٩\٣\٢٠١٨
ڕۆژی جیھانی ژن و
یەکسانی ڕەگەزیی و
فێمینیزم و
تێڕوانینی
ئەنارشیستی.*
ھەژێن
بەرایی:
بۆچوون و تێڕوانینی گشتیی تاکەکانی کۆمەڵ، بەدیاریکراوی ئەوانەی بە
جۆرێک لە جۆرەکان لە نایەکسانی ڕەگەزیی ڕەخنەدەگرن، زۆر بەداخەوە لەژێر
ھەژموونی ئایدیۆلۆجیا و ڕەوتە ڕامیارییەکان، زۆر کورتبینانە مێژوو
دەبینێت و دەخوێنێتەوە. ئاوا دیتن و خوێنەوەیەک بۆ دیاردە مێژووییەکان
وەک شێرپەنجە ئاوەز و ھۆشی کەسەکان گەوجدەکات و کەسەکان تووشی
کورتبیینی و نەزانیی لەبۆماوەی مێژوویی دەکات.
ئەگەر لە ھەر یەک لەو کەسانە بپرسدرێت یان بەو جۆرەی کاناڵە
میدیاییەکان و مدیای ڕەوتە ڕامیارییەکان و بڵندگۆ ئایدیۆلۆجییەکان
وێنایدەکەن؛ سەرچاوە و سەرەتای بیرۆکەی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی
بۆ کەی و کێ دەگەڕێتەوە، یەکسەرە و ڕۆبۆت-ئاسا کۆمەڵێک ناوی کەسیی و
پارتیی و ئایدۆلۆجیی ڕیزدەکەن و بە سنگدەرپەڕاندن و شانازیی و
لەخۆڕازیبوونەوە، لەسەر پاگەندەکانی خۆیان پێداگرییدەکەن و ناوی
شیکاریی "زانستی" و "واقیعیی" و "درووست" بەباڵادەبڕن.
بەبۆچوونی من، ئەوە یەکێک و سەرەکیتیرن پایەی دیاردەی گەوجبوونی
ئاوەزیی و ھۆشیی کەسەکانە، نەھامەتی سەردەمی مێگەلبوون و تووتییبوون.
سەردەمێک کە دەزگەی گەوجێنەر (تێلەفزیۆن و ڕادیۆ) لەجیاتی ھەمووان
بیردەکەنەوە و دەدوێن و بڕیاردەدەن و ئاوەز و ھۆشی کەسەکان کەڕووی
ئایدیۆلۆجیی ھەڵدەھێنێت و دەنگە ئاراستەکەرە شادراوە ئایدیۆلۆجیی و
ڕامیارەکان لەپشت کاناڵە نیئۆلیبڕاڵ و چەپ و ئایینییەکان تاکەکانی
کۆمەڵ ئاراستەدەکەن و توانای بیرکردنەوە و ڕامان لە ئاوەز و ھۆشی گشتیی
کۆمەڵ و تاکەکانی دەستێنن و لەنێودەبەن.
