په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

ڕۆژى ژینگەى جیهانى.... کۆڵێک خەم.... و .... حەزێکى هاوچەرخانەش.


د. دڵشاد گەنجۆ *


ڕەنگە وشەی ژینگە ئەگەر وەک تێرمێکى زانستى ئەکادیمى فەلسەفى بوروژێنین، زۆر لە ئێمەمانان وەک مرۆڤێکى حەپەساوى چۆک لەرزیوى دەم وشک ڕەنگە لە چەند دێرێکى سەرپێى زیاترمان پێ نەبێت! پێموایە ئەمەش گوناهى کەسمانى تێدانییە، ئاخر ئێمە لە کوێ یان کێ فێرى ژینگە و ژینگەپارێزى کردوین؟! دایک و باوک؟ مامۆستا و قوتابخانە و خوێندنگا و زانکۆ یان شێوازەکانى فێرکردن یان پەیڕەو و پڕۆگرامەکانى خوێندن؟ مامۆستا ئاینییە بە ڕێزەکانمان یان خەتیبەکانى ماڵى خودا؟ سەندیکاکانمان یان رێکخراوە غەیرەحکومییەکان؟ هۆکارەکانى ڕاگەیاندن یان کەناڵە ئاسمانى ڕادیۆ هەمەشێوازەکانمان؟ لێرە نزم ڕوانین بۆ خودى مرۆڤ ئەوە نییە، کە شتێک نەزانیت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە هەوڵ بدرێت بۆ پرکردنەوەى پانتایى ئاستى بیرکردنەوەو ڕوناکبیرى. لێرە کەواتە ئێمە هیچ تاوانێکمان نییە لە نەشارەزاییمان بۆ بنەما سەرکەشەکانى ژینگە وەک زانستێکى مرۆیى دوێنێ و ئەمڕۆى بەردەوام، وەک بابەتێکى گەرما و گەرمى هەنوکەیى کۆمەڵگاى مرۆیى نێودەوڵەتى، وەک زانستێکى ئەکادیمى فەلسەفى گرێدراو بە مان و نەمانى ژیان لەسەر گۆى زەوى، وەک سیاسەت و داهات و گەشتوگوزار و دروستى کۆمەڵگا و تەمەن درێژى، وەک سۆزنواندن بۆ بوونەوەرەکانى دەوروبەر، وەک ڕێزگرتن و ڕۆشنبیرى و ڕوناکبیرى کۆمەڵایەتى، وەک ڕێزگرتن لە خوداى مەزن، وەک ڕەوشتى بەرزى تاک و کۆمەڵگا، وەک هەستێکى نەتەوایەتى ڕەسەن، چونکە هەرهەموو ئەوانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێوەیەک یان شێوەیەکى دیکە ئەلقەیەکن لەو زنجیرە زەبەلاحە بەیەکەوە گرێدراو ئاڵۆزەى کە نهێنییەکانى بوونى ژیان لەسەر ئەستێرەى زەوى ئاشکرا دەکات، کە پێى دەڵێن ژینگە ..... ئەو دایکە بە سۆزەى کە لە منداڵدانیدا ژیان چاو هەڵدەهێنێت و ژیانیش تێیایدا بەردەوام دەبێت. بەڵێ لە دنیاى ئەمڕۆمان ژینگە و ژینگە پارێزى دوو شاپێوەرى هەڵسەنگاندنى مرۆیى هەرنەتەوەێکن. ئەمڕۆ ئاستى ڕۆشنبیرى و ڕەوشتى بەرزى تاک و کۆمەڵگا و دەزگا خزمەتگوزارییەکانى حکومیش بەندە بە ئاستى دڵسۆزى و شارەزایى و خزمەتکردنى ژینگەى دەوروبەر. دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە ڕەفتارکردن لەگەڵ کۆڵەگەکانى سیستەمى ژینگە، سوتاندنى دارستانەکان، ڕاوکردنى باڵندە و گیاندارە کێوییەکان، فڕێدانى پاشەڕۆ بۆ سەرشەقام و ڕێگاوبان و ڕوبارەکان، پیشەسازى قورس و دوکەڵ فڕێدان لە ئاییندەى زۆرنزیک تەنگژەى مەرگدار دەگرێتەخۆ، کە زۆرینەى ئەم تەنگژانە وەک بەگەرمبوونى دنیا و وشکەساڵى و ترشە باران، تەنک بوونى بەرگى ئۆزۆن، زۆربوونى پانتایى بیابانەکان و وشکانى ئەوڕۆ بە هەڵپە