په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\۴\٢٠١٠

رۆژنامه‌گەریی كوردی بە زمانی رووسی ... بیری كورد .Курдская Мысль

فەخرەدین تاهیر

 

لە(22)ی مانگی نیسانی ئیمساڵ دیرۆكی رۆژنامه‌گەریی كوردی تەمەنی (112)ە ساڵەی خۆی تژی كرد، لە چاو میللەتانی دەوروبەری كوردستان و هەندێك لە وڵاتانی جیهانیشدا، دیرۆكی رۆژنامه‌گەریی كوردی تەمەنێكی ئەوەندە كەمی نییە و ڕوناكبیرانی كورد بەگشتی و بنەماڵەی بەدرخانییەكان بەتایبەتی ئەگەر درەنگتر لەچاومیللەتانی پێشكەوتووتری جیهاندا دەستیان داوەتەوە ئەم كارە گرنگ و ڕۆشنگەرییە، بەڵام دیسانیش بۆ نەتەوەیەكی وەك كوردی زوڵم لێكراو، ئەگەر درەنگیش بووبێت هەر بۆ دەستپیکی دەستبەكاربوونی ئەم كارە ڕوناكبیرییە هەر درەنگ نەبووە.

 

ئەگەر ڕووپەڕی (25 تا 30)ساڵەی ئەم دوایانەی دیرۆكی رۆژنامه‌گەریی كوردی لە تاراوگەدا هەڵبدەینەوە پێموایە دەستەبژێر و ڕوناكبیرانی كوردی دەرەوەی كوردستان لە بواری كاری رۆژنامه‌وانیدا خەباتێكی بێ هاوتایان لەم بارەوە كردوە،هەرچەندە ئەم خەباتە ڕۆشنگەرییە لە بواری رۆژنامه‌گەریی كوردی لە تاراوگە و لەم(10)ساڵەی دوایدا كەمتر بۆتەوە، ئەمیشیان گەڵێك هۆكاری خۆی هەبووە، یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكان بێ دەرامەتی و دەستكورتی ئەم دامودەزگایانە بووە كە ئەم رۆژنامه‌ و گۆڤارانەیان دەركردوە، بەڵام دیسانیش خۆشبەختانە لە جێی رۆژنامه‌ی كاغەز رۆژنامه‌ی ئەلكترۆنی جێگەی تژی كردۆتەوە و بزاڤەكەش  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە برەو و پێشكەوتندایە.

 

دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە نێوان ساڵانی (1991-1992) دا، گەلانی كۆمارە جیاكانی سەر بە سۆڤیەت كەوتنە خۆ و بە فەرمی بڕیاری خۆ جیاكردنەوەیاندا ، گەلی كوردیش لەم بەشەی كوردستانی سۆڤیەتدا هەوڵێكی لەم ڕووەوە داو ویستیان (كوردستانی سۆر) ئاوا بكەنەوە بەڵام لەبەر ئەوەی بێ پشت وپەنا بوون ئەم هەوڵەیان سەركوتكرا  و بێ هیوا و بێ خاك و بێ نیشتمان مانەوە و بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی كوردستانی سۆر و كوردانی كۆمارەكانی دیكەش لەنێو سنووری خاكی سۆڤیەت پەرێشان و پەرتەوازە بوون لە پێناوی مانەوە و خۆ رزگار كردن لە مردن بەشی هەرە زۆریان ڕوویان لە كۆمارەكانی تری سۆڤیەت بەگشتی و رووسیای فیدرال و ئۆكرانیا بەتایبەتی و بەشێكی كەمیشیان ڕوویان لە ئەوروپا كرد. بەڵام دیسانیش ئەوانەی لە نێو كۆمارەكانی جارانی سۆڤیەت و رووسیای ئەمڕۆ مانەوە بەبێ هیوا نەژیان و دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت بە ماوەیەكی ئێجگاركەم،كەم تا زۆرێك دەستیان بەكاری رۆژنامه‌وانی كوردی چ بە زمانی كوردی و چ بە زمانی رووسی  و زمانەكانی دیكە كرد و ماوەیەك چەند رۆژنامه‌ وگۆڤارێكیان دەركرد.

 

ڕەوەندی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش بەگشتی و باكوور و باشوور بەتایبەتی ئەوانیش بەپێی هەلومەرجەكە دەستیان بەكاری رۆژنامه‌وانی كوردی بەزمانی كوردی و زێدەتریش بەزمانی رووسی رۆژنامه‌ و گۆڤاریان بڵاوكردەوە.

 

ئەوی جێگەی گوتنە خوێندكارانی كورد كە ئەو بەشەی لە باشووری كوردستا‌نەوە بۆ خوێندن ڕوویان لە یەكێتی سۆڤیەت كرد بوو، هەندێكیان دوای تەواو بوونی خوێندن لەوێ مانەوە. دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و كابینەی چوار و پێنج بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەتایبەتی ڕۆڵی هەندێك لەو کەسانەی لە رووسیای فیدراڵ مابوونەوە بە بیرۆكەو هزری كاك نێچیرڤان بارزانی  ئەوانی خستە نێو بواری كاری دیبلۆماسی و كولتووری و زۆریش پشتیوانی لێكردن و ئەم هۆكارە پۆزەتیڤانە بوونە هەوێنی دەرچوونی رۆژنامه‌یەك بەسەر ناوی ( بیری كورد) و گۆڤارێكیش بەسەرناوی (دەنگوباسی كوردستان) و ‌هەروەسا سایتێكی ئەلكترۆنی بەسەرناوی (كوردستان ڕو) بە زمانی رووسی كە سایتەكە هەتا ئەمڕۆش لە كاری رۆژنامه‌وانی خۆیدا هەربەردەوامە و وێڕای كردنەوەی بیرۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مۆسكۆ كە تا ئەمڕۆ دكتۆر خۆشەوی بابەكر بەرپرسیاریەتی و بەرێوەبردنی ئەم بیرۆیەی لە ئەستۆ دایە.

ئەوی لێرەدا مەبەستمانە ڕانانێك دەربارەی بڵاوكراوەی (بیری كورد) كە خۆی لە فۆرمی رۆژنامه‌ دایە و بۆ ماوەیەك لە مۆسكۆ بە زمانی رووسی چاپ و بڵاودەكرایەوە بكەین.

 

بیری كورد Курдская Мысль

 

ئەم بڵاوكرایەوە لە فۆرمی رۆژنامه‌ دەرچووە،كەچی دەستەی نووسەرانی لەناساندنی ئەم رۆژنامه‌یەدا بەدوو دیدی جیا شرۆڤەیان بۆ كردوە و لەم ڕووشەوە ناساندنەكەیان  ناكۆكی تێدایە، هەربۆیە لەسەر ڕووپەڕی یەكەمدا بەم شێوە بە خوێنەرانی خۆیان ناساندوە:

لەسەری سەرەوە لە نێوەڕاستدا بە فۆندێكی گەورە نووسیویانە:كوردسكایە میسڵ Курдская Мысль  و هەر لە ژێر ئەم ناوە لە نێوەراستدا بە دێرێكی كەمێك ووردتر نووسراوە : بڵاوكراوەیەكی زانیاری و شرۆڤەكارییە ، كەچی هەر لە لای دەستە ڕاستیدا بە دێرێكی زۆر ووردتر كە هەر بەحاڵ دەخوێندرێتەوە و نووسیویانە : ئەم بڵاوكراوەیە لە چاپەمەنیەكانی گۆڤاری بیری كوردییە. لەلای دەستە چەپدا بە فۆنتێكی كەمێك درشتر نووسراوە: حوزیران 2001 ژمارە :1

دواتر لە ژێرەوە لە نێوەڕاستدا  وتەی بیرمەندی مەزن (دیكارت) نووسراوە، كە دەڵێ :

ئەوكاتەی كە من بیربكەمەوە ، كەواتە من هەم .

 

هەر لە ڵاپەڕە یەكدا وتەی دەستەی ‌نووسەرانی ئەم رۆژنامه‌یە بە كورتی بە چەند دێرێك نووسراوە و لە ناوەڕۆكی دەردەكەوێت كە مەبەست لە چاپ و بڵاوكردنەوەیدا چییە ؟

 

دواتر هەر لە هەمان ڵاپەڕەدا وێنەیەكی سەرۆك مەسعود بارزانی و سەرەك وەزیرانی توركیا بڵند ئەوجوید لە دانوساندنی هەر دوو لایان لە شاری ئەنقەردا چاپ و بڵاوكراوەتەوە و لە ژێر ئەم وێنەیەشدا دوو بابەت بە كورتی و پوختی بەسەرناوی ( سەرەك وەزیرانی توركیا ئیعترافی كرد كە ئەمڕۆ كوردستان بۆتە ئەمری واقیع) لە سەر وتارەكەی دیكەشدا نووسراوە:( سەرەك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاخاوتنی  لەسەر پرسی ئێزیدییەكانی كوردستان كرد).

لەدەستە چەپی ئەم ڵاپەڕەیەدا لە ژێر بابەتی دەستەی نووسەرانەوە كۆمەڵێك مانشێت بە كورتی بەرچاو دەكەون لەمانە:

  • سیاسەت: درێژكردنەوەی سزاكان ، سزاكان هەر درێژەیان دەبێت. ئەم بابەتە لە ڵاپەڕەی 2 دا  بە درێژی بڵاوكراوەتەوە.

  • پارتی كرێكارانی كوردستان و پێشڤچوونی تەنگژەكان، بە كورتی وپوختی ئەم بابەتە لە ڵاپەڕەی 2  و 3 دایە.

  • سەرنجدان لە سەفەرێك ، گەشتێك بۆ وڵاتی كوردان ، ئەم بابەتە گێرانەوەیەكە لەلایەن پرۆفیسۆری ئەكادیمی و كوردناس شاكرۆی خدۆی كراوە  و لە ڵاپەڕە 3 و 4 دا ، نزیكەی دوو ڵاپەڕە لەگەڵ وێنەیەكی شاری هەولێر  و وێنەی مناڵێكی كورد بە جلی كوردییەوە بەتەنیشت دەستارێكەوە دانیشتووە و وێڕای وێنەی ژ‌نە كوردێك بە جلی كوردییەوە تەشی دەڕێسێ و هەروەسا وێنەی شاكرۆش هەیە.

 

  • كوردەكانی رووسیا نامەیەك  ئاراستەی پوتین دەكەن ، ئەم نامەیەش لە ڵاپەڕە 3 دا چاپكراوە.

 

  • ئابووری : دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراقدا ، عیراق بۆ ماوەیەكی زۆر لە تەنگژەدا دەبێ.  ستوونێكی تەواوی لە ڵاپەڕە 5 دا دراوەتێ.

  • هەڤپەیڤین :

  •  ئەم وتووێژە بە‌سەرناوی: پێویستە بە دەنگی بڵند و ڤەكری بیروباوەری خۆم ببێژم. ‌هەڤپەیڤینێكە لەگەڵ نووسەری ناسراوی كورد (باڤێ نازێ) سازدراوە و لە ڵاپەڕە  6 و7 و پاشماوەكەشی لەڵاپەڕە 8 دا ، بڵاوكراوەتەوە.

  • كولتوور: دامەزراندنی ئەكادیمیای زانستی كوردستان ، ئەم بابەتە لەدوا ڵاپەڕە كە ڵاپەڕەی

  • هەشتەمە بڵاوكراوەتەوە و بەكورتی بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە:

بەرێنمایی و لە ژێرچاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرەك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئەكادیمیای زانستی كوردستان لە هەولێری پایتەخت كرایەوە، ئەم بابەتە بە نیوستوونی ڵاپەڕەكە و وێنەیەكی كاك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

  • هەر لە دوا ڵاپەڕەدا ، ‌هەواڵێك دەربارەی هونەرمەندی ناسراوی كورد شڤان پەروەر بەسەردێری : سترانبێژی گەلی كورد لە سەر خاكی كوردستانە... و ئەمەو وێنەیەكی شڤان پەروەر و وێنەیەكی ئامادەبووانی كۆنسێرتەكەی بڵاوكراونەتەوە.

  •  هەر لەو ڵاپەڕەیە و لەبەشی هەر خوارەوەیدا هەواڵێك و وێنەیەكی عەبدوڵڵا ئۆجەڵان  و ڕەوشی لە زینداندا باسكراوە.

  • لەژێری ژێرەوەی هەمان ڵاپەڕە ولە دەستە ڕاستیدا ئەدرێسی ئەم رۆژنامه‌یە هەیە ولەدەستە چەپیشدا ئەدرێسی سەتەلایتی كوردستان لە دیگیتاڵ و ئەنەلۆك لە چ شوێنێك وەردەگیرێن بۆ خوێنەرانی رۆژنامه‌كە وەك ئاگاداریێك چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

ئەوی جێگەی گوتنە ئەم رۆژنامه‌یە نە گۆڤارە و نە بڵاوكراوەیە، چونكە لە فۆرمی رۆژنامه‌ دەرچووە و هەشت ڵاپەڕەی قەوارە گەورەیە و قەوارەكەی وەك( رۆژنامه‌ی خەبات)ی ئێستاكە كە لە هەولێری پایتەخت دەردەچێت وایە، بۆیە لەو باوەڕەدام كە رۆژنامه‌یەكە بە ناوەڕۆك كوردی و بە زمانی رووسی بۆ خوێنەری رووسی زمان چاپ و بڵاوكراوەتەوە. ئەوی شایەنی گوتنە ئەم رۆژنامه‌یە هەر چەندە چەند بابەتێكی جیای تێدا دەخوێنیتەوە بەڵام دیسانیش وەك دەزاندرێت زێدەتر رۆژنامه‌یەكی هەواڵییە و چونكە نزیكەی سێ بەشی زیاتری ناوەڕۆكەكەی خۆی لە هەواڵدا دەبینێتەوە و بە دیزاینێكی سادە و ساكار كاری نەخشەسازی بۆ ئەنجامدراوە و تەواوی سەر دێری مانشێتەكان بەیەك قەوارە و بە ڕەشی چاپ كراون‌ و قەوارەی نووسینی تەواوی بابەتەكان بە فۆنتێكی كەمێك بچوكتر و كاڵتر لەچاپدراون و كاغەزی ئەم رۆژنامه‌یە زۆر سپییە و بۆ خوێندنەوە ناشێت  و وێڕای كۆمەڵێك وێنە كە هەر هەموو وێنەكانیش ڕەش و سپین. هەرچەندە ژمارەیەكی كەمی ئەم رۆژنامه‌یەم بە دەستخستووە ، بەڵام تا ئەو شوێنەی ئاگادارم نزیكەی دوو ساڵێك بەردەوام بووە و مخابن تاوەكو ئێستاكە بەتەواوی بۆم ساخ نەبۆتەوە كە چەند ژمارەی لێ بڵاوكراوەتەوە.

 

هەر وەك ڕوون و ئاشكرایە ئەم رۆژنامه‌یەش بە بێدەنگی مۆمی تەمەنی دەكوژێتەوە ، لەبڕی ئەو رۆژنامه‌یە تا ئێستاكە سایتی كوردستان ڕو  :  www.kurdistan.ru  جێگەی خاڵی نەكردوە و بەردەوامی بە كاری رۆژنامه‌وانی خۆی بە زمانی رووسی دەدا.

_________________________________

سەرنج و تێبینی:

  • ئەز بە باشمزانی بەرامبەر بە ناوی ئەم رۆژنامه‌یە (بیر كورد) لەجیاتی (بیری كوردی) بەكار بهێنم،چونكە لە زمانی عەرەبیدا بەمانای (فكرة الكردیة)دێت ولە زمانی ئینگلیزی(Kurdish idea )ە و لە زمانی سویدیش (Kurdiska ide)یە و (بیر كورد) بەلای منەوە جوانتر و ڕەوانتر بوو لەبڕی (بیری كوردی) هەرچەند ئەوی دوایش دەبێ، بەڵام ئەوی یەكەمم پێ باشتربوو. بۆ گۆڤاری كوردستانسكایە خرۆنیكا بە كوردی (ڕووداوی كوردستان)م پێشتر لە (رۆژنامه‌ی خەبات) بەكارهێنابوو،بەڵام بەكەمێك دەستكاری ئەم نووسینەی ئێستاكە پێم باشترە لەبڕی (ڕووداوی كوردستان) ، (دەنگوباسی كوردستان) ماناكەی باشترە، هەرلەبەر هەندێ ( ڕووداو) م كرد بە (دەنگوباس).

  • هەرچەندە لە یەكەم ژمارەی (بیری كورد)دا ناوی سەرپەرشتیار و سەرنووسەری نەنووسراوە، بەڵام لە ژمارەكانی تری ئەم رۆژنامه‌یە و گۆڤاری (دەنگوباسی كوردستان) و سایتی (كوردستان ڕو) دا نووسراوە كە ( یورا نەبیێڤ) كە بەڕەچەڵەك كوردی ئێزیدی شاری تبلیسی پایتەختی گورجستانە و ساڵانێكی دوور و درێژە لە شاری مۆسكۆ دەژیت ، سەرپەرشتیاری سەرەكی و سەرنووسەری بووە و ئێستاكەش سایتەی كوردستان ڕو ، بەرێوە دەبات.

  • مخابن وێنەی ژمارە یەكی رۆژنامه‌ی (بیری كورد)م لەبەر دەست نەبوو و ئێستاكەش بۆ ماوەیەكی كاتی لە  دەرەوەی سوید لە سەفەردام و بۆم نەكرا وێنەی لەسەر بگرمەوە ، خۆشبەختانە وێنەی ژمارە (5)ی ئەم رۆژنامه‌م لە نێو فلاشەكەمدا دۆزییەوە ، هەر بۆیە وێنەی ژمارە (5) م لە جیاتی وێنەی ژمارە (1) بۆ ناردن و لە ئایندەشدا لەسەر ژمارەكانی تری كەلەلام دەستدەكەون بە چەند وتارێك بەسەریان دەکەمەوە.

 

fakhradintahir@hotmail.com