ئەگەر نا، ھەموو کەسێکی بە ئاوەز و ھۆش زیندوو ئەوە دەزانێت، ستەم و
ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی وەک بەشێک لە ستەم و ھەڵاواردن و
نایەکسانی چینایەتی بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی یەکەمین پێکھاتە و
ڕێکخستی قووچکەیی (ئایینی |خێڵەکی) دەگەڕێتەوە و گرێدراو و مانەوەی،
وابەستەی مانەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتییە و
سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و بزووتنەوە دژە- ستەم و -ھەڵاواردن
و -نایەکسانی ڕەگەزییەکان بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی خودی ئەو ستەمە
دەگەرێتەوە و خواستی یەکسانی ڕەگەزیی (یان مرۆیی) بۆ ھیچ کەللەسەرێکی
چاکەکار و بەبەزەیی ناگەڕێتەوە و ئافەریدەی ھۆشی یەزدانیانەی ھیچ
فیلۆسۆف و تیئۆریککار و ئیدئۆلۆگێک نییە و ھیچ کەس ڕابەر و پێشنیارکەر
و داھێنەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی و بزووتنەوەی دژە-ھەڵاواردنی
ڕەگەزیی نییە و لەو بەرەبەیانەوە تاکو ئێستا، خودی ژنان بەرەنگاریکەر و
دەنگی ناڕەزایەتی و بزوێنەری ئەو ڕەوتەن؛ ژنانێکی گومناو، ژنانێک کە
ھەردەم وەک ئازار و ستەم و ھەڵاواردنەکە پەردەپۆش و فەرامۆش و
نادیدەگیردراون، ھەر ئاوا کە دەنگی پڕۆلیتێرە یاخییەکانی پێش و پاشی
لەدایکبوونی تیئۆریککارانی سۆشیالیست پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدە
گیراوە و دەکرێت، نەک فڵانە خاتوونی توێژی نێوەنجی یان فڵانە خاتوونی
خانزاد و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتییباز و ئایدیۆلۆجیگەرا.
پێش ئەوەی ژنانی کرێکار مانبگرن و خوازیاری کرێی یەکسان بن بۆ کاری
یەکسان، پێش ئەوەی ژنانی مانگرتوو لەلایەن خاوەن کارخانە بسووتێندرێن و
پێش ئەوەی ژنانی پارتییباز ئەو ھەلە بۆ ناوبانگی خۆیان بقۆزنەوە، پێش
ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیھانیی بناسرێت، ھەزاران ساڵ ژنان لەنێو
لادێکان و لەسەر کێڵگەکان و لەنێو خێزانەکان دژی سوورانەی سەرۆکخێڵەکان
و دژی فەرمان و یاساکانی پەرستگەکان و دژی ملھوڕیی پیاوانی نێو خێزان
چرکە بە چرکەی ژیانی خۆیان جەنگیون و وەک تێکۆشەری گومناو
ئەشکەنجەدراون و سووتێندراون و مێخکێشکراون و گوند- و شار-بەدەرکراون و
زیندانیکراون و ئەتککراون و ...تد. بەڵام لەبەرئەوەی کە خودی
تێکۆشەرانی ئەو ڕۆژگارانە لە ئاستی دەرککردنی تۆماری ڕوداوەکانی ئەو
مێژووە و ھەم سیستەمە فەرمانداریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکە بواری
ئەوەی نەداوە، مێژووو و بەرەنگاریی ئەوان بە فەرامۆشیی سپێردراوە و
بووە بە خوانی ئامادەی بەردەم ئیدئۆلۆگەکان و کراوەتە بارەتەقای
پەڕجووگەرانی ئایدیۆلۆجی.
ھەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیربکرێت، ئەو کاتیش وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون و
کەم نەبوون، کە وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکە، خەریکی ڕمبازێن بوون بۆ
پاراستنی سەوەریی نێرسالاریی و سەروەریی چینایەتی؛ وەک ئێستا ژنانێک
ھەبوون، کە بۆ ڕاکێشانی دڵی سەروەران ھەوڵیانداوە و لە باشترین بار
خەریکی ڕیفۆرمکردنی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی بوون؛ ھەر وەک ئێستا و
بەدڵنیاییشەوە ھەر وەک ئێستا ژنانێك ھەبوون، کە وزە و ھێز و توانای
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی چەوساوەیان بۆ
بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی خۆیان بەکاربردووە؛
ھەموو بوونەکانی ئێستا (ناڕەزایەتی و بەرەنگاری ستەم و ھەڵاواردنی
ڕەگەزیی و خوازیاریی یەکسانی ڕەگەزیی، ناوبانگخوازیی و مشەخۆریخوازیی و
دەسەڵاتخوازیی ھەلپەرستان و ..تد) درێژە و گەشە و گشتگیربوونی دیاردە و
بوونەکانی ڕابوردوون، بەڵام بە ڕەھەند و وزە و فراوانییەکی دیکەوە.
لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خواستی یەکسانی ڕەگەزیی یان دژایەتی
سەروەریی ڕەگەزیی دیاردە و سەرھەڵدانێکی تازە و دەسکردی ھیچ کەس و ڕەوت
و ئایدیۆلۆجیایەک نییە، بەپێچەوانەوە، ھەردەم، چ ڕابوردوو و چ ئێستا
کەسانی ھەلپەرست بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشە و دەسەڵاتی خۆیان،
بزووتنەوە و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکەنە سەرمایە و پەیژەی
سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامە سەروەرییخوازەکانی خۆیان و بۆ ئەو
مەبەستەش ئیدئۆلۆگەکانی سیستەمی سەرمایەداری زۆر وردەکارانە و بە
شیکاریی دەروونیی خودی کۆیلان (چ ژنان وەک کۆیلەی ڕەگەزیی و چ گشت ژنان
و پیاوانی چەوساوە وەک کۆیلەی چینایەتی)، ئامانج و خەونی دژە-ستەمی
ڕەگەزیی دەخەنە خزمەت مانەوە و بەردەوامی سیستەمە چینایەتییەکە و
ئاراستەی دژە-سەروەریی تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی وەک بەشێکی
سەرەکی لە تێکۆشانی دژە-چینایەتی، دەگۆڕن بە ململانێ و کیندەدۆزیی
ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان و کردنی نێر یان نێربوون بە ھۆکاری سەرەکی
ھەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی و پلە چەندیی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی
و کولتووریی ژنان.
ئاوا ڕودان و زەمینەسازییەک بەرەنجامی زیرەکی و ئەزموونگیریی
ئیدئۆلۆگەکانی سەروەریی و ناھوشیاریی و پاشڕەویی خودی چەوساوانە بۆ
پلان و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەوان. ھەر ئاوا کە خودی ستەمی ڕەگەزیی یەکێکە
لە ئامرازەکانی بەردەوامی ستەمی چینایەتی و بۆ ئەو مەبەستە
ئیدئۆلۆگەکان و نووسەرانی پارێزەری سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی، بۆ
دەرخستن و بەرجەستەکردنی ژنانی دەسەڵاتخواز زەمینەسازییدەکەن و خەونە
سەروەرییخوازەکانی ژنانی بەرتەریخواز و مشەخواز و دەسەڵاتخواز
(بەدیاریکراوی دەستەبژێری ژنانی ڕامیار و ئەکادێمیست) گەورە و بەرجەستە
و تیئۆریزەدەکەن؛ فێمینیزمی ئایینی، فێمینی ناسیونالیستی، فێمینیستی
دژە-نێرینە، فێمینیستی پارلەمانخواز،فێمینیستی پارتییگەرا و ..تد، کە
لە بنەڕەتدا خودی ئەو ڕەوتانە بە درێژایی مێژوو ھۆکاری مانەوە و
بەردەوامی ستەمی ڕەگەزیی بوون؛ پایەی پەرەستگەکان بە ملکەچکردنی ژنان
ڕۆنراون، سەروەریی خێڵ|"نەتەوە" لەسەر پابەندکردن و کەرەستەکردن و
نامووسکردنی ژنان ڕۆنراوە و چێکراوە، پارلەمانگەرایی لەسەر جەستەی
مێینە ڕۆنراوە و پارتییایەتی وەک دەزگەی پاراستنی نێرسالاریی
دەرکەوتووە و ئێستاش وەك ڕابوردوو ھەموویان (بەنادیدەگرتنی لایەنە
نەرێنییەکانی دیکە) ھێشتا یانەی (کڵاپی) نێرینە و سەرچاوەی شانازیی
یەزدانیی و خێڵایەتی و ناسیونالیستی و ڕامیاریی بە نێرسالاریین و ھەر
ژنێکیش ئاگا یان نائاگا ببێتە بەشێک لەو دەزگانە، خۆبەخۆ دەبێتە
پارێزەری ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ژن و پیاو و ھەر سات و لە ھەموو
شوێن دەتوانین لەنێو ئاخاوتن و بڕیار و ڕەفتاری بەشدارانی ئەو
دەزگایانە ڕەگەزسالاریی ببینین، بەدیاریکراویی ژنانی فریودراوی نێو ئەو
دەزگایانە، کە خراپتر لە نێرینە ناوبانگخواز و دەسەڵاتخواز و مشەخواز و
گەندەڵ و ڕامیارەکان، بە ھەست و سۆز و خۆزگە و خەونی یەکسانیخوازانەی
ڕەگەزیی ژنان کایەدەکەن و خۆشباوەڕیی ئەوان دەکەنە پەیژەی سەرکەوتنی
خۆیان.