لەسەرهەڵدان و پێشڕەویدانە، باجى ئەم هەموو تەنگژانەش دەبێت کۆمەڵگاى مرۆیى بەکۆمەڵ بیداتەوە، نەخۆشییەکانى ئەنفلەوەنزاى باڵندە و ئیبۆڵا و سارس و کەمى بەرگرى و شێرپەنجە و نەخۆشییەکانى دڵ و سییەکان و نەزۆکى و نەخۆشییەکانى دەروونى و دەیان نەخۆشى مەرگدارى دیکە بەڵگەى حاشا هەڵنەگرن لێرە. دەبێ هۆکارەکان چى بن؟. ژینگە و ژینگەپارێزى کارێکى هەرەوەزییە.... لێرە دەبێت هەرهەموومان یەک بڕیارمان پێ بێت .... یان پێکەوە ژیان یانیش پێکەوە فەوتان. بۆیە دەبێت هەرچى زووە ئاوڕێکى بەپەلە بدرێتەوە لە کەموکوڕییەکانى پەیوەست بە ژینگە و ژینگەپارێزى لەسەر هەموو ئاستەکان بە شێوازێکى هاوچەرخانەى هاوتەریب لەگەڵ ئەجندەى سەدەى بیست و یەکەمینى ئەم سەردەمە. کەپێمان وایە هەر هەموومان وەک حکومەت و زانکۆ و تاک و کۆمەڵگا بەرپرسین لە پێشنیازکردن و دۆزینەوەى ڕێگا چارەى شیاوى گونجاوى ڕەخساو بۆ وەلاوەنان و نەهێشتنى ئەم هەموو کەمو کوڕٍیانەى پەیوەست بە ژینگە. بۆیە هیوادارم لەم راِپۆرتە شەرمنەى بەردەست بتوانین پەنجەڕاکێشین بۆسەر هەندێک لایەنى شاراوەى ژینگە لە هەرێمەکەمان، جەختیش بکەین لەسەر ڕۆڵى تاکى کورد سەبارەت بە ئەرک و ڕوناکبیرى ژینگە و ژینگەپارێزى، خوازیارین ئەم لە بۆچوونانەش نەک هەر وەک کۆمەڵێک داواکارى و ڕاسپاردە و ڕەشنووسێکى پەراوێزکراو مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو ببێتە بەرنامەیەکى کارى هەرەوەزى لە ڕۆژى ژینگەى جیهانى، کە ڕێکەوتى پێنجى مانگى حوزەیرانى هەموو ساڵێکە بەهەند وەربگیرێت.


ژینگە.... ئەو دنیا پانوپۆرەى کە مرۆڤ تێیدا چاو هەڵدێنێت و تێیدا زۆریش دەبێت، هەر لەو دنیایەش تەواوى مرۆڤ و شێوازەکانى دیکەى ژیان چاو کپ دەکەن و کۆتایى بە ژیانیان دێت و دەمرن. پاش مردن و ڕزینیش تەواوى پێکهاتە و گەردیلەکانى جەستەکانیان دووبارە تێکەڵ بە هەوا و خاک و ئاوى ئەم ئەستێرە دەبێتەوە ....هەروەک بیانەوێ پاش مردنیش ئەم حیکایەتە بگێڕنەوە بۆ نەوەکانى دیکەى یەک لەدواى یەک.... بەڵێ ئەمە سوڕێکى لەمێژینەى دورى بەردەوامى دووبارەیە.... هیچ کەس یان هیچ شێوازێکى دیکەى ژیان لەم ڕاستییە دورە پەرێز نییە .... بۆیە ڕاستە گەر بڵێین بۆ نمونە گەردەکانى کاربۆن یان نایترۆجین و تەواوى گەردەکانى دیکەى لەشمان هەرهەمان ئەو گەردانەى پیرە داربەڕوویێک بێت! یان هەمان گەردەکانى جەستە لەڕو لاوازە پیرۆزەکەى پیرەمێردى شاعیرى نەمر بێت! یان لەوانەشە هەمان گەردیلەى جەستەى دایناسۆرێک بێت، کە پێش یەک ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە سەر ئەم ئەستێرەدا ژیاوە! ئەوەى لێرە مەبەستە ئەوەیە، کەوا ژینگەى زەبەلاحى دنیا یەک پارچەى تۆکمەى بەیەکەوە گرێدراوى تێکهەڵکێشراوە.... ئەو ژینگەش وەک دایکێکى بەسۆز هەمو شێوازەکانى ژیانى ئەو دنیایەى گرتۆتە ئامێز .... دوور لە توخم و نەتەوە