٢٥\٩\٢٠٢٣
رۆژی پڕشنگداری
٢٥ی ئەیلوول.. جێژنی سەربەخۆییتان پیرۆز!

دارا خونچە
ئەگەر لە روانگەیەکی چینایەتییانەی پوختەوە تەمەشای گشتپرسیی لەسەر پرسی
نەتەوەیی و نیشتیمانیی بکەین دەبینن پاش سەرکەوتنی گشتپرسییەکە بە
قازانجی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەولەتەکی تازە لە نێو میللەتەک.. ئەو
دەولەتە هیچ گۆڕانەکی ئەرێنیی و پێشکەوتننخوازانە لە ئاستی یەکسانی و
ئازادییەوە چێناکا لە نێو میللەتەکە.. تەنێ ئەوە نەبی کە چین و توێژە
چەوساوەکان و چەوسێنەرەکان پێکەوە لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و
نیشتیمانیی رزگاردەبن.. لێ ئەو رزگاربوونەی چەوسێنەران کە دیسان
دەسەڵات دەگرنەوە دەست هیچ سوودەک بە چەوساوەکان ناگەیەنی - کە زۆربەی
هەرە زۆری میللەتن و رزگاربوونەکەش هەر پتر لە ئەنجامی تێکۆشانی
ئەوانەوە وەدەستهاتیە - واتە چەوسانەوەی چینایەتی لەسەریان کەم
ناکاتەوە ئەگەر پتری نەکا.. کەواتە سوودی چینە چەوساوەکان بە هۆی ئەوەی
چەوسانەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەیان لەسەر لادەچی - کە ئەوەش خۆی
دەستکەوتەکی گەورەیە لە مافە کۆمەڵاتییە نەتەوەییەکەیان نەک لە مافە
کۆمەڵاتەییە چینایەتییەکەیان - ئەوەیە کە ئیدی بە پرسە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکان و دواکەتنیان لە کاروانی گەلە رزگاربووەکان سەرقاڵ
نابن بەڵکە دەستیان کراوە دەبی لەوەی کە خەریکی خەباتی چینایەتی و
پێشکەوننی کۆمەڵایەتی و شارستانیەت بن و ژیانی باشتر و باشتر
وەدستبهینن.
جا ئێستا بە پێی ئەو رێبازە شیکارییەی سەرێ دەچینە ناو ئەو بابەتە گرنگ
و پڕ بە بایەخەی گشتپرسییە سەرکەوتووەکەی کوردستانی باشوور وەک
ئەنجامەکەی و کاریگەرییەکانی و بەهایە رامیاریی و کۆمەڵایەتی و
مێژووییەکەی.. هاوکاتیش لەبەرئەوەی ئەو گشتپرسییە خودی خۆی پەیوەستە بە چەمکی ئازادیی
نەتەوەیی و نیشتیمانیی و بە پێی تێکۆشانی میللەت و پیویستییەکانی
سەردەم لە ئاستەکی بەجێ و گشتگیر جێکەوتە و بەرجەستە دەبی.. خۆبەخۆ لە
نێو ئەو بابەتەدا لە چارچیوەی ئازادییەکانی دەربڕین و خۆدەربڕین جێی
خۆی دەگری. هەڵبەتە لەو بابەتە (هییچ بابەتەکی دیکەشم)
لایەنگریی لە هیچ حیزب و لایەنەک ناکرێ چون هەر لە بنچینەدا بڕوام بە
خودی رێکخراوبوونی حیزبایەتی و هیچ لایەنگرییەکی حیزبیی نییە.. لێ رێک
بە پێچەوانەی شێوازی ئەکادیمیایی (چون ئەکادیما تووتییەکی زۆرگۆیە لۆ
هیچ نەگۆتن!) را و تێڕوانینی تایبەتی خۆم بە شێوەیەکی ئاسایی و زۆر بە
راشکاویی لە دووتوێی دەستەواژە و گوزارشت و رستەکان خۆیان دەردەخەن.