فێمینیزم (گەڕانەوە بۆ بنەمابوونی ڕەگەزی مێیینە یان ڕادەی کەم
ھاوبەھایی ڕەگەزی مێینە بە ڕەگەزی نێرینە) زیاتر لە ھەموو چەمک و
ئاراستە و ڕەوتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی لە خشتەبراوە و بە دژە-پیاوکردنی
گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سیستەماتیکی سەروەریی چینایەتی و تەنانەت
ڕادیکاڵترین ڕەوتی نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی (کە ژنانی
ئەنارشیستن) بەجۆرێک سیستەمی چینایەتی بەسەر ھۆش و ئاوەزی ئەوانیش
سێبەریکردووە و خەریکە لەنێو ئەوان دەنگانێک پەیدادەبن، کە بزووتنەوەی
دژی-ستەمی ڕەگەزیی یان بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی لە کۆی
بزووتنەوەی دژە-چینایەتی جیا و جیاوازدەبینن و نێرینە بە ھۆکاری ھەموو
بەدبەختییەک دەبینن، کە بە بۆچوونی من، ئەوە نائاگابوونە لە مێژووی
ستەمی ڕەگەزیی و ھەڵگر و درێژەپێدەرانی و تەنانەت ڕۆڵی خۆشباوەڕانە یان
ھەڵپەرستانەی خودی ژنان لە درێژبوونەوەی و ھەر ئاوا ھەژاریی ئاوەزیی و
ھۆشییە، کە چالاکانی ئەم ڕۆژگارە تووش و گیرۆدەی ئەو بۆچوونە
ڕەگەزگەراییە بوون.
تێڕوانینی ئەنارکیستان بەگشتی، بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە سەرەتا و
نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکو ئێستا خۆیان بە تێکۆشەر و بانگدەری ڕزگاری
مرۆڤایەتی لە کۆیلەتی چینایەتی ناوبردووە و ناودەبەن، بەجۆرێك
ڕادیکاڵترین دەنگەکانی مێژوو بوون و ھەن و لەنێو ڕەوتە سۆشیالیستییەکان
ڕادیکالترین ڕەخنە و بزووتنەوەی دژی ستەمی ڕەگەزی بوون و ھەن. بۆ
سەلماندنی ئەوەش بەڵگەنامە و نووسین و بڵاوکراوە** و بزووتنەکانی سەدە
و نیوی ڕابوردوو ئەوە نیشاندەدات، کە ئەنارکیستەکان مۆتۆری
ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە چینایەتییەکان بوون و
لەنێو ئەوانیش زۆر بە دیاریکراویی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان؛
بزووتنەوەی دژی نێرسالاریی، بزووتنەوەی دژی ھەڵاواردن....تد .
بەڵام دیسان بەداخەوە، لە نێوەی دووەمی سەدەمی ڕابوردووەوە و
بەدیاریکراوی لە دەھەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو تاکو ئێستا، گەردەلوولی
نەزمی نوێی بازار و ھەژموونی میدیا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆگی
نیئۆلیبرالیزم، خەریکە بە جۆرێک تێڕوانینی ئەنارشیستی بۆ ڕزگاری ژنان
بەرەو ئایدیۆلۆجیابوون و جیابوونەوە لە گشتێتی ڕەوتی بزووتنەوە
کۆمەڵایەتییە دژە-سەروەرییەکان دەبات. ئاوا ھەوڵێک لەنێو ئەو کۆمەڵانەی
کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکو ڕادەی نەبوون و ھەڵوەشانەوە
ڕۆییشتوون و ھەر ئاوا ئەو کۆمەڵانەی کە پۆست-دیکتاتۆریی و تاکپارتیین و
تازە خەریکە پارلەمانگەریی دەبێتە دیاردەی باو و جێکەوتە، زیاتر
بەدیدەکرێت، چونکە زەمینە بازاریی و میدیایی و مێگەلگەراییەکان زۆرتر
لەبارترن و لەوێدا ھەموو شت و بوارێک، سەرەنوێڵکی سەرھەڵدان و
پەرەسەندنی کێبڕكێی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی و کینەدۆزییە و
دەستە شاردراوە و پەرجووگەرەکە زۆر بە ئاسانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ
ئاراساتەدەکات و دەتوانێت ھەمووانی ناھوشیار یان ئایدیۆلۆجیگەر بکاتە
سەربازی "في سبیل اللە"ی سیستەمی سەروەریی چینایەتی.
بەڵام سەرباری ئەوەش، سەرباری ھەموو پەراوێزخران و سەرکوتکران و
دابڕاندن و لەنێوبردنێک، ھێشتا ئەنارکیستەکان پەیامەدەر و بانگدەر و
چالاک و تێکۆشەری گومناوی ڕادیکاڵکردنەوەی بزووتنەوە و ڕەوتە
کۆمەڵایەتییە دژە-چینایەتییەکانن و ھێشتا بنەماکانی تێڕوانینی ھزر و
تیئۆری ئەنارکیستی، ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی تێکۆشانی دژە ھەڵاواردنی
ڕەگەزیی و چینایەتی و پارێزەری ژینگە و گێڕانەوەی بنەما
کۆمەڵایەتییەکان و بەخۆبوونەوەی تاک و گەشەدان بە کولتووریی
مرۆڤایەتین.
ئەو پاگەندەیەی سەرەوە، زادەی حەزی من و پێداھەڵدانی ئایدیۆلۆجیانەی
خود و بیرکردنەوەی من و ڕەوتی ئەنارکیستی نییە، بەڵکو زادەی کەتوارێکی
مێژووییە، کە ھزر و تێڕوانینی ئەنارکیستی و تێکۆشانی ڕەوتە
ئەنارکیستەکان لە گشت ھزر و تێڕوانین و ئاراستە و ڕەوتە کۆمەڵایەتیی و
کولتووریی ئابووریی و ڕامیارییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو جیاکردنەوە
و گوڵبژێرییەش بۆ بنەماکان و ئامانجەکانی ھزری ئەنارکیستی و پەیکگیریی
ڕەوت و بزووتنەوە ئەنارکیستییەکان بە درێژایی دوو سەدەی ڕابوردوو و
پێشتریش دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم لە ڕێشەوە بۆ چارەسەری گرفت و کێشە و
ستەم و نایەکسانی و سەرکوتگەرییەکان گەڕاون و تێکۆشانی خۆیان ئاراستەی
پێکھاتەی ڕێکخستنێک کردووە، کە دروستکەر و پارێزەر و بەردەوامکەری ستەم
و ھەڵاواردن و ملھوڕیی ڕەگەزی و چینایەتییە؛ پێکھاتەی قووچکەیی
ڕێکخستنی کۆمەڵ (پێکھاتەی خێزان، فێرگە، کارگە تاکو دەوڵەت) بۆ
جێگیرکردن و پاراستنی سەردەست و ژێردەست، فەرماندەر و فەرمانبەر،
پێشڕەو و پاشڕەو، بڕیاردەر و ملکەچ، دارا و نەدار، دەسەڵاتدار و
بێدەسەڵات....تد
بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم و تێڕوانین و ڕێگەچارەی ئەنارکیستان بۆ
ھەڵاواردنی ڕەگەزیی واوەتر لە ھەر ھزر و بیرۆکەیەکی دیکەی ئازادیخواز و
سۆشیالیستی دەڕوات و ڕەگوڕیشە و سەراپای بوونی ستەم و سەروەریی
نیشانەدەگرێت. ئەنارکیستەکان ھەبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و
کولتووریی مرۆڤەکان بۆ نایەکسانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی
مرۆڤەکان دەگێڕێنەوە و نایەکسانی دەسەڵاتی مرۆڤەکانیش بۆ نایەکسانی
پێگەی ئابووریی ئەندامانی کۆمەڵ دەگێڕنەوە و پێکھاتەی قووچکەیی
ڕێکخستنی کۆمەڵیش (خێزان تاکو فێرگە و کارگە و بەڕێوەبردن) بە ڕاگر و
پارێزەر و درێژەپێدەری ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانییە ئابووریی و
دەسەڵاتیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان دەبینن و تاکو ڕێکخستنی کۆمەڵ
و بەشەکانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ لەسەر بناخەی پێکھاتەی قووچکەیی
ڕێکخستن بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ
(ڕەگەزیی،ئایینیی، خێڵەکیی، نەژادی، کولتووریی، ئابووریی، دەوڵەتیی)
دەمێنێت و زەمینەی دەبێت و بۆ ئەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ نەمێنێت،
پێویستە بنەماکانی سەروەریی لەنێوببردرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، کە
نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دەسەڵاتیی مرۆڤن و
ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزییش لەسەر ھەمان ئەو بنەمایانە
ڕۆنراوە و خۆی پاراستووە و درێژەی ھەیە، کە سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤی
لەسەر ڕاگیراوە و ئەو ھۆکارەش ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی
دەکاتە بەشێک لە ستەمی چینایەتی و بۆ ھەبوونی سەروەریی چینایەتی
دەگێڕێتەوە.
بەڵام ئەو بەشبوونە بەو واتایە نییە و نا، کە تاکو بەیەکجاریی ستەم و
سەروەریی چینایەتی ھەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری لاوازکردن و لەنێوچوون و
ھەڵوەشاندنەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی نییە. بێجگە
لەوەش، تێڕوانینی ئەنارکیستی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی و
لەنێوبردنی پایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولوتووریییەکانی سەروەریی
چینایەتی، تەواو پێچەوانەی تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییەکانی پێش و پاشی
خۆیەتی و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بە پرسێکی یەک شەو
و ڕۆژە و بەرەنجامی کودەتایەک یان گۆڕینی دەسەڵاتدار و سیستەمێکی
ڕامیاریی بە یەکێکی دیکە و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجیانەی کۆمەڵ و
لەقاڵبدانی ژییان نابینێت و گۆڕانی سیستەمی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی –
ئابووریی و ڕامیاریی چینایەتی بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ناچینایەتی بە
پرۆسێسێکی بەردەوامی تێکۆشان و بەرەنگاری و ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی
ڕۆشنبیریی و گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و سەراپای ژیان و
بیرکردنەوە و جیھانبینی مرۆڤی چەوساوە دەبینێت و بۆ بەدیھێنانی
تێدەکۆسێت.
ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی
بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی نایەکسانی
ژن و پیاو، وەکبەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما
کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی سەروەریی
چینایەتی (سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ بەگشتی) بە ھەڵگێڕانەوە و گۆڕینی
خشت بە خشتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی ڕەگەزیی و چینایەتی دەبێنێت و ھەر
لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن بەشێكی یان نیوەی بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە،
ئامرازەکان و سەنگەرەکان و شێوازەکانی تێکۆشانی دژ بە ھەڵاواردن و ستەم
و نایەکسانی ڕەگەزیش ھەمەلایەنە و سەراپاگیری کۆمەڵ دەبن و پایەکانیشی
تێکۆشانی ڕۆشنگەریی و کولوتووری و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەبن و
پێویستە و ئەوەش ئەرکی تێکۆشەرانەی ژنان دوو لایەنە دەکات، لایەک
ئامانج و داخوازییەکان بەسەر پیاوانی ھاوچین و لایەک بەسەر
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و وەستانەوە دژی دەسەڵاتی ئایین و کولتوور و
نێرسالاریی وەک یەکەکانی سەروەریی چینایەتی، کە لەنێو دەوڵەتی ھاوچەرخ
بەرجەستە بووە و دەبێت. چونکەدەوڵەت (لە دەنگدەر و پۆلیس و سوپا تاکو
دەگاتە پارلەمان و فەرمانداریی) بە ھەموو جۆرەکانی و لە باڵاترین و
ھاوچەرخیترین ئاستی گەشەکردوویی خۆی، ئامرازی پیادەکردن و پاراستنی
سەروەریی چینایەتییە و لەنێو ئەویش ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی و
نەژادی و کولتووریی و ئایینی و ئەگەر لە شوێنێکیش بە پاشەکشێ و گۆڕینی
ئاست و شێوەی ھەڵاواردن و سەروەریی بووبێت، ئەوا ھەر بەرەنجامی
تێکۆشانی دژە-سەروەریی و دژە-چینایەتیی و ناڕەگەزییانەی چین و توێژە
چەوساوەکانی کۆمەڵ بووە و دەبێت. کەواتە بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و
ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ھاوکات بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن
و ستەم و نایەکسانی چینایەتییە و ھەر ئاواش بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی
ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتیی، ھاوکات بەرەنگاریکردنی
ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزییە و دەبێت، چونکە ھەر دوو ستەمەکە
زادەی یەک سیستەم و ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریین و تەواوکەری یەکدین
و وزەبەخش و ڕاگر و پارێزەری یەکدین و ئەگەر ڕۆژگارێک سەروەریی
چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی ناچاربکرێت، زۆر ئاساییە ھەڵاواردن و ستەم و
نایەکسانی ڕەگەزیی پێچەوانە بکاتەوە و چەند ھەزار ساڵێکیش بە ژنسالاریی
بە بوونی خۆی درێژەبدات.
وەک دەزانین ودەبینین، ژن منداڵە، خوێندکارە، دایکە، جوتیارە، کرێکارە،
مامۆستایە، فەرمانبەرە، نەدارە، بێدەسەڵاتە ... ( پڕۆلیتێرە) و
ھاوکاتیش لەنێو ھەموو ئەوا بوارانە بێجگە لە چەوسانەوە چینایەیییەکە،
وەک ڕەگەز دەچەوسێتەوە و برا و باوک و ھاوسەر و ھاوکار و ھاودەردە
نێرینەکەی دەکرێتە مەقاشی ئەو چەوسانەوەیە، کەواتە ژن بۆ ڕزگاربوون
ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیکھاتە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و
بەڕێوەبەرییانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی بگەڕێت و لەسەر گۆی زەمین بستێک شوێن
لە دەرەوەی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی و ملھوڕیی دەوڵەت نەماوەتەوە،
تاکو ژنان لە باری خۆدابڕاندنی ڕەگەزیی، کە خۆکوژیی ڕەگەزیی و مرۆییە،
کۆمونە ھاوڕەگەزییەکانی خۆیان درووستبکەن و لە ئاوا شوێن و سەردەمێک
ژنیش وەک پیاوی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەدار- و بێدەسەڵات-کراو
(پڕۆلیتێر) بە ھەڵبژاردنی لایەک لە دووڕیانی : (خۆڕزگارکردن لە
سەروەریی) یان (کۆیلەمانەوە بۆ سەروەەریی) سزاوارە و ڕزگاربوون بەبێ
لێدان لە بنەما کولتووریی و ئایدیۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و
پێکھاتەیی و دەزگەییەکان، خەونی خواردنی کولیچە دەبێت لەنێو ئەفسانەی
بەھەشتی ئاسمانەکان.
دیسانەوە، ئەوە بە واتایە نییە، کە ژنان نابێت ڕێکخراو و گرووپی تایبەت
بە خۆیان لەنێو پێکھاتەی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان
ھەبێت، نا، بەپێچەوانەوە ھەبوونی ڕێکخراوە و گرووپە پاگەندەیی و
ھوشیاربەخشەکان لە شوێنەکانی کار و ژیان و خوێندن و ..تد، پێداویستیی
بێچەندوچوونن و تەنانەت بۆ ھوشیارکردنەوە و داچڵەکاندنی پیاوانی
چەوساوە و ھاودەم و ھاوچین پێویستن. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکخراوە و
گرووپانە کەمتر لە ئامرازی ھوشیارکردنەوە و پاگەندەی دژە-سەروەریی
ڕەگەزیی بڕۆن و واوەتر لە گرووپ و ڕێکخستنی ھوشیاربەخش بن، دیسان
دەبنەوە بەشێک لە ھەوڵە ئیدئۆلۆگییە بۆرجوازییەکان و دەبنەوە بە کوتەک
و جەلاد و ئاراستەکەری خودی ژنان و دەبنەوە بە بەرھەمھێنەرەوەی
سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ و لە باشترین باردا دەبنە سەروەری مێینە
لەسەر ژنان و جێگەی سەروەرانی نێرینە دەگرنەوە، ھەر بەو جۆرەی کە
ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، کە فێمینیستانی ئایینگەرا و ناسیونالیست و
لیبڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی ئاوەزی ژنانی ڕزگاریخواز ھەوڵدەدەن و
(بەڕێوەبەربوون) و (پارلەمانتاربوون) و (سەرمایەداربوون) و سەروەربوونی
ژنانێک بە ڕێگەچارەی ڕزگاری ژنان و نەمانی ھەڵاواردن و ستەم و
نایەکسانی ڕەگەزیی ژنان وێنادەکەن.
ئاوا بۆچوون و تێڕوانینێک مرۆڤی خۆھوشیار و بەئاوەز ڕووبەڕووی پرسیارێک
دەکاتەوە؛ ئایا جیاوازی ھەیە و چییە، کە (ھاوڕەگەزێک، ھاونەژادێک،
ھاوزمانێک، ھاوئایینێک، ھاوکولتوورێک) یان (ناھاوڕەگەزێک،
ناھاونەژادییەک، ناھاوزمانێک، ناھاوئایینێک و ناھاوکولتوورێک)مشەخۆری
ڕەنج و سەرکوتگەر و سەروەری مرۆڤ بێت؛ ئایا سەروەریی ھەر سەروەریی نییە
و دیوەکەی دیکەی ملکەچی و کۆیلەتی ئەوانی دیکە نییە؛ ئایا ڕەگەز و زمان
و ئایین و نەژادی جەلادێک ھیچ لە ئازار و ئەشکەنجە و ستەم و کوشتنی
مرۆڤی چەوساوە دەگۆڕیێت؟
____________________________________________
*
یان بەڕادەی کەم، ئەوە تێڕوانینی من دەبێت.
**
سیمبۆلی ئەنارشۆ-فێمیستەکان؛ بڵاوکراوەی یەکەمین گرووپی
ئەنارشۆ-فێمینیست لە ئاستی جیھان : دەنگی ژن، ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧ لە بۆینس
ئایرس (ئەرجەنتین) و دواتر ١٨٩٩ لە (ڕۆساریۆ) بڵاودەکرایەوە. ھەر ئاوا
ڕۆژنامەی (نە یەزدان، نە خاوەن کار، نا ھاوسەر) لەو ساڵانە
بڵاودەبووەوە:
https://en.wikipedia.org/wiki/La_Voz_de_la_Mujer
٦\٣\٢٠٠٨
ماڵپهڕی ههژێن
|