و دین و ڕەگەز و ڕەنگى پێست و زمان .... بەڵێ ژینگە بابەتێکى مرۆیی نێو دنیایى سەرتاسەرییە، ژینگە پارێزیش کارێکى هەرەوەزییە. بۆ چەسپاندن و وروژاندن و قبوڵکردنى ئەو ڕاستییەش تەواوى دەوڵەتانى دونیا جاڕى ئەوەیان دا، کەوا هەموو ڕۆژێکى پێنجى مانگى حوزەیرانى هەموو ساڵێک ببێتە ڕۆژى ژینگەى دنیا. ئامانجى سەرەکى ئەو جاڕدانەش کۆکبوونە لەسەر ئەوەى کەوا هەر تەنگژە یان کارەساتێکى ژینگە لە هەر جێیەکى ئەو دنیایەدا مەترسییە یان مەرگدارە بۆ ناوچەکانى دیکە. ئەگەر چى زۆرینەى دەوڵەتانى دنیاى ئەمڕۆ مشتومڕیانە لەسەر ئاستى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و بگرە مەزهەبیش، بەڵام ڕۆژى ژینگەى جیهانى ئەم هەموو کەلێن و کەلەبەرانە کەمدەکاتەوە و دەوڵەتانى دنیا لەیەک نزیک دەکاتەوە. ئەمەش جێى خۆیەتى چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ تەواوى مرۆڤى دونیا لەناو یەک کەشتى زەبەلاحدان.... بۆیە دەبێت لێرە یەک بڕیار بدەین یان پیێکەوەژیان، یانیش پێکەوە فەوتان! هەر بۆیەش ناکرێت بڵێین با ژینگەکەى گەڕەکى ئێمە خاوێن بێت و هەقمان بەسەر گەڕەکەکانى دیکەى ناو شاردا نییە! ناکرێت بڵێین با ژینگەى شارەکەى ئێمە خاوێن بێت و هەقمان بەسەر شارەکانى دیکەوە نییە! بەهەمان شێواز ناکرێت بڵێین با ژینگەى وڵاتەکەى ئێمە خاوێن بێت و هەقمان بەسەر وڵاتەکانى دیکەدا نییە .... ئەمەش ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ یەک هۆکارى ئاشکراى ڕوونى زەق، ئەویش ئەوەیە چونکە ئێمە وەک مرۆڤ لەم دنیایەدا لە یەک ئاو دەخۆینەوە، لە یەک خاک دەخۆین، یەک جۆر هەواش هەڵدەمژین. زنجیرەیەکى گرێدراوى تێکاڵاوى نەپساوە.... بەردەوامە، بەڵگەى دوور و نزیکیش لێرەدا حاشاهەڵنەگرن.... ئەدى ئەوێ ڕۆژ نەبوو بیرەکانى نەوتى کوێت سوتان لە جەنگى کەنداوى یەکەم ئێمەى خەڵکى کوردستان بارانى ڕەشمان بینى؟! کانەکانى گۆگردى میشراقى موسڵ سوتا و ئێمەى خەڵکى کوردستان بارانى ترشمان بینى؟! تانک و زرێ پۆشى دیکتاتۆر لە بەسڕادا گڕیان تێبەردرا ئێمەى خەڵکى کوردستان تەماتەى پیسبوو بە یۆرانێۆمى داهێزراومان بینى! بۆ پێشان مەڕەکانى دەشتى قەراج دوانە دەزان ئێستا تووشى لەبەرچوون بووینەوە و نازێن؟! ئەدى ئەوە نییە ئەو ناوچانەى کوردستان کە بە چەکى کیمیاوى بۆردومانکران ئێستاشى لەگەڵدا بێت گژ و گیاکان لەم ناوچانەدا دووبارە ناڕوێتەوە و سەر قوت ناکەنەوە؟! ئاخر کەى ئاووهەواى دنیا بە پیرە هەولێریشەوە ئەوەندە گەرم بووە و کەى ئەوەندە گۆڕانەى بەخۆوە بینیووە؟ بۆ نەخۆشییەکانى شێرپەنجە، نەزۆکى، تەمبەڵى، نەخۆشییەکانى دڵ و سییەکان ......هتد لەڕادە بەدەر ئێستا تەشەنەى کردووە؟ بەڵێ ئەمانەو دەیان تەنگژەى دیکە لێرەدا لە سەرهەڵدان و پێشڕەویدانە.... هەر هەمووشیان کۆمەڵێک خەمن جێى ڕامانە ئاوڕدانەوەیەکى بەپەلەى گەرەکە،!


دەمێک بوو پڕ بە دڵ بیرى گۆرانییە پڕ سۆزەکەى "ئەى مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین........" بە دەنگى هونەرمەندى نەمر عەلى مەردانم دەکرد! هەر بە ڕێکەوت ئەو حەزەى منیش نیوە شەوى 29/30 مانگى ئایارى ئەم ساڵ بوو.... ئا لەو کاتانەى، کە کارەباى پیرە هەوڵێرى پایتەخت کز و شەکەت دەبێت و دەخەوێت!! لەو ساتانەش زۆربەى زۆرى ڕەشو ڕوتى ئەم دەڤەرە بەدەست گەرماو ئارەقکردن و ویزەى لەشکرى لەبن نەهاتووى مێشولە! سەرگەردان و گەوزە گەوز و هەناسە بڕکێ....، کە ڕەنگە هەندێکیان دە ساڵ لە تەمەنیان ببەخشن بۆ کەمێک خەو! منیش وەکو یەکێک لەم هەموو خەڵکەى ئەم شارە سەرم بەرزکردەوە ئاسمان بینیم مانگ ڕو زەرد و کز و خەماوى و داماو، پڕ نوزە هەروەک بڵێى دەگریێ وا بوو!! منیش وامزانى چاوەکانم ڕەنگە ماندوو بووبێت یان تەم دایانى گرتووەو تێر خەو نەبووینە.... بەڵام پاش دەمو چاوشتن و دووبارە جەختکردنەوە هەمان ڕوخسارى شێواوى مانگم بینى! بەڵێ ئەو شەوە تۆزو خۆل بەرى ئاسمانى گرتبو چاو چاوى نەدەبینى..... مانگیش وەک مۆمێکى کزى دوور دەنوزایەوە! ئاخۆ دەبێ چ ڕووى دابێت؟ دەباشە ئەوانەى ئێستا لەو کاتە لە سەفەرن بە فڕۆکە یان ماشێن چۆن بەر چاوى خۆیان دەبینن؟ ئەدى ئەو بەسەزمانانەى تووشى نەخۆشى "ڕەبو" یان هەناسە تەنگى بووینە دەبێت چى بکەن ئێستا؟ ئاخر ئەو تۆزە ڕووەکیش دەخنکێنێت! بەڵێ ئەمە زەنگێکى ترسناکە.... ئەمە سەرەتاى هەڵکشانى بیابانە وا بەرەو کوردستان پێشڕەوى دەکات. بەڵێ ئەم تۆز و دەنکە لمانە هەر هەمووى وردە مادەى بێ کەڵکى ناچالاکە، سستە لە خێر و بێرى خاک کەم دەکاتەوە، مەرگدارە بۆ روِوەک و تەواوى سەوزایى. هەر لێرەدا بیرکرنەوە بۆ تەنها یەک چرکە پرسیارێک سەرى قوت دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە دەباشە ئەگەر هەولێر پشتێنەى سەوزى بۆ کرابا یان پانتایى سەوزى زیاتر بوایە ئێمە باجى خەڵکى دیکە یان ئەو خەمۆکییەمان دەدا؟! هەر لێرەدا هەقى خۆیەتى ئاماژە بەوە بدرێت، کەوا پانتایى سەوز لە هەولێرى پایتەخت تەنها 15% یە بەواتایەکى دیکە 85% ى ڕووبەرى شارى هەولێر بریتییە لە خانووبەرە و ڕیگا و بان، کە جێى سەرنج و بەدواداچوونەوەیەکى بەپەلەشە، کەوا هیچ لەو خانووانەش بەتایبەتى خانووە نوێکان باغچەیەکى تەنها یەک مەتر دووجاشیان نییە!! لێرە جێى خۆیەتى پرسیارەکە ئاڕاستەى شارەوانى بکرێت، دەباشە بۆ ناکرێتە مەرج لە کاتى پێبەخشینى مۆڵەتى بیناکردن دەبێت و مەرجیش بێت هەر ماڵێک بە لایەنى کەمەوە دەبێت پێنج مەتر دوجا لە خانوەکەى بکرێتە باغ؟ ڕەنگە بوترێت ئاخر ئاو بەش نەکات! لێرەدا دەکرێت بوترێت ئەدى هەولێر ناکەوێتە نێوان دوو زێى مەزن، کە بریتین لە زێى بادینان و کۆیە؟ دەباشە بۆ لە زەمەنى سەنحاریب ئاو دەگەیشتە پیرە قەڵاش؟ ئایا سەنحاریب کارەبا یان ترومپاى ئاوى زەبەلاحى سیحراوى هەبووە؟!! بەکورتى دەبێت دان بەوەدابنێین ڕەهەندى ژینگەکەمان تاریکە، کار و ئەرکى هەرهەمومانە هەر تاکێکى ئەو کۆمەڵگایە لە شوێن خۆى دەستى یارمەتى درێژکات، بێ سڵکردنەوە!
کورد دەمێکە فەرمویەتى.... کەس لە پڕێک نەبۆتە و نەدەبێتە کوڕێک.... بەڵێ تا دوێنێى نزیک تەنها دامەزراندنى یەک بەڕێوەبەرایەتى ژینگە لە هەرێمدا خەونێکى ئێمەمانان بوو! بەڵام ئێستا وەزارەتى ژینگەى هەرێمى کوردستان ڕاستییەکە و دەرکى پێدەکرێت، لێرە گرنگ ئەوە نییە بڕیاربدەین لە سەر کار و چالاکییەکانى ئەم وەزارەتە تەمەن یەک ساڵە.... ئەو وەزارەتەى کە کۆڵێک بەقەد شاخێک ئەرکى قوڕسى دوێنێ و ئەوڕۆشى لەسەرشانە..... ئەو وەزارەتەى، کە دەبێت دوعا بکات بۆ ئەوەى ماوەى ڕۆژ و شەو ببێتە 48 کاتژمێر لە جیاتى 24 کاتژمێر بۆ ئەوەى قەرەبوى زەرەر و کارەساتەکانى دوێنێ و ئەوڕۆش بکاتەوە بۆئەوەى هەرچى زووە کەموکوڕییەکان وەلاوەنێت لە پێناو خزمەتکردنى مرۆڤى چەوساوە لەم دەڤەرە شیرینەو ئەو دنیایەش.... بۆیە لێرە ئەرکى هەر مرۆڤێکى دڵسۆزێى ئەو هەرێمە کۆمەک و هاریکاریکردن و پاراستنى ئەو دەزگا مرۆییە پیرۆزەیە. لە جیاتى ئەوەى نەفرەت لەتاریکى بکەین با هەریەک لە ئێمەمانان مۆمێک دابگیرسێنێت. لە ڕۆژى ژینگەى جیهانى کە ڕێکەوتى ڕۆژى پێنجى حوزەیرانى هەموو ساڵێکە با ئەم پەیمانە دووبارەى بکەینەوە.


لێرەدا بەپێویستیشى دەزانین وەک پسپۆرێکى ئەو بوارە کۆمەڵێک پێشنیازى بەپەلە بوروژێنین:


پەلەکردن لەدانانى یاساکانى پاراستنى ژینگە بەمەرجێک لەلایەن خەڵکى پسپۆر لە بوارى ژینگەى (هەرێمى کوردستانى عیراق) ەوە پەسەند بکرێت.
لە دەستورى هەرێم مەرجە چەند بڕگەیەک هەبێت وەک یاساو ڕێساى داکۆکى کردن لە ژینگە، کە مرۆڤیش بەشێکە لەم ژینگەیە و دەبێت مافى پارێزراو بێت.
پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتى کار نەدات بە هیچ حیزب و کۆمەڵە و ڕکخراو و سەنتەر و ناوەندێک ئەگەر بێتو لەبەرنامەى کار یان پەیڕەو و پڕۆگرامەکانیان ئاماژە بە بارودۆخى ژینگەى هەرێم نەدات و جەخت نەکات لە ژینگەپارێزى.
هیچ پەرلەمانتارێک متمانەى پێ نەدرێت ئەگەر چالاک نەبێت لەبوارى ژینگەپارێزیدا.
هەر دەوڵەتێک یان هەرێمێک ئامارى ژینگەى خۆى نەبێت، ئەوا بەدواکەوتوو لەقەڵم دەدرێت (مەبەست لێرەدا ئاو، خاک، هەوا، هەمەشێوازى ژیانى ماڵى و کێوى......هتد).
بەشداریکردنى حکومەتى هەرێم لە هەموو کۆنگرەو پرۆتۆکۆڵەکان ئەوانەى پەیوەستن بە ژینگەى دنیا.
دامەزراندنى کارگەى دووبارە کەڵک وەرگرتن لە پاشەڕۆ و زبڵەکانى شارەکان (لێرە ئەرکى شارەوانییە کە شووشە، کانزا، پلاستیک....هتد)ى ناو شارەکان بە میکانیزمێکى گونجاو بگرێتە ئەستۆ، بەنیازى (کەم بەکارهێنان، دووبارە بەکارهێنان، دووبارە دروستکردنەوە).
حکومەت پابەندە بە زامنکردنى هاتووچۆى ناو شارەکان و دەرەوەى شارەکان بە دابینکردنى ئامێرى گواستنەوەى بە کۆمەڵ (پاس، شەمەندەفەر.......هتد).
دامەزراندنى سەنتەرى ستراتیژى لێکۆڵینەوەى ژینگە لە هەرێمدا (بە مەرجێک خەڵکى پسپۆر لە بوارى ژینگە بەڕێوەى ببات) .
دامەزراندنى بەشێکى تایبەت بە ژینگە لە هەموو زانکۆکانى هەرێم (بە مەرجێک خەڵکى پسپۆر لە بوارى ژینگە بەڕێوەى ببات).
پتر هەوڵدان لەلایەن مامۆستا و خەتیبى مزگەوتەکانەوە بۆ ژیرکردنەوە و ئاشناکردنەوەى خەڵک بە ژینگە و ژینگەپارێزى.
یەکخستنەوەى پەیڕەو و پرۆگرامەکانى خوێندن بەمەرجێک هەر بابەتێک لە شوێنى گونجاودا قوتابى و خوێندکار ئاشنا بکات بە پرنسیپى ژینگە و ژینگەپارێزى (ئەمەش بەداخەوە دەبوایە فرمان و ئەرکى وەزارەتى فێرکردن بوایە وجەختى لەسەر کرابا لەو کۆنگرەى دواییەدا!)
مۆڵەتى بیرهەڵکەندن لەلایەن لیژنەى پسپۆر بدرێت! چونکە ئاوى ژێرزەوى سامانێکى نەتەوەیى دواڕۆژى ستراتیجییە!
مۆڵەتى بینا نەدرێت بە هیچ کەس بەمەرجێک لە نەخشەى بیناکە باغچە بکرێت و بیرى ئاوەڕۆ بە شێوازى نوێ لێبدرێت (پانتایى سەوز هەتادەکرێت پتر بکرێت لە ناو و دەرەوەى شارەکان).
 


* پڕۆفیسۆرى یاریدەدەرى ژینگە و پیسبون
   زانکۆى سەلاحەدین/ کۆڵێژى زانست