ئەوەیان نە درکاندنی راز و دەرخستنی هیچ هەست و ئەندێشەیەکە نە دەربڕینی
سۆز و لایەنگرییە لە هیچ فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیایەک
ئەگەر بێژین لە سەردەمی
ئێستاماندا مەزنترین و بە بەهاترین سەرکەوتنی میللەتەکی بندەست لە رووە
نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی ئەوەیە کە کاتەک ئەو میللەتە دەگاتە ئەو
ئاستەی لە گشتپرسییەکدا (جا لە هەر کات و بە هەر جۆرەک سازدەدرێ و لە
لایەن هەر هێز و بزووتنەوەیەک سەرپەرشتیی دەکرێ تەنانەت ئەگەر دوژمنیش
بی لێ بە ناچاریی ملکەچی ئەنجامدانی دەبی) بە دەنگی زوڵاڵی زۆربەی زۆری
دەنگدەران دژ بە داگیرکەرەکەیان و بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی تەسکی
وڵاتان لە داگیرکردنی نیشتیمانەکەیان (واتە رامیاربازیی گشتیی
نێودەولەتیی) بڕیاردەدەن و دەبێژن: ''میللەتی مەش وەک هەموو میللەتانی
دیکە - کە هێشتا جیهان لە قۆناغی هەبوونی دەولەتدا دەژی - مافی
دامەزراندنی دەولەتی خۆیان و بنەبڕکردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و
نیشتیمانییان هەیە'' و سەرەنجام سەربەخۆیی خۆیان رادەگەیەنن.
جا هەر بەو پێودانگە گشتپرسییە مێژووییە سەرکەشەکەی کوردستانی باشووریش لە رۆژی
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە پاش
راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١
- کە ئەویش وەک خۆی
گشتپرسییەکی مێژوویی بوو لە رەتکردنەوەی داگیرکەر و راونانی تا دوا
بستەکانی نیشتیمان
- مەزنترین و بە بەهاترین سەرکەوتنی میللەتەکەمانە..
واتە لەو رۆژە پڕشنگدارە پڕ دەستکەوتترین ئامانج وەدەستهات ئەویش ئەوە
بوو کە هاونیشتیمانیانی کوردستان بە هەموو نەتەوەکانەوە (کورد و
تورکمان و عارەب و کلد و ئاشوور و سریان و ئەرمەن) بە دەنگی زوڵاڵی پتر
لە ٪٩٣ی دەنگدەران گۆتیان: ''ئەرێ.. وەک
هەموو میللەتانی جیهان مافی دامەزراندنی دەولەتی خۆمان هەیە و
سەربەخۆیی خۆمان رادەگەیەنین''. لە راستییدا ئەو سەرکەوتنە مێژووییە
بەها و بایەخەکی فرە مەزنی هەیە چون بەردی بناغەی سەربەخۆیی هەموو
پارچەکانی کوردستانی دانا.. لەبەرهەندێ پێموایە پێویستە ئەو گشتپرسییە
ساڵانە لەو رۆژەدا تا ئەو کاتەی تێکڕای کوردستان بە سەربەخۆیی دەگا وەک
جێژنی سەربەخۆیی بە ئاهەنگی گەورە گەورە و پڕ لە ئاسوودەیی پیرۆز بکرێ!
هەڵبەتە ئەو مافەی گەلانی کوردستان جێی هیچ گفتوگۆ و تێڕوانینەکی لەو
بابەتانەی تێدا نابتەوە کە کەسانەکی نەخۆش (کە بێ گومان پێویستیان بە
چارەسەری دەروونیی و رامیاریی هەیە و لەو سەردەمەی زانستی زیرەکیی
دەستکرد جێی بەزەیی پێداهاتنەوەی مرۆڤە ژیرەکانن) دەیانەوێ لە رێی
بیانووگەلەکی بێ واتا و بێ نرخی وەک (نالەباریی بارودۆخ و
دەستنیشانکردنی کاتی گشتپرسیی، نەبوونی پشتگیریی نێودەولەتیی، بێهێزیی
سەربازیی بە بەراورد بە بەهێزیی داگیرکەر لە رووی تەکنەلۆژیای سەربازیی،
لاوازیی باری ئابووریی و نەبوونی توانایەکانی چێکردنی دەوڵەت و
پاراستنی، نائامادەیی ژنان لە تێکۆشان کە نیوەی کۆمەڵن و بە هۆی
هەژموونی چەوسێنەرانەی نێرسالارییەوە وێران بوونە، ئاستی بێبڕستیی
توانایە دیپلۆماسییەکان و تاکتیک و گەمەی رامیاریی، پێشاندانی
جوداخوازیی و سنووربەندیی لە نێوان میللەتان و ترازاندنی چین و توێژە
بەشمەینەت و کرێکارییەکانی نێو دەوڵەتە داگیرکەرەکە لە یەکدی وەک
لایەنی نەرێنیی و نامرۆیی، و... تد) لە ئاستی بەرزی سەرکەوتنی
گشتپرسییەکە کەمبکەنەوە و بێ کاریگەری بکەن.
دیارە لە هەمووشی دزێوتر و بێزەوەرتر ئەوە بوو کاتەک کە دەسەڵاتە
داگیرکەرە رەگەزپەرستەکەی ئێراق بە خۆگونجاندنی
دەگەڵ دەسەڵاتە
داگیرکەرەکانی دیکەی کوردستانی مەزن و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی
نێوچەکە و رامیاربازیی نێودەولەتیی بە تایبەتییش دەسەڵاتە زلهێزە
لیبرالیستە داگیرکەرەکانی جیهان گەلەکۆمەیان لە سەرکەوتنی گشتپرسییەکە
کرد و بە ئاگر و ئاسن پەلاماری میللەتیان دا و گەمارۆی ئابووریی و
رامیاریی و دیپلۆماسییان خستەسەریان و نەیانهێشت دەولەتی دڵخوازی خۆیان
دابمەزرێنن.. ئیدی ئەو کەس و لایەنانەی نێو حیزبەکان و هێزە
دەسەڵاتدارەکانی
کوردستان کە لە ژێر هەژموونی سەربەخۆخوازیی میللەت و بە نیازی
ئەوە بەشدارییان لە راپرسییەکە کردبوو کە ئەگەر سەربەخۆییەکە سەریگرت
ئەوە خۆیان دەسەڵاتی دەولەت دەگرنەدەست.. ئەگەر سەریشینەگرت ئەوە لە
رێی پێشاندانی حیزب و لایەنەکانیان بە هێزی نیشتیمانیی و سەربەخۆخوازیی
قەیرانەکانی نێوخۆی خۆیان و کێشەی دابڕانیان لە میللەت چارەسەر
دەکەن تا
لە قۆناغەکی دیکە بە شێوە و شێوازەکی دیکە هەڵیانبخڕێنن و وەکاریانببەن..
زۆربەی زۆری ئەوانە
کە (پارتییەکان و یەکێتییەکانیان راستەوخۆ
و بە ئاشکرایی بەکرێگراوی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێرانن و حیزب و
لایەنەکانی دیکەش بە ئاماژەی دەستی دەرەکیی و ئاراستە دژە
سەربەخۆییەکەی رامیاریی نێودەولەتیی دەجوولێن) بە پێچەوانەی
ئەنجامە سەرکەوتووەکەی گشتپرسییەکە دژ بە میللەتەکەی خۆیان و دەنگ و
هەستی سەربەخۆخوازیی دەستیان بە یەک پێشبڕکێ کرد لەسەر بەشانوباڵ
هەڵدانی ئێراقی یەکگرتوو و سەروەریی دەسەڵات و نیشتیمانەکەی کە نەک هەر
ملی هەرێم بەڵکە ملی خۆشیانیان پێیەوە دەشکاند!
ئەو کەسانەی پێش ئەنجامدانی گشتپرسییەکەش کە دەسەڵاتداران
پێکیاننەکردبوون لە گەندەڵییەکانیان بەشدارببن بە نیازی ئەوەی ئەو جارە
بەرژەوەندییە تەسکە کەسییەکانیان و پشکەکانی گەندەڵییان لە نێو دەوڵەتە
سەربەخۆیە چاوەڕێکرایەکە لەدەست نەچی دەنگیان بە ''ئەرێ'' دابوو..
هەموویان پەنجەی پەژێوانییان گەزی.. ئەوانە سێ بەش بوون:
بەشی یەکەمیان بە ئارەزووی خۆیان وەنێوکەتن و زۆر بە توندیی بەربوونە
گیانی گشتپرسییەکە و هەروەک ئەوانەی (لە سەرەتاوە دژی سەربەخۆیی
بوون و لە پێتەختی دەعبا و جڕوجانەوەرە شیعەگەرییەکانەوە هێرشیان
دەکردە سەر هەولێر و
هەر لە لۆقنتە تورکییە عارەبییە ئیسلامییە
ئێرانییەکانی بەغدا خەریکی گەدە هەڵئاوسان
بوون و زۆر بەگوڕ و بە جۆشیشەەوە سەرگەرمی سۆزانییخانەی فرەژنیی و
سیغە و مسیار و ناز و بەخششەکانی دیکەی خودا و ''تەڕبەگە''ی خۆیان بوون)
یەکسەر ١٨٠ پلە وەرسووڕان و لە ئێراقچییەتی و
ستایشکردنی داگیرکەران وەپێش هەمووان کەتنەوە!
بەشی دووەمیشان بە رووکەش خۆیان ئەوها پێشاندەدا کە کەسانی نیشتیمانیی
و نەتەوەیین و لایەنگرییان لە داگیرکەران نەدەکرد لێ راست و چەپ
هێرشیان کردە سەر سەرکەوتنی راپرسییەکە و لە باشترین باریشیاندا کە
گوایە دەیانەوێ
باکۆتیی سەر هەرێم بشکێنن و مووچەی فەرمانبەران
دابینبکەن دەیانویست هەرچی دەستکەوتی رامیاریی و ئابووریی و دەستووریی
کوردستان هەیە
تێکڕای بخرێتەوە بەردەستی دەسەڵاتە چەتەگەر و
رەگەزپەرستەکەی بەغدا.
ئەو دوو بەشە و ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە دژی سەربەخۆیی بوون مرخیان لە
گەندڵییەکانی بەغدا خۆشکردبوو کە بەراورد بە گەندەڵییەکانی هەولێر و
سلێمانی زۆر گەورەتر و ئاسانتر بوون - لێ لە راستییدا لەوەیان زۆر
دەبەنگ بوون و باش تێکەتن چون نەیاندەزانی ئەوە ئاسان و نییە و عارەبە
رگەزپەرستەکان تەنێ بەکرێگیراویی و تێکدانی هەرێمیان لەوان دەوێ و لە
گەندەڵییە گەورەکان بەشیان نادەن - ئەوانە هەر هەموویان لە تەوەری (ئیسلامییەکانی
کوردستان کە تێکڕایان بە شێوەی جۆراوجۆر داعشیین) و (گۆڕانەکەی
نەوشێروانی چنگ بە خوونی شەڕی نێوخۆ و پاکتاوکەری چەپەکان و ئەو ژنانەی
کە بەراورد بە ژنە بەپارێز و ملکەچەکانی دابونەریتی نێرسالاریی
دەیانویست وەک مافی رەوای خۆیان ئازادانەتر خەریکی خۆشەویستیی و
سیکسبازیی بن) و (بەرهەڵستکارییە قەڵپ و قۆڕەکەی سەرکردەی سامانزادە
شاسواری نەوەی جڕت و چەقەنەی
رامیاریی) دەخوڵانەوە و سەرەنجام خۆیان تووشی
گاڵتەجاڕییەکی بێ وێنە کرد.. بە کورتییەکەی ئەوانە بە هەر ئاوازەک شاد
یان غەمگین هەر سەمای خۆیان دەکرد و دەکەن ئەویش تەنێ لەسەر رەزمی
مێزکوتینەکەی گۆڕانە نەگۆڕەکەی نێو دیوەخانەکەی کوردستان (پەرلەمان)!
لە راستییدا هەندەک لە چەپەکانیش بە دیارکراویی ئێراقچییەکانیان لەو
رووەوە هاوڕای ئەوان بوون کە ئەگەر کوردستان بکەویتەوە باوەشی ئێراق
ئەوە دەتوانن هێزەکی گەرورە لە کرێکاران و پڕۆلیتاریای
وەک خۆیان دەبێژن (عراقی حەبیب
و کوردستانی عراق!) چێبکەن و رژێمەکە بڕووخێنن و سۆشیالیزم دابمەزرێن!
هەرچەندە ئەو تێڕوانینە ئەندێشەیەکی نەزۆکە و زۆر دوورە لە کەتواری
کۆمەڵی ئێراق و کوردستانی باشوور.. ئاخر ئێراق هەر لە سەرتاوە وڵاتەکی
ئاسایی نەبووە و هەرگیزیش نابی.. لەو دواییانەش بە جۆرەک لەبەریەک
هەڵوەشایتەوە کە هەرگیز نەتوانی ببتە وڵات یان بتواندرێ دەوڵەتەکی
ئاسایی لەسەر چێبکرێ.. پاشان ئێستا سیستەمی سەرمایەداریی هەندە هاروهاج
بووە چینی کرێکارانی
لە رێی پێشێلکردنی مافەکان و ئاستەنگەکانی پەیداکردنی کار بێ کاریگەر و دەستەبەردار
و دەستەوەستان کردیە لە تێکۆشانی
چینایەتی تەنانەت شوناس و بوونی کرێکاران و پڕۆلیتاریا و هەموو
چینەکانی سەراوببن کردیە.. بێ گومان تا سەرمایەداریی بمینێ هەر لەسەر
بنچینەی هەبوونی جوایەزیی چینایەتی دەژیێ و ناکرێ و ناشێ بێژین خەباتی
چینیایەتی کۆتایی هاتیە.. لێ ئێستا بە پێی بارودۆخە نوێیەکان و
پێشکەوتننی زانست و تەکنەلۆژیا لە نێویشیدا زانستی زیرەکیی دەستکرد
پێویستمان بە خووندنەوە و پێناسەی تازە هەیە دەربارەی چین و کار و
دەوڵەت و نیشتمان و سەرمایەداریی و سۆشیالیزم و... تد. لێ هەرگیز ناکرێ
ئەوە نادیدە بگرین کە چەپەکان لە کوردستان و ئێراق پێش هەموو لایەنەکانی
دیکە دانیان بە مافی دیارکردنی چارەنووسی نەتەوەکاندا نا و لەو
دواییانەش هەموو چەپەکان بە بێ دوودڵیی و پاشگەزبوونەوە پێیان لەسەر
ئەوە داگرتیە کە چارەسەری پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی تەنێ لە رێی
گشتپرسییەکی ئازادانە وەدەستدێ کە راستەوخۆ ئەنجامەکەی بخرێتە
واری جێبەجێکردنەوە نەک وەک کوردایەتییەکەی یەکێتی و پارتی (کە حیزبە
ناسیونالیستەکانی دیکە و ئیسلامییەکانیش هەر لەو فەلەکە دەخولێنەوە)
رۆژەک دەگەڵ گشتپرسیین و رۆژەکی دیکە دەگەڵی نین تەنانەت گشتپرسییش
ئەنجامدەدرێ خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی دەدزنەوە یان بە
پێچەوانەکەی کاردەکەن!
بەشی سێیەمی دژە سەربەخۆخوازییەکەش ئەوانەن کە پاش ئەنجامدانی
راپرسییەکە و سەرکەوتنەکەی و پەلاماردانی لە لایەن داگیرکەران و
رامیاریی نێودەولەتیی تووشی رەشبینیی بوون و داڕووخان.. ئیدی بێدەنگییان
لێکرد و ببڕای ببڕ توخنی کاری رامیاریی میللەتەکەیان نەکەتنەوە و
روویان لە کار و ژیان و گوزەرانی خۆیان کرد! هەرچەندە ئەوە دیاردەیەکی
زۆر خراپە و خۆڕادەستکردن و بێ هومێدییەکی گەورەیە لێ هێشتا زۆر لە ئی بەشی
یەکەم و دووەم و دەسەڵاتداران و ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە بە بیانووی
بێجێ و پڕوپووچ دژی گشتپرسیی و سەربەخۆیی بوون باشترە کە ئێستاش
ئەو چەند لایەنەی دوایی کارەسات لە دوای کارەسات بەسەر ئەو میللەتەدا دەینن و
ئەگەر بەرگرییەک نەبی لە بەرانبەریان ئەوە کوردستان دەخەنەوە باوەشی
ئەو دەعبایە کەسنەناسەی پێیدەگۆترێ ئێراق کە تەنانەت خودی نەتەوە
یەکگرتووەکان و هەموو دامودەزگە ''فاشیل''ەکانی دیکەی جیهان و رامیاریی
نێودەولەتیی ناوەکەیان خستیتە نێو لیستی دەوڵەتە ''فاشیل''ەکان!
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بێژم ئەو گشتپرسییە سەرکەوتوو و مەزنە کە
یەکەمین جارە لە مێژووی گەلانی کوردستان بەو شێوە و شێوازە سەردەمییانە
ئەنجامبدرێ.. هەرچەندە بە هۆی ئەو گەلەکۆمەی کە لە لایەن داگیرکەران و
رامیاریی ستەمگەرانەی نێودەولەتیی کە سیستەمی
لیبرالیستەکانی سەرمایەداریی
سەرپەرشتیی دەکا نەتواندارا پاش سەرکەوتنەکەی وەک دامەزراندنی دەولەت
بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە - ئەوەش دەگەڵ ئەوەی جەور و ستەمەکی مەزنە
لێ ئاساییشە لە نێو ئەو
سیستەمە دڕندەی ئێستای جیهان.. هەر ئێستا چەندین میللەتی
وەک مە کە چەندین قۆناغ لە پێشترن لە ژیان و چەندین گشتپرسییشیان
ئەنجامدایە
لێ ئەوانیش بە هەمان هۆکار نەیانتانیە دەولەتی دڵخوازی خۆیان چێبکەن - لێ
پڕاوپڕ ئامانجی خۆی پێکا.. سەرکەوتن و ئەنجامە ئەرێنییەکەی لەو کات و
ئێستا و لە ئایندەش سەنگ و
کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو و هەیە لەسەر
بزاڤی رزگارییخوازی گەلانی کوردستان و پێ بە پێ بەهێز و پتەوی دەکا تا
بە دوا ئامانجی دەگەیەنی.. تەنانەت کاریگەریی لەسەر بزاڤی چینایەتییش
هەیە بەوەی کە چینە بەشمەینەت و کرێکارییەکان بە بەڵگە ئەوەیان باشتر
لە لا روونبۆوە کە چینە چەوسێنەرەکانی
ئێستای کوردستان دوور و نێزیک بە هیچ
جۆر و شێوەیەک پەیوەندییان بە میلەت و ئامانجەکانیەوە
نەمایە و پێویستە
خۆیان هەموو پرسەکانی نێو کۆمەڵ بە پرسی نەتەوەیی
و نیشتیمانییشەوە
هەڵبسووڕێنن. ئیدی مژارەکە تێکۆشان و رووداوەکی رامیاریی و کۆمەڵاتیی
مێژووکرد و بابەتییە و لە راستییدا دژایەتییکردن یان نان و روون پێ
خواردنی لە لایەن هەندەک کەس و لایەنی نێوخۆ و
رەتکردنەوە و هێرش و
پەلاماردانی لە لایەن داگیرکەران و رامیاریی ستەمگەرانەی نێودەوڵەتیی
هیچ لە سەرکەوتنەکەی و بەها و کاریگەرییەکانی کەم ناکەنەوە.. بە
کورتییەکەی ئەو گشتپرسییە و سەرکەوتنەکەی گرنگترین ئەنجامی تێکۆشان و
مەزنترین رووداوی
مێژووییە لە پاش راپەڕینەکەی بەهاری
١٩٩١ و کاریگەرییەکی گەورەشی هەبووە و هەیە لەسەر رابوونی بزاڤی
رزگارییخوازی هەموو پارچەکانی کوردستان و دامەزراندنی دەولەتی
کوردستانی مەزن و رەوتی مافی مرۆڤ و بەرەوپێشەوەچوونی مرۆڤایەتی لەسەر
ئاستی تێکڕای جیهان.. ئیدی هیچ چار نییە و هەر دەبی بە دوا ئامانجەکانی
خۆی بگا.
٢٥\٩\٢٠٢٣
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|