رێزگرتن و پێزانین بۆ پەرتووک و بۆ رۆڵی بەرزی نووسەران لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریدا.


ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، رۆژی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا، ئاھەنگ وچالاکی شیاوی پەیوەند بە پەرتووک و نووسەران سازدەکەن و پێشانگای پەرتووک دەکەنەوە و کۆمەڵێکیش لە نووسەرانی ناسراویان خەڵات دەکەن.

ھەموو ساڵێکیش، ھەر ساڵەی لە شارێکییەکێکلە دەوڵەتەکان، کە لە لایەن یۆنسکۆ و ئەو رێکخراوانەی،کە نوێنەرایەتی ئەم سێ کەرتە دەکەن: کەرتی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتووک، کەرتی فرۆشیارانی پەرتووک، کەرتی پەرتووکخانەکان، ئەو دەوڵەت و ئەو شارە دیاری دەکەن و بڕیاری لەسەر دەدەن، کە لە رۆژی (٢٣/ ئەپریل) ەوە بۆ ماوەی ساڵێک ببێت (پایتەختی جیھانیی پەرتووک) و ھەر لەو رۆژەدا پێشانگای پەرتووکی لێدەکەنەوە.. بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (٢٠٠١) دا، شاری (مەدریـد)ی پایتەختی ئیسپانیا، کرا بە (پایتەختی جیھانیی پەرتووک) و پێشانگایەکی گەورەی پەرتووکی لێکرایەوە..ئەمساڵیش شاری (کوالالەمپـور) ی پایتەختی دەوڵەتی (مالیزیا)دەکرێت بە پایتەختی جیھانیی پەرتووک و لەو رۆژەشدا پێشانگای پەرتووکی لێدەکرێتەوە.. ھەر لەم رۆژەدا و لەم پایتەختەدا،(خەڵاتی یۆنسکۆ) ش دەدرێت، بە نووسەرانیناسراوی ساڵی رابردوو،لە بواری (ئەدەبی منداڵان) و بواری(ئەدەبی لاوان).

شایەنی باسیشە، ھەڵبژاردنی رۆژی (٢٣/ ئەپریل) وەکو رۆژێکی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر، ھەڕەمەکی و لە خۆوە و بێ بنەما نەبوو، بەڵکو ھەڵبژاردنێکی ھـێمایی و رۆشنبیری و ئەدەبی و رێزلێنانی لەپشتەوەیە، کە سەنگیان لە ئەدەبی جیھانییدا ھەیە.

لە رۆژێکی وادا، لە (٢٣/ ئەپریل/١٦١٦) دا،کەڵە نووسەر و شاعیر و رۆماننوس و شانۆنووسی جیھانیی (ولیام شکسپیر) کۆچی دوایی کرد، ھەر لەم رۆژ و ساڵەدا بوو، نووسەر و شاعیری مەزنی ئیسپانی (میگیل دی تیبانتس) نووسەری سەرکێشییەکانی (دون کیشۆت)، لە رۆژی (٢٣/ ئەپریل/ ١٦١٦) کۆچی دوایی کرد..ھەر لەم رۆژ و مانگەشدا، چەندین نووسەر و شاعـیر و ئەدیب و رۆماننووسی ناسراوی جیھانیی،لەدایکبوون یا کۆچی دواییان کرد، لەوانەش:(مۆریس درایۆن، ئینگا گارسیلاسۆ دی لاڤیگا ، فلادیمێر نابۆکۆڤ، ھاڵدۆرک لاکسنس، جۆزێت بلا، مانۆیل میگیا فاییگۆ،...).

ھەموو ساڵێکیش رۆژێ پێش (رۆژی جیھانیی پەرتووک) واتە لە رۆژی (٢/ ئەپریل)دا،کە یادی لەدایکبوونی کەڵەنووسەری بواری ئەدەبی منداڵان، چیرۆکنووس (ھانز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکییەە، کە بە (باوکی ئەدەبی منداڵان) لە جیھاندا ناسراوە.. ھانز ئەندەرسین، لە رۆژی (٢/ئەپریل/١٨٠٥) لە دانیمارک لە دایک بووە.. ھەر دوو ساڵ جارێک، دانیمارک بە بۆنەی لەدایکبوونی ھانز ئەندەرسین، لە رۆژی (٢/ ئەپریل) دا، دوو خەڵاتی بەنرخ، کە بە (خەڵاتی ئەدەبی منـداڵان) یا بە (خەڵاتی نۆبـڵی بچـووک) ناودەبرێت، خەڵاتەکانیش بریتین لە دوو (میدالیای زێڕ) و دوو (بڕوانامەی دپلۆم)، لە لایەن شاژنی دانیمارک (مارگرێتی دووەم)ەوە، لە ئاھەنگێکی شایستەدا لە (کۆپنھاگن) ی پایتەختدا، دەدرێت بە باشترین نووسەری پەرتووکی منداڵان و بە باشترین ھونەرمەندی وێنەکێشی پەرتووکی منداڵان، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا.. گەرچی تا ئێستا بە فەرمی رۆژی لەدایکبوونی (ھانز کریستیان ئەندەرسین) نەکراوە بە (رۆژی جیھانیی پەرتووکی منداڵان). بەڵام دانیمارک و چەند وڵاتێکی تر، بۆ بەرزڕاگرتن و پێزانینی ئەو خزمەتە زۆر و گەورەیەی کە ھانز پێشکەشی بە بواری ئەدەبی منداڵان کردوون، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا،کە بە رۆژێکی میژوویی و وەرچەرخانێک لە ئەدەبی منداڵان لە جیھاندا دادەنرێت، ئاھەنگ و چالاکی شایستە دەگـێڕن.. ھانز کریستیان ئەندەرسین لە رۆژی (٤/ ئەوگوست/١٨٧٥) دا، لە کۆپنھاگن کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی (رۆژی جیھانیی پەرتووک و مافەکانی نووسەر) جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەران و ھاوڕێیانی پەرتووک و لە خوێنەرانی کوردمان دەکەم.. ھیوادارم زیاتر و زیاتر ھۆگر و شەیدای خوێندنەوە پەرتووک و نووسینی پەرتووک ببن، تا خوێندنەوە ببێت بە بەشێکی گرنگ لە کولتوور و ژیانمان و رۆژانە نەتوانین بەبێ خوێندنەوە ھەڵبکەین.

دەبا عاشقانی پەرتووکی کوردیمان،ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، بیکەن بە نەریتێکی باو، بە دیاری (پەرتووک و گوڵ) پێشکەش بە یەکتری بکەن.. منداڵەکانیشمان لەسەر ئەم نەریتە جـوان و بەسوودە رابھێنن.

داواش لە پەرتووکخانە گشتییەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە بۆ ئەم رۆژە چالاکی و بەرنامەیان تایبەتییان ھەبێت و کۆمەڵێک پۆستەر و دروشمی گونجاو بۆ ھاندانی گەورە و منداڵان بۆ خوێندنەوە..پۆستەرەکانیشلە شوێنە گشتییەکانی شاردا، ھەڵیان بواسن. بۆ نموونە:( پەرتووک باشترین ھاوڕێیە)، (پەرتووک جوانترین دیاری و یادگارییە)، (خوێندنەوە خۆراکی ئەقڵە)، ( دەمانچە و تفەنگ بۆ منداڵەکانتان مەکڕن.. گۆڤار و پەرتووکی منداڵانیان بۆ بکڕن)،( گەر دەتەوێ ھەمیشە لە یادمدا بیت.. پەرتووکێکم پێشکەش بکە)،( دایکان و باوکانی ھۆشیار، ھانی منداڵەکانتان بدەن با گۆڤار و پەرتووکی منداڵانبخوێننەوە)... ھتد.

مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە دلۆڤانەکانی باخچەکانی منداڵان، با پەرتووکەکانی پەرتووکخانەکانیقوتابخانەکانتان تۆز لێیان نەنیشێن.. پەرتووک بۆ رازاندنەوە نییە.. بۆ خوێندنەوەیە.. ئێوە دەتوانن رۆڵێکی زۆر گەورە ببینن، لە رۆشنبیرێکردنی قوتابییەکانتان و لە ھاندانیان بۆ خوێندنەوە.. ببورن، کە ئەم پرسیارەتان لێدەکەم: ئایا لە ماوی ساڵێکی خوێندندا، ناڵێم دوو جار، بۆ یەکجاریش قوتابییەکانتان بردوون بۆ (بەشی منداڵان) لە پەرتووکخانەی گشتی شارەکەتانـدا.. تا ئاشنای پەرتووک و پەرتووکخانە ببن و ھـۆگری خوێندنەوە ببن؟

وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان، ئەم پرسیارەش ئاراستەی ئێوە دەکەم، ئایا تا ئێستا، لە (رۆژی جیھانیی پەرتووک) و لە بۆنە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی تـردا.. چەنـد نووسەری بە توانا و ناسراوی کوردمان لەبواری ئەدەبی منداڵاندا.. لە لایەن ئێوەوە خەڵاتان کراون؟ بڕوا ناکەم ئەوانەی کە تا ئێستا خەڵاتیش کراون، لە پەنجەکانی دەستێکمان زیاتـربن. راستییەکەی ئەوەیە، کە ئێوە وەکو پێویست ئاوڕتان لە ئەدەبی منداڵان و لە نووسەرانی ئەم بـوارە نەداوەتەوە.
 

١٩\٤\٢٠٢٠